دكتۆر مستەفا زەڵمی بایۆگرافیای زانایەک
دكتۆر مستەفا زەڵمی بایۆگرافیای زانایەک
  2025/01/29     179 جار بینراوە    


د. بێستوون حەسەن ئەحمەد

ساڵی ١٩٥١ لە سلێمانی کتێبی دابەشکردنی میراتم دانا، پاشان ناردم بۆ ھەندێک لە مامۆستایان، وتیان زۆر جوان و باشە، بەڵام عەیبەکەی ئەوەیە بە زمانی کوردی داتناوە(مستەفا زەڵمی — کاروانی ژیانم—٤٨).

مرۆڤە مەزن و بیرمەندەکان پێش مێژوو دەکەون، خاک و ئاو و زمان و مرۆڤ و ئایین و ڕۆشنبیری خۆیان و نەتەوەکەیان پێ کەم نییە.

چ ئاست بەرزێکە مەلایەک حەفتا ساڵ لەمەوبەر ئیتنمای هەبێت بۆ زمانەکەیی و مەلا خوێندەوارەکانی کورد بە شافیعی بچوێنێت.

مستەفا ئیبراھیم زەڵمی، لە بەھاری ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵمی ناوچەی ھەورامانی سەربە شارەدێی خورماڵ ھاتووەتە دنیاوە. ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی زەڵم دەنێرێتە بەرخوێندن. خوێندنی منداڵ لە سەرەتادا فێرکردنی قورئانی پیرۆز بووە. دواتر وەک خۆی لە یاداشتەکەیدا بۆمان دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە مزگەوت چاوی بە یەک دوو کوڕی گەنج دەکەوێت و پرسیاریان لێ دەکات، ئەمانە کێن؟ لە وەڵامدا پێی دەڵێن ئەمانە فەقێن. لەو ڕۆژەوە شەیدای فەقیەتی و  فێربوون و زانست دەبێت، تەنانەت بۆ بوون بە فەقێ ھەڕەشەی ئەوە لە باوکی دەکات، ئەگەر نەینێرنە بەرخوێندن (خۆی بە ئاوی زەڵمدا دەدات). هەتا دواتر باوکی ناچار دەکات و دەبێتە فەقێ. پاش چەند ساڵێک خوێندن لە مزگەوتی خورماڵ، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا ڕوودەکاتە سلێمانی لە مزگەوتی (حاجی حانی) ماوەیەک خەریکی خوێندن دەبێت و پاشان خولیای خوێندنی زیاتر دەبێت و لە تەمەنی شانزە ساڵیدا ڕووە و تەوێڵە ھەنگاو دەنێت و پاشان پاوە و دەگاگا و ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگەڕێت، لەم سەفەرانەدا ڕووبەڕووی چەندین نەھامەتی و سەرما و برسێتی دەبێتەوە، زیادەڕۆیی نەبێت ھەندێکجار تا کەناری مەرگ ڕۆیشتووە. بەجۆرێک ئەشقی خوێندن بووە، بەرزونزمی و ھەوراز و نشێوی ژیان کۆڵیان پێنەداوە. بەکورتی ماوەی ساڵانی ١٩٣٨ - ١٩٥٤ درێژەیی بە گەشتی زانست و فێربوون داوە. ساڵی ١٩٤٦ و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە کۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. پاش ئەوەی مەلایەتی لە ھەندێک ناوچەی کوردستان کردووە، باری کۆمەڵایەتی و ژیان تەواو ھەراسانیان کردووە. دواتر دەبێتە وتاربێژی سوپا و پاشانیش کۆلێژی ماف لە زانکۆی بەغداد تەواو دەکات. بۆ خوێندنی ئەکادیمی و خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتورا) ڕوو لە وڵاتی میسر دەکات. ئەنجام دەبێتە خاوەنی سێ بڕوانامەی ماستەر و دوو بڕوانامەی دکتورا و سەرپەرشتی چەندین ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دەکات. چەندین لێکۆڵینەوە دەخاتە بەرچاوی زانستدۆستان لە بوارەکانی شەرع و یاسا. دواجار لە بەھاری ٢٠١٦ و لە تەمەنی (٩٢) ساڵیدا بۆ یەکجاری ماڵاوایی لە دنیا دەکات.

قۆناغەکانی خوێندن:

 یەکەم: قۆناغی سەرەتایی (١٩٣٠ – ١٩٣٤):

 ساڵی ١٩٣٠ لە لای مەلای مزگەوتی گوند (میرزا فەتح لھۆنی) دەخرێتە بەرخوێندن، خوێندنی ئەم قۆناغە تەنھا بۆ ڕەوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بووە و لەگەڵیشیدا ئەگەر مامۆستا  توانیبێتی چەند سورەتێکی کورت بە خوێندکارەکانی لەبەر بکات.

لەڕووی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری مامۆستاوە بە قورسترین قۆناغی خوێندن دادەنرێت، بەپێی یاداشتەکانی بێت (کاروانی ژیانم:٤٢) مامۆستای وانەبێژ شوڵ و مەقاشی بەکارھێناوە، تەنانەت جگەرەی بە پەناگوێی خوێندکار کوژاندووەتەوە.

دووەم: قۆناغی فەقێیەتی (١٩٣٤ – ١٩٤٦):

وێستگەی یەکەمی فەقێیەتی لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ لەلای مامۆستا (سەید عارف) دەستپێدەکات، عەشق و خولیای خوێندن وایان لێکرد، لەم قۆناغەدا و بەو منداڵییە ھەموو ڕۆژێک بەپێ لە زەڵمەوە چووەتە خورماڵ و گەڕاوەتەوە. بابەتی خوێندنەکەی جگە لە تەواوکردنی قورئانی پیرۆز، خوێندنی گوڵستانی سەعدی بووە، لەگەڵ تەعریفی زنجانی و عەواملی جورجانی. شایانی ئاماژەیە لە حوجرەکانی کوردستاندا زانستە شەرعییەکان بە زمانی عەرەبی خوێنراون و ئەدەبیاتیش بە زمانی فارسی، ئیتر خوێندن بە زمانی کوردیی وەک زمان لە گۆڕێدا نەبووە.

ساڵی ١٩٣٦ مەلا شێخ خالیدی موفتی، دەبێتە مەلای زەڵم و زەڵمیش بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، لەم قۆناغەدا کتێبەکانی (انموذج، شافیە) دەخوێنێت. دواتر دووبارە ناچار بەگەڕانەوە بۆ خورماڵ دەبێت و پاش ماوەیەک ڕوو لە سلێمانی دەکات و لە مزگەوتی حاجی حان – مەڵکەندی دەست بە خوێندن دەکات.

گوندەکانی (عەبابەیلێ و تەوێڵە) لە باشوری کوردستان و شارەدێی (پاوە) و گوندی دەگاگا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دەبنە بەشێک لە گەشتی گەڕان بە دوای زانست و مامۆستادا. حوجرەی شارەکانی (سنە، مەریوان، بانە و سابڵاخ) دەبنە نشینگەی فێرخوازی دوازدە عیلمەکەی مەلایەتی.

لە سابڵاخەوە بۆ مەنگۆڕ و گەڵاڵە و شنۆ و لاجان و ورمێ و شکاک و سەردەشت و ... ھتد، دواجار لە ڕێكەوتی ١٥/٣/١٩٤٦ لە کۆیە و لەسەردەستی شێخ نووری جەلیزادە، برای مەلای گەورەی کۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.

سێیەم: قۆناغی ئەکادیمی:

سەرەتایی ئەم قۆناغە لە شاری جەلەولاوە (گوڵاڵە)وە دەستپێدەکات. بڕیاردەدات کە تاقیکردنەوەی سێی ناوەندی (نۆی بنەڕەتی ئەمڕۆ) بەشێوەی دەرەکی بکات و سەرکەوتوو دەبێت. پاشان ساڵی ١٩٥٩ پۆلی چواری ئامادەیی لە قوتابخانەیەکی ئەھلیی لە جەلەولا تەواو دەکات، تەواوکردنی ئەم خوێندنە لەسەر خەرجی خۆی بووە. دواتر پۆلی پێنجەمی ئامادەیی لە بەغدا (باب موعەزەم) تەواو دەکات، ئەو کاتە پۆلی شەشی ئامادەیی نەبووە.

لە ھەوڵ و تێکۆشانی زانستی و ئەکادیمی بەردەوام دەبێت، هەتا ساڵی ١٩٦٠ لە کۆلێجی یاسا (بەشی یاسای ئێواران) وەردەگیرێت. پاش چوار ساڵ بە کۆ نمرەی (٨٦.٥) کۆلێجی یاسا تەواو دەکات. ساڵی ١٩٦٦ دەبێتە خوێندکاری ماستەری شەریعەی ئیسلامی لە زانکۆی بەغدا، ئەم قۆناغەش سەرکەوتووانە تەواودەکات، ساڵی ١٩٦٨ دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە شەریعەتی ئیسلامیدا. ھەمان ساڵ لە ماستەری یاسا (یاسای گشتی) لە زانکۆی بەغدا وەردەگیرێت، بەڵام بەھۆی کێشەی گواستنەوەی وەک ئیمامی سوپا بۆ ئەردەن واز لەم خوێندنە دەھێنێت.

ساڵی ١٩٧٠ بۆ خوێندنی دکتۆرا ڕوودەکاتە قاھیرەی پایتەختی وڵاتی میصر، شایانی باسە ئەو دەمانە خوێندنی دکتۆرا لە عێراقدا نەبووە. لە میصر دان بە بڕوانامەی ماستەری عێراقدا نانێن، بۆیە بەناچاری خوێندنی ماستەر لە ھەردوو زانکۆی ئەزھەر (پسپۆڕی شەریعە) و زانکۆی قاھیرە پسپۆڕی (یاسا) تۆماردەکات و سەرکەوتووانە ئەم قۆناغانەش دەبڕێت.

ساڵی ١٩٧٣ دیسانەوە بۆ خوێندنی دکتۆرا دەچێتەوە وڵاتی میصر، لە دوو زانکۆ دکتۆرا تۆماردەکات، زانکۆی ئەزھەر (پسپۆڕی شەریعە) و زانکۆی قاھیرە پسپۆڕی (یاسا)، ئەم کارە بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە قەدەغەیە، هەربۆیە لە کۆتایی سەروبەندی گفتوگۆی تێزی دکتۆراکانیدا دەستبەرداری دکتۆراکەی  زانکۆی قاھیرە  دەبێت. لە ئەنجامدا ساڵی ١٩٧٥ بە پلەی (شەرەف) بڕوانامەی دکتۆرا لە فیقھی بەراورد لە زانکۆی ئەزھەر بەدەستدەهێنێت.

لە ڕێكەوتی ٢٠/٦/٢٠٠٥ لە کۆلێجی یاسای زانکۆی بەغدا، دکتۆرای دووەم  وەردەگرێت، ئەم دکتۆرایە ھەمان ئەو دکتۆرایەی زانکۆی قاھیرەیە، کە یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتی میصر ڕێگەی پێنادەن تەواوی بکات. ئەم بڕوانامەیەی بە پلەی باڵا و لە پسپۆڕی یاسادا ھێناوە.

ژیانی مامۆستایەتی زەڵمی لە ساڵی ١٩٧٥وە دەستپێدەکات هەتا ساڵی ٢٠٠٨، ساڵی ١٩٨٠ ناسناوی زانستی پڕۆفیسۆر وەردەگرێت و لە زانکۆکانی بەغدا و موستەنسرییە و نەھرین وانەی وتووەتەوە.

گۆڕینی بویەرێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، جگە لەوەی ماندبوونی تاقەتپروکێنی دەوێت، لە زۆر باردا کاراکتەری سەرەکی و پاڵەوانی گۆڕانکارییەکان بەر توانج و تەشەر و بگرە ھەندێکجار دەربەدەریی و نەھامەتی دەکاتەوە. ھیمەت و غیرەتێکی مەردانەی دەوێت، کاتێک ھەموو ھاوپیشەکانت بە ئاڕاستەیەک مەلەدەکەن و تۆ پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەوان دەڕۆیت. بانگەشەی ھزرگەلێکی نوێ، بەکارھێنانی ئامراز و شێوازی جیاواز بۆ گەیشتن ئامانجگەلێکی جودا تۆ لەوان جیادەکاتەوە و نامۆ و تەنھات دەکەن.

من پێموابووە ھەمیشە ئەوانە بوونەتە ژمارە و تایتلی جیاواز، یان بەردێکیان خستووەتە گۆمێکی مەنگەوە و شلەقاندوویانە، واتە شتێکیان وتووە پێچەوانەی وتراوەکانی پێش خۆیان بووە، یان زیاتر لەوەی پێش خۆیان وتووە کە وتراوە، بە بڕوای من ھەر ئەمەش وەزیفە و ئەرکی مرۆڤی داھێنەر و کاریگەرە. گرنگە لە سەردەمێکی گرانی و قاتوقڕیدا تەبەنی ئەو ھزرە نەکەیت، کە لە پاڵیدا نانێکی چەورت دەستکەوێـت، لە دۆخێکی سیاسی ناجێگیردا بیری سەلامەتی و بێوەیی بەرانبەر سازش پێڕەو نەکەیت.

ئێمە دەمانەوێت، زەڵمی وەک کەسێکی بەئاگاھێنەرە و دانا و ویژدان زیندوو ڕێبەری ڕیفۆرمی ئایینی وێنا بکەین و نیشان بدەین، ئەگەر بێتە سەر باسی ژیان و گوزەرانی کەسی و خودی، ئەوا یاداشتەکەی (کاروانی ژیانم) شتێکی نەوتراوی بۆ کەس نەھێشتووەتەوە.

کاریگەری گەشتەکانی:

گرنگە ھەر لە سەرەتاوە ئەوە تێبگەین کە گەڕان و گەشتەکانی زەڵمی، نە بەدوای پەیداکردنی ناندا بوون، نە گەشتی پشوودان و گەشتوگوزاری بوون. عەوداڵی زانست و عەشقی فێربوون خەیاڵ و خولیای ئەم زانا گەورەیە بوون.

لە پاڵ ئەم گەشتە زانستیانەشدا ھەندێکجار تا لێواری مەرگ ڕۆیشتووە و لە ھەندێک باریشدا برسێتی و نەھامەتی بڕستی لێ بڕیووە. سوور بوون و ستراتیژییەت  بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی ھیچکات ساردیان نەکردووەتەوە و کۆڵیان پێنەداوە. چووبێتە ھەر حوجرە و مزگەوت و گوندێکەوە، خوێندن لە پێشینەی ھەرە گەورەی کارەکانی بووە. لە پاڵ خوێندنەکەیدا سەرنجی کلتووری کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو ناوچەیەی داوە. ژیانی خەڵکی و بارودۆخی زەمین و زەمانە جیاوازەکان ئاسۆی بیریان فراوان کردووە.

پاش تەواوکردنی خوێندن، توانیویەتی خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ئایین و ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی و گوزرانی خەڵک بکات. لێرەوە پرۆژە چاکسازییەکان و بەگژاداچوونەوەی کەلتووری ئایینی دەستپێکردووە. وەکو حەرامکردنی مارەبەجاش و ڕەتکردنەوەی سەرفترە و زەکات و ڕیشتاشین ... ھتد. کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەدرێژی لەسەر ئەم ھەڵوێستانە دەوەستێت.

پاش ئەو ھەموو ئەزموونەی ژیانی، بیرەکانی لە چەند دێڕێکدا کورت دەکاتەوە، کە زۆر کەس ئەم قسەیان بە دەمی وتووە، بەڵام ھیچیان لە ئەنجامی توێژینەوەوە نەگەیشتوونەتە ئەم ڕاستییە. " لە ماوەی ژیانمدا لە نێوان بەراوردکردنی ئایینی ئیسلام  و ھەموو یاسای دەوڵەتان و بیروباوەڕی جیاواز و ئایینەکانی تر زیاتر لە چل ساڵ، تێکەڵیم لەگەڵ خەڵکی جیاوازی جۆربەجۆر، ئەم بیروباوەڕەم بۆ دروستبوو، شتێکم نەدی ئیسلام بڵێت مەیکە و ژیری بڵێت بیکە، ھەروەھا بەپێچەوانەی ئەوەوە، شتێکم نەدی ئیسلام بڵێت بیکە و  ژیری بڵێت مەیکە" (کاروانی ژیانم:٨)

گرنگە ئەوە تێبگەین گەشت بۆ ئامانج و مەبەستی جیاواز ئەنجام دەدرێت، گەشت ھەیە بۆ پشودانە و ھەیە بۆ ڕابواردنە و ھەیە بۆ خوێندن و بەدەستھێنانی زانستە. بەسەرنجدان لە ژیانی ئەم زانایە دەردەکەوێت، زۆرینەی  گەشتەکانی بۆ بەدەستھێنانی زانست و تێگەیشتن بوون. لە ھەر شوێنێک گیرسابێتەوە لە ھەناوی ھەر کۆمەڵێکدا بووبێت عەوداڵی حوجرە و زانست و زانیاری بووە.

دوو دەرد زیاتر ئازاریان داوە، زانیویەتی زۆربەی خەمەکانی لەوێوە سەرچاوە دەگرن:

یەکەم: دواکەوتوویی و نەزانی خەڵکی.

دووەم: خراپ بەکارھێنانی ئایین لەلایەن مامۆستایانەوە.

ئەگەر ئەم دوو دەردە چارەکران ئەوا پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و شارستانی و ئایینی ڕوودەدات. کاتێک باس ئیسقات و پاکردنەوەی گوناھی کەسێک دەکات بە (٧٠) تمەن لەلایەن مامۆستاکەیەوە، ھەم ئاماژەیە بۆ ساویلکەیی مرۆڤی ئەو کاتە و ھەم نیشاندانی بێویژدانی و بەکارھێنانی ئایینە لەلایەن بەناو مامۆستایەكی ئایینییەوە. ئەوەی شایانی باسە ئەم ڕووداوە لەکاتی فەقێیەتیدا ڕوویداوە و زەڵمی شانبەشانی مامۆستاکەی بەشداری پێواژۆکەی کردووە، کەچی مامۆستای موسڵمان دوو تمەنی داوەتێ.

ڕیفۆرمە ئاینییەکانی زەڵمی:

من خۆم مافی ئەوە دەدەم بە خوێنەر، ئەو پرسیارەم ئاڕاستە بکات، ئەوەی من دەینووسم یان دەیڵێم لە یاداشتەکانیدا خۆی باسی کردوون، ئەی کاری من چییە؟ بەو نووسینانە من سوکناییم نەھاتووە و دڵم ئاوی نەخواردووەتەوە، ھەڵوێستەکانی کەمەندکێشیانکردم، وەک ئەوەی تا ئێستا مێژوو نەیتوانیبێت مافی خۆی بەم زانایە بدات. بەلای منەوە بەھۆی ھەڵوێستەکانییەوە پێچەوانەی شەپۆلە باوەکانی ئاو مەلەدەکات و شوێنی خۆی لە دوندە بەرزەکانی مێژوودا دەکاتەوە.

بە زمانێکی سادە ڕیفۆرم بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی سیستمی کۆن، ئەگەر ڕیفۆرمەکە ئایینی بێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیروباوەڕە چەوتانەیە، کە ھیچ پەیوەندێکیان بە ئایینەوە نییە و کەسانی ھەلپەرست بۆ مەرامی ماددیی و چێژی دنیایی دایانھێناون. ڕیفۆرمی ئایینی دەیەوێت پەردە لەسەر ھەموو ئەو ھەڵەباو و کەلتوورە نابەجێیانەی کۆمەڵ ھەڵماڵێت، کە بەناوی ئایینەوە خەریکی بڵاوبوونەوەن.

زۆرینەی ڕیفۆرمە ئاینییەکان لەمپەری گەورەیان دێتە ڕێ (بۆ زانیار زیاتر بڕوانە: (ڕێنیسانس، ٢٠٠٤)، (مارتن لۆتەر، ٢٠١٥)، چونکە ڕیفۆرمەکان بەگژداچوونەوەی ھەلپەرستانە و لێدانە لە بەرژەوەندییان. مێژووی ڕیفۆرمی ئایینی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و ئەوروپا، ئەو کاتەی ئایینی مەسیحیی و بە دیاریکراوی مەزھەبی کاسۆلیک لە ڕۆما گاڵەی بە خەڵک دەکرد، لە پاوانکردنی زەویی و زار و کایەی ڕۆشنبیری (زمان و ئەدەب) و زەوتکردنی ئازادییە کەسییەکان و ... ھتد خۆیی دەبینییەوە.

بەدرێژایی مێژوو کەسە دیار و زانا و پاڵەوانەکانی مێژوو، منداڵی خوداپێداو نەبوون. زۆرینەیان سەر بەو خێزانە ھەژارانە بوون، کە ژەمی ئەمڕۆیان ھەبووە و لە خەمی دابینکردنی ژەمی سبەیدا بوون. پاڵەوانی لێکۆڵینەوەکەمان خەڵکی گوندێکی سەرسنووری دوورە دەستی کوردستانە. سەرچاوەی بژێوی لەو دەمەدا کشتوکاڵ بووە بە ھەموو جۆرەکانییەوە (ئاژەڵداریی و باخداری ... ھتد). واتە کوڕی پیاوێکی ھایھای و خوداپێداو نەبووە، ئەمەش زۆر ئەرێنی لە ژیانیدا ڕەنگیداوەتەوە، چونکە بەرگەی سەفەر دوورودرێژ و تاقەتپڕکێنەکانی زانستی گرتووە. زۆرباش لەگەڵ ژیانی سادە و پڕ نەھامەتی  فەقێیەتیدا خۆی گونجاندووە.

لێرە بەدواوە باس لەو ھەڵوێستە ناوازە و شازانە دەکەم، کە بە پێودانگی ڕۆژگاری ئەو کەم بوون ئەو مەلایانەی توانیویانە دەستی بۆ بەرن:

بڕوانەبوون بە فاڵگرتنەوە:

زەڵمی زۆر بڕوای بە خورافات نەبووە، زۆرتر ویستوویەتی شتەکان بداتە بەر ڕێژنەی ژیری (ئاوەز = عەقڵ)، ھەر لەمبارەیەوە وای دەبینێت: ئاسانە مرۆڤ ببێت بە زانا، بەڵام ئاسان نییە مرۆڤ ببێتە خاوەنی ژیرییەکی باش. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مامۆستایانەی بڕوایان بە خورافات ھەبووە، زەڵمی بەڵگەی (٤٩) جار فەرمانی خوا لە قورئاندا دەھێنێتەوە بۆ بەکارھێنانی ژیری.

بەرەنگابوونەوەی عەبدوڵڵاخانی دزڵی:

ساڵی ١٩٤٧ عەبدوڵڵا خانی کوڕی مەحموود خانی دزڵی دەنێرێت بە دوایدا، دەیەوێت بەپارە و بەرژەوەندی ماددیی دەمبەستی بکات و باخەکانی زەڵم بۆ خۆی بەکاربھێنێت، لە بەرانبەردا ھەرچی ھەیە لەگەڵی بەش دەکات، واتە بەو مەرجەی پشتگیری خزمەکانی نەکات و پشتی عەبدوڵڵا خان بگرێت. لە ئەنجامدا بەوپەڕی جورئەتەوە ئەم داوا و پێشنیازانە لەلایەن زەڵمییەوە ڕەتدەکرێنەوە، ھەر ئەمەش دەبێتە ھۆی دەربەدەربوونی بۆ گوندی سەرسیان.

مێژووی کڕینی مرۆڤەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کۆنە، لە مێژوودا زۆرێک لە دەسەڵاتدارەکان بۆ شەرعیەتدان بە کارە ناڕەوا و ستەمە جۆربەجۆرەکانیان (مەلا و مامۆستا و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانیان ... ھتد) کڕیوە. دەڵێن سیاسییەکی بەناوبانگی ئەم ھەرێمە وتوویەتی (ھەموو کەسێک دەکڕێت، ئەوەی هەتا ئێستا نەمانکڕیوە نرخی خۆیمان نەداوەتێ)، پێموایە لەم ڕۆژانەشدا کە ژیان بە بەراورد بەو سەردەمەی زەڵمی ئاسانترە، زۆرێک لە توێژە خوێندەوارەکە ئامادەیە خۆیی بفرۆشێت، بەڵام کەس نییە بیکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکات.

ڕیشتاشین:

زانایەک پێوایە کار بەیەک ئایەتی قورئان بکەیت، باشترە لەوەی ھەموو قورئانت لەبەر بێت و دەست لە گوناە نەپارێزیت. لە ڕۆژێکدا سەد ڕکات نۆێژ بکەیت و ھەر حەوت ڕۆژەکانی ھەفتە بەڕۆژوو بیت، ئیمان لە دڵتدا نەبێت و ئەو ئیمانەش وەرنەگێڕێت بۆ گوفتار و کردار سوودی نییە. ئاینداری کۆمەڵە کردارێکی میکانیکی نین بەجێبەجێکردنیان ببیتە ئاینپەروەر. لە ھەندێک پلەی ئیمانیدا ئایندار ڕێگە بە خۆی نادات  لە پێناو بەدەستھێنانی بەھەشت و دوورکەوتنەوە لە دۆزەخ خودا بپەرستێت، بەڵکو نوری ئیمان بە جۆرێک ڕۆچووەتە ناخییەوە لە خۆشەویستی خودا پەرستش ئەنجام دەدات. ئەم نموونە باڵایە بەڕوونی لای ڕابیعەی عەدەوی دەرکەوتووە، کە نەچاوی لە پاداشت بووە نە لە سزا.

قسەکە لەسەر فۆرم و ناوەڕۆکە، ئیمان لە ناوەوەی مرۆڤە و کاری خۆی دەکات، بەڵام فۆرم ئاسانتر دێت بەدەستەوە و ھەندێکجاریش خراپ بەکاردەھێنرێت. بۆ نموونە لەژێر پەردەی لەچکەوە و لەسایەی ڕیش و پانتۆڵی کورتدا و لەگەڵ سرووت و ڕێوڕەسمی ئایینیدا زۆرجار تاوانی گەورە ئەنجام دراوە. ڕێزم بۆ ئایینەدارە سەرپۆش بەسەر و خاوەن ڕیشە باشەکان ھەیە.

زەڵمی پاش ئەوەی لە سلێمانی (لە مزگەوتی بن طبق) خەریکی کاری خۆی دەبێت و ڕۆژانە لە حوجرەکەیدا وانە بەفەقێکانی  دەڵێتەوە، کۆمەڵێک مەلا لەلای موتەصەریف (پارێزگار)ی ئەو کاتەی سلێمانی شکاتی لێ دەکەن و دەڵێن مستەفا زەڵمی حیزبی دروستکردووە. ھەرچەندە پیلانەکەیان سەرناگرێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ھەموو ئەو مامۆستایانەی تووشی تەنگوچەڵەمەیان کردووە ڕیشداربوون. هەتا کار گەیشتووەتە ئەوەی بە ھەڕەشە و ترساندن یەک فەقێ لە حوجرەکەیدا نەماوە. هەربۆیە ئەویش مەولەوی ئاسا ھەتا دوا ساتەکانی ژیانی ڕیشی نەھێشتووەتەوە.

ڕیشی چەنی من نەیۆ حظور

مەبۆ بتراشوش تا وە نەفخی ێور

ئەم کارە گەورەترین ئاڵەنگاری سیستمی ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە، یەکەمجار بووە مەلایەک لەوپەڕی ئاگاییەوە، ڕەفتاری جوان و وتەی شیرین بە ئاکاری موسڵمان بزانێت و ڕووخسار و ڕیایی دونیایی وەلا بنێت. پێیوابووە شێوەی ڕووخسار و جلوبەرگ و پیشە و ناسناوی ئایینی و کۆمەڵایەتی (شێخ، سەید، مەلازادە ... ھتد) پێوەری موسڵمانی باش نین.

تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی مەلا محەمەدی چرۆستانی پێوتووە تەریق نابیتەوە، لەکاتێکدا فەقێکان بستێک ڕیشییان ھەیە و تۆ بێ ڕیشی؟ زەڵمی بەوپەڕی جەسووریەوە وتوویەتی تەریقنابمەوە و ئەمە یەکەمجارە ڕیش دەتاشم و پەیمانمداوە لەگەڵ خودا ھەتا ئەو ڕۆژەی دەمخەنە گۆڕەوە ڕیش بتاشم.

ئێستاش لەم ڕۆژگارەدا ڕیشتاشین بەلای ھەندێک گرووپ و کەسەوە حەرام و یاساغە، ھەندێک مامۆستای ئایینی پێیانوایە سفوری ئافرەت و ڕیشتاشینی پیاو وەکیەك وایە. بزانە دەبێت حەفتا ساڵ لەمەوبەر بیرکردنەوەکان چۆن بووبن؟ دەبێت تێڕوانین و ھەڵوێستی خەڵک و مەلاکان لە بەرانبەر مەلایەکی ڕیشتاشراو چۆن بووبێت؟ ! وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بەجێدەھێڵم.

زۆر گرنگە قسە و کردەوەکانت وابێت کە خۆت دەتەوێت، نەک بەو شێوەیە بێت کە بەرانبەرەکەت دەیەوێت. گرنگە بۆ خۆت بژیت و سووربیت لە خستنە ڕووی بۆچوونەکانت، نەک دەوروبەر ناچار بە ھەڵوێستی پێچەوانەت بکەن.

نووسین بە زمانی کوردی:

نووسینی شیعر بە زمانی کوردی نالی کردووە بەپێشەوا و سەرمەشقی شاعیرانی قوتابخانەی بابان، یان وەک ھەندێک لە لێکۆڵەران بە پێغەمبەری شیعری کوردی ناوزەندی دەکەن. گەورەیی نالی لەوەدایە پێش ئەو کەس بە زمانی کوردی (کرمانجی خواروو) شیعری نەنووسیوە. ئەو یەکەمین کەس بووە بەجورئەتەوە ڕووبەڕووی تانە و تەشەری کۆمەڵ وەستاوەتەوە. لە مێژووی بووژانەوە و ڕێنیسانسی ئەوروپیدا (دانتی) ناوێکی پرشنگدارە، دانتی یەکەمین کەس بووە بەڕووی کەنیسەی کاسۆلیکی و پاشا و دەستوپێوەندەکەیدا چووەتەوە و بە شێوەزارێکی لۆکاڵی (شێوە زاری تۆسکانیی) شیعری نووسیوە. بەکورتییەکەی (کۆمیدیایی یەزدانی دانتی) بە کاریگەری ناوەڕۆکەکەی شێوەزاری تۆسکانیی دەکاتە زمانی ستانداری ئیتاڵی و ئەو پەیامەش بە گوێی ڕیفۆرمخوازان و خەڵکدا دەدات، کە تەنھا زمانی لاتینی (زمانی ڕێگەپێدراوی کەنیسە) زمانی نووسینی ئەدەبیات نییە و تەنھا ناوەڕۆکی ستایش و پیاھەڵدانی پاشا تاکە مەبەستی شیعری نییە. گەڕانەوە بۆ زمانی نەتەوەیی (دانتی) کرد بە یەکێک لە ڕێبەرانی ڕیفۆرمخوازی ئەوروپا و مێژووی ئەوروپی بە شانازییەوە ناوی دەبات.

یەکێک لەو کارە ناوازانەی زەڵمی نووسینی کتێبە بە زمانی کوردی، زۆر ئەستەمە مەلا بیت لە ساڵی ١٩٥١ بڕوایی ئەوەت بۆ دروست بێت بە زمانی کوردی کتێب بنووسیت. ئەم کارە لەوانەیە ئێستاش لەلایەن ھەندێک کۆلکە مەلاوە ڕەوایەتی وەرنەگرێت.

"لە ساڵی (١٩٥١) کتێبی (دابەشکردنی میرات)م دانا، ناردم بۆ ھەندێک لە مامۆستاکان، وتیان: زۆر باشە و زۆر جوانە، بەڵام عەیبی ئەوەیە بە کوردی داتناوە"(کاروانی ژیانم: ٤٨).

دەڵێن دانتی زمانی نەتەوەیی بەنانی جۆ چوواندووە، زەڵمیش ئەگەر زمانی کوردی چێژی پێنەبەخشیایە ھەرگیز پەنای بۆ نەدەبرد. ئەو زانیویەتی کێشەی میرات یەکێکە لەو کێشانەی ئێستاش خەڵک بەدەستییەوە دەناڵێنێت. بۆیە ویستوویەتی خزمەتی خەڵک و میللەتی خۆی بکات. بڕوای تەواوی بەوە ھەبووە زمانی کوردی ھیچی لە زمانی عەرەبی کەمتر نییە، بەڵام ئەوە ڕۆشنبیری کوردە نەیتوانیوە بەکاریبھێنێت. زەڵمی ویستوویەتی لە ڕێگەی زمانی نەتەوەییەوە گۆڕانکاری لە ھزری میللەتەکەیدا دروستبکات و زانیارییەکان پەخش بکات. واتە ئەم زانیارییانە تەنھا لەلای مەلا نەبن، خەڵکی خوێندەواریش بتوانێت لە میرات بگات.

ڕەتکردنەوەی مارەبەجاش:

ئەوەندەی تێبینیم کردووە، زۆرێک لەوانەی ژیانی خۆیان یاداشتکردووە، زۆر بەکەمی دەستیان بۆ ھەڵە و کەموکورتی خۆیان بردووە. ھەندێکیان وەک ئەوەی فریشتە بن خۆیان کردووە بە پاڵەوانی مێژوو.

زەڵمی زۆر بە جورئەتەوە باس لە دوو ھەڵەی خۆی دەکات، کە دوو جار ژنی مارەبەجاش کردووە، یەکێکیان لە گوندی (زەڵم – ١٩٤٦) ئەوی تریان لە گوندی (سەرسیان – ١٩٤٧) (کاروانی ژیانم- ٢٤٢)، کە ئەگەر خۆی دانی پێدا نەنایە کەسمان نەماندەزانی. تەنانەت لە مارە بەجاشی دووەمدا ئەو ژنەی کە بڕیارە مارە بکرێت بۆ پیاوێکی تر پێی دەڵێت: مامۆستا بەڵکو پیاوێکی چاکی وەک خۆتم بۆ بدۆزیتەوە، بەڵام زەڵمی داواکەی پەسەند ناکات و ڕەتیدەکاتەوە.

مارەبەجاش: کەسێک سێ جار ژنەکەی تەڵاق بدات، ناتوانێت بە ھیچ جۆرێک بیگێریتەوە لای خۆی و وەک حەڵاڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکات، ھەتاوەکو ئەم ژنە شوو بە پیاوێکی دیکە نەکات و ماوەیەک لای ئەم پیاوە نە بێت و ئەم پیاوە یان بمرێت یان تەڵاقی بداتەوە. ئینجا مێردی یەکەم دەتوانێت بۆ جاری دووەم مارەی بکاتەوە. مەلاکانی کوردستان ھاتوون بۆ ماوەی شەوێک یان چەند شەوێکی کەم ژنەیان لە کەسێکی تر مارەکردووە، بەشێوەیەکی کاتی لە بەرانبەردا بڕێک پارەیان داوە بە کابرای زاوا ئەویش بۆی تەڵاق داونەتەوە، بەم پرۆسەیە شەرعێنراوە وتراوە مارەبەجاش. شایەنی ئاماژەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەسەی بەشێوەی کاتی ژنەکەی لێمارەکراوە یان غەریبە بووە یان ئەم ژنە لە شوێنێکی دوورە دەست مارەبەجاشکراوە، لە ھەندێک باریشدا لە ناچاریدا پیاوەبەخشراوەکان بەکارھێنراون. ھەموو ئەمانە بەمەبەستی پاراستنی ئابڕووی ژن و پیاوەکە بووە.

ھەڵوێستی زەڵمی بەرانبەر مارەبەجاش: کاتێک ساڵی ١٩٦٨ لە زانکۆی بەغدا ماستەر وەردەگرێت، بە قوڵیی دیراسەی ھەر ھەشت مەزھەبەکەی ئیسلام و یاسای دەوڵەتان و دابونەریت و یاسای ئاینەکانی تر دەکات. لە ئەنجامدا بۆی دەردەکەوێت: تەڵاقی سێ بە سێ بەیەکجار ناکەوێت لەبەر ئەم ھۆیانە:

یەکەم: تەڵاق بە سێ قۆناغ دەبێت.

دووەم: تەڵاقێک وەک سوێند بخورێت، تەنھا کەفارەتی سوێندەکەی دەکەوێت.

سێیەم: ھاوسەرگیری کاتی جۆرێکە لە فێڵ.

ئەم زانایە پێیوابووە، ژن کە شووی دووەم دەکات دەبێت مێردی دووەمی بمرێت، یان تەڵاقی بدات و عیدەی شەرعی تەواو بێت، ئینجا دەتوانێت شوو بە پیاوی یەکەمی بکاتەوەة ئەویش بە مارەکردنێکی نوێ.

ڕووبەڕووبوونەوەی حیلە شەرعێکی وەکو مارەبەجاش، کە هەتا ئێستاش ھەندێک جار لەملاوئەولا دەیبیستین، جۆرئەت و بوێرییەکی زۆر و دانایی و زانایی دەوێت، ڕێگریکردن لە پرۆسەیەک، کە ھەڵەکە ھی پیاوە و ژن تێیدا قوربانییەکی گەورەیە، واجبێکی ئاینی و مرۆییە. بەرنگابوونەوەی ھەڵە باو و نامرۆییەکانی ناو کۆمەڵ، کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامدراون کاری ئەو ڕۆشنفیکرانە بووە، کە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵ بەرەو بووژانەوە و ڕاچەنین کاری لە پێشینەیان بووە. بەرگرتن لەو پرۆسانەی ماڵ و شۆرەت و چێژ و ... ھتد، بەمرۆڤ دەبەخشن و بەناوی ئایینەوە دەکرێن و سەرئەنجام گەوجاندنی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە، ڕیفۆرمخوازە گەورەکان دەستیان بۆ بردووە، کە زەڵمیش یەکێک بووە لەوانە.

فرێدانی جوبە و مێزەرە:

بەوپێیەی موسڵمانی باش بریتی نییە لەو کەسەی، مێزەری زل و جبەی پان و ڕیشی درێژی ھەبێت، بەڵکو دڵ و دەروون و ڕەوشتی باش پێوەرن بۆ مرۆڤی باش و موسڵمانی چاک. ئەمانە پێوەری زەڵمی بوون  کە شەستەکانی سەدەی پێشوو گەیشتووەتە ئەو باوەڕە.  وەک خۆی باسی دەکات مەلا ڕیش درێژەکانی سلێمانی دژایەتییەکی باشیان کردووە، ئەویش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەم ڕیش و جبە و سەڵتەیە یان عورفە یان بۆ ڕیایی دنیایە. بۆیە بڕیار دەدات جبە و سەڵتە فڕێبدات و بەجلی چاکەت و پانتۆڵەوە دەوامی خوێندکاری زانکۆ بکات.

ھەمیشە بڕوام بەوە ھەبووە کەسایەتی مرۆڤ پەیوەندی بە جەستە و ڕوخسارییەوە نییە، دەکرێت دڵێکی بچووک خۆشەویستییەکی گەورەی تێدا بێت. دوور نییە دوور لە ئاینێک ویژدان و مرۆڤایەتی زیاتر بێت لە موسڵمانێکی عەیارە بیست و چوار، پەروەردەی خێزانی و نانی حەڵاڵ ڕۆڵیان ھەیە لە باش پێگەیاندنی مرۆڤدا. ھەر لێرەدا بە فرەستی دەزانم دوو چەمک ھەن لە یەکتریان جیاکەمەوە،  ئەگەر بە ڕووکەشیش بووبێت، ئەوانیش چەمکەكانی پەروەردەکردن و بەخێوکردنن، کە یەکەمیان قورسە و کاری پەروەردەکارانە، دووەمیان ئاسانە کاری زۆرێک لەدایک و باوکانە، شیکردنەوەی ئەم دوو چەمکە بۆ دەروونناس و کۆمەڵناسەکان بەجێدەهێڵم.

پێدەچێت ئەم کارانە لەم ڕۆژەدا نامۆ و سەیر بن، دەبێت لە شەست ساڵی بەر لە ئەمڕۆدا چەند پێچەوانەی عورف و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان بووبن؟! بەرەنگاربوونەوەی ئەو بویەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییە چەند سەخت بووبێت؟ ئاسان نەبووە بۆ مەلایەک ڕیش بتاشێت، مارەبەجاش حەرام بکات، جوبە و سەڵتە فڕێ بدات، ھاوڕێیەتی مەسیحییەک بکات. ئەمانەن ڕۆحی پێچەوانەبوون و جورئەت و زانایی و جەسووریی و سەرمەشقی لە مرۆڤدا دروست دەکەن. کە دواتر شتێک بڵێیت کەس نەیوتبێت، ھەڵوێستێک بنووێنیت کەس نەینواندبێت، شوێن پێھەڵگرتنی خەڵکی هەتا ئەوەندە ڕەوایە لەسەرپێی خۆت بووەستیت. ئیتر لەوە بەدوا  ڕابەرەکان دەبێت ڕێگای خۆیان ھەبێت.

ھەمیشە بڕوام بەوە ھەبووە ھەموو ڕووداو و ھەڵوێستە جۆربەجۆرەکان، لە بویەری مێژوویی خۆیاندا لێکدەدرێنەوە. ئەو کار و ھەڵوێستانەی کە ئاماژەیان پێکرا، نواندنیان بۆ ڕۆژ و مێژووی خۆی شۆڕشی ئایینی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی بوون، نەوتراو و نەکراوێک بوون سڵەمینەوە ھەبووە بەرانبەر بەکردنیان.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure