شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم، مامۆستا لە زانکۆى هەڵەبجە
پێشەکى:
ڕووداوەکانى سەرەتاى ئەم سەدەیە پێمان دەڵێت کە گۆڕانکارى گەورە بەڕێوەیە، ئەم مرۆڤەى ئێستا بەهۆى کاریگەرى تەکنەلۆژیا و دەستەبەرکردنى زۆرێک لە خواستەکانى، بەهۆى زۆرى ئەو فشارە دەروونيى و فیزیکییەى کە بەهۆى سەرهەڵدانى نەوە نوێکانى پەیوەندى و ئامڕازەکانى کۆنتڕۆڵکردنەوە ڕووبەڕووى بۆتەوە، لە مرۆڤێکى دەستەمۆ زیاتر لەهیچى دیکە ناچێت، ئەم تێڕوانینە بەماناى ئەوە نایەت کە چیدیکە شۆڕش و هەوڵدان بۆ گۆڕانکارى ڕیشەیی ڕۆڵ و کاریگەرى نەماوە، بەڵکو بەومانایەى کە هیچ هەوڵێک بۆ گۆڕانکارى نییە، ئێستا مرۆڤەکان لەنێو سنوورى ئارامى ژیانی خۆیاندا کاتەکانیان بەسەردەبەن، ئەمەش دەبێتە هۆى مانەوەى مرۆڤێکى تاک ڕەهەند، ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ گێرانەوەى سەرەتاکانى ئەم دۆخە نەخوازراوە چەقبەستووە، هەوڵێکە بۆ ناساندنەوەى دەرکەوتەکانى و جیاکردنەوەکانى تاکگەرایی نوێیە لە سەردەمى ئێستاماندا.
1- بیبلۆگرافیاى([1]) ڕووداوەکان
گێڕانەوە، یەکێکە لە هۆکارەکانى فێربوون. کاتێک فێربوون پەرچەکردارى جیاوازییەکانى ژینگەى دەرەوەى مرۆڤ بێت، دەتوانێت گێڕانەوەى ڕووداوەکان، بکاتە مەشخەڵێک بۆ تێگەیشتن لە: هۆکار و ئامانجى ڕەفتارەکانى مرۆڤ، لە سەردەمە جیاواز و ناوچە جیاوازەکاندا.
زۆربەى زانستە کۆمەڵایەتيى و سروشتییەکان. پرنسیپەکانى تۆمارکردنى ڕووداو و ئەزموون و ئەنجامەکانیان لە: (بیبلۆگرافیا)یەکدا تۆمارکردووە. کە ئەویش دەبێتە سەرچاوەیەکى مەعریفی باوەڕپێکراو بۆ داهاتوو، بەتایبەتى ئەگەر تۆمارەکانى نێو ئەو (بیبلۆگرافیا)یە، بەبێ هیچ دەستوەردانێکى مەبەستدار، تۆمارکرابێتن.
مەخابن ئێمە لەم وتارە کورتەدا، ناتوانین بیبلۆگرافیاى ڕووداوگەلێکى دژبەیەکى کۆتاییەکانى سەدەى بیستەم تاوەکو ئێستا، دووبارە بنوسینەوە؛ بەڵام بەپێویستى دەزانین، ئاماژە بەچەند وێستگەیەکى ئەو تۆمارە بدەین:
1-1: نوێبوونەوە و کرانەوە (بیریسترویکا و گلاسنوست)
پاش گەیشتنى (میخائیل گۆرباتشۆف)([2]) بە دەسەڵات لە یەکێتى سۆڤییەتى پێشوو، دوو پڕۆژەى زۆر گرنگى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە ئەوانیش: بیریسترویکا و گلاسنوست بوون. ئەم دوو پڕۆژەیە، هەرچەندە ڕەتکردنەوەى سیاسەتى پلاندنانى مەرکەزى ئابووريى و ڕەوابوونى موڵکییەتییان بەخشى لە سنوورێکى دیاریکرداودا، هەرچەندە شۆڕشێکى نێو شۆڕش بوو بەسەر شاردنەوە و سەرونگومکردنى ڕاستییەکان، بەڵام لەڕاستيدا ڕەتکردنەوەى سۆسیالیزم بوو بەوەى کە: چیدیکە ناتوانێت بەو شێوازەى کە هەیە بەردەوام بێت. کەواتە، ئایا ئەمە دانپیادانانى شکست نەبوو؟ ئایا ئەمە ڕاگەیاندنى سەرکەوتنى سەرمایەداری نەبوو؟ یان ئەم وەرچەرخانە، سەرکەوتنى هزرى تاکگەرایی نەبوو بەسەر کۆمەڵگەراییدا؟
1-2: لەبەریەکهەڵوەشانى نەتەوە گەورەکان
(سامۆئیل هانتکتۆن)[3] لەوەڵامى هەریەک لە تیۆرەکانى: (نەرمەهێزى جۆزێف ناى و دەرکەوتن و کەوتنى وڵاتە عەزیمەکانى بۆل کینیدى)دا، پێیوایە کە: جەنگى سەدەى بیست و یەکەم و دواى کەوتنى یەکێتى سۆڤییەت، ئیدى ململانێکە لەنێو شارستانێتەکاندا دەبێت. بەڵام، دواى لەبەریەکهەڵوەشانى یەکێتى سۆڤییەت، ئەو هەرەسە پەلیکێشا بۆ وڵاتانى دیکە: وەک یوگسلاڤیا، زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات، وڵاتانێکى دیکەى چەقى ئەفریقیا. واتە، ململانێکە لەبرى ئەوەى مۆرکى ململانێی نێو شارستانیەتەکان وەربگرێت، بووە ململانێی نێو خودى هەندێک نەتەوەکان و تا ئێستاش بەردەوامە.
1-3: یانزەى سێپتێمبەر
(بیرل هاربر، سەنتەرى بازرگانى نێودەوڵەتى) دوو ڕووداون لە یادەوەريى و بیرەوەرى تاکى ئەمریکى و دەسەڵاتى ئەمریکى لەبیر ناکرێن و سارێژ نابن، ئەو دوو ڕووداوە وەک ئەو تیرە وابوون کە نێچیرەکانى پێڕاو نەکرا و بەئاگاى هێنانەوە. ئەمریکا پاش ئەوەى خۆى بەبراوە و ڕابەرى جیهان دەهاتە بەرچاو، یانزەى سێپتێمبەر بەئاگاى هێنایەوە کە ئەم سەدەیە، وەک دەڵێن (سەدەى ئەمریکا) نییە. بۆیە کاتێک جۆرج بۆشى کوڕ دەڵێت: "ئەوەى لە جەنگى دژ بەتیرۆر لەگەڵ ئێمەدا نییە، دژى ئێمەیە" تەواو جیهانى کردە دوو بەرە، هەر ئەمەش بوو وايکرد کە جارێکى دیکە نەتەوە گەورەکان لەنێوخۆیاندا دابەش ببنەوە و هەر بەیەک یەکترى سەرکوت بکەن و نمونەشیان بەورەکانى تامیل و باشورى سودان و تهنزانیا و تا دەگاتە داعش.
لەوانەیە خوێنەر لەبرى ئەم سێ خاڵە وەرچەرخانە، ڕووداوى دیکە بە هۆکارى سەرەکى گۆڕانگارى ڕیشەیی لە ڕەفتار و گفتارى سیاسەتە گشتيى و تایبەتەکاندا بە هەند وەربگرێت کە دوور و نزیک لەم تایتڵە سەرەکییانە نەچن، بەڵام ئەوەى ئێمە لێرەدا وەک پێوەرێک بۆ گرنگى و هاندەرى گۆڕانگارى سەرەکى زانیومانە، یان ڕووداوەکانى داهاتوو وەرچەرخان و پەرچەکردار بوون، ئەو سێ خاڵەى سەرەوە بوون، بۆ نموونە ئەگەر هێرش نەکرایەتە سەر ئەمریکا لە یانزەى سێپتهمبەردا، ٥٠% ئەگەر هەبوو کە ئەمریکا ئەفغانستان و عێراق داگیر نەکات، ئەگەر ئەفغانستان داگیر نەکرایە، هزرى قاعیدە بۆ دەرەوەى ئەفغانستان کاتێکى زیاترى ئەویست، هاتنى قاعیدە سەقامگیرى وڵاتانى عەرەبی لەق کرد، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ گرتنەبەرى ڕێکارى توندتر بەرامبەر بە هێزە سیاسییەکان بەتایبەت ئیسلامییەکان، ئەو ڕێکارانەش بوون بەهۆى کاردانەوەى توندوتیژییەوانى ... تا گەیشت بە داعش و جارێکى دیکە سەرهەڵدانەوەى کۆلۆنیاڵى نێودەوڵەتى لەژێر دروشمى دژایەتى تیرۆر.
٢- تاکگەرایی سەدەى بیست و یەک
سەرجەم ڕووداوەکانى کۆتایی سەدەى بیستەم ڕیگەیان خۆشکرد بۆ سەرکەوتنێک کە لەڕووکەشدا سەرکەوتنى بەرەى سەرمایەداریی بوو بەسەر بەرەى سۆشیالیزمیدا، سەرکەوتنى ڕەوتى تاکگەرایی بوو بەسەر ڕەوتى کۆمەڵگهگەرایی، ئەمەش تەواو هاوکێشەکەى هیگڵى ڕاستکردەوە کە بریتییە لە پێکەوە هەڵنەکردنى دژبەرەکان لەپێناو دەستبەربوون و سەرهەڵدانى دیدێکى نوێ، ئاڕاستەى نێوەندى نێوان ڕاستە توندڕەوەکان کە تاتشەر و ڕێگن رابەرایەتییان دەکرد، لەگەڵ فەوزەوییەکان کە تەواو دژبەبوونى هەرجۆرە دەسەڵات و دەستوەردانێک بوون، بریتی بوو لە لیبرالیزمە نوێکان، کە لە چەندین خاڵى مرۆییەوە لەگەڵ سۆسیالیزمەکاندا یەکیان دەگرتەوە سەبارەت بە مافى دەوڵەت بەدەستوەردانى سنووردار بەمەبەستى بەرگرتن لە توندڕەوى سەرمایەدارى، بەتایبەتى ئەو بابەتانەى پەیوەندییان بە ژیانى ڕۆژانەى هاوڵاتی ئاساییەوە هەبووە وەکو خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تەندروستى و فێرکردن و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى، لەگەڵ هەرەسى یەکێى سۆڤییەت، زۆرێک لەبیرمەندان بانگەشەى مردنى ئەم جۆرە دەوڵەتەشیان ڕاگەیاند کە بەدەوڵەتى ڕەفاهییەت ناوى دەرکردبوو.
بەشێویەکى گشتى سەرەتاکانى سەدەى بیست و یەک بە سەروەربوونى تاکگەرایی دەستپێکرد، بەڵگە ئاشکراکانى ئەم سەرکەوتنە باڵادەستبوونى جیهانى ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتى ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا بوو بەسەر تەواوى پێشهات و ڕووداوەکانى دەیەى یەکەمى سەدەى بیست و یەکەمدا، ئەوە ئەمریکا بوو کە خاوەنى دەنگى بەرز و کاریگەر بوو لەناو ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، ئەو بوو کە هاوپەیمانەکانى ڕامدەدا بەمەبەستى دەستوەردان لە کاروبارى ئەو وڵاتانەى کە پێشێلى مافەکانى مرۆڤيان تیادا دەکرا، سۆماڵ و چیک و عێراق و ڕواندا و چەندین کەیسی دیکە، بەڵام هەر ئەم بابەتەش لەناو هەناوى خۆیدا خۆراکى دژ بەباڵادەستى ئەمریکا لەتەواوى جیهاندا دەدا، ئەم دژايهتى ڕەوتە وردە وردە گەشەى دەکرد، تا کارگەیشتە ئەوەى کە پێویستە جارێکى دیکە خوێندنەوە بۆ بنەما فیکريى و پرنسیپەکانى تاکگەرایی بکرێت، لە جیهانێکدا کە بەهۆى فرەیی و هەمەلایەنى پەیوەندییەکان و گەشە و خێرایی گواستنەوەى زانیارییەکان بە گۆڕانگاریی خێرادا تێدەپەڕێت.
تاکگەرایی لەسەدەى بیست و یەکدا کۆمەڵە سیفەت و دەرکەوتەیەکى لە پڕۆسەى خۆگونجاندندا لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا بەدیهێنا و لەوانەش:
2-1. کۆچ: یەکێک لەو دەرکەوتنانەى کە لە دواساتەکانى سەدەى بیستدا بە یەکێک لە دیاردە مرۆییە سەرنجڕاکێشەکان ئەژمار کرا کۆچکردن بوو، کۆچ تەنیا بریتی نییە لە گۆڕینى شوێنى جوگرافی دانیشتن و سەقامگیربوون لە سنوورێکى جوگرافی نوێدا، کۆچ بریتییە لە کۆچکردنى توانا و وزە و کلتوور و زمان و شکاندنى سنورى نەتەوەیی بەو ئاڕاستەیەى کە سنوورى دەستکرد نابێتە ڕێگر لە بەردەم ئەو هەموو پڕۆسە چڕەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆچکردن چەندین کێشەى دیکە بەدواى خۆیدا دەهێنێت وەکو خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەیەکى نوێی نامۆ کە پێشتر مرۆڤەکان بەو جۆرە ژینگەیە ڕانەهاتوون، ئەمەش لەڕوویەکى دیکەى پڕۆسەکەوه بەواتاى تەرخانکردنى بودجەیەکى گەورە دێت بۆ دووبارە گونجاندنەوەى کۆچبەرەکان لەناو ژینگە نوێکەیاندا، ئەو بودجەیەش لەو باج و خەراجەوە دێت کە هاوڵاتیانى ڕەسەنى ئەو وڵاتانەى بوونەتە ڕووگەى کۆچکردن بۆ حکومەتەکانیان دەستەبەرى دەکەن، بۆیە دەبینرێت لەگەڵ زیادبوونى هەژموونى ئەو کۆچکردنهدا ڕەوتى ڕەتکردنەوەى کۆچکردووان لە وڵاتانێکدا کە پێشتر نموونە بوون لە وەرگرتنى کۆچبەراندا لەزیادبووندابوو، لەمەوە نازییە نوێیەکان و ڕەوتە ڕەگهزپەرستەکان و پارت و لایەنە مەدەنییە دژ بەکۆچبەرەکان لەزیادبووندا بوو، ههر هێندە نا، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتان چەندین یاسایان پەسەند کرد کە بەرى بەوەرگرتنى ژمارەى زیاترى کۆچبەران دەگرت.
٢-2. سەرکردایەتیکردنى تۆتالیتاری: یەکێکى دیکە لە دەرکەوتەکانى تاکگهرایی بریتییە لە سەرهەڵدانى چەندین سەرکردەى جیهانى خاوەن هەژموونى نەتەوەیی، بەڵام دەسەڵاتێکى تۆتالیتارى، لێرەدا چەندین ناوى دیار هەن وەکو فلادیمێر بوتین و شی جی بین و کیم ئۆ جون و عومران ئەحمەد خان نیازيى و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و دیارترینیان دۆنالد ترامپ، تۆتالیتارێتى ترامپ لەوەوە هات کە تەواو دەسەڵاتەکانى خۆى وەکو سەرۆکى ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەى ڕاوێژکارى یان ئەنجومەنى پیران جێبەجێ دەکرد، ئەو پێی وابوو کە کاتى گەیاندنى پەیامى ئەمریکایە بەتەواوى جیهان، کاتى ئەوەیە کە ئەمریکا بەرهەمى ماندووبوون و پاسەوانیکردنى جیهان بدورێتەوە، هەر ئەم ڕەوتە پۆپۆلیستییە ئەمریکییە بوو سەرکردەى جیهانى دیکەى بەئاگا هێنایەوە، ئەم سەرەتایە بووە هۆى گەڕانەوەى شکۆى نەتەوە لە بەرامبەر ڕەوتى نێونەتەوەیی کە ماوەى زیاتر لە بیست ساڵ لەژێر ناونیشانەکانى هاونیشتمانى نێودەوڵەتى و حکومەتى جیهانى و جیهانگیريى و ئابوورى پشتبەستوو بەیەکتر جیهانى تەنیبوو، ئیدى چی دیکە ناکرێت بەرژەوەندییەکان ببنە قوربانى دروشمە ئایدیالییەکان.
٢-3. ئابوورییەکى نا سەقامگیر: یەکێکى دیکە لە دیاردەکانى چەند ساڵى رابردووە، بریتییە لە دەرکەوتنى چەندین دامەزراوەى ئابوورى گەورەى جیهانیی کە دەسەڵاتیان هێندە کاریگەر بوو بە ئەندازەیەک کە مەرج و ڕێنمایی بۆ ئابوورى وڵاتان دادەنا. بەکورتى بووە هۆى لەبەینبردنى سەربەخۆیی ئابوورى وڵاتان، ئەوەى ئەم بابەتەى زیاتر گەشەپێدا دەرکەوتنى دامەزراوە ئابوورى گەورە جیهانییەکان وەکو بانکى بازرگانى نێودەوڵەتى و سندوقی دراوى نێودەوڵەتى و کۆمپانیا گەورە وەبەرهێنە فرەڕەگەزەکان بوون بەتایبەتى لە بوارى وزە و تەکنەلۆژیا. ئەوەى تۆمارکراوە لەماوهى سێ دەیەدا دووجار جیهان لە لێوارى داڕمانى ئابوورى نزیکبۆتەوە، ئەوەش ئەوەى سەلماند کە تەنیا دراوێک یان ئابوورییەک ناتوانێت جیهان لە زۆنگاوى هەژاريى و مەترسى گەورەى ئابوورى ڕزگار بکات، ههربۆیە وڵاتانى دیکەى وەک: چین، ژاپۆن، یەکێتى ئەوروپا، ڕووسیا، وڵاتانى دیکەى وەکو ئێران، کەوتنە مامەڵەکردن بەشێویەکى سەربەخۆ بەمەبەستى: یەک، دەربازبوون لەو هەژموونە ئابوورییەى کە دامەزراوە گەورە داراییەکان خاوەنین، هەروەها بەمەبەستى بەدەستهێنانی فرەیی سەرچاوە داراییەکان.
کۆتایی:
ئێستا لە نزیکى چارەکى یەکەمى سەدەى بیست و یەک، ئەو چەمک و بیروباوەڕە نەگۆڕانەى کە پێشتر وەکو دەقێکى پیرۆز لە هەرسێ ڕەوتى تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی و لیبرالیزمە نوێیەکان لێی دەڕوانرا، پێویستیان بە پیاچوونەوەى جەوهەرى هەیە، چیدیکە ململانێى شارستانیەتەکان، یان کۆتایی مێژووییەکان یان پێکەوەژیانى شارستانییەت ناتوانن شرۆڤەى ئەم ساتە مێژووییەى ئێستامان بکەن، شارستانیەت تەنیا بریتی نییە لە تەلار و باڵەخانە و شێوازى ژیان کردن، بەڵکو شارستانیەت خاوەن ڕۆح و ماهیەتێکە کە مانا بەبوونى مرۆڤەکان دەدات لە ساتێکى مێژووییدا، ئایا ئەو مانایە چییە کە شارستانیەتەکانى ئەم سەردەمەى ئێستاى ئێمە، بەئێمە – وەکو مرۆڤ –بەخشیووه؟
([1]) بیبلۆگرافیا: بریتییە لە ڕێکخستنى کۆمەڵە کتێبێک بەپێی نوسەر یان ڕووداو یان دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبانە، بەڵام لێرەدا بەماناى ڕێکخستنەوەى ڕووداوە مێژووییەکان هاتووە لە کۆنەوە بۆ نوێ.
([2]) میخائیل گۆرباتشۆف: دواهەمین سەرۆکى یەکێتى سۆڤییەت بوو، لە سەردەمى ئەم سەرۆکەدا کە سکرتێرى گشتى حیزبی شیوعی سۆڤییەتيش بوو، بلۆکى ڕۆژهەڵات هەرەسى هێنا، لەسەر ئاستى ناوخۆ کۆمەڵە گۆڕانکارییەکى ڕیشەیی ئەنجامدا، لە کۆنگرەى بیست و حەوتەمدا هێڵە سەرەکيى و ستراتیژییەکانى بنیاتنانەوەى ئابووريى و سیاسەت و کۆمەڵگه و دیموکراسی لە سۆڤییەتدا ڕاگەیاندن، دواتر ئەو بەرنامەیەى بە بەرنامەیەکى دیکە بەناوى گلاسنوست تەواو کرد، ئەمەش سەرەتاى گۆڕانگارى ناوخۆ بوو، لەسەر ئاستى سیاسەتى دەرەوە سیاسەتەکانى لەگەڵ ولاتانى ئەمریکا و چین و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گۆرانگارى بەسەردا هێنا و دیارترینیان بریتی بوو لە کەمکردنەوەى چەکى ئەتۆمى. بۆ زانیارى زیاتر بگەڕێرەوە بۆ ئەم بەستەرە: 54.pdf (univ-biskra.dz)
([3]) هانتنگتۆن: یەکێکە لەناوە دیارەکانى بوارى زانستى سیاسەت و بە (ململانێی شارستانیەتەکان) ناسراوە، کە پێیوایە لە دواى کۆتایی جەنگى سارد و بەپاڵپشت بەڕووداوە جیهانییەکان چیدیکە ململانێکان ڕووکەش نابن، بەڵکو دەرکەوتنى ڕەوتە ئیسلامییەکان و سەرهەڵدانى توندڕەوى ئایينى و مەزهەبی و ئایدۆلۆژى دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ململانێ لەنێو شارستانیەتەکان کە دیارترینیان شارستانیەتەکانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیيەکانە. لەڕاستیدا هانتنگتۆن خاوەنى کۆمەڵە بەرهەمێکى ناوازەیە لە بوارەکانى کاریگەرى هێزى سەربازى لەسەر سیستەمە سیاسییەکان و ڕەوتى دیموکراسی و زۆر بوارى دیکەى تایبەت بە زانستە سیاسییەکان.