بۆچی توانای خوێندنەوەی قووڵمان لەدەستداوە؟ توێژینەوە نوێیەكان هەندێك لە هۆکارەكانی ئاشكرا دەكەن
بۆچی توانای خوێندنەوەی قووڵمان لەدەستداوە؟ توێژینەوە نوێیەكان هەندێك لە هۆکارەكانی ئاشكرا دەكەن
  2023/05/01     810 جار بینراوە    


پاریس: ئەنیسە مخالدی

وەرگێڕانی: خاڵ

"خوێندنەوە کلیلی عەقڵ و خۆراکی ڕۆحە"، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ تەقینەوەی زانیاريی و ئامرازەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، وەک لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژەی پێدەکەن، خوێندنەوە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دابەزیبێت، بەتایبەتی خوێندنەوەی قووڵ.

دوایین توێژینەوەی پەیمانگای نیشتمانیی کتێبی فەڕەنسی (CNL) کەمبوونەوەی ئەو کاتەی بۆ خوێندنەوە تەرخانکراوە ئاشکرا کردووە؛ بەجۆرێك بووەتە زیاتر لە سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، بە بەراورد بە فراوانکردنی ئەو كاتانەی کە بۆ سۆشیال میدیا و بڵاوکراوە ئەلیکترۆنیيەکان تەرخانکراون، کە بوونەتە زیاتر لە سێ کاتژمێر و نیو لە ڕۆژێکدا.

هەرچەندە لەو کاتەوەی کە چووینەتە ناو سەردەمی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە چاوەڕوانی ئەم جۆرە ئەنجامانە كراوە، بەڵام ئەوەی لە توێژینەوە نوێیەکاندا نوێیە، دۆزینەوەی دیاردەی دابەزینی "خوێندنەوەی قووڵ"ـە، کە بریتییە لە لەدەستدان یان سستكردنی خوێندنەوەی بەردەوام کە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە تێڕامانەوە مانا و وشە نووسراوەکان. بەگوێرەی هەمان لێکۆڵینەوە لەسەدا 47ی فه‌ڕه‌نسییەکان وەڵامیان داوەتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دە خولەک زیاتر توانای خوێندنەوەیان نییە و زۆرجاریش لەکاتی گۆڕینی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان یان لە نێوان لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەر دەبەن و هەندێکیان لەکاتی وەڵامدانەوەی كورتە نامەدا دەخوێننەوە یان لەکاتی گوێگرتن لە مۆسیقا.

ئەم دیاردەیە ڕۆژنامەی “سلات” لە چاپی فەڕەنسی خۆیدا لە وتارێکدا بە ناونیشانی: “هەست دەکەیت لە خوێندنەوەی کتێب بێ توانا بوویت؟ گوزارشتی لێ كردووە، كە پێی وایە نەخۆشییەکی باو و ئاساییە. بابەتەکە ڕوونی دەکاتەوە: “ئەستەمە سەرنجت لەسەر خوێندنەوە بێت لەکاتێکدا کە ڕژانێکی بەردەوامی نامەی ئەلیکترۆنی و خێرا و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان ڕووت لێ بنێن... هەر کە لاپەڕەیەک دەکەیتەوە ڕیکلام و بەستەرەکان دەبینیت وەک ئەوەی باز بە دەموچاوتدا بدەن، بوونی بەردەوامی ئەم هاندەرانە گواستنەوەی زانیاری لە نێوان یادەوەری هەستیاريی و بیرەوەریدا دەوەستێنێت". ئەمەش لەلایەن شارەزایانەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە هۆشدارییان دا لە لەناوچوونی ئەو شتەی کە پێی دەڵێن "مێشکی خوێندنەوەی قووڵ" ئەگەر فێر نەبین لە سەرقاڵکردنەکانی تۆڕی جیهانی دوور بکەوینەوە.

 

نووسەری ئەمریکی نیکۆلاس کار، یەکەم کەس بوو لە ڕۆشنبیران کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێ دا لە کتێبەکەیدا کە "ئینتەرنێت چی لە مێشکمان کردووە؟" (کە پاڵێوراوبوو بۆ خەڵاتی پولیتزەر) کاتێک کتێبەکەی بەم دەستەواژانە دەستپێکرد:"هەستێکی نائارامکەرم لەم دواییانەدا هەبووە کە کەسێک تێکەڵ بە مێشکم دەبێت، من بەزەحمەت دەزانم کتێب بخوێنمەوە، فۆکەسەکەم ئەوەیە پەرش و بڵاو بوومەوە دوای یەک دوو لاپەڕە... دڵەڕاوکێم هەیە و بەدوای شتێکی تردا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بیکەم". هەست دەکەم کاتم بۆ تەرخان دەکەم بۆئەوەی مێشکی دواکەوتووم بگەڕێنمەوە بۆ دەقەکە... ئەو خوێندنەوە قووڵەی کە جاران هاتنی ئەوەندە سرووشتی بووەتە ململانێی ڕۆژانە”.

هەمان تێبینی لەلایەن کاترین هایلز، مامۆستای ئەدەبی زانکۆی دوک تۆمارکراوە، کە لە کتێبی "خوێندنەوە و بیرکردنەوە لە دیجیتاڵ میدیادا" نیگەرانی خۆی لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەربڕیوە، کە مەترسی لەسەر پەرەپێدانی توێژینەوە و مەعریفە دروست دەکات سەبارەت بە ئەزموونەکەی وەک پرۆفیسۆر:"سەرەڕای هەموو هەوڵەکانم، سەرکەوتوو نەبووم لە هاندانی خوێندکارەکانم بۆ خوێندنەوە"، تەنانەت ئەگەر کورتە ڕۆمانێکی فۆڵکنەریش بێت... کاتێک داوایان لێدەکەم لێکۆڵینەوە لەسەر نووسەرێک پێشکەش بکەن، بۆم دەردەکەوێت ئەوان بە بەکارهێنانی گووگڵ بۆ بینینی بەشێک لە نووسینەکانی. چونکە بە سادەیی ناتوانن کتێبێک بخوێننەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی...».

هەروەها سەندیکای نیشتمانیی چاپ و بڵاوکردنەوەی فه‌ڕه‌نسا هۆشداری دا لە دۆخی خوێندنەوەی قووڵ، لە نوێترین ڕاپۆرتدا کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بە سوودەکانی کردووە و دەڵێت: "خوێندنەوەی قووڵ فەزیلەتێکی زۆری هەیە: وەک پەرەپێدانی بیرکردنەوە، گێڕانەوە لەسەر بنەمای لۆژیکی یەک لە دوای یەک و گەشەکردن یادەوەری ڕووداوەکە، چونکە سەرنج و تەرکیز بەرز دەکاتەوە، پەرەپێدانی یادگە و دروستكردنی هەستی ڕەخنەیی تاک.

هەموو ئەم شایەتحاڵانە پەنجە دەخەنە سەر ئینتەرنێت کە بەرپرسیارە لە دابەزینی وشەی نووسراو لەبەردەم ئامرازە بینراو و بیستراوەکاندا. تەکنەلۆژیا شێوازی وەرگرتنمانى گۆڕیوە، چونکە لافاوێکی ناوەڕۆکمان پێشکەش دەکرێت کە پێویستی بە خوێندنەوەی خێرا و ڕووکەش و پارچەپارچە هەیە و لەکاتێکدا بڕی ئەم ناوەڕۆکە کە وەریدەگرین زیادی کردووە، کوالێتییەکەی کەمیکردووە، و زیاتر مەیلمان بۆ زانیاری خێرا هەیە، بەڵام قووڵییەکەی بووە ڕووکەش.

توێژینەوەیەکی زانستی ئان مەنگەن توێژەری نەرویجی هەمان شت پشڕاست دەكاتەوە، کە داوای لە دوو تیمی خوێنەر کرد کورتە چیرۆکێک بخەنەڕوو، تیمی یەکەم لە ڕێگەی کتێبێکی کاغەزی و دووەمیش لە ڕێگەی کتێبێکی ئەلیکترۆنيیەوە کە ڕێگە بە گەڕان دەدات لە ئینتەرنێت، و... ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەقەکەیان لەسەر کاغەز خوێندووەتەوە سەرکەوتووتر بوون لە کورتکردنەوەی چیرۆکەکە.

بەهەمان ئەنجام توێژینەوەیەکی تری ئەمریکی کە لەسەر 170 هەزار خوێنەر ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە خوێندنەوەی کتێبێکی کاغەزی ناوچەکانی  بیرەوەری مێشك و قسەکردن و پرۆسێسی بینین چالاک دەکات، وەک شێوە و بەرگی کتێبەکە و بۆنکردن و ژمارە و ئەستووری... لاپەڕەکان هەموویان یارمەتی مێشکمان دەدەن بۆ باشتر تێکەڵکردن و پاراستنی ئەو زانیاريیانەی کە دەگەنە دەستی، بە تێپەڕبوونی کات، لە کاتێکدا چیرۆک و ڕۆمانەکانی خوێندنەوە لەسەر شاشەکان پەیوەستن بە ئەزموونێکی هەستیاری کەمتر تایبەتەوە، کەمتر پرۆسێس دەکرێن و زوو لەبیر دەکرێن.

توێژەری فه‌ڕه‌نسی ئیڤ سێتۆن، مامۆستای ئەدەبیات، پێی وایە کێشەکە گەورەترە لە ئامرازەکانی تەکنەلۆجیای مۆدێرن، وەک لە کتێبی “ئیکۆلۆژیای سەرنج”دا ئەمانەی خوارەوە دەنووسێت: “ڕاستە کە تەکنەلۆژیا بەشێکی بەرپرسە لە دابەزینەکە لە ڕێژەی خوێندنەوەدا، وەک چۆن سەرخۆشی سەرنجمان ڕادەکێشێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت مۆبایلەکان بوەستێنین" وە تابلێتی ئەلیکترۆنی، چونکە ئەوەی ڕێگریمان لێدەکات لە قووڵایی کتێب خوێندنەوەدا خۆمان سەرقاڵ بکەین، هەوڵەکانە بۆ ڕاکێشانی سەرنج کە بەرکەوتوو دەبین بۆ لە هەموو ساتێکدا... سەرنجمان بووەتە کاڵایەکی دەگمەن کە کۆمپانیاکان لە ڕێگەی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشن و سۆشیال میدیا و ڕیکلامەوە کێبڕکێی لەسەر دەکەن، ئەمەش ژینگەیەکی سەرقاڵکردنی دیجیتاڵی هەمیشەیی دروست دەکات کە تێیدا تەرکیزکردن قورسە...".

فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی هێرمۆرت ڕۆزا باسی کردووە، کە پێی وایە مرۆڤی مۆدێرن لە سەردەمێکی بێ هەناسەدان و خێرابوونی دڵەڕاوکێدا دەژی، کە ڕەنگدانەوەکانی لە کولتوور و لە هەموو بوارەکاندا دیارە، وەک ئەوەی ئێمە بە ڕوونی بووین مەیلی خێراتر خواردنمان هەبوو، و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا بە خێراییەکی خاوتر لەوەی کە باوباپیرانمان بوو. سەیرکردنی تەلەفزیۆن، پەیوەندی تەلەفۆنی، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، گواستنەوە، ئەنجامدانی کاری کارگێڕيی و خوێندنەوە هەموویان بە خێرایی ڕوودەدەن بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئاسانکاری بۆ دەکات.

مۆنا ئازۆف، فەیلەسوف و مێژوونووسی فه‌ڕه‌نسی، پێی وایە ئەوەی بووەتە ڕێگری لە خوێندنەوەمان، سەختی بەدەستهێنانی ئارامی و گۆشەگیريی و تەنانەت بێزاریشە، کە بۆتە شتێکی دەگمەن، مرۆڤی مۆدێرن چیتر حەزی لەم هەستەی دابڕان لە دەوروبەرەکەی نییە".

ساڵانێک دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی “ئینتەرنێت چی لە مێشکمان کرد؟” نیکۆلاس کار هێشتا قەناعەتی بەوە هەیە کە ئێمە چەند هەنگاوێک لە سەردەمێکی دوای خوێندنەوە دوورین، بەڵکو پێشبینی دابەزینی خوێندنەوەی قووڵ دەکات، کە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەبێتە كاری نوخبە بە تەنها. هەر ئەمەشە فەیلەسوف ماتیۆ کراوفۆرد لە کتێبی "بۆچی جیهانمان لەدەستدا و چۆن بیگەڕێنینەوە؟"ی باسی دەكات، لەوێدا باسی لە سیناریۆیەکی کارەساتبار کرد، کە تێیدا خوێندنەوەی قووڵ سنووردار دەبێت بۆ چەند کەسێک، بەڵام بۆ چەند کەسێک. لەنێو ئەو تیۆرییە ڕەشبینانەدا، هێشتا هەندێک لایەن کارێکی زۆر دەکەن بۆ چاندنی خۆشەویستی خوێندنەوە و کتێب، بەهیوای گەڕانەوەی بەهێز. کۆمەڵەی "بێددەنگ بن... دەخوێنینەوە" کە لەلایەن ئۆلیڤیێر دۆلایەر و ئەکادیمی دانیال سلیناڤەوە دامەزرێنراوە، زیاتر لە هەزار دامەزراوەی پەروەردەیی فه‌ڕه‌نسی ڕازی کردووە کە فەرمانی جیاواز پەسەند بکەن کە سنووردارە بە وەستاندنی هەموو چالاکیەکی پەروەردەیی ڕۆژانە، و تەرخانکردنی چارەکێک لە... کاتژمێرێک بۆ خوێندنەوە، هەر بارودۆخێک بێت. لەهەمانکاتدا حکومەتی فه‌ڕه‌نسا خوێندنەوەی وەک "پرسێکی نیشتمانی" تۆمارکرد و هەڵمەتێکی هۆشیاری نیشتمانی دەستپێکرد بۆ هاندانی پراکتیزەکردنی، بەتایبەتی لەنێو گەنجان لە قوتابخانەکان و میدیا جۆراوجۆرەکاندا.

 

سەرچاوە: "الشرق الأوسط"، 17 یەنایەری 2023 ز، ژمارە [ 16121].


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure