پ.د.ئاراس محمد صاڵح
ئەوەى جێگەى ستایشە لەدواى مسوڵمانبوونى کوردەوە، لەژێر کاریگەرى ئایيندا لە هەموو کوردستاندا هەزاران مزگەوت کراونەتەوە و وەک پێویستيیەکى ئایينى بە تەنیشت زۆرێک لە مزگەوتەکانەوە، یان لەناو مزگەوتەکاندا خوێندنگە کراوەتەوە، لە خوێندنى زانستە ئیسلاميیەکاندا پێویست بووە لەسەر فەقێى کورد فێرى زمانى عەرەبی ببێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستى کردووە هەموو لقەکانى زمانى عەرەبی بە نەحو صەرف و بەلاغەوە بخوێنێت.
لە قۆناغێکى تردا و بەپێى پێویستى ڕۆژگار و گەشەکردنى بارودۆخەکە، زانستەکانى کەلام و لۆژیک و زمانەکانى فارسی و تورکى خوێندراوە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە تا ئاستێکى باش لەگەڵ فرەڕەنگى میتۆدى خوێندندا، هەتا کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدە ناوەندە زانستیيەکانى کوردستان کەمتر لایان بەلاى بابەتەکانى دەرەوەى زانستە ئاینيیەکاندا کردووەتەوە، وەک بابەتەکانى مێژوو و جوگرافیا و تۆمارى یاداشت و بیرەوەرى و زۆر بابەتى ترى کۆمەڵایەتى.
ڕەنگە کەسێک بڵێت ئەو بابەتانە نەخوێندراون و جێگەى بایەخى ناوەندە ئاینيیەکان نەبووە، بەڵام هەر ئەم میتۆدە لە شارەکانى دیمەشق و قاهیرە و بەغداد خوێندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان و سەدان مێژوونووس و جوگرافیناس و گەڕیدەى بە سەلیقە و کۆمەڵناسی وەک ئیبنوخەلدون و دەیان کیمیاگەر و پزیشکى میللى و کەسانى بەتواناى تریان تێدا هەڵکەتووە و خزمەتى زۆرى مەعریفەى مرۆییان کردووە.
بۆ پشتگیرى ئەم بۆچوونەمان کە زانا و خوێندەوارى کورد گرنگى و بایەخى بە بابەتێکى گرنگى وەک مێژووى ڕوداوەکان نەداوە، لە کۆتاییەکانى سەدەى هەژدە و سەرەتاکانى سەدەى نۆزدەدا شارێکى گرنگى وەک قەڵاچوالان كه پایتەختى میرنشينێكى گرنگى وهك بابان بووه جێگۆڕکێی پێکراوە بۆ شوێنى نوێ و شارێکى وەک سلێمانى بنیاتنراوە، بەڵام ئەم ڕووداوە گرنگە لەلایەن مەلایەک، يان خوێندەوارێک، یان میرێکى کوردەوە تۆمار نەکراوە، ئەگەر کەسێک بەهۆى لەدایک بوونى مناڵەکەیەوە ئەو ڕووداوەى باس کردبێت، ئەوە هیچ لەم بۆچوونەى ئێمە کەم ناکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لەو ڕۆژگارەدا قەڵاچوالان ناوەندێکى گرنگى خوێندەوارى بووە، ژمارەیەکى بەرچاو زاناى گەورەى تێدا بووە، کتێبخانەى و دەستنووسخانەى بابانى تێدا بووە، میرەکانى بابان هەریەکە لە ئیبراهیم پاشا و عەبدولڕەحمان پاشا و مەحمود پاشا خوێندەوار بوون، بەشێک لە ژیانیان لە بەغداد بەسەربردووە، مەحمود پاشا لاى زانایانى حەیدەرى لە شارى بەغداد خوێندوویەتى، بەڵام ڕووداوێکى گرنگى وەک گواستنەوەى پایتەختى بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانى و دروستکردنى شارێک وەک سلێمانى کە ڕووداوێکى گرنگ بووە، تۆمار نەکردنى ئەم ڕووداوە و هەزارانى تر جێگەى پرسیارکردن و لەسەر وەستانە.
ئەوە جێگەى سەرنجە کەسێکى سەرۆک هۆزى وەک کەریم بەگى فەتاح بەگى جاف لە سەرەتاى كتێبهكهيدا لەمبارەوە وتویەتى: (ئەمەش بەواسیتەى ئەمەوەیە کە ئومەرا و پاشاکانى کورد موبالاتیان بە تەئریخى کورد نەکردووە). بۆ پشتگیرى بۆچوونەکەى کەریم بەگى جاف، کاتێک لە ساڵى (١٨٢٠ز) گەڕیدەى بەریتانى (ڕیچ) کە سەردانى سلێمانى کردووە، پرسیار لە مەحمود پاشا دەکات لەبارەى مێژووى بابانەوە، مەحمود پاشا لەوبارەوە بەبێ بایەخ سەیرى ئەو مێژووى کردووە و جێگەى بایەخى نەبووە، بەڵام ڕیچ وەک ئەوروپیەک لەو ڕۆژگارەدا ئەو مێژووەى بەلاوە گرنگ بووە، ئاگادارى مێژووى بابانەکان بووە و قسەکەى مەحمود پاشاى نەسەلماندووە.
کاتێک کەسێکى وەک شەرەفخانى بەدلیسى کتێبى (شەرەفنامە)ى نووسیوە، بە فەرمانى شاى صەفەوى بووە، نەک خواستى خۆى، ئەگەر میرە کوردەکان ناوبەناو کەسێکى خوێندەواریان ڕاسپاردایە مێژووى ڕووداوەکانى کوردستان و جوگرافیاى گوند و بنەماڵە و میرەکان و زمان و مێژووى پیاوە گەورەکان و شاعیران و بوێژانى کورد بنووسنەوە، ئێستا دەیان و سەدان شاکارى وەک شەرەفنامە لە کتێبخانەکاندا دەبوون و وەک ئاوێنەیەک ڕابردوویان پیشان دەداین.
بەپێى بۆچوون و لێکدانەوەى ئەوانەى لەسەر ئەم بابەتەیان نووسیوە، کۆمەڵێک فاکتەر کاریگەریان هەبووە لەسەر توێژی خوێندەوار و دەستەبژێرى کورد کە گرنگى بە مێژووى خۆیان و وڵاتەکەیان نەدەن و لەو مێژووە درێژەدا مەلایەک یان میرزایەک قەڵەمى نەخستووەتە سەر کاغەز و چەند لاپەڕەیهک لە یاداشت و بەسەرهاتى خۆى بۆ نەوەکانى دواى خۆى تۆمار نەکردووە، لە گرنگترین ئەو هۆیانە:
یەکەم/ دواکەوتوویی نەخوێندەوارى میللەت: نووسین پێویستى خوێنەر دەیخولقێنێ و بەرهەمى دەهێنێ، بەڵام ئەگەر خوێنەر نەبوو، یان کەسانێک نەبوون نرخى نووسین بزانن بۆچى بنوسرێت؟ میللەتى کورد شارى گەورە و توێژى خوێندەوارى زۆرى نەبووە، کۆمەڵێکى کشتوکاڵى سەرەتایى بووە، ئەوەندەى پێویستى بە نووسین و کتێب هەبووە بچێتە لاى مەلایەکى گوندەکەى، یان هۆزەکەى و پرسیارە شەرعیيەکانى خۆى لێ بکات، لەوە زیاتر ئەو شتانەى بە زیاد زانیوە و جێگەى بایەخى نەبووە.
توێژى خوێندەوارى کوردیش لەناو کۆمەڵێک وەهادا ئەوەندە ئاسۆى بیر و ئەندێشەى فراوان نەبووە و بێت بیر لە داهاتوو بکاتەوە و لاپەڕەکانى مێژوو بۆ داهاتوو تۆمار بکات، توێژى خوێندەوار چینێکى مام ناوەند یان خوار مامناوەند بوون، ئەوەیان خوێندووە و وتووە لەناو کۆمەڵ و گوند و خێڵەکاندا بژێوی خۆیان دابین بکات، لەوە بەولاوە نە جێگەى میللەت بووە، نەجێگەى خەمى توێژى خوێندەوارەکان بووە.
دووەم/ دوورى لە مهڵبهنده شارستانييهكانى وەک بەغداد و شام و قاهیرە: بەشێوەیەکى گشتى کوردستان ناوچەیەکى دابڕاو لاچەپ بووە لە ناوەندە گرنگەکانى خوێندەوارى ئەو ڕۆژگارەوە، زانایانى کورد هەتا لە کوردستان بوون ناوبانگ و گەورەیی و پێگەى زانستیان دەرنەکەوتووە، چونکە لەناو کۆمەڵێک نەخوێندەواردا نەتوانراوە ئاستى زانستیان دیاری بکرێت، بەڵام کاتێک کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەى کوردستان زیاتر پێگەى زانستیان دەرکەوتووە و ئاسۆى بیریان فراوانتر بووە، مەولانا خالیدى نەقشبەندى و مەلا عەبدوڵڵاى بێتووشى و نالى و حاجى قادرى کۆیی و مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس و دەیانى تر نمونەى ئەم بۆچوونەن.
سێیەم/ لاچەپی و دوورە دەستى لە ڕێگاى کاروان: لەبەرئەوەى کوردستان نەکەتووەتە سەر ڕێگاى بازرگانى گەورە و ڕێگاى هاتوچۆى دەریایی نەبووە و وڵاتەکەشى نەبووەتە بازاڕێکى گەورە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى بێگانە و لەهەمانکاتدا کاڵاکانى خۆى ڕەوانەى بازاڕە گەورەکانى شام و بەغداد و ئەستەنبوڵ و بەغداد کردووە و بۆ ساغبوونەوە، بازرگانە بێگانەکان کەمتر هاتوونەتە کوردستان، تێکەڵاونەبوونى بە کەلتوورى جیاواز وایکردووە گۆڕان و گەشەکردنى کۆمەڵایەتى زۆر دوابکەوێت و جێگەى بایەخى تاکى کورد نەبێت.
سێیەم/ نەبوونى هیچ دامەزراوەیەکى مەعریفى سەربەخۆ لەو ڕۆژگارەدا: بەدرێژایی مێژووى خوێندنى ئایينى لە کوردستاندا دامەزراوەیەکى سەربەخۆى خوێندن و زانستى نەبووە، بەڵکو تەنها گۆشەى مزگەوتەکان بوون و تێچووى ئەم پرۆسەیەش لەسەر شانى خەڵکە ئاساییەکە بووە، نە دەوڵەتێکى بەهێز بووە لە کوردستاندا پشتگیرى پرۆسەى خوێندن بکات، نە میر و دەسەڵاتدارێکى پشتگیرى کردووە، تەنانەت لە هەندێ ناوچە تووشى ڕێگرى بووەتەوە، هەموو ئەمانە وایکردووە توێژە هەژارەکە ڕووبکەنە خوێندن، کاتێکیش خوێندنیان تەواوکردووە و ناوەندێکى زانستى نەبووە و تواناکانیان تێدا تەوزیف بکرێت، هەموو ئەمانەش هۆى ئەوەبووە و توانا زانستى و ڕۆشنبیرى و ئەدەبیەکانیان بەرەو پوکانەوە بچێت و گەشە نەکات.
چوارەم/ میتۆدى خوێندن و مەنهەجى تایبەت: میتۆدى خوێندن چڕکراوەتەوە لە بابەتەکانى زمانى عەرەبی و فیقهو هەندێ بابەتى زمانى فارسی و زانستى کەلام، ئەم زانستانەش ئەوەندەى لەبارا بووە کە ئیمام و پێشنوێژێک بۆ خەڵکە ئاساییەکە بەرهەم بهێنێ، نەخوێندنى بابەتەکانى مێژوو و ژیانى پێغەمبەر(د.خ)و هاوەڵانى و بابەتە گرنگەکانى تر، هەموو ئەمانەش هۆى ئەوەبوون و زۆرجار واعیزێکى بەرهەمهێناوە و ئەوەندەى بە زمانى خورافە قسەى کردووە، زۆر کەمتر کاری لەسەر ڕۆشنکردنەوەى بیر و ئەندێشەى خەڵکى کردووە.
کەسێکى هۆشیارى وەک حاجى قادرى کۆیی کاتێک لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەدا چووەتە شارێکى گرنگى فەرهەنگى وەک ئەستەنبوڵى ئەو ڕۆژگارە ڕەخنەى توندى لە میتۆدى خوێندنى ناوەندە ئاینییەکانى کوردستان گرتووە و ئەڵێ:
شاعیر و شێخ و خواجە دەربەدەرن
لە قسەی بێ نەتیجەدا دەمرن
باسی زوڵفی درێژ و چاوی بەخەو
نەبڕاوە بووە تڕی خوسرەو
قەید و تەزبیب و حاشیە و ئیعراب
هەموو با بردی بوونە مەوجی سەراب
حاجى قادر دواى ئەوەى تێکەڵاوى فەرهەنگى گەلان جياواز بووە لە ئەستەنبوڵدا، فرەڕەنگى مەعریفيى و سەرەتاکانى شارستانى ئەوروپاى بەچاوى خۆى بینیوە، داواى کردووە کە بەرنامەى خوێندن تەنها لە بابەتى زمانى عەرەبیدا (الاعراب)دا قەتیس نەکرێت و بابەت زانستیيە نوێیەکانیش بخوێنرێت، هەتا ئێمەش وەک گەلانى دنیا بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، چونکە پێشکەوتنى تەنها لە خوێندەواریدا بینیوەتەوە.
ئێستە مەعلومی بوو هەموو میللەت
ئەی مەلای دەرس و موفتیی ئومەت
قەید و تەزبیب و شەرح و حاشیەكان
بوونە سەدی مەعاریفی كوردان
جارێکى تر حاجى قادر لە ڕۆژگارى خۆیدا ڕوويکردووەتە توێژى دەستەبژێر و خوێندەوارى کورد، کە ئەوانیش مەلا و موفتى و مودەڕیسەکان بوون، پێیان دەڵێت: ئێستا هەموو میللەت بۆى ڕوونبووەوە کە خوێندن و پێشکەوتن تەنها لە ڕێگەى کتێبەکانى نەحو و صەرف و فیقهەوە نایەتەدى، بەڵکو پێویستە گرنگى بە زانستى نوێ بدرێت و تەنها بە یەک پرۆگرام و پسپۆڕى ناتوانرێت پێشکەوتنى وڵات و میللەت بێتەدى.
پێنجەم/ نەبوونى کاغەز پێویستیيەکانى نووسین: هەژاريى و دوورە دەستى خوێندنگەکانى کوردستان لە شارە گەورەکانى ئەو ڕۆژگارە، ئەمە زیاتر ئەرکى فەقێی و مامۆستاى کوردى سەختکردووە، هەتا کتێبێکى دەستنووس و مەرەکەب و دەفتەرێکیان دەستکەوتووە خوێنیان بووە بە ئاو، لە بارودۆخێکى وەها سەخت و دژواردا زۆر زەحمەتە بیر لە نووسینى یاداشت و مێژوو و جوگرافیا و کۆکردنەوەى قسەى نەستەق و بەسەرهاتى کورد بکرێتەوە، بێگومان ئەم دەستکورتیيە لە بوارى پێویستیيەکانى خوێندندا ڕۆڵى گەورەى هەبووە لە گەشەنەکردن و دواکەوتوويى بارى مەعریفى کۆمەڵى کوردەواریدا.
حەوتەم/ سووتانى کەلەپوورى نووسراوى کورد: نائارامى سیاسيی و هەموو ئەو هێرشه کاولکاريیانەى تووشى کوردستان هاتووە، کاریگەرى گەورەى هەبووە لەسەر دواکەوتن و نەبوونى دڵنیایی و پێشنەکەوتنى ئاستى فکريى و ڕەوشى خوێندەوارى و کۆمەڵایەتى لە هەموو کوردستاندا، جگە لە سوتان و لە ناوچوونى کەلەپوورى نووسراوى نوسەر و مەلا و میرزادەکان، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوەى لە سووتاندن ڕزگارکراوە لەلایەن لەشکرى بێگانەوە براوە و تاڵان کراوە و ئاوديوى ئەودیو سنوورهكانى کوردستانیان کردووە.
هەشتەم/ نووسینى بە زمانى بێگانە: خوێندن بە زمانى دایک بۆ هەر تاکێک گرنگى و بایەخى خۆى هەیە، مناڵ ئەوەندەى لە ڕێگەى زمانى دایکەوە دەتوانێت بیر و ئەندێشەى بجوڵێت لەڕێگەى زمانى ترەوە ئەو کاریگەریيەى نابێت، هەربۆیە پسپۆڕانى پەروەردە زۆر جەخت لەسەر زمانى دایک دەکەنەوە لە سەرەتاى پرۆسەى خوێندندا، خوێندنگە ئاینیيەکانى کوردستان بایەخیان بە زمانى کوردى نەداوە، زمانى کوردیش لەو ڕۆژگارەدا دەرەتانى ئەوەى نەبووە بکرێتە زمانى زانستەکان، هەربۆیە زمانى پیرۆز و سەردەست لایان تەنها زمانى عەرەبی بووە، لەگەڵ خوێندنى هەندێک لە زمانى فارسی، زمانى بێگانەش ئەو ئاسۆ فکریيەى لاى خوێندەوارى کورد دروست نەکردووە، هەتا بتوانێت کەلەپوورى نەتەوەى خۆى بەو زمانە تۆمار بکات لە فەوتان ڕزگارى بکات، شاعیرێکى هۆشیارى وەک حاجى قادرى کۆیی ئەڵێ:
هەر کوردە لە بەینی کوللی میللەت
بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت
بێگانە بە تەرجەمەی زوبانی
ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی
یەکسەر عولەما درشت و وردی
نایخوێننەوە دوو حەرفی کوردی
حاجى قادرى کۆیی نەنووسینەوەى مێژووى کورد و ونبوونى ناوى زانا و میر و شاعیرانى کورد گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەى کە بە زمانى زگماکى دایکى نەیخوێندوە و نەینووسیوە، ئەگەر خوێندەوارى کورد بە قەڵەم و کاغەز و و دەفتەرى بە زمانى کوردى بنووسیایە، بێگومان هەتا ڕۆژى قیامەت و ناونیشان و مێژوويان بە زیندووى دەمایەوە، لەمبارەیەوە وتویەتى:
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز
بە کوردى گەر بنوسرایە زوبانى
مەلا و شێخ و میر و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناونیشانى.
بەلاى حاجى قادرەوە نەنووسینەوەى مێژووى کورد و ونبوونى ژیان و بەرهەمى نووسەران و شاعیران و ئەدیبان کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە بەرهەمى زانایان و دانایانى کورد بە زمانى خۆیان نەبووە، ئەوەشى نووسیویانە دواى ساڵانێک بووەتە كەلەپوور و بەرهەمى ئەو گەلانەى کە بە زمانى ئەوان نوسراوەتەوە، تەنانەت خۆشیان کراون بە کوڕى ئەو نەتەوانە و بوون بە بەشێک لە مێژووى زانستى و خوێندەوارى ئەوان.
نۆیەم/ وەک پێویست ئیش لەسەر دەستنووسەکان نەکراوە: ئەوەى جێگەى باسە لێرەدا لە کوردستاندا کتێبخانە و ئەرشیفخانە و دەستنووسخانە نەبووە، هەتاكوو ئێستاش شوێنێکى وەها نیە لە هەموو کوردستاندا هەتا بەرهەمى بیر و ئەندێشە و دەستخەتى زانا و بەهرەمەندانى کوردى تێدا کۆبکرێتەوە، ئەمەیش هۆیەکى سەرەکیيە کە دەستخەت و نووسراوى زۆرێک لە زاناکانمان پەڕاگەندەى وڵاتان ببێت و لەکاتى ئێستادا بە ئاسانى نەدۆزرێنەوە کارى لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکرێت.
هەروەها هەتا ئێستا هەزاران دەستخەت و لاپەڕە و سیپارە و نووسراوى زانایانمان هەیە لە گۆشەى کتێبخانە و لەناو ماڵاندا هەڵگیراون و پارێزراون، هەموو ئەو بەرهەمانە نەکەوتوونەتە دەستى توێژەران و ناوەندە ئەکادیمیيەکان، هەتا لێکۆڵینەوە لەبارەیانەوە بکرێت بکەونە بەردەستى خوێنەران، بۆئەوەى بزانین پێشینەکانمان چیان بۆ تۆمارکردووین لە شیعر و ئەدەب و مێژوو، هەتا لەڕێگەى نووسینەکانیانەوە ئەو بەهرەمەندانە بناسین و لەلاپەڕەکانى مێژووى مرۆڤایەتیدا ناویان بە زیندووى بمێنێتەوە.
ئەوەى تێبینى دەکرێت لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدە و سەرەتاکانى سەدەى بیستەمدا بەهۆى کرانەوەى قوتابخانەى نوێ و بەتایبەتى مەکتەبی ڕوشديیەى سەربازيى و موڵکى لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانى کوردستاندا گۆڕانى فیکريى و مەعریفى لە کوردستاندا هاتووەتە پێشەوە، دەرچووى ئەو خوێندنگایانە لە ماوەیەکى پێوانەیی کەمدا دەتوانن بوونى خۆیان لە هەموو ناوەندەکانى ژیانى گشتیدا بسەلمێنن.
دەیان مونەوەرى وەک محەمەد ئەمین زەکى بەگ و جەمال عیرفان و مستەفا پاشاى یاموڵکى و ڕەفیق حیلمى و پیرەمێرد و تۆفیق وەهبی و چەندانى تر، ئەم مونەوەرانە و هاوڕێکانیان توانیویانە لە ناوەندە ڕۆشنبیريى و ڕۆژنامەنووسى و سیاسی و کۆمەڵایەتیيەکەدا بەرهەمى نوێ پێشکەش بکەن و گۆڕانى گەورە لە زیهن و بیر و ئەندێشەى خەڵکیدا دروست بکەن، بەهۆى هەژموونى ئەم ڕووناکبیرانەوە توێژى دەرچووى خوێندنگە ئاینیيەکان پاشەکشە دەکەن و پێگەى گرنگى خۆیان لەدەست دەدەن.
هەروەها بەهۆى کۆچى بەشێک لە خوێندەوار و دەستەبژێرى کوردەوە بۆ شارە گەورەکانى وەک بەغداد و تەواوکردنى خوێندنى زانکۆیی لەلایەن ژمارەیەکیيانەوە، ئەمانەش گۆڕانى گەورە لە دیدگاو دنیابینى و ڕۆشنبیریاندا ڕوویداوە، لە نمونەى ئەمانە عەلادین سەجادى و محەمەد قزڵجەیی و مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس و محەمەد عەلى قەرەداغى و چەندانى تر، ئەمانیش لەژێر کاریگەرى کەلتوورى بەغداد و ئەو ژینگە ڕۆشنبیريیەدا، ڕوویان کردووەتە کارى نووسینى هەمەجۆر و بوارى ڕۆژنامەنووسی و ڕادیۆ و لەو بوارانەدا خزمەتى بەرچاویان کردووە.
لەگەڵ هەموو بەربەستەکان و دەیان هەڵدێر و ناخۆشى و نائارامى سیاسيی و هەژاريى و دواکەتوویی، بەڵام مەلا و فەقێی کورد نزیکەى هەزار و چوارسەد ساڵ درێژەى بە خوێندن و فێربوون ئاینداری داوە، لەوپێناوەشدا قوربانى زۆریداوە و هەموو ناخۆشى و نەبوونى و دەردیسەریيەکى قبوڵکردووە، لەو بارودۆخە سەختەدا توانیویەتى مێژوویەکى گەورە لە شیعر و ئەدەب تۆمار بکات و دەیان سەدانى وەک خاناى قوبادى و مەولانا خالیدى نەقشبەندى و نالى و سالم و کوردى و مەولەوى و مەحوى و مەلا عەبدوڵڵاى بێتووشى و شێخ مارفى نۆدێی و مەلا عەبدولکەریمى مودەڕیس و مەلاى گەورەى کۆیە و شێخ محەمەدى خاڵ پێبگەیەنێ و دەیان دیوانى شیعرى بەپێز و بەهێز پێشکەش بە کتێبخانەى ئەدەبی بکەن.
سەرچاوەکان
ـ کەریم بەگر فەتاح بەگى جاف، تەئریخى جاف، چاپی یەکەم١٩٩٥ بەغداد.
ـ کلاودیۆس جێمێس ڕیچ، گەشتى ڕیچ بۆ کوردستان، وەرگێڕانى محەمەد حەمەباقی، چاپی یەکەم، دەزگاى ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٢.
ـ محەمەد عەلى قەرەداغى، في رحاب أقلام وشخصيات كردية، الطبعة الأولى، بنکەى ژین، سلێمانى، 2007.
ـ حاجى قادرى كۆيى، ديوانى حاجى قادرى كۆيی، لێكدانەوەى سەردار حەميد ميران و كەريم مستەفا شارەزا و محەمەدى مەلا كەريم، سەعيد كەرەمى، چاپی دووەم، بڵاوكراوەى كوردستان، سنە،1391هەتاوى.