به‌ڕێز عه‌باس عه‌لی
ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه له‌وانه‌یه بۆ زۆرێك جێگه‌ی شۆك و پرسیار و سه‌رسووڕمان بێت، چۆن ده‌بێت قوتابخانه و خوێندنگه‌كان له بری ئه‌وه‌ی هۆشیارمان بكه‌نه‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه گێلمان ده‌كه‌ن؟! زۆرن ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه له شێوازی په‌روه‌رده و خوێندن ده‌گرن له قوتابخانه و خوێندنگه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا و ڕه‌خنه‌كانیش له ڕوانگه و تیۆری جیاوازه‌وه‌ن، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌منین كه به پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌وه مه‌له ده‌كه‌ن و له بنه‌مادا قوتابخانه و خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخ و نوێ سه‌رله‌به‌ری ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و پێیانوایه ئه‌وه‌نده‌ی زیانی هه‌یه نیو هێنده سوود و قازانجی نییه!
یه‌كێك له‌و كه‌سانه (جۆن تایله‌ر گاتۆ)یه، گاتۆ مامۆستا و نووسه‌ری ناوداری ئه‌مریكییه، ساڵی 1935 له‌دایكبووه و ساڵی 2018 كۆچی دوایی كردووه، سی ساڵ مامۆستا بووه، سێ ساڵی له‌سه‌ریه‌ك به باشترین مامۆستای نیویۆرك دیاریكراوه، ساڵی 1991یش وه‌كوو باشترین مامۆستای ته‌واوی هه‌رێمی نیویۆرك هه‌ڵبژێردراوه، له هه‌مان ساڵدا وتارێكی به‌ناونیشانی (واز ده‌هێنم، بیر ده‌كه‌مه‌وه) نووسی و وازی له مامۆستایه‌تی هێنا. ئه‌و ڕه‌خنه‌گری خوێندنگه‌ی مۆدێرن و سیسته‌می خوێندنی هاوچه‌رخ بوو، سێ كتێبی له دژی خوێندنی زۆره‌ملێ نووسیوه، یه‌كێك له‌و سێ كتێبانه كتێبێكه به‌ناونیشانی (گێلمان ده‌كه‌ن "دیوه نه‌بینراوه‌كه‌ی خوێندنی هاوچه‌رخ")، كتێبه‌كه ساڵی 2024 له لایه‌ن (بنار جه‌بار) كاری وه‌رگێڕانی بۆ كراوه و به قه‌باره‌ی 153 لاپه‌ڕه له‌لایه‌ن ڕێكخراوی (ئه‌ستانه)وه چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئێمه‌ش بۆ ئه‌م نووسینه وه‌رگێڕانه كوردییه‌كه‌مان وه‌كوو سه‌رچاوه به‌كارهێناوه.
زۆر كه‌س له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی گاتۆ هاوڕایه بێ ئه‌وه‌ی گاتۆش بناسن، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی گاتۆ ئه‌وان وا ده‌زانن ته‌نیا ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتووه‌كان و سیسته‌مه‌كه‌یان قوتابخانه و خوێندنگه‌كانیان به‌وشێوه‌یه و نازانن له بنه‌مادا ئه‌وه خۆی ئامانجی قوتابخانه و خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخه! هه‌یه ده‌زانێت وایه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوونه‌بێته‌وه وه‌كوو گاتۆ نایڵێت و ده‌یشارێته‌وه! ده‌توانین بڵێین زۆرجار فێرخوازه‌كان زیاتر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی گاتۆ ده‌یڵێت! ئه‌نجامه‌كانی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و دونیابینی زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی قۆناغه‌كانی خوێندنیان ته‌واوكردووه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت گاتۆ چه‌ند پێكاویه‌تی! گاتۆ باسی خوێندن له ئه‌مریكا ده‌كات، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ببینیایه چی ده‌گووت! كه‌منین ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێیانوایه قوتابخانه و خوێندنگه‌كان له زۆر ڕووه‌وه به‌هۆی دواكه‌وتووییانه‌وه په‌روه‌رده و فێرت ناكه‌ن، به‌ڵام گاتۆ باس له دواكه‌وتوویی و پێشكه‌وتوویی سیسته‌می قوتابخانه و خوێندنگه‌كان ناكات، به‌ڵكوو ئه‌و له بنه‌مادا قوتابخانه و خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخ ڕه‌تده‌كاته‌وه!
گاتۆ پێیوایه خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخ له بنه‌مادا بۆ ده‌سته‌مۆكردنی مرۆڤه‌كان دامه‌زراوه نەك په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنیان! ئه‌و بۆ ڕیشه‌ی مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه و باس له‌و فه‌لسه‌فه‌یه ده‌كات كه خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخی هێناوه‌ته كایه‌وه و نموونه‌ی ئه‌مریكا دێنێته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات خوێندنی ئه‌مریكی له ده‌وڵه‌تی پرووسیا وه‌رگیراوه (به بۆچوونی گاتۆ، هزری پرووسیایی باوه‌ڕی وابوو ده‌بێت خوێندنی ناوه‌ندی شه‌ش خاڵ به‌دی بهێنێت:
1- سه‌ربازی گوێڕایه‌ڵ بۆ سوپا.
2- كارمه‌ندی گوێڕایه‌ڵ بۆ كۆمپانیا و كێڵگه و كانه‌كان.
3-هاوڵاتی خزمه‌تكاری ملكه‌چ و ڕاهێنراو له‌و كاره‌ی بۆی دانراوه.
4- فه‌رمانبه‌ری ملكه‌چ بۆ پیشه‌سازی.
5- هاوڵاتیگه‌لێك كه له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌كان وه‌كو یه‌كتر بیر بكه‌نه‌وه.
6- یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له هزر و قسه و كرداردا.
كه‌واته ڕوونه قوتابخانه و خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخ ده‌یه‌وێت چ فێرخواز و مرۆڤێكمان بۆ درووستبكات به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت!
ساڵی 1991 گاتۆ وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات كاتێك وه‌كوو باشترین مامۆستای نیویۆرك سته‌یت هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌وه‌نده به توندی خوێندنی هاوچه‌رخ ڕه‌تده‌كاته‌وه داوا ده‌كات بە مامۆستا بانگی نه‌كه‌ن! چونكه ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه نییه فێرخوازه‌كانی فێری ئینگلیزی كردبێت، به‌ڵكوو ته‌نیا فێری ئه‌وه‌یانی كردووه بێن بۆ مه‌كته‌ب! گاتۆ ده‌ڵێت: (تكایه به گاتۆ با‌نگم بكه‌ن. به‌ر له سی ساڵ، شتێكی باشترم شك نه‌ده‌برد، هەربۆیه مامۆستایه‌تیم تاقیكرده‌وه. ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی پێمه ده‌ڵێت من مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزیم، به‌ڵام كاری ڕاسته‌قینه‌ی من هیچییان نییه. من خوێندكاران فێری ئینگلیزی ناكه‌م، فێری مه‌كته‌بیان ده‌كه‌م، خه‌ڵاتیشی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرم). بۆچوونه‌كانی گاتۆ گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه مامۆستایه‌كی كاریگه‌ر و به تواناش بووه نه‌ك مامۆستایه‌كی لاواز تا به هه‌وانته ڕه‌خنه له خوێندنی هاوچه‌رخ بگرێت.
گاتۆ ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات له قوتابخانه و خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخ فێرخواز له چوارچێوه ده‌درێت و نابێته خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی خۆی، هەتا ئه‌و كاته بۆی هه‌یه بۆچوون و ڕه‌خنه‌كانی ده‌رببڕێت كه كه‌س نه‌یبیستێت! مامۆستا و خوێندنگه‌كان فێرخوازێكیان ده‌وێت وه‌كوو لای خۆمان ده‌وترێت "ئاقڵ" بێت! گاتۆ ده‌ڵێت: (زۆرینه‌ی مامۆستایان نا‌وێرن خوێندكاران فێری ئه‌و كه‌ره‌ستانه بكه‌ن كه ده‌كرێت ڕه‌خنه‌یان له دۆگمای خوێندنگه یان خودی مامۆستایان پێ بگیرێت، چونكه له خوێندنگه‌دا ده‌بێت هه‌موو شتێك قه‌بووڵ بكرێت)، هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: (من خوێندكاره‌كان ناچار ده‌كه‌م ویستی خۆیان ملكه‌چی فه‌رمانه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌ستێره‌یان پێ ده‌ده‌م، نمره‌یان لێ ده‌شكێنم، به ڕوویاندا پێده‌كه‌نم، خۆمیان لێ سوور ده‌كه‌مه‌وه، خه‌ڵاتیان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ڕسوایان ده‌كه‌م، ده‌كرێت مافه‌كان به‌بێ هیچ هۆیه‌ك بدرێن یان ڕابگیرێن، چونكه له خوێندنگه‌دا مافه‌كان بوونیان نییه- مافی ئازادی ڕاده‌ربڕینیش نییه، وه‌ك دادگای باڵا وتوویه‌تی- مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی خوێندنگه بڵێن بوونیان هه‌یه. وه‌ك مامۆستا، من ده‌ست له زۆرێك له بڕیاره كه‌سییه‌كان وه‌رده‌ده‌م، ئه‌وانه‌ی به گونجاویان ده‌زانم به‌ڵێ وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌یش كه هه‌ڕه‌شه له جڵه‌وی من ده‌كه‌ن ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بنه‌وه. هه‌ستی تاكبوون له ناخی منداڵان و لاوان‌دا به‌هێزه و زووزوو سه‌رده‌ردێنێت، هەربۆیه ده‌بێت داوه‌رییه‌كانم خێرا و قورس بن. تاكبوون پێچه‌وانه‌ی بیردۆزی پۆله، نه‌فره‌تێكه بۆ هه‌موو سیسته‌مه‌كانی پۆلێن‌كردن.
ئه‌و له‌بری مامۆستاكانی تر نموونه‌ی خۆی دێنێته‌وه كه چۆن وه‌كوو مامۆستایه‌ك فێرخوازه‌كانی فێری فزووڵی نه‌كردووه و ته‌نیا له چوارچێوه‌یه‌كی دیاركراودا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه و فێری بیركردنه‌وه‌یانی نه‌كردووه! له‌وباره‌یه‌وه دانیپێدا ده‌نێت و ده‌ڵێت: (كونجكۆڵی پێگه‌یه‌كی گرنگی له كاری مندا نییه، ته‌نها شوێنكه‌وتنم ده‌وێت). گاتۆ پێیوایه خوێندنگه باری سه‌رشانی فێرخواز قورس و گران ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی سوودێكی ئه‌وتۆی لێ ببینێت بۆ نموونه له ڕێگه‌ی پێدانی ئه‌ركی ماڵه‌وه به فێرخواز وایلێدێت هیچ كاتێكی بۆ بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه نه‌مێنێته‌وه! بۆیه ده‌نووسێت: (من جۆرێكی درێژكراوه‌ی مه‌كته‌باندن به‌ناوی "ئه‌ركی ماڵه‌وه" به‌كارده‌هێنم، تاكوو كاریگه‌ری چاودێرییه‌كه بچێته ناو ماڵه‌كانیشه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌م بۆی هه‌یه خوێندكاره‌كان ئه‌و كاته به‌تاڵه بۆ فێربوونی شتێك له دایك و باوكه‌وه فێر ببن، یان بگره له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه، یانیش له ڕێگه‌ی هاوڕێیه‌تیكردن و به‌رده‌ستیكردنی كه‌سێكی دانای گه‌ڕه‌كه‌وه فێری هونه‌رێك ببن. هه‌ر خوێندكارێك ده‌ستی به‌تاڵ بوو، بۆی هه‌یه بێوه‌فایی به‌رانبه‌ر بیرۆكه‌ی مه‌كته‌باندن بكات، هەربۆیه ده‌بێت به ئه‌ركی ماڵه‌وه ده‌ستی بگیرێت).
گاتۆ ئه‌زموونی خۆی وه‌كوو مامۆستایه‌ك كه له خوێندنگه‌دا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه ئاماژه پێ ده‌كات و ده‌نووسێت: (له ماوه‌ی سی ساڵی مامۆستایه‌تیمدا تێبینیی دیارده‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشم كردووه: خوێندنگه و مه‌كته‌باندن هەتا دێت له بابه‌ت و كاره گرنگه‌كانی ژیان دوورده‌كه‌ونه‌وه. چیتر كه‌س باوه‌ڕی به‌وه نییه زاناكان له وانه‌كانی زانسته‌وه فێر بووبن، سیاسییه‌كان له وانه‌كانی سیاسه‌ت و شاعیره‌كانیش له وانه‌كانی زمانی ئینگلیزی. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه خوێندنگه فێری هیچت ناكات، گوێڕایه‌ڵیكردن و فه‌رمان نه‌بێت. ئه‌مه مه‌ته‌ڵێكی گه‌وره‌یه بۆ من، چونكه هه‌زاران كه‌سی باش و لێهاتوو و به‌سۆز له خوێندنگه‌كاندا مامۆستا و یاریده‌ده‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام وادیاره لۆجیكی په‌تیی دامه‌زراوه‌كه به‌سه‌ر هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییه‌كانیاندا زاڵ ده‌بێت. مامۆستاكان گرنگی به خوێندكاران و فێركردن ده‌ده‌ن و خۆشیان زۆر ماندوو ده‌كه‌ن، به‌ڵام خودی دامه‌زراوه‌كه بێڕه‌حمه و ویژدانی نییه. زه‌نگ لێ ده‌دات و ئه‌و لاوه‌ی له ناوه‌ڕاستی نووسینی هۆنراوه‌یه‌كدایه، ناچاره پێنووس و تیانووسه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه و بچێت بۆ وانه‌یه‌كی تر و ئه‌م قسه‌یه له‌به‌ر بكات: مرۆڤه‌كان و مه‌یموونه‌كان هاوبه‌شییان هه‌یه).
به دیدی گاتۆ خوێندنی هاوچه‌رخ مرۆڤێكی ملكه‌چ به‌رهه‌مده‌هێنێت و پێیوایه دژ به بنه‌ماكانی شۆڕشی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكییه و ده‌ڵێت: (خوێندنگه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بنیاتنراوه، پاڵپشتییه‌كی سه‌ره‌كی مۆدێلێكی ئه‌ندازیاركردنی كۆمه‌ڵایه‌تییه "ئه‌ندازیاریكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی Social engineering بریتییه له جڵه‌وكردنی خه‌ڵك و ئاڕاسته‌كردنیان به ئامانجی گۆڕینی ڕه‌فتار و ئه‌قڵییه‌تیان" كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك به به‌رد گه‌لێكی نزم له خواره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مێك ده‌زانێت؛ لوتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌ش ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌كه‌یه. خوێندنگه كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی وای پیشانبدات هه‌ر ده‌بێت هه‌ڕه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و شێوه‌یه هه‌بێت، له‌كاتێكدا ئه‌وه به ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ی ڕۆحییه‌تی شۆڕشی ئه‌مریكییه. له ڕۆژانی ئیستعماره‌وه تاوه‌كوو ماوه‌ی كۆماریش شتێكمان نه‌بوو به‌ناوی خوێندنگه- ژیاننامه‌ی خۆنووسی بێنجامین فرانكلین بخوێنه‌ره‌وه، تا نموونه‌ی پیاوێك ببینیت كه هیچ كاتێكی نه‌بووه له خوێندنگه‌دا به‌فیڕۆی بدات- كه‌چی په‌یمانی دیموكراسیش جێبه‌جێ ده‌بوو. ئێمه خه‌ونی فیرعه‌ونی میسری دێرینمان هه‌ڵگرته‌وه و پشتمانكرده ئه‌و په‌یمانه؛ ئه‌و خه‌ونه میسرییه‌ی داوای ملكه‌چكردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه ده‌كات)، (ئه‌وه‌ی له ئه‌مریكا یه‌خه‌ی په‌روه‌رده‌ی گرتووه بیردۆزێكی ئه‌ندازیاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه ده‌ڵێت یه‌ك ڕێگه‌ی ڕاست هه‌یه بۆ گه‌وره‌بوون. ئه‌وه بیرۆكه‌یه‌كی كۆنی میسڕییه و هێماكه‌ی هه‌ڕه‌مێكه چاوێك له لوتكه‌كه‌یدایه، ئه‌و هه‌ڕه‌مه‌ی له دیوه‌كه‌ی تری دۆلاره‌وه‌یه. هه‌مووان به‌ردێكن و جێگه‌یان له هه‌ڕه‌مه‌كه‌دا دیاریكراوه. ئه‌م بیردۆزه به‌شێوه‌ی جیاواز پێشكه‌شكراوه، به‌ڵام له بنه‌وه هاواری جیهانبینی ئه‌و هزرانه ده‌كات كه تامه‌زرۆی جڵه‌وكردنی ئه‌وانی ترن، په‌رۆشی زاڵبوون و دۆزینه‌وه‌ی ستراتیژییه‌كانی هێشتنه‌وه‌ی زاڵبوونن. گیزه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه هه‌نگییه‌ی فرانسس به‌یكن و هێربه‌رت جۆرج وێڵز پێشبینییان كردووه له ئێستادا هاتووه‌ته دی).
هه‌روه‌ها پێیوایه چۆن له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه‌نیسه مرۆڤه‌كانی له بیركردنه‌وه ده‌خست خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخیش بۆ فێرخوازه‌كان هه‌مان شت ده‌كات و ده‌نووسێت: (له كۆمه‌ڵگه‌ی سێكۆلاری ئێمه‌دا، خوێندنگه بووه به جێگره‌وه‌ی كه‌نیسه، هه‌روه‌ك كه‌نیسه‌ش داوا ده‌كات باوه‌ڕ به په‌یامه‌كانی بكرێت)، ناوبراو ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی خوێندنگه به زیندان بچوێنێت به‌وه‌ی فێرخوازه‌كان تێیادا به‌ند ده‌كرێن نه‌ك ئازاد بن و ده‌ڵێت: (خوێندنگه زیندانێكی دوازده ساڵییه، تیایدا خووه خراپه‌كان تاكه بابه‌تن منداڵ به‌ته‌واوه‌تی فێریان ببێت. من منداڵه‌كان ده‌مه‌كته‌بێنم و خه‌ڵاتی له‌سه‌ر ده‌به‌مه‌وه، بۆیه چاك ده‌زانم).
ئه‌و پێی وایە نابێت له‌بری په‌روه‌ده و خوێندن پاره وه‌ربگیرێت، چونكە ئەگەر ئه‌وه كرا كه‌واته مه‌به‌ستێكی دیكه له پشت ئه‌و خوێندنه‌وەیه، بۆ پاڵپشتی قسه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی یۆنان و نموونه‌ی سوكراتی فه‌یله‌سووف دەهێنێته‌وه و ده‌نووسێت: (هیچ سه‌رسامییه‌ك له‌وه‌دا هه‌یه كه سوكرات زۆری پێ ناخۆش بوو كاتێك تۆمه‌تباریانكرد به‌وه‌ی به پاره وانه‌ی گوتبێته‌وه؟ ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتیش، فه‌یله‌سووفان ده‌یانزانی به پیشه‌ییكردنی پرۆسه‌ی فێركردن ئه‌ركی سه‌ره‌كی فێركردن له‌ناو ده‌بات، كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندرووستدا بۆ هه‌مووان به‌رده‌سته)، (ئه‌وه‌ی وانه‌گوتنه‌وه له به‌رانبه‌ر پاره‌دا ڕێگه بۆ دامه‌زراوه‌یه‌ك خۆش ده‌كات ئامانجی پاراستنی مامۆستایان بێت نه‌ك خوێندكاران- وای له سوكرات كرد زۆر به توندی سه‌ركۆنه‌ی سۆفستاییه‌كان بكات)، (خوێندنی به كۆمه‌ڵ منداڵان وێران ده‌كات. ئێمه له‌وه زیاتر پێویستمان پێی نییه. هه‌روه‌ك سوكراتیش پێشبینی كردبوو، به‌ناوی په‌روه‌رده‌وه گیرفانمان ده‌دڕێ. یه‌كێك له ڕێگه دڵنیاكانی ناسینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه زۆری تێناچێت، پشت به كه‌ره‌سته‌ی گران نابه‌ستێت. ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی په‌روه‌رده دروست ده‌كه‌ن و ئه‌و خودهۆشیارییه‌ی هانی ده‌دات به‌خۆڕایین. پاره په‌یداكردن به په‌روه‌رده‌ی ڕاسته‌قینه گرانه، به‌ڵام خوێندنگه بازرگانییه‌كی نایابه و هەتا دێتیش ڕه‌ونه‌قدارتر ده‌بێت)، گاتۆ ئه‌وه‌ی له خوێندنگه‌دا ده‌گوزه‌رێت ناوده‌نێت بازرگانی نه‌ك په‌وه‌رده! بۆیه ده‌ڵێت: (ئه‌و بازرگانییه‌ی ناومان ناوه "په‌روه‌رده").
گاتۆ له 31ی 1ی 1990 وتارێك به‌ناوی "خوێندنگه‌ی بێڕه‌حم" به بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی مامۆستای ساڵی نیۆرك سیتی پێشكه‌ش ده‌كات، له وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: (به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئه‌و مامۆستا باشانه‌ی به درێژایی ئه‌م ساڵانه ناسیومن و كۆششیان كردووه تاوه‌كو مامه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ منداڵاندا به‌ڕێزانه بێت، ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی هه‌رگیز ملكه‌چ نه‌بوون، هه‌میشه پرسیاریان كردووه، هه‌میشه هه‌وڵیانداوه له مانای "په‌روه‌رده" ورد ببنه‌وه؛ به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موویان ئه‌م خه‌ڵاته قه‌بووڵ ده‌كه‌م. ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌ك مامۆستای ساڵ باشترین مامۆستای ساڵ نییه " باشترین مامۆستاكان زۆر له‌وه بێده‌نگترن ئاوا به ئاسانی بدۆزرێنه‌وه"، به‌ڵكوو هه‌ڵگری ستانداردێكه، نوێنه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ژیانیان ده‌خه‌نه خزمه‌تی منداڵانه‌وه. ئه‌مه خه‌ڵاتی ئه‌وان و منه).
گاتۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه خوێندنگه وڵاته‌كه‌ی پێش خستبێت و كێشه‌كانی كه‌مكردبێته‌وه، ئه‌و چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌مریكا گیرۆده‌ی بووه و ده‌ڵێت: (له سه‌رده‌می ئێمه‌دا، قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی خوێندنگه‌یی له قه‌یرانێكی گه‌وره‌تری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئاڵاوه. له ڕیزبه‌ندیی 19 وڵاتی پیشه‌سازیدا، وڵاته‌كه‌ی ئێمه له خوێندنه‌وه، نووسین، هه‌روه‌ها حسابدا كۆتاییه. پشتی ئابووری جیهانی مادده‌ی هۆشبه‌ر به به‌كارهێنانی ئێمه قاییمه؛ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌رمانی هۆشبه‌رمان نه‌كڕیایه، بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر داده‌ڕما- خوێندنگه‌كانیش به‌رهەمهێنه‌رێكی باشی كڕیارن. ڕێژه‌ی خۆكوشتنی لاوانمان له هه‌موو جێیه‌كی تر به‌رزتره، زۆرینه‌ی كاتیش ئه‌و منداڵانه‌ی خه‌یاڵی كوشتن ده‌كه‌ن له خانه‌واده ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانن، نه‌ك هه‌ژاره‌كان، له مانهاتن، سه‌دا 75ی هاوسه‌رگیرییه نوێیه‌كان به‌جیابوونه‌وه ته‌واو ده‌بن. ده‌ی كه‌وایه كێشه‌یه‌ك هه‌یه)، (بیر له‌و دیاردانه بكه‌ره‌وه كه ده‌ستیان له بینه‌قاقای نه‌ته‌وه‌كه‌مان گیر كردووه: مادده‌ی هۆشبه‌ر، ڕكابه‌ریی بێمێشكانه، سێكس له‌به‌ر چێژ، پۆرنۆگرافیی توندوتیژی، قومار، هه‌روه‌ها كحول، له هه‌مووشی خراپتر، سه‌رفكردنی ژیان له كڕینی شت‌دا، واته كۆكردنه‌وه‌ی كاڵا وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ژیان. هه‌موو ئه‌مانه ئالووده‌بوونه‌كانی كه‌سانێكی پشتبه‌خۆنه‌به‌ستووه، شێوازی خوێندنی ئێمه‌یش ئه‌مانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت).
له‌وانه‌یه پرسیاری ئه‌وه درووستببێت جێگره‌وه‌ی گاتۆ چییه بۆ په‌روه‌ده و فێربوونی مرۆڤه‌كان له ڕاستیدا ئه‌و "بزاڤی ماڵپه‌روه‌رده" به دروست و گونجاو ده‌زانێت بۆ په‌روه‌رده و فێربوون و ده‌ڵێت: (بزاڤی ماڵپه‌روه‌رده " ماڵپه‌روه‌رده یان فێركردن له ماڵه‌وه homeschooling بریتییه له فێركرنی منداڵ له ماڵه‌وه" گه‌شه‌ی كردووه و ئێستا " گاتۆ ساڵی 1990 ئه‌مه‌ی نووسیووه" یه‌ك ملیۆن و نیو خوێندكار له لایه‌ن دایك و باوكیانه‌وه فێر ده‌كرێن؛ مانگی ڕابردوو ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند ئه‌و منداڵانه‌ی له ماڵه‌وه فێر ده‌كرێن، به‌راورد به‌وانه‌ی له خوێندنی فه‌رمیدان، له توانای بیركردنه‌وه‌دا پێنج یاخود ته‌نانه‌ت ده ساڵ له پێشه‌وه‌ن).
گاتۆ پێیوایه قوتابخانه و خوێندنگه مرۆڤه‌كان په‌روه‌رده و فێرناكات، به‌ڵكوو فێری "مه‌كته‌باندن"یان ده‌كات، له شوێنێكدا ده‌نووسێت: (زۆرینه‌ی منداڵه‌كانمان په‌روه‌رده ناكرێن، به‌ڵام ده‌مه‌كته‌بێندرێن)، ، واته هه‌ر فێری ئه‌وه ده‌بن بچنه خوێندنگه و هیچیتر! بۆیه ده‌ڵێت: (پێموانییه به‌مزووانه له خوێندنگه ڕزگارمان بێت، لانیكه‌م له ماوه‌ی ژیانی مندا ئه‌وه ڕوونادات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قه‌یرانی نه‌زانی چارەسەر بكه‌ین، ده‌بێت بزانین خوێندنگه له "مه‌كته‌باندن"دا باشه و له فێركردن و په‌روه‌رده‌دا خراپ؛ ئه‌وه دیزانینی بنه‌ڕه‌تی و نه‌گۆڕی خوێندنگه‌یه. خه‌تاكه له ئه‌ستۆی مامۆستای خراپ، یان پاره‌ی كه‌مدا نییه. بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه فێربوون و په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ مه‌كته‌باندندا كۆنابنه‌وه. هۆره‌یس مان، بێرنارد سێرز و هارپه‌ری زانكۆی شیكاگۆ، هه‌روه‌ها سۆرندایكی كۆلێجی مامۆستایانی كۆڵۆمبیا و هه‌ندێك پیاوی تر خوێندنگه‌یان دروست كرد، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌ردنی زانستی كۆمه‌ڵگه به‌كاری بهێنن. له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌وه، ئامانجی خوێندنگه‌كان بریتییه له به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵێك مرۆڤی ئاماده و لێكچوو كه ڕه‌فتاریان پێشبینی ده‌كرێت و جڵه‌و ده‌كرێت)، هه‌روه‌ها پێیوایه خوێندنگه مرۆڤێكی ئامێرییانه به‌رهه‌مده‌هێنێت كه هیچ گۆڕانكارییه‌ك له دونیابینی و بیركردنه‌وه‌یه‌دا ڕوونادات، له‌وباره‌وه ده‌نووسێت: (ده‌توانیت ژیانی خه‌ڵكی به په‌روه‌رده‌ی ئامێرییانه جڵه‌و بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌وانیش به چه‌كی نه‌خۆشییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه: مادده‌ی هۆشبه‌ر، توندوتیژی، خۆوێرانكردن، گوێپێنه‌دان).
ئه‌و بۆ پاڵپشتی قسه‌كانی بۆچوونی فه‌یله‌سووفی ئینگلیزی (بێرتراند ڕاسل)ی به نموونه هێناوه‌ته‌وه له‌سه‌ر خوێندنگه‌ی ئه‌مریكی و ده‌ڵێت: (بێرتراند ڕاسڵی گه‌وره بیركاریزان و فه‌یله‌سووف، كه په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكیشی له‌گه‌ڵ شای ئینگلته‌رادا هه‌بوو، باوه‌ڕی وابوو خوێندنی "مه‌كته‌باندنی" به كۆمه‌ڵی ئه‌مریكا پرۆسه‌یه‌كی دژه‌دیموكراسییه، هه‌روه‌ها كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ درووستكردنی یه‌كێتییه‌كی ده‌ستكردی نه‌ته‌وه‌یی له ڕێگه‌ی لابردنی هه‌مه‌جۆریی مرۆیی و لابردنی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی هه‌مه‌جۆری دروست ده‌كات: خانه‌واده. به‌گوته‌ی لۆرد ڕاسڵ، خوێندنی به كۆمه‌ڵ خوێندكارێكی دیاریكراوی ئه‌مریكی به‌رهه‌م ده‌هێنا: دژه‌فكر، خورافی، خاڵی له متمانه‌به‌خۆبوون، هه‌روه‌ها خاڵی له‌وه‌ی ڕاسڵ پێی ده‌گوت "ئازادیی ده‌روونی". ئه‌و پێیوابوو خوێندكارانی ئه‌مریكا له‌م سیفه‌تانه‌دا له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تر خراپترن. ئه‌م خوێندكارانه ده‌بوون به هاوڵاتی و كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌ده‌بوو، ڕقیان له لێهاتوویی و جوانی ده‌بوویه‌وه، هه‌روه‌ها له قه‌یرانه كه‌سییه‌كانی ژیانیاندا بێده‌سه‌ڵات ده‌مانه‌وه).
گاتۆ پێیوایه (میتۆدی په‌روه‌رده‌ی ئه‌مریكی خوێندكاران تێده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان ئامێرن. زه‌نگه‌كان لێ ده‌درێت، په‌رده‌كان داده‌درێنه‌وه و به‌رز ده‌كرێنه‌وه، چۆنیه‌تی كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ چه‌ندیێتی و سیسته‌مێكی ژماره‌یی، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێت تیایدا پارچه‌كانی ئامێره‌كان هیچ نین. ئۆكتاڤیۆ پازی مه‌كسیكی، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی 1990ی ئه‌ده‌بیات، سه‌باره‌ت به خوێندنگه‌كانمان ده‌ڵێت: "له سیسته‌می خوێندنی ئه‌مریكای باكووردا پیاوان و ژنان هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌خرێنه به‌رده‌م پرۆسه‌یەكی بێڕه‌حم. ڕاگه‌یاندنه‌كان، ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، كه‌نیسه، به‌تایبه‌ت خوێندنگه‌كان به‌رده‌وام هه‌ندێك بنه‌ما له شێوه‌ی هاوكێشه‌ی كورتدا دووپات ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و پیاوه‌ی گیرۆده‌ی ئه‌م بنه‌مایانەیە وه‌ك ئه‌وه‌یه ڕووه‌كێك بێت له ئینجانه‌یه‌كی زۆر بچو‌وكدا. ئه‌و گوڵه ناتوانێت گه‌شه بكات. ئه‌م پلانگێڕییه به سرووشتی خۆی هانده‌ری یاخیبوونی توندوتیژیی تاكه". ئێمه ناتوانین گه‌شه بكه‌ین و پێ بگه‌ین، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووه‌كی ناو ئینجانه‌یه‌كی زۆر بچووك بین. ئێمه ئالووده‌ی پشتبه‌ستنین به‌وانی تر؛ له قه‌یرانی پێگه‌یشتندا، كه ئێستا یه‌خه‌مانی گرتووه، چاوه‌ڕێین مامۆستایان بێن پێمان بڵێن چی بكه‌ین، به‌ڵام مامۆستا هه‌رگیز نایه‌ت. پرده‌كان ده‌ڕمێن، ژنان و پیاوان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌خه‌ون، بانكه‌وانه‌كان فێڵ ده‌كه‌ن، ڕۆژه باشه‌كان تێده‌په‌ڕن، خانه‌واده‌كان ناپاكی له یه‌كتری ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها حكومه‌ته‌كان درۆیان كردووه به پیشه- گه‌نده‌ڵی، شه‌رمه‌زاری، نه‌خۆشی، هه‌روه‌ها عه‌وامپه‌سه‌ندی له هه‌موو جێگه‌یه‌كن. هیچ خوێندنگه‌یه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌رێكی خێرا پێ نییه).
گاتۆ پێش ئه‌وه‌ی ببێت به مامۆستا كاری ده‌كرد و كێشه‌ی پاره‌ی نه‌بووه، به‌ڵام ساڵی 1964 واز له كاره‌كه‌ی ده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی ببێته مامۆستا، كاتێك به سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌یه‌وێت واز بهێنێت و ببێته مامۆستا، سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی داوای لێده‌كات نه‌ڕوات و هه‌رچی پێشنیارێكی هه‌بێت بۆی دابین ده‌كه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت: (له‌پێناو كوێدا ئێره به‌جێده‌هێڵێت؟) گاتۆش ده‌ڵێت: (ده‌بم به مامۆستای ناوه‌ندی)، سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ش پێی ده‌ڵێت: (ئه‌مجاره‌یان دایكتت بینی، پێی بڵێ گه‌مژه‌یه‌كی به‌خێوكردووه، ئه‌ی هاوار! په‌شیمان ده‌بیته‌وه! له نیۆرك سیتی خوێندنگه‌مان نییه؛ به‌ڵكو زیندانی ڕۆحه ونبووه‌كانمان هه‌یه. وانه‌گوتنه‌وه فرتوفێڵه، پڕۆژه‌یه‌كه بۆ ئه‌و دۆڕاوانه‌ی ناتوانن هیچی تر ئه‌نجام بده‌ن!).
هه‌رچۆنێك بێت گاتۆ بڕیاری خۆی ده‌دات و ده‌بێته مامۆستای جێگره‌وه‌ی قۆناغی ناوه‌ندی و هه‌ر له سه‌ره‌تای مامۆستایه‌تییه‌وه نائومێدییه‌كانی له خوێندنگه‌ی هاوچه‌رخدا بۆ ئاشكرا ده‌بێت و ده‌ڵێت: (پاش سێ مانگ له وانه‌وتنه‌وه له هه‌لومه‌رجی زۆر ناخۆشدا، له ژووره ناشرینه‌كاندا، له‌گه‌ڵ كتێبه دڕاوه‌كاندا، له‌گه‌ڵ گله‌ییه به‌رده‌وامه‌كانی به‌ڕێوبه‌راندا، له‌گه‌ڵ زه‌نگ و خواردنی بێتامی مامۆستایان له كافتریا، به جلوبه‌رگی چرچه‌وه، له‌گه‌ڵ نه‌بیستنی تاكه گفتوگۆیه‌كی مامۆستایان له‌سه‌ر خوێندكاران "تا ئه‌مڕۆش، پاش سی ساڵ له مامۆستایه‌تی، تاقه جارێك نه‌مبیست له ژووری مامۆستایان‌دا گفتوگۆیه‌كی درێژ له‌سه‌ر منداڵان، یان بیردۆزه‌كانی فێركردن بكرێت" ته‌واو ماندووبووم و ئاماده‌بووم واز بهێنم).
به‌لای گاتۆوه مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی په‌روه‌رده و فێرببێت پێویستی به مامۆستای فه‌رمی خوێندنگه نییه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكوو مامۆستای فه‌رمی به گرفتێكی گه‌وره ده‌زانێت! له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: (بۆ ئه‌و كه‌سانه‌تان كه تا ئێستا نه‌تانبیستووه بۆئه‌وه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنێكی باشتان ده‌ستبكه‌وێت پێویستتان به مامۆستای فه‌رمی ناو خوێندنگه‌ی فه‌رمی نییه)، (به‌لای منی مامۆستاوه خوێندنگه‌كان ئێستا‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی خانه‌واده و كۆمه‌ڵه لاوازه‌كانن. ئه‌وان دایكان و باوكان له منداڵه‌كان دوور ده‌خه‌نه‌وه و ناهێڵن كونجكۆڵی ڕاسته‌قینه‌یان سه‌باره‌ت به ژیانی یه‌كتر هه‌بێت. خوێندنگه ڕه‌سه‌نایه‌تی خانه‌واده ده‌خنكێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و كاته ده‌دزێت كه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی خانه‌واده پێویسته. وه‌ك ئه‌وه‌یه كه‌سێكی به‌دخوو كۆمه‌ڵێك وێنه له ناوه‌ندی شۆردنه‌وه‌دا ده‌ربهێنێت و دواییش بڵێت وێنه‌گره‌كه بێتوانایه. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سیناتۆرێكی ماساچوسێستی گوتی له ویلایه‌ته‌كه‌ی ئه‌و ڕێژه‌ی خوێنده‌واریی پێش خوێندنی زۆره‌ملێ له هی پاشی به‌رزتره. خوێندنگه‌كان ده‌مێكه گه‌یشتوون به لوتكه‌ی خۆیان، كه‌وایه خوێندنگه‌ی "زیاتر" شته‌كان خراپتر ده‌كات)، گاتۆ ده‌ڵێت: (به‌ڵگه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌ستدایه گه‌یشتنی كه‌سێك به خوێنده‌واریی و بوون به مامۆستای خۆی سه‌د كاتژمێر كه‌متری ده‌وێت. با فێڵه ترسێنه‌ره‌كان بایی ئه‌وه نه‌تترسێنن منداڵه‌كه‌ت پێشكه‌شی شاره‌زاكان بكه‌یت)، (به بۆچوونی من، ده‌بێت تا زووه وانه‌گوتنه‌وه پێویستی به مۆڵه‌ت نه‌بێت. ئه‌وه‌ی كه گوایه بۆ فێركردن پێویسته كه‌سانێكی مۆڵه‌تداری وه‌ك من هه‌بن فێڵ و ده‌ستبڕینه. سه‌یری ده‌وروبه‌رت بكه: ئه‌نجامی كۆلێژه‌كانی مۆڵه‌تدان به مامۆستا له خوێندنگه‌كاندایه).
(په‌روه‌رده هه‌رچی بێت، ده‌بێت بتكات به مرۆڤێكی تاقانه، نه‌ك لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌ك؛ ده‌بێت ڕۆحیه‌تێكی ڕه‌سه‌نت بداتێ بتوانیت ئاڵنگارییه سه‌خته‌كان ببه‌زێنیت؛ ده‌بێت به‌هاگه‌لێكت پێ ببه‌خشێت له گه‌شتی ژیانتدا ڕێیان پێ بدۆزیته‌وه؛ ده‌بێت له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندت بكات، بتكات به كه‌سێك حه‌ز به‌وه بكه‌یت كه ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، له هه‌ر كوێ و له‌گه‌ڵ هه‌ر كێ بوویت ئاسووده بیت؛ ده‌بێت شته گرنگه‌كانت فێر بكات: چۆن بژیت و چۆن بمریت)، به‌لای گاتۆوه خوێندنگه ئه‌مانه ناكات، به‌ڵكوو پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات!
گاتۆ له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه به‌ناوی چاكسازی و گۆڕانكارییه‌وه باری لاری خوێندنگه‌مان بۆ ڕاستبكرێته‌وه، چونكه له بنه‌مادا خوێندنگه ئامانجی ئه‌وه نییه مرۆڤی بیركه‌ره‌وه و ڕۆشنبیرت بۆ په‌روه‌رده بكات! بۆیه ده‌ڵێت: (هیچ چاكسازییه‌ك كارێك ناكات خوێندنگه چاك بێت و كه‌سی ڕۆشنبیرت بۆ په‌روه‌رده بكات؛ په‌روه‌رده و مه‌كته‌باندن پێكه‌وه ناگونجێن. له ساڵی 1930، شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر " مه‌به‌ست ساڵی ئه‌م نووسینه‌یه كه ساڵی 1990 ده‌كات"، تۆماس بریگز، له وانه‌یه‌كی هارڤارد گوتی: "گه‌وره‌ترین وه‌به‌رهێنانی نه‌ته‌وه له خوێندنی ناوه‌ندیدا هیچ ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه"، پاش دوو ده‌یه، له ساڵی 1951، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له 30000 خوێندكاری لۆس ئه‌نجلسی ده‌ریخست سه‌دا 75ی خوێندكارانی پۆلی هه‌شت ناتوانن له‌سه‌ر نه‌خشه زه‌ریای ئه‌تڵاتیك بدۆزنه‌وه، هه‌روه‌ها زۆرینه‌یان ناتوانن سه‌دا په‌نجای 36 ده‌ربهێنن. له ئه‌زموونی خۆمه‌وه، لێم ڕوونه دۆخه‌كه له ئه‌مڕۆدا باشتر نییه).
(وانه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی له چیرۆكی مامۆستا گاتۆ و مێلاگرۆسی فێرخوازه‌وه)
گاتۆ ده‌بێته مامۆستای پۆلێك وه‌كوو خۆی باسی ده‌كات هه‌موو فێرخوازه‌كانی ئاستیان لاواز و نزم بووه له خوێندنه‌وه‌دا، به جۆرێك كه‌سیان نه‌یانتوانیوه به‌بێ وه‌ستان و به جوانی پێنج وشه به‌سه‌ریه‌كه‌وه بخوێننه‌وه، ته‌نیا كچێكی فێرخواز نه‌بێت به‌ناوی "مێلاگرۆس" كه به‌بێ هه‌ڵه توانیویه‌تی بخوێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌رنجی مامۆستا گاتۆی ڕاكێشاوه و دوای وانه‌كه بانگی مێلاگرۆس ده‌كات، بزانێت بۆچی خراوه‌ته ئه‌م پۆلی خراپخوێنه‌رانه‌وه. مێلاگرۆس پێی ده‌ڵێت به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه نایه‌ڵێت و به دایكیان وتووه مێلاگرۆس خوێنه‌رێكی خراپه! دوای ئه‌وه‌ی مامۆستا گاتۆ چه‌ند تێكستێكی تر به مێلاگرۆس ده‌خوێنێته‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت خوێنه‌رێكی هه‌ر زۆرباشه! ئیدی لێره‌وه مامۆستا گاتۆ ده‌كه‌وێته تێڕامان و به‌دواداچوون ده‌بێته فریادڕه‌سی مێلاگرۆس و ده‌چێته لای خاتوو "هێفه‌رمان"ی به‌ڕێوه‌به‌ر و چیرۆكه‌كه‌ی مێلاگرۆسی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی بیخاته پۆلێكی تر، به‌ڵام وه‌كوو مامۆستا گاتۆ ده‌یگێڕێته‌وه نه‌یده‌زانی "داواكردنی گواستنه‌وه‌ی مێلاگرۆس بۆ پۆلێكی باشتر په‌نجه‌كردنه به شانه‌ی هه‌نگدا". كاتێك مامۆستا گاتۆ ده‌چێته لای به‌ڕێوبه‌ر و باسی مێلاگرۆسی بۆ ده‌كات به‌ڕێوبه‌ر به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: (تۆ زۆر خۆت به شت ده‌زانیت به‌ڕێز گاتۆ. هەتا ئێستا بیرم نایه‌ت مامۆستایه‌كی جێگره‌وه پێی گوتبێتم چۆن خوێندنگه‌كه‌م به‌ڕێوه ببه‌م)، پاش به‌رده‌وامی گفتوگۆی نێوان مامۆستا گاتۆ و به‌ڕێوبه‌ر كه گاتۆ باس له توانای خوێندنه‌وه‌ی مێلاگرۆس ده‌كات و به‌ڕێوبه‌ریش هه‌ر گومان ده‌كات و پێیوا نییه مێلاگرۆس وا بێت، له‌وانه‌یه فێڵ بكات و هه‌ریه‌ك چیرۆكی له‌به‌ر كردووه و ده‌یخوێنێته‌وه! مشتومڕه‌كه ده‌گاته ئه‌وه‌ی خاتوو "هێفه‌رمان"ی به‌ڕێوه‌به‌ر بانگی مێلاگرۆسی قوتابی ده‌كات و چه‌ند چیرۆكێكی پێ ده‌خوێنێته‌وه دوای تاقیكردنه‌وه‌كه و بۆ ڕۆژی دوایی پێش كرانه‌وه‌ی ده‌رگای خوێندنگه خاتوو "هێفه‌رمان"ی به‌ڕێوه‌به‌ر مامۆستا گاتۆ ده‌بینێت و پێی ده‌ڵێت: (وادیاره سه‌باره‌ت به مێلاگرۆس هه‌ڵه بووین. ده‌خرێته پۆلێكی تر به‌ڕێز گاتۆ. دایكی ئاگاداركراوه‌ته‌وه).
مامۆستا گاتۆ ده‌ڵێت: (پاش چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك، كاتێك وه‌كوو مامۆستای جێگره‌وه له‌وێ بووم، مێلاگرۆس هات و گووتی ئێستا له پۆلی خوێندنه‌وه‌ی خێرادایه و دۆخیشی زۆرباشه. كارتێكی مۆركراویشی پێم‌دا. كاتێك شه‌و گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، ده‌رمهێنا له گیرفانم و كردمه‌وه؛ كارتێكی دره‌وشاوه‌ی ڕۆژی له‌دایكبوون بوو، گوڵی شینی له‌سه‌ر بوو. كاتێك كارته‌كه‌م كرده‌وه، له‌ناویدا نووسرابوو، "دۆزینه‌وه‌ی مامۆستایه‌كی وه‌كوو تۆ ئه‌سته‌مه، به واژووی مێلاگرۆسی خوێندكارت". ئه‌و ڕسته ساده‌یه منی كرد به مامۆستایه‌ك به درێژایی ژیان. ئه‌وه یه‌كه‌مین ستایشی ڕاسته‌قینه بوو له ماوه‌ی كاركردنمدا پێم به‌خشرا بێت و مانای هه‌بووبێت. هه‌رگیز له‌بیرم نه‌كرد، له‌كاتێكدا هه‌رگیز مێلاگرۆسم نه‌بینییه‌وه، به‌ڵام له ساڵی 1988دا، پاش 24 ساڵ، هه‌واڵێكم سه‌باره‌ت به‌و بیست. ڕۆژێكیان ڕۆژنامه‌یه‌كم هه‌ڵگرت و خوێندمه‌وه:
خه‌ڵاتی پیشه‌یی مامۆستا
"مێلاگرۆس م. یه‌كێتی مامۆستایان، بووه به براوه‌ی خه‌ڵاتی تایبه‌تی مامۆستای پیشه‌یی بۆ خوێندنی حكومی به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی ئاستێكی به‌رزی پێشانداوه و له پیشه‌ییبووندا نموونه‌یی بووه. خاتوو مێلاگرۆسی مامۆستای خوێندنه سكرتێرییه‌كان له ئاماده‌یی نۆرمان تۆماسی نیویۆرك سیتی، كه هه‌ر له‌وێش ده‌رچووه، وه‌كوو باشترین مامۆستای مانهاتن بۆ ساڵی 1985 هه‌ڵبژێردراوه و ساڵی دواتریش له لایه‌ن كونسوڵی نه‌ته‌وه‌یی ژنانه‌وه بۆ خه‌ڵاتی ژنی به‌ویژدان پاڵێوراوه").