د. ئامانج نازم بی‌جان
وته‌ی به‌رایی
كه‌ره‌سته‌كانی كوردناسان، هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی یارمه‌تیده‌ربوون بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوومان. بیرۆكه‌ی ئه‌م كاره له‌وه‌وه دروستبوو، ئه‌و ده‌مه‌ی له‌نێو كتێبخانه‌كاندا ده‌گه‌ڕام، ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو، ئه‌م تێزانه وه‌كو زۆر نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆراكانی وڵاتی خۆمان، له ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌یه‌ك یان سوچێك دابنرێت و خوێنه‌ری كورد لێی بێ ئاگابێت و له بیربچێته‌وه، هەربۆیه به باشم زانی وه‌كو هه‌وڵێكی خاكی و سه‌ره‌تایی، هیچ نه‌بێت ئه‌م تێزی دكتۆرایانه كه به زمانی ڕووسی له‌مه‌ڕ مێژووی كورد نووسراون، نه‌ته‌وه‌ی كورد لێی بێ ئاگا نه‌بێت.
خوێنه‌ری ئازیز، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه، ڕانان و خستنه‌ڕووی چه‌ند تێزێكی دكتۆرایه به زمانی ڕووسی، ئه‌م تێزه زانستییانه له زانكۆ و شاره جیاوازه‌كانی ڕووسیا ئاماده‌كراون، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك، كه هه‌ر هه‌موویان تایبه‌تن به پرسی كورد و مێژووی كورد و كوردستان. بێگومان نرخ و به‌های زۆریان هه‌یه. هه‌ندێكیان له لایه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسانی دیاره‌وه نووسراون، بۆ وێنه تێزی دكتۆرا و دكتۆری ناووكی (تاتیانا فیۆدۆرۆڤنا ئه‌ریستۆڤا)-(1926-2003)ی تێدایه و له كوردناسه هاوچه‌رخه‌كانیش تێزی دكتۆرای (ك.ڤ. ڤێرتیاێڤ) و (ن.ز. مۆساكی) خراوه‌ته‌ڕوو، كه دوو كوردناسی هه‌ره دیار و چالاكی بواری كوردناسین. بڕێكیشیان له‌لایه‌ن كوردناسانی به‌ناوبانگه‌وه سه‌رپه‌رشتی كراون وه‌كو (لازارێڤ میخائیل سێمێنه‌ڤیچ)-(1930-2010) و (ژیگالینا ئۆلگا ئیڤانه‌ڤنا)-(1946-2013).
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانیش بده‌ین، ئه‌وه له گرنگی و بایه‌خدان به‌ده‌رنین. له‌نێو ئه‌م تێزانه‌دا هه‌یه مێژووی نووسینی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1953، واته نزیكه‌ی حه‌فتا و دوو ساڵ پێش ئێستا تێزی دكتۆرا له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌باره‌ی كورده‌وه نووسراوه. هه‌وڵمانداوه زانیاری ته‌واو و پێویست له ناساندنی تێزه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، وه‌كو زانیاری نێو به‌رگ، ناوه‌ڕۆك و سه‌رچاوه‌كان له‌گه‌ڵ دانانی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می تێزه‌كه. ئه‌م تێزانه زۆربه‌ی زۆریان له لایه‌ن ڕووس و بیانییه‌كانه‌وه نووسراون، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشیان له لایه‌ن كوردی خۆمانه‌وه نووسراون. هه‌ڵبه‌ت جگه له‌م تێزانه، بابه‌تی زیاترمان له‌به‌ر ده‌ستدابوو، به‌ڵام هه‌وڵمانداوه ئه‌و تێزانه بخه‌ینه‌ڕوو هه‌تاوه‌كو ئێستا وه‌رنه‌گێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی یاخود زمانی عه‌ره‌بی.
یه‌كه‌م: لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی كێشه‌ی چاره‌ی خۆنووسی كوردستانی عێراق له ماوه‌ی (نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك)
لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی كێشه‌ی چاره‌ی خۆنووسی كوردستانی عێراق له ماوه‌ی (نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی (ئیڤانه‌ڤ ستانیسڵاڤ میخائیڵه‌ڤیچ)ه، پێشكه‌شی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناسی سه‌ر به ئه‌كادیمیای زانستی ڕووسیا كراوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو، له پسپۆڕیی مێژووی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی.
تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسی به‌ناوبانگی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و ڕووسیا پڕۆفیسۆر دكتۆر (ئۆلگا ئیڤانه‌ڤنا ژیگالینا)-(1946-2013) نووسراوه، ساڵی 2008 له شاری مۆسكۆ پێشكه‌شكراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وه‌رگرتووه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام، بیبلیۆگرافیا-ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ندین ته‌وه‌ره و باسی جیاجیا له دووتوێی (189) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: كاریگه‌ری هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر پڕۆسه ڕامیارییه‌كان له عێراقدا و پێشكه‌وتنی ئۆتۆنۆمی كوردی عێراق له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌م به‌شه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: دروستكردنی (ناوچه‌ی ئارام) له كوردستانی عێراق له پاش شه‌ڕی كه‌نداو و زاڵبوون و تێپه‌ڕاندنی ململانێی نێوخۆیی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عێراق به‌رانبه‌ر به ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردی له ماوه‌ی دیاریكراوی توێژینه‌وه‌كه‌دا، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: گۆڕانكارییه‌كان له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردی له كات و سه‌روبه‌ندی ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن و كاریگه‌ریی هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ریان.
به‌شی دووه‌م: خه‌باتی كوردی عێراق له‌پێناو فراوانكردن و به یاساییكردنی ئۆتۆنۆمییان دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن، ئه‌م به‌شه له چوار ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: كاریگه‌ری چه‌مكی ئه‌مریكی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكی گه‌وره له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان له ئۆتۆنۆمی كورد و ده‌وروبه‌ری، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: به‌شداری كورد له پڕۆسه‌ی ڕامیاری له عێراقدا له ماوه‌ی ساڵانی (2004-2005) له سایه‌ی داگیركردنی وڵات له‌لایه‌ن هێزه بیانییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له ده‌ستووری كاتی عێراق، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و دانانی چوارچێوه‌ی ته‌شریعی بۆ دۆخی ئۆتۆنۆمی كوردستانی عێراق.
به‌شی سێیه‌م: هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی تری به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ڕێكخراوه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رانبه‌ر به چاره‌نووسی زیاتری كوردی عێراق و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، دوا به‌شیش شه‌ش ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر به كوردی عێراق له ماوه‌ی قه‌یرانی عێراق له ساڵانی (2005-2007)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی وڵاتانی تری به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ڕێكخراوه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: هه‌ڵوێستی ئه‌نقه‌ره و دژبه‌رییه‌كانی توركیا-ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ كێشه‌ی كورد، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی كورد، ته‌وه‌ره‌ی پێنجه‌م: هه‌ڵوێستی سه‌رانی سوریا بۆ كێشه‌ی كورد، ته‌وه‌ره‌ی شه‌شه‌م: هه‌ڵوێستی ڕووسیا به‌رانبه‌ر به كوردستانی عێراق و له‌مه‌ڕ كێشه‌ی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. جێگه‌ی باسه، توێژه‌ر له‌م تێزه‌دا كه‌ڵكی له چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری بینیوه به زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی، زیاتر له (200) سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێناوه(1).
هه‌ڵبژاردنی ناونیشان و ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه گرنگه، توێژه‌ر هه‌وڵێكی زانستی باشی داوه، كه‌وا له ڕوانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كێشه‌ی چاره‌ی خۆنووسی كوردستانی عێراقی خستۆته‌ڕوو له ماوه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك. دیاره سه‌رپه‌رشتیكردنی تێزه‌كه‌ش له لایه‌ن كوردناسێكی وه‌كو ژیگالینا، كاریگه‌ری زانستی باشی به‌سه‌ر توێژینه‌وه‌كه‌وه هه‌بووه.
دووه‌م: پرسی كورد له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه هاوچه‌رخه‌كاندا
پرسی كورد له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه هاوچه‌رخه‌كاندا، تێزی دكتۆرا-كاندیدات ناووكی (ئاڤدۆی تێمور سارتیفه‌ڤیچ)ه، پێشكه‌ش به ئه‌كادیمیای ڕووسیا كراوه بۆ كارگێڕی (گشتی) ده‌وڵه‌تی به سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیای فیدڕاڵ، له به‌شی په‌یوه‌ندییه نیشتیمانی و فیدراڵییه‌كان، تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (لۆبێر ڤڵادیمیر لێۆنیده‌ڤیچ) نووسراوه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی ڕامیاری له پسپۆڕی كێشه ڕامیارییه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی جیهانی، له شاری مۆسكۆ ساڵی 2009 گفتوگۆی له باره‌وه كراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كان، تێزه‌كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك له دووتوێی (159) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا و ده‌ركه‌وتنی پرسی كورد و په‌ره‌سه‌ندنی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه سێ ته‌وه‌ری لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: مێژووی پرسی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: پێگه‌ی جیۆڕامیاری كوردستان و گرنگی ستراتیجی بۆ سیاسه‌تی نێوخۆیی، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕامیاریی و یاسایی بۆ كێشه‌ی كورد.
به‌شی دووه‌م: كێشه‌ی كورد وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ناكۆكی نێوخۆیی و فاكته‌ری ناسه‌قامگیری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك، كه خۆی له سێ ته‌وه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پرسی كورد له پلانه ستراتیجییه‌كانی ڕۆژئاوا له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: هه‌ڵوێستی ڕووسیا بەرانبەر كێشه‌ی كورد، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: گرنگی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له دابینكردنی ئاسایش له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست. جێگه‌ی باسه، نووسه‌ر ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه جۆری به زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی به‌كارهێناوه، كه هه‌ر هه‌موویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه (213) سه‌رچاوه‌یه(2). توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، پرسی كوردی له لایه‌نی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه هاوچه‌رخه‌كانه‌وه خستۆته‌ڕوو به‌تایبه‌تی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هه‌وڵیداوه بەشێوەیەكی زانستی وه‌كو پرسێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پرسی كورد بخاته‌ڕوو، له‌وباره‌یه‌وه ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیاش خراوه‌ته‌ڕوو.
سێیه‌م: كوردیی ئێران-كورته‌یه‌كی مێژوویی و ئیتنۆگرافی
كوردیی ئێران-كورته‌یه‌كی مێژوویی و ئیتنۆگرافی، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی (تاتیانا فیۆدۆرۆڤنا ئه‌ریستۆڤا)یه، پێشكه‌شی ئه‌كادیمیای زانستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت-ئامۆژگای ئیتنۆگرافیای كردووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له پسپۆڕی زانستی مێژوو، ساڵی 1953 له شاری مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وه‌رگرتووه.
جگه له وته‌ی نووسه‌ر، پێشه‌كی، (ئه‌نجامی گشتی) ئه‌نجام، لیستی كورتكراوه‌كانی تێزه‌كه و لیستی سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له پێنج به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ چه‌ند باس و ته‌وه‌ره‌یه‌ك له دووتوێی (234) لاپه‌ڕه(3). به داخه‌وه به‌هۆی لێڵیی و ناڕوونی چاپه كۆنه‌كه‌وه، نه‌مانتوانی ناوه‌ڕۆكی تێزه‌كه به‌ته‌واوی بخه‌ینه‌ڕوو. ته‌مه‌نی ئه‌م تێزه زیاتر له حه‌فتا ساڵه، له‌كاتێكدا له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، نووسین له‌مه‌ڕ كورد كارێكی ئاسان نه‌بووه.
شیاوی باسه، تاتیانا فیۆدۆرڤنا ئه‌ریستۆڤا ساڵی 1992 بابه‌تێكی تری هه‌ڵبژارد به‌ناونیشانی: كورد-ئه‌زموونی توێژینه‌وه‌ی ئیتنۆگرافی كولتووریی نه‌ریتی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرای ناووك. پێشكه‌شی زانكۆی ده‌وڵه‌تی مۆسكۆ-به‌ناوی (م.ڤ. لۆمۆنۆسۆڤ)ه‌وه كردووه له شاری مۆسكۆ، له به‌شی مێژوو، له پسپۆڕی زانستی مێژوو له بواری ئیتنۆگرافیا(4). جێگه‌ی باسه، ئه‌م بڕوانامه‌یه به‌رزترین و گه‌وره‌ترین بڕوانامه‌ی باڵایه له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و ڕووسیای فیدڕاڵ، هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێت، نزیكه‌ی ده ساڵ كاركردنی پێویسته، وه‌كو ڕووس خۆیان ده‌ڵێن ده‌بێت بابه‌ت و كاری زانستی زۆرت له‌سه‌ر مێز هه‌بێت، واته توێژینه‌وه‌ی زانستی و كار و به‌رهه‌می زۆری ده‌وێت. له نێو كوردی خۆمان، هه‌تاوه‌كو ئێستا ته‌نها (پ.د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د)-(1937-2021) و (پ.د. عیزه‌ددین موسته‌فا ڕه‌سووڵ)-(1934-2019) به‌ده‌ستیانهێناوه.
دیاره دكتۆر (ت.ف. ئه‌ریستۆڤا)-(1926-2003) یه‌كێكه له كوردناسه هه‌ره دیاره‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و ڕووسیا، چه‌ندین كار و به‌رهه‌می بڵاوكراوەی به زمانی ڕووسی، فه‌رەنسی و ئینگلیزی له بواری كوردناسی له دوایی خۆی بۆ به‌جێهێشتووین، له كتێبه هه‌ره دیاره‌كانی كتێبی: كوردیی پشت قه‌فقاز-كورته‌یه‌كی مێژوویی و ئیتنۆگرافی، ساڵی (1966) بڵاوكراوه‌ته‌وه(5).
چواره‌م: پرسی كورد له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و گێتیدا
پرسی كورد له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و گێتیدا، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی (داسنی یوریی ڕه‌مانه‌ڤیچ)ه، ساڵی 1998 پێشكه‌شی ئه‌كادیمیای دیپلۆماسی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیای كردووه له شاری مۆسكۆ، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی ڕامیاریدا، له پسپۆڕی دامه‌زراوه و پڕۆسه ڕامیارییه‌كان. تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (باریشێڤ ئا.پ) نووسراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ندین باس و ته‌وه‌ره‌ی جیاجیادا له دووتوێی (186) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: كێشه‌ی چاره‌ی خۆنووسی كورد: بنه‌چه و ماوه‌ی هاوچه‌رخ، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: شوێنی كوردستان له گه‌شه‌سه‌ندنی نێوچه‌یی و سه‌رهه‌ڵدانی پرسی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: دۆخی كورد له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان تێدا ده‌ژی.
به‌شی دووه‌م: بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی كوردی، كه‌سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پێكهاتنی ئاڕاسته‌ی ڕامیاری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاریخوازی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: ڕێكخراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان له خه‌بات بۆ چاره‌ی خۆنووسی و مافی كورد له سه‌رده‌می پاش كۆڵۆنیالیزم، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: چالاكییه ڕامیارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ڕێكخراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد.
به‌شی سێیه‌م: پرسی كورد له ڕامیاری گێتیدا، ئه‌م به‌شه‌ش له سێ ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: كوردستان له قۆناغی هاوچه‌رخدا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: كۆمه‌ڵگه‌ی گێتی و پرسی كورد، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: ڕووسیای فیدڕاڵ و پرسی كورد.
هه‌رچی تایبه‌ته به سه‌رچاوه‌كانە، دیاره توێژه‌ر سوودی له ده‌یان سه‌رچاوه و ژێده‌ری هه‌مه‌جۆری به زمانه‌كانی ڕووسی، ئینگلیزی، توركی و فه‌ڕه‌نسی بینیوه، كه هه‌موویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه (106) سه‌رچاوەن(6). توێژه‌ر هه‌وڵێكی زانستی باشی داوه له‌وباره‌یه‌وه، له ڕوانگه‌ی زانستی ڕامیارییه‌وه تیشكی خستۆته سه‌ر پرسی كورد و چاره‌ی خۆنووسیی له سیاسه‌تی ناوچه‌یی و گێتیدا له سه‌رده‌می هاوچه‌رخدا. جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، نووسه‌ر له ساڵی 2010 كتێبێكی تری به‌ناونیشانی: گه‌شتكردن له مۆسكۆوه بۆ كوردستان، له مۆسكۆ بڵاوكردووەته‌وه(7).
پێنجه‌م: پرسی كورد له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
پرسی كورد له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی (ساریبێكیان سامڤێل سێرگێێڤیچ)ه، پێشكه‌شی زانكۆی ده‌وڵه‌تی مۆسكۆ به‌ناوی (م.ڤ. لۆمۆنۆسۆڤ)ه‌وه كردووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی ڕامیاری، له پسپۆڕی كێشه‌كانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌ڵه‌تییه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی گێتی، تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (ئه‌نتۆنه‌ڤیچ ئیڤان ئیڤانه‌ڤیچ) نووسراوه، ساڵی 2003 له شاری مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وەرگرتووه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كان، تێزه‌كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك پێكدێت له دووتوێی (196) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: خه‌باتی گه‌لی كورد له‌پێناو مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و سه‌روه‌ری، كه له سێ ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه گشتییه‌كانی گه‌شه‌كردنی ئیتنۆڕامیاری گه‌لی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه ڕامیاریی و یاساییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: خه‌باتی گه‌لی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ڕامیاری له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
به‌شی دووه‌م: پرسی كورد له وه‌رچه‌خانی سه‌ده‌كانی بیست و بیست و یه‌كدا و جیۆڕامیاری ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، كه خۆی له سێ ته‌وه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پرسی كورد له سیسته‌می په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسا له قۆناغی هاوچه‌رخدا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه گشتییه‌كانی ڕێكخراوه كوردییه‌كان و ڕه‌وه‌نده‌كان و ڕۆڵیان له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: پرسی كورد و جیۆڕامیاری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكدا. هه‌رچی تایبه‌ته به سه‌رچاوه‌كان، توێژه‌ر كه‌ڵكی له ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر به زمانه‌كانی ڕووسی، فه‌ڕنسی، توركی و ئینگلیزی وەرگرتووە، هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه (93) سه‌رچاوه‌یه(8).
توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، هه‌وڵیداوه ڕۆشنایی بخاته‌ر سه‌ر خه‌باتی گه‌لی كورد له‌پێناو مافه‌كانیدا له سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌كدا له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا. بێگومان بابه‌تێكی وه‌ها له زانكۆیه‌كی وه‌كو زانكۆی ده‌وڵه‌تی مۆسكۆ، گرنگی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیی له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه.
شه‌شه‌م: پرسی كورد له توركیا له هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا: لایه‌نی ڕامیاری
پرسی كورد له توركیا له هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا: لایه‌نی ڕامیاری، تێزی دكتۆرای (ڤێرتیاێڤ كیریڵڵ ڤالێنتینه‌ڤیچ)ه، پێشكه‌شی زانكۆی ده‌وڵه‌تی مۆسكۆ به‌ناوی (م.ڤ. لۆمۆنۆسۆڤ)ه‌وه كراوه له ئامۆژگای وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقیا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی ڕامیاری له پسپۆڕی دامه‌زراوه و پڕۆسه ڕامیارییه‌كان. تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسی به‌ناوبانگی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و ڕووسیا پڕۆفیسۆر دكتۆر (میخائیل سیمیونه‌ڤیچ لازارێڤ)-(1930-2010) نووسراوه. ساڵی 2000 له شاری مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام، پاشكۆ و بیبلیۆگرافیا-ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند باس و ته‌وه‌ره‌یه‌ك پێكهاتووە له دووتوێی (221) لاپه‌ڕدا.
به‌شی یه‌كه‌م: كولتووری ڕامیاری كورد و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، كه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: بنه‌ماكانی پێكهێنانی كولتووری ڕامیاری كورد له توركیا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی توركیا و پرسی كورد.
به‌شی دووه‌م: گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی كوردستانی توركیا له ساڵانی هه‌شتاكاندا، كه خۆی له دوو ته‌وه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: بزووتنه‌وه‌ی كورد له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (فه‌رمانڕه‌وایی) سه‌ربازی (1980-1983)-تایبه‌تمه‌ندی پارته كوردییه‌كان، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: گه‌شه‌سه‌ندنی ڕامیاری كوردستانی توركیا له سه‌رده‌می دەسەڵاتی مه‌ده‌نیدا.
به‌شی سێیه‌م: په‌ره‌سه‌ندنی ڕامیاری كوردستانی توركیا له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا، ئه‌م به‌شه‌ش دوو ته‌وه‌ره‌ی لێ دەبێتەوە، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات له سه‌رده‌می سه‌رۆك (ت. ئۆزه‌ڵ) (1989-1993)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ی كوردی له نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان: توندكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی حكومه‌ت. سه‌باره‌ت به ژێده‌ر و سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كانی تێزه‌كه، توێژه‌ر سوودی له ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر و جیاواز به زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و توركی وەرگرتووە، كە ژمارەیان (154) سه‌رچاوه‌یه(9).
جێگه‌ی باسه، ڤێرتیاێڤ یه‌كێكه له توێژه‌ره هه‌ره چالاكه‌كانی بواری كودرناسی له ڕووسیا، ناوبراو به ده‌یان توێژینه‌وه‌ی زانستی و وتار و كتێبی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكردووەته‌وه. بێگومان هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ش گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له زانكۆی ده‌وڵه‌تیی مۆسكۆ و له لایه‌ن كوردناسیی به‌ناوبانگ لازارێڤه‌وه سهرپهرشتیكراوه. توێژه‌ر هه‌وڵیداوه لایه‌نی ڕامیاری پرسی كورد له توركیا له هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بخاته‌ڕوو. ته‌وه‌ره و باسه‌كانی توێژینه‌وه‌كه، ڕۆشنایی زۆر گرنگی له‌وباره‌یه‌وه خستۆته‌ڕوو.
حه‌فته‌م: بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ده‌ی نۆزده-چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و هه‌ڵوێستی ڕوسیا (یه‌كێتی سۆڤییه‌ت)
بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌پێناوی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ده‌ی نۆزده-چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و هه‌ڵوێستی ڕووسیا (یه‌كێتی سۆڤییه‌ت)، تێزی دكتۆرای ئارام عه‌لی مستەفایه، پێشكه‌شی زانكۆی ده‌وڵه‌تی كوبان كراوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری مێژوو له پسپۆڕی مێژووی گشتی (ماوه‌ی نوێ و هاوچه‌رخ).
تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (ڤارتانیان ی.گ) نووسراوه و ساڵی 2007 له شاری كراسنه‌دار گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وه‌رگرتووه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام، قامووسی زاراوه‌كان، لیستی سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كان و پاشكۆكان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ر و باسێك پێكهاتووه له دووتوێی (253) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: بزووتنه‌وه‌ی كوردی له سه‌ده‌ی نۆزده و سیاسه‌تی ڕووسیا، پێكهاتووه له سێ ته‌وه‌ره، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: میرنشینه كوردییه‌كان له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: باشووری قه‌فقاز-پشت قه‌فقاز و ئاسایی بچووك له سیاسه‌تی ڕووسیا له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و پرسی كورد، ته‌وه‌رەی سێیه‌م: ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕی ڕووسی-توركی له‌سه‌ر كوردستان. ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هه‌ڵوێستی ڕووسیا.
به‌شی دووه‌م: كوردستان له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده-ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م و فاكته‌ری كوردی له سیاسه‌تی ڕووسیا له پشت قه‌فقاز، سێ ته‌وه‌رەی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌رەی یه‌كه‌م: سیاسه‌ته‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عوسمانی و ئێرانی له‌سه‌ر پرسی كورد له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و ڕووسیا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: دروستبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: گه‌شه‌ی ئاواته‌كانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م. به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی كێشه‌ی كورد.
به‌شی سێیه‌م: دۆخی گه‌لی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1920-1930) و یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، كه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: باكوور-ڕۆژئاوای كوردستان پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی له ساڵانی یه‌كه‌مدا پاش دامه‌زراندنی كۆماری توركیا. پشتگیری ڕووسیای سۆڤیه‌تی بۆ حكومه‌تی كه‌مالی، ته‌وه‌رەی دووه‌م: بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ماوه‌ی ساڵانی (1920-1930)، هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت لەسەر پرسی كورد، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: سیاسه‌تی حكومه‌تی سۆڤیه‌ت به‌رانبه‌ر به كوردی پشت قه‌فقاز. هه‌رچی تایبه‌ته به به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كانی تێزه‌كه، دیاره توێژه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری به‌كارهێناوه به زمانه‌كانی ڕووسی، ئینگلیزی، كوردی، توركی، سوێدی، عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی، هه‌موویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه (199) سه‌رچاوه‌یه(10).
توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه زانستییه‌دا، تیشكی خستووەته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ده‌ی نۆزده و چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌ڵوێستی ڕووسیا (یه‌كێتی سۆڤییه‌ت). جگه له باسی میرنشینه كوردییه‌كان، باشووری قه‌فقاز-پشتی قه‌فقازیشی پشتگوێ نه‌خستووه. دیاره باسی سیاسه‌ته‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی له‌گه‌ڵ ڕووسیادا كردووه. جێگه‌ی باسه، پ.د. ئارام عه‌لی مسته‌فا، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستی و كتێبی به‌پێزی له‌باره‌ی كوردناسی و په‌یوه‌ندی نێوان ڕووسیا و كورد بڵاوكردووەته‌وه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی چه‌ند په‌رتووكێك له زمانی ڕووسییه‌وه.
هه‌شته‌م: پرسی كورد له عێراق (1958-1991)
پرسی كورد له عێراق (1958-1991)، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی ئه‌نوه‌ر عادل ـ ه، پێشكه‌شی ئامۆژگای ڕۆژهه‌ڵاتناسی سه‌ر به ئه‌كادیمیای زانستی ڕووسیا كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی گشتی (ماوه‌ی نوێ و هاوچه‌رخ)، تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسی دیار (میخائیل سیمیۆنه‌ڤیچ ڵازه‌رێڤ) نووسراوه، ساڵی 2004 له مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وه‌رگرتووه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و بیبلیۆگرافیا-ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێكدا له دووتوێی (187) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: پرسی كورد له ساڵی 1958وه هه‌تاوه‌كو ساڵی 1968، ئه‌م به‌شه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێ ده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: گه‌شه‌سه‌ندنی (پێشكه‌وتنی) بزووتنه‌وه‌ی كوردی له كوردستانی عێراق (1958-1970)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی پرسی كورد، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: په‌ره‌سه‌ندنی دۆخی كوردستان.
به‌شی دووه‌م: بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ماوه‌ی ساڵانی (1968-1980)، كه چوار ته‌وه‌ره و باسی لێ ده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ڕێككه‌وتنامه‌ی 11ی ئازاری 1970، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: دۆخی پێش ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر (1975)، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: دۆخی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی كوردستان پاش ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر هه‌تاوه‌كو سه‌ره‌تای ساڵی 1979.
به‌شی سێیه‌م: پرسی كورد له ساڵی 1980، كه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پێگه‌ی پرسی كورد له سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ئێران و عێراق، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: گرنگترین ڕووداوه‌كانی شه‌ڕی ئێران و عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1983-1986)، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: كۆتایی شه‌ڕ و سه‌ره‌تای جینۆسایدی گه‌لی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1987-1990). سه‌باره‌ت به ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م تێزه، توێژه‌ر كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی به زمانی ڕووسی، ئینگلیزی، كوردی، فارسی، فه‌ره‌نسی و عه‌ره‌بی به‌كارهێناوه، هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كه‌وه (62) سه‌رچاوه(11).
توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌دا، پرسی كورد له عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1991) خستۆته‌ڕوو. جگه له چوارچێوه‌ی عێراق، دیاره پرسی كوردی له لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه خستۆته‌ڕوو. هه‌روه‌ها پرسی كوردی له ماوه‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران و جێنوسایدی گه‌لی كوردیشی باسكردووه. دیاره سه‌رپه‌رشتیكردنی تێزه‌كه له لایه‌ن ڵازارێڤه‌وه، به‌های زانستی زیاتری باشی به‌خشیوه به كاره‌كه. گومان له‌وه‌دا نییه، تێزێكی زانستی وه‌ها كه به زمانی ڕووسی نووسراوه، گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
نۆیه‌م: سیاسه‌تی حكومه‌تی توركیا له ویلایه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی وڵات و خه‌باتی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد (1923-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)
سیاسه‌تی حكومه‌تی توركیا له ویلایه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی وڵات و خه‌باتی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد (1923-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی عه‌لیێڤ بارزانی مه‌جیت-ئۆگڵی یه، پێشكه‌ش به زانكۆی ده‌وڵه‌تی كوبان كراوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی گشتی (ماوه‌ی نوێ و هاوچه‌رخ). تێزه‌كه له لایه‌ن پڕۆفیسۆر دكتۆر (ڤارتانیان ی.گ)وه سهرپهرشتیكراوه، ساڵی 2007 له شاری كراسنه‌دار گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ به‌خشراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام، لیستی كورتكراوه‌كان، لیستی ژێده‌ر و سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كان و پاشكۆ (نه‌خشه‌ی كوردستان)، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك له دووتوێی (221) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و یاسایی دانیشتوانی ویلایه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی توركیا له سه‌رده‌می كۆماری‌دا (1923-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك)، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: گه‌شه‌ی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی باكووری ڕۆژئاوای كوردستان، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: ده‌ستووری توركیا سه‌باره‌ت به مافی كه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. پێشكه‌وتنی دۆخی یاسایی كورد له توركیا.
به‌شی دووه‌م: باكووری ڕۆژئاوای كوردستان له سیاسه‌تی حكومه‌تی توركیادا، له دوو ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد له سه‌رده‌می یه‌كه‌م و دووه‌می كۆماری‌دا (1923-1970). شێوازه‌كانی سه‌ركوتكردنی به‌رگریی كوردی، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی حكومه‌تی سێیه‌می كۆماری له ویلایه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی توركیا (1980) هه‌تاوه‌كو سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك.
به‌شی سێیه‌م: خه‌باتی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا له‌پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كورد، كۆتا به‌شیش دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پێشینه‌ی مێژوویی دامه‌زراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پ.ك.ك) و چالاكییه‌كانیان له ماوه‌ی ساڵانی (1978-1993)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: قۆناغی نوێی خه‌باتی (پ.ك.ك) له‌پێناوی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1993-سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك). سه‌باره‌ت به ژێده‌ر و سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كانی تێزه‌كه، توێژه‌ر ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری به زمانەكانی ڕووسی، فه‌ره‌نسی، ئینگلیزی و توركی به‌كارهێناوه، هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه (186) سه‌رچاوه‌یه(12).
پرسی كورد له توركیا له پاش جه‌نگی یه‌كه‌می گێتی و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، بابه‌تێكی گرنگ و سه‌رنجڕاكێشه. توێژه‌ر هه‌وڵێكی باشی داوه له‌وباره‌یه‌وه، كه ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر پرسی كورد و بارودۆخی كورد و سیاسه‌تی توركیا له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌تاوه‌كو دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پ.ك.ك)، كه قۆناغێكی تازه‌یه لە خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد له توركیادا.
ده‌یه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له كوردستان له ساڵانی جه‌نگی دووه‌می گێتی و ماوه‌ی پاش جه‌نگ
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له كوردستان له ساڵانی جه‌نگی دووه‌می گێتی و ماوه‌ی پاش جه‌نگ، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی لاجانی نیازه، پێشكه‌شی زانكۆی په‌روه‌رده‌یی سانكت پێتێربورگ به ناوی (ئا.ی. گێرتسێنا)ی كردووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی. تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (ی.ڤ. ئالێكسێێڤا) نووسراوه، ساڵی 1999 له شاری سانكت پێتێربورگ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ وه‌رگرتووه.
جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك پێكدێت له دووتوێی (178) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤییه‌ت له كوردستانی ئێران له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می گێتی، كه خۆی له سێ ته‌وه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌ت و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی پێش سه‌ره‌تای جه‌نگی دووه‌می گێتی، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می گێتی و ساڵانی یه‌كه‌می پاش جه‌نگ، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له شاری (مه‌هاباد)-(كۆماری مه‌هاباد).
به‌شی دووه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له كوردستانی عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1961-1975)، كه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: پێكهێنانی شانشینی عێراق. بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی كوردی له كوردستانی عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1918-1925)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1961-1968). (شۆڕشی ئه‌یلوول)، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: كوده‌تای ساڵی (1968)، جاڕنامه (به‌یان)ی ئازار، پیلانی نێوده‌وڵه‌تی دژی كورد (1975). هه‌رچی تایبه‌ته به ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، توێژه‌ر چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆی به‌كارهێناوه، به زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، ڕووسی و ئینگلیزی، هه‌موویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه (146) سه‌رچاوه‌یه(13). له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، توێژه‌ر هه‌وڵیداوه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له كوردستان بخاته‌ڕوو له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می گێتی و پاش ئه‌و ماوه‌یه. له ته‌وه‌ره و باسه‌كانی تێزه‌كه‌دا، توێژه‌ر ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر كوردستانی ئێران و پرسی كۆماری كوردستان له شاری مه‌هاباد، له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت له كوردستانی عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1961-1975). هه‌ڵبه‌ت له‌و ماوه‌یه‌دا كوردستانی ئێران و عێراقیش به كۆمه‌ڵێك ڕووداو و گۆڕانكاری گه‌ورەدا تێپه‌ڕیوون.
یازده‌هه‌م: ڕووسیای سۆڤییه‌تی-كۆماره‌كانی باشووری قه‌فقاز (پشت قه‌فقاز) و پرسی كورد له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو
ڕووسیای سۆڤییه‌تی-كۆماره‌كانی باشووری قه‌فقاز (پشت قه‌فقاز) و پرسی كورد له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تێزی دكتۆرای ئه‌مین یوسفه، پێشكه‌شی زانكۆی په‌روه‌رده‌یی سانكت پێتێربورگ به‌ناوی (ئا.ی. گێرتسێنا)وه كراوه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی (ڕووسیا). تێزه‌كه به سه‌رپه‌رشتی پڕۆفیسۆر دكتۆر (ڤ.ی. ستارتسێڤ) نووسراوه، ساڵی 1999 له شاری سانكت پێتێربورگ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ به‌خشراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام، لیستی ژێده‌ره و سه‌رچاوه‌كان و پاشكۆ(1-2)، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك له دووتوێی (191) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: كورد-تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، نێوچه‌یی، جوگرافییه‌كانی ئیتنۆس، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و سۆسیۆكولتورییه‌كانی كورد، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: سنووری جوگرافی و ئیتنۆگرافیای كورد.
به‌شی دووه‌م: دۆخی گشتی ڕامیاری له گێتیدا، ڕووسیای سۆڤییه‌تی و كێشه‌ی كورد له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: ململانێ له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی هاوپه‌یمان و ڕووسیای سۆڤییه‌تی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكدا پاش یه‌كه‌م جه‌نگی گێتی له ساڵانی (1918-1920). گرنگی ستراتیجی ناوچه كوردییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیكدا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی كورد له بیسته‌كاندا، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: پرسی موسڵ و پرسی كورد له كۆنگره‌ی له‌نده‌ن، پاریس و لۆزان و هه‌ڵوێستی ڕووسیای سۆڤییه‌تی له ماوه‌ی ساڵانی (1921-1923).
به‌شی سێیه‌م: كاریگه‌ری سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕووسیای سۆڤییه‌تی و كۆماره‌كانی ئه‌ودیوی قه‌فقازی سۆڤییه‌تی له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئیتنۆسی كوردی، ئه‌م به‌شه‌ش سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وه‌یی له كاره‌كانی لێنین، ستالین و فه‌رمان (مه‌ڕسووم)ه حكومییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م و كاته، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: كه‌مینه‌ی كورد له بیسته‌كان له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت. تایبه‌تمه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: هۆكاره‌كانی ململانێی په‌یوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له بیستەكان و سییەكانی سه‌ده‌ی بیست. جێگه‌ی باسه، توێژه‌ر چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری به زمانەكانی ڕووسی، فه‌ڕه‌نسی و ئینگلیزی به‌كارهێناوه، هه‌موویان پێكه‌وه (131) سه‌رچاوه‌یه(14).
وه‌كو سه‌رنج ده‌ده‌ین، ناونیشانی تێزه‌كه سه‌رنجڕاكێشه. توێژه‌ر هه‌وڵیداوه تیشك بخاته سه‌ر ڕووسیای سۆڤییه‌تی و كۆماره‌كانی پشت قه‌فقاز و پرسی كورد له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كه تێیدا باسی تایبه‌تمه‌ندیی كورد و شوێنی جوگرافی ده‌كات، دواتر پرسی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ڕۆڵی ڕووسیای سۆڤییه‌تی و وڵاتانی تر له ماوه‌ی ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م تاوتوێ ده‌كات. له میانه‌ی ته‌وه‌ره و باسه‌كانیدا، توێژینه‌وه‌كه زۆر بابه‌تی گرینگی خستۆته‌ڕوو، بریا به زمانەكانی كوردی و عه‌ره‌بی زیاتر كاری زانستی لەبارەوە دەكرا.
دوازده‌هه‌م: مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی كورد له پڕۆسه‌ی ڕامیاری له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك
مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی كورد له پڕۆسه‌ی ڕامیاری له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی مه‌جید حه‌سیب مه‌حمووده، پێشكه‌شی زانكۆی فیدڕاڵی باشووری كردووه، له كۆلێجی كۆمه‌ڵناسی و زانستی ڕامیاری له به‌شی ململانێناسی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له زانستی ڕامیاری، له پسپۆڕی دامه‌زراوه و پڕۆسه و ته‌كنیكییه ڕامیارییه‌كان. تێزه‌كه له لایه‌ن پڕۆفیسۆر دكتۆر (كۆنۆڤاله‌ڤ ڤالێریی نیكه‌ڵاێڤیچ) سه‌رۆكی به‌شی ململانێناسی سهرپهرشتیكراوه، ساڵی (2011) له شاری ڕاستۆڤ-نادانو گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێ به‌خشراوه. جگه‌له پێشه‌كی، ئه‌نجام و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێكدا له دووتوێی (154) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: بنه‌مای تیۆریی و میتۆدلۆجی لێكۆڵینه‌وه‌ی پڕۆسه ڕامیارییه ناوچه‌ییه‌كان، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: میتۆدلۆجی لێكۆڵینه‌وه‌ی هۆكاری ئیتنیكی له پڕۆسه‌ی ڕامیاری، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: پڕۆسه‌ی ڕامیاری بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریی.
به‌شی دووه‌م: تایبه‌تمه‌ندی خۆجێی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پرسی كورد له پڕۆسه ڕامیارییه هاوچه‌رخه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست، ئه‌م به‌شه‌ش دوو ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: دۆخ و دینامیكی پرسی كورد له كۆماری توركیادا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: پرسی كورد له عێراق و ئێران‌دا.
به‌شی سێیه‌م: میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی كورد له هه‌لومه‌رجه هاوچه‌رخه‌كاندا، له دوو ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: لایه‌نه كرداره‌كییه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له توركیا، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه ڕامیارییه‌كان له عێراق و ئێران‌دا. سه‌باره‌ت به ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كانی تێزه‌كه، توێژه‌ر چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆی به زمانەكانی ڕووسی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی به‌كارهێناوه، هه‌موویان پێكه‌وه (178) سه‌رچاوه‌یه(15). توێژه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس له مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كات له پڕۆسه‌ی ڕامیاریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، كه تێیدا ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر پرسی كورد له توركیا، عێراق و ئێران له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له میكانیزمه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه ده‌خاته به‌رباس.
سیازده‌هه‌م: ئیتنۆگرافیای كوردیی ده‌ڤه‌ری سلێمانی (عێراق)
ئیتنۆگرافیای كوردیی ده‌ڤه‌ری سلێمانی (عێراق)، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی مه‌جید حه‌مید عه‌لی عارفه، پێشكه‌شی ئامۆژگای ئیتنۆگرافیای سه‌ر به ئه‌كادیمیای زانستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت كردووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو. تێزه‌كه له لایه‌ن هه‌ریه‌ك له دكتۆر (ن.ن. چێبۆكساره‌ڤ) و دكتۆر (ت.ف. ئه‌ریستۆڤا)ه‌وه سهرپهرشتیكراوه، ساڵی 1976 له شاری مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و بڕوانامه‌ی دكتۆرا له زانستی مێژوو به‌خشراوه به توێژه‌ر. جگه‌له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له پێنج به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌وه‌ره و باسێك و له دووتوێی (161) لاپه‌ڕەدا.
به‌شی یه‌كه‌م: ته‌رخانكراوه بۆ زانیاری گشتی، به‌شی دووه‌م: ئابووری و په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان، كه چوار ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: كشتوكاڵ، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: كاری ده‌ستیی نه‌ریتی، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان.
به‌شی سێیه‌م: كولتووری ماددی، سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: نیشته‌جێبوون و دانیشتوان، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: جلوبه‌رگ و جوانكاری، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: خواردن و كه‌لوپه‌له‌كان. به‌شی چواره‌م: خێزان و ڕێوڕه‌سمه خێزانییه‌كان.
به‌شی پێنجه‌م: كولتووری ڕۆحی، كه له چوار ته‌وه‌ره پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: بیروباوه‌ڕی ئایینی، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: وێژه و فۆلكلۆر، گۆرانی و سه‌ما، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: خوێندن و په‌روه‌رده‌ی گشتی، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: پزیشكی نه‌ریتی.
سه‌باره‌ت به ژێده‌ر و سه‌رچاوه به‌كارهاتووه‌كانی تێزه‌كه، دیاره توێژه‌ر كه‌ڵكی له ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر به زمانەكانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و ڕووسی وەرگرتووە، هه‌موویان پێكه‌وه (97) سه‌رچاوه‌یه. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له لاپه‌ڕه (5-8) كه زیاتر له به‌شی پێشه‌كی تێزه‌كه‌دایه، توێژه‌ر هه‌ندێك له سه‌رچاوه عه‌ره‌بی و كوردییه‌كانی به ده‌ست نووسیوه‌ته‌وه(16).
وه‌كو له ناونیشانه‌كه‌یدا دیاره، توێژه‌ر باسه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ی سلێمانی ته‌رخانكردووه. تێیدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ندێك ته‌وه‌ره و باسی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكردووه، وه‌كو سه‌رنج ده‌درێت له میانه‌ی ناوه‌ڕۆكی تێزه‌كه‌دا، ساڵ و ماوه‌ی مێژوویی تێدا نابینرێت. بێگومان بۆ ئه‌و ده‌مه گرنگی خۆی هه‌بووه، له یادیشمان نه‌چێت له‌و دوو سه‌رپه‌رشتیاره‌ی كه بۆ تێزه‌كه دیاریكراون، یه‌كێكیان ئه‌ریستۆڤایه، ناوبراو جگه‌له‌وه‌ی كوردناسێكی دیار و پڕ به‌رهه‌مه، پسپۆڕیشی له‌و بواره‌دا هه‌یه.
چوارده‌هه‌م: لایه‌نی جیۆسیاسی پرسی هاوچه‌رخی كورد
لایه‌نی جیۆسیاسی پرسی هاوچه‌رخی كورد، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی مۆساكی نۆدار زێیناڵه‌ڤیچ ه، پێشكه‌شی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناسی سه‌ر به ئه‌كادیمیای زانستی ڕووسیا كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی. تێزه‌كه له لایه‌ن ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسی دیار پ.د. ڵازارێڤ میخائیل سیمیۆنه‌ڤیچه‌وه سهرپهرشتیكراوه، ساڵی 2001 له شاری مۆسكۆ گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و توێژه‌ر بڕوانامه‌ی دكتۆرای پێبه‌خشراوه. جگه‌له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، به‌ڵام هه‌ر به‌شێك كۆمه‌ڵێك لق و ته‌وه‌ره و باسی جیاوازی لێده‌بێته‌وه، له دووتوێی (205) لاپه‌ڕەدایە.
به‌شی یه‌كه‌م: په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی جیۆسیاسی كوردستان (له مێژووی پێكهاتنی به‌رژه‌وه‌ندییه جیۆسیاسییه‌كان)، ئه‌م به‌شه سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: دابه‌شبوونی كوردستان له نێوان ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و ئێران، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: دزه‌كردن و په‌لهاوێشتن بۆ نێو كوردستان له لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌وروپاوه، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: دابه‌شبوونی نێوده‌وڵه‌تی كوردستان.
به‌شی دووه‌م: گرنگی جیۆسیاسی و جیۆئابووری كوردستان، ئه‌م به‌شی له دوو ته‌وه‌ره پێكدێت، به‌ڵام هه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌ك چه‌ند لق و باسێكی جیاوازی لێده‌بێته‌وه، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: ناوچه (هه‌رێم)، شوێنی جوگرافیا و جیۆسیاسی كوردستان، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: گرنگی جیۆئابووری كوردستان، ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌ش چه‌ند لق و باسێك له‌خۆده‌گرێت وه‌كو: لایه‌نی هایدرۆستراتیجی پرسی كورد، كێشه‌ی ئاو له ڕوانگه‌ی پرسه ئاسایشییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست، هایدرۆجوگرافیای (جوگرافیای ئاویی) ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و ناوه‌ڕاست، كاریگه‌ری كێشه‌ی ئاو له په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا، سوریا و عێراق له‌سه‌ر دۆخی هاوچه‌رخی پرسی كورد، لایه‌نی ئاویی كێشه‌ی كورد له عێراق، گرنگی پیترۆڕامیاری كوردستان، یه‌ده‌كه‌كانی نه‌وت له كوردستان، لایه‌نی پیترۆڕامیاری پرسی كورد، هۆكاره‌كانی نه‌وتیی و ئابووری ململانێی عه‌ره‌ب و كورد له عێراقدا، به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه نه‌وتییه‌كان كوردستانی عێراق، سه‌رچاوه كشتوكاڵییه‌كانی كوردستان، جیۆئابووری پیشه‌سازی كوردستان.
به‌شی سێیه‌م: ڕه‌هه‌ندی جیۆستراتیجی و نێوده‌وڵه‌تی كوردستان، ئه‌م به‌شه‌ش سێ ته‌وه‌ره‌ی لێده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ندین لق و باسی هه‌مه‌جۆر، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندی جیۆستراتیجی كوردستان، ئه‌م بابه‌تانه له‌خۆده‌گرێت: شیكاری مێژوویی بۆ پێگه‌ی جیۆستراتیجی كوردستان، پێگه‌ی جیۆستراتیجی كوردستان، پێگه‌ی جیۆستراتیجی كوردستان له چوارچێوه‌ی ڕێگاكانی گواستنه‌وه و گه‌یاندن به ئۆڕاسیادا (پڕۆژه‌كان)، پرسی كوردستان (كورد) له‌ژێر ڕۆشنایی پڕۆژه جۆراوجۆره‌كانی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی ده‌ریای قه‌زوین، پێگه‌ی سه‌ربازی و ستراتیجی كوردستان، لایه‌نی سه‌ربازی پرسی كورد، لایه‌نی جیۆسیاسی كوردستان له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه هاوچه‌رخه‌كاندا، چۆن فاكته‌ری كوردی به‌كاردێت، بزووتنه‌وه‌ی كوردی و هاوكارییه ده‌ره‌كییه‌كان.
هه‌رچی تایبه‌ته به ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م تێزه، دیاره توێژه‌ر به ده‌یان سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری به زمانه‌كانی، ڕووسی، ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، كوردیی كرمانجی به تیپی لاتینی و فه‌ره‌نسی به‌كارهێناوه، هه‌ر هه‌موویان به‌سه‌ریه‌كه‌وه بریتییه له (189) سه‌رچاوه(17).
لایه‌نی جیۆسیاسی پرسی هاوچه‌رخی كورد، ناونیشانی تێزه‌كه‌ی مۆساكییه، كه تێیدا توێژه‌ر زۆر به وردی و قوڵی هه‌ندێك ته‌وه‌ره و بابه‌تی زۆر گرینگ و سه‌رنجڕاكێشی له‌وباره‌وه خستووەتەڕوو. نێوبراو هه‌ر له سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی كوردستان له نێوان عوسمانی و ئێرانه‌وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تاوه‌كو دابه‌شبوونی نێوده‌وڵه‌تی، دواتر زۆر به وردی گرینگی جیۆسیاسی و جیۆئابووری كوردستان شیده‌كاته‌وه له‌ڕووی گرنگییه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌ندی جیوستراتیجی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی. تێزه‌كه كاریگه‌ری زانستی ڵازارێڤی به‌سه‌ره‌وه دیاره. جێگه‌ی باسه، مۆساكی یه‌كێكه له چالاكترین كوردناسه هاوچه‌رخه‌كانی ڕووسیا، به ده‌یان توێژینه‌وه‌ی زانستی و كتێبی له‌باره‌ی پرسی كورد و كوردناسی به زمانی ڕووسی نووسیوە و بڵاوكردووەته‌وه.
پازده‌هه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1991)
په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1991)، تێزی دكتۆرا-كاندیداتی ناووكی عه‌لو سه‌عید خوده‌یده‌یه، پێشكه‌شی زانكۆی فیدڕاڵی باشوور كراوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا-كاندیداتی ناووك له بواری زانستی مێژوو له پسپۆڕی مێژووی (نه‌ته‌وه‌یی) ڕووسیا. تێزه‌كه له‌لایه‌ن پڕۆفیسۆر دكتۆر (تروت ڤ.پ)ه‌وه سهرپهرشتیكراوه، ساڵی 2010 له شاری ڕاستۆڤ-نادانو گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و بڕوانامه‌ی دكتۆرا به توێژه‌ر به‌خشراوه. جگه له پێشه‌كی، ئه‌نجام و لیستی ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كان، تێزه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ره و باس‌دا له دووتوێی (170) لاپه‌ڕه‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م: پێكهێنان و په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و پشتگیری یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بۆ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی كوردی له ماوه‌ی ساڵانی (1920-1950).
به‌شی دووه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێـتی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێسته‌كانی سۆڤییه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1967)، ئه‌م به‌شه دوو ته‌وه‌ره له‌خۆده‌گرێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1962)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێسته‌كانی سۆڤیه‌ت له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1963-1967).
به‌شی سێیه‌م: دینامیكی په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1968-1991)، ئه‌م به‌شه‌ش دوو ته‌وه‌ره له‌خۆده‌گرێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و عێراق و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سۆڤییه‌ت سه‌باره‌ت به سازانی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1968-1979)، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و هه‌ڵوێسته‌كانی سۆڤییه‌ت سه‌باره‌ت به پرسی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1980-1991). هه‌رچی تایبه‌ته به به‌كارهێنانی ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌كانی تێزه‌كه، هه‌ڵبه‌ت توێژه‌ر كه‌ڵكی له ده‌یان سه‌رچاوه به زمانەكانی ڕووسی، عه‌ره‌بی، كوردی و ئینگلیزی وەرگرتووە، هه‌موویان پێكه‌وه بریتییه له (158) سه‌رچاوه(18).
توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه زانستییه‌دا، هه‌وڵیداوه په‌یوه‌ندییه‌كانی سۆڤییه‌ت و عێراق و تێیدا هه‌ڵوێستی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد له ماوه‌ی ساڵانی (1958-1991) بخاتەڕوو. سه‌ره‌تا وه‌ك پێشینه‌یه‌كی مێژوویی، باسی ساڵانی (1920-1950)ی كردووه، دواتر قۆناغ به قۆناغ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان و تێیدا هه‌ڵوێستی سۆڤییه‌ت له‌باره‌ی پرسی كورده‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا خستۆته‌ڕوو، بێگومان نووسینی بابه‌تێكی وه‌ها به زمانی ڕووسی، گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی مێژوویی خۆی هه‌یه.
په‌راوێز و ژێده‌ره‌كان
1- Иванов Станислав Михайлович. Международный аспект проблемы самоопределения Иракского Курдистана (90-е годы XX в. - начало XXI в.). Канд. дисс. М.: 2008. 189 с
2- Авдои Темур Сартифович.Курдский вопрос в современных международных отношениях. Канд. Дисс. М.: 2009. 159 с
3- Аристова Т. Ф. Курды Ирана : историко-этнографический очерк. Канд. дисс .М.: 1953. 231 с
4- Аристова Татьяна Федоровна. Курды: опыт этнографического изучения традиционной культуры. Докторская диссертация. М.: 1992
5- Аристова Татьяна Федоровна. Курды Закавказья (историко-этнографический очерк). М.، 1966. 209 с
6- Дасни Юрий Романович. Курдский вопрос в региональной и мировой политике. Канд. дисс. М.: 1998. 186 с
7- Дасни Ю.Р. Путешествие из Москвы в Курдистан. М.، 2010. 192 с
8- Сарибекян، Самвел Сергеевич. Курдский вопрос в международных отношениях. Канд. дисс. М.: 2003. 196 с
9- Вертяев، Кирилл Валентинович. Курдский вопрос в Турции в 80-90-е годы: политический аспект. Канд. дисс. М.: 2000. 221 с
10- Мустафа Арам Али. Движение курдского народа за национальное самоопределение в XIX - первой трети XX в. и позиция России (СССР). Канд. дисс. Краснодар.: 2007. 253с
11- Анвар Адил. Курдский вопрос в Ираке (1958-1991). Канд. дисс. М.: 2004. 187с
12- Алиев، Барзани Маджит - оглы. Политика турецкого правительства в восточных вилайетах страны и освободительная борьба курдского народа: 1923 г. - начало XXI в. Канд. дисс. Краснодар. 2007. 221с
13- Ладжани Ниаз. Внешняя политика СССР в Курдистане в годы Второй мировой войны и в послевоенный период. Канд. дисс. Санкт-Петербург. 1999. 178с
14- Амин Юсиф. Советская Россия، республики Закавказья и курдский вопрос в 20-е годы. Канд. дисс.Санкт-Петербург. 1999. 191с
15- Маджид Хасиб Махмуд. Курдское национальное самоопределение в политическом процессе Ближнего и Среднего Востока в XXI веке. Канд. дисс. Ростов-на-Дону. 2011. 154с
16- Маджид Хамид Али Ариф. Этнография курдов Сулейманийской области: Ирак. Канд. дисс. М.: 1976. 161 с
17- Мосаки. Нодар Зейналович. Геополитический аспект современного курдского вопроса. Канд. дисс. М.: 2001. 205с
18- Ало Саеед Кхудейда. Советско-иракские отношения и позиции СССР по курдской проблеме в 1958-1991 гг. Канд. дисс. Ростов-на-Дону. 2010. 170 с
ثاشكؤى ويَنةكان















