(یه‌کخستن) و (په‌رتکردن)ی موقه‌ده‌س سروشتی دووانێتی ئایین له‌ پێکهێنان و ڕووخانی کۆمه‌ڵگه‌کاندا
(یه‌کخستن) و (په‌رتکردن)ی موقه‌ده‌س سروشتی دووانێتی ئایین له‌ پێکهێنان و ڕووخانی کۆمه‌ڵگه‌کاندا
  2024/05/07     359 جار بینراوە    


د. کامه‌ران محه‌مه‌د

ئایین وەک هێزێکی ڕۆچوو بەقوڵایی ژیارە مرۆییەکاندا، بەدرێژایی مێژوو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یەکخستن و پەرتکردنی کۆمەڵگه‌کان هەبووە. واتە ڕۆڵی فرەڕووی نواندووە، لەکاتێکدا وەک بکەرێکی پابەند هەستێکی هاوبەش بە ئامانج و شوناسی بەهێز کردووە، لەهەمانکاتدا وەک هاندەرێکی تێبینیکراوی پەرتکردنە قووڵەکان کاریکردووە. بۆ تێگەیشتن لە کارلێکە ئاڵۆزەکانی نێوان لایەنە یەکخەر و پەرتکەرەکانی ئایین، پێویستی بە توێژینەوەی ورد بۆ ڕەهەندە مێژوویی و کەلتووریی و دەروونییەکان هەیە. ئەم (لێکۆڵینەوە مێژوویی)ه‌ هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو ئاڵۆزییانە دەدات، کە چۆن ئایین وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی بەهێز، هەوڵی پێکهێنانی پەیوەندیی وابەستەگەلییەک دەدات، کە سنووری جیاوازییە تاکییەکان تێدەپەڕێنێت، لە هەندێ کاتی تریشدا پشکۆی ئەو گرژییانە دەگەشێنێتەوە، کە تۆڕی بوونی کۆمەڵایەتی دەدڕێنێت، ئه‌م دوو پرۆسه‌ گه‌وره‌یه‌ش له‌ژێر ناوی (مه‌قه‌ده‌س)دا ئه‌نجام ده‌دات. بۆیە لە ڕێگەی پشکنینی وردی پێشینە مێژووییەکان و میکانیزمە دەروونییەکان و دیاردە هاوچەرخەکانەوە، دەستدەکەین بە گەڕان و خستنەڕوویەکی مێژوویی بۆ ئەو ڕۆڵە دووانەییەی، کە ئایین لە یەکخستن و پەرتکردنی کۆمەڵگە مرۆییەکاندا گێڕاویەتی.

یه‌که‌م: یه‌کخستنی کۆمه‌ڵگه‌

لە گەشتی پێکهێنانی شوناسی کۆمەڵایەتیدا، ئایین قووڵاییەکی مێژوویی پێکدەهێنێت، کە ڕۆڵێکی زیندووی لە یەکخستنی کۆمەڵگاکاندا هەیە. (دەق)ه‌کان (مێژوو) دروستده‌که‌ن، کاریگەرێتیی ئاینزا و ئایینییه‌کان ده‌خاته‌ڕوو، که‌ چۆن (ئەزموونە ئایینییە بەکۆمەڵەکان) و (بنەما ئاکارییه‌کان) ناسنامە جیامه‌نده‌کانیان پێکهێناوە. بە تێگەیشتن لەم مێژووە، درک بەوە دەکەین کە ئایین چۆن بەدرێژایی سەردەمەکان لە چنینی (تاڵەکانی یەکگرتنیی کۆمەڵایەتی) و بەهێزکردنی (ناسنامەی بەکۆمەڵ)دا پشکداریی ده‌کات.

 

چوارچێوەی ئاکاری هاوبەش:

بەدرێژایی سەردەمه‌کان، بیروباوه‌ڕی ئایینی سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاکار بووە. لە میزۆپۆتامیای کۆندا، تۆماره‌ یاساییە - ئایینییە‌کانی وەک تۆماری ئورنه‌مو و تۆماره‌کانی حامورابی لەگەڵ پێوەرە یاسایی و ئاکارییەکان ڕەنگدانەوەی ته‌واوکاریی بنەما خوداییه‌کان بوون. ئەمەش چوارچێوەیەکی ئاکاریی هاوبەشی دروستکرد، کە کۆمەڵگه‌ جۆراوجۆرەکانی لەژێر کۆمەڵە بەهایەکی هاوبەشدا یەکخست.

دواتر فه‌لسه‌فه‌ی فەیلەسوفانێکی وەک سۆکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ لەگەڵ (نەریتە ئایینییەکان) پێکەوە ژیاون. واته‌ له‌ زۆر وێستگه‌دا بنەما فەلسەفییەکان لەگەڵ ئاکاری ئایینیدا بۆ چنینی چنراوێکی ئاکاریی یەکگرتوو تێکەڵبوون، کە بەها کۆمەڵایەتییەکانی پێکهێنا و یەکێتی نێوان هاوڵاتیانی به‌هێزتر کرد. هاوکات دە ئامۆژگاریی (الوصایا العشر)ه‌که‌ی ئایینی جوولەکە و مەسیحی یان پێنج پایەکه‌ی ئیسلام وەک بناغەیەکی ئاکاریی بۆ یه‌کخستنی باوەڕدارانیان و پێکهێنانی ڕێسا یاسایی و ئاکارییه‌کانی کۆمەڵگه‌کانیان کاری دەکرد.

 

تیۆری شوناسی کۆمەڵایەتی:

لە شارستانێتی یۆنانیدا، فێستیڤاڵ و ڕێوڕه‌سمه‌ ئایینیەکان ئادگارێکی چالاکییه‌ هاوبەشەکان بوون. ئەم ئەزموونە بەکۆمەڵانە هەستێکی یەکگرتووییان دروستکرد، واته‌ پشکدارییان لە شوناسی هاوبەشدا ده‌کرد و دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکانیان تێده‌پەڕاند.

دواتر کۆمەڵە مەسیحییە سه‌ره‌تاییه‌کانی نێو ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی کاتێک ڕووبەڕووی چه‌وساندنه‌وه‌ بوونەوە. ڕێوڕەسم و بیروباوەڕه‌ هاوبەشه‌کانیان هۆکارگه‌لێک بوون بۆ یه‌کخستنیان، ناسنامەیەکی تایبه‌ت به‌خۆیان (مەسیحێتی) پێکهێنا، کە دابەشبوونە جوگرافيی و کۆمەڵایەتییەکانیانی تێپەڕاندبوو.

 

جۆشدانی بەکۆمەڵ

یه‌کێک له‌و کاره‌ گرنگانه‌ی به‌درێژایی مێژوو ته‌واوی ئايینه‌کان له‌ جوگرافیا جیاوازه‌کاندا ئه‌نجامیانداوه‌، جۆشدانی به‌ کۆمه‌ڵ بووه‌، جۆشدانی بەکۆمەڵ ئاماژەیە بۆ ئەزموونێکی بەکۆمەڵ کە تاکە جیاوازەکان لە شوێنێکی هاوبەشدا کۆدەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی سۆزداریی و شوناسێکی هاوبەش کە جیاوازییە تاکەکەسییەکان تێدەپەڕێنێت. ده‌شێت ئه‌م کۆبوونەوانە لە ئەنجامی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئایینی، یان ڕووداوە که‌لتوورییەکان، یان ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووبێت، کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە یەکگرتوویی و وابه‌سته‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی.

بۆنموونه‌ ڕێوڕەسمه‌ نهێنییەکانی ئێلێوسینی لە یۆنانی کۆن و کۆبوونەوە نهێنییه‌کانی مەسیحییە سەرەتاییه‌کان، جۆشدانی به‌کۆمەڵ نیشان دەده‌ن. هه‌روه‌ها ئاهەنگه‌ مه‌سیحییه‌کانی سەدەکانی ناوەڕاست، وەک ئاهەنگی کۆڕپوس کریستی، که‌ له‌ ڕێگه‌ی گوزارشتگه‌لێکی ئایینیی هاوبه‌شه‌وه‌ کۆمەڵگاکانیان کۆکردەوە. لێره‌وه‌ به‌جۆشی ئەم (ئەزموونە بەکۆمەڵانە) وابه‌سته‌ییەک دروستدەکات، کە دابەشبوونە هه‌رێمایه‌تیی و کۆمەڵایەتییەکان تێدەپەڕێنێت.

 

کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ

نەریتە ئایینییەکان ڕۆڵێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لە کۆمەڵگه‌دا دەگێڕن. ئایین چوارچێوەیەک بۆ ڕاڤه‌ی ڕۆحی پێشکه‌ش ده‌کات، تا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاریی و ڕووداوە سەختەکان ببنه‌وه‌، واته‌ مه‌به‌ست و هیوا له ‌ناخی تاکه‌کاندا ده‌چێنێت. لە بەرامبەر بارودۆخه‌ سەخته‌کانیشدا، تاکەکان به‌ پەنابردن بۆ بیروباوه‌ڕی ئایینی دڵنیایی به‌ده‌ست دێنن. ئەم تێڕامانه‌ش کۆمەڵگه‌ لە دەوری بەها و بیروباوەڕه‌ هاوبەشه‌کان کۆدەکاتەوە، واته‌ یەکگرتوویی و وابه‌سته‌یی کۆمەڵایەتی به‌هێزده‌کات. بۆیە بنه‌ما ئایینییەکان دەروونێک په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن، که‌ به‌رگه‌ی فشارەکان بگرێت و بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵبێت.

بۆ نموونه‌ لە سەده‌کانی ناوەڕاستدا، بیروباوەڕی ئایینی لە بەرامبەر ترس و دڵه‌ڕاوکێ باوەکاندا وەڵام و دڵنەوایی به‌ مرۆڤه‌کان دەدا. ڕه‌نگه‌ دیارترین نموونه‌ش کاره‌ساتی (تاعونی ڕه‌ش 1347-1351)ی ئه‌وروپا بێت، که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌بوو، بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو مرۆڤه‌کانی ئه‌و کیشوه‌ره‌! لێره‌دا بیروباوه‌ڕی مەسیحێتی لەگەڵ لێکدانەوەکانی بۆ تاعون وەک دیاردەیەکی خودایی، یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و دابینکردنی هەستکردن بە (مه‌به‌ست) لە ماوه‌یه‌کی نادڵنیاییدا. به‌هه‌مانشێوه‌ لە (کۆمەڵگەی ئازتک)دا سرووته‌ ئایینییه‌کان بە خولگەی کشتوکاڵی و ڕێکخستنه‌ گەردوونییه‌کانه‌وه‌ پەیوەستبوون. باوەڕبوون بە دەستێوەردانی خودایی چوارچێوەیەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نادڵنیایی پەیوەست بە بەرهەم و دیاردە سروشتییەکان دابین ده‌کرد.

 

دامەزراوەی ئایینی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی

دامەزراوەی ئایینی بریتییە لە په‌یکه‌رێکی کۆمەڵایەتی، کە هه‌ڵده‌ستێت به‌ ڕیکخستن و ئاڕاسته‌کردنی چالاکییە ئایینیەکان، هەروەها لە به‌هێزکردنی بەها و ئاکاریی هاوبەشدا ڕۆڵ ده‌بینێت و پشتیوانی ڕۆحيی و کۆمەڵایەتی پێشکەشده‌کات، ئەمەش یه‌کێتی و هاوکاریی لە کۆمەڵگه‌دا به‌هێزده‌کات.

لێره‌وه‌ دامەزراوە ئاینییەکان، لەڕووی مێژووییەوە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی کۆمەڵایەتیدا هەبووە. بۆ نموونە دێره‌کان (الادیرة) لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا وەک ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتی خزمەتیان دەکرد، یارمەتی ماددیی و پەروەردە و تۆخکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیدارێتیی و چاودێریی تەندروستی و هاوکاری داراییان پێشکەش دەکرد. هاوکات له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامییه‌کانیشدا دامه‌زراوه‌ مه‌زهه‌بی و سۆفیگه‌ریی و...تاد له‌ ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌کانیانه‌وه‌ (وه‌ک ته‌کیه‌ و خانه‌قا ... تاد) هه‌مان ڕۆڵیان گێڕاوه‌.

 

چارەسەری ناکۆکیی و هه‌وڵه‌ ئاشته‌واییه‌کان

ته‌عالیمه‌ ئاینییه‌کان و ڕێبه‌ره‌ ئاینییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکاندا هەبووە. بۆنموونه‌ کاریگەریی ته‌عالیمه‌کانی مه‌سیح له‌ ئەوروپای سه‌ده‌کانی ناوەڕاستدا، کە جەختی لەسەر لێخۆشبوون دەکردەوە، لە چارەسەرکردنی ناکۆکيیەکاندا ڕوون و ئاشکرابوون. هاوکات (بزووتنەوەکانی ئاشتی خودایی) لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما مەسیحییەکانی ئاشتەوایی، ڕەنگدانەوەی به‌رچاویان له‌ کەمکردنەوەی توندوتیژیدا هه‌بوو.

دواتر کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی ئەفریقای باشوور (دوای ئاپارتاید)، به‌پشتبه‌ستن به‌ بنەما مەسیحییەکان، هەوڵیدا دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان بە داننان بە سته‌مکارییه‌کانی ڕابردوو و هاندانی ئاشتەوایی چارەسەر بکات.

هاوکات کەسایەتییەکی وەک مەهاتما گاندی، کە ئیلهامی لە بنەماکانی ئایینی هیندۆسی وەرگرتووە، بانگەشەی بۆ خه‌باتی ناتوندوتیژانە کرد، کە ڕۆڵی لە به‌ده‌ستهێنانی ئاشتیيانەی سەربەخۆیی هیندستاندا گێڕا.

 

خۆشگوزەرانی و تەندرووستی دەروونی

ئایین بە فه‌راهه‌مکردنی چێوەیەکی دەروونی و ڕۆحی بۆ تاکه‌کان پاڵپشتی خۆشگوزەرانی و تەندرووستی دەروونی دەکات. باوه‌ڕ و سرووته‌ ئاینییەکان سەرچاوەی هیوا و دڵنیاکردنەوە دەبەخشن و بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و زاڵبوون به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌کانی ژیاندا یارمەتیدەرن. پاڵپشتی ڕۆحیی و بەشداریکردن لە کۆمەڵگەیه‌کدا که‌ ئایین تێیدا تۆخ بێت، که‌شی وابه‌سته‌یی و یەکدەنگی دەڕەخسێنێت، ئەمەش تەندرووستی دەروونی بەهێز دەکات و لە باشترکردنی ئاستی ژیاندا پشکداریی ده‌کات.

موماره‌سه‌‌ ئاینییەکانی وەک سروودی ڕۆحی و پەرستشه‌ کۆمه‌ڵییه‌کان پاڵپشتێکی دەروونیی به‌هێز بوون بۆ کۆیلە ئەمریکییەکان. چونکه‌ ڕه‌گه‌زی (بەکۆمەڵیی) له‌ژێر سه‌رکوتکردنه‌ ڕێکخراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا له‌ په‌رستشی ئایینیدا (هێمنی دەروونیی) فه‌راهه‌م ده‌هێنا.

هاوکات تێڕامان و گرنگیپێدانه‌ زه‌ینییه‌کان لە نەریتە ئایینیەکانی خۆرهەڵاتدا، لە به‌هێزکرنی ئاسووده‌یی دەروونیدا ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی خۆی هەیە. ته‌واوکاریی (التکامل) موماره‌سه‌ ڕۆحییەکان و تەندرووستیی دەروونی ڕەنگدانەوەی ڕوانگەیەکی گشتگیر بوو به‌ ئاڕاسته‌ی دروستکردنی (سازانی کۆمه‌ڵگه‌یی).

 

یاساکان و سیستمی کۆمەڵایەتی:

 لە کۆمەڵگه‌کانی پێش مۆدێرنەدا، زۆرجار نەریتە ئایینییەکان لەگەڵ پەیکەرە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکاندا تێکەڵ دەبوون. دیارە چەمکی ئەوروپی بۆ (مەسیحێتی) لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەوە بەرجەستە دەکات، کە چۆن مەسیحێتی وەک هێزێکی یەکگرتوو کاری کردووە، شوناسێکی هاوبەش و چێوەیەکی ئاکاریی لەسەر ئاستی کیشوەرەکە فەراهەم هێناوە، واته‌ مەسیحێتی تەنها سەرچاوەی یاساکان نەبوو، بەڵکو هێزێکی یەکگرتوو بوو، کە کاریگەری لەسەر سیستەمی یاسایی و بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ هەبوو.

هه‌روه‌ها لە سەردەمی ئیسلامیدا سیستەمی کۆمەڵایەتی لەژێر کاریگەریی بنەما ئیسلامییەکاندا بوو، کە دادپەروەريی و ڕەفتاری ئاکارییان بەهێز دەکرد، جەختکردنەوەش لەسەر دادپەروەری و ئاکار لە بەهێزکردنی سیستمی کۆمەڵایەتیدا پشکداریی کرد.

 

پردی نێوان ئایینەکان:

بەدرێژایی مێژوو، لە هەندێ ماوەدا لە نێوان ئایینەکاندا هاریکاریی لەچوارچێوە گەلێکی وەک ئیسپانیای سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕوویداوە، واته‌ ئیسپانیا لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست و لە وێستگەیەکی گرنگی وەک ئەندەلوسدا شاهیدی هاوکاری نێوان ئایینەکان بوو. کە زانایانی موسڵمان و جولەکە و مەسیحییەکان پێکەوە خەریکی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیریی و خوێندن بوون. ئەم دەستپێشخەرییانە ئاسانکارییان بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاری دەکرد، واتە یەکێتی نێوان جۆراوجۆرێتییەکانی بەهێز دەکرد.

هه‌روه‌ها ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان لە هیندستان شاهیدی دەستپێشخەرییەکانی پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان بوون، چونکە فەرمانڕەواکانی هەوڵیان دەدا ژینگەیەک دروستبکەن، کە هاندەری لێکتێگەیشتن بێت لە نێوان هیندۆس و مسوڵمانەکاندا.

 

 خێرخوازیی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ئەرێنییانە

بەدرێژایی مێژوو ئايینەکان هەمیشە هاندەری کاری خێرخوازیی و خۆبەخشیی بوون. دامەزراندنی نەخۆشخانە و دامەزراوە خێرخوازیيەکان لەلایەن گرووپ و دامەزراوە ئاینییەکانەوە بەرجەستەکاری ئەوەبوون، کە چۆن باوەڕ لە پشت خۆشگوزەرانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەوەبوون. دیاره‌ دامەزراندنی دامەزراوە خێرخوازيیەکان لەلایەن گرووپە ئاینییەکانەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەک نەخۆشخانەی سوارەکان، ئەوە نیشان دەدات کە چۆن پاڵنەری ئایینی لەڕێگەی کاری خێرخوازییەوە بەشداری لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگه‌دا کردووە. ئەم دەستپێشخەرییانە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو دەگرن و هەستکردن بە (بەرپرسیارێتی هاوبەش) بەهێزدەکەن.

 

دووه‌م: په‌رتکردنی کۆمه‌ڵگه‌

لێرەدا هەوڵدەدەین بەوردی لە مێژوو ڕابمێنین، بۆئەوەی بتوانیین پەی بە کاریگەرییە قووڵەکانی ئایین لەسەر پەرتبوونە کۆمەڵگەییەکان ببەین. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ سەردەمە مێژووییەکان و ئاینزا و ئایینەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێگە جۆراوجۆرانەی کە بیروباوەڕە ئاینییەکان بۆ کارتێکردن بەکاری دەهێنن. هەم وەک هاندەر و و هەم وەک کەناڵگەلێک بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگەکان، جا بە شوێنپێهەڵگرتنی هەنگاوەکانی کاریگەریی ئایینی لەسەر کۆمەڵگە و ژیارە جیاوازەکان، هەوڵدەدەین پەردە لەسەر ئەو هێزە بنەڕەتییانە لابدەین، کە بەردەوام کاریان لەسەر پەرتکردنەکان کردووە، ئەویش بە لێکۆڵینەوە لە یەکتربڕینەکانی ئایين و دەسەڵات و بونیادە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێگەیشتنێکی قووڵتر لەو پرسەدا فەراهەم دەکەن.

 

جیاوازیی تێگه‌یشتن

زۆرجار جیاوازییه‌ بیروباوڕییه‌کان دەبنه‌ هۆی په‌رتکردن، ئه‌میش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی کۆمه‌ڵی ئایینیی جیامه‌ند، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی گه‌وره‌ی لەسەر پێکهاتە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. ڕەنگە جیاوازییە تیۆلۆژییەکان لە موماره‌سه‌ ئایینییەکان زیاتر درێژببنەوە و کاریگەرییان لەسەر ڕەهەندە سیاسی و ئابووريی و که‌لتوورییەکان هەبێت و لە دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکاندا پشکداریی بکه‌ن و ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەکان دیاری بکه‌ن.

بۆ نموونه‌ په‌رتبوونی گەورەی ساڵی 1054 بووە هۆی دابەشبوونی ئایینی مەسیحی بەسەر کڵێسه‌ی ئۆرتۆدۆکسی خۆرهەڵات و ڕۆمانی کاسۆلیکی. واته‌ دابەشبوونەکە تەنیا دابه‌شبوونێکی لاهووتی نەبوو. به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕەنگدانەوەی جیاوازییە سیاسيی و که‌لتوورییەکانی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا بوو.

دواتر سەرهەڵدانی ئایینزای پرۆتستانت وەک وەڵامێک بۆ (تێگه‌یشتنه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کانی پیاوانی ئایینی کڵێسه‌) و بەرزبوونەوەی ئه‌ندازه‌ی گەندەڵیی لەناو کڵێسه‌ی کاسۆلیکی، بووە هۆی په‌رتکردنی یه‌کێتی کیشوه‌ری ئه‌وروپی کاسۆلیکی و ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌وروپای به‌سه‌ر دوو کۆمه‌ڵی کاسۆلیک و پرۆتستانت دابه‌شکرد.

له‌ به‌رامبه‌ریشه‌وه‌ وەڵامی کڵێسه‌ی کاسۆلیکی بۆ چاکسازیی پرۆتستانت، کە بە (دژە چاکسازیی) ناسرابوو، مەبەست لێی سه‌قامگیرکردن و بەهێزکردنی کاریگەریی ئاینزای کاسۆلیکی بوو. ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی کێبڕکێی ئایینزایی و زیادبوونی دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگه‌ ئەوروپییەکاندا.

 

 

تائیفەگەریی ئایینیی

دابەشبوونه‌ تائیفییه‌کانی ناو ئایینه‌کان دەتوانن ببنە هۆی په‌رتکردن و دابەشبوونی کۆمەڵگه‌کان. بۆ نموونە دابەشبوونی نێوان سوننە و شیعە لە ئیسلامدا، کە ڕووداوێکی مێژوویی وەک شەڕی کەربەلا لە ساڵی 61 ک زه‌قیکرده‌وه‌، گرژيی و ململانێکانی لەناو جیهانی ئیسلامدا تاودا. دواتر ئەم دابەشبوونه‌ له‌ ململانێی جیۆپۆلەتیکییه‌کانی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی به‌رچاوی گێڕاوه‌. بۆیه‌ دابەشبوونی سوننە و شیعە نەک هەر شوێنه‌واری بیروباوه‌ڕیی (عقائدی) جێهێشتووه‌، بەڵکو کاریگەریی لەسەر جوڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ سیاسیه‌کانی به‌شی زۆری ناوچە جیاوازەکان هەبووە و گرژییە بەردەوامەکانی بەهێزتر کردووە و ڕۆڵی به‌رچاوی لە ناتەبایی کۆمەڵایەتیدا گێڕاوه‌. دیاره‌ کارلێکی نێوان شوناسی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێڕەوی مێژوویی ئەم کۆمەڵگایانەدا ڕوون و ئاشکران.

 

حه‌زی ئێتنۆ- ئایينی:

 زۆرجار ئایین ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە داڕشتنی شوناسی تاک و کۆمه‌ڵدا دەگێڕێت. له‌به‌رئه‌وه‌ خەڵکی لایه‌نگیریی له‌ گرووپێکی ئایینی ده‌که‌ن، چونکه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ شوناسه‌که‌یان لێیده‌ڕوانن. دواتر ئەم خۆ ناساندنە دەتوانێت بەشداربێت لەو دابەشبوونانه‌دا که‌ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌ته‌ ئایینییەکان دروستبوون.

لێره‌وه‌ بیروباوەڕی ئایینی لەسەر بنەمای ڕەگەز، کە گرووپێک خۆی بە باڵاتر لەڕووی ڕۆحی یان ئاکارییه‌وه‌ دەبینێت، دەتوانێت ئاگری کاره‌ دوژمنکارییه‌کان خۆشبکات. ئەم جۆرە تێڕوانینانە عەقڵیەتی (ئێمە بەرامبەر ئەوان) دروستده‌کات، دابەشبوونی کۆمه‌ڵگه‌کان گەورەتر دەکەن و ڕێگریی لە گەشەپێدانیی کۆمەڵگە گشتگیر و هاوسەنگەکان دەکەن. واته‌ جیاوازی بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم و سرووته‌ ئاینییەکان، زۆرجار کۆمەڵگەی ئایینی جیاواز دروست دەکه‌ن.

 بۆ نموونه‌ جەنگی خاچپەرستەکان ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌کات، که‌ چۆن دەتوانرێت باڵادەستی ئایینی وەک چەکێک بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی جیۆپۆلەتیکیی و ئابووری بەکاربهێنرێت. دیاره‌ که‌ جەنگی خاچپەرستەکان (سەدەی ١١ و ١٣) بەهۆی پاڵنەرە ئایینییەکانەوە جۆشی سه‌ند، کە ڕەنگدانەوەی هەستکردنی مەسیحییەکان بوو، بە باڵادەستییان بەسەر موسڵمانه‌کاندا. ئەم پاڵنه‌ره‌ تەنیا ئایینی نەبوو، بەڵکو هۆکارە که‌لتووریی و ئابوورییەکانیش زیاتر پشکۆکه‌ی ده‌گه‌شانده‌وه‌.

 

 

ئایین و کۆلۆنیالیزم

سەپاندنی ئایینێکی هه‌ژمووندار لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی چینی کۆمەڵایەتیی نوێ و دابەشبوون لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی به‌دیدێنێت. ئەم دیاردە مێژووییە جەخت لەسەر کارلێکی نێوان په‌یکه‌ری دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی دەکاتەوە، کە کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر کۆمەڵگاکانی دوای کۆلۆنیالیزم هەبوو. ته‌نانه‌ت تا ئێستاش ئه‌و میراته‌ کۆلۆنیالیزمییه‌ لە زۆرێک لە ناوچەکاندا بەردەوام کار لەسەر بزووتنه‌وه‌ ئایینیی و دابەشبوونە کۆمه‌ڵگه‌ییه‌کان ده‌کات. بۆ نموونه‌ به‌زۆریی داگیرکه‌ره‌ ئەوروپییه‌کان ئایینەکانیان بەسەر ناوچە داگیرکراوه‌کاندا دەسەپاند، که‌ جیاوازییه‌ کۆمه‌ڵگه‌ییه‌کانیان فراوانتر و پشکدارییان لە پێکدادانی که‌لتووریدا دەکرد. دیاره‌ سەپاندنی ئایین کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر شوناسی کۆمەڵگه‌ ژێرده‌سته‌کان به‌جێده‌هێڵێت.

 

پێکدادانی که‌لتووریی

 ڕەنگە ڕووداوە مێژووییەکان و نەریتە که‌لتووریی و ململانێ درێژخایەنەکان شێوازی هەستکردن و بەهێزکردنی ناسنامە ئایینییەکان پێکبهێنن. دوژمنایەتییە مێژووییە ڕەگداکوتاوەکان دەتوانن ماوه‌ی نێوان دابەشبوونە بەردەوامەکانی نێو کۆمەڵگه‌ جیاوزه‌کان فراوانتر بکه‌ن. بۆیه‌ پێکدادانی که‌لتووریی کە زۆرجار ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازی ئایینیدا هەیە، دەتوانێت کۆمەڵگه‌کان دابەش بکات. ڕووداوەکانی پێش و کاتی دابەشبوونی هیندستان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن جیاوازییه‌ ئایینییه‌ ڕەگداکوتاوه‌کان، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی گەورە، کە گرژییەکی بەردەوام لەنێو کۆمەڵگە ئاینییەکاندا دروستدەکات. لێره‌وه‌ یەکتربڕینی ئایین و که‌لتوور و سیاسەت ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی دیمەنی دوای سەربەخۆیی هیندستاندا گێڕا.

واته‌ دابەشبوونی هیندستان لە ساڵی 1947 له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌ته‌ ئایینییەکان، بووە هۆی دروستبوونی هیندستانێکی زۆرینەی هیندۆسی و پاکستانێکی زۆرینەی موسڵمان. دابەشبوونەکە ترۆپکی ئه‌و گرژییە ئایینییە مێژووییانه‌ بوو، کە بەهۆی سیاسەتە کۆلۆنیالیزمەکانەوە توندتر ببوون.

 

ناسیۆنالیزمی ئایینی

ناسیۆنالیزمی ئایینی، کە شوناسی ئایینی تێکەڵ بە خواستە سیاسییەکان کردووه‌، دەتوانێت لە پارچەپارچەکردن و ململانێی کۆمەڵگه‌دا بەشداربێت. لەم جۆره‌ زه‌مینانه‌دا ئایین دەبێتە فاکتەرێک بۆ دیاریکردنی شوناسی نەتەوەیی، دووبەرەکییه‌کان چڕتر دەکاتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی گونجاو دەکات. بۆ نموونه‌ لە هەندێک ناوچەی ئەوروپادا شوناسی ئایینی پەیوەندییەکی به‌هێزی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە هه‌بوو. بەستنەوەی پرۆتستانتیزم بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، وەک ئەوەی لە وڵاتانی ئه‌سکه‌ندیناڤیا و بەشێک لە باکووری ئەوروپا ڕوویدا، واته‌ پشکداریی له‌و دابەشبوونانه‌دا کرد، که‌ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌ته‌ ئایینی و نەتەوەییەکان دروستببوون، دواتر ململانێی قه‌واره‌ی زایۆنیزم و فەلەستین ئەوە دەردەخات، کە چۆن داواکارییه‌ هه‌رێماێتیی و نه‌ته‌وه‌یی و شوناسه‌ ئایینییه‌کان دەتوانن په‌رتبوونی کۆمه‌ڵگه‌یی بەردەوام دروستبکەن.

به‌واتایه‌کی تر ململانێی قه‌واره‌ی زایۆنیزم و فەلەستین بۆ هۆکارگه‌لێکی ئایینی و ناسیۆنالیستی ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، داواکاریی زەوی پەیوەندییەکی به‌هێزی بە شوناسه‌ ئاینییەکانەوە هەیە. دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 خاڵێکی سەرەکی مشتومڕ و خاوه‌ن شوێنه‌واری قووڵی ئایینی و جیۆپۆلەتیکی بووە.

 

ده‌قگه‌رایی ئایینی

سەرهەڵدانی ده‌قگه‌رایی ئایینی لە ئایینە جۆراوجۆرەکاندا، کە بە پابەندبوونه‌ تونده‌که‌یان بە بیروباوه‌ڕه‌ ئاینییه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ و بەرەنگاریی هه‌موو نوێیه‌ک ده‌که‌ن. نموونەی سەرهەڵدانی ده‌قگه‌رایی مەسیحی لە ئەمریکا یان ده‌قگه‌رایی ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ده‌قگه‌رایی دەتوانێت بە پاراستنی لێکدانەوە توندەکانی دەقە ئاینيیەکان بەرەنگاری گۆڕانکارییە کۆمەڵگه‌ییەکان ببێتەوە و بەشداری لە دابەشبوونه‌کان بکات. زۆرجاریش لە دژایەتییکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکاندا خۆی دەردەخات و دەبێتە هۆی پێکدادانی که‌لتووریی و قووڵبوونەوەی دابەشبوونە کۆمەڵگه‌ییەکان. لێکۆڵینەوە لە زه‌مینه‌ی مێژوویی بزووتنەوە ده‌قگه‌راییەکان، تێڕوانینێکی ورد بۆ بزووتنه‌وه‌ی جەمسەرگیرییه‌ کۆمەڵگه‌ییه‌کان و ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگه‌ فرەییخوازەکان دەبنەوە، فه‌راهه‌م ده‌کات.

ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش نه‌که‌ین که‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ده‌قگه‌راییانه‌ به‌هۆی ڕووکه‌شێتیی تێگه‌یشتننه‌ ئاینییه‌کانیانه‌وه‌ زۆرجار به‌ده‌ست کاره‌کته‌ره‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ ده‌بنه‌ داشی یاریپێکردن.

 

جیاکاریی ئایینی

جیاکاریی لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی ده‌بێته‌ هۆی دروستکردنی گرووپی پەراوێزخراو، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رده‌وامبوونی دابەشبوونه‌ کۆمەڵایەتییه‌کان. نموونە مێژووییەکانی جیاکاریی ئایینیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە چۆن لایه‌نگیرییه‌کان دژ به‌ کۆمه‌ڵگه‌گه‌لێکی ئایینیی جیاواز دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت و ڕێگری لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەکات. بەردەوامبوونی موماره‌سه‌ جیاکارییەکان بەدرێژایی مێژوو پرسیار لەبارەی ڕۆڵی ئایین لە داڕشتنی بزووتنه‌وه‌ی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگه‌کاندا دەوروژێنێت.

بۆ نموونه‌ جیاکاریی لە دژی کەمینە ئایینییەکان، وەک دژایه‌تییکردنی جوولەکەکان لە قۆناغگه‌لێکی مێژوویی جیاوازدا و دژایه‌تییکردنی موسڵمانه‌کان له‌ کۆمه‌ڵگه‌گه‌لێکی وه‌ک ئيسپانیای دوای که‌وتنی ئه‌نده‌لووس و مسوڵمانه‌کانی میانمار، بووەتە هۆی سته‌مکارییه‌کی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو. بۆ نموونە دادگاکانی پشکنینی ئیسپانیا لە سەردەمی کۆنتڕۆڵکردنی ئیسپانیادا جولەکەکان و موسڵمانانی کردبووە ئامانج.

 

ململانێی ئاینزایی و ئایینییەکان

زۆرجار ململانێی نێوان ئاینزا و ئایینەکان کاتێک سەرهەڵدەدات، کە جیاوازییە ئایینییەکان بە سیاسی ده‌کرێن. بۆ نموونه‌ جەنگی سی ساڵە (١٦١٨-١٦٤٨) که‌ ململانێیه‌کی خوێناوی نێوان دەوڵەتانی کاسۆلیک و پرۆتستانت بوو، بووە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان لە ته‌واوی کیشوه‌ری ئەوروپا. ئه‌و جه‌نگه‌ ئەوە دەردەخات کە چۆن پەیوەندییە ئایینییەکان دەتوانن لەگەڵ ململانێ سیاسییەکان تێکەڵ ببن و ململانێی درێژخایەنیان لێدەکەوێتەوە و ئاڕاسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی مێژوو بگۆڕن، هه‌رچه‌نده‌ ئاشتی وێستڤالیا لە ساڵی 1648 کۆتایی به‌ جەنگەکە هێنا، بەڵام ئه‌و جه‌نگه‌ کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر دیمەنی ئایینیی ئەوروپا بەجێهێشت. واته‌ کۆتایی هاتنی جه‌نگ لەگەڵ ئاشتی وێستڤالیا بناغەی بۆ چەمکە مۆدێرنەکانی وه‌ک (سەروەری دەوڵەتان) دانا، بەڵام تیشکیشی خستە سەر کاریگەریییه‌ بەردەوامه‌کانی دابەشکارییە ئایینییەکان.

لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ پەیماننامە و ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی، وەک ئاشتی ئۆگسبورگ (1555) و ئاشتی وێستڤالیا (1648)، هەوڵیاندا چوارچێوەی پێکەوەژیانی نێوان دەوڵەتانی کاسۆلیکی و پرۆتستانت دابمەزرێنن، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە بوونە هۆی قبوڵکردنی نافەرمی دابەشکارییە ئاینییەکان نەک بەرەوپێشبردنی یەکێتی ڕاستەقینە.

سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵگه‌ و مێژووی ئیسلامیش هه‌مان تێڕوانین بۆ ململانێ وجه‌نگه‌کانی نێوان هه‌وادارانی ئیمامی عه‌لی و معاویه‌ی کوڕی ئه‌بو سوفیان ڕاسته‌، که‌ دواتر کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی بۆ دوو کۆمه‌ڵگه‌ی ئایینزایی دژ به‌یه‌ک په‌رتکرد و تا ئێستاش شوێنه‌واره‌کانی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ مسوڵماننشینه‌کاندا مێژوو ئاڕاسته‌ ده‌کات.

له‌کۆتاییدا ده‌توانین بڵێین، تێگەیشتن لەوەی کە ئایین چۆن کۆمەڵگە پەرتەکان یەکدەخات، پێویستی بە دووربینییەکی مێژوویی هەیە، کە ڕۆڵی پەرەسەندنی بیروباوەڕ و دامەزراوە ئاینییەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا وەک خۆیان ببینێت. لەکاتێکدا دان بە کاریگەرییە ئەرێنییەکاندا دەنێت، هاوکات زەمینەی مێژوویی ئاڵۆزییەکانیش ئاشکرا دەکات، لەوانەش ئەو نموونانەی کە جیاوازییە ئایینییەکان دەبنە هۆکاری دروستکردنی ململانێ و جەنگە خوێناوییەکان. کارلێکی نێوان ئایین و یەکێتی کۆمەڵگەیی دینامیکییە، کە بەهۆی ڕووداوە مێژووییەکان و گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان و لێکدانەوەکانی بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە لە سەرانسەری شارستانێتییە جۆراوجۆرەکاندا پێکدێت.

 هاوکات کاریگەری ئایین لەسەر (دابەشبوونی کۆمەڵگه‌) دیاردەیەکی فرەڕه‌هه‌نده‌ و بە قووڵیی لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکان و بزووتنه‌وه‌‌ که‌لتووریی و په‌یکه‌ره‌ سیاسییەکان تێکەڵبووە. ئەو نموونانەی کە پێشکەشکران ئەوە دەردەخەن، کە چۆن جیاوازییە ئایینییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە داڕشتنی ڕەوتی کۆمەڵگه‌کاندا هەبووە، هاوکات کاریگەرییان لەسەر دیمەنە جیۆپۆلیتیکییەکان و بەردەوامبوونی گرژییەکان جێهێشتووه‌. تێگەیشتن لەم نموونە مێژووییانە و بنه‌ڕه‌ته‌ کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ به‌هێزکردنی گیانی لێبوردەیی و گفتوگۆی کراوە و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگه‌ فره‌ڕه‌نگ و ده‌نگه‌کاندا گرنگه‌.

 

سه‌رچاوه‌کان

1)      ارنولد توينبى: مختصر دراسة للتاريخ، (ترجمة: فؤاد محمد شبل)، ج1، ط1، 1961.

2)      ج. ويلتر: الهرطقة في الغرب، تاريخ البدع والفرق الدينية المسيحية، ت: جمال سالم، دار الفارابي، بيروت، 2007.

3)      جوزيف بيريز: التاريخ الوجيز لمحاكم التفتيش باسبانيا، ت: مصطفى امادي، كلمة، ط1، ابوظبي، 2012.

4)      حسن ابراهيم حسن: تاريخ الاسلام السياسي والديني والثقافي والاجتماعي، مكتبة النهظة المصرية، ج1و2.

5)      ريتشارد هاواي: مختصر تاريخ الأديان، ت: محاسن عبدالقادر، دار الكتب العلمية، ط1، 2008.

6)      صائب عبدالحميد: تاريخ الاسلام السياسي والثقافي مسار الاسلام بعد الرسول ونشأة المذاهب، مركز الغدير للدراسات الإسلامية، ط1، 1997.

7)      عبد الكافي الصطوف واخرون: دراسات في تأريخ أوربة في العصر الحديث، جامعة دمشق، 1998.

8)      غنار سكيربك و نلز غيلجي: تاريخ الفكر الغربي من اليونانية القديمة إلى القرن العشرين، ت: حيدر حاج اسماعيل، المنظمة العربية للترجمة، ط1، بيروت، 2012.

9)      فرنان بروديل: قواعد لغة الحضارات، ت: الهادى التيمومى، المنظمة العربية للترجمة، ط1، بيروت.

10) فرنان بروديل: دينامكية الرأسمالية، ت: شفيق محسن، دار الكتاب الجديدة المتحدة، ط1، بيروت، 2008.

11) كارلتون هيز: التاريخ الاوروبي الحديث، (ترجمة: فاضل حسين)، جامعة الموصل.

12) كريس هارمان: تاريخ شعبي للعالم، ت: طلعت الشايب، المركز القومي للترجمة، الجزء الأول والثاني، ط1، 2019.

13) مالك بن نبى: ميلاد مجتمع شبكة العلاقات الاجتماعية، ت: عبدالصبور شاهين)، دار الفكر، ط3، دمشق، 1986.

14) محمد حبيدة: تاريخ أوروبا من الفيودالية إلى الأنوار، جامعة محمد الخامس أكدال، ط1، 2010.

15) نور الدين حاطوم: تاريخ العصر الوسيط في أوربة، الجزء الأول، دار الفكر.

16) هربت فيشر: اصول التآريخ الآوروبى الحديث من النهضة الآوروبية الي الثورة الفرنسية: ت: زينب عصمت الراشد و احمد عبدالرحيم مصطفى، دار المعارف بمصر، 1962.

17) پەيتەركلۆس: ئەنترۆپۆلۆژی كلتوورى، (و: خەليل محەمەد شڵماشی)، چ1، چاپخانەی بەدرخان، سلێمانى، 2002.

18) عيمادەدین خەلیل: دەروازەیەک بۆ مێژووی ئیسلامی، و: زانا محەمەد ئەمین سەعید، چ1، سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکری، 2019.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure