د. کامەران محەمەد
لە گەرمەی ئەو قسە و باسە بێشومارەی لەم ڕۆژانەی پێشوودا و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر سەڵاحەددینی ئەیووبی هاتە ئاراوە، ئەوەم بەرچاو کەوت، کە ئەو بووەتە "کارتێکی سووتاو" و (ئیسلامی سیاسی) و (ناسیۆنالیزمی عەرەبی) لەناو کۆ گەلێکی دوژمنانەی دژ بە کورد و دوور لە پڕۆژە نەتەوەییە سەربەخۆکەیان بەکاری دەهێنن. بەڵام خاوەنی ئەو جۆرە تێڕوانینە نازانێت بەم کارەی دەکەوێتە داوی قبوڵکردنی پێناسەکانی ئەوانی دیکەوە بۆ سیمبولەکانی خۆمان! واتە چاوپۆشی لە ئەگەری بەرهەمهێنانەوەی سەڵاحەددین دەکات، بە دیدێکی نوێی کوردییەوە کە خزمەت بە پرۆژەی دەوڵەت و ئاشتی و شوناس بکات.
لێرەدا بەگرنگم زانی وردتر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی، زانستی و کردارییەوە، هەڵوێستەیەک لەسەر ئەو تێڕوانینە بکەین، دواتر ئەوە ڕوونبکەینەوە کە چۆن کورد دەتوانێت، سەڵاحەددین بکاتە “کارتی جۆکەر” نەک “سووتاو”.
یەکەم: ڕوانگەیەکی فەلسەفی – هەرکەسێک خاوەنی چیرۆکەکە بێت خاوەنی سیمبولەکەیە
لەڕووی فەلسەفییەوە سیمبولەکان بەشێوەیەکی ئامادە بە نەتەوەکان نادرێن، بەڵکو لە ڕێگەی گێڕانەوە “السرد”ەوە دروست دەکرێن؛ ئەوەی کە پۆڵ ڕیکۆر ناوی دەنێت “پێکهاتنی هۆنینەوە”، واتە چۆنێتی ڕێکخستنی زەمەن و کردار لە شێوەی چیرۆکێکدا. کێشەکە لە خودی سەڵاحەددیندا نییە، بەڵکو لەو چیرۆکەدایە کە تێیدا دانراوە.
شوناس لە ڕێگەی زمانەوە بونیاد دەنرێت، زمانیش خانەی بوونە، وەک هایدگەر دەڵێت. کەواتە، ئەگەر کورد بیەوێت سەڵاحەددین وەربگرێتەوە، ئەوا دەبێت سەرلەنوێ ( گێڕانەوە) کەی بگەڕێننەوە، بەڵام نەک لە ڕوانگەی ململانێکانی بزووتنەوە سیاسییە ئیسلامییەکان یان ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونی وجودی خۆیەوە: واتە مانەوە، کەرامەت، بەرگریی و فرەیی.
سەلاحەدین وەک دەوڵەتمەدارێک لە ژینگەیەکی ئیسلامیدا ژیا، بەڵام دوژمنایەتی ڕۆژئاوا (وەک مرۆڤ و شوێن)ی نەکرد. بەڵکو عەقڵانییەت و بەزەیی و توانای دانوستانی بەرجەستە دەکرد- ئەوانەش بەهاگەلێکن، زۆر نزیکتر لە ڕەوشتی کوردی ئەمڕۆن، وەک لە بەهاکانی ڕق و کینە و ململانێ و کوشتن کە دواتر خرایە ئەستۆی.
هێزی گێڕانەوە ( السرد) لە دروستکردنی (شوناسی کۆمەڵ)دا پرسێكی وجودییە. وەک پۆڵ ڕیکۆر ئاماژەی پێکردووە، ناسنامە پڕۆژەیەکی تەئولییە- واتە چیرۆکێکە بۆ خۆمانی دەگێڕینەوە، بۆئەوەی ڕێگەی خۆمان لە بووندا بدۆزینەوە. بۆ کورد، میراتی سەڵاحەددین ڕاستییەکی چەسپاو نییە، بەڵکو دەقێکە، شییاوی سەرلەنوێ لێکدانەوەیە. دەتوانن تەواوی ئەو گێڕانەوانە ڕەتبکەنەوە، کە بەسەریاندا سەپێندراوە. دواتر سەرلەنوێ پێناسەی سەڵاحەددین وەک هێمای پێکەوەژیانی دیالۆگی بکەنەوە. لێرەدا چەمکی "توانەوەی ئاسۆکان"ی گادامێر جێبەجێ دەکرێت، واتە دەبێت زەمینە مێژووییەکەی سەڵاحەددین (بنەچە کوردییەکەی و فرەیی لە سەدەکانی ناوەڕاست)دا لەگەڵ خواستە نوێیەکانی کورد (دەوڵەت، تێکەڵاوبوونی جیهانی) تێکەڵ بکرێت. ئەگەر سەڵاحەددین، بۆ هەندێ، "مێژوویەکی یادگاریی" نیچەیی بێت، کە کرابێتە ئەفسانەی دەسەڵاتێکی دیاریکراو، ئەوا دەبێت کورد "مێژوویەکی ڕەخنەگرانە" بونیادبنێت و گومان لە ئەفسانە بۆماوەییەکان بکات و سیمبولەکان لەگەڵ داهاتووی ئاکارییدا هاوتەریب بکات.
دووەم: ڕوانگەیەکی زانستی – مێژوو وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی ئایدیۆلۆژیاکان نووسییانەوە
لەڕووی مێژووییەوە سەڵاحەددین، یوسف کوڕی ئەیووبی کوڕی شادییە، واتە کوردێکی ڕەوادییە، ڕەوادیش تیرەیەکە لە هەزبانی. لە تکریت لەدایکبووە و لە موسڵ و دیمەشق گەورە بووە. لە میرنشینی زەنگیدا خزمەتی کردووە و پاشان دەوڵەتی ئەیوبی دامەزراندووە. پڕۆژەکەی ئەو "عەرەبی" یان "ئومەمی" نەبوو، وەک ئەوەی هەندێ لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان برەوی پێدەدەن، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسی بوو، بۆ پاراستنی وڵاتی شام لە داگیرکارییەکی دەرەکی (جەنگی خاچییەکان).
ناسریزم و بەعسیزم وەک سیمبولێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی ناساندیان. بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکانیش کردیانە "ئایکۆنی جیهاد دژ بە ڕۆژئاوا"، واتە هەموویان ناسنامە کوردییەکەیان سڕییەوە. لەم بەکارهێنانە سیاسییەدا، نەنگی لە سیمبولەکەدا نییە، بەڵکو لە ئەوانەدایە کە قۆرخی دەکەن.
لە ڕوانگەی زانستە سیاسییەکانەوە، (سەڵاحەددین ئەو مێژووە دەنوێنێت، کە شایستەی بەکارهێنانە)، واتە پرسیارەکە ئەوە نییە: کە ئایا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت؟ بەڵکو ئەوەیە کە: کێ بەکاری دەهێنێت و بۆچی؟
سێیەم: ڕوانگەیەکی کرداریی – چۆن سەڵاحەددین بکەینە کارتی “جۆکەر”ی کوردی؟
جۆکەر لە یاریکردنی کارتەکاندا هێمایەکە، دەتوانێت بەهای هەر کارتێکی تر وەربگرێت و هەر پێڕێکی ناتەواو تەواو بکات و داببەزێت، یان بتەقێت و یارییەکە بباتەوە. جا بۆئەوەی سەڵاحەددین ببێتە جۆکەری کورد، دەبێت:
لە ڕووی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و مێژووییەوە بیگێڕینەوە، واتە دەبێت ببێتە بابەتی ڕۆمان و دراماکان و فیلم و لە پرۆگرامی قوتابخانەکاندا بخوێنرێت، بەشێوەیەک وەک سەرکردەیەکی کوردی ژیر و کارگێڕ و بلیمەت و هێمای پێکەوەژیان نەک وەک سیمبولێکی بەتەنها جیهادیی پێشکەش بکرێت.
پاکردنەوەی لەو میراتە بەسیاسیی کردنە پەڕگیرەی کە ڕۆژانە بووەتە دروشم! سەڵاحەددین تیرۆریست نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خاچییەکاندا دانووستانی کرد، مەسیحی و جولەکەکانی پێکەوە پاراست. ئەمەش لە ڕۆحی کوردەوە نزیکترە وەک لە گوتاری ڕق و کینە.
هاوکات دەتوانین بە پێداویستییە هاوچەرخەکانمانەوە بیبەستینەوە، کورد لە ئەمڕۆدا پێویستی بە دیپلۆماسی، ئامادەیی جیهانی و کرانەوە هەیە، نەک دروشمی “ئومەتی ئیسلامی”. واتە دەکرێت سەڵاحەددین پردێک بێت بۆ جیهان نەک دیوارێک.
دواتر دەتوانین ڕێزگرتنی جیهان بۆی بچنینەوە، ڕۆژئاوا زیاتر ڕێز لە سەڵاحەددین دەگرێت، لەوەی ڕێز لە سەرکردەیەکی تری عەرەب یان موسڵمان بگرێت. بۆچی ئێمە بۆ دروستکردنی پەیوەندی سیاسی و کەلتووریی، کە خزمەت بە دۆزە ڕەواکەمان بکات، سوود لەم ڕێزگرتنە وەرنەگرین؟
کارتەکە مەسوتێنە، بەکاری بهێنە
خوێندنەوەی مێژوو بریتی نییە لە زنجیرەیەک ململانێ و دوژمنایەتی، بەڵکو چنراوێکە لە شیمانەکان، هەر بەوشێوەیە سەڵاحەددین دەبێتە پردێک لەنێوان (ڕابردوو و داهاتوو) و (خۆرهەڵات و خۆرئاوا) و (خواستەکانی کورد بۆ دەوڵەت ) کە لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزراوە. لە کۆتایدا جۆکەر کارتێکی کاریگەرە کە ئاڵنگاری واتە نەگۆڕەکان دەکات و دەستپێکردنی یارییەکە دەگەڕێنێتەوە.
لەبری ئەوەی کارتەکەی سەڵاحەددین بسوتێنین، پێویستە دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەینەوە- وەک چۆن نیچە داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی بەهاکانی دەکردەوە. سەڵاحەددینی ڕاستەقینە "ئامرازی شەڕ" نەبوو، بەڵکو پیاوی عەقڵ و دەوڵەت و کەلتوور و پێکەوەژیان بوو. دواتر سەڵاحەددین کە ئەمڕۆ بزووتنە جیهادییەکان بەکاری دەهێنن، تەنها دەمامکێکە نەک ڕووخسار. پەردەی دوژمنایەتییە نەک هێمای ئاشتی.
دەشێت سەڵاحەددین نەورۆزەکەی ترمان بێت، سیمبولێکی زیندووە کە نوێ دەبێتەوە و یەکمان دەخات، نەک کۆت و بەندێکی مردوو بێت و بەسەرماندا سەپێنرابێت. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە: "ئایا ئەو کارتێکی سووتاوە؟" بەڵکو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا ئێمە بوێری ئەوەمان هەیە، کە چیرۆکی خۆمان بنووسینەوە؟