The Impact of Chronic Stress on Personality Traits
د.جەعفەر عومەر ئەحمەد/ پسپۆڕی پزیشکی دەروونی
پوختە:
فشاری درێژخایەن، یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی سەردەم، لە سەرانسەری لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا کاریگەری لەسەر تاکەکان هەیە. تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی لەسەر خەسڵەتەکانی کەسایەتی مرۆڤ، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە وەڵامدانەوەکانی تاکەکان بۆ فشارەکان. ئامانجی ئەم توێژینەوە، بریتییە لە زانینی کاریگەرییەکانی فشاری درێژخایەن لەسەر خەسڵەتەکانی کەسایەتی، ئەمەش بەسوودوەرگرتن لە لێکۆڵینەوە نوێیەکان. ئەنجامی توێژینەوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە خەسڵەتەکانی دەرەوەخوازی، ئەرکناسی، تەباخوازی و کراوەیی بەهۆی فشارە درێژخایەنەکانەوە لاواز دەبن و بەپێچەوانەشەوە تایبەتمەندی دەمارگیری زیاد دەکات. ئەم دەرئەنجامە دەگونجێت کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر کەسایەتی تاکی کورد، لەبەرئەوەی کە فشارە درێژخایەنەکان زۆرن و بەردەوامبوونیان هەیە لەناو کۆمەڵگەدا، بەتایبەت نەبوونی دەوڵەت، کێشەی سیاسی و ئابووریی و مووچە. توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات کە لەوبارەوە لێکۆڵینەوەی زانستی زیاتر بکرێت بەمەبەستی دەرخستنی قەبارەی دیاردەکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
١. پێشەکی:
دوو بابەتی گرنگی بواری دەروونزانی بریتین لە فشاری دەروونی و کەسایەتی، دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو بابەتە یەکێکە لە پێویستییەکان (١)، بەتایبەت بەهۆی گۆڕانکاری خێرا و پێشکەوتنەکانەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، فشارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، چواردەوری تاکەکانیان داوە. لەهەمانکاتدا گۆڕانکاری لە کەسایەتی و خەسڵەتەکانی کەسایەتی مرۆڤی سەردەم بابەتێکە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت (٢) (٣). بوونی پەیوەندی نێوان ئەم دووانە لە کۆمەڵگەدا تەوەری توێژینەوە و لێکۆڵێنەوەکانە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەتا بزانین پەیوەندییەکە چۆنە و بەچی ئاڕاستەیەک ڕوودەدات.
مۆدێلی کاریگەری نێوان فشاری دەروونی و خۆگونجاندن بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن لازارۆس و فۆلکمانەوە پەرەی پێدراوە، ئاماژە بە گرنگی و بەهای تێگەیشتن لە نێوان فشاری درێژخایەن و خەسڵەتە کەسییەکان دەکات (٤). بەگوێرەی ئەم مۆدێلە؛ فشاری دەروونی لە ئەنجامی کارلێکی جوڵاوی نێوان تاک و ژینگە لەگەڵ تێگەیشتنی هزری و ستراتیجەکانی خۆگونجاندنەوە بۆ فشار نوێنەرایەتی دەکرێت. خەسڵەتە کەسییەکانی وەکو دەمارگیری، کراوەیی، دەرەوەخوازی، ئەرکناسی و تەباخوازیی ڕۆڵی گرنگ و سەرەکییان هەیە لە تێگەیشتن و پێزانین بە فشارهێنەرەکان و پاشان لەسەر ستراتیجەکانی خۆگونجاندن.
١.١. کەسایەتی و خەسڵەتەکانی (Personality & Personality traits)
کەسایەتی؛ بریتییە لە بنیاتێکی فرەڕەهەند کە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی تاک هەیە، لەوانە کارلێککردنیان لەگەڵ ئەوانی تر، لایەنی سۆزداریی و کارکردنی دەروونی تاک بەشێوەیەکی گشتی. کەسایەتی لە خەسڵەتە بەردەوام و چەسپاوەکانی کەسایەتی پێکدێت (٥). تایبەتمەندی کەسایەتی ئاماژەیە بۆ ڕەوشت و هەڵسوکەوتە بەردەوامەکانی تاک لەڕووی بیرکردنەوە، هەست و ڕەفتارەکانی کە کەسەکەی پێدەناسرێتەوە. ئەم خەسڵەتانەی کەسایەتی بەتێپەڕبوونی کات بە جێگیری دەمێننەوە، کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و هەڵوێست و ڕەفتارەکانی مرۆڤ هەیە لە تەواوی ژیانی تاکدا (٦). کەسایەتی هەر مرۆڤێک لەوانی تر جیاوازە، واتە هەر تاکێک کەسایەتی تایبەت بەخۆی هەیە و بەهۆی خەسڵەتەکانەوە لەوانی تر جیا دەبێتەوە (٣).
١.١.١. پێنج خەسڵەتە گەورەکە (Big Five)
یەکێک لە تیۆرەکانی تێگەیشتن لە کەسایەتی، "کەسایەتی" لەچوارچێوەی تیۆری پێنج فاکتەری کەسایەتیدا پێناسە دەکات، گریمانەی ئەوە دەکات کە کەسایەتی لە دەوری پێنج ڕەهەندی فراوان پێکدێت، کە بە مۆدێلی پێنج فاکتەری گەورە یان پێنج فاکتەری (Five-Factor Model) ناسراوە (٧). ئەو ڕەهەندانەش بریتین لە (٨):
1. کراوەیی (Openness): ئەم خەسڵەتە ڕەنگدانەوەی کونجکاوی و داهێنان و وەرگرتنی بیرۆکە و ئەزموونی نوێیە لە مرۆڤدا. خەیاڵکردنی فراوانی تاکە، ئەم خەسڵەتە مرۆڤ دووردەخاتەوە لە تەقلیدکردن.
2. ئەرکناسی (Conscientiousness): نوێنەرایەتی ڕێکخراویی و بەرپرسیاریی و ئامانجداری لە تاکدا دەکات. مرۆڤ بتوانێت ڕێککاری لە خۆی و ژیانیدا بکات.
3. دەرەوەخوازی (Extraversion): ئاماژەیە بۆ بەرزی ئاستی کۆمەڵایەتی و جەختکردنەوە و گەڕانی تاک بەدوای هاندانی کۆمەڵایەتیدا.
4. تەباخوازی (Agreeableness): ڕەنگدانەوەی گەرمی و هاوسۆزی و هاوکاریی و هەستیارییە بەرانبەر بە کەسانی تر.
5. دەمارگیری (Neuroticism): ڕێژەی کاردانەوەی تاک لەڕووی هەستی نەرێنی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ناجێگیری هەڵچوونی دەگرێتەوە.
تیۆری پێنج هۆکار، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پێنج ڕەهەندە، ئەو خەسڵەتە بنەڕەتییانە دەگرنەوە کە جیاوازی تاکەکەسی لە ڕەفتار و زانین و هەستدا لێکدەدەنەوە (٦).
١. ٢. فشاریی درێژخایەن (Chronic Stress)
زۆر هۆکار و لایەن کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی کەسایەتی تاک هەیە، بونیادی کەسایەتی ئاڵۆز و هەمەلایەنە، ناتواندرێت بە تەنها یەک ڕەهەند لێکدانەوەی بۆ بکرێت (٧) (٨). یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر کەسایەتی بریتییە لە فشارە درێژخایەنەکان کە بەردەوام ڕووبەڕووی تاک دەبنەوە (٩). فشاریی درێژخایەن بریتییە لە بەرکەوتنی بەردەوام و نەوەستاو بۆ فشارهێنەرەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، کە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر خۆشگوزەرانی دەروونی و جەستەیی و هەڵچوونی تاک (٩). فشاری درێژخایەن جیاوازە لە فشاریی کتوپڕ (acute stress) کە بۆ ماوەیەکی کاتی تووشی تاک دەبێت و دوای نەمانی فشارهێنەرەکە کاریگەرییەکەش نامێنێت، بەڵکو فشاریی بەردەوام بۆماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی دروستکردنی وەڵامدانەوەی درێژخایەنی جەستەیی (٩).
فشاریی درێژخایەن بە چەندین شێوەی جیاواز لە بوارەکانی ژیاندا دەردەکەوێت، وەکو پیشە، پەیوەندییەکان، تەندروستی و بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی (١٠) (١١) (١٢) (١٣). بۆ نموونە فشارە درێژخایەنەکانی کار و پیشە لە ئەنجامی زۆری ماوەی کارکردن، کێشەی زۆر لە شوێنی کارا، کەمتوانایی لە کۆنترۆڵی ئیش و نەبوونی ئاسایش لە شوێنی کار دروستدەبن(١٠). لە پەیوەندییەکاندا، فشاریی درێژخایەن بەهۆی بوونی کێشە بەردەوامەکان، بەرپرسیارییەتییەکانی چاودێرکردنی کەسانی تر، یان گۆڕانە بەردەوامەکان و ناجێگیریی خێزانییەوەیە ڕوودەدەن(١١). لە بواری تەندروستییشەوە وەکو بوونی ئازاری درێژخایەن و نەخۆشییە درێژخایەنەکان(١٢). لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییشەوە وەکو بوونی گەندەڵی لە وڵات و جیاکاری کۆمەڵایەتی کە سەرچاوەن بۆ فشاریی درێژخایەن دەگرێتەوە(١٣).
١. ٣. ئامانجی توێژینەوەکە (Objectives):
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا فشارە درێژخایەنەکان زۆر و هەمەچەشنن، دەتوانین بڵێین زۆربەی فشارە درێژخایەنەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەن، هەندێک لەو فشارە درێژخایەنانە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر ڕەنگیانداوەتەوە، وەکو بوونی نایەکسانی لەناو کۆمەڵگە و گەندەڵی، بێدەوڵەتی، کێشەی ئابووری و مووچە ... ئەمە سەرەڕای بوونی فشارە بەردەوامەکانی تری بواری تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و پیشەیی، لەبەرئەوە گرنگە کە بزانین ئایا ئەو فشارە بەردەوامانە چەندە کاریگەرییان هەیە لەسەر تایبەتەمەندییە کەسییەکانی تاکی کوردی. ئامانجی توێژینەوەکە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان فشاریی درێژخایەنە لەگەڵ پێنج خەسڵەتە گەورەکەی کەسایەتی تاک، کە ئایا کامیان زیاد دەکات و کامیان کەم دەکاتەوە؟ لێکۆڵینەوەکە لەچوارچێوەی توێژینەوەکان کە لە دونیای زانستدا هەن لەو بوارەدا ئامادەکراوە. دەتواندرێت بۆ کۆمەڵگەی کوردی هاوشێوە بێت.
٢. کاریگەری فشاریی درێژخایەن لەسەر خەسڵەتە کەسییەکان:
لەچوارچێوەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە تایبەتەکاندا، لەم بەشەدا ئاماژە بە کاریگەری فشاری درێژخایەن، لەسەر پێنج خەسڵەتە گەورەکەی کەسایەتی دەکەین:
٢. ١. کراوەیی (Openness):
ئەم خەسڵەتە گوزراشت لە بیرفراوانی و بیرقوڵی مرۆڤ دەكات، كەسانی كراوە كاردانەوەیەكی قوڵی سۆزداریان بۆ شتەكان هەیە، هەوڵدەدەن ڕێگەی جیاواز بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان بدۆزنەوە. هەروەها كەسانی كراوە ئارەزووی تاقیكردنەوەی شتی نوێ دەكەن (١٤). بەگوێرەی توێژینەوەکان فشارە بەردەوامەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەم خەسڵەتە لەلای تاک (١٥) (١٦). ئەمەش لەبەرئەوەی کە فشاریی بەردەوام دەبێتە هۆی سنوردارکردنی بوونی هەل بۆ دەرخست و هاندانی هزری تاک، کە پێویستن بۆ ئەم خەسڵەتە (١٥). بەهەمانشێوە ئەو کەسانەی کە لەژێر فشاری درێژخایەندان، ئارەزووی کەم و سنورداریان هەیە، داهێنانکارییان کەمترە و بەرگیریکارن بەرانبەر گۆرانکاریییەکان (١٦).
هەروەها دەرکەوتووە کە بوونی تایبەتمەندی کراوەیی دەبێتە هۆی گۆڕینی کاریگەرییەکانی فشاریی درێژخایەن لەسەر خۆشگوزەرانی تاک، بەشێوەیەک کە هەتا ئاستی کراوەیی زیاتر بێت، کاریگەرییە نەرێنییەکان کەمتر دەبنەوە (١٧).
٢. ٢. ئەرکناسی (Conscientiousness):
مەبەست لەم خەسڵەتە بریتییە لە خۆكۆنتڕۆڵكردن، هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی، ماندوونەبوون لە كاركردن و پابەندبوون بە ڕێساكان. هەروەها ناوەرۆكی ئەركناسی بریتییە لە خۆكۆنتڕۆڵكردن (١٤). بەهەمانشیوە فشارە درێژخایەنەکان دەبنە هۆی لاوازبوونی ئەم خەسڵەتە (١٨) (١٩) (٢٠).
دەرکەوتووە کە فشارهێنەرە درێژخایەنەکان، دەبنە هۆی تێکچوونی ڕۆتینیاتی ڕۆژانە و لاوازکردنی ڕەفتاری ئامانجداری تاک، کە ئەمەش پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی لایەنی ئەرکناسی تاکەوە (١٨). هەروەها ئەو کەسانەی کە لەژێر فشاریی درێژخایەندان، ئاستی پاڵنەر و هاندەریان نزم دەبێتەوە، توانای بڕیاردانیان خراپ دەبێت و پابەندییان بە بەرپرسیارییەتییەکانەوە دادەبەزێت، ئەم ڕەفتارانەش بەشێکن لە تایبەتمەندی ئەرکناسی (١٩). لایەنێکی تری کاریگەری فشار لەسەر ئەرکناسی لەڕێگەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فشارەوەیە لەسەر توانای هزری و ژیری تاک، کە بەهۆی فشارەکانەوە لاواز دەبن و دەرئەنجام بەگوێرەی کات گۆڕانکاری لە ئەرکناسی تاکدا دروستدەکات (٢٠).
٢. ٣. دەرەوەخوازی (Extraversion):
دەرەوەخوازی ئاماژە بە وزە و پەرۆشی دەكات، كە ئەم وزە و پەرۆشییە ئاڕاستەیەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی هەیە. ئەم خەسڵەتە پێكهاتووە لە: گەرموگوڕی، خوێنگەرمی، پێداگری، چالاكی، هەڵچوونی ئەرێنی و خرۆشانخوازی (١٤). فشارە بەردەوامەکان دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەم خەسڵەتە (٢١) (٢٢) (٢٣).
هەندێک لە فشارە درێژخایەنەکان، وەکو دابڕانی کۆمەڵایەتی یان کێشەکانی پەیوەندیکردن، ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی کەبوونەوەی دەرەوەخوازیی تاک (٢١). دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی کە ئەزموونی فشاریی درێژخایەن دەکەن، خۆیان لە کارلێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەدوردەگرن و لە چالاکییە پاداشت ئامێز و چێژبەخشەکان دوردەکەونەوە، وەکو ئاماژەی بۆ کرا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم خەسڵەتە بریتییە لە خرۆشاویی و خوێنگەرمی، کە بەهۆی فشارەکانەوە کەمدەبنەوە (٢٢). لەهەمانکاتدا توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە فشاریی درێژخایەن دەبێتە هۆی گۆڕانی بەردەوام لە دەرەوەخوازیدا، بەتایبەت لەو کەسانەدا کە خۆیان ئامادەباشیی پێشوەختەیان هەیە (٢٣).
٢. ٤. تەباخوازی (Agreeableness):
هەریەكە لە لەخۆبردوویی و سۆزو خۆشەویستی و متمانە بریتین لە هەرە دیارترین ڕەفتارەکانی تەباخوازی. نزمبوونەوەی ئاستی تەباخوازی پەیوەندیی بە ڕەفتاری شەڕانگێزی، نەیاری، فرت و فێڵكردن و بێبەزەیی بوونەوە هەیە (١٤). بەهەمانشێوەی خەسڵەتەکانی تری کەسییەتی کە لە پێشەوە ئاماژەیان بۆ کراوە، فشاری درێژخایەن دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و لاوازکردنی تەباخوازی (١) (٢٤). ئەم کاریگەرییەش بەهۆی ئەوەوەیە کە فشاریی درێژخایەن کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە هۆی تێکدانی متمانە، ئەمەش پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی تەباخوازی (١). دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە فشاریی بەردەوامیان هەیە، لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی تردا گوماناوی دەبن و زیاتر خۆپارێز دەبن (٢٤). بە پێچەوانەشەوە بوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی ستراتیژە پەسەندەکانی خۆگونجاندن، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فشاریی درێژخایەن لەسەر تەباخوازی، نەرمینواندن و پەیوەستییە کۆمەڵایەتییەکان (٢٥).
٢. ٥. دەمارگیری (Neuroticism):
ئەم خەسڵەتە پێكهاتەیەكی فرەڕەهەندە و چەندین تایبەتمەندی لەخۆگرتووە، کە بریتین لە جێگیریی، دڵخۆشی، ئارامی، میانڕەویی، سەرسەختی، پشودرێژی، خۆگری، خۆكۆنتڕۆڵكردن و ئارامی (١٤). بەپێچەوانەی هەموو خسڵەتەکان، فشاری درێژخایەن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم خەسڵەتە (٢) (٢٦) (٢٧).
توێژینەوە نوێیەکان، پەیوەندی نێوان فشاریی درێژخایەن و بەرزبوونەوەی ئاستی دەمارگیری دەردەخەن، واتە هەتا فشارەکان زۆرتر بن ئەم خەسڵەتە زیاتر دەبێت (٢٦). بۆنمونە توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کێشەکانی پەیوەست بە پیشە یان بەرپرسیارییەتییەکانی چاودێریکردن، دەبنە هۆی زۆربونی دەمارگیری بەگوێرەی کات (٢). هۆکاری پشت ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی فشار بە گۆڕانی پرۆسە بایۆلۆجی و دەمارییەکان، کۆنترۆڵکردنی هەڵچوون و میکانیزمەکانی خۆگونجاندنی تاک، کە بەهۆی فشارەکانەوە تێکدەچن (٢٧).
٢. ٦. هۆکارە هاوسەنگکەرەکان (Moderating Factors):
لەکاتێکدا کە باسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فشاری دەروونی دەکەین، چەندین هۆکار هەیە کە کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فشاری درێژخایەن هەیە، بەشێوەیەک دەتوانن تاک لە زیان و مەترسییەکانی بپارێزن (٢٥) (٢٨) (٢٩). هۆکارە سەرەکییەکانیش بۆ کەمکرنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان بریتین لە ڕەفتارە تاکەکەسییەکان وەکو متمانەبەخۆبوون (٢٩)، ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە (٢٨)، پشتگیری کۆمەڵایەتی (٢٥) (٢٨)، کات و ماوەی بەرکەوتنی فشار (٩) (٢٨)، هەروەها شێوازەکانی چارەسەر و کەمکردنەوەی فشارەکان (٢٤).
٣. خەسڵەتەکانی کەسایەتی لە کوردستان:
هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان، کاریگەرییان هەیە لەسەر کەسایەتی تاک (٧)، هەروەها بەگوێرەی توێژینەوەکان، خەسڵەتەکانی کەسایەتی لە نێوان وڵاتان و ناوچە جیاوازە جوگرافییەکاندا دەگۆڕێت، بەشێک لەو جیاوازییانە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری بۆماوەیی لەسەر دەرکەوتنی خەسڵەتەکان، لە توێژینەوەیەکدا بەهێزی کاریگەری بۆماوە لەسەر خەسڵەتەکانی دەمارگیری و کراوەیی دەرخستووە (٣٠). لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر ٥٦ نەتەوە کراوە، ئاماژە بە جێگیری زۆربەی خەسڵەتەکان دەکات، لەگەڵ هەندێک جیاوازی لەنێوان نەتەوەکان و کولتوورە جیاوازەکاندا لە دەرکەوتنی ئەو خەسڵەتانە. بۆنمونە دانیشتوانی کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا جیاوازیان هەیە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکانی تری جیهان لەڕووی ئەرکناسییەوە، بەشێوەیەک لە ناوچەکانی ئاسیا و ئەفریقا ئەرکناسی ئاستی بەرزترە (٢٩). ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە، هەتا بزاندرێت جیاوازییەکان کامانەن و چۆنن (٢٩) (٣٠).
لە هەرێمی کوردستان چەندین توێژینەوە لەسەر پێنج خەسڵەتە گەورەکان لەناو توێژە جیاوازەکانی وەکو قوتابیانی ئامادەیی (٣١) (٣٢)، خوێندکارانی زانکۆ (٦) (١٤)، مامۆستایانی زانکۆ (٣٣) ئەنجامدراوە. لەبەرئەوەی ئامانجی توێژینەوەکان بۆ بابەت و لایەنی تر بووە، تەنها دوو توێژینەوە لە ئەنجامەکانیاندا ئاماژەیان بە ڕێژەی بەربڵاوی و دەرکەوتنی خەسڵەتەکانی کەسایەتیی کردووە (٣١) (٣٣).
لە توێژینەوەیەک لەسەر نەوجەوانان لە قوتابخانە ئامادەییەکان، دەرکەتووە کە تایبەتمەندی زاڵ و بەربڵاو بریتییە لە دەرەوەخوازی، پاشان ئەرکناسی و کراوەیی. دەمارگیری لە هەموویان لاوازتر و کەمتر دەرکەوتووە (٣١). لە توێژینەوەیەکی تردا لەناو مامۆستایانی زانکۆدا، ئەرکناسی بەرزترین پلەی هەبووە، پاشان تەباخوازی و دواتر کراوەیی (٣٣). ناتوانین بەتەواوی لەم توێژینەوانەوە تایبەتمەندی زاڵ لە کۆمەڵگەدا دیاری بکەین، بەڵکو تەنها وەکو نمونەیەک ئاماژەمان پێداوە.
٤. دەرئەنجام:
فشاری درێژخایەن کاریگەری بەرچاوی لەسەر خەسڵەتەکانی کەسایەتی هەیە، دەبێتە هۆی گۆڕینی خەسڵەتە سەرەکییەکانی تاک. لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئاماژەیان بەم پەیوەندییە ئاڵۆزە داوە، تیشکیان خستووەتە سەر گرنگی ڕەچاوکردنی جیاوازییە تاکەکەسییەکان و هۆکارەکانی کاریگەری. هەرچەندە لە کۆمەڵگەی کوردیدا خەسڵەتی دەمارگیری پلەی کەمی هەیە لەلای تاکەکان، بەڵام دەرکەوتووە کە فشاری دەروونی درێژخایەن دەبێتە هۆی زیادبوون و بەهێزبوونی تایبەتمەندی دەمارگیری و چوار خەسڵەتەکەی تر لاواز دەکات. ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆرتر و زیاتر هەیە بەتایبەت بۆ پسپۆرانی بواری دەروونزانی هەتا بتوانن زیاتر دیاردەکە ئاشکرا بکەن و دەریبخەن. ئەم توێژینەوە پێشنیاز دەکات کە؛
1. دەسەڵات و دەوڵەت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ کەمکردنەوەی فشارە بەردەوامەکان، بەتایبەت گەندەڵی و خراپی باری ئابووری تاکەکان و ململانێ سیاسییەکان و کێشە تەندروستییە باوەکان.
2. میدیا و ڕاگەیاندن بە گرنگییەوە لەم دیاردە بڕوانن و کاریگەرییەکانی کەمبکەوە و ڕێگاکانی چارەسەر و کۆنترۆڵی فشارەکان بە تاک و کۆمەڵگە بناسێنن و ڕوونبکەنەوە.
3. دامەزراوە زانستییەکان و پسپۆڕانی بواری دەروونزانی توێژینەوەی گەورە و فراوان لەو بوارەدا ئەنجامبدەن و ڕێگا چارە و پێشنیازی زانستی پێشکەش بکەن.
سەرچاوەکان
1. Hengartner, M. P., van der Linden, D., Bohleber, L., & von Wyl, A. (2017). Big Five Personality Traits and the General Factor of Personality as Moderators of Stress and Coping Reactions Following an Emergency Alarm on a Swiss University Campus. Stress and health : journal of the International Society for the Investigation of Stress, 33(1), 35–44. https://doi.org/10.1002/smi.2671
2. Roberts, B. W., & Mroczek, D. (2008). Personality Trait Change in Adulthood. Current directions in psychological science, 17(1), 31–35. https://doi.org/10.1111/j.1467-8721.2008.00543.x
3. Bleidorn, W., Schwaba, T., Zheng, A., Hopwood, C. J., Sosa, S. S., Roberts, B. W., & Briley, D. A. (2022). Personality stability and change: A meta-analysis of longitudinal studies. Psychological bulletin, 148(7-8), 588–619. https://doi.org/10.1037/bul0000365
4. Lazarus, R. S., & Folkman, S. (1984). Stress, appraisal, and coping. New York: Springer.
5. McCrae, R. R., & Costa, P. T. (2008). The five-factor theory of personality. In O. P. John, R. W. Robins, & L. A. Pervin (Eds.), Handbook of personality: Theory and research (3rd ed., pp. 159–181). Guilford Press.
6. Kakamad, K., Mawlod, K. S., & Mohammed, M. H. (2024). Personality traits and language learning strategies among EFL students. Passer Journal, 6(1), 185-191. Retrieved from http://passer.garmian.edu.krd/
7. Franić, S., Borsboom, D., Dolan, C. V., & Boomsma, D. I. (2014). The big five personality traits: psychological entities or statistical constructs?. Behavior genetics, 44(6), 591–604. https://doi.org/10.1007/s10519-013-9625-7
8. Alderotti, Giammarco; Rapallini, Chiara; Traverso, Silvio (2021) : The Big Five Personality Traits and Earnings: A Meta-Analysis, GLO Discussion Paper, No. 902, Global Labor Organization (GLO), Essen. https://hdl.handle.net/10419/236201
9. Cohen, S., Janicki-Deverts, D., Doyle, W. J., Miller, G. E., Frank, E., Rabin, B. S., & Turner, R. B. (2012). Chronic stress, glucocorticoid receptor resistance, inflammation, and disease risk. Proceedings of the National Academy of Sciences of the United States of America, 109(16), 5995–5999. https://doi.org/10.1073/pnas.1118355109
10. Kivimäki, M., Leino-Arjas, P., Luukkonen, R., Riihimäki, H., Vahtera, J., & Kirjonen, J. (2002). Work stress and risk of cardiovascular mortality: prospective cohort study of industrial employees. BMJ (Clinical research ed.), 325(7369), 857. https://doi.org/10.1136/bmj.325.7369.857
11. David, S., & Knight, B. G. (2008). Stress and coping among gay men: age and ethnic differences. Psychology and aging, 23(1), 62–69. https://doi.org/10.1037/0882-7974.23.1.62
12. McEwen B. S. (2008). Central effects of stress hormones in health and disease: Understanding the protective and damaging effects of stress and stress mediators. European journal of pharmacology, 583(2-3), 174–185. https://doi.org/10.1016/j.ejphar.2007.11.071
13. Zhang Y. (2022). The Relationship Between Corruption Perception and Depression: A Multiple Mediation Model. Psychology research and behavior management, 15, 1943–1954. https://doi.org/10.2147/PRBM.S370045
14. Babakr, Z. H. (2024). The Role of Personality Traits and Adverse Childhood Experiences (ACEs) in Risk-Taking. (Unpublished doctoral dissertation). Soran University.
15. Mõttus, R., Allik, J., & Pullmann, H. (2007). Does personality vary across ability levels? A study using self and other ratings. Journal of Research in Personality, 41(1), 155–170. https://doi.org/10.1016/j.jrp.2006.03.007
16. Yildirim, M., & Belen, H. (2019). The Role of Resilience in the Relationships between Externality of Happiness and Subjective Well-Being and Flourishing: A Structural Equation Model Approach. Journal of Positive Psychology and Wellbeing, 3, 62-76.
https://www.journalppw.com/index.php/JPPW/article/view/85
17. Fleeson, W., & Gallagher, P. (2009). The implications of Big Five standing for the distribution of trait manifestation in behavior: fifteen experience-sampling studies and a meta-analysis. Journal of personality and social psychology, 97(6), 1097–1114. https://doi.org/10.1037/a0016786
18. Murphy, M. L., Miller, G. E., & Wrosch, C. (2013). Conscientiousness and stress exposure and reactivity: a prospective study of adolescent females. Journal of behavioral medicine, 36(2), 153–164. https://doi.org/10.1007/s10865-012-9408-2
19. Bogg, T., & Roberts, B. W. (2013). The case for conscientiousness: evidence and implications for a personality trait marker of health and longevity. Annals of behavioral medicine : a publication of the Society of Behavioral Medicine, 45(3), 278–288. https://doi.org/10.1007/s12160-012-9454-6
20. Soldz, S., & Vaillant, G. E. (1999). The Big Five personality traits and the life course: A 45-year longitudinal study. Journal of Research in Personality, 33(2), 208–232. https://doi.org/10.1006/jrpe.1999.2243
21. Lüdtke, O., Roberts, B. W., Trautwein, U., & Nagy, G. (2011). A random walk down university avenue: life paths, life events, and personality trait change at the transition to university life. Journal of personality and social psychology, 101(3), 620–637. https://doi.org/10.1037/a0023743
22. Hagger-Johnson, G., Roberts, B., Boniface, D., Sabia, S., Batty, G. D., Elbaz, A., Singh-Manoux, A., & Deary, I. J. (2012). Neuroticism and cardiovascular disease mortality: socioeconomic status modifies the risk in women (UK Health and Lifestyle Survey). Psychosomatic medicine, 74(6), 596–603. https://doi.org/10.1097/PSY.0b013e31825c85ca
23. Lahey B. B. (2009). Public health significance of neuroticism. The American psychologist, 64(4), 241–256. https://doi.org/10.1037/a0015309
24. Snippe, E., Dziak, J. J., Lanza, S. T., Nyklíček, I., & Wichers, M. (2017). The shape of change in perceived stress, negative affect, and stress sensitivity during mindfulness-based stress reduction. Mindfulness, 8(3), 728–736. https://doi.org/10.1007/s12671-016-0650-5
25. Boyraz, G., Legros, D. N., & Tigershtrom, A. (2020). COVID-19 and traumatic stress: The role of perceived vulnerability, COVID-19-related worries, and social isolation. Journal of anxiety disorders, 76, 102307. https://doi.org/10.1016/j.janxdis.2020.102307
26. Stanton, A. L., Luecken, L. J., MacKinnon, D. P., & Thompson, E. H. (2013). Mechanisms in psychosocial interventions for adults living with cancer: opportunity for integration of theory, research, and practice. Journal of consulting and clinical psychology, 81(2), 318–335. https://doi.org/10.1037/a0028833
27. Fried, E. I., Bockting, C., Arjadi, R., Borsboom, D., Amshoff, M., Cramer, A. O., Epskamp, S., Tuerlinckx, F., Carr, D., & Stroebe, M. (2015). From loss to loneliness: The relationship between bereavement and depressive symptoms. Journal of abnormal psychology, 124(2), 256–265. https://doi.org/10.1037/abn0000028
28. Mancini, V., Rigoli, D., Roberts, L., & Piek, J. (2019). Motor skills and internalizing problems throughout development: An integrative research review and update of the environmental stress hypothesis research. Research in Developmental Disabilities, 84, 96-111. https://doi.org/10.1016/j.ridd.2018.07.003
29. Schmitt, D. P., Allik, J., Mccrae, R. R., & Benet-Martínez, V. (2007). The Geographic Distribution of Big Five Personality Traits: Patterns and Profiles of Human Self-Description Across 56 Nations. Journal of Cross-Cultural Psychology, 38(2), 173–212. https://doi.org/10.1177/0022022106297299
30. Power, R. A., & Pluess, M. (2015). Heritability estimates of the Big Five personality traits based on common genetic variants. Translational psychiatry, 5(7), e604. https://doi.org/10.1038/tp.2015.96
31. Ismail, A. A. (2016). Ways of coping and personality traits among Kurdish adolescents. International Journal of Psychology and Counselling, 8(1), 1-7. https://doi.org/10.5897/IJPC2015.0314
32. Mohamedamin, P. F., & Fatahi, N. (2022). Relationship Between Personality Traits and Violence Involvement: A Study of High School Students in Northern Iraq. Acta Informatica Medica, 30(3), 213-219. https://doi.org/10.5455/aim.2022.30.213-219
33. Hassan Khal Hamza, S. (2023). Relationship Between Personality Traits, and Desired Leadership Styles, their Impact on Lecturers in Classrooms Management at Salahaddin University, Erbil – Kurdistan Regional Government. Zanco Journal of Human Sciences, 27(5), 307–323. https://doi.org/10.21271/zjhs.27.5.20