د.نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا
ـ ناسنامه‌ی مێژوویی:
ناسنامه‌ی ئیتنیكیی كورد له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه كه‌م تا زۆر به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی تائێستا له‌به‌رده‌ستن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی سیانزه‌هه‌م و له سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌میش به‌ره‌به‌ره خه‌مڵیوه و دواتر له سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌مدا به‌دیاركه‌وتووه. قسه‌كردن له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئیتنیكیی كورد پێش ئه‌م مێژووه ته‌نیا فانتازمێكی نه‌ته‌وه‌ییه و به‌س. بێگومان هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه، كه كورد یه‌كێكه له كۆنترین گروپه‌یلی كۆنینی خۆجێیی ناوچه‌كه، به‌ڵام پرۆسیسی دروستبوونی مێژوویی ناسنامه‌ی كورد زۆر به دره‌نگه‌وه به‌دیار كه‌وتووه، كه ئێمه ناتوانین له ڕوانگه مێژووییه‌كه‌وه بگه‌ڕێیینه‌وه پێش ئه‌م مێژووه.
ـ ناسنامه‌ی سیاسیی:
پرۆسیسی دروستبوونی ناسنامه‌ی سیاسیی كورد هێشتا بابه‌تێكه جێگای گفتوگۆیه. به‌گوێره‌ی ترادسیۆنی هێگلییانه، ناسنامه ئه‌نجامی دانپیانانی هه‌ردوو سه‌ره‌ی (من) یان (خود) و (ئه‌وی دیكه)یه. كه‌وایه ناسنامه پرۆسیسێكی دژبهیهكانهیه، كه تێیدا كارلێكی كه‌سیی، موماره‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئامانج تێیدا برێتی ده‌بێت له به‌رجه‌سته‌كردنی (من) یاخود (زات). كه‌وایه بۆ مێژووی دروستبوونی ناسنامه‌ی سیاسیی كورد، پێویسته بگه‌ڕێنییه‌وه بۆ مێژووی دروستبوونی ناسنامه‌یلی سیاسیی: تورك، عه‌ره‌ب، فارس، ئه‌رمه‌ن. ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه به دژهكی و به نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی خهڵكهیلی دیكه له‌دایك ده‌بێت. داگیركارییه‌كانی ناپۆلیۆن له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، په‌یامی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسای گواسته‌وه و هه‌ر به كاردانه‌وه‌ی ئه‌م پهیامهشبوو كه، ئهسپانهكان، ئه‌ڵمانه‌كان و ڕووسه‌كان ناسنامه‌ی سیاسیی خۆیان دروستكرد. به‌مجۆره قسه‌كردن له‌سه‌ر ناسنامه‌ی سیاسیی كورد پێش وه‌دیاركه‌وتنی ناسنامه‌یلی تورك، عه‌ره‌ب، فارس و ئه‌رمه‌ن ته‌نیا ئه‌فسانه‌ناسیی ناسیۆنالیسته كورده‌كانه، كه ده‌یانه‌وێ له‌دایكبوونی ناسنامه‌ی سیاسیی كورد بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ده‌ورانی سه‌رهه‌ڵدانی كورد له‌مێژوودا و ڕه‌نگه هه‌تا دوورتریش، به‌ڵام ئه‌م ڕوانینه هیچ بایه‌خێكی زانستیی نییه و ئێمه ئه‌م ڕوانگه‌یه زیاده‌ڕۆییه وه‌ڵا ده‌نێین.
ده‌كرێت بڵێین ناسنامه‌ی سیاسیی تورك له ده‌ورانی سه‌رده‌می ته‌نزیمات (1839) نه‌بووه، به‌هه‌مانشێوه ناسنامه‌ی كوردیش نه‌بووه. ناسنامه‌ی تورك له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌گه‌ڵ كودێتای گه‌نجه-توركه‌كان ساڵی 1908 ده‌ستیپێكرد. بۆیه ده‌كرێت بڵێین ناسنامه‌ی سیاسیی كورد له‌گه‌ڵ قۆناغی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له عوسمانیزمهوه بۆ كه‌مالیزم وه‌دیاركه‌وت. جا به‌گوێره‌ی یاسای ئۆپۆزسیۆن و نزیكبوونه‌وه له‌وه‌به‌دوا زه‌وینه‌یه‌ك ڕه‌خسا بۆ له‌دایكبوونی ناسنامه‌ی سیاسیی كورد. له‌م پێودانه‌وه ده‌كرێ به دڵنیاییه‌وه بڵێین تاوه‌كو پێش به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی گه‌نجه-توركه‌كان (1908) ناسنامه‌ی سیاسیی كوردی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یدا نه‌بوو بوو. به‌شێوه‌یه‌ك بڕێك له گه‌وره‌ترین دامهزرێنهرهیلی (ئیتتحاد و ته‌ره‌قیی)، كه كه‌مالیزم له هه‌ناویدا به‌رهه‌م هات، كورد بوون، وه‌ك سه‌رنووسیاری گۆواری (عوسمانلی) (1897)ی ئۆرگانی (ئیتتحاد و ته‌ره‌قیی)، كه دكتۆر عه‌بدوڵڵا جه‌وده‌ت بوو. هه‌تا یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردیی (كوردستان- 21ی نیسانی 1898)، كه وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی كوردیی هه‌ژمارده‌كرا، به‌شێوه‌یه‌ك بووبووه به‌شێك له ئۆپۆزسیۆنی گه‌نجه-توركه‌كان و بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی جیاخواز خۆی نمایش بكات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانین بی دوودڵیی ئه‌وه بڵێین، كه سه‌ره‌تای ناسنامه‌ی سیاسیی كورد وه‌كو یاسای ئۆپۆزسیۆن و نزیكبوونه‌وه له دوای ناسنامه‌ی سیاسیی تورك په‌یدا بوو.
ـ ناسنامه‌یه‌كی پارچه‌پارچه بوو:
ئه‌گه‌ر باسی ناسنامه‌ی كوردیی بكه‌ین، ئه‌وا پێویسته باسی چه‌ندین ناسنامه‌ی كوردیی بكه‌ین. ناسنامه‌ی مێژوویی كورد له ده‌ورانی عوسمانی له‌ژێر هه‌ژموونی ناسنامه‌ی مێژوویی عوسمانی دا بوو، له ئێران به‌هه‌مانشێوه. دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، ناسنامه‌ی سیاسیی كورد بوو به ناسنامه‌یه‌كی پارچه‌پارچه بوو و كه‌وته به‌رانبه‌ر ناسنامه‌ی سیاسیی چه‌ندین وڵاته‌یلی وه‌ك: توركیا، ئێران، عێراق و سوریا. كورد خاوه‌نی یه‌ك ناسنامه‌ی سیاسیی به‌هێز و یه‌ك بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رتاسه‌ریی نه‌بووه، ناسنامه‌ی سیاسیی كورد یان ناسنامه‌یلی سیاسیی كورد له ڕووی كولتووریشه‌وه پارچه‌پارچه بووه و دابه‌شیی چه‌ندین دیالێكت بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌ك ڕاستی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بناغه‌ی هه‌موو ئه‌م دیالێكتانه یه‌ك زمانه، كه ئه‌ویش زمانی كوردییه و ئاوه‌ڕۆی هه‌موو ناسنامهكانیش دواجار ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ك ڕووبار، كه ئه‌ویش (ناسنامه‌ی سیاسیی كورده).