د.جەعفەر عەلی
سەرەتا
ناسیۆنالیزم و ئايين وەک چەمک و دونیابینی، دژبەر و ناکۆکن. ناسیۆنالیزم لەباری سیاسيی و کولتوورییەوە بچووک و پابەند بە سنوور و جوگرافیایەکی دیاریکراو، هەرچی دینە فراوان و دەرەسنوور. ناسیۆنالیزم هەوڵی گەڕان بە دوای ماڵێکی تایبەت و گیرسانەوە لە جوگرافیایەکی سیاسيی و کولتووری دیاریکراو دەدات، دین چاوی لەسەر کۆکردنەوەی ماڵە سیاسییە لۆکاڵییەکان و جوگرافیای کولتوورە سنوور بۆکێشراوەکانە بۆ ژێر دەسەڵات، سایە و سەیوانی تێکستی پیرۆزی نەگۆڕ و ڕێنمایی و ئامۆژگاری دینی.
ناسیۆنالیزم پێویستی بە جەنگێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیکری هەیە بۆ تێکشکاندن، هەڵوەشاندنەوە و دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی سەرزەمینی هەموو ماڵێکی گەورە و دەرەسنووری بان-نەتەوەیی، هەرچی دینە خەریکی سڕینەوە و تواندنەوەی ماڵە سنوور بۆکێشراوە بچووکەکەی ناسیۆنالیزمە لە ناو ڕووبەرە سیاسيی و جوگرافیا گەورەکەیدا، لەناو دونیابینییە سنووربڕ و فراوانەکەیدا.
ناسیۆنالیزم پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی چەمکی (ئوممەت) و (ئیمپراتۆریەت) هەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی جوگرافیا سیاسيی و کولتورییەکەی بەسەر نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکاندا، واتە گیڵنەر گووتەنی: دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی جوگرافیا سیاسییەکە لەسەر بنەمای تەباکردنەوەی بە کولتوورێکی تایبەت و دیاریکراو (دۆزینەوەی سەرپۆشێکی سیاسی بۆ کولتورێکی تایبەت)، هەرچی دینە پێویستی بە پەلکێشکردنی ناسیۆنالیزم و گوتاری نەتەوەیی هەیە بۆ لە قاڵبدانی لەناو چەمکی ئوممەت و ئیمپراتۆریەتی دینیدا.
ناسیۆنالیزم، نە تەنیا لەگەڵ بیرۆکەی ئوممەتی ئیسلامی، بەڵکو لەگەڵ بیرۆکە و چەمکی هاونیشتمانی جیهانی، کۆمۆنیزم و ئیمپراتۆریەتیش دژ و ناکۆکە، بەڵام دەشێت سوود لە هەر یەکێک لەو چەمکانە وەربگرێت بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی دیدگا و ئامانجەکانی پرسی نەتەوەیی و بونیادنانی کۆمەڵگەی فانتازیاکراوی نەتەوەیی. هەرچی دینە، پێچەوانەی ئەوە هەوڵ بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی گوتاری ناسیۆنالیستی لەناو چەمکی ئوممەت و ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکەی ئیمپراتۆریەتی دینیدا دەدات.
پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ناسیۆنالیزم و دین بەو ئەندازەیە لە ململانێ، ناکۆکی سیاسيی و فیکری قوڵدابن، ئەی چۆن و لە کوێدا دەتوانن لە ماڵێکی سیاسیدا کۆببنەوە و بۆ ئامانجێکی سیاسيی و کۆمەڵایەتی هاوبەش کۆمەک لە یەکدی وەربگرن. بەمانایەکی دی، ئایا دەکرێت ناسیۆنالیزم کۆمەک لە ماڵی دین و، دینیش بۆ هاوکاريی و یارمەتی سەر بە ماڵی دونیای فیکری ناسیۆنالیزمدا بکات؟
بەبڕوای ئێمە، ئەم پرسیارە، پرسیارێکی گرنگ و کەمتر وەڵامدراوەتەوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ڕەنگە زێدەگۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین، تا ئێستا لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردیدا، هێندەی هەستیاريی و گرنگییەکەی، بابەتییانە کاری پێویست لەمبارەیەوە نەکراوە. دەزانم، وتار، کتێب، تەنانەت لە زانکۆکانیشدا هەندێک کار لەم بوارەدا ئەنجام دراون، بەڵام جگە لە سادەیی و دووبارەیی کارەکان، کە هێزی تێرکردنی وەڵامدانەوە بە بابەتەکەیان نەبووە، هێشتا وەڵام بە کرۆکی بابەتەکە نەدراوەتەوە، یان هێشتا زیاتر پێویستیمان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی فیکريی و ئەکادیمی قوڵتر و وردتر دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لە وەڵامێکی زانستی گونجاو بە بابەتەکە. ئایا ئەم دوو چەمکە ناکۆک و دژ بەیەکە، چۆن و لە کوێدا دەتوانن تەبابن، لە جەنگی فیکريی و مێژوویی نێوانیاندا، لە هەوڵی تێکشکاندن و سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی یەکدیدا، لە کوێدا، لە کام خاڵ و کام پنت و ئامانجی سیاسيی و کۆمەڵایەتیدا، دەشێت بەیەک بگەن و سوود لە یەکدی وەربگرن.
ناسیۆنالیزم و دین، لە ڕەتکردنەوەوە بۆ دیالۆگ
لە ململانێ و بەریەککەوتنەکانی مێژوودا، زۆربەی کات، گەورەکان و بەهێزەکان، بچووکەکان و بێهێزەکانیان قووتداوە، یان هەوڵیانداوە قووتیان بدەن، بەڵام لە بابەتی ناسیۆنالیزمدا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە.
کاتێک ناسیۆنالیزم دەردەکەوێت بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات ئایدیا و ڕووبەرە گەورەکان، لۆکاڵی بکاتەوە. واتە بچووکێک دەچێتە جەنگی گەورەکانەوە، بچووککردنەوە و دابەشکردنی جوگرافیاکەیشی بە ئامانج دەگرێت.
ناسیۆنالیزم و دین، دوو چەمک و دیاردەی فیکريی و کۆمەڵایەتی دژ بەیەکی ناو مێژوون، بەڵام وەک چۆن دەشێت ناکۆک و ڕکابەربن، دەگونجێت لە پەیوەندیشدابن و کۆمەک لە یەکدی وەربگرن.
لە زانستی چەمکەکاندا، ئەگەر دین بریتی بێت لە (تێز)، ناسیۆنالیزمیش لە (ئەنتی تێز)، یان بەپێچەوانەوە، ئەوا دەکرێت لە ئەنجامی ئەو دژبەريی و ناکۆکییە مێژووییەدا، (سەنتێز)ێک بێتەبوون. واتە ناسیۆنالیزمێک لە ماڵی دین و تێگەیشتن و ماناکانی دینەوە، کۆمەک وەربگرێت، نەک ببێت بە خودی دین خۆی، یان دینێک سەربخاتە ناو دونیای فیکری ناسیۆنالیزم و بە قازانجی نەتەوەیەکی دیاریکراو و دەوڵەتی نەتەوەیی کەڵکی لێوەربگرێت.
ناسیۆنالیزم و دین بە دوای دروستکردنی شوناسی جیاوازەوەن، ناسیۆنالیزم شوناسی لۆکاڵی و دینیش شوناسی بان-لۆکاڵی و سەروونەتەوەیی. لێرەوە کاتێک شوناسە لۆکاڵییەکە لەگەڵ شوناسە بان-لۆکاڵی، یان سەروونەتەوەییەکەدا (دین، یان هەر ئایدیۆلۆژیا و ئایدیایەکی دیکەی بان-نەتەوەیی بێت) بەریەکدەکەون، دەشێت ئەم بەریەککەوتنە ببێت بە (سەنتێز)ێک، واتە پنتی بە یەکگەیشتن و کۆکەرەوەی هاوبەشییەکانی نێوان دوو شوناسە ناکۆک و دژ بەیەکەکە، بەمەش پرسی شوناس هەنگاوێک بەرەوپێش دەچێت. لە ئەنجامی هاوکاريی و کۆمەکی نێوان دوو شوناسی جیاوازدا، سەنتێزێک، کە دەکرێ بچووکتر لە ئایدیۆلۆژیا و ڕووبەری دینی و، گەورەتر لە دونیابینی بچووک و لۆکاڵی بەر لە نەتەوەیی بێت، پێکبێت.
لێرەوە دەکرێت بڵێین: کاریگەرییە دیالێکتیکییەکە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ کاریگەری دیالۆگیکیتاڵی. بەمانا لەبری بەیەکدادان و ڕەتکردنەوەی یەکدی، لەبری هەوڵدان بە ئاڕاستەی سەپاندنی شوناسێکی تایبەت و تاکڕەهەند بەسەر گرووپەکاندا، دیالۆگ و پەیوەندی لە نێوان ناسیۆنالیزم و دیندا دروست دەبێت.
ناسیۆنالیزم و دین، لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵات
پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و دین، پەیوەندییەکی ئارام و سەقامگیر نییە. خاڵی جەوهەری ناکۆکی نێوانیان پەیوەندی بە داگیرکردنی وەلای تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، هەردووکیان کار بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕەنگکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە بە ڕەنگی تایبەتی خۆیان دەکەن. بەکورتی هەردووکیان دژ بە دابەشکردنی وەلا دەوەستنەوە.
ناسیۆنالیزم و دین، هەردووکیان، بەڵام بەجیاوازییەوە لەسەر بنەڕەتی بیرۆکەی موقەدەس دامەزراون، ئەم بیرۆکەیە لە ئایدیای دینیدا ڕەهاتر، توندتر و جێگیرترە. بەگشتی ئایدیای دینی هەست و ترسێکی شاراوەی نە تەنیا لە ناسیۆنالیزم، بەڵکو لە هەر بیرۆکە و ئایدیایەکی دیکەیش هەیە، کە بخوازێت دونیای لەگەڵ دابەش بکات، یان بزانێت دەبێتە ڕێگر، یان مەترسی لەبەردەم دروستکردنی دونیا ئایدیاڵە یەکڕەنگەکەی ئەو، لە بەرانبەریشدا ناسیۆنالیزم هەمان هەست و ترسی، بەڵام لە فۆرمێکی دیکەدا، لە فیکری دینی هەیە. گەورەترین ترسی ناسیۆنالیزم لە فیکری دینی، ترسە لە بیرۆکەی بان-نەتەوەیی و دەرەسنوری ئەو، ترسێک ناسیۆنالیزم و هەر بیرۆکەیەکی دیکەی بان-نەتەوەیی نادینیش لە بەرانبەر ئایدیا و فیکری دینی و موقەدەسی دینیدا هەیانە. هەرچەندە ترسی شاراوەی ناسیۆنالیزم بەرانبەر بە دین، لەو ترسە بچووکتر و کەمترە، کە دین لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمدا هەیەتی، چونکە ئەوە ڕوونە، لە دونیای مۆدێرندا ناسیۆنالیزم نکۆڵی لە بایەخی دین وەک یەکێک لە بنەما پێکهێنەرەکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوە ناکات. ناسیۆنالیزم هاوشانی زمان، کولتوور، جوگرافیا و بنەما بابەتییەکانی دیکە، بایەخی دینیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییەی لە یەکخستن و یەکڕەنگکردنی پێکهاتی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی مرۆڤەکان و ئەو ڕۆڵەی دەتوانێت لە بیناکردنی کەسێتی نەتەوەدا بیبینێت، فەرامۆش ناکات. لێرەدا دین دەبێتە ڕەگەزێک لەو ڕەگەزە بابەتییانەی ناسیۆنالیزم پێویستی پێی دەبێت. لە بەرانبەردا دین، نکۆڵی لە هەر ڕۆڵێکی کاریگەری ناسیۆنالیزم لە بیناکردنی فیکری دینیدا دەکات، چونکە بونیادی دینی بە کۆ سەر بە دونیای فیکری ڕەهابوونە (المطلق)، بە مانا لەنێو ڕووبەرێکدا کاردەکات لە دەرەوەی جیهانی کۆمەڵایەتییەوە هاتووە، واتە گەردوونی، سەرووجوگرافی، نامێژوویی و بان-نەتەوەییە.
وێڕای ئەوانەی ئاماژەیان پێدرا، دەبێ ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین، کە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت کاریگەری بەسەر ناوەرۆکی دین و گوتاری دینییەوە دابنێت، دەتوانین بڵێین، زۆر کات ئایینەکان دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو ژینگەیەی، کە تێیدا هاتوونەتە بوون، کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی کۆمەڵگەش لە پرۆسەی ئەم پێکهاتن و هاتنەبوونەدا ڕۆڵی خۆیان دەبینن. ڕاستە ئەو ڕۆژگارە، بیرۆکەیەک بەناوی ناسیۆنالیزم و چوارچێوەیەکی سیاسیش بەناوی دەوڵەتی نەتەوەییەوە بوونی نەبوو، بەڵام دەتوانین بڵێین، بڕێک لە بیرۆکەکانی، بۆ نموونە دینی یەهودی (پێویستی گەل) لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا تەبابوویەوە، کە دواتر بە ناسیۆنالیزم ناسرا. لێرەدا دین چووەتە خزمەتی مەبەستێکی سیاسی، کە بریتیبوو لە (گەل). خودا، خودای گەل و، گەلیش، گەلی خودا بوو. خودا (یهوە)، بەو سیفەتەی گەلی هەڵبژێردراوی خودان، خودای عیبری بوو، واتە ناسیۆنالیزم و دین ئاوێتەی یەکدی بوون و وەک یەک بابەت مانەوە و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کاریان کرد.
لە جیهانی مەسیحییەتدا، سەرەتا کەنیسە مۆرکێکی کاسۆلیکی وەرگرتبوو، وەک قەوارەیەکی دەسەڵاتخواز، هاوشان و سەربەخۆ لە دەوڵەت جێگەی گرتبوو. دوو ئیمپراتۆرییەت، کە هەردووکیان یەک شت بوون. لەناو یەک چوارچێوەدا هەبوون: ئیمپراتۆریەتی سیاسی ڕۆمانی و ئیپمراتۆریەتی دینی کاسۆلیکی. کەنیسەکانی ڕۆژهەڵات، کە دواتر سەربەخۆ بوون، بەشێوەیەکی ڕێژەیی مۆرکێکی نەتەوەییان وەرگرتبوو، دواتریش ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی سەربەخۆییدا بینی.
لە سیاقی ئەوروپی نوێدا، نەتەوە تازەکان لە هەناوی ئەو ئیمپراتۆریەتەی لە یەککاتدا کەنیسە و دەوڵەتی ڕۆمانیشی لەخۆگرتبوو، لەدایکبوون. ململانێی نێوان کەنیسە و پاشاکان ڕۆڵی خۆی لە چەسپاندنی بنەماکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوەدا بینی (خواستی پاشاکان بۆ سەربەخۆیی لە کەنیسە، خواستی کەنیسە بۆ پاراستنی گەلان و کەمینەکان). هەمانکات بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئاینی ڕۆڵی لە گەورەکردنی فیکری ناسیۆنالیزمدا بینی و بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی بەچوونە پاڵ و هێز وەرگرتن لە بزووتنەوەی چاکسازی هەنگاوێکی گرنگ چوونەپێش.
لەتبوونی دونیای پیرۆزی مەسیحی، وایکرد پرۆتستانییەت لەگەڵ گەشەکردنیدا پشتگیری لە فراوانبوونی زمان و ئەدەبی نەتەوەیی و داهێنانی چاپەمەنی دەکرد. بەمەش ئەدەبی نەتەوەیی لە سنورێکی فراوانتردا دەگەیشتە بەردەستی خەڵک و هۆشیاری نەتەوەیی بەهێز دەکردن.
ڕیفۆرمی پرۆتستانتی، پەرەسەندن و جێگیربوونی زمانە لۆکاڵییەکان و چاپەمەنی سەرمایەداری، هۆکاری گرنگ بوون لە پاشەکشەپێکردنی زمانی لاتینی وەک زمانی سێنتڕاڵ، زمانی دەسەڵات، زمانی پیرۆزی نووسین و خوێندنەوە، دواتریش چۆڵکردنی شوێنەکەی بۆ زمانە لۆکاڵی و نەتەوەییەکان. کارکردن بۆ جێگەگرتنەوەی زمانی لاتینی، لەلایەن زمانە لۆکاڵییەکانەوە و بەرزبوونەوەیان بۆ ئاستی زمانی دەسەڵات، بێ کێشە و ململانێ نەبوو، هەر هەوڵدانێکی زمانە لۆکاڵییەکان بۆ جەختکردنەوە لە تایبەتمەندییەکانی خۆیان و وەرگرتنی مانا و شوناسێکی جیاوازتر، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی زمانی لاتینی، زمانی پیرۆزی دەسەڵات و پیاوانی کەنیسە، ڕێگەیەکی دیکەی نەبوو. سەرەنجام ئەو هەوڵانە چەند بەشداربوون لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی فەنتازیاکراوی مەسیحی، هێندەش ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم و کۆمەڵگەی نەتەوەیی.
لە جیهانی ئیسلامیشدا، چەمکی ئوممەت و سروشتی بان-نەتەوەیی دین، بنەمای گرنگ و ستراتیژی دەوڵەتی خیلافەت بوون. هەر بیرۆکەیەک لەڕووی تیۆريی و هەر هەوڵدانێکی پراکتیکیش بۆ دەرچوون لەو بازنەی پیرۆزییە، ڕاستەوخۆ بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی دینی بوو. بەڵام لەو دونیای ڕەهابوون و پیرۆزییەشدا، واقیع ئاماژە بە سیما و تایبەتمەندی جیاواز لە نێوان گەلان و ناوچە جیاجیاکانی دەسەڵاتی خیلافەت دەکات، کە وردە وردە لە ڕێی هەوڵدان بۆ دابڕان و جیابوونەوە لە ناوەندی خیلافەت و سێنتراڵیزەکردنی دینی، هەوڵیاندەدا گوزارشت لە بوونی سەربەخۆی خۆیان و شوناس و تایبەتمەندییە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەن.
بەگشتی دەتوانین بڵێین، ئیمپراتۆریەت، لە هەر فۆرمێکیدا بووبێت، لەبەردەم هەوڵەکانی خۆناسین و گوزارشت لە تایبەتمەندییە لۆکاڵییەکان تێکشکا و سەرەنجام ناسیۆنالیزم توانی لەناو ڕووبەری دەسەڵاتی پیرۆزدا، نەک هەر ڕووبەرەکانی پیرۆزی دینی و دونیایی تێکبشکێنێت، بەڵکو لە زۆر نموونەی مێژوویی و بڕگەی مێژووییدا، خودی پیرۆزییەکانیشی کردن بە بەشێک لە بەرەوپێشبردن و چەسپاندنی دونیابینی فیکريی و سیاسی خۆی.
گەڕان بۆ ناسیۆنالیزم لە ناو دیندا
ناسیۆنالیزم جۆری جیاواز و ڕەنگی جیاوازی هەیە، هەمانکات مانا و پێناسەی جیاوازیشی پێدراوە. لە هەموویان ئارامتر و نەرمتر، کە هاوسۆزە لەگەڵ دیدگا نەژادیى و ئاینییە جیاجیاکان، لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبوون سەیری گرووپ و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەکات، ناسیۆنالیزمی مەدەنییە. بێگومان ترسناکترین و مەترسیدارترینیشیان ناسیۆنالیزمی ئۆرگانی (Organic Nationalism) و ناسیۆنالیزمی دینییە (Religious Nationalism).
ناسیۆنالیزمی ئۆرگانی، یان نەژادی، فۆرمێکە ناسیۆنالیزم لە ڕێگەیەوە گەل، نەتەوە، وەک قەوارەیەکی ئۆرگانی پێناسەی خۆی دەکات، ئیرادەی مرۆڤەکان وەک تاک و وەک مرۆڤی ئازاد دانیپێدانانرێت. نەتەوە وەک یەکەیەکی نێوکۆیی ئۆرگانی سەیر دەکرێت، کە لە شێوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ بەیەکدییەوە بەستراونەتەوە، نە بۆ دابڕان لە یەکديی و نە بۆ جیاکردنەوە گونجاو نابێت، یەکیان پابەندی ئەویدیکەیە و یەکدی تەواو دەکەن. ئەندامانی نەتەوەش بەهەمانشێوە یەکیان پابەندی ئەویدیکە دەبێت و دواتریش یەکە کۆمەڵایەتییە گەورەکە، کە نەتەوەیە تەواو دەکەن. ئینتیمای نەتەوەیی لێرەدا ئینتیمایەکی ئازادانە نییە، بەڵکو پابەنديی و پەیوەستییەکی گشتی ئۆرگانی حەتمییە، تەنانەت دەشێت بایۆلۆژی بێت لەڕووی حەتمییەوە. واتە ئینتیما دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی بۆماوەیی و دەچێتە دەرەوەی دەسەڵاتی تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە، ئینتیمایەکە لە سیاقی ژیانی سیاسيی و کۆمەڵایەتی بەدەستناهێنرێت، بەڵکو پێشوەختە سەپێنراوە و حەتمییە.
هەرچی ناسیۆنالیزمی دینییە، وەک بزووتنەوەیەکی ڕاستڕەو خۆی پێناسە دەکات، ڕاسیزمی دینی تێکەڵ بە باڵابوونی نەتەوەیی (الاستعلاء القومي) دەکات. ئەم فۆرمە لە ناسیۆنالیزم، زۆربەی کات دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی ڕاسیستی و کەمایەتییە ئایینی و نەژادییەکانی دی بە ئامانج دەگرێت.
لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەی سەرەتا پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و دین. کاتێک دەڵێین، ئەم دوو چەمکە فیکريی و کۆمەڵایەتییە دەتوانن لە پەیوەندیدابن و کۆمەک بە یەکدی بکەن، مانای ئەوە نییە بەرەو دروستکردنی فۆرمی ناسیۆنالیزمی دینی بچین، یان ناسیۆنالیزمی دینی پێکبهێنرێت، یان کار بۆ پێکهێنان و داڕشتنی بنەما تیۆرییەکانی ناسیۆنالیزمی ئۆرگانی، یان نەژادی بکەین. مەبەست لەم پەیوەندییە ئەوەیە، دەرەنجامی پەیوەنديی و کۆمەکی نێوانیان بخرێتە خزمەت فۆرمێکی تایبەت و مۆدێلێکی نەرمی ناسیۆنالیزمەوە، کە ناسیۆنالیزمی مەدەنییە. ناسیۆنالیزمێک هێزی ئەوەی هەبێت جیاوازییە کولتووری، دینی و نەتەوەییەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیانە و پرەنسیپەکانی مافی هاوڵاتیبوون و ڕێزگرتن لە بوون و بژاردەی ئازادانەی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. بەم مانایە، لە دەرەوەی کارکردن بۆ ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی و لە بەرانبەریشدا بونیادنانی دونیابینییەکی دینی لیبڕاڵ، دەرفەتەکانی گونجان و بەیەکەوە کارکردن لە نێوان ئەم دوو جیهانبینییە جیاوازەدا، تاڕادەیەک هەم بچووکتر دەبێتەوە، هەم ئاستەنگی گەورەیشی بۆ دروست دەبێت.
ناسیۆنالیزمی نەژادی توندڕەو و پەڕگیر، هەروەها دینێک توند دەستی بە تێکستی نەگۆڕ و بنەماکانی موقەدەسی ئەبەدییەوە گرتبێت، کارێکی قورسە بتوانن لەگەڵ هیچ دونیابینییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرەوەی خۆیان و لە خۆیان جیاواز، تەبا و گونجاو بن، چونکە زمان و تێکستی پیرۆز لەژێر عەبای هەر ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکەیەکدا کاربکات، نەک دەرفەتەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیدی، بەڵکو خودی بازنەکانی گفتوگۆش تا ئاستی مەحاڵ بچووک دەکاتەوە. ئەگەر تۆ نەخشەی ژیانی بوون و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیت لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی دیارى کرد، ئەگەر سەرەتا بۆ کۆتایی ژیانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتت خستە ناو بازنەی حەتیمییەتی مێژووییەوە، ئیدی بۆ دەسەڵات و دەستکەوتی دونیایی نەبێت، وەکو دین پێویستییەکت بە کۆمەکی بیرۆکە و ئایدیاکانی دەرەوەی خۆت نابێت، لێرەوە دین ئەستەمە بتوانێت لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا کاربکات، بەڵام ناسیۆنالیزم بۆ بردنەپێشی ئایدیا و گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، توانای سوودوەرگرتن لە دینی دەبێت. ڕەنگە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، ئێرانی، تورکی، سیڕب و کروات و بۆسنەییەکان، نموونەی زیندووی ئەم بۆچوونەمان بن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی شا عەباسی یەکەمی سەفەویدا (١٥88-١٦٢٩)، فەریزەی حەج بەرەو ماڵی خودا لەکارخرا و فرمانی کرد لەبری مەککە، ساڵانە بۆ حەجکردن ڕوو لەو مزگەوتە بکەن کە لە شاری مەشهەد دروستیکردبوو. واتە شا عەباس لە ڕێی ئەم بڕیارەیەوە هەوڵیدا ڕەگەزی دینی بخاتە خزمەت ئەجێندای سیاسی دەوڵەتەوە، چونکە بەم فرمانەی ڕێگری دەکرد لەوەی دراوی مامەڵەپێکراوی وڵاتەکەی لەکاتی تێپەڕبوون بەرەو مەککە وەک باج بدرێت بە دەوڵەتی عوسمانی. لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەویشەوە بۆ ئێستا، واتە لە دەسەڵاتی عەلمانی پەهلەوییەکانەوە بۆ دەسەڵاتی دینی ئایەتوڵڵاکانی ئێستا، هەمیشە بۆ نەفیکردنەوەی ئەوانیدی و سەپاندنی یەکڕەنگی لە ئێراندا، ناسیۆنالیزمی ئێرانی یارییەکەی لە دەرەوەی دین و مەزهەبە دینییەکانی ئیسلامدا نەکردووە.
ئەگەر دیقەت بدەین، کەسێکی مەسیحی حیزبی بەعس دادەمەزرێنێت، بەڵام لە فیکری سیاسيی و کۆمەڵایەتی ئەو حیزبەدا، دینی ئیسلام بنەمایەکی گرنگی کۆکردنەوە و یەکخستنی نەتەوەی عەرەب دەبێت، دین وەک ئامرازێک دەخرێتە خزمەتی بەهێزکردنی ناوەوەی نەتەوەی عەرەب و لەڕووی کۆمەڵایەتی سایکۆلۆژییەوە یەکیاندەخات.
بەعس لەو حیزبە سیاسییانەی دونیای عەرەبە، هەوڵدەدات دینی ئیسلام لە سروشتێکی خوداییەوە بۆ پەیامێکی تایبەتی عەرەب و لەوەش بچووکتر بۆ پەیامێکی حیزبی بگۆڕێت. بەگوێرەی تیۆریسین و دامەزرێنەری حیزبەکە، میشێل عەفلەق، بەعس هەوڵدەدات دینی ئیسلام و پان-عەرەبیزم بەیەکەوە بگونجێنێت، تا لەم ڕێگەیەوە کۆی جیاوازییەکانی دونیای عەرەب بەرەو کاڵبوونەوە و سڕینەوە ببات. لە دیدی بەعسدا، ئیسلام گوزارشتە لە ڕۆح و سایکۆلۆژییەتی عەرەب. نەتەوەی عەرەب لە ڕێی پێغەمبەرەکەیەوە (محەمەد) هەڵبژێردراوە تا پەیامی ئیسلامی بڵاوبکاتەوە. داستانی ئیسلامی لە پێگە سروشتییەکەی خۆی جیاناکرێتەوە، کە بریتییە لە خاکی عەرەب، هەروەها پاڵەوان و کارەکتەرەکانی هەموویان عەرەبن. خودا دەیتوانی زووتر و لەناو نەتەوەی دیکەدا پەیامەکەی بڵاوبکاتەوە، بەڵام نەیکرد، چونکە مەبەستی بوو نەتەوەی عەرەب و پاڵەوانێکی عەرەبی هەڵبژێرێت.
بەعس هەموو هەوڵێکیدا، نە تەنیا سوود لە ئیسلام بۆ فیکری پان-عەرەبیزم وەربگرێت، بەڵکو خودی دینیش بکاتە بەشێک لە فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و لەوەش زیاتر لەناو خودی ناسیۆنالیزمدا بۆ پیرۆزییەکانی دین بگەڕێین. بەعس بۆئەوەی خاڵێکی بەهێزی کۆکەرەوەی هاوبەش بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتانی عەرەبی بدۆزێتەوە، تا بتوانێت لە یەک چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیدا یەکیانبخات و بنەمای تیۆری یەکڕەنگی و لێکنزیکی زیادتریان بۆ دروست بکات، کاری لەسەر فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دینی ئیسلام وەک کولتوور کردووەتەوە. بۆ نموونە، مارۆنییەک، قیبتییەک، دەبێ خۆیان بە عەرەب بزانن و لەگەڵ فیکری ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا گونجان و تەباییەک دروست بکەن. گرنگ نییە ئەوان مەسیحین، یان هەر شتێکی دی، گرنگ ئەوەیە خۆیان لە مسوڵمانێکی عەرەب جیانەکەنەوە، چونکە ئیسلام وەک چۆن بۆ عەرەبێکی مسوڵمان کولتوورێکە، بۆ عەرەبێکی مەسیحی و هەر ئاینێکی دیکەیش، کولتوورێکە. ئەوەی هەردووکیان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و دەیانخاتە بەردەم یەک ستراتیژ و ئامانجی سیاسی، ئەو ناسیۆنالیزمە عەرەبییەیە، کە کرۆکەکەی بریتییە لە ناسیۆنالیزمی بەعس.
تەواوی مێژووی دەوڵەتی تورکیای نوێش لە کەمال ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆغان لە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و دین بەدەر نییە. سیاسەت و بەرژەوەندی لە هەموو بڕگەکانی مێژووی ئەو وڵاتەدا، دەسەڵات عەلمانی بووبێت، یان ئیسلامی، ناسیۆنالیزم و دین دووانەیەکی لە یەک دانەبڕاو بوون.
ئەتاتورک بۆ سەرخستن و چەسپاندنی ناسیۆنالیزمی نەژادی و پەلاماردەر لە تورکیا هێندەی توانی بۆ هێنانە ژێرباری گەلانی ناتورک بۆ ناو پرۆژە ناسیۆنالیستییەکەی، سوودی لە دینی ئیسلام و دروشمی برایەتی دینی وەرگرت. لە هەندێک قۆناغدا بە ئاشکرا، یان شاراوەیی، دەوڵەتی تورکیا پشتگیری لە کاروباری ئایینی ئیسلامی کردووە. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک عەدنان مەندریس، سەرۆکی "حیزبی دیموکرات" دەسەڵاتی گرتەدەست، نە تەنیا پشتگیری دروستکردنی مزگەوت، بەڵکو هاندەریش بوو تا بە زمانی عەرەبی بانگ بدرێت و پەیمانگای ئیسلامیش بکرێتەوە. کودەتای ساڵی ١٩٨٠یش کرا بە بۆنەیەکی دیکە بۆ ڕەخساندنی هەلی زیادتر بۆ کاریگەری ئايینی لەسەر کۆمەڵگە و یاساکانی تورکیا. ڕەنگە دیارترینیشیان ئەوە بێت، ماددەی ٢٤ لە دەستوری ساڵی ١٩٨٢، بڕیاری لەسەردراو وانەی ئايینی و ئاکاری لە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا کرد بە بابەتی ئیجباری. تۆرگوت ئۆزالیش، باوەڕی بە کرانەوەی دەوڵەت بەڕووی ئیسلامیيەکاندا هەبوو، تەنانەت شەخسی خۆیشی وەک بەشێک لە ڕەچاوکردن و هاندانی ئەو کرانەوەیە، لە مزگەوتەکاندا نوێژی دەکرد. مەسعود یڵماز ساڵی ١٩٩٣ گووتی: ئایین سیمایەکی سەرەکی کەسێتی نەتەوەیی تورکە. تانسۆ چیللەر گووتی: ئێمە خاوەنی کەلەپووری ئیسلامی خۆمانین. تەنانەت ژمارەیەک لە نوێنەرانی حیزبەکەی چیللەر، "پارتی ڕێگای ڕاست"، پێشنیازیان کرد مزگەوتی ئایاسۆفیا بۆ خوداپەرستی بکرێتەوە.
لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکی "پارتی سەلامەی نیشتمانی" ئیسلامی کێشەیەکی نەبوو بۆ هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ بوڵەنت ئەجەویدی عەلمانی. جارێکی دی، سیاسەت و بەرژەوەندی لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٦دا، نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکی "پارتی ڕەفاهی ئیسلامی"، کە پیاوێکی ئیمانداری حەفتا ساڵەی پابەندی شەرع و دینی ئیسلام بوو لە پاڵ ژنێکی پەنجا ساڵەی سفوری جوان و قژ زەردەوە بۆ ڕاگەیاندنی پێکهێنانی یەکەمین حکومەتی هاوبەش بە سەرۆکایەتی سیاسییەکی ئیسلامی لە مێژووی تورکیادا ڕادەگرێت، دەشزانین کە چیللەر، نیشانەیەک بوو بۆ ژنێکی ئازاد و هاوچەرخ بە مانا خۆرئاواییەکەی، سەرۆکی یەکێک لە حیزبە عەلمانییە بەهێزەکانی ئەوکاتی تورکیاش بوو. واتە سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی تورکی، سەنتەری بیرکردنەوە و کێشەکان بریتی نەبووە لە جیاوازی نێوان عەلمانییەت و ئیسلامی، بەڵکو بریتیبووە لە یەکخستنی تواناکان لە بەرانبەر مەترسییەکان، هەموو ئەو گرووپ و نەتەوە جیاوازانەی، کە ئەوان وەک مەترسی ڕاستەقینە بۆ سەر ئەو ناسیۆنالیزمە نەژادییە دەیبینن. چونکە نە ناسیۆنالیزمی عەلمانییەکان و نە دروشم و چەمکی "برایەتی ئیسلامی" هێزە ئیسلامییەکان، کە هەرگیز نەیانتوانی خۆیان لەو پەتای ناسیۆنالیزمە ئۆرگانی و نەژادییە مێژووییەی دەوڵەتی تورکیا پاک بکەنەوە، هێزی ئەوەیان تێدا نەبوو باوەڕ بەوە بهێنن، ئەوەی لە تورکیادا بوونی هەیە، پەیوەندی بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری نەتەوەیەکی چەندین ملیۆنییەوە هەیە، کە کوردە و جیاوازن لە تورک، نەک مەسەلەی تیرۆر. وەک چۆن عەلمانییەکانی وەک ئەجەویت، سلێمان دیمیریل، مەسعود یڵماز و تانسۆ چیللەر و ئەوانیدیکەیش دژ بە ڕێگەچارەی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد، وەک مەسەلەیەکی سیاسيی و نەتەوەیی بوون، بە هەمانشێوە، ئیسلامییەکانیش دژ بە خوێندن و پەخش بە زمانی کوردی بوون لەو وڵاتەدا، چونکە سیاسییەکی وەک ئەربەکان، کە بەناوی "برایەتی ئیسلامی"یەوە دەنگی کوردی مسوڵمانی بەدەست دەهێنا، بڕوای وابوو کارێکی وەها (پێش بە هێنانەدی برایەتی ئیسلامی دەگرێت و مەیلی جوداخوازی بەهێز دەکات).
ئەگەر سەیرێکی دەسەڵاتەکەی پارتی ڕەفاهی ئیسلامی لە تورکیا بکەین، کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ بە سەرۆکایەتی ئەو حیزبە حکومەت پێکهێنرا، وێڕای بەڵێنەکانیش، بەڵام لە پەیوەند بە مافە سیاسيی و کولتورییەکانی کورد، نەیتوانی جیاوازییەک لەگەڵ هێزە عەلمانییەکانی پێش خۆی پێشانبدات. واتە مسوڵمانبوون، یان ڕایەڵەی پەیوەندی دینی و چەمکی برایەتی ئیسلامی، نەیتوانی ببێت بە ئەڵتەرناتیڤی ناسیۆنالیزمی تورکی، هەروەک چۆن نەیتوانی بە دروستکردنی متمانە بۆ دروستکردنی سەرزەمینی هاوبەش بۆ بەیەکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکان، ببێتە ئەڵتەرناتیڤیش بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی. یان ڕاستتر دەتوانین بڵێین، کارێک بۆ ئەوە نەکرا و نەبوو بە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی لەو وڵاتەدا. هەمان ئەم بۆچوونە بۆ دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتی دادوگەشەپێدانیش لە ئێستای تورکیادا ڕاست دەردەچێت.
سەرچاوەکان
١. ئومیت جزرە، ساکاڵیئوۆغڵوو، ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەیەکی ئیسلامییەوە، گوتاری نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا. لە: کۆمەڵێک توێژەر، ناسیۆنالیزمی کوردی، و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، ب١، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی.
٢. د.جەعفەر عەلی، ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی، چ٢، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٣.
٣. محەمەد نورەدین، تورکیا لە سەردەمی گۆڕاندا (نیگەرانیی شوناس و ململانێی ئەگەرەکان )، و: ئازاد بەرزنجی، چ١، دەزگای چاپ و پەخشی سەدەم، سلێمانی، ٢٠٠٠.
٤. هاکان ئوزئۆغلو، کاریگەری ئیسلام لەسەر دروستبوونی ناسیۆنالیزمی کورد. لە: کۆمەڵێک نووسەر، ناسیۆنالیزمی کورد و ڕوانگەی ڕۆژئاوا، و: وریا ڕەحمانی، چ١، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٢.
٥. أوموت أوزكيريملي، نظريات القومية (مقدمة نقدية)، ت: معين الامام، مراجعة: فايز الصياغ، ط١، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، بيروت، ٢٠١٣.
٦. أفيل روشفالد، القومية العرقية وسقوط الامبراطوريات، أوروبا الوسطی، و روسيا، والشرق الأوسط، (١٩١٧-١٩٢٣)، ترجمة وتقديم: عاطف معتمد وعزت زيان، ط١، المركز القومي للترجمة، القاهرة، ٢٠١٢.
٧. بندكت أندرسن، الجماعات المتخيلة، ت: محمد الشرقاوي، سوريا، ١٩٩٩.
٨. ميشيل عفلق، في سبيل البعث، دار الحرية للطباعة، بغداد، ١٩٨٢.
٩. العميد عباس شوكت طربوش العميري، الاسرة الصفوية من التصوف الی الدولة، التاريخ السياسي للدولة الصفوية.
١٠. E.Gellner, Nations and Nationalism, Newyork, University Press, 1983.
١١. http://www.almesbar.net/2
١٢. http://www.alhesn.net