بابانزادە ئەحمەد نەعیم، ژیان و بەرهەم و بۆچوونەکانی لەبارەی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستییەوە
بابانزادە ئەحمەد نەعیم، ژیان و بەرهەم و بۆچوونەکانی لەبارەی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستییەوە
  2024/11/17     9 جار بینراوە    


د. سامان مستەفا ڕەشید

پوختە

بابانزادە ئەحمەد نەعیم کوڕی کەسایەتی دیار و خاوەن پایەی ئیداریی و کولتووری کورد مستەفا زیهنی ئەفەندی و برا گەورەی ئیسماعیل حەقی بابانزادەیە، بابانزادە ئەحمەد نەعیم ساڵی ١٨٧٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە و دواتر لەگەڵ باوکی چوونەتە ئەستەنبوڵ و لەوێ گەورە بووە و قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە.

بابانزادە ئەحمەد نەعیم بەکەڵکوەرگرتن لە ژینگەی خێزانی خۆیی و ژینگەی کولتووری ئەوکاتی ئەستەنبوڵ توانیوویەتی بەجۆرێک خۆی پیبگەیەنێت کە لە زۆر کایەی جیاوازی ڕۆشنبیریی و ئیداریدا ئەسپی خۆی تاوبدات و ببێتە ناوێکی دیاری ناو کایەی ڕۆشنبیریی و کولتووری ئەستەنبوڵ لە دوا دواییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا.

ناوبراو جیا لەوەی بووەتە مامۆستا لە (دار الفنون) لە ئەستەنبوڵ و چەندین وانە لە نموونەی فەلسەفە و دەروونناسی بۆ یەکەمینجار لە (دارالفنون) گوتووەتەوە و چەندین قوتابی پەروەردە کردووە، لەگەڵیشیدا لە چەند کایەیەکی گرنگ زانستیدا نووسین و وەرگێڕانی ئەنجامداوە و چەندین بەرهەمی گرنگی لەدوای خۆی بەجێهشتووە، بەجۆرێک پەرتووکەکانی لەڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە، ناوبراو دەکەن بە پێشەنگ لەو کایانەی تێیدا نوسراون.

لەم توێژینەوەدا هەوڵدراوە، دوای ئەنجامدانی گەشتێکی خێرا بە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی ناوبراودا بەرهەمەکانی لە پەرتووک و وتارە گرنگەکانی بناسێنرێن، دواتریش لەم توێژینەوەدا هەوڵدراوە لەسەر پەرتووکی" بانگەشەی نەتەوەچێتی لە ئیسلام" دا -کە یەکێکە لە کتێبە پێشەنگەکانی تایبەت بە قسەکردن و نووسین لەبارەی پەیوەندی ناسیۆنالیزم و ئایین لە ناوەند ڕۆشنبیرییەکانی جیهانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتدا- بووەستم و دیارترین بیروبۆچوونەکانی لەمەڕ ڕەتکردنەوەی تەوژمی فیکری نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی بخەمەڕوو. 

وشەی کلیلی: بابانزادە ئەحمەد نەعیم، دەوڵەتی عوسمانی، نەتەوەچێتی، ڕەگەزپەرستی

١. بابانزادە ئەحمەد نەعیم

 بیریار، مامۆستای زمانی عەرەبی لە ئامادەیی گەڵەتەسەرای(ئامادەیی سوڵتانی)، مامۆستای فەلسەفە لە دارولفنونی(زانکۆی) ئەستەنبوڵ، وەرگێڕ و بیرۆکرات ئەحمەد نەعیم کوڕی بابانزادە مستەفا زیهنی پاشا و ئیجلال خانم (١٩٥٣مردووە) بووە، ساڵی ١٢٩٠ک/١٨٧٢ز لە بەغدا لەدایکبووە.[1]

باوکی کەسایەتی ناسراوی ئیداریی و زانستی و کولتووری دوا سەردەمی عوسمانی مستەفا زیهنی پاشا بووە، کە لە نەوەی خانەدانەکانی بابان بوون، مستەفا زیهنی ساڵی ١٨٣٨ لە سلێمانی لەدایکبووە، دوای هەڵوەشانەوە و نەمانی میرنیشنی بابان ئەندامانی خانەدانی بابان پەرتەوازە و بڵاوبوونەوە، هەندێکیان چوونە دوورگەی کریت و هەندێکی تریشیان لە دامەزراوە میرییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەستیان بەکارکردن کردووە، مستەفا زیهنی لە بەغدا خوێندوویەتی، هەر لە بەغدایش  بووە بە مۆرهەڵگری مەدحەت پاشای والی بەغدا(1869-1872)، لەوێوە ژیانی ئیداریی و کولتووری دەستپێکردووە.

وەک پێشتر باسكرا، مستەفا زیهنی، دواتر لە بواری ئیدارییدا زۆر پلەی ئیداری گرنگی بەڕێوەبردووە و لە بواری کولتووریی و ڕۆشنبیریشدا بە نووسین و وەرگێرانی چەندان پەرتووک جێ پەنجەی خۆی لەسەر گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی و کولتووری ئەو سەردەمەی عوسمانیدا جێهێشتووە.[2] 

مستەفا زیهنی پیاوێکی دینداربووە و بایەخێکی زۆری بە بابەتە ئاینییەکان داوە و چەندین پەرتووکی لە بواری ئایینیدا نووسیون و وەرگێڕاون، لەم لایەنەوە لەنێو هەر چوار کوڕەکەیدا زیاتر لە هەموویان بابانزادە ئەحمەد نەعیم شوین پێی باوکی هەڵگرتووە. ناوبراو گرنگییەکی زۆری دەدا بە توێژینەوە لە بواری ئایین و ئیسلامییەتدا، ئەگەرچی ماوەیەک لە دامەزراوەی میری دەوڵەت وەک وەرگێر کاریکردووە، بەڵام لەبری کارکردن وەک فەرمانبەرێکی سادە پێی باشتر بووە تەواوی ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوە و توێژینەوە تەرخان بکات.[3]  

ئەحمەد نەعیم هەر لە سەرەتایی منداڵییەوە دەستیكردووە بە خوێندن، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، دوای ماوەیەک لە دەستکردنی بە خوێندنی ڕووشدییە لە بەغدادەوە دەچێتە ئەستەنبوڵ و خوێندنی لە ئامادەیی گاڵاتەسەرایی تەواو دەکات، کە ئەو زەمانە کوڕ و مناڵی وەزیر و ناودارەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەو ئامادەییە دەیانخوێند. بەوجۆرە خوێندنی مەکتەبی مولکییە و ئامادەیی سوڵتانییە گاڵاتەسەرایی سوڵتانییەی تەواوکردووە.[4]

ئەحمەد نەعیم عەرەبییەکی زۆرباشی زانیوە، بەگوێرەی تێگەیشتن و ڕەسمی باوی ئەو سەردەمە هەرکەسێک عەرەبییەکی باشی زانیبا، بە واتای ئاگاداربوون و باڵادەستی لە زانستە ئیسلامییەکان و بوونی کلیلی کولتوروی ڕۆژهەڵات لە دەستی ئەو کەسەدا دەهات، بەوشێوە ئەحمەد نەعیم جیالەوەی کلیلی کولتووری ڕۆژهەڵاتی لە گیرفاندا بوو، دەتوانین بڵێین ناوبراو کلیلی کولتووری ڕۆژئاواشی پێ بووە، چونکە لەڕێگەی زانینی زمانی فەڕەنسییەوە ئاگاداری وردی لەمەڕ کولتووری ڕۆژئاواش هەبوو. نووسینی چەندین نوسەری ڕۆژئاوایشی بۆ زمانی تورکی وەرگێڕابوو، زمانی کولتووری ڕۆژئاوایشی فێری قوتابییەکانی ئامادەیی گاڵاتەسەرای سوڵتانی کردبوو، چونکە ئەو سەردەم زمانی کولتووری ڕۆژئاوایی فەڕەنسیی بوو نەک ئینگلیزی.

لە ئامادەیی گاڵاتەسەرایدا بابەتەکانی: فیزیا، کیمیا، بیرکاری، جوگرافیا و مێژووی وتووەتەوە و چەندان قوتابیی زیرەکی پێگەیاندووە، هەرچی لە قوتابخانەی مولکییەشدایە بابەتی پەیوەندیدار بە ئیدارە و بەڕێوەبردن وتووەتەوە.[5]   

ژیانی فەرمانبەرێتی بابانزادە ئەحمەد نەعیم بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٤ دەستپێدەکات، کە ئەوکات لە بەشی وەرگێڕانی وەزارەتی دەرەوە وەک وەرگێڕی زمانی عەرەبی دامەزراوە، لە ساڵی ١٨٩٥ لەپاڵ ئەو ئەرکەیدا، بە مامۆستایی زمانی عەرەبی لە ئامادەیی گاڵاتەسەرای سوڵتانییە دادەمەزرێت. ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لەو ئەرکانەیدا کاریکردووە، دوای ڕاگەیاندنی مەشرووتەی دووەم لە ساڵی ١٩٠٨ چووەتە وەزارەتی مەعاریف، لە تشرینی یەکەمی ١٩١٥ لە کۆلیژی ئاداب و شەریعەدا بە ماموستا دانراوە، لە ماوەی نێوان تشرینی یەکەمی ١٩١٨ بۆ تشرینی یەکەمی ١٩١٩ ماوەیەکی کورت کراوە بە ڕاگری کۆلیژی ناوبراو، لە ساڵی ١٩١٩ کراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی پیران(مەجلیسی ئەعیان)، ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پیران تاوەکو تەسفییەکردنی حکومەتی ئەستەنبوڵ لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ بەردەوامبووە.[6]

هەروەها دوای بوونی بە مامۆستا لە بەشی فەلسەفە، لە کۆلێژی ئاداب و شەریعەدا، بابەتەکانی: فەلسەفە، حیکمەت و ڕوحییات (سایکۆلۆجی)، ئەخلاق، لۆژیک، میتافیزیک و ئیستاتیک وتووەتەوە (١٩١٠ تاوەکو ١ی ئەیلولی ١٩٣٠)، وەرگێران و ئامادەکردنی بەشێکی زۆر لەو بابەتانەی کە هەندێکیان بۆ یەکەمجار بووە لە دارالفنونی ئەستەنبوڵ گوتراونەتەوە کراون بە کتێب.[7] بەوشێوە بابانزادە لەو بوارانەدا زۆر خۆی بەرەوپێشبردووە، هەروەها لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٠٨-١٩١١ قوتابخانەی ڕووشدییە بەڕێوەبردووە، لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩١١-١٩١٥ سکرتێری گشتی وەزیری مەعاریف بووە. لە ساڵی ١٩١٤ بە مامۆستا لە کۆلێژی ئەدەبیات و ئیلاهیات دامەزراوە و تاوەکو ١٩٣٣ درێژەی بەم کارەی داوە. لە ساڵی ١٩١٩ بووە بە سکرتێری گشتی زانکۆی ئەستەنبوڵ، بابانزادە کە لە پێشدا لە ئامادەیی گاڵاتەسەرای، دواتر لە کۆلێژی ئادابی دارالفنون کە دواتر لە ساڵی ١٩٣٣ گۆڕاوە بە زانکۆی ئەستەنبوڵ، کاریکردووە و چەندان کەسایەتیی پێگەیاندووە، بەهۆی خزمەت و نوسینەکانییەوە زۆر بەناوبانگ بووە، ئەحمەد نەعیم لەلایەن زۆربەی قوتابی و مامۆستاکانیشییەوە، هەم بە کەسایەتییەکی زانا و شارەزا، هەمیش بە کەسێکی دڵسۆز و خاکەڕا باسی لێوەکراوە.[8]    

لەو ساڵانەشی لە بەڕێوەبەرایەتی وەرگێڕان لە وەزارەتی مەعاریف ئەندام بووە، لە کارەکانی ئەنجومەنی ڕیفۆرمی زانستیدا و لە ئامادەکردنی زاراوە فەلسەفییەکان و زاراوە زانستییەکاندا ڕۆڵێکی گەورەی گێراوە.[9]  ئەم زانا گەورەیە ڕۆژی ١٣ی ئابی ١٩٣٤ لەکاتی سوجدە بردندا لە نوێژی نیوەڕۆ کۆچی دوایی کردووە، دواتر لە گۆڕستانی ئەدەرنە کاپی بەخاك سپێردراوە.[10] شاعیری گەورە محەمەد عاکیف خاوەنی سروودی نیشتیمانی تورکیا، وتوویەتی: کاتێك هەواڵی کۆچی دوایی بابانزادە ئەحمەد نەعیمیان پێدام وەک ئەوە وابوو تەواوی خانووەکەم ڕووخابێت بەسەرمدا و من لەژێر داروپەردوودا مابمەوە. وەک گوزارشتێک بۆ ئەندازە کاریگەربوون بە هەواڵەکە. [11]

بەکورتی، بابانزادە ئەحمەد نەعیم لە ماوەی كاری مامۆستایەتیدا ژمارەیەکی زۆر قوتابی پەروەردە کرد، بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئایندەی قوتابییەکانی بێوچان تێکۆشاوە، هەر لەبەرئەوەشە لە تورکیادا ئەوانەی ناسیوویانە و  ئەوانەشی شوێن پێی ئەویان هەڵگرتووە ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و خۆشیان ویستووە. هەروەها ئەحمەد نەعیم لە مێژووی فەلسەفەدا لە تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە، وەکو یەکێک لە زانایانی دەوڵەتی عوسمانی زۆرێک لەو نووسینانەی نووسیونی لە بواری خۆیاندا بوون بە سەرچاوەی گرنگ، لەهەمانکاتدا نووسین و توێژینەوەکانی لە بواری زانستی ئایینی و وەرگێڕانی فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) بۆ زۆرێک لە خەڵک بوون بە ڕێپیشاندەر، هەروەها هێنانی ئەو تێرمانەش بۆ ناو زمانی تورکی، ڕۆڵی لە دەوڵەمەندکردنی زمانی تورکیدا بینیوە.[12]

٢. بەرهەمەکانی بابانزادە ئەحمەد نەعیم

١.٢. پەرتووکەکانی بابانزادە ئەحمەد نەعیم

بابانزادە ئەحمەد نەعیم، ژمارەیەکی بەرچاو پەرتووکی دانراو و وەرگێڕاو و بابەتی نوسراوی هەیە، نەوەی سەردەمی جمهورییەت لە تورکیا ئەحمەد نەعیم زیاتر لە ڕێگەی سێ بەرهەمییەوە دەناسن، ئەوانیش( Tecrid-i Sarih Tercümesi، Ahlak-ı İslamiye Esasları، İslam’da Davayı Kavmiyet  یەکەمیان وەرگێرانی فەرموودەکانی سەحیحی بوخارییە لە عەرەبییەوە بۆ زمانی تورکی، هەرچی پەرتووکی دووەمە بەناوی بنەماکانی ئەخلاقی ئیسلامی تێیدا تێڕوانینەکانی بۆ ئەخلاقی ئیسلامی خستۆتەڕوو، لە پەرتووکی بانگەشەی قەومییەت لە ئیسلامیشدا بنەماکانی بیری ئیسلامگەرایی خۆی تێدا خستۆتەڕوو.[13]

بنەماکانی ئەخلاقی ئیسلامی Ahlak-ı İslamiye Esasları.

تێکستی ئەم پەرتووکە لە بنەڕەتدا لەلایەن بابانزادە ئەحمەد نەعیم لەسەر داوای وەزیری مەعاریف نوروڵڵا بەگ ئامادەکرا، کە ناوبراو بەمەبەستی بەشداریپێکردنی لە دووەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی پەروەردەی ئەخلاقی لە لاهای، تێکستەكەی فراوانتر کردووە، دواتریش دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی (سبیل الرشاد) و پێداچوونەوەی لەلایەن چاپخانەی (Amedi) لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٢٤ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. شایەنی باسە ئەم پەرتووکە چەند جارێک چاپ و بڵاوکراوەتەوە لەوانە: خورشید کازم ئەلبەیاتی بەناونیشانی (اسس الاخلاق الاسلامیة) لە ساڵی ١٩٥١ لە چاپخانەی (دار الحدیث) لە میصر چاپی کردووە، هەروەها (Ö. R. Doğrul) تێکستی عوسمانی ئەو پەرتووکەی کردووە بە لاتینی و تورکی نوێ و بەناوی(بنەماکانی ئەخلاقی ئیسلامی) و دووجار لە ئەستەنبوڵ چاپیکردووە، جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٤٥ لە (Yüksel yayınevi) و جاری دووەم لە ساڵی ١٩٦٣ لە دەزگای چاپی (Yücel yayınevi) چاپ و بڵاویکردووەتەوە، لە هەردوو جارەکەدا عوسمان نوری ئەرگین پێشەکی و پێشکەشكردنی بۆ نوسیووە. دواتریش، ئەم پەرتووکە دووجار لەلایەن (Recep Kılıç)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئەنقەرە و جاری دووەمیش لە ساڵی ٢٠١٠ دیسانەوە لە ئەنقەرە.[14]

بانگەشەی نەتەوەچێتیی لە ئیسلامدا- İslam’da Davayı Kavmiyet

       ئەم پەرتووکە یەکێکە لە گرنگترین پەرتووکەکانی بابانزادە ئەحمەد نەعیم کە تێیدا جیالەوەی کەوتووەتە ڕەتدانەوە بانگەشەی نەتەوەچێتی تورکەکان لەو سەردەمەدا و هەوڵیداوە بیسەلمێنێت کە نەتەوەگەرایی و زاڵکردنی نەتەوەیەک بەسەر ئەوانی تردا پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا، لەم پەرتووکەدا کەوتووەتە سۆراغی پەیوەندی نێوان نەتەوەگەرایی و ئیسلام، بە نووسینی ئەم پەرتوکەش دەبێتە پێشەنگی ئەوانەی لەبارەی پەیوەندی نێوان ئایین و نەتەوەگەراییان نووسیوە لە جوگرافیای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا.

شایەنی باسە، ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە بۆ یەکەمجار لە ژمارە (٢٩٨)ی ڕۆژنامەی (سبیل الرشاد)دا بڵاوکراوەتەوە لە ساڵی ١٩١٤، دواتر ئەم پەرتووکە لاتینیزەکراوە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە.[15]

بابانزادە ئەحمەد نەعیم ژمارەیەکی بەرچاو پەرتووک و دانراوی تری هەن لە نموونەی: ڕاهێنانی تایبەت بە ڕێزمانی عەرەبی  Temrînât Sarf-ı Arabî’ye Mahsus Temrînât، وانەکان حیکمەت (Hikmet Dersleri)، وانەکانی فەلسەفە(Felsefe Dersleri)، لە بنەماکانی فەلسەفە و دەرووناسی(Mebâdî-i Felsefeden İlmü’n-nefs)، زانستی لۆژیک(İlm-i Mantık) و چل فەرموودە(Kırk Hadis) ... هتد. دەتوانین بڵێین ئەحمەد نەعیم بەم پەرتووکانەی کە بەگشتی ناوەڕۆکی فەلسەفییان هەیە توانیویەتی زمانێکی نوێی پەیوەندیدار بە فەلسەفە لە زمانی عوسمانییدا بینا بکات. ئەگەر بەوردی لە دانراوەکانی بکۆڵینەوە.

ئەوا بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت، ئەو بابەتانەی ناوبراو توێژینەوەی لەبارەوە کردوون و لەسەریان وەستاوە، بەگشتی بابەتی فەلسەفین، بەتایبەتیش لەمەڕ بابەتەکانی: فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی ئایین، فەلسەفەی ئەخلاق و فەلسەفەی زمان، لەو ڕێگەوە کەرەستە و سەرچاوەیەکی زۆری بۆ ئارەزوومەندانی فەلسەفە فەراهەمکردووە.[16]

٢.٢. وتارەکان

        بابانزادە ئەحمەد نەعیم لەگەڵ ڕۆژئاواگەراکانی وەکو: حسێن جاهید، تۆفیق فیکرەت، ئەحمەد ئەمین و ڕەزا توفیق لە شەڕێکی فیکری سەختدا بووە، بیروبۆچوونە تایبەتییەکانی خۆی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەکو:(ثروت الفنون، صراط مستقیم و سبیل الرشاد) بڵاو دەکردەوە. لێرەدا چەند وتارێک لە وتارەکانی بابانزادە ئەحمەد نەعیم بەنموونە دەهێنینەوە:

چەند نموونەیەک لەو وتارانەی لە (ثروت الفنون)دا بڵاویکردونەتەوە:

·         “İbn-i Fâriz’den”, c.15, sayı 385,16 Temmuz, 1314-1896, s.330. 

·         “Seme’elin bir Fahriyesi”, c.16, sayı 392, 13 Eylül, 1314, s.23. 

·         “İbn-i Fâriz’den”, c.16, sayı 396, 1Teşrin-i evvel 1314, s.87. 

·         “Kays-ı Âmirî’nin Garamiyatı’ndan”, c.16, sayı 404, 26 Teşrin-i sani, 1314, s.215. 

چەند نموونەیەک لەو وتارانەی لە (صراط مستقیم) بڵاویکردوونەتەوە:

·         Devr-i İstibdad’da Mekteb-i Sultânî’de verilen derslerden:İlm-i Tevhid’in Tarifi, Süret-i Tedvini, Gayesi”, c.1,sayı 3;14 Şâban 1326, s.37-38. 

·         İlm-i Tevhid’in Tarifi, Süret-i Tedvini, Gayesi”, c.1, sayı 4;21 Şâban 1326, s.55-57. 

·         İlm-i Tarih Sıdk-ı Nübüvvet-i Muhammediyye-i Cenab-ı Peygamber’in Süret-i Neş’et ve zuhurile İsbat Eder”, c.1, sayı 10, 1Şevval 1326, s.153. 

·         Sıdk-ı Nübüvvet’in Tarihen Sübut-u Maba’d”, c.1, sayı 11, 10 Şevval 1326, s.172-173. 

·          c.1, sayı 15, 9 Zilka’de. 1326, s.232-233; c.1, sayı 19, 7 Zilhicce. 1326, s.296-297. 

چەند نمونەیەک لەو وتارانەی لە (سبیل الرشاد) بڵاویکردوونەتەوە:

·         “Ta’lim-i İlmde mi Haram?”, c.11, sayı 282, 27 Zilhicce 1331, s.177. 

·         Müdafaa-i Diniyye: Taaddüd-ü Zevcat İslamiyyette Men’Olunabilir mi imiş?”, c.12, sayı 298, 300; 3\17 Receb 1332, s.216,248. 

·         Müdafaa-i Diniyye; Li’l – Batıli savletün ... (Batılın Dehşetli Bir Savleti Olabilir Ama Çok Sürmez, Muzmehil Olur)”, c.12, sayı 304, s. 309-314. 

·         Müdafaa-i Diniyye: İnsafın O yerde Namı yok mu?”, c.12, sayı 306, 27 Şâban, 1332, s. 351[17]

 

٣. بابانزادە ئەحمەد نەعیم و ڕەتدانەوەی بیری نەتەوەپەرستی

        لەکۆتایی سەردەمی عوسمانیدا بیری نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی وەکو شەپۆلێکی فیکری لەناو خەڵکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بڵاوببوویەوە، بەجۆرێک کە دوای سەردەمی تەنزیمات، سەرەڕای ئەوەی سەرانی دەوڵەتی عوسمانی لە هەوڵی دروستکردنی یەک شوناسی عوسمانیدا بوون، بەڵام جوڵانەوەی بیری نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی لەناو هاوڵاتیانی دەوڵەتی عوسمانیدا خێراتربوو. لە هاوڵاتیانی کریستیانی دەوڵەتی عوسمانی وەکو: سڕب، بولگار، مەکەدۆنی و ئەرمەنییەکاندا جوڵانەوەی نەتەوەپەرستی بەهێز ببوو، کەوتبوونە هەوڵی دامەزراندنی ڕێکخراو بۆ پاراستن و بەرگریکردن لەو بیرکردنەوەیان، ئەمە لەکاتێکدا لەنێو ئەو هاوڵاتییانەی زۆرینەیان مسوڵمان بوون وەکو عەرەب و ئەلبانی بیری نەتەوەپەرستی کولتووری بەهێز ببوو. ئەگەر لەنێو گرووپی یەکەمدا بیری نەتەوەپەرستی بە گوزەری كات بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی ئاڕاستەی کردبێتن، ئەوا لە گرووپی دووەمدا بیری نەتەوەپەرستی زیاتر لەنێو چوارچێوەی شوناسی عوسمانیدا دروستکردنی شوناسێکی تێکەڵی دەدا لە نموونەی (عەرەب- عوسمانی) و ( ئەلبانی- عوسمانی) کردبووە ئامانج.[18] 

         سەربارەت بەسەرهەڵدانی بیری ڕەگەزپەرستی لای تورکەکان، زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ تازەیی ئەم جوڵانەوە و زۆر دێرین نەبوونی مێژووی ئەو جوڵانەوە کردووە، بۆ نموونە بەگوێرەی بیروباوەڕی یوسف ئاکچورا: "جوڵانەوەیەکی سیاسی تورکی کە پشت بە ڕەگەز ببەستێت بۆ دروستکردنی شوناس شتێکی یەکجار نوێیە، جا چ لە دەوڵەتی عوسمانیدا یان لەو دەوڵەتە تورکییانەی تردا کە هاتن و چوون بوونی فیکرێکی وەهام نەبینیووە."[19]  

بەشێوەیەکی گشتی بیری تورکچێتی لەناو تورکەکاندا لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم(1876-1909)دا گەشەی کردووە، گفتوگۆ و مشتومڕی سیاسی تورکچێتی لەنێو گۆڤار و بڵاوکراوەکانی ژۆن تورک، کە لە دەرەوە چاپیان دەکرد و بەنهێنی دەیانناردە ویلایەتەکان دەستیپێکردووە. هەروەها لە دوای کۆنگرەی حوڕییەتپەروەرەکانی ساڵی ١٩٠٢، لەگەڵ بڵاوکراوەکانی ئەحمەد ڕەزا بەگەوە و لە بڵاوکراوەی (شورای ئوممەت) کە ئۆرگانی ئەو هاوپەیمانێتییە بووە کە لەلایەن ئیتیحادچییەکانەوە بەدیهاتبوو، هێدی هێدی بیری عوسمانیچێتی بەرەو بیری تورکچێتی خزاوە، بەتایبەتی ژۆن تورکەکانی میسر یەکەمین بەرهەمی سیاسی تورکچێتییان بڵاوکردووەتەوە، دەکرێت گۆڤاری(ئەنادۆڵ) کە لەلایەن سولەیمان واحید و تەرسوسزادە مونیف بەگەوە بڵاوکراوەتەوە نمونەی یەکەمین بن لەم بوارەدا. بەڵام یەکەمین ڕۆژنامە کە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تورکچێتی لە قاهیرە بڵاوکرایەوە ناوی ڕۆژنامەی (تورک- TÜRK) بووە، لەو گۆڤارەی کە هەریەکە لە شەرەفەدین مەغموری، نەجمەدین عارف، جەلالەدین عارف، عەلی کەمال و ئەسعەد بەگ لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٠٣ بڵاویانکردووەتەوە، لە یەکەمین ژمارەیدا لە گوتاری (تورک) باسیان لەوە کردووە گۆڤارەکە بۆ (پاراستنی مافی تورکەکان، پەروەردەکردنی زیهنی تورکەکان، چالاکردنی فیکریان) دامەزراون، دواتریش جەختیان لە سەروەرێتی تورک بەسەر نەتەوەکانی تردا کردووەتەوە.[20]

بەوشێوە لە سەردەمی بابانزادە ئەحمەد نەعیمدا، بابەتی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی ببووە ڕۆژەڤی ناوەندی کولتووریی و سیاسی، بەڕادەیەک ڕەگەزپەرستی و تورکچێتی وەکو تەوژمێکی فیکری ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بڵاوبووەتەوە، بابانزادە ئەو تەوژمەی بەتوندی ڕەتدەکردەوە و چووە سەنگەری دژایەتیکردنەوە لەگەڵ ئەوانەی بانگەشەی بیری (ڕەگەزپەرستی و تورکچێتی)یان کردووە، بەوهۆیەشەوە بەردەوام لەگەڵ ڕابەرانی بیری ڕەگەزپەرستیدا مشوتومڕی کردووە، بەتایبەت مشومڕ و وتوێژەکانی لەگەڵ: ئەحمەد ئاغائوغڵو، زیاگۆگ ئەڵپ، فواد کویپەرلۆ و یەحیا کەمال، لە ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژگارەدا بڵاوکردووەتەوە.[21]

بەگوێرەی سەرچاوەیەک ئەحمەد نەعیم بەمجۆرە باسی لە بیری ڕەگەزپەرستی و نەتەوەچێتی کردووە: "ئەحمەد نەعیم زانایانی ئومەتی لەمەڕ ئەوەی پێویستبووە بکرێت ئاگادارکردووەتەوە، ئەو بیرکەرەوەیەک بووە، بەشێوەیەکی جدی لە بەرانبەر ئەوانەی ویستوویانە لە ڕێگەی بیری (ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی)یەوە زیان بە بیری ئومەت بگەیەنن وەستاوەتەوە، نووسینی لە دژیان نووسیوە".[22]

ئەحمەد نەعیم ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەرچی لە مەبەستەکەشیان بێئاگابین، هەست بەوە دەکەین براعەرەبەکانماندا کەتوونەتە شوێن بانگەشەی (ڕەگەزی- نەتەوە)یی، هەرچی لەناو برا تورکەکانیشە لەژێر دروشمی( توركچێتی) تەوژمی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەچێتی سەریهەڵداوە و لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەماندا بەریەککەوتنی زیاترمان هەیە گومان دەبەم زیاتر ئاگاداری ئەم تەوژمە بین. هەرچی سەبارەت بە براکوردەکانمانە-بەگوێرەی تێگەیشتنی من- تاوەکو ئێستا تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوون، داواکارم لەخودای باڵادەست تووش نەبن.[23]

       ئەحمەد نەعیم سەرەتا لە وتارێکیدا لەژێر ناوی"ڕەخنە لە کۆمەڵەی یەکێتی عەرەب، ئامۆژگارییەکمان بۆ برا عەرەبەکانمان" ڕەخنەی لە عەرەبەکان گرتووە و بە یارمەتی تێکست و سەرچاوە ئیسلامییەکان هەوڵی ئاگادارکردنەوەیانی لە مەترسی نەتەوەپەرستی داوە. لەلایەکی ترەوە ئەحمەد نەعیم لەدوای ئەو نووسینانەی و یانزە ساڵ دواتر واتا لە ساڵی ١٩١٤ لە پێش هەموویانەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە پێشڕەوی تەوژمی تورکچێتی زیاء گوێک ئاڵپ وتارێکی درێژی لەژێر ناوی" بانگەشەی قەومییەت لە ئیسلامدا" نووسیوە و لە گۆڤاری (سبیل الرشاد)دا بڵاویکردووەتەوە، لە هەمان ساڵدا لەلایەن یەکێک لە بڵاوکراوەکانی گۆڤارەکە بەشێوەی نامیلکەیەک چاپکراوە، بەجۆرێک ئەو نامیلکە لە زۆر لایەنەوە خاوەن تایبەتمەندی و گرنگی خۆی بووە، بەڕادەیەک لە گرنگترین ئەو تێکستانە بووە كە زۆرترین مشتومڕی لەمەڕ پرسی نەتەوەچێتی لە سەردەمی دووەمی مەشرووتەدا دروستیكردووە.[24]

ئەحمەد نەعیم لەو وتارەی لەسەرەوە باسکرا، بە پشتبەستن بە بنەماکانی ئیسلام (قورئان و فەرموودە) هەموو بانگەشەیەکی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی ڕەتکردۆتەوە، بەگوێرەی بۆچوونی ناوبراو ئەو بانگەشە داهێنراو(بیدعە)یەکە هێنراوەتە ناو خاکی ئیسلام، لەهەمانکاتدا بڕوای وابوو نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی بانگەشەیەکی قەدەغە و یاساغە، خۆی گووتەنی:" لێرە لەناو مسوڵماناندا ئاشکراکردنی بانگەشەی نەتەوە و ڕەگەز پانزە بیست ساڵیکە سەریهەڵداوە و دوای مەشرووتەی دووەم کراوەتە بابەتێکی ژیانی و گرنگی مەملەکەت، ئەوەش بەهۆی نەزانین و جەهالەتمانەوە لە ئەوروپییەکانمان وەرگرتووە، کە بۆ بوون و مانەوەی ئیسلام بە ئەندازەی سەرەتان بیدعەیەکی بێگانەی کوشندەیە ...".[25]  هەر لەبەرئەوە زۆر بەتوندی بیر و بانگەشەی نەتەوەچێتی ڕەتکردووەتەوە و ڕەگەزپەرستی بە نەخۆشییەکی ڕۆژئاوایی داوەتەقەڵەم، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەم دەردە کوشندە پەتایەکی زۆر زیانبەخشە، گەر ڕێی لێ نەگیرێت دەبێتە هۆی کوشتنی ئوممەتی ئیسلامی، چارەسەرکردنیشی کارێکی قورس و زەحمەتە.[26]

بە باوەڕی ئەحمەد نەعیم، نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی نەک هەر کامەرانی و خۆشبەختی ناهێنێت، بەڵکو تراویلکەیەکی خەڵەتێنەرە (سەرابێکی موغفیلە)، ناوبراو لەمبارەیەوە درێژە بە بۆچوونەکەی دەدات دەڵێت: مادام بەگوێرەی یاسای سروشتی هۆکاری هاوشێوە ئەنجامی هاوشێوە دەهێنێتە کایەوە و بەرمەبنای ئەو مەقولە، ئێمەش ئەگەر لەسەر هەمان ئەو ڕێگەیە بەردەوام بین، ئەوا ئەو بەڵا و کارەساتە گەورانەی بەسەر برا ئەلبانییەکانماندا هاتن بەسەر ئێمەشدا دێن.[27] 

ئەحمەد نەعیم، لە وتاری"بانگەشەی نەتەوەچێتی لە ئیسلامدا"، نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی بە شەربەتێکی ژەهراوی ناودەبات، بە باوەڕی ناوبراو ئەگەرچی عەسەبییەت چ بۆ ئایین بێت یان بۆ ڕەگەز شتێکی شیرینە، بەڵام ئەگەر ئیسلام یان هەر میللەتێک ئەو شەربەتە پڕ لە ژەهرە بنۆشێت هەرگیز بەختەوەریی و ڕزگاری نادۆزێتەوە.[28] 

ئەحمەد نەعیم بۆ پووچەڵکردنەوە و ڕەتدانەوەی بیانووەکانی بانگەشەکارانی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی وەکو نموونە چەندین ئایەت و فەرموودەی پیرۆز پێشکەش دەکات، بەر لە هەرشتێک ئەو وەک ئیسلامخوازێک لەو باوەڕەدا بوو هیچ جیاوازییەک لە نێوان مسوڵماناندا نییە، باوەڕی وابوو بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ڕەگەز، ڕەنگ و زمان هەموو مسوڵمانان بران، هەر لێرەشەوە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بانگەشەکارانی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی دەستپێدەکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئایەتی ژمارە (10) لە سورەتی (الحجرات): "‌انما المؤمنون اخوة " دەهێنێتەوە و بەمجۆر شرۆڤەی دەکات:" بەگوێرەی ئەم بنەما گەورە و سەرنجڕاکێشە هەموو ئەو باوەڕدارانەی دێنە ژێر ئاڵای یەکتاپەرستی و دان بە پێغەمبەرایەتی(رسول اکرم) پێغەمبەر(د. خ)دا دەنێن برای یەکترن و ئەم برایەتی ئاینییەش لە فەرموودەیەکدا کە حەزرەتی ئەنەس گێڕاویەتییەوە بە ئاشکرا دیارە کە پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: "لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه"، واتا هیچ کەسێک لە ئێوە باوەڕی تەواو نابێت، تاوەکو چی بۆ خۆی پێشخۆشە بۆ برا ئاینییەکەشی پییخۆش نەبێت."[29]

لێرە بە دواوە جەخت لە بنەماکانی دیکەی گەلانی ئیسلامی دەکاتەوە، بەجۆرێک بە بڕوای ئەو خەمی هەرە گەورەی مسوڵمانێک دایک، باوک و برای خوێنییەکانی نییە، بەڵکو دەبێت خەمی برای ئایینی و کۆمەڵەی ئیسلامی بێت، هەروەها چەندین فەرموودەی پیرۆز لەبارەی کۆمەڵەوە هێناوەتەوە:

-        إن الله لا يجمع أمتي على ضلالة، ويد الله مع الجماعة، ومن شذ شذ إلى النار

-        الجماعة رحمة، والفرقة عذاب 

-        من فرق فلیس منا[30]

ئەمانە و چەند فەرموودەیەکی تری پیرۆزی لەبارەی بایەخ و گرنگیدانی ئیسلام بە کۆمەڵ و دورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی بەنموونە هێناوەتەوە.

شایەنی باسە ئەحمەد نەعیم وەک ئومەتچییەک، زۆر بەتوندی دژی هەموو تەوژمێكی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی لەنێویشیاندا بیری تورکچێتی بووە، ناوبراو تورکچێتی دابەشی سەر دوو گرووپی (تورکچییە پەتییەکان) و (تورکچییە- ئیسلامچی)ییەکانی کردووە، ئەم دوو گرووپە تورکچییەی بەمشێوە ڕوونکردووەتەوە: " ئێمە تەنها دەتوانین لەگەڵ تورکچییە- ئیسلامچییەکاندا دەردەدڵ بکەین، چونکە لەگەڵ ئەمانەدا و لەچوارچێوەی ئیسلامدا هەم ڕێکەوتن و هەمیش تێگەیاندنیان لە بنەما حەقیقییەکانی ئیسلام ئاسانتر دەبینم."[31] 

بەم جۆرە ئەحمەد نەعیم ڕووی دەم دەکاتە ئەو گرووپە و دەڵێت: "بەڵام هەمیشە... - بەڵێ ئەمەتان هەرگیز بیر نەچێت- هەمیشە لەبری ئەوە بە " ئەی تورک" یەکتری بانگ بکەن، بە "ئەی مسوڵمان" یەکتر بانگ بکەن، باسی تورکچێتی مەکەن، هەركاتێك ویستان تێبکۆشن بەناوی تورکچێتییەوە نا بەناوی مسوڵمانێتییەوە تیبکۆشن، مێژووی تورک لە مێژووی ئیسلام جیامەکەنەوە."[32] 

ئەحمەد نەعیم لە جێگەیەکی تری دانراوەکەیدا، ڕووی دەمی دەکاتە بانگەشەکارانی تورکچێتی بەمشێوە بانگەوازیان دەکات:" بۆ خاتری خودا واز لە وەرگێڕانی ڕووی تورکەکان لە کەعبەوە بۆ تۆران بهێنن،  داوا مەکەن لە هیچ کەسێک ڕوو لە هەردوو لا بکات(هەم کەعبە و هەم تۆران)، چونکە ئەو دوو لا پێچەوانە و دژی یەکترن و لە یەککاتدا هەردووکیان نابینرێن، تورکەکان وەک هەزار ساڵی پێشوو یان دەبێت ڕووبکەنە کەعبە و تۆران  لە پشتیانەوە جێبهێڵن یان ڕوودەکەن تۆران و کەعبە لە بیر دەکەن..."[33] . لەبارەی ئەم بابەتەوە دیسانەوە ئەحمەد نەعیم لە جێگەیەکی دیکەی بەرهەمەکەیدا داوا لە بانگەشەکارانی تورکچێتی دەکات واز لە کۆکردنەوە دژەکان و خەیاڵی خاو و جووت ئایدیاڵی بهێنن.[34] 

ناوبراو لەم داواکارییانەی بەردەوام دەبێت، لەوەش زیاتر ئیسلامییە-تورکچییەکان بەمشێوە ئاگادار دەکاتەوە: "تەنها ئاگادار بن، ڕێنمویکردن و خزمەتاکانتان با بەناوی تورکچێتییەوە نەبێت و بەناوی مسوڵمانبوونەوە بێت، با لە گوتارەکاتاندا لە جێگەی (تورکەکان) هەمیشە (مسوڵمانەکان) بەکاربهێنن".[35]

بەمجۆرە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی ئەوکاتی عوسمانی بەگشتی و بانگەشەکارانی بیری تورکچێتی و ڕەگەزپەرستی لە زیان و خراپییەکانی ئەو تەوژمە هزرییە بۆ سەر کۆمەڵگە.

ئەنجام

 پێش هەموو شتێک بابانزادە ئەحمەد نەعیم مسوڵمانێکی پاک و ڕاستگۆ و نموونەی ئاییندارێکی ڕاستەقینە بووە. هەمیشە ئەولەویەتی بە ئیسلام و کۆمەڵی ئیسلامی داوە، بەجۆرێک تا کۆتایی تەمەنی وەفادار بووە بۆ ڕێبازی ئیسلام، چونکە ناوبراو بڕیاریدابوو هەموو ژیانی خۆی لەپێناو بەرژەوەندی ئیسلام و مسوڵمانان بەخت بکات. هەر لەم سۆنگەیەوە بووە کە دوا پڕۆژەی بابانزادە پڕۆژەیەکی ئایینی بووە. واتە؛ هەرچەندە لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیدا تووشی چەندین نەخۆشی ببوو، بەڵام بەردەوام بووە لە وەرگێڕانی سەحیحی بوخاری بۆ زمانی تورکی. هەروەها دواکردەوەی ژیانیشی سوجدە بردن بووە بۆ خودای تاقانە، وەک دەزانین کە بابانزادە لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆدا و لەکاتی سوجدەدا کۆچی دوایی کردووە.

هەروەك ئەحمەد نەعیم یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکان و کەسایەتییە گرنگەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و کولتووریی دوا قۆناغی دەوڵەتی عوسمانی، ناوبراو کەسایەتییەکی فرەڕەهەند بووە، چونکە ئەو لەیەککاتدا بیرمەندێکی جددیی و گەورە، مامۆستا و نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و زمانزانیش بووە. جێ پەنجەی خۆشی بەسەر هەریەک لەوکایانەوە جێهێشتووە.

 باوەڕی بە بیرۆکەی ئومەتی ئیسلامی هەبوو، بەتوندی هەموو بەنگەشەیەکی نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی ڕەتدەکردەوە، چونکە بە بڕوای ئەو هەموو مسوڵمانان لەچوارچێوەی ئایینی ئیسلامدا برای یەکترن. هەروەك بیری نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی بەڵایەکی ترسناکن! هەڕەشە لە کۆمەڵگەی ئیسلامی و یەکگرتوویی مسوڵمانان دەکەن.

نەتەوەچێتی و ڕەگەزپەرستی بووەتە بابەتی گەرمی ناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسی سەردەمی ئەحمەد نەعیم، بەجۆرێک تورکچێتی و ڕەگەزپەرستی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک بزووتنەوەیەکی بیرکردنەوە لە تەشەنەکردندا بووە، هەر بەم هۆیەشەوە ئەحمەد نەعیم زۆر بە توندی ڕەگەزپەرستی ڕەتکردووەتەوە و ئەم بزووتنەوە فیکرەییەی قبوڵ نەکردووە و کەوتووەتە ململانێیەکی توند و درێژخایەن لەگەڵ ئەو کەسانەی بانگەشەی تورکچێتی و ڕەگەزپەرستییان کردووە، بەردەوام لە مشتومڕێکی سەختدا بووە لەگەڵ سەرانی بزوتنەوەی تورکچێتی و ڕەگەزپەرستیدا، بەجۆرێک مشتومڕەکانی بەتایبەت لەگەڵ ئەحمەد ئاغائۆغڵو، زیا گۆك ئالپ، فوئاد کۆپرولو و یەحیا کەمال لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە. وتارەکەی لەسەر ئەم بابەتە بەناونیشانی "بانگەشەی نەتەوەچێتی لە ئیسلامدا" یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری عوسمانی ئەو ڕۆژگارە.

سەرچاوەکان

1.     Babanzâde Ahmed Naim. İslam’da Irkçılık ve Milliyetçilik Davası, hazırlayan: Fahrettin Gün, Beyan Yayınları, İstanbul 2018.

2.     ________. İslam Ahlakının Esasları, notlar ilave ederek sadeleştiren Prof. Dr. Recep Kılıç, Türkiye Diyanet Vakfı, 2 basık, Ankara 2014.

3.     Bahadır Şah I, Türk Meşhurları, Baban, earşiv.şehir.edu.tr.

4.     Fahrettin Gün. Müderris Babanzâde Ahmed Naim, Beyan Yayınları, İstanbul 2016.

5.     Fatma Yıldız. Babanzâde Ahmed Naim’in “İlmü’n-Nefs” Adlı Eserinin Tahlili Ve Çeviri Yazısı, Yüksek Lisans Tezi, İstanbul Üniversitesi 2014.

6.     Hilmi Ziya Ülken. Türkiye’de Çağdaş Düşünce Tarihi, Türkiye İş Bankası Kültür Yayınları, İstanbul 2019.

7.     Hüseyin Hansu. Secdede Biten Bir Ömür: Babanzâde Ahmed Naim Bey, DİN VE HAYAT. EKIM 2015.

8.     ________. Secdede Biten Bir Ömür: Babanzâde Ahmed Naim, Kaynak Yayınları.

9.     İsmail L. Çakan. Babanzâde Ahmed Naim1872-1934; Müderris, mütercim, fikir adamı ve yazar, TDV İSLAM ANSİKLOPİDESİ org.tr.

10.  Jabar Kadir. Babanzâde Ahmed Naim 1873-1934(Kürtçe). www.WtariKurd.info.

11.  M. Cevdet İnançalp. Müderris Ahmed Naim, İstanbul, Ülkü Matbaası, 1935.

12.  M. Cüneyt Kaya – İsmail Kara. Babanzâde Ahned Naim Bey’in Hayatı ve Eserleri, İstanbul Ağustos 2018.

13.  M. Şükrü Hanioğlu. Türkçülük; XIX Yüzyılda Osmanlı Devletlerinde Entelektüel Düzeyde Başlayan, Daha Sonra Siyasal ve İdeolojik Boyut Kazanan Hareket, Pantürkizim. İslam Ansiklopedİsi.org.tr.

14.  Şengül Özoğul. Babanzâde Ahmed Naim’in Felsefe Algısı ve Ele Aldığı Felsefi Problemler, Yüksek Lisans Tezi, Necmettin Erbakan Üniversitesi 2016.

15. Yusuf Akçura. Üç Tarz-ı Siyaset, Türk Tarih Kurumu, 8. baskı, Ankara 2018.

 

 

 

 

بابانزادە ئەحمەد نەعیم

 

[1] M. Cüneyt Kaya – İsmail Kara. Babanzâde Ahned Naim Bey’in Hayatı ve Eserleri, İstanbul Ağustos 2018. s.15.

[2] بڕوانە: سامان مستەفا ڕەشید، مستەفا زیهنی، ژیان و ڕۆڵی ئیداری و کلتوری لەدەوڵەتی عوسمانییدا، گۆڤاری زانکۆی جیهان Volume 6 Issue 3(2022)  (Special Issue)، ل ٤٠-٥٩.

[3] Jabar Kadir. Babanzâde Ahmed Naim 1873-1934(Kürtçe). www.WtariKurd.info. Ereşim tarihi.8.7.2022. s.1.

[4] Hüseyin Hansu. Secdede Biten Bir Ömür: Babanzâde Ahmed Naim Bey, DİN VE HAYAT. EKIM 2015. S. 80.

[5] Jabar Kadir, a.g.m.2.

[6] Receb Kılıç, Ahmet Naim ;hayatı ve eserleri, İslam ahlakının esaslerı, önsöz içinde, s.12.

[7] M. Cüneyt Kaya – İsmail Kara. Babanzâde Ahned Naim Bey’in Hayatı ve Eserleri, İstanbul Ağustos 2018. S.18-19.

[8] Jabar Kadir, a.g.m.2.

[9] İslam Ahlakının Esasları, notlar ilave ederek sadeleştiren Prof. Dr. Recep Kılıç, Türkiye Diyanet Vakfı, 2 basık, Ankara 2014. S.12.

[10] Hüseyin Hansu. Secdede Biten Bir Ömür: Babanzâde Ahmed Naim Bey, DİN VE HAYAT. EKIM 2015. S. 15-45.

[11] Fatma Yıldız. Babanzâde Ahmed Naim’in “İlmü’n-Nefs” Adlı Eserinin Tahlili Ve Çeviri Yazısı, Yüksek Lisans Tezi, İstanbul Üniversitesi 2014. S. 8.

[12] Fatma Yıldız. a. g. e. s. 10.

[13] Recep Kılıç, a.g. e. S. 301-302.

[14] M. Cüneyt Kaya – İsmail Kara. Babanzâde Ahned Naim Bey’in Hayatı ve Eserleri, İstanbul Ağustos 2018, s. 41_42.

[15] Şengül Özoğul. Babanzâde Ahmed Naim’in Felsefe Algısı ve Ele Aldığı Felsefi Problemler, Yüksek Lisans Tezi, Necmettin Erbakan Üniversitesi 2016, S.

[16] Fatma Yıldız. a. g. t, s. 12

[17] بۆ وردەکاریی زیاتر لەم بارەیەوە بڕوانە:

 Ayrıntılı bilgi için Bkz, Recep Kılıç, a.g.m, s.13-16; M. Cüneyt Kaya – İsmail Kara, a. g.e, s.37-44.

[18] M.Şükür Hanioğlu, Türkçülük;xıx yuzılıda osmanlı devletleri’nde entelektüel düzeyde  başlayan, daha sonra siyasal ve ideolojik boyut kazanan hareket, pantürkizim. İslam Ansiklopedesi.İslamansiklopedesi. org.tr.

[19] Yusuf akçura, Üç tarz-ı siyaset, Türk tarih kurumu,8 baskı, Ankara ,2018. s. 22.

[20] M. Şükür Hanioğlu, a. g. m.

[21] Osman Nuri Ergin, babanzade Ahmet Naim, şehsiyeti ve eserleri, s.155.

[22] Babnzade Ahmet Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası’, hazırlayan: Farhrettin Gün,bayan yaynyayinları,( istanbul _2018), kitabının sonüşü, s.17.

[23] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.49-50

[24] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.17-18

[25] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.48

[26] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.49.

[27] (Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.59.

[28] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s.79.

[29] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 72-73

[30] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 74-80

[31] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 56.

[32] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 60

[33] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 66

[34] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 68

[35] Babanzâde Ahmed Naim, İslam’da Irkçılık ve Milliyeçilik davası, s. 70

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure