نووسینی: پرۆفیسۆر د. سەباح بەرزنجی
تێبینی: ئەم نووسینە ڕۆژی ١٩/١٢/٢٠١٨ وەک سمینارێک لە زانکۆی کۆیە، لە دیدارێکی هاوبەشی زانکۆی کۆیە و سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکریی پێشکەشکرا.
نامەوێ لێرەدا پێناسەی خوێندنی ئايینی بکەم، چونکە پێناسەی زۆر و جۆراوجۆر هەڵدەگرێ، تەنها ئەوەندە دەڵێم بریتیيە لە خوێندنی زانستە شەرعییەکانی قورئان و سوننەت و فیقهو ئصوول و بیروباوەڕ و عەقیدە و هەرچی پەیوەستە بەوانەوە لە زانستەکانی زمان و وێژە و مێژوو، هەروەها ئەوەی کە تاکی مسوڵمانی لەسەر پەروردە دەکرێ لە مزگەوت و حوجرە و قوتابخانە ئاینییەکان و کۆلێژ و پەیمانگاکان، یاخود لە ڕێی کەناڵەکانی تیڤی و سۆشیال میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە سەبارەت بە ئایين و ئیسلامەتی باس دەکرێ بەمەبەستی ناساندن و پەروەردە و بارهێنانی خەڵک. لەم دەروازەوە دەتوانین بڵێین خوێندنی ئاینی لە هەموو جیهاندا و لە هەموو کۆمەڵێکدا بە ئاست و ئاسۆی جیاواز و فرەچەشن بوونی هەیە و بە ئامانج و مەبەستی جۆراوجۆر و ڕێکار و شێوازی هەمەجۆر پەیڕەو دەکرێ. خەڵکان و پسپۆڕانی زۆر لەم بوارەدا کار دەکەن و تێدەکۆشن بۆ ناساندن و شرۆڤە و پاراستن و پەرەپێدانی بە بەکارهێنانی پسپۆڕییەکانی دیکەی وەکوو دەروونناسی، کۆمەڵناسی، پەروەردە، سیاسەت، فەلسەفە، ئەدەبیات، مرۆڤناسی و مێژوو.
هەموو ئەم زانستانە ئاماژە دەکەن بۆ گرنگیی و هەستیاریی خوێندنی ئایينی، لەم ڕووەوە هەزاران کتێب و توێژینەوە و باس و وتار نووسراون، تا ئەو ئەندازەیەی کە هەنووکە ئاینناسی شلۆقترین بابەتی دنیای ئەمڕۆیە، چونکە مەحاڵە مرۆڤ وەک خۆی بناسرێ بەبێ تێگەیشتن لە بیر و بڕوا ئاینییەکانيی و بەبێ چوونە ناو قووڵایی بیر و هزری ئایينی و دەق و ڕاز و نهێنی سرووتەکانی.
قسەکردن لە دین باسکردنە لە بابەتێکی مەعریفیی دێرین و بێ کۆتایی لە هزری مرۆییدا هەر لە سەرەتای فامکردنەوەی مرۆڤەوە ههتاكوو ئەمڕۆ جگەلەوەی دینداریی مافێکی دەستەبەر و بێ چوون و چرای هەر مرۆڤێکە بەپێی هەموو شەریعەتە ئاسمانیی و یاسا زەمینییەکان، بۆیە هەر مرۆڤێک بۆی ههيه سەبارەت بەم مافە زانیاریی پێویستی هەبێ، لەهەمانکاتدا هەموو دیندارێک مافی خۆیەتی زانستەکانی پەیوەست بەو ئايينهى بخوێن ، چ بەشێوەی کلاسیک بێ یان بەشێوازی نوێ.
ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک بکەین، واقیعی خوێندنی ئايینی لە کوردستان جیاوازیی ئەوتۆی نییە لە واقیعی ئەم خوێندنە لە وڵاتانی دەوروبەر، چ لەڕووی ناوەرۆک و سوود و ئامانج و دەرهاویشتەوە، چ لەڕووی ئاست و ئالنگارییەکانیيەوە.
لە کوردستان دوو جۆر گرنگیدان بە خوێندنی ئاینیی هەیە، یەکێک لە چوارچێوەی دەزگای تەقلیدیی مزگەوت و مامۆستایانی ئاینیی، ئەویتر لە چوارچێوهى خوێندنی ئەکادیمیی فەرمیی وەزارەتەکانی پەروەردە و ئەوقاف و خوێندنی باڵا. لەبەرئەوەی ئايينى ئیسلام و ئاینەکانی تری کوردستان ههتاكوو ئێستاش بەشێکی دانەبڕاون لە شوناسی پێکهاتەکانی کوردستان و ناکرێ و ڕێی تێناچێ خوێندنی ئاینیی نادیدە بگیرێت، هەرچەندە دەستگەلێکی گومانلێکراو هەوڵی بەردەوام دەدەن کە ئەم شوناس و حزوورە ئاینییە کەم بایەخ و کاڵ بکەنەوە. بە پاساوی ئایدۆلۆژیی و کورتبینیی و کاردانەوەی مومارەساتی هەڵەی توندڕەوانی بەناو ئایينی. ئەو دەستانە لەژێر باڵی ئازاديی و تەساموحی ئاینیی کۆمەڵگەی کوردیدا ویستوویانە و دەیانەوێ خوێندنی ئايینی بە هەردوو جۆرەکەی کۆت و بەند بکەن و لە کارایی و گرنگیی و بەها مەعریفی و ئەخلاقییەکەی بهێننە خوارەوە.
ئاستی خوێندنی ئاینیی لە مزگەوت و قوتابخانەکانی سەر بە پەروەردە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دابەزیوە، نەک تەنها لە کوردستان لە زۆر وڵاتی تریش ئەم ڕاستییە بووە بە دیاردە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ:
یەکەم: فراوانیی و قووڵی و دژواریی خوێندنی ئايینی، لەلایەکەوە بابەت و پرسەکانی فرەچەشن و بەربڵاون، لەلایەکی ترەوە سەرچاوەکانى ئاڵۆزن بە زمانێکی تایبەت و دژوار نووسراون، ئەمەش وادەکات کەمترین کەس ڕووی تێبکەن و تیایدا سەرکەوتوو بن.
دووەم: بوونی بەربەستی زمان و شێواز کەمیی بواری کار لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بۆ دەرچووانی خوێندنی ئاینیی وایکردووە داوا لەسەر ئەم جۆرە خوێندنه نەبێ و سەرەنجام خەڵک ڕوونەکەنە ناوەندەکانی خوێندنی ئاینیی.
سێیەم: ناڕێک و پێکی لە تەوزیفی موڵکەکانی ئەوقافی شەرعیدا کە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەت بە مزگەوت و پەرەپێدانی خوێندنی شەرعی و بەردەوامبوونی زانستی شەرعیی دانراون، ئهوهش بووەتە هۆکاری کەمبژێویی مەلا و فەقێ، واتە ئەو کەسەی دەیەوێ ببێتە مامۆستای ئاینیی دەبێ بە ژیان و گوزەرانێکی خوارتر لە خهڵكى ئاسایی بساچێنێ و بە تەمای ژیانێكی خۆش و فەنتازیی دنیای نوێ نەبێ، کە ئەمەش دەبێتە کۆسپ و ڕێگری ڕووکردنە خوێندنی ئاینیی و بە تێپەڕینی کات کەمبوونەوەی خوێندەوارانی ئایينی.
چوارەم: زاڵبوونی سروشتی چاولێگەریی و نەبوونی گیانی داهێنان و تازەگەریی، هۆکارێکی ترە بۆ کەمڕەواجیی خوێندنی ئاینیی، لەو ڕووەوە کە مرۆڤی ئەمڕۆ کائنێکی ڕەخنەگر و ئاڵۆزە و ئامادە نییە لە فەزای مەعریفەی ڕابردووودا بژیی و دینیشی بەو مەرجە قەبووڵە کە لە کەشوهەوای ئەم سەردەمەدا هەناسە بدات و بيپەرژێتە سەر باس و خواسەکانی هەنووکەی مرۆڤ، نەک تەنها لە قاڵب و قاوغی پێشیناندا بژیی. هەربۆیە زۆر ئاساییە بەم نەزمەی ئێستای ناوەندە ئاینییەکان خەڵکانێکی کەم ڕوویان تێبکەن.
پێنجەم: سیاسەتگوزاریی فەرمیی پەروەردە کە بەرمەبنای پەراوێزخستنی خوێندنی ئاینیی دامەزراوە و کاتی خۆیشی ڕژێمی پێشووی بەعس پەیڕەویی دەکرد، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ حاڵی پەژموردەی خوێندنی ئاینیی. بۆ ئەم سیاسەتگوزارییە هەڵەیە پاساوی لاوازیان زۆرە، بۆ نموونە ناتەبایی زانست و ئایين، ناتەبایی مەدەنیەت و ئایين، ناتەبایی مۆدێرنە و ئایين، یان دەڵێن ناوەندەکانی خوێندنی ئاینیی دەبنە لانکی توندڕەویی ئاینیی.
شەشەم: ئاڵنگاریی زۆر و زەبەند وان لە بەردەم خوێندن و خوێندەوارانی ئاینیی کە هەر جۆرە ڕیفۆرمێک لەم بوارەدا پەیوەستە بە زاڵبوون بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەدا، کە لێرەدا بە کورتی و بە پوختی ئاماژەیان بۆ دەکەم:
· نەبوونی فەلسەفەیەکی ڕوون بۆ خوێندنی ئايینی وایکردووە زۆر کەس نەزانێت ئەم خوێندنە چ سوود و بەهاو کاراییەکی هەیە؟
· زۆرێک لە پرۆگرام و کتێبەکانی خوێندنی ئاینیی پێویستیان بە تازەگەریی و گونجاندن هەیە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی نەوەی ئەم سەردەمە بە تایبەت کتێبەکانی فیقهو کەلام و زمان. مەبەستم ئەوە نییە کە سەرچاوە ڕەسەنهکان فەرامۆش بکرێن یان بخرینە لاوە، بەڵکوو مەبەست دووبارە نووسینەوەی ئەو سەرچاوانەیە بە زمانێکی سەردەمییانەی دوور لە ئاڵۆزیی و داخران.
· هەژموونی عەقڵیەتی چاولێگەریی و داخراوی زۆرێک لە خوێندەوارانی ئاینیی وایکردووە خەڵکێکی زۆر لە خوێندنی ئاینی قوتار ببن و ئامادەی وەرگەرتنی نەبن، ئەم عەقڵیەتە لە زۆر ئاست و شوێن ڕەنگیداوەتەوە و بووەتە کێشەی جیددی بۆ هەموو ڕیفۆرمێکیش لەناو موسوڵماناندا.
· کێشەی نەبوونی ژمارەی پێویستی مامۆستای وانەبێژ بۆ زانستە باڵاکانی وەکوو کەلام و عەقیدە و ئصوول و لۆجیک و تەفسیر و فەرموودە و بابەتە گرنگەکانى تر، کە بەبێ مامۆستای پسپۆڕ و کارکوشتە مافی خۆیان پێنادرێت.
· نەبوونی دواڕۆژی ڕۆشن بۆ دەرچووانی خوێندنی ئاینیی وایکردووە هەم خەڵک و هەم دەسەڵات لە بوونی ئەم خوێندنە سارد ببنەوە و هیوایهکی ئەوتۆیان پێی نەبێ.
· هەبوونی چەند بیروباوەڕ و فەلسەفەی بەدیل لە کۆمەڵگە و میدیایەکی زەبەللاحی دژ بە ئايين لە دنیا و لە ناوچەکە، هەروەها پەرتەوازەیی و پاشاگەردانیی ناو خوێندەوارانی ئاینیش هێندەی تر مەودا و بواری ئەم خوێندنەی تەسک و پڕ لە کێشە کردووە.
· پلان و نەخشەی نامۆی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەکی لە دژیی ڕمووزی عیلمی و زانستی، هەروەها نەبوونی هوشیاریی پێویست بۆ ڕووبەرووبوونەوەیان وایکردووە خویندنی ئاینیی دەرفەتی بیرکردنەوە و تێڕامانی پێویستی نەبێ بۆئەوەی لە کەشێکی ئارامی دوور لە ئینفیعالدا بەرنامەی ڕیفۆرم بۆ خۆی دابنێ و هەرچی دەیکات کورتبڕ و بێ ئەنجام بێت.
· نەبوونی سەرمەشق و نموونەی کردەیی و زیندوو لە بواری خوێندنی ئاینییدا هەتا نەوەی نوێ بیکەنە ئامانج و هەوڵ بدەن لە داهاتوودا وەک ئەوان بن. لەلایەکەوە بەدەستی نەزانانی ناوخۆیی و ناحەزانی دەرەکیی سهرمەشق و نموونە باشەکان دەشکێنرێن و، لەلایەکی ترەوە ڕێگە نادەن نموونەی باش و سەرمەشقی تازە دەربکەون، کە ئەمەش وا دەکات خوێندنی ئاینی لە ئەڵقەیەکی داڕزاودا بێت و بچێت.
· کێشەی شوناس و ئینتیمای تاکی کوردی وایکردووە لەم دنیا پڕ لە مادییەتە سەیر و سەمەرە و ئاڵۆزەدا بە ئاسانی نەتوانێت خۆی ساغ بکاتەوە و گرنگیی پێویست بدات بە شوناسی ئایينی خۆيی و لە ئەنجامدا وەکوو ئەوەی شایستەیە نەیپەرژێتە سەر خوێندنی ئایينی.
· ئالنگارییەکی تر ئەوەیە کە هەمیشە لە نێوان نەخشە و پراکتیزە کردندا مەودایەکی فراوان هەیە، که ئەوەی ئێمە لە خولیا و هیواماندا پەروەردەی دەکەین سەبارەت بە خوێندنی ئاینیی کە دێینە سەر پیادە و جێبەجێکردنی دنیایەک کۆسپ و گرفتی بۆ دروست دەبێت و ئیمکانی سەرگەرتنی نەخشە و پلانەکانمان کەمدەکاتەوە، واتە کاتێک دەمانەوێ گرنگیی بە خوێندنی ئاینیی بدەین و پێمان وایە تەنها لەبەر خوا ئەم کارە دەکەین دەبینین زۆر کەس بەناوی خواوە، بەڵام بە پاڵنەری هەوا و هەوەسی خۆیان دەبنە لەمپەر و هەوڵی شکاندن و شکست پێ هێنانی دەدەن.
لەگەڵ بوونی ئەم ئاڵنگارییانە و کۆسپی تریش دەبێ خوێندەوارانی ئايینی سوور بن لەسەر پەیام و ئەرکی خۆیان و بڕوایان بە جەدوای کارەکەیان هێنده پتەو بێت کە هەموو ئەم ئالنگارییانە بگۆڕن بۆ دەرفەتی سەرکەوتن گەشەپێدان.