د.هێمن خورشید، پسپۆڕی ته‌ندروستی ده‌روونی
سازدانی: ئازاد جه‌لال
د. هێمن خورشید ـ پسپۆڕی ته‌ندروستی ده‌روونی له‌باره‌ی لادانی سێكسيیهوه ئاماژه به چه‌مكی زاراوه‌كه ده‌دا و بۆچوونی وایه هۆكارى ئه‌وه‌ى كه گه‌نجان تووشی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن، ئه‌وه‌يه گه‌نج مه‌یلی سێكسی زۆره و له خاڵه‌تی هه‌ڵچووندایه"، زیاتر ده‌ڵێ: چاره‌سه‌ركردنی لادانی سێكسی ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر بێت تووش بووبن...
پرسیار: هۆمۆ چییه؟
وه‌ڵام: وشه‌ی (هۆمۆ) دوو واتای هه‌س، یه‌ك گریكی و یه‌ك لاتینی، لاتینییه‌كه به‌واتای (مرۆڤ) یان (پیاو) دێت، گریكییهكه له (هۆمۆس)ه‌وه داتاشراوه و مانای (ده‌روون) ده‌دات، ئه‌وه‌ی جه‌نابت مه‌به‌ستته (هۆمۆسێكچوالیتیی)ه (Homosexuality)، ئه‌م وشه‌یه تێكه‌ڵه‌یه‌كه لهگریكی و لاتینی، یه‌كه‌م وشه‌ی واته (هۆمۆ) له‌مانا گریكییهكهیهوه نزیكتره، هۆمۆسێكچواڵیتی هه‌موو جۆره‌كانی هاوڕه‌گه‌زبازی (نێرـ نێر) و (مێ ـ مێ) ده‌گرێته‌وه، وه‌لـێ ئێستا وایلێهاتووه له‌گه‌ڵ بیستنیدا، بیری گوێگر بۆ لای په‌یوه‌ندیی زایه‌ندیی (نێر ـ نێر) ده‌ڕوات، له‌زمانی ئینگلیزی‌دا وشه‌ی گه‌ی (Gay)یش بۆ ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه به‌كارده‌هێنرێت، له‌زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌ردوو وشه‌ی (لواطه) و (سدومی) به‌م مانایه به‌كارده‌هێنرێن، هۆكاری ناونانیشی به‌م دوو ناوه، یه‌كه‌میان: ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆزی (لوط) په‌یامبه‌ر كه ئه‌م كاره‌یان له‌نێو خۆیاندا ئه‌نجامده‌دا، دووه‌میشیان: بۆ شاری (سدوم) كه شوێنی هۆزی (لوط) بووه. لهكوردییدا وشه‌ی (نێربازی) له‌زمانی نووسیندا بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌كاردێت و له‌زمانی بازاڕییشدا چه‌ندین وشه‌ی بۆ دانراوه، له‌وانه (دوودهكی) و...هتد. له ڕووی واتاوه، بریتییه له مه‌یلی ڕه‌گه‌زی نێر بۆ ئه‌نجامدانی كرداری زایه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌مان ڕه‌گه‌زی خۆیدا.
بهرانبهرهكهیشی وشه‌ی (لیزبیانیزم)ه (Lesbianism)، كه بۆ په‌یوه‌ندیی هاوڕه‌گه‌زبازیی نێوان (مێ ـ مێ) به‌كارده‌هێنرێت و بنه‌ماكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوورگه‌ی (Lesbos)ی یۆنانی، كه كاتی خۆی ژنه شاعیرێك به‌ناوی (سافۆ) تێیدا ژیاوه و شیعری بۆ هه‌مان ڕه‌گه‌زی خۆی واته ئافره‌ت هۆنیوه‌ته‌وه، هه‌ر به‌وهۆیه‌وه (سافیزم)یشی (Saphism) پێده‌وترێت.
پ: ده‌توانین بڵێین: توشبوون به‌لادانی سێكسی (هۆمۆسێكچواڵیتی) خووه؟ واته زۆرێكیان له‌سه‌ر ئه‌و كاره ڕاهاتوون؟
وه‌ڵام: سه‌ره‌تا با ئه‌وه‌ت پێ بڵێم، لادانی سێكسی هاو واتا نییه له‌گه‌ڵ وشه‌ی هۆمۆسێكچواڵیتیدا، لادانی سێكسی بریتییه له‌كۆی ئه‌و مه‌یله سێكسییانه‌ی كه له‌دیدی كۆمه‌ڵگه و زۆربه‌ی مرۆڤه‌كانه‌وه نائاسایین، به‌كورتی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی (نێرـ مێ) له‌ژێر ئه‌و زاراوه‌یه‌دا جیاده‌كرێته‌وه. هه‌ندێك له توێژه‌ران وای بۆ ده‌چن كه هۆمۆسێكچواڵیتی مه‌رج نییه ته‌نها خوو بێت، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا توێژینه‌وه گه‌لێكی زۆر ئه‌نجامدراون بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌نجامێك ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی داخۆ ئه‌م مه‌یله هیچ بنه‌مایه‌كی بایۆلۆژی، یان كیمیایی (هۆرمۆنی) هه‌بێت؟ تا ئێستا ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ ده‌ستنه‌كه‌وتووه، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان هێشتا به‌رده‌وامن، له‌ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌وه زانایان شتێكی سه‌یریان دۆزییه‌وه، ئه‌ویش بوونی په‌یوه‌ندیی هاوڕه‌گه‌زبازییه له‌نێوان زۆرێك له ئاژه‌ڵان و په‌له‌وه‌راندا، چه‌شنی: (شێر، فیل، دۆلفین، زه‌ڕافه، نه‌وره‌س...هتد).
پ: هۆكاره‌كانی لادانی سێكسی چین؟
وه‌ڵام: وه‌ك (دۆگڵاس تۆم) ده‌ڵێت: "هۆی هه‌ره زۆری ئه‌و گرفتارییه سێكسییانه‌ی گه‌وره و گچكه تووشی ده‌بن، بوونی ئه‌زموونی خراپی سێكسییه له‌ژیانیاندا". هه‌ڵبه‌ت لادانی سێكسی له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی دی پێناسه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، هه‌ندێ له‌و لادانانه هیچ زیانێكیان بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌سی تووشبوو نییه، وه‌ك چێژبینین له جلوبه‌رگی ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر (فێتیشیزم)، یان خووه نهێنی (Masturbation)، به‌ڵام هه‌ر به لادان داده‌نرێت. هۆكاری زۆر له پشت لادانی سێكسییه‌وه هه‌ن، له‌وانه:
یه‌كه‌م: تێكچوونی ده‌روونی له‌ئه‌نجامی بوونی كه‌موكورتی له هه‌ندێ ده‌ستگای له‌شدا، وه‌ك خوده كۆئه‌ندامی ده‌مار، كۆئه‌ندامی زاوزێ، كه‌موكورتی له ڕژێنه‌كاندا، باڵغ‌بوونی پێشوه‌خت، یان دره‌نگ وه‌خت، كه‌مایه‌سی له‌بوونی ئاكاره زایه‌ندییه لاوه‌كییه‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌و گرفتانه‌ی لێیانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك وه‌ڕه‌زبوون و دڵه‌ڕاوكێ و..هتد. هه‌روه‌ها كه‌می یان نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی سێكسی دروست، دواكه‌وتنی هاوسه‌رگیری، منداڵنه‌بوون دوای هاوسه‌رگیری، جیابوونه‌وه...هتد.
دووه‌م: تێكچوونی بۆماوه‌یی، وه‌ك زاڵبوونی ڕه‌گه‌زێك به‌سه‌ر ئه‌ویتردا.
سێیه‌م: هۆكاری ئه‌ندامی، وه‌ك نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، ناته‌واویی ئه‌قڵی، كه‌موكورتیی جه‌سته‌یی و ..هتد.
چواره‌م: هۆكاری ده‌روونی، وه‌ك: ترسان له سێكس، بێ ئومێدبوون له سێكس كردن، هه‌ستنه‌كردن به‌چێژی سێكسی، بوونی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندیی سێكسی‌دا، بوونی ئه‌زموونی سێكسیی خراپ و نه‌ریتی نادروست له ژیانی تاكدا... كه وا له مرۆڤ ده‌كه‌ن سێكس وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ببینێت بۆ ئه‌و چێژه‌ی لێی ونبووه.
پێنجه‌م: هۆكاری ژینگه‌یی و ژیاريی و ڕۆشنبیريی و دۆخی ئابووری كه‌سه‌كه و ئه‌و ژینگه خێزانییه‌ی تێیدا په‌روه‌رده بووه و بوون و نه‌بوونی وروژێنه‌ری سێكسی له ده‌وروبه‌ریدا.
پ: بۆچی گه‌نجان تووشی لادانی سێكسی ده‌بن؟
وه‌ڵام: له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:
یه‌كه‌م: گه‌نج یان با بڵێین مێرد منداڵ ـ كه لای خۆمان به‌هه‌ڵه پێی ده‌وترێت هه‌رزه‌كار ـ وریاییه‌كی ته‌واوی به‌ده‌وروبه‌ر نییه و پاڵنه‌ری ده‌روونی، نه‌ك ئه‌قڵی لێی ده‌خوڕێت.
دووه‌م: مه‌یلی سێكسی له گه‌نجدا زۆره و له هه‌ڵچوونێكی به‌رده‌وامدایه و بچووكترین وروژێنه‌ر ڕه‌نگه به‌لاڕێیدا ببات.
سێیه‌م: زۆرجار تازه‌لاوان به‌یه‌كه‌وه و وه‌ك گرووپ ده‌سووڕێنه‌وه و ده‌چنه ده‌ره‌وه و گه‌شت ده‌كه‌ن و هه‌ستی خۆیان بۆ یه‌كتر ده‌رده‌بڕن و ئه‌زموونی خۆیان بۆ یه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌مه‌یش هه‌ندێ جار سه‌ری له لادانی سێكسییه‌وه ده‌رده‌چێت.
چواره‌م: له كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كاندا، له‌به‌ر هۆكاری نه‌ریتی و كولتووری، هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ به‌ئاسانی به‌یه‌كتر ناگه‌ن، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات بنیاده‌م و به‌تایبه‌ت گه‌نج، بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئاره‌زووی زایه‌ندیی، بیر له‌ڕێگه‌ی تر بكاته‌وه.
پ: زۆر گه‌نج كه تووشی لادانی سێكسی بوون، چاره‌سه‌ریش وه‌رده‌گرن، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: بێسووده. ده‌توانین پێمان بڵێیت بۆ؟
وه‌ڵام: چاره‌سه‌ركردنی لادانی سێكسی ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر بێت تووش بووبن، تۆ بڕوانه، كه‌سێكی ئاسایی كه كه‌مێك كێشی زیاده و ده‌یه‌وێت ڕێژیم بكات و ئێواران نان نه‌خوات، زۆرجار ناتوانێت، هه‌ندێ جار مانگێك له‌سه‌ر ڕێژیمه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌چی له‌پڕ خۆی پێ ناگیرێت و ده‌یشكێنێت. له‌وه به‌ره‌و سه‌ر، جگه‌ره‌كێشێك كه زۆر له گیانی خۆی بێزار بووه و ده‌یه‌وێت واز له جگه‌ره‌كێشان بێنێت، جاری وا هه‌یه ده‌ستی خۆی داخ ده‌كات و خۆی له ژوورێكدا زیندانی ده‌كات و ...هتد، كه‌چی دیسان هه‌ر توانای جڵه‌وكردنی حه‌زه‌كانی نییه و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری كێشانی جگه‌ره بێت، له‌وه‌یش بڕۆینه سه‌ره‌وه، كه‌سێك كه خووی به‌خواردنه‌وه‌ی ئهلكهوولهوه گرتووه، وا ڕێكده‌كه‌وێت خزم و كه‌سوكار و ماڵ و منداڵ و ته‌نانه‌ت خۆیشی له ده‌ستی بێزار ده‌بن، بۆیه بڕیار ده‌دات ده‌ستبه‌رداری خواردنه‌وه بێت، هه‌ڵده‌ستێت ده‌چێته لای پزیشكێك و خۆی ڕاده‌ستی ده‌كات، پزیشكه‌كه له سه‌نته‌ری تایبه‌تی ده‌ستبه‌ردار بوونی خواردنه‌وه‌دا ده‌یخه‌وێنێت و ده‌رمانی به‌گوێره‌ی خشته‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بۆ داده‌نێت و ده‌یخاته ژێر چاودێرییه‌وه، دوو سێ هه‌فته چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و ته‌واو باش ده‌بێت، كه‌چی پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه، زۆر نابات ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر به‌زمه‌كه‌ی جارانی، له‌وه‌یش به‌ره‌و سه‌ره‌وه بێین، خووگرتن به به‌كارهێنانی ده‌رمان، یان مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه، ئه‌مه‌یان قووڕهكهی خه‌ستتره و تهرككردنیشی سه‌ختتره.
به بڕوای من ده‌ستبه‌رداربوونی لادانی سێكسی له هه‌موو ئه‌وانه‌ی وتم قورستتره، بۆیه به ڕۆژێك و دوو ڕۆژ ده‌رمان خواردن، یان گوێگرتن له پزیشكێكی ده‌روونی، یاخود ده‌روونناسێك كاره‌كه ته‌واو نابێت، گه‌ره‌كه كه‌سی تووشبوو به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینی هه‌بێت، پاشان بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات و وه‌ك چۆن سه‌ربازێكی ڕاسته‌قینه خۆی بۆ جه‌نگێكی سه‌ختی دووژمنێكی ترسناك ئاماده ده‌كات، ئاوها خۆی ئاماده بكات، پاشان خۆی ڕاده‌ستی كه‌سانێكی به‌توانا بكات، له ده‌روون پزیشك و چاره‌سازی ده‌روونی و ڕاوێژكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، تا له‌و ڕێیه‌وه چاره‌سه‌ری درێژخایه‌نی ده‌روونی، وه‌ك چاره‌سه‌ری به كۆمه‌ڵ و (CBT)ی بۆ ئه‌نجامبدرێت، پاڵنه‌ری ئایینییشمان له‌بیر نه‌چێت، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئایینییه و دین كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ناخی تاكه‌كانی هه‌یه، بۆیه پێویسته سوود له توانای مامۆستایانی ئایینیی شاره‌زا و بانگخوازانی به‌ئه‌زموونیش وه‌ربگیرێت.
پ: زۆرێك له گه‌نجان كه ته‌نانه‌ت ئاستی خوێنده‌وارییشیان به‌رزه، ده‌ڵێن ئێمه تاوانبار نین، به‌ڵكو قوربانین، له گۆشه‌نیگای ده‌روونییه‌وه ئه‌و كه‌سانه چۆن ته‌ماشا ده‌كرێن؟
وه‌ڵام: بێگومان به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی گرفتاری لادانی سێكسی ده‌بن تاوانبار نین، به‌ڵكو قوربانیی ئه‌و ژینگه و بارودۆخه‌ن كه تێیدا په‌روه‌رده بوون، ئێمه له گۆشه‌نیگای ده‌روونییه‌وه به‌زه‌ییمان به‌و جۆره كه‌سانه‌دا دێته‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ین یارمه‌تییان بده‌ین تا له‌و ده‌رده ڕزگاریان بێت، به‌مه‌رجێك خۆیان به ده‌ردی بزانن و بیانه‌وێت چاره‌سه‌ر بكرێن. له توێژینه‌وه‌یه‌كی تازه‌دا كه له بریتانیا ئه‌نجامدراوه، ده‌ركه‌وتووه كه‌سانی هۆمۆسێكچواڵ به به‌راورد به خه‌ڵكی ئاسایی، 50% زیاتر تووشی خه‌مۆكی دهبنو په‌نا وه‌به‌ر ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌به‌ن، هه‌ر له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا هاتووه: ڕێژه‌ی خۆكۆژی له‌نێو هۆمۆسێكچواڵهكاندا له 200% به‌رزتره، هه‌روه‌ها هاتووه: ته‌مه‌نی كه‌سی هۆمۆسێكچواڵ به به‌راورد به كه‌سێكی ئاسایی (24) ساڵ كه‌متره، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشییه جه‌سته‌ییانه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و كرداره‌وه په‌یدا ده‌بن، كه دیارترینیان نه‌خۆشی ئایدز و شێرپه‌نجه‌ی كۆمه. له پای چی كه‌سێك ئه‌م هه‌موو ئازاره بچێژێت و ڕه‌وتی ژیانی لـێ تێكبچێت و كۆمهڵگهیش به‌چاوێكی نزمه‌وه لێی بڕوانێت و خۆیشی به‌رده‌وام ڕقی له‌خۆی بێته‌وه و ته‌مه‌نی كورتببێتهوه و تووشی چه‌ندین نه‌خۆشی ترسناك ببێت؟ به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته كۆمه‌ڵگه ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ بكات و هه‌وڵی ڕزگاركردنیان بدات.
پ: كه‌س هه‌یه له هه‌رزه‌كارانی هۆمۆسێكچواڵ سه‌ردانی به‌ڕێزتانی كردبێت؟ ده‌توانیت ڕێژهیهكمان بده‌یتێ؟
وه‌ڵام: له‌به‌رئه‌وه‌ی من كلینیكی تایبه‌تم نییه و هێشتا له سه‌ره‌تای خوێندنی پسپۆڕییهكهمدام، بۆیه كه‌س له‌وان نه‌هاتوونه‌ته لام، وه‌لـێ ئه‌و پسپۆڕانه‌ی كلینیكی خۆیان هه‌یه، بێگومان خه‌ڵكی له‌و جۆره كه‌سانه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. ئه‌سته‌مه بتوانین ڕێژه دیاری بكه‌ین، له ڕۆژئاوایشدا ناتوانرێت ڕێژه‌ی هۆمۆسێكچواڵ دیاری بكرێت، چونكه زۆرێكیان نایانه‌وێت ده‌ركه‌ون. چ بگات به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراوی وه‌ك هی خۆمان كه زۆر شتی به‌نهێنی تێدا ده‌گوزه‌رێت، ئێمه تا ئێستا ڕێژه‌یه‌كی وردی دانیشتووانی خۆمانمان نییه و نازانین وڵاته‌كه‌مان چه‌ند كه‌سی تێدا ده‌ژێت، به‌نیازن بزانین ڕێژه‌ی هۆمۆسێكچواڵ چه‌نده؟ ئه‌و كاره پێویستی به‌ماندووبوون و شهونخوونیه، ئاتاجی بوونی سه‌نته‌ری تایبه‌ت و ناوه‌ندی توێژینه‌وه و توێژه‌ر و....هتد، وا بزانم وڵاتی ئێمه هێشتا زۆری ماوه بۆ ئه‌وه.
پ: هۆرمۆن له‌م نیوه‌نده‌دا ڕۆڵی چییه؟ بۆچی پشكنینی هۆرمۆن بۆ ئه‌و گه‌نجانه ده‌كرێت؟
وه‌ڵام: له ساڵانی پێشوودا توێژه‌ران توێژینه‌وه گه‌لێكیان ئه‌نجامداوه، بۆ گه‌یشتن به‌وه‌ی ئایا ڕاسته كه‌سی تووشبوو به‌لادانی سێكسی هه‌ر له بنه‌ماوه له خه‌ڵكی ئاسایی جودایه و كه‌موكورتییه‌كی ئۆرگانی، یان هۆرمۆنی هه‌یه؟ له سه‌ره‌تاوه گه‌یشتن به‌وه‌ی مێشكی بنیاده‌می لاده‌ر كه‌مێك جیاوازیی تێدایه، به‌تایبه‌ت له هایپۆسهلهمهسدا (Hypothalamus)، وه‌لـێ تا ئێستایش ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، هه‌رچی هۆرمۆنیشه ئه‌وا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت، ده‌ركه‌وتووه هۆرمۆنی باڵغبوون (Pubertal hormone) هیچ ڕۆڵێكی له هۆمۆسێكچواڵیتیدا نییه، ده‌وترێت هۆرمۆنی كۆرپه‌له (Fetal hormone) له‌وانه‌یه ڕۆڵێكی هه‌بێت، وه‌لـێ ئه‌وه‌یش هێشتا نه‌سه‌لمێنراوه. له هه‌ندێ توێژینه‌وه‌ی كۆندا ده‌ركه‌وتبوو، ئه‌و كه‌سه‌ی هۆمۆسێكچواڵ هۆرمۆنی نێرینه‌ی كه‌متره له نێرینه‌یه‌كی تر، بۆیه زیاتر وه‌ك مێینه‌یه‌ك ڕه‌فتار ده‌كات و مه‌یله‌كانی له هی مێینه‌وه نزیكترن. بۆیه وا نازنم پشكنینی هۆرمۆن له‌و ڕووه‌وه ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت.
پ: ئه‌و كه‌سانه‌ی (هۆمۆ)ن زیان بهههرزهكارانی تر ده‌گه‌یه‌نن؟
وه‌ڵام: بێگومان زیانیان بۆ ده‌وروبه‌ریان ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی لێیانه‌وه نزیكن، ئه‌گه‌ر هاوته‌مه‌ن بن، ئه‌وا له‌وانه‌یه هاوڕێكانیان تووش بكه‌ن، له ڕێگه‌ی باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ژیانی خۆیانه‌وه، به‌تایبه‌ت كه‌سانی (لێكراو) زۆر مه‌ترسیدارن، چونكه به‌دوای یه‌كێكدا ده‌گه‌ڕێن ئارامیان بكاته‌وه، بۆیه له نزیكترین كه‌سیانه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن، خۆیشتان ده‌زانن، تازه‌لاو له هه‌ڕه‌تی كه‌فوكوڵی سێكسیدایه و له‌وانه‌یه خۆی نه‌گرێت و له‌به‌رده‌م ئاره‌زوویدا چۆك دابدات. هه‌روه‌ها كه‌سانی به‌ساڵاچوو كه (بكه‌رن)، به‌دوای منداڵ و لووسكهدا ده‌گه‌ڕێن و دوور نییه زه‌فه‌ر بهتازهلاوێك كه شاگردییان ده‌كات له شوێنێكدا ببه‌ن و تووشی بكه‌ن. له توێژینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه توندوتیژیی ئاژه‌ڵی له كه‌سانی هۆمۆسێكچواڵدا دوو ئه‌وه‌نده‌ی كه‌سانی ئاساییه، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه 29%ی ئه‌و منداڵانه‌ی باوكانیان هۆمۆیه ڕووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژیی سێكسی ده‌بنه‌وه له‌لایه‌ن باوكهكانیانهوه، به به‌راورد به ته‌نها 0,6ی ئه‌و منداڵانه‌ی باوكانیان هۆمۆ نییه و تووشی ده‌ستدرێژیی سێكسی بوون له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه.
پ: زۆر له‌و كه‌سانه ده‌ڵێن ئێمه له منداڵی‌دا ده‌ستدرێژیی سێكسیمان كراوه‌ته سه‌ر، ئایا ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به دۆخی ئێستایانه‌وه هه‌یه؟
وه‌ڵام: وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا ئه‌و ژینگه و بارودۆخه‌ی كه‌سه‌كه‌ی تێدا په‌روه‌رده بووه ڕۆڵی هه‌یه، وه‌لـێ توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ نییه له نێوان دهستدرێژیكرانهسهری كاتی منداڵی و هۆمۆسێكچواڵیتیدا، واته ده‌شێت كه‌سێك به‌منداڵی ڕووبه‌ڕووی دهستدریژییش بووبێته‌وه، كه‌چی كه‌سێكی ئاسایی لـێ ده‌رچێت، پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته.
پ: چاره‌سه‌ر به ده‌رمان هیچ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه؟
وه‌ڵام: له‌پێشه‌وه وتمان زۆرێك له كه‌سانی هۆمۆسێكچواڵ تووشی دڵته‌نگی و خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن، بۆیه پێویسته له‌كاتی چاره‌سه‌ركردندا ئه‌و لایه‌نه‌مان له‌بیرنه‌چێت، ده‌رمانی دژه خه‌مۆكی (Antidepressant)و ده‌رمانی هێوركه‌ره‌وه (Anxiolytic)یان بدرێتێ. هه‌ندێك توێژینه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن پێویسته ده‌رمانێكیان بدرێتێ كه هه‌ستی سێكسییان كه‌مبكاته‌وه، وه‌لـێ بڕوا ناكه‌م ئه‌مه‌ی دواییان كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی هه‌بێت.