بوخاری عه‌بدوڵڵای قه‌سرێ
كاتێك خاك له مرۆڤ داگیرده‌كرێت و، شكۆی مه‌عنه‌ویی و سامانی نه‌ته‌وه ده‌خرێته ژێرچنگی داگیركه‌ره‌وه، له ناچارییدا مرۆڤ هانا ده‌باته به‌ر (ده‌ق) و (چیرۆك) وه‌ك ئامڕازێك بۆ خاڵیبوونه‌وه‌ی په‌ستیی و، ده‌رچه‌یه‌كی نه‌فه‌سی ئازادی. نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان له‌ژێر هه‌ژموونی بێدهنگگردنی كۆلۆنیالیستییانهدا، تاكه دووانگهیهك بۆ هه‌ڵبڕینی (ده‌نگ) شك ببه‌ن، بریتییه له چیرۆكخوانی و ئه‌ده‌ب، چ له ڕێگه‌ی چیرۆكهخهیاڵ fiction یاخود دیرۆكی ڕاسته‌قینه، خه‌م و په‌ژاره‌ی ژێرده‌سته‌یی و، خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییان به‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه و حكایهتخوانیی ده‌ربڕیوه، ئه‌م وتاره‌م ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ تیشك خستنه سه‌ر ئه‌م پێوه‌ندییه به بایه‌خه و هه‌وڵده‌ده‌ین به كورتی لێی بكۆڵینه‌وه.
سه‌ره‌تا گرنگه بزانرێت كه زۆرینه‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه له بواری كۆلۆنیالیزم و قۆناغی دوای كۆلۆنیالیزمیشدا ئه‌نجامده‌درێن، ڕه‌هه‌ندێكی فره‌پسپۆڕی interdisciplinary وه‌رده‌گرن، چونكه ده‌خاله‌ت ده‌كه‌ن به دۆخی ده‌روونی مرۆڤی چه‌پێنراوی سته‌ملێكراو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ن بۆ دنیای ده‌روونشیكاریی كۆمه‌ڵگه، چ ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌ستن و چ ئه‌وانه‌ش كه ژێرده‌سته‌ن، ئه‌مه له‌پاڵ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسانه و پێكه‌وه‌گرێدان له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئابووريی و سیاسيی و كه‌لتووری كۆمه‌ڵایه‌تییشه‌وه. بۆیه قسه‌وباس له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب له كۆمه‌ڵگه‌ی داگیركراودا، شرۆڤهكردنیشه له‌باره‌ی دۆخی كۆمهڵناسيی و سیاسیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه. بۆ وێنه، ناشێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست بكرێت بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كۆلۆنیالیزمدا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌هه‌ندی ئابووریی و به‌رژه‌وه‌ندیی دارایی و سه‌رمایه‌گوزاریی وڵاتانی زلهێز، كه بێگومان ئه‌مه خۆی ده‌خزێنێته نێو تیۆره‌كانی (ماركسیزم Marxism)یشمهوه، به‌وپێیه‌ی كارل ماركس كاكڵه‌ی ڕه‌وتی مێژوو له ململانێی نێوان چینی سه‌رمایه‌دار و كرێكار كورت و پوخت ده‌كاته‌وه، ئینجا به‌وپێیه‌ی كه سه‌رده‌سته‌كان وه‌ك چینی ساماندار و بۆرژوا هه‌میشه به‌دوای (سامانی سروشتی)دا گه‌ڕاون تا سه‌رمایه و سامان و كه‌ره‌سته‌ی خاو بدۆزنه‌وه، هه‌روه‌ها له‌نێو خاكی داگیركراودا ویستویانه (بازاڕ marketplace)ێكیش بدۆزنه‌وه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبووم و به‌رهه‌مه بازرگانییهكانیشیان، چونكه وڵاتانی ژێرده‌سته و ناگهشهكردوو له‌ڕووی بازاڕ و كه‌لوپه‌لی بازرگانییه‌وه به‌كاربه‌رن و توانستی به‌رهه‌مهێنانیان كهپتكراوه. یاخود وڵاتانی سه‌رده‌سته ده‌ستی كار (labour force) له هێز و بازووی گه‌نجانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته فهراههمدێنن، ئه‌م دووانه‌ییه دژ به یه‌كه، گه‌رچی دیوێكی ئابوورییانه‌ی په‌تیی هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك شێوه‌ژیان و كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی بژێوی تاك، له‌نێو ده‌قه ئه‌ده‌بییه جیهانییه‌كاندا بوونی هه‌یه، كه به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییانه‌ی وڵاتانی سه‌رده‌سته، چۆن كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و شێوه‌ژیان و ده‌روون و ئاستی هزری ژیانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یان داڕشتووه.
یه‌كێك له نمونه به‌رچاوه‌كانی ڕۆمانی (دوای كۆلۆنیالیزم post-colonialism) كه تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داریی به‌سه‌ر ئابووریی وڵاتانی داگیركراو و ژێرده‌سته، بریتییه له ڕۆمانی (100 ساڵ ته‌نیایی) نوسه‌ری ئه‌مریكای لاتینی (گابرێل گارسیا ماركێز)، كه وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵه، ئه‌م ڕۆمانه ته‌نزێكی سیاسییه له‌ژێر ناوی لادێیه‌كی خوازراودا به‌ناوی (ماكۆندۆ) كه ئاماژه‌یه بۆ واقیعی وڵاتی كۆلۆمبیا و ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌م ڕۆمانه ئاماژه‌ن بۆ ململانێی كۆڵۆمبیا له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌كانی كۆڵۆنیالیزم، له ڕۆمانه‌كه‌دا كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكی بۆ ميوهجات، له‌م لادێیه‌دا كارگه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌م كۆمپانیایه كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی ميوه به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه تێیدا هه‌زاران كرێكار ده‌ستده‌كه‌ن به مانگرتن و ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵتانی خوێن و كوشتن ده‌بنه‌وه، كه ئه‌م ڕووداوه ئاماژه‌یه بۆ ڕووداوه‌كانی (قه‌تڵ و عامی مۆز) كه له ساڵی 1928 ڕوویاندا. ڕووداوی (قه‌تڵ و عامی مۆز) له شاروچكه‌ی (شێناگا)ی كۆڵۆمبیا ڕوویدا، كاتێك كرێكاره‌كانی كۆمپانیا بڕیاریاندا ده‌ست له كار هه‌ڵبگرن و مان بگرن، تاوه‌كو خواسته‌كانیان و داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێن، كه بریتی بوون له دابینكردنی ڕێز و كه‌رامه‌ت و چاككردنی سه‌ختی كاره‌كانیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كار و باشكردنی مووچه‌یان، چونكه وه‌ك كۆیله له‌لایه‌ن "یه‌كێتی كۆمپانیای ميوهجات" United Fruit Company مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارانی كۆمپانیاكه نه‌هاتنه ژێر خواستی كرێكاره‌كان، سوپای كۆڵۆمبیا كه چینی ئه‌رستۆكرات به‌سه‌ریدا فه‌رمانڕه‌وا بوو ده‌ستی تێوه‌گلاند و، به فه‌رمانی پارێزگار قه‌تڵ و عامێك ده‌ستیپێكرد كه 2000 كرێكار تێیدا بوونه قوربانی، ته‌رمی ئه‌و قوربانییانه هێنده زۆر بوو، فڕێدرانه نێو ده‌ریاوه، یان له‌نێو گۆڕی به كۆمه‌ڵ نێژران (Carbo 1998).
بۆ توێژینه‌وه له‌باره‌ی كۆلۆنیالیزم و لهپێوهندیدا به ئه‌ده‌بدا، تێگه‌یشتن له ده‌سته‌واژه‌ی (دیاسپۆڕا) ئه‌رزش و بایه‌خی له‌بننه‌هاتووی خۆی هه‌یه. دیاسپۆڕا چه‌مكێكه كه له بنه‌چه‌یه‌كی یۆنانییه‌وه هاتووه، له دوو بڕگه‌ی speiro (چاندن و دوریین) و، dia (به‌سه‌ر)ه‌وه وه‌رگیراوه، به واتای (كۆچكردن به‌سه‌ر خاكی ئاودێريی و چاندن) دێت، به‌ڵام له بنه‌چه‌ی مێژوویی‌دا بۆ مه‌به‌ستی "كۆچی به كۆمه‌ڵی جوله‌كه له خاكی بابلیۆن" به‌كارهاتووه، كه له قۆناغێكی دیاریكراوی مێژووی ڕۆمانیدا دووچاری قه‌تڵ و عام هاتوون، دواتر بۆته ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بۆ مه‌به‌ستی "كۆچی به‌كۆمه‌ڵ و به‌جێهێشتنی مه‌مله‌كه‌تی باب و باپیران، به‌تایبه‌ت به‌هۆكاری كۆلۆنیالیزم" له فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بیی و سیاسیی‌دا جێگیر بووه (Lisa and Berthomière, p. 262). له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا، هۆنراوه‌ی دیاسپۆڕا سه‌رهه‌ڵدانێكی تازه‌ی تۆماركردووه، بریتییه له گوزارشتی جوانیناسانه‌ی پڕخه‌می ئه‌و ئێشه به كۆمهڵییهی كه له دوای كۆچ، مرۆڤ به‌هۆكاری دووربوون له خاكی باب و باپیرانی بۆی په‌یدابووه. هۆنراوه‌ی دیاسپۆڕا غوربه‌تی مرۆڤه به‌هۆكاری دابڕان له (ماڵ)، خه‌مێكه بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئێشی ته‌نیایی، بێكه‌سیی، دووریی و نامۆیی.
ڕابیندرات تاگور سنبولی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ده‌بی هیندی و به‌نگالیی بوو، كه ئه‌میش وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵه له بواری (ئه‌ده‌ب)دا، به‌جۆرێك كه شاعیرانی ڕۆژئاوا به "كه‌سێكی مه‌زنتر له ئێمه" وه‌سفیان كردووه، له شيعرهكانیدا، هه‌موو خه‌مه قوڵه‌كانی له‌باره‌ی خاكی هیندستان و نه‌ته‌وه‌كانی ناویدا، به‌وپه‌ڕی ناسكیی ئه‌ده‌بییانه و، ده‌نگی دڵسۆز و پهرۆشپهروهریی ناخی شاعیرانه‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێت، له سه‌رده‌مێكدا كه خاك و زێدی باپیرانی له‌ژێر چنگ و لوله‌ی تفه‌نگی به‌ڕیتانیادا په‌رێشان بوو. ئه‌م شيعرانهی (تاگور) ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆحیی تێدایه، كه له ده‌قی ئه‌ده‌بییانه‌ی نه‌رم و جوان‌دا، هێزی مه‌عنه‌ویی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌زانین شاعیر له‌ژێر چنگی هه‌ژموونی كه‌لتووری ئینگلیزدا حاڵپهشێوو بێ لانه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌ژێر سایه‌ی كۆڵۆنیالیزمدا دوو په‌تای كوشنده قوڕگی خاكی هیندیان گرتووه و (تاگور) بهچنگیانهوه ده‌ناڵێنێت: ئه‌مانیش ههژاريی و نه‌زانینن (Mahasweta; 1990).
تاگور له شیعره‌كانیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی هیندستان ته‌نها له‌ڕێگه‌ی (په‌روه‌رده) و خۆپێگه‌یاندن و فێربوونه‌وه، ده‌توانن ڕووبه‌ڕووی تفه‌نگی ئینگلیز بوه‌ستنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌ڕای تاگوری شاعیر پێویستی به هێزی مه‌عنه‌ويی و به‌هاكانی ئایين و مۆڕاڵ و ئهخلاقپهروهریی هه‌یه. به‌ڕای تاگور مرۆڤی هیندی هه‌تا له‌ڕیگه‌ی په‌روه‌رده‌ی ڕۆح و ویژدانه‌وه ئازاد نه‌بێت له كۆتوبه‌ندی مادده‌گه‌ری، ناتوانێ خۆی له چنگی سه‌رمایه‌داریی كۆلۆنیالیزمی به‌ریتانیا ئازاد بكات. بۆیه ئه‌و خه‌مه‌ی تاگور ئه‌وسا هه‌ڵیگرتووه له شيعرهكانیدا بریتییه له خه‌می نیشتیمانسازی بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی، به‌تایبه‌ت هیندستان به‌رانبه‌ر مرۆڤی خۆرئاوایی. به‌گشتی شیعره‌كانی تاگور خه‌می دووره وڵات و ته‌نیایی و غوربه‌ت هه‌ڵده‌گرن، به‌تایبه‌ت كاتێك بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه تاگور بۆماوه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیاوه و خه‌می دواكه‌وتوویی هیندستان له‌ڕووی ژیاريی و سیاسيی و ئابووریيه‌وه هه‌میشه هزری جه‌نجاڵ كردووه (Bernd-Peter Lange; 2015).
ته‌وه‌ره‌یه‌كی سه‌ره‌كیی كه كۆلۆنیالیزم شوێنپه‌نجه‌ی خۆی تێدا جێده‌هێڵێت، به‌تایبه‌ت له شوناسی نه‌ته‌وه‌دا، و په‌یوه‌ندیداره به زمان و كه‌لتوور له ڕه‌هه‌ندی (په‌روه‌رده). بێگومان ئه‌وه‌ش له پڕۆسهیهكدا كه ناسراوه به هزرشۆرینindoctrination كه وڵاتانی سه‌رده‌سته و كۆلۆنیال چ به‌ر له هێرش و پهلامارخوازییان بۆ وڵاتانی ژێرده‌سته، هه‌ڵبستن به داشۆرینی هزر و هۆش و مۆرالی تاكه‌كانی له‌ڕێگه‌ی فهڕزكردنی (زمان)ی خۆیان و، چاندنی خۆبه‌كه‌مزانین و مافی خۆپێڕهوا نه‌بینین، چ دوای داگیركردنیشیان له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی پرۆگرام و سیسته‌می فێركردن و خوێندن، بۆ ئه‌و ئاڕاسته و مه‌به‌سته‌ی كه خزمه‌ت به مانه‌وه و سه‌قامگیریی به‌رژه‌وه‌ندییان له ناوچه‌كه‌دا بكات. تاوه‌كو تاكه‌كانی وه‌ها په‌روه‌رده بكرێن و ڕابهێنرێن، كه خۆ به (كه‌م) بزانن، و هونه‌ر و كه‌لتوور و دابونه‌ریت و زمان و ڕژێمی بیركردنه‌وه‌یان به (پله دوو) له به‌رانبه‌ر كه‌لتوور و زمانی وڵاتانی زلهێز هه‌ژمار بكه‌ن. ئه‌م جۆره‌ی داگیركاریی، وردتر و به به‌رنامه‌تر و هێواشتر و له‌ڕاستیدا كاریگهرتریشه. له‌ڕاستیدا هه‌موو داگیركارییه‌كی سیاسيی و ئابووریی فۆڕمێك له هه‌ژموونی زمان و خۆبهسهرداسهپاندنی فه‌رهه‌نگیی و ئه‌ده‌بیی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
نمونه‌یه‌ك له گه‌وره بیرمه‌ندان و توێژه‌رانی بواری دیراسه‌ی كۆلۆنیالیزم، كه قسه‌وباسی له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی (كه‌لتوریی) داگیركاریی كردووه و، په‌نجه‌ی خستۆته سه‌ر هێزی (په‌روه‌رده) و (زمان) له گۆڕینی ئاڕاسته‌ی فه‌رهه‌نگی وڵاتانی ژێرده‌سته و هه‌ژموونی وڵاتانی سه‌رده‌سته به‌سه‌ریانه‌وه، بریتییه له‌بیرمه‌ندی مارتینیك دۆمهنیكی-فه‌ره‌نسی (فرانز فانۆن). له سه‌رده‌می ململانێی جه‌زائیرییه‌كان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسادا، فانۆن له تونس ڕۆژنامه‌نووس بووه، بیرهات و سه‌رنج و تێبینییهكانی له‌باره‌ی كۆلۆنیالیزم پاڵی پێوه ده‌نێن، ده‌ستبداته پێنووس و كتێبێك بنوسێت به‌ناوی: Black Skin White Masks واته: "پێستی ڕه‌ش و ده‌مامكی سپی"، كه تێیدا باس سایكۆلۆژیای (ڕه‌گه‌زپه‌رستیی) ده‌كات، به‌وپێیه‌ی كه ئه‌وسا خۆی فه‌یله‌سوف و ده‌روونناس بووه. گه‌رچی هێندێك ڕه‌خنه‌گر ده‌ڵێن كه كاریگه‌ریی ماركسیزم و بیری شۆڕشگێڕانه‌ی چه‌پگه‌ریی به‌سه‌ردا زاڵ بووه، به‌ڵام پوخته‌ی بیر و هزری فانۆن ئه‌وه‌یه كه وڵاتانی سه‌رده‌سته و به‌هێز ته‌نها ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی چاندنی تۆوی خۆبه‌كه‌مزانینه‌وه، نه‌ته‌وه‌كان بخه‌نه ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شوناسیان لێ ده‌شێوێنن، به‌جۆرێك كه هه‌ندێك له خودی ڕه‌نگ ڕه‌شه‌كانیش شه‌رمیان به ڕه‌نگی خۆیانه و، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن شێوه‌ی ڕه‌نگی تر بده‌ن، یان له‌ژێر ناو و ڕه‌گه‌زی تردا (بوون)ی خۆیان بسه‌لمێنن، تا "كه‌متر" ده‌رنه‌كه‌ون. ئه‌م هه‌سته دژیه‌ك و ناڕه‌حه‌تییه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی ئه‌فریقیا وایان لێده‌كات كه هه‌ست بكه‌ن به (دووانه ئاگایی double consciousness)، واته له‌ناخیاندا دژیه‌ك و دوانه‌یی (ئیزدیواجییه‌ت) و تێكپڕژان هه‌یه، له ناخی خۆیاندا هه‌ست ده‌كه‌ن دوو ده‌روونن له یه‌ك جه‌سته‌دا، ڕارایی شوناس بوونی هه‌یه، دوو شوناسی دژ به‌یه‌ك، یه‌كێكیان ئه‌سڵ و ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانه، ئه‌ویتریش ئه‌و ڕه‌نگه‌یه كه ده‌یانه‌وێت خۆیانی پێوه بچوێنن و شوهره‌تی پێوه ده‌ربكه‌ن. ئه‌م هه‌سته بریتییه له خۆبه‌كه‌مزانین به‌رانبه‌ر "ئه‌ویتر"، به‌جۆرێك كه خه‌سڵه‌تی باشی خۆت نابینی، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ سه‌یری خۆت ناكه‌ی، بۆیه هیچ كات هه‌ست به‌وه ناكه‌یت كه (ئازاد)یت! ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ده‌روونناس و بیرمه‌ند فرانز فانۆن ناونراوه به (گرێی خۆبه‌كه‌مزانین inferiority complex). به‌ڕای فانۆن نه‌ته‌وه ته‌نها ئه‌وكاته ده‌بێته كۆیله و پاشكۆ بۆ نه‌ته‌وه‌ی تر كه له ئه‌قڵی ناهۆشهكیی ده‌سته‌جه‌معیی خۆیدا دایبنێت كه "كۆیله"یه، بۆیه وه‌ك ڕێگه‌چاره ته‌نها سیسته‌می ئازادیخوازانه‌ی په‌روه‌رده، كه دووربێت له به‌كارهێنانی وشه‌ی "دواكه‌وتوو" یان "به‌ربه‌ریی" بۆ نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان، ده‌توانێت ئه‌م گرێ ده‌روونییه ناله‌باره ئاسایی بكاته‌وه و، مرۆڤ بخاته‌وه دۆخی سه‌ربه‌رزانه‌ی خۆی و هه‌ڵسانه‌وه‌ی كهلتووريی و فیكريی و سیاسی بخولقێنێت. (Stanford Encyclopedia of Philosophy)
یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌ی كه ده‌گونجێت كۆی گشتی شیعره‌كانی بكرێنه نمونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بیروڕایه‌ی كه فانۆن لێوه‌ی دواوه، بریتییه له (لانگستۆن هیو Langston Hugh ) كه به یه‌كێك له ڕێبه‌رانی شيعری ئه‌مریكی ڕه‌شپێست داده‌نرێت و، خه‌باتی له‌پێناو هۆشیاربوونه‌وه‌ی دژه كۆلۆنیالیستی ڕه‌شپێسته‌كان كردووه تاوه‌كو له‌سه‌ر ماف و كه‌رامه‌ت و ئازادیی خۆیان ده‌نگ هه‌ڵبڕن و، نه‌كرێنه سوته‌مه‌نیی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و داگیركاریی. لانگستۆن یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی ڕه‌وتی بوژانه‌وه‌ی فیكريی و كه‌لتووریی ڕه‌شپێسته‌كان له ئه‌مریكا به‌ناوی (ڕێنیسانسی هارلێم) كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی ڕزگاریخوازیی ئه‌ده‌بيی و كه‌لتووریی بوو له ئه‌مریكا له دوای جه‌نگی یه‌كه‌م جیهانی، بۆ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی ڕه‌شپێسته‌كان له‌باره‌ی هه‌ژموونی "ڕه‌گه‌زپه‌رستانه"ی فه‌رهه‌نگ و نه‌رێت و كه‌لتووری سپی‌پێست به‌سه‌ریانه‌وه (Encyclopaedia of Britannica).
(هیو) له شيعرێكدا به‌ناوی (هه‌روه‌ها منیش!) ‘I too خه‌می قوڵی خۆی ده‌رده‌بڕێ له‌باره‌ی كرده‌وه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له به‌رانبه‌ر ڕه‌شپێسته‌كاندا. شيعره‌كه وێنه‌یه‌ك له مێشكی خوێنه‌ردا ده‌خوڵقێنێت به‌شێوه‌یه‌ك كه سۆزی خوێنه‌ر بۆ لای خۆی ڕاو ده‌كات، ده‌یه‌وێت نیشانی بدات كه له ئه‌مریكای ئه‌وسا ڕه‌شپێست مافی ئه‌وه‌ی نه‌بووه كه له‌سه‌ر كورسی نانخواردن به‌رانبه‌ر سپی پێستێك نان بخوات، به‌ڵام (هیو) ده‌یه‌وێت به ده‌نگێكی به‌رز بیسه‌لمێنێت كه "ئه‌ویش" مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هاوڵاتی ئه‌مریكی بێت و، به‌شێكه له شوناسی ئه‌مریكا، له شيعره‌كه‌دا "گاڵته" به‌و ڕووانینه سپیپێستییه ده‌كات كه به‌رانبه‌ری نوێنراوه، پێیوایه كه ڕۆژێك دێت كه ئه‌ویش ئه‌توانێت به سه‌ربه‌رزی و به‌بێ دوودڵی به‌شداربێت له هه‌موو كۆڕ و كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌سمی و نیشتیمانیانه و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، و له ڕێزی پێشه‌وه دابنیشێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی له كه‌رامه‌ت و شكۆی بدرێت. بۆیه شيعره‌كه ڕه‌خنه و ته‌نزه له "دووڕوویی" ئه‌و سپیپێستانهی كه ده‌یانه‌وێت له شوناسی ڕه‌شپێسته‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه، له شيعره‌كه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه گه‌رچی نه‌یانهێشتووه له‌گه‌ڵ سپیپێستهكاندا له‌سه‌ر هه‌مان مێز نان بخوات، چونكه به شایسته‌یان نه‌زانیوه و وه‌ك پله‌دوو و خزمه‌تكار هه‌ژماریان كردووه، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی: "ڕۆژێك دێت به‌هێزتر ده‌بم" ‘I grow stronger ، ئه‌م شيعره‌ی (هیو) هیوابهخشینێكه بۆ ڕه‌شپێسته‌كان كه له ده‌روونی خۆیاندا شوناسی خۆیان نه‌ڕووخێنن و، ئومێدیان به‌وه هه‌بێت كه ڕۆژێك دێت ماف و شكۆی ئه‌وان ددانی پێدا بنرێت (Utama, Khaimara).
له پێوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و كۆلۆنیالیزمدا، گرنگه بزانرێت كه سێ ده‌لاقه‌ی زۆر گرنگ هه‌ن كه له چیرۆك و ڕۆماندا، یان هه‌ر ده‌قێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیی، وێنه‌ی گشتی كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌ی داگیركراو ده‌كێشن: ئه‌مانیش بریتین له: گۆشه‌ی گێڕانه‌وه، خاك، دیرۆك. كه ده‌كرێت له پوختی ڕانانێك له‌سه‌ر هه‌ركامیان بكه‌ین.
یه‌كه‌م، گۆشه‌ی گێڕانه‌وه point of narration كه بۆته جێبایه‌خی توێژنه‌وه و وتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كان. له‌ڕاستیدا هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی له‌ژێر مه‌به‌ست و هێما و ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوه‌وه ده‌نوسرێت، بۆیه نوسه‌ر هه‌م خۆی له‌ژێر ڕكێفی ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوه‌وه، به مه‌به‌ستێكی سیاسیی، سیاقی ڕووداوه‌كان ڕێكده‌خات، هه‌میش ئه‌و كاریگه‌رییه هزرییه بۆ خوێنه‌ر ڕهنگپێدهداتهوه كه خۆی ده‌یهه‌وێت نمایشی بكات بۆ هێنانه‌دی مه‌به‌ستێكی سیاسییانه، بۆیه نوسه‌رانی كۆلۆنیالیست به نه‌فه‌سێكی داگیركارانه‌وه وشه‌كانیان هه‌ڵده‌چنن، ده‌یانه‌وێ به‌شێك بن له پرۆسه‌ی مێشك شۆرینه‌وه، تا خوێنه‌ر وه‌های له‌لا گه‌ڵاڵه ببێت كه فه‌رهه‌نگی داگیركه‌ر جوان و ڕازاوه و به‌هێزه، به‌ڵام ئه‌م دیدگایه كۆلۆنیالیستییه له‌لایه‌ن ئه‌دیبه خۆماڵییه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، بۆیه ئه‌دیب و ڕۆماننووسه‌كانی وڵاتانی داگیركراو وه‌ك پرۆسه‌ی ڕزگاریی نیشتیمانیی له بایه‌خی (ئه‌ده‌ب) ده‌ڕوانن و، پێیان وایه ئه‌ده‌ب هۆكارێكی هه‌ڵسانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌یه، هه‌وڵده‌ده‌ن به نه‌فه‌سێكی جیاواز و، له‌نێو ڕووانگه و ڕووانینی خودییه‌وه، به گۆشه‌نیگای داگیركراویی و ژێرده‌سته‌ییه‌وه نه‌خشی ڕووداوه‌كان بكه‌ن، كه له‌پاڵ به‌خۆماڵیكردنی نشینگه و خاك و وڵات و ئاڵا، به چاوی (ئه‌ویتر) سه‌یری داگیركه‌ر ده‌كات، بگره وێنه‌یه‌كی قێزه‌ونی دوژمن و داگیركه‌ر نمایش ده‌كات، و به (دوژمن) یان (نه‌یار) لێی ده‌ڕوانێت. بۆیه ئه‌مجاره خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كرێت بۆ بڕواهێنان و هاوسۆزیبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی كه كۆی گشتی ڕووداوه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خاكی داگیركراو به‌كارده‌هێنێت. لێره‌وه چیرۆك و ڕۆمان ته‌نها دوو كه‌ره‌سته‌ی چێژبه‌خش نین، به‌ڵكو دوو ئامڕازی جه‌نگی هۆشیاری و كهلتووریشن.
دووه‌م، خاك، كه له ژانره‌كانی ئه‌ده‌بدا به setting هه‌ژمار ده‌كرێت، كاتێك سه‌رنج له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی ده‌ده‌ین، بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه كه شوێن و نشینگه و خاك، ڕه‌هه‌ندێكی هه‌ره گرنگ و به‌بایه‌خی ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی دوای كۆلۆنیالیزمن. له‌ناو هه‌ناوی خاكدا مرۆڤ له‌دایك ده‌بێت و چاو به‌دنیا هه‌ڵدێنێت، له‌وێوه گه‌شه‌ی مرۆڤ باڵا ده‌كات و فێری كه‌لتوور و (بكه و مه‌كه) ده‌بێت، هه‌ر له‌نێو سینه‌ی خاكیشدا مرۆڤ شوناس و ناسنامه وه‌رده‌گرێت و، زمان فێر ده‌بێت. بۆیه كاتێك ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی (وه‌ك ڕۆمان یان چیرۆك) جه‌خت له‌سه‌ر شوناسی مرۆڤ ده‌كاته‌وه، هه‌موو ئاریشه‌كانی تایبه‌ت به كۆلۆنیالیزم و داگیركاریی، لێك ده‌به‌ستێته‌وه به پێوه‌ندی نێوان خۆی و (خاك)ی، و ئه‌و وه‌سفه ورد و دورودرێژه‌ی كه بۆ شوێن و نشینگه له ڕۆمان ته‌رخانكراوه، له وه‌سفی سروشت و ناو و نیشانی شار و لادێ، بۆ ئه‌م هۆكاره ده‌گه‌ڕێته‌وه. نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه له ئه‌ده‌بدا، خاك ته‌نها شوێنی ژیان نییه، به‌ڵكو شایهدحاڵێكیشه witness بۆ وردودرشتی ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه لێوه‌ی ڕووده‌ده‌ن، بۆیه ناشێت ڕۆمان و چیرۆك سه‌رگوزه‌شته‌ی تراژیدیا و خه‌مهێنی كۆلۆنیالیزم بگێڕنه‌وه، یان چه‌رده‌یه‌ك بن له گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی و تۆماری ڕابردووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌بێ وه‌سفی ئه‌و شوێن و نشینگه‌یه‌ی كه ڕووداوه‌كانیان له‌خۆگرتووه.
سێیه‌م خاڵ بریتییه له گرنگی حهكایهتخوانیی (Narration) له پڕۆسه‌ی پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی مرۆیی و هه‌ست و هێزی ده‌روونییان. حه‌كایه‌ت، به‌تایبه‌ت دیرۆكی فۆلكلۆريی و نه‌زیله و نه‌سته‌ق و ئه‌فسانه و په‌ندی پێشینیان، هه‌میشه چه‌كێكی گرنگی ده‌ستی نه‌ته‌وه بوون بۆ به‌خشینی هێزی مه‌عنه‌ویی بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و، خۆڕاگرتن له به‌رده‌م لێشاوی فه‌رهه‌نگی كۆلۆنیالیزمدا. ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌زیله و هه‌قایه‌تانه‌ی كه ناسراون به"ئه‌فسانه" یان "قسه‌ی پیرهژنان" جۆرێك بوونه له پاراستنی ئه‌ده‌بی میللی و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه، خوڕافه و چیرۆك ڕۆڵی گرنگیان بینیوه له پاراستنی شوناسی كه‌لتوریی نه‌ته‌وه، به‌خشینی لۆكاڵییهت و خۆماڵیبوون، هه‌ستی ئینتیما بۆ خاك، له‌ڕێگه‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌ق له وه‌چه‌یه‌كه‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌كی تر، له ناوه‌ندی گێڕانه‌وه‌ی (زار)ه‌وه مرۆڤ ئه‌و هه‌سته ئه‌ده‌بییه‌ی بۆ دروستبووه كه ئه‌میش خاوه‌نی (ده‌نگ) و (مێژوو) و (شوناس) ی خۆیه‌تی و ده‌گونجێت له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه گوزارشت له هه‌بوونی خۆی بدات. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌سته فه‌رهه‌نگییه باوه‌ی كه ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته و زلهێز ئه‌توانن خاوه‌نی فۆلكلۆر و دیرۆك و حه‌كایه‌تخوانی و نه‌زیله و مێژووی ئه‌ده‌بی بن، بۆیه ئه‌گه‌ر له سیاسه‌ت و ئابووريی و ماكینه‌ی ژیاریشدا نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان نه‌یانتوانی بێت ده‌نگ هه‌ڵبڕن له به‌رانبه‌ر كۆلۆنیالیستدا، ئه‌وا له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و چیرۆكخوانییدا خاوه‌نی ده‌نگی خۆیان بوونه و مت و كپ لێی دانه‌نیشتوون. چیرۆك بووه به به‌شێك له ده‌نگهه‌ڵبڕین و ته‌عبیركردن له مانه‌وه و به‌رده‌وامیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، ئه‌م گێڕانه‌وانه خۆڕاگرتنێكی فه‌رهه‌نگیی گرنگ بوونه و له بواری توێژینه‌وه‌ی كۆلۆنیالیزمدا ده‌كرێت شتی زیاتریشیان له ناوه‌نده ئهكاديمییهكاندا له‌سه‌ر بنوسرێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ده‌كرێت نمونه به نه‌ته‌وه‌ی كورد بهێنرێته‌وه، به‌وپێیه‌ی كه كورد ئه‌زموونێكی دوورودرێژی تاڵ و سوێری له‌گه‌ڵ كۆلۆنیالیزمدا بینیوه، هه‌میشه ڕۆحیه‌تی (خۆهێشتنه‌وه) به‌سه‌ر كۆنه‌ستی كورددا زاڵ بووه و تاڕاده‌یه‌كیش لێی سه‌ركه‌وتوو بووه. پاراستنی زمان و فه‌رهه‌نگی فرهزاریی و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌زاره‌های زاراوه و ده‌سته‌واژه‌ی كوردی، هه‌روه‌ها هه‌بوونی كه‌شكۆڵێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی (ئه‌فسانه) ی كوردی، له‌پاڵ هه‌بوونی هه‌زاران نه‌زیله و هه‌قایه‌ت و چیرۆكی پێشینان، كه تائێستا به زیندوویی له كۆنه‌ستی تاكی كورددا وه‌ك پیرۆز هه‌ڵگیراون و بوونێكی هه‌قیقییان هه‌یه، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر خۆڕاگرتنی كورد له به‌رانبه‌ر سته‌می كۆلۆنیالیزم و، مانه‌وه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه سه‌ره‌ڕای بێكه‌سیی و بێ په‌نایی سیاسییانه‌ی كورد له ناوچه‌كه‌دا، كه خۆ ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی فه‌رهه‌نگیی كورد لاواز بوایه به‌وشێوه‌یه وجودی مه‌عنه‌ویی بۆ مانه‌وه له‌بار نه‌ده‌بوو و ئه‌و شوناسه كوردیبوونه له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌سڕایه‌وه، به‌ڵام هێزی (وشه) و ده‌ربڕینی چیرۆكییانه، فه‌رهه‌نگ و مێژووی فه‌رهه‌نگییانه‌ی كورد، فاكته‌ره‌كانی زمانی ئه‌ده‌بیی، ئه‌گه‌رچی بایه‌خیشی وه‌ك پێویست پێنه‌درێت له ئێستادا، ده‌روونی كوردی تا ئه‌م له‌حزه‌یه وه‌ك فاكته‌رێكی به‌هێزی (مانه‌وه) له به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ به زیندوویی هێشتووه‌ته‌وه.
پوخته و ئه‌نجام:
ئه‌ده‌ب، گه‌رچی له ڕواڵه‌تدا هێزێكی (زاره‌كیی oral)یه، به‌ڵام به‌رهه‌ڵستییه‌كی كاریگه‌ری دژه كۆلۆنیالیزمه، له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی هه‌قایه‌ت و شیعر و شانۆ، پێمان ده‌ڵێن كه به‌درێژایی مێژوو ده‌شێت نه‌ته‌وه شوناسی فه‌رهه‌نگییانه‌ی خۆی له به‌رانبه‌ر لێشاوی سه‌رمایه و سیاسه‌تی كۆلۆنیالیزمدا بپارێزێت، ده‌نگی خۆی به بیستراو بهێڵێته‌وه له به‌رانبه‌ر هێزی چه‌پێنه‌ری سته‌می كۆلۆنیالییانه، به‌جۆرێك كه هه‌م به‌شێك بێت له پێكهێنانی كۆنه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خاوه‌ن متمانه له‌نێو تاكه‌كانیدا، هه‌میش به‌شێك بێت له كه‌ره‌سته‌ی هۆشیاركردنه‌وه به‌رانبه‌ر به هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داریی و میدیایی و سیاسیی وڵاتانی سه‌رده‌سته و كۆلۆنیالیست، تا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه و له فه‌رهه‌نگی "ئه‌وانیتر"دا نه‌توێته‌وه.
ژێده‌ره‌كان
Sengupta, Mahasweta, "Colonial poetics: Rabindranath Tagore in two worlds" (1990). Doctoral Dissertations Available from Proquest. AAI9110213.
https://scholarworks.umass.edu/dissertations/AAI9110213
Lange, Bernd Peter. Tagore in the Diaspora: Presence, Ritual, Nostalgia. Journal of Zeitschrift für Anglistik und Amerikanistik, 2015.
Stanford Encyclopaedia of Philosophy. Frantz Fanon. published Thu Mar 14, 2019. Web.
Lisa Anteby-Yemini and William Berthomière, “Diaspora: A Look Back on a Concept”, Bulletin du Centre de recherche français à Jérusalem [Online], 16 | 2005, Online since 09 October 2007, connection on 21 September 2021. URL: http://journals.openedition.org/bcrfj/257
Utama, Fajri Khaimara. Racial Segregation in Langston Hughs ‘I, too. A study in Semarang University. http / https://media.neliti.com/media/publications/191601-EN-racial-segregation-in-langston-hughess-i.pdf/
Carbo, Eduardo Posada. Fiction as History: The Bananers and Gabriel Garcia Marquez's One Hundred Years of Solitude. Journal of Latin American Studies, Vol. 30, No.2. (May, 1998), pp. 395-414.
Kaur, Gurpreet. Post-Colonialism and Literature: A Brief Survey. IJIRT 153231 INTERNATIONAL JOURNAL OF INNOVATIVE RESEARCH IN TECHNOLOGY. © November 2021| | Volume 8 Issue 6 | ISSN: 2349-6002.
Kizel, Arie. Homelessness, Restlessness and Diasporic Poetry. Policy Futures in Education. Volume 8 Numbers 3 & 4 2010.