پ.د. ئومێد نه‌جمه‌دين جه‌میل موفتی، مامۆستا له كۆلێژی زانسته ئیسلامیيه‌كان، زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ـ هه‌ولێر
نكۆڵی ناكرێت له‌به‌ره‌وپێشچوونی ژیان و هۆكاره‌كان، و پێویستی هه‌ڵسوكه‌وت كردن و خۆگونجاندن به‌وپێیه له زۆرینه‌ی كایه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه هه‌ندێ كایه هه‌یه جێگیره و ناتوانین زه‌مانه بكه‌ینه به‌هانه بۆ گۆڕان تیایدا، بۆ نمونه: ڕێز و ڕه‌وشتبه‌رزی، و پێویستی به‌ندایه‌تی، و گرنگی زانست و عه‌وداڵ بوون بۆ فێربوون و.....هتد. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت بكه‌وینه گفتوگۆ لێی، خوێندنی ئایینییه له‌دوای ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی سه‌رده‌م، كه ده‌ست و كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر داناوه، لێره‌دا به‌كورتی ئه‌وه ده‌كه‌ینه بابه‌ت و له‌ڕووی ئاریشه‌كان و چاره‌سه‌ریان پوخته قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، و سه‌رنجی خۆمان ده‌خه‌ینه ڕوو.
پێشتر، له كوردستانی خۆمان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، حوجره و مزگه‌وته‌كان و مه‌دره‌سه‌كانی خوێندنی ئایینی -ده‌توانین بڵیین بۆ سه‌دان ساڵ -، پێشه‌نگ بوون، و ده‌روازه‌ی كۆمه‌ڵێكی زۆر له زانسته‌كان بوون، بگره ته‌نها ده‌روازه بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ر زانستێك ئه‌سپی تێدا تاو بدرایه، كاریگه‌ری ئه‌و خوێندنه‌ی له‌سه‌ربوو به جۆرێك له جۆره‌كان، ئه‌مه درێژه‌ی كێشا تا سه‌رده‌می شۆڕشه زانستیيه‌كان و دروستبوونی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ شارستانیه‌ت و پێشكه‌وتنی زانستی ئه‌وروپا، هه‌ر له‌وكاته‌وه زانسته‌كانیان خسته ژێر كاریگه‌ری به‌رنامه و ڕێبازه‌كانی خۆیان و گۆڕانكاری زۆر ڕوویدا، ته‌نانه‌ت وه‌ك مۆدیلێكی باو، ئه‌و جۆره پێشهنگيیه له خوێندنی مزگه‌وته‌كان پاشه‌كشه‌ی كردوو، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خه‌ڵك سه‌رسوڕمانیان به‌رامبه‌ر ئه‌وروپا و ئه‌وروپیه‌كان گه‌يشته ئاستێك، كه ڕووبكه‌نه زانسته‌كان وه‌ك ئه‌وان داخوازن، و خوێندن له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی ڕابردوو بره‌وی پێ درا، ئه‌و لافاوه تائێسته‌ش به‌رده‌وامه و زۆری ڕاماڵیوه.
له‌لایه‌ك وه‌ك چاره‌سه‌رێك و دڵسۆزیه‌ك، و له‌لایه‌كی تر به‌ناونیشانی جیاوازی تر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بارخواريی و هه‌ستی لاوازی لای سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌و خوێندنگه ئایینیانه، كۆمه‌ڵێك عه‌قڵ هه‌ستان به گونجاندنی خوێندنه ئایینیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌ی گیراوه‌ته‌به‌ر و بووه‌ته باو بۆ زانسته‌كانی تر، بۆیه خوێندنی خۆبه‌خش و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی مزگه‌وته‌كان، هاته ژێرباری خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگا، مامۆستاكان به‌ره‌و ماسته‌ر و دكتۆرا، و قوتابیه‌كانیش به‌ره‌و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دبلۆم و به‌كالوریۆس، له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت، كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و ده‌رس ده‌خوێنرێت و ده‌وترێته‌وه له ماوه‌ی دوو ساڵ یان زیاتر -به‌پێی جۆری خوێندنه‌كه- له زانكۆ و په‌یمانگاكان، بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕوانامانه‌ی كه ناونراوه باڵا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینرا پاشه‌كشه بوو له ئاستی هه‌ردوو چین، مامۆستایان و قوتابیانیش. ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستمان هه‌موو ئاستهكانه كه پێویستن بۆ خوێندن و فێربوون، ئێمه ناڵێین ته‌نها خوێندنی ئایینی ئه‌مه‌یه ده‌ستكه‌وتی، به‌ڵكو -لای ئێمه و ده‌وروبه‌رمان- زۆربه‌ی بواره‌كانی زانست لای مامۆستا و قوتابی هاوار و دادیانه و هه‌موومان هاوبه‌شین.
زۆركه‌س له‌وانه‌ی له خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ريمی مودهڕڕيس خوێندوویانه، یان پرسیان پێكردووه و كه‌وتونه‌ته گفتوگۆی ئه‌و بواره، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه یه‌ك ده‌نگ و كۆڕان، كه ئه‌و زاته گه‌وره كه‌یفی نه‌ده‌هات به‌وه‌ی مه‌لا ڕوو بكاته ئه‌و جۆره تازه‌ی خوێندن، وببێته هه‌ڵگری ناونیشانی دكتۆر و پڕۆفیسۆر و... هتد، ته‌نانه‌ت ده‌یفه‌رموو : "ئه‌وانه وازیان هێناوه له میراتگری پێغه‌مبه‌ران -دروودی خودایان له‌سه‌ر - و ڕوویانناوه له ماسته‌ر و دكتۆرا"، وه‌ك د.محمد عیاش كبیسی له په‌یجی خۆی له فه‌یسبوك ئه‌و باسه ده‌كات، و له 3/1/2023 بڵاویكردۆته‌وه، و له زۆر له كه‌سانی تریشم بیستووه به گوفتاری هاووێنه‌ی ئه‌وه‌ی ڕابورد.
ئاریشه‌كه ئه‌وه‌یه: ئه‌وه‌ی ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌و بڕوانامه، بڕوانامه‌كه وا ده‌كات - هه‌رچه‌نده خودی ئه‌و كه‌سه خۆی هه‌رچۆن بێت - پێشه‌نگی پێ بدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و زانسته ئایینیانه سرووشتیان وایه - له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشه‌نگ تیایاندا پێغه‌مبه‌رانن "دروودیان له‌سه‌ر "، ده‌بێت پێشه‌نگی ته‌نها بۆ ئه‌وانه بێت كه زه‌ويی و ئاسمانی گرێ داوه، یان به ته‌عبیرێكی تر عیلم وته‌قوای هه‌یه، یان به‌شێوه‌یه‌كی تر بڵێین په‌یوه‌ندی ئاسۆیی و ستوونی هه‌بێ، یان خواناس و خه‌ڵك ناس بێ. وه‌ك مامۆستا نوورسی له په‌یامی "الاجتهاد" له سه‌رجه‌می په‌یامه‌كانی نووردا، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه وه‌ستاوه به نیسبه‌ت ئه‌و زانایه‌ی به (مجتهد) ناوزه‌د ده‌كرێ و پێشه‌نگی پێ ده‌درێ، كه‌چی وا نابینرێت و ناتوانین بڵێین فه‌رمووده‌ی: ( إذا رؤوا ذكر الله) (وه‌ك ئیمامی بوخاری له كتێبی "الادب المفرد" به سه‌نه‌دێكی حسن ده‌یگێڕێته‌وه له‌باره‌ی چاكترینی خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌بێ له‌سه‌ر زۆربه‌یان و ئه‌و هه‌سته لای بینه‌ریان دروست ده‌بێ، كه بۆ ناسین و نیشانه‌ی پیاوچاك و چاكترینهكان به ته‌رازووی ئیسلام دانراوه.
كه‌واته ئاریشه‌مان هه‌یه، له‌گه‌ڵ باسكردنیاندا، له‌وانه‌یه دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر ئاسانتر بێت، له‌وانه:
1.خوێندن په‌یوه‌ستكراوه به‌كاتێكی دیاریكراو، هه‌فتانه پێنج ڕۆژ و هه‌ر ڕۆژه‌ی تا نزیكه‌ی پێنج سه‌عات، ساڵانه له نێوان هه‌شت بۆ نۆ مانگ و هه‌ر وانه‌ی ته‌نها 40 بۆ 45 خولهك، ئه‌مه ئه‌گه‌ر به ته‌واوی پابه‌ندی بكرێت به ساڵنامه و كۆرسبووكی خوێندن، و له زانكۆ چوار ساڵ و له په‌یمانگه دوو ساڵ، خوێندن هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا زیره‌كی و لێهاتوویی قوتابی حوكمی ده‌كرد چه‌ند وه‌ختی بوێت، نه‌ك هه‌مووی وه‌ك یه‌ك.
2.ناو و ناونیشان و پله‌ی به‌رزی زانستی و بڕوانامه‌كان، له به‌كالوریۆس و به‌ره‌و سه‌رتر، خاترانه‌ی تێده‌كه‌وێت و چاوپۆشی تێدایه و فلته‌ری ورد نیه، زۆر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌رگیرا ده‌توانرێت بوترێت ته‌واوی كردووه. هه‌ر لێره‌وه خاوه‌ن به‌كالوریۆس و ماسته‌ر و دكتۆرا و بگره پله زانستیيهكانیش ئێسته له هه‌ڵكشاندایه و خه‌ریكه زۆر و بۆر درۆ نیه بیڵێیت.
3.زانسته ئایینیه‌كان پۆلێنیان تێكه‌ڵكراوه، له خوێندنی ئایینی‌دا زانسته‌كان ده‌بنه سێ به‌ش: ( الالة، الغایه، المكملات)، ده‌بێت پێش وه‌خت ئه‌و زانستانه بخوێنرێن كه پێیان ده‌ڵێین (هۆكار) بۆ زانسته ئامانجه‌كان، و له قۆناغێكی تردا زانسته ئامانجه‌كان بخوێنرێت، ئه‌وجا چاوه‌ڕێی ئه‌نجام بین، به‌ڵام لێره وه‌ها نیه، ئه‌نجام و سه‌ره‌تا و ته‌واوكار له زانسته شه‌رعيیه‌كان هه‌مووی بۆ قوتابی تێكه‌ڵ ده‌كرێ.
4.ماڵ و دارایی و سه‌روه‌ت و مادده‌گه‌ری زاڵه، له‌بری خۆبه‌خشی و لهخۆبوردی، كه‌واته فێركردن و فێربوون له كایه‌ی خوێندنیش (كه ئاینییه) له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی سرووشتی خۆی لایداوه، دڵسۆزيی و وه‌خت سه‌رف نه‌كردن و چاو له ماڵ و سه‌روه‌ت پێكه‌وه‌نان نه‌بوون بووه‌ته ده‌گمه‌ن. كێ هه‌یه له زانا ناوداره‌كانی پێشین به‌ویستی خۆی پاره و ماڵی له‌بنده‌ست بووبێ، یان بۆ ئه‌وه كۆششی كردبێ؟ یان وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی به كرێگیراو سه‌یری وه‌زیفه‌ی مه‌لایه‌تی و وانه‌بێژی كردبێ؟
5.نه‌بوونی دیدگایه‌كی ڕوون بۆ خوێندنی ئایینی و ئامانج لێی، بۆیه كه‌مترین قوتابی ده‌بینیت هه‌ست بكات: بۆ ده‌خوێنێ؟ چه‌نده گرنگه ئه‌و زانستانه؟ كه‌ی كاری پێ ده‌بێ ؟
6.خوێنه‌واری شاره‌زا و ناشاره‌زا و كه‌م شاره‌زا هاوتا كراون، پله‌به‌ندی قوتابیانیش تێكه‌ڵكراوه و قوتابی ژیر و بیر تیژ، له‌گه‌ڵ كۆڵ بیر و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار كه‌وده‌ن، وه‌ك یه‌كن و له ته‌نیشت یه‌كن، ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه هه‌نگاوه‌كان و وه‌خته‌كان ببه‌نه سه‌ر. بگره زۆرجار وه‌رگرتن له‌و به‌شه ئاینیيانه له ڕیزی وه‌رگیرانه له‌و جێیانه‌ی كه‌مترین نمره دیاریكراوه بۆیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێندنی ئایینی حه‌وسه‌ڵه‌ی زیاتر و عه‌قڵی گه‌وره‌تر و هه‌ستیاری زیاتری تێدایه.
7.قوتابیان وه‌ك پێویست ئاشنا ناكرێن به سه‌رچاوه به‌هێزه‌كانی شه‌ریعه‌ت، له هه‌موو یان زۆرترین وانه‌كاندا پشت ده‌به‌سترێت به كورتكراوه‌ی كتێبه بچووكه‌كان، دواتر كورتكراوه‌ی ئه‌و كورتكراوه‌یه له‌لایه‌ن مامۆستاوه و له‌پاش ئه‌وه‌ش كورتكردنه‌وه‌ی كورتكراوه‌ی مامۆستا له‌لایه‌ن قوتابیه‌كه‌وه، له‌كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی هیچ زانینێكی وه‌ها نامێنێته‌وه. نابێت عه‌قڵه گه‌وره‌كانی ئیسلام و نوسراوه‌كانیان پشتگوێ بخرێت و نه‌ناسێنرێن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌رده‌م ئه‌و هه‌تاوه پڕ له پڕتهوهی كه بریتیيه له قورئان و فه‌رمووده نه‌شاردرێته‌وه لێیان، كه بریتیيه له سه‌رچاوه پارێزراوه‌كانی شه‌ریعه‌ت و هێزێكی ناوازه‌یان تێدایه، وه‌ك هه‌تاو وان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام گرنگه تێگه‌شتن لێی نه‌كرێته به‌دیلی خودی خۆیان، چونكه تێگه‌شتن شتێكه و خودی خۆیان بڵندتر، مامۆستا نوورسی ڕه‌حمه‌تی بۆ نزیككردنه‌وه و حاڵی بوون له‌م بابه‌ته، نمونه‌ی كۆمه‌ڵێ ئاوێنه به‌رامبه‌ر به هه‌تاو ده‌هێنێته‌وه، ئه‌و ئاوێنانه هه‌تاو تیایاندا ده‌رده‌كه‌وێ و هه‌ندێ له خهسڵهتهكانیشی بۆمان ده‌گوازنه‌وه وه‌ك ڕووناكی و تینی گه‌رمی و تیشكهكهی و....،هتد، به‌ڵام هه‌تاوه ڕاستيیهكه له ئاسمانه، كه‌واته نه ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی له‌ناو ئاوێنه‌كانه هه‌تاو نیيه، نه ده‌توانین بڵێین هه‌تاوی ڕاستی ئه‌وه‌یه. كه‌واته فیكر و زیهنی زانایان ئه‌و ئاوێنانهن، شه‌ریعه‌تیش هه‌تاوه ڕاستیه‌كه، تێگه‌شتنه‌كانی زانایان ناتوانرێت دووربخرێته‌وه له شه‌ریعه‌ت به‌ته‌واوی، چونكه بۆن و تامی شه‌ریعه‌تیان تێدایه، به‌ڵام نه‌ك شه‌ریعه‌ت كورت بكه‌ینه‌وه به‌وه‌ی لای ئه‌وانه. ئه‌مه ناوه‌ندێكی باشه بۆ تێگه‌شتن و پارێزگاری تێدایه بۆ شكۆی شه‌ریعه‌ت، ڕێزیشی تێدایه بۆ عه‌قڵه گه‌وره‌كان، ناساندنێكی باشیشه بۆ عه‌قڵه منه‌وه‌ره‌كان و سه‌رچاوه‌كانی شه‌ریعه‌ت بۆ قوتابیان.
8.پشتبه‌ستن به له‌به‌ركردنی بێ تێگه‌یشتن بۆ ده‌سته‌واژه‌كان، بگره وه‌ك وتمان له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و زانستانه‌ش حاڵی بوون زۆر كه‌مه، ئه‌م ده‌رده هی ته‌نها ئیسته نیه، به‌ڵكو كۆنه، ده‌وترێت مامۆستا مه‌لا باقری باڵكی ڕه‌حمه‌تی، كه زانا و چالاكێكی كه‌م وێنه بووه له زانسته‌كاندا، مه‌ودایه‌كی باش ڕۆيشتووه له خوێندنی كتێبه‌كانی حوجره، به‌ڵام له دوای وه‌ختێكی درێژ، ئه‌وجا هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ى كه پێویسته ئێسته سه‌رله نوێ ده‌ستبكاته‌وه به خوێندن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا ده‌زانێ چ باسه.
9.جێبه‌جێ نه‌كردنی یاساكانی تایبه‌ت به خوێندنی باڵا وه‌ك خۆیان، كه ئه‌مه له‌لایه‌ك ده‌زگا تهشریعیيهكان و له‌لایه‌ك ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن لێی به‌رپرسن، سه‌ره‌ڕای هه‌ستكردن به به‌رپرسیاری له‌لایه‌ن مامۆستا و لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تی حه‌رام و حه‌ڵاڵ، كه ئه‌م خاڵه‌یان خوێندنی زانكۆكان به هه‌موو به‌ش و پسپۆڕیيهكان لێی به‌رپرسن و خوێندنی ئایینی له‌نێویاندا یه‌كێكه له‌وان، بۆ نمونه: یاسای خزمه‌تی زانكۆیی ژماره 23 بۆ ساڵی 2008 و هه‌مواره‌كانی، كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان به یاسای ژماره 12 بۆ ساڵی 2013 جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه بۆ جێبه‌جێكردن، به‌پێی ئه‌و یاسایه ده‌بێ مامۆستای زانكۆ 13 خاڵ جێبه‌جێ بكات، یه‌كێك له‌وانه: هه‌فتانه 30 كاتژمێر ئاماده‌یی هه‌بێ له زانكۆ، واته ئه‌و پێنج ڕۆژه‌ی ده‌وام ده‌كات پێویسته له كاتژمێر (8) ی به‌یانی، تا ( 2 ) ی پاش نیوه‌ڕۆ له زانكۆ به‌بێ مۆڵه‌ت ده‌رنه‌چێت. جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌مه، كۆمه‌ڵێك به‌رپرسیاری دێنێته گۆڕێ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێشكه‌شكردن و خزمه‌ت و ئاست به‌رزی ده‌بێ له زانكۆكان.
10.گوێ نه‌دان به ئاریشه‌كانی پێش زانكۆ و په‌یمانگاكان، خوێندنی باڵا بۆ ئه‌وه نیيه قوتابی فێری (ئه‌لیف، با) بكات، به‌ڵكو ده‌بێ شتێك و لێهاتوییه‌كی لێ ده‌ركه‌وتبێت و بتوانرێت به‌وپێیه ئه‌و جێگه‌ی بۆ ده‌ستنیشان بكرێت له‌كاتی دابه‌شكردنی له‌لایه‌ن ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان، به‌ڵام ئێمه ده‌بینین چه‌ند وشه‌یه‌ك له عه‌ره‌بی نازانێ، له هه‌موو وانه‌یه‌ك داوای به كوردی خوێندن و نوسین ده‌كات، كه‌چی ده‌نێردرێته به‌شه ئاینیيهكان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زمانحاڵی خوێندنه ئاینیيهكان پێمان ده‌ڵێ: ده‌بێت ئه‌و قوتابیه لێهاتوو بێ، زرنگ و وریا و بیر تیژ بێ، ئه‌وجا شیاوه بخرێته سه‌ر مینبه‌ر و قورئان و فه‌رمووده به زمانی خۆیان بخوێنێته‌وه و بڵێته‌وه، ئه‌و كاته كارێكی په‌سه‌نده له كۆڕه‌كه‌یدا زانا و دكتۆر و ئه‌ندازیار و عه‌قڵه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه گوێی پێ بده‌ن و له زمانی ئه‌وه‌وه بزانن شه‌ریعه‌ت چ ده‌ستورێكی داناوه بۆ هه‌مووان.
بیهێنه به‌رچاوی خۆت كه‌سێك عه‌ره‌بی نازانێ و سه‌ری سووڕ ده‌خوا له‌نێو زانسته‌كانی پێویست بۆ تێگه‌یشتنی شه‌ریعه‌ت، به‌ڵام ئێمه (أصول الفقه) ی پێ ده‌ڵێین، كه ئامانج لێى ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه ببێته موجتههيد و فێر ببێ چۆن حوكم ههڵبگۆزێ له ده‌قه پیرۆزه‌كان.
11.هه‌ست نه‌كردن وه‌ك پێویسته، به‌وه‌ی: ئه‌و چینه‌ی له زانكۆ و په‌یمانگاكاندا ده‌خوێنن، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان له نێوان 18 بۆ 24 ساڵیدان، كه‌واته هێزه بنیاتنهرهكهی داهاتوو و سه‌رچاوه‌ی پێشكه‌وتن و داهاتووی كۆمه‌ڵگه و پوخته‌كه‌ی. چه‌ند خه‌م سارديیه نه مامۆستا ئه‌و ستراتیجه له‌به‌رچاو بگرێ و نه قوتابی هۆشیار بكرێته‌وه بۆ خودناسی. ئایا ئه‌زانی چ هێزێك له‌و چینه‌دایه؟ یان ده‌زانی ئه‌و شوێنانه دوا فرسه‌ته بۆ ده‌رخستنی لێهاتووییه‌كان و ڕێنموونی كردن؟
12.خوێندنی ئایینی له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ده‌قه شهرعيیه پیرۆزه‌كان، له هه‌موو كایه‌كانی تر زیاتر ده‌بێت ئاگاداری حه‌ڵاڵ و حه‌رام بن، هه‌م قوتابی و هه‌م مامۆستا و هه‌م سه‌رپه‌رشتیاران و كارگێڕیيهكان، هه‌ر جۆره خهمساردييهك له‌و بواره‌دا كاره‌كه‌یان تووشی خزان ده‌بێ و ناگاته ئامانج.
ئه‌مانه ده‌روازه‌یه‌ك بوون بۆ بابه‌ته‌كه، ده‌نا قسه زیاتره و هه‌تا هزر بهه‌ژێنین زیاتر و زیاترمان پێ ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ریشمان نه‌وتبێ، ئه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه ده‌ستنیشانی ئاریشه و دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشی گرنگتره، بێگومان چاره‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك عه‌قڵ كۆبنه‌وه بۆی، كاره‌كه پڕ به‌رهه‌متر و تۆكمه‌تر ده‌بێ، خودا هاوكارمان بێت.