پوختەی پەڕتووکی سایکۆلۆجیای کەسێتی. کەسێتی کورد لەبەر ڕۆشنایی ڕوانگە جوداکاندا
پوختەی پەڕتووکی سایکۆلۆجیای کەسێتی. کەسێتی کورد لەبەر ڕۆشنایی ڕوانگە جوداکاندا
  2024/06/25     408 جار بینراوە    


نووسینی: د. محەمەد تەها حوسێن

ئەم نووسینە وەک لە ناونیشانەکەیدا دیارە پوختەیەکی پەرتووکی سایکۆلۆجیای کەسێتییە، کە تاڕادەیەکی زۆرباش هەڵسەنگاندن و ناساندنی تاکی کورد تیادا خراوەتە ڕوو، لەڕووی سایکۆلۆجییەوە. ئەم خستنە ڕووە، لەبەر ڕۆشنایی قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی دەروونزانیدایە کە هەموویان تەواوکەری یەکترین و هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکەوە سەیری مرۆڤ دەکات و مرۆڤ دەناسێنێت، تاکی کوردیش لەبەردەم ئاوێنەی ئەم نەزەرییە و قوتابخانە جیاوازانەی دەروونزانیدا دەتوانێت خۆی بپێوێت و شتێک لە خۆی حاڵی ببێت.

هەریەک لەو قوتابخانانە بەجیا لە خوارەوە باس دەکەین:

1 - قوتابخانەی دەروونشیکاری فرۆید:

خەمی سەرەکی لای فرۆید هەمیشە عەقڵ بووە، نەیویستووە هەمیشە لەسەر بابەتی سێکس بوەستێت و بەردەوام باسی نەست بکات و چێژ بکاتە سەنتەر و جەستە هەموو شتێک بێت لای، بەڵکو ویستوویەتی لە ڕێی ئەمانە و هی تریشەوە عەقڵ بکاتە سەنتەری گرنگی پێدان و تۆخکردنەوەی وەک بابەتە سەرەکییەکە. فرۆید سێ لەو توخمانەی کە کەسێتی تاکی لەسەر بونیاد دەنرێت باس دەکات، کە بریتین لە (id)، من (ego)، منی باڵا (super ego).

(id)، ڕەمزی حەز و ئارەزوو و غەریزییەکانە، هێزێکی زۆر کاریگەرە و خۆی لە دوو بەشدا دەبینێتەوە کە غەریزەکانی ژیان و غەریزەکانی مردنن، غەریزەی ژیان کە سێکس تینیان دەداتێ و لە لیبیدۆشدا(1) چڕ دەبنەوە پێیان دەڵێن نیرۆس، لە بەرانبەردا غەریزەکانی مردن کە لە ڕەفتاری دژکاری و وێرانکاریدا خۆی دەبینێتەوە پێیان دەڵێن ساناتۆز، ئەم غەریزانە کاتێک دەورووژێن نە هاوسەنگی ئینسان دەترازێنن و گەر باش بەخێو نەکرێن کەم کەس هەیە بەرگەی گێچەڵەکانی بگرێت.

ego، وەك ناوبژیوانێکی هەرە ماندووی نێوان دوو هێزی شڵەژێنەری تاکە، ئیشی بەرهەمهێنانی سیستم و ئۆردەری هەڵسوکەوتکردنی مرۆڤە، دەتوانین بڵێین سومبولی عەقڵ و بەهێزی ئەم توخمە واتە بەهێزی دەروون و کەسایەتی مرۆڤ.

Super ego ، هەموو ئەو بەها و باوەڕانەیە کە لە لایەن دایباب یان کۆمەڵگەوە پێماندراوە و زیاتر ڕۆڵی ڕەخنەگرتن و سانسۆرکردنی کەسایەتی دەبینێت و خۆشی لە کولتووردا دەبینێتەوە.

(ID)ی کوردی

ئایدی تاکی کورد خراپ دەلەوەڕێ. ئەوەی بە ئاشکرا بۆی هەڵنەکەوێت، بە قاچاغەڕێی سەیر سەیر و مەترسیدار پێی دەگات، هەمیشەش کوتەک لەسەر ئاید ئامادەیە، لەکاتێکدا ئەو بەردەوام داوا لەسەر داوامان لێ دەکات و نایەڵێت وچان بدەین، لە ترسی منی باڵا (Super ego) زۆرجار خۆی دەخواتەوە و منی باڵاش لەژێر گوشاری ئاید هەمیشە لە بۆسەدان بۆ یەکتر. لەم کەین و بەینەشدا من (ego) سەرلێشێواو و نائارامە. ئاید گەر تەنگاو بکرێت و نەهێڵرێت هاوسەنگانە بە پیر بانگەوازەکانییەوە بچێت، ئەوە کەسەکە دەکەوێتە دۆخێکی کوڵانی فیسیۆلۆجی و دەروونییەوە و ئەمەش وادەکات ئەوەی دەیڵێت و دەیکات لە کار و کردەوەدا هاوسەنگ نەبێت و حزووری عەقڵی زۆر کاڵ بێ تێیدا. تاکی کوردی زیاتر بیری لەسەر ئاید و کانە بورکانەکانیەتی و زۆر حەز بە مەجلیسی منی باڵا (Super ego) ناکات و دڵی پێی خۆش نییە. لای ئۆرگانە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە ئاید خەمێکی پەروەردەیی نەبووە و نییە.

(من)ی کوردی

من لە کۆمەڵگە نەریتییەکانی وەک ئێمەدا تەنها ئاماژەیەکی مەرجیانەیە بۆ جەستە، نە عەقڵ نە دەروون سەرنجمان ڕاناکێشن. لە (من)ی کوردیدا هەموو بوونی تاکەکە یەکسەر دەردەکەوێت و کە یەکێک بڵێ (من)، مانای وایە خۆی بە هەموو مێژوو و جوگرافیاكەیەوە لە بەردەمتدا حازرە و شتێکی نەماوە شاراوە بێ لە کەس.

ئەم ساتە دەروونییە جۆرێک لە دابڕان لە خود و دواتر خۆبەستنەوە بە دەرەوەی خودی تیایە. (من) نۆردەرێکە بۆئەوەی سەنتەرێک بێ بۆ کۆنترۆڵ. کۆنترۆڵ بە مانا ئەرێنییەکەی، تا وەکو (من) لە هەموو جووڵە و بزۆزییەکانی دەروون و جەستە بەئاگا بێت و چارەنووسی بوونە مرۆییەکە نەکەوێتە ژێر هەژموونی هەڵچوون و سۆز و دیاردە نائیرادییەکانی دیکەوە.

هەڵە نیم ئەگەر پێموابێت تاکو ئێستا تاکی کورد (من)ی نییە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوونەوەرێکین لە نێوان هێزە شەهوانییەکان لەلایەک و هێزە ستانداردە نەرێنییەکان لەلایەکی تر دێین و دەچین.

(من)ی ڕاستەقینە بەخێوکەرێکی ئەرێنی جەستە و دەروونە و بەرهەمهێنی (منی باڵا)یە، واتە منی باڵا لە کولتووردا خۆیمان بۆ نمایش دەکات.

تاکی کورد فەندەمێنتاڵییەتی لە زۆر لایەنەوە پێوە دیارە، لە ڕووی دەروونییەوە وەڵامدەرەوەیەکی ڕاستەوخۆی هەڵوێستە هەڵچوونی و سۆزییەکانە و زۆربەی هەرەزۆری ڕووبەرەکانی جووڵەی لە نێوان کار و کاردانەوە مەرجی و فیزیکییەکان پڕ دەکاتەوە، سایکۆلۆجیستییەکان بەم جۆرە تاکە دەڵێن هەڵچوو، كە ئەم تاکە بێ قووڵبوونەوە و بیرکردنەوە یەکسەر دەکەوێتە ژێر کاریگەری و وروژێنەرەکان و هەربۆیەش بە ئاسانی ڕام دەکرێت.

(منی باڵا)ی کوردی

هەڵە نابین کە لەبری منی باڵا کولتوور بکەینە ئەلتەرناتیڤ، کولتووری ئێمە کولتوورێکی ترسا و شەرمنە، چونکە تاکەکانمان ترساو و شەرمنن، ترساوەکان زۆرترین پەنا بۆ شەڕانگیزی دەبەن، لەبەرئەوەی نەبادا ئەوانی تر بیانسڕنەوە، کەسی شەرمنیش خۆی و کۆمەڵگە تووشی ئایدزی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکات و وای لێ دەکات بەرگەی هیچ نەگرێت، ئەم دوو خەسڵەتە لە پاڵ سنووردارنەکردنی شەڕانگێزی و خەرجنەکردنی عاقڵانەی غەریزەکانی تر، کولتوورێکی لەرزۆکی شەرمن و ترساوی بۆ هێناوینەتە ئاراوە، کە هەرگیز نەیتوانیوە کۆمەڵگە بکاتە خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ئەوتۆ، کە ئیشی ئەوە بێ (من)ەكان وەک بوونەوەری عاقڵ بەرهەم بهێنێت و نامۆ نەبێت بە خودی خۆی.

منی ئێمە زۆر نامۆیە بە خودی خۆی و ئەمەش واتە ناتوانێت و ناوێرێت بیر بکاتەوە و ژیرانە بژی، وەک لە توێژینەوەیەکی مستەفای یوسف حەمەساڵحدا هاتووە (2009) دەربارەی نامۆبوون و کۆچ کردن، دەرکەوتووە ئەو گەنجانەی کە مەیلی کۆچکردنیان هەیە زیاتر لەوانی تر نامۆن بە خۆیان.

 نامۆبوون ئەو دیاردە دەروونی و کۆمەڵایەتییەیە كە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بوونی وجوودی و ئینسانی تاکەکانەوە و لێیەوە ترازانی (من) و (منی باڵا)ی تاک دەردەکەوێت، هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ لاوازی منی کورد و سستی عەقڵانی بوونی ئەو تاکە.

هەروەها لە توێژینەوەیەکی تریدا مستەفا (2009) بۆی دەرکەوتووە کە ناوەندی کۆنترۆڵی هەرزەکارەکان زیاتر دەرەکییە وەک لە ناوەکی، ئەمەش بەو واتایە دێت کە زۆربەی گەنج و هەرزەکارەکان بوونیان لە دەرەوەی خۆیانە و خاوەنی سەربەخۆیی نین لە هەڵسوکەوت و کاریاندا، هەرچیان بە سەردێت، ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی دەرەوەی خۆیان و و بشیانەوێت هەر شتێک بکەن پشت بە دەرەوەی خۆیان دەبەستن.

ئەم ئەنجامانە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە کە (من)ی کوردی و (منی باڵا)ی کوردی کە لە کولتووردا خۆی دەبینێتەوە لاوازن و ئەمەش تەواوی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی  کۆمەڵگەی تێوە دەگلێت.

کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی سڕبووی دەستەپاچەیدایە، ئەم دیاردە سایکۆلۆجییە بە زۆربەی تاکەکانمانەوە دیارە، بە چاو دەبینین کە تاکەکانمان چەندە دەستەوسانن لە بەرانبەر بڕیارداندا، لە بەرانبەر هەستان بە کارێک، لە بەرانبەر خوێندن، بەردەوام بوون، خستنە بازاڕی سەرمایە، چوونە ناو پرۆژەی درێژخایەن، قسەکردن، جێبەجێکردنی ئەرک، داواکردنی ماف، کڕین و فرۆشتن، مانەوە لە وڵاتدا....

ئەم دۆخەش هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، ئەمە بارێکی هزری قاڵبگرتووی عادەت پێوە گیراوە، کە کۆمەڵگە لە وەتەی هەیە بەرهەمی دێنێت و چین لە دوای چین هزری خۆی لەسەر بینا کردووە، دەستەپاچەیی قێزەونترین ستایلی ژیانە کە هەم تاک هەم کۆمەڵگە ناچار بە گرتنەبەری دەکات ئەم دیاردەی دەستەپاچەییە کە دەروونزانانی مەعریفی پێی دەڵێن learned Help lessness واتە دەستەپاچەیی فێر کراو، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک باشترین ستایلی ژیان و مانەوەمان هەڵبژێدراوە و کەس لێی لانەداوە، تاکی ئێمە دۆخی هەڵچوون و سۆز و ورووژانی تێنەپەڕاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی نائومێدبوون و پاسیڤ بوونیان، هەرئەمەشە وایکردووە نە خۆیان بناسن نە تواناکانیان، نە متمانەشیان بە خۆیان هەبێت.

پێداگری نووسەر لەسەر ئەم بابەتانە بۆ نائومێدکردن و ڕەشبینکردنی بەرانبەر نییە، بەڵکو هەوڵێکی هزری ستراتیژییە بۆئەوەی سەرەتاکانی دەرچوون بەرەو ئومێد و خۆشی دەستنیشان بکات، کاتێک کولتوورێکی ئاوا هێزی لەبڕ دەبرێت منێکی باڵای لاواز سەردەکاتە سەر تاکەکانی و عەقڵیان دەخەسێنێت و منی باڵای سست و لاواز توانای گونجانی عەقڵیان لەگەڵ دەرکەوت و دیاردە تازەکان نییە.

منێکی باڵای لەم شێوەیە هیچ کات بە گوێی عەقڵ ناکات، چونکە عەقڵ دنەی دەدات و بە ئاگای دێنێتەوە لەم هەمووە گێژاوخواردنە بە دەوری دەستەپاچەییدا، ئەمەش وا دەکات (من) لاواز بێت، ئەو کات بەهێزی منی باڵا بەمشێوە سەقەتە و ئایدی بەهێز زاڵ دەبن بەسەر تاکدا و ئیتر شەڕانگێزی شکست بە خۆشەویستی و ژیاندۆستی دێنێت و ژیان یەکپارچە بە نەزعە و پاڵنەرە نەگریسەکانی بەڕێوە دەچێت.

لەمانەوە دەردەکەوێت، کە عەقڵی کوردی تەسلیمی هەژموونی هەڵچوونەکان بووە، ئەوەش هۆکاری هەموو ئەو ناڕێکوپێکی و ناسیستمییەیە کە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریمانی تەنیوە، عەقڵی ئێمە زۆر کەمتەرخەم بووە لە داکوتینی دینگە بنچینەییەکانی وجوودی نەتەوەییمان و لێرەشدا بە دیاریکراوی دەسەڵاتی کوردی بەرپرسیارە و زیانی گەورەی لە هێنانەدی توخمە بنچینەییەکانی کۆمەڵگەبوونمان داوە و نەیهێشتووە بیسەلمێنین کە عەقڵی ئێمەش توانای بونیادنانی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خۆی لە پاڵ کۆمەڵگەکانی تردا هەیە.

2 - قوتابخانەی بوونگەرایی

کۆمەڵێک نەزەرییەساز هەن سەر بەم قوتابخانەیەن و کەسانی بەرجەستەن هەریەکەیان بە شێوازێک و لەچوارچێوەی ئەم قوتابخانەیەدا لە ئینسانی ڕوانیوە و لێکدانەوەی بۆ تاک کردووە، لەوانە کەسێکی وەکو ڤیکتۆر فرانکل، ئەو پێیوایە کاتێک دەتوانین بە تاکێک یان کۆمەڵگەیەک بڵێین ساغ لەڕووی دەروونییەوە کە تاکەکانی بتوانن ژیانێکی ماناداریان هەبێت، کاتێکیش ژیانیان مانادار دەبێت کە بتوانن مانا بۆ سات بە ساتی ژیانیان بدۆزنەوە، بە هەر شتێکەوە سەرقاڵ بوو ماناداری بکات، تەنانەت لە ناڕەحەتترین ساتە وەختەکانی ژیانیشیاندا مانا بۆ ناسۆر و ئازارەکانیان بدۆزنەوە، لەدەستدانی مانا یان کڵۆڵ بوونی تاک لە ئاست دۆزینەوەی مانادا بوونە ڕاستەقینەکەی ون دەکات و دەیخاتە نێو بەتاڵاییەکی بێ مانایی و تاک لەم بەتاڵاییەدا سەرسووڕما و نیگەران دەجووڵێت و دەخولێتەوە و دووچاری گرفتی جۆراو جۆری وجوودی دەبێت، ئەمەش وادەکات بەرگری بەرانبەر هەر وروژێنەر و کاریگەرییەکی دەرەکی لە دەست بدات، ناچار نامۆبوون و دەستەپاچەیی وەک میکانیزم بۆ هەڵکردنی هەڵدەبژێرێت، ئێمەی کورد ئەوەی هێناومانەتە بەرهەم لە مانا و گەیاندوومانەتە ئەمڕۆ، ئەو ستایلە کولتوورییەیە کە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ئایینی، ئەدەبی و هونەری پێیگەیشتووین.

ئاستی گەشەی ئەم بوارانە، ئاستی هۆشیاریی و عەقڵبڕی تاکەکانمان نیشان دەدات بە خۆمان و دەوروبەرمان و جیهان، بێتوانایی ئێمە لە ئاست کولتوورە بەهێزەکانی دەوروبەرمان، بەشێکی زۆری پەیوەست بووە بە سیستمی کارکردنی عەقڵی تاکی ئێمە لە گەڕان بە دوای ماناکانی ژیانی خۆی و بایەخدان بە هەر ساتەوەختێک کە کەسەکان دەیگوزەرێنن و بە هەر شوێنێک کە تێیدا ئامادە دەبن.

 ڕۆڵۆ مای، کە یەکێکی ترە لە سایکۆلۆژیستە بوونگەراکان و خاوەنی ئەم ڕستەیەیە کە دەڵێت: ((من ئێستا دەژیم و دەشتوانم سەر و کاری ژیانی خۆم بکەم))، پێیوایە تاکی دەروونساغ ئەو کەسەیە کە لە ئێستادا دەژی و ئێستای مانادار دەکات، ئەم لە ئێستادا ژیانە ڕێک تێڕوانینێکی وجوودیانەی پەتییە، لە ئێستادا ژیان لووتکەی عەقڵانییەتە، هەوڵی ئینسانە بۆ چیدی بەفیڕۆنەدانی کات، سەرقاڵبوونە بە پرۆژەکانی خودبوون، خەریکبوون بە ژیانی خۆتەوە، مانای سەربەخۆکردنی خود و سەندنەوەیەتی لەو هێزانەی لە دەرەوەی خۆی بوونیان سپاردووەتە نادیارەکان.

هەروەها مای پێیوایە کە بە تاکێک دەوترێت وجوودێکی ئەرێنی و چالاکییە کە پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ هەر سێ جیهانەکەیدا کە بریتین لە جیهانی خود، جیهانی دەرەوە (سروشت) و جیهانی ئەوانی تر (خەڵک)، ئەم ڕایە چڕبوونەوەی بۆچوونی زۆربەی سایکۆلۆجیستە سەربەم قوتابخانەیەن ئەگەر تاک بەرهەمهێنەرێکی نەرێنی بن بۆ ئەوەی ڕابردووە و هەر بە ئومێدی ئەوە بن سبەینێ دەروازەیەکی خێریان لێ بکرێتەوە، ئەوا هەم تاک و هەم کۆمەڵگەش لە بەتاڵاییەکی وجوودیدا دەیباتە سەر و دووچاری کێشە و شۆکی گەورە گەورە دەبێتەوە...

زۆربەی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە لە بۆشاییەکی وجوودی گەورەدان، بەرهەمهێنی ژیانێک نین ئێستا بگوزەرێت، بۆ ئەمڕۆیان ناژین، چێژ لە نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە کۆنەکان وەردەگرن، هەربۆیەش بەو خەزینەیەی لە ڕابردوودا پڕیان کردووە لە بێمانایی، بۆ ئایندەیەک دەژین کە هەرگیز وەک خۆیان ویستوویانە پێی نەگەیشتوون و زۆرجار لە نەخوێندنەوەیان و پەی پێنەبردنیان دووچاری شۆکی گەورەی ئەوتۆ بوون و خستوونیەتە لێواری نەمانی ماتریاڵیستەوە.

 کارڵ ڕۆجەرزیش، وەک یەکێکی تر لە نەزەرییە سازەکانی قوتابخانەی بونگەرایی، دەربارەی مرۆڤ بۆچوونی وایە، کە تەنها خودی خۆیەتی بتوانێت چارەنووسی خۆی ئاڕاستە بکات و ببێتە بەڕێوەبەری خۆی، (تەنها) مەبەست لە ئەوە نییە کە ئیتر لە ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیدا پێویستی بە ئەوانی تر نییە، بەڵکو بەومانایەیە کە خۆی نەبێت کەس ناخی ئەوی پێ ناخوێنرێتەوە، ئەم تەرکیزکردنە سەر خودی خۆت بە مانای ناسینی خۆتە،، ناسین بەو مانایە نا کە من ناوم چییە و ئیشم چیە و جەستەم چۆنە، بەڵکو بە مانای شۆڕبوونەوە دێت بۆ قوڵایی ناخ، ناسینی ئەو شتانەی من دەورووژێنن و ئەزموونە کەسییەکانم پێکدەهێنن، واملێدەکەن بوونێکی سەربەخۆم هەبێت کە تەنها ئەم بوونەیە وادەکات ئاگاداری ناوەوە و قووڵایی خودی خۆت بیت و ڕەنگدانەوەی ئەوانی تر نەبیت.

ئەبراهام مازلۆ

ئەم سایکۆلۆژیستە بونگەراییە بە (هەڕەم)ەکەی بەناوبانگە کە بوونی ئینسان پۆلێن دەکات بە سەر بوونی بایۆلۆجی، سایکولۆجی و کۆمەڵایەتیدا، هەرچی بوونی بایۆلۆجییە خۆی لە نیازە سەرەکی و فیزیکییەکانی مرۆڤدا دەبینێتەوە، کە پلەی یەکەمی هەڕەمەکەی گرتووە، پاشان بوونی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە نیازەکانی وەک ئارامی و ئاسایش، خۆشەویستی و عەشق، دواتر بوونی سایکۆلۆجی کە خۆی لە نیازی ڕێز و بەهادا دەبینێتەوە، لەسەر ئەم بوونانەوە بوونێکی تر هەیە کە پێی دەوترێت بوونی تێرسێندڵینتاڵ کە خۆی لە بەدیهێنانی خود و زانیارییە لوتکەییەکاندا دەبینێتەوە.

بە لای مازلۆوە ژیانێکی دروست و بە بەرهەم دەبەسترێتەوە بە هەلومەرجە هەنووکەیی و هەرە واقیعییەکانەوە و هەرگیز سازش لەسەر داخوازی و نیازەکانی جەستە و پێداویستە وجوودییەکان ناکات، بە لای ئەوەوە بوونی بایۆلۆجی بنەما و بناغەی هەموو بوونەکانی ترن دواجار ئەم پۆلێنبەندییە مرۆڤێکمان دەداتێ هاوسەنگ و ساغ و گونجاو و داهێنەر، بەختەوەر و شاد، لە خۆی تێدەگات و دەزانێت بۆ دەژی.

هەروەها مازلۆ وەک دەروونناسەکانی تری قوتابخانەکەی ئێستا و ئێرەی بەلاوە گرنگە و بە مەرجی دەزانێت بۆ گەیشتنە لوتکەی هەڕەمەکەی کە خۆی لە کەسی شاد و دەروونساغ و داهێنەر و خۆ بەڕێوەبەردا دەبینێتەوە، دیارە لای ئێمە خەڵک لە کوێی ئەم هەڕەمەدایە و هێشتا گرفتی لە پلەی یەکەمی بوونەکانیدا هەیە کە بوونی بایۆلۆجییە.

3 - قوتابخانەی ڕەفتارگەرایی

ڕەفتارگەراكان تێڕوانینیان بۆ ئینسان زیاتر لەسەر بناغەی هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانییەتی نەک بیر و هۆش و بۆماوە و ژیرییان، ئەمەش بەومانایە نایەت کە کاریگەری ئەمانە سفر بکەینەوە، پێیانوایە ژینگە وەک باكگراوندێکی سەرەکی سەرچاوەی پێکهاتن و دروستبوونی ڕەفتارە، چ باش چ خراپ ئەمەش بە هۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وروژێنەرانەی کە لە ژینگەدا هەن.

لە دیدی سایکۆلۆژیستێکی وەکوو سیگنەردا، کاتێک تاک لە وەڵامی وروژێنەرێکدا ڕەفتارێک ئەنجام دەدات، سەیری ئەنجامی ڕەفتارەکە دەکات، گەر سوودێکی تیا بوو بۆی، ئەوا بەشێوەیەکی تر هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەدات، هەر ئەو سوود و چێژ بردنەشە دەبێتەوە بە هاندان و دووبارە دەبزوون و ناهێڵن لە ئاستێکدا بوەستێت. سکینەریش ئەوەندە ئیشی لەسەر واقیع و ئێستای مرۆڤە ئەوەندە ئاوڕ لە ڕووداوەکانی ڕابردوو ناداتەوە. پێیوایە عەقڵ لەژێر کاریگەری وەرچەرخانەکانی ژینگەدایە و کاتێک لەڕووی ماتریاڵەوە ژینگە گۆڕانکاری بە سەرداهات، ئەوا ڕەفتاریش دەگۆڕێت و دواتریش عەقڵیش بەشێوەیەکی گونجاو دەگۆردرێت، ڕەفتاریزم لە هەموو ڕوانگەکانی دیکەی دەروونزانی زیاتر ئیش لەسەر یاسا و ڕێسا و سیستم دەکات، یاسا دەروونییەکان، یاسا ڕەفتارییەکان، سیستەمە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووریی و ئابوورییەکان...

 ژیانی ئێمە هەر لە بنچینەوە کەمترین ئاشنایەتی لەگەڵ سیستەم هەبووە، پەرچەکردار بە زۆربەی ڕەفتارەکانمانەوە دیارە، چونکە خۆمان چالاک نەبووین و نەمانتوانیوە هاوسەنگانە پەیوەندی لەگەڵ بابەتە وروژێنەرەكانی دەرەوە ببەستین، هەروەک وەڵامدراوەیەکی پەرچەکرداری ماوینەتەوە و ئەو هەڵوێستانەشمان لە میزانی ڕەفتاری و زیندەگی خۆمان بە زۆر شتەوە کە ئێستا لەگەڵیان دەژین بۆ ماوەتەوە.

لە هەر ساتەوەختێکی تازەدا مرۆڤ شتی تازەتر لە هەڵوێست و ڕەفتاری جوداتر دەبینێت، دەنگی تر دەبیستێت، بۆنی شتی تر دەکات، کە جەستەی بەر شتێکی تر دەکەوێت، جیاواز لەوەی پێشوو بەری دەکەوێت، کەواتە هەردەم و ساتێ کەسەکان لە بارێکەوە دەچنە بارێکی تر، باشە ئەی مانای مانەوەی تاک لە بارێکی جێگیری نەگۆڕدا چییە؟ ئایا ئەوە خۆیانن پێیانوایە ناگۆڕێن؟ یان پەیمانێکە و داویانە، کێشەی کۆمەڵگە نەگۆڕەکان، کە هی ئێمەش دەگرێتەوە، ئەوەیە تاکو ئێستا پێمانوایە (نەگۆڕی) پرەنسیپێکی جوامێرانە و بژاردەیەکی ئەخلاقیانەیە بۆ ژیان، ئەم تێگەیشتنە لە گوتاری کولتووریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و و ئایینیشماندا ڕەگی داکوتاوە، مانەوە لە یەک باردا ململانێیەکی سەخت و گۆڕاوە لەگەڵ ژیان.

تاکی ئێمە دەبیستێت، بەڵام بڕیاریداوە گوێ نەگرێت، دەبینێت، بەڵام بڕیاریداوە کوێر بێت کێشەی ئێمە لەو نەگۆڕییەدا باش بەخێونەکردنی هەستەکان و دواتر شعورمانە. کە ئەم دووانەشمان پەروەردە نەکرد تا ماوین نازانین پەی بە شتەکان بەرین، ئەم نەبینین و نەبیستنە بە هیچ زانینی ئێستا و ئایندەیە و مانەوەیە لە ڕابردوودا، ئەم جۆرە مرۆڤانە خانەی شێرپەنجەیین و لەناو جەستەی کۆمەڵگەدا بە گۆڕینی ستایڵ و دواتر تایپی ڕەفتاریان نەبێ، هیچ ئومێدێک نییە بۆ شیفای حاڵی کۆمەڵگە.

ڕەفتارگەراکان ئەم تەمبەڵیەیان قبووڵ نییە و دەیانەوێت هەمیشە بەخەبەر بین، دەیانەوێت ژینگە بسازێنن و پڕی بکەن لەو وروژێنەرانەی ڕەفتارەکانمان ئاڕاستە دەکەن و ژیانمان بۆ سیستماتیک دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئێمە حەزمان بە سیستم نییە و ئەو ناڕێکوپێکییەی لە واقیعی ژیانی ئێستاماندا هەیە باشترین بەڵگەی قەڵسبوونمانە بە سیستەم و خۆڕێکخستن.

سەیری شارەکانمان بکە، نە لەڕووی نەخشەی شارسازی، نە لەڕووی هاڕمۆنیەتی فیزیکی و کۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە، ئەوەی شاری ڕاستەقینە دەیەوێ بوونی نییە.

سەیری ترافیک و قەرەباڵغی شەقامەکان، شۆستەی هاتوچۆ و ئاوسانی شەقامەکان بە ئۆتۆمبێل بکە، ڕۆژ نییە فشاری هاتوچۆ و فشاری خەڵکیش بەرزنەکەنەوە و جەڵتە لە دڵی شار نەدات، ئەو بێسەروبەریی تێکەڵبوونەی لە بازاڕ و دووکانەکاندا دەبینرێت، تەڕە و میوەفرۆش، زێڕینگەر، دەستگێڕ و تەنەکەچی و چەرەسات فرۆش و بەهارات و مەخزەن... دۆخێکی وایان لە سەنتەری شارەکان هێناوەتە ئاراوە ئەوەی سیستم بێ ناچێ بە لایدا، ئەمەش دنیایەك وروژێنەری بێزارکەری بەرداوەتە گیانی خەڵک و تاکەکانیش وەک بازاڕ شڵەژاون و کاریگەری زەقیان لەسەر ڕوخسار و بەر لەوەش دەروونییان داناوە.

ڕەفتارییەکان كە سەرنجی سەرەکییان لەسەر سیستمە، بە مانایەک لە ماناکان قسەیان لەسەر عەقڵانییەتە بە دیوە ئەرێنی و مەتریاڵیەکەیدا، سیستم لە عەقڵانیەت زیاتر هیچی دی ناگەیەنێت، عەقڵیش مانای ڕێکوپێکی و خۆڕێکخستنەوە و دانانی هەر شتێکە لە شوێنی خۆی، کەسی شیاوە بۆ شوێنی شیاو.

ئەم ژیانەی لە وڵاتی ئێمەدایە چی دیکە ژینگەی ژیان نییە، زیاتر لە گۆڕستانی زیندووەکان دەچێت، ئەم سەرزەمینە کە هەر وروژێنەرێکی مردنێکت بیر دەخاتەوە بە چ یاسا و ڕێسایەک پێی دەوترێت شوێنی ژیان؟ ئاخر لێرە کێشەی دەروونی لە جۆری هەڵچوونی زیاد و توڕەبوون و بوختان بۆ یەکتر هەڵبەستن و پاشملە قسە لەسەر یەکتر کردن و پاشقول لە یەکتر گرتن تا دێت زیاتر دەبێت، نەخۆشییە دەروونی و عوسابییەکانی وەک دڵەڕاوکێی نائاسایی و خەمۆکی و هستریا و مانێک و پارانۆیا و وەسواسی هزری و فۆبیا... لە ئەوجدان، ئەم بێ لە نەخۆشییە عەقڵییەکانی وەک خەمۆکی عەقڵی و هالۆسینەیشن و شیزۆفرۆنیا و سایکۆز.

ئەم هەمووو وروژێنەر و وریاکەرەوانەی چواردەورمان هەم لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و هەم باری ئابووریی و سیاسی وڵاتیشی گەیاندووەتە ئەم ناسیستمی و شڵەژانە.

کۆمەڵگەی ئێمە لە دوای شەڕی کەنداو کە ڕاپەڕینی لێکەوتەوە، تا ئێستاش هەر لە دۆخی ڕاپەڕیندایە و نەنیشتووەتەوە، لەڕووی سایکۆلۆجییەوە نەمانتوانی ئەم هەلە دیفاکتۆ نێودەوڵەتییە بقۆزینەوە و بیکەین بەو شوێنەی لەوەتەی هەین خەونی پێوە دەبینین، ئێمە لە ئێستادا نەدەژیاین، هەربۆیە ئەوەندە بایەخمان بەم شوێنە نەدا تا بحەسێینەوە، یا لە ڕابردوویەکی تێکچڕژاو گێرەمان دەکرد و هەر لەبەر شان و باڵی پیاوانی پێش خۆمان هەڵدەدا فڵان شەهید و فڵان سەرکردە و فڵان خەبات یان بۆ ئایندەیەکی نادیار دەمانکۆشا وەک لە وتاری سیاسیماندا دیارە، دروستکردنی کوردستانێکی ئاوەدان، بونیادنانی تاکە دەوڵەتی دیموکراسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.. ئەم دوو جۆرە ژیانەش ڕاکردنێکی نەستیانە بوو لە ژیان و ژینگەسازی، بۆیە ڕەفتارگەرانیش دەیانەوێت مرۆڤ و مرۆڤایەتی سیستماتیزە بکەن، بۆئەوەی چیدی ئەم بوونەرە خاوەن ئامادەباشییە عەقڵییە نەکەوێتە بەر لێزمەی نەزانی و چیدی ون نەکردنی لە نێو نەبوونیدا.

دەروونزانی ئەرێنی و چەمکی شادی لای کەسێتی کورد

قوتابخانەی دەروونزانی ئەرێنی قوتابخانە و ڕێبازێکە زیاتر قسە و باسیان لەسەر تاکی ساغ و عەقڵی هاوسەنگ و کەسانی داهێنەر و دواتر کەسی شادومان و خۆشگوزەرانە. ئامانجی ستراتیجی مرۆڤ لە بوون و بەردەوامی لە ژیانیدا، خۆش ژیان و هێنانە ئارای شادومانییە مرۆڤ بۆ ئەوە دەژی دڵخۆش بێت و هەموو ئەو هۆکارانەش فەراهەم بکات کە ژیانی ئەو خۆشتر دەکات.

بابەتی شادومانی لە ئێستادا لە نێوەندە ئەکادیمییە جیهانییە پێشکەوتووەکاندا بووەتە بابەتی سەرەکی و بە لایانەوە گرنگە ئەو فاکتەر و گۆڕاوانە بدۆزنەوە کە ڕۆڵیان هەیە لە پێکهێنانی تاک و کۆمەڵگەی شاد و ئارام. شادومانی جگەلەوەی دەروونی کەسەکان دەحەوێنێتەوە کاریگەری ڕاستەوخۆشی هەیە لەسەر بەرهەمهێنانی زیاتر و زیادبوونی دەستکەوتی مرۆڤ.

مارتن سلیگمان کە بە دامەزرێنەری ئەم مەدرەسەیە دادەنرێت بەمشێوەیە باس لە شادومانی دەکات، مرۆڤ پێویستی بە زیاتر لەوەیە کە تەنها هەڵەکانی ژیانی بۆ ڕاستبکەیتەوە، ئەوان ژیانێکی پڕمانایان دەوێت، نایانەوێت تا ماون شەڕ لەگەڵ لایەنە لاوازەکانی کەسێتی خۆیاندا بکەن، ئیدی کاتی ئەوەیە سایکۆلۆژیا لە هەڵچوونە نەرێنییەکان تێبگات و لایەنی هێز و بەهای جوان بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە سلیگمان بیەوێت ڕوانگە سایکۆلۆژییەکانی پێش خۆی کە زیاتر تەرکیزیان لەسەر دیوە تاریکەکەی مرۆڤە کەمبایەخ بکات، چونکە هەردوو ڕوانگەکە بە ڕێگای خۆیان دەیانەوێت تاک بەرەو شادومانی بەرن.

فێربوونی شادومانی کردەیەکی درێژخایەنی مرۆییە و لە زۆر کۆمەڵگەی گەشەسەندوودا خراونەتە پرۆژەی وەبەرهێنان لەسەر تاک و دواتر لە کردەی کۆمەڵایەتیبووندا، ئەرکێکی ئەخلاقی و پەروەردەیی و تەنانەت زانستیشە، شادومانی پرۆژەیە بۆ ژیان و دەبێت لە بەرنامەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەر کۆمەڵگەیەکدا لەناو پلانەکانیاندا جێی بکرێتەوە و بنەخشێنرێت.

ماناکانی شادومانی

مانای کولتووری: کولتوورەکانی مرۆڤایەتی لێکجیان لە هێنانە کایەی شادومانی و فەراهەمکردنی بۆ تاک، لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا پابەندبوون بە پێوەرەکانی زۆرینە هەیە، کۆمەڵگەی کوردیش سەرمەشقی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەیە، ئەم پابەندبوونە بە مانای کپکردنی مەیلی تاکە بۆ شادومانی، بەمەش تاک بۆ ئاستێکی بوهیمی ئەوتۆ بچووک دەبێتەوە کە هەر سک و بەرسکی خۆی دەبێتە پێوەرەکانی شادومانی و بۆی گرنگ نییە ئەوانی تر لە خۆشیدا بن یان هەر بارێکی تری دەروونی، بۆیە کولتوور کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر شێوازی ئەزموونکردنی شادی لەلایەن تاکەکانییەوە.

 هەندێک کولتوور هەن کراوەتر و نیانترن لە هی دیکە و بە ڕووی گۆڕانکارییە جیهانی و دەرەکییەکاندا دانەخراون، هەربۆیە ئەم جۆرەیان زیاتر بەرهەمهێنە بۆ شادی و بایەخ بە گرنگی شادومانی دەدا لە گەشەی دەروونی تاکەکاندا، دواتر ئەمە کاریگەری دادەنێت لەسەر لایەنەکانی تری وەک ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی، بە پێچەوانەشەوە، ئەو کولتوورانەی داخراون و ناهێڵن تاکەکانی بێ ئاگاداری سەردارەکانی شاد بن. نەک هەر کێشەی دەروونی و عەقڵیان تیادا زۆرە، بەڵکو ئاستی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانستی.. تیایاندا نزمە و تاکەکانی لە خودی خۆیاندا دەچەقن و ناگەشێنەوە.

مانای سیاسی شادومانی

فەرمانڕەوای باش، جوان ئیدارەدان، دادی کۆمەڵایەتی، هاوسەنگی لە نێوان ماف و ئەرکدا، بەشداری پێکردنی کارای تاک لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەمانە تاک دەکەنە تەوەری پرۆژەی گەشەی مرۆیی، کە تاکیش هەستی کرد ئەو گرنگترین سەرمایەیە و هەرچی دەگوزەرێت لە وڵاتدا بۆ بەختەوەرکردنی ئەوە ئەوا کۆمەڵگە وەک ماشینێک بە جوانی هەڵدەسووڕێت.

لە سەرزەمینی ئێمەدا ئامانج و هۆکار بۆ ئیشکردن بەرەو بەدیهێنانی شادومانی تێکەڵی یەکتر بوون، تێکەڵبوونی ئەم دوانەش سیستەم دادەڕمێنێت و ئۆلیگارشیەتی ژیانی سیاسی لە وڵاتدا دادەپۆشێت، تەنها بەرژەوەندی تاکەکەسی و خۆشگوزەرانی ئەوان لەسەر تابلۆی سیاسی کۆمەڵگە دەردەکەوێت و تاکەکانی تر تووشی گۆشەگیری دەبن، ڕۆڵیان لە چالاکی سیاسیدا تەنها ژمارەیە.

مانای ئایینی شادومانی

 ئایین دۆخێکە لە ڕەزامەندی دەروونی، تاک پێویستی پێی بووە بۆئەوەی کاتێ وەڵامێکی ڕەزایەت بەخشی لێ دەستکەوت یەکسەر بیپەرژێتە سەر سەرقاڵییەکانی و بگاتە بارێک لە ئارامی ڕۆحی و دەروونی.

لە دنیادا ئایینەكان چوونەتە نێو ململانێکانی دەسەڵات، بۆئەوەی ڕووبەرێکی فراوانتری دەسەڵات بۆ خۆیان و باوەڕەکەیان فەراهەم کەن و ئەوانەی وەک خۆیان نین بیبەزێنن، ئەمەش زاڵ بووە بەسەر لایەنە ڕۆحییەکەی ئاییندا، کە مرۆڤ پێویستیەتی، ئەرکی ئایین شادومانکردنی تاکەکان نەبووە بەقەد ئەوەی ترساندن و تۆقاندنی تاکەکان بووە، ئەمانەش لەگەڵ ئامانجەکانی شادومانی و کامەرانی و خۆشگوزەرانیدا یەکناگرنەوە.

مانای ئابووری شادومانی

ئابووری ئەو فاکتەرە گرنگەیە کە کۆمەڵگەکان دەگەیەنێتە گەشەی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و دەروونیش. دروشمی زۆرترین شادومانی بۆ زۆرترین خەڵک بووەتە دروشمی سەرەکی لە زۆربەی وڵاتە گەشەسەندوو و پێشکەوتووەکاندا، بەداخەوە بەپێی ڕووپێوی UN لە ساڵی 2015دا عێراق لە ڕیزبەندی (105)ەمین وڵاتی دنیادایە و زۆر لە دواویە. ئەمەش بەهۆی کەڵەکە بوون و ئاڵۆزبوونی کێشە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

وەبەرهێنانەكانی ئابووری دەبێت بچنە بواری وەبەرهێنان لەسەر مرۆڤ، چونکە سەرەنجام ئەگەر مرۆڤەکان ئاسوودە و ئارام و شاد نەبن، بە زەوق و شەوقەوە نایەنە نێو جووڵەی دینامیکی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی.

مانا کۆمەڵایەتییەکانی شادومانی

کۆمەڵگەی شاد بە لاساییکردنەوە یان حەز و مەیلی نۆستالیژیا و ژیانکردن وەک ئەو کەسانەی کە بوون بە ڕابردوو دروست نابێت، بەڵکو بە ژیانکردن لە ئێستادا وەڵامدەرەوەی دەرکەوتەو وروژێنەرە تازەکان بونیاد دەنرێت، چێژی شادومان زۆر درێژخایەن و ڕۆحییە و کەسەکە دەکات بە بوونەوەرێکی شادومان، کاتێک بە سیستمێک کە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات دەوترێت سیستم کە ئەم بارە دەروونییە بخوڵقێنێت، نەوەک شادی خۆی ببەستێتەوە بە شادی نەوەکانی ڕابردووەوە، لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکاندا بە سیستمی پەروەردە و خوێندن و فێربوون، ڕاگەیاندن، ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان و حکومەت خەریکی نائومێدکردنی تاکن و کەمترین تێگەیشتن و تێفکرینیان هەیە بۆ پرۆژەی شادومانکردن.

ئەمانە چیدی پەیوەندییان بە سیستمەوە نییە، چونکە بەهێزترین توخمی سیستم گونجانە لەگەڵ بابەتە تازەکان و ڕاهاتنە لەسەر دەرکەوتەکان کە لای ئەمانە نییە.

ئێمە لە کوێی شادومانیداین؟

بەپێی ئەم شیکردنەوە و ئاڕگۆمێنتە زانستییانە لەسەر شادومانی و هەلومەرجەکانی هاتنە ئارای و ڕۆڵی لە ژیان و فەزا جوداجوداکانیدا، ئاسانتر دەگەینە ئەم باوەڕەی کە تاکی ئێمە و کۆمەڵگەکەشمان شادومان نییە، چوون شادومانی دۆخێکی درێژخایەنە وەک لەوەی چێژبەرێکی ساتەوەختی(2) بێت، تاکی ئێمە ماوەیەک شادومان و دڵخۆشە و پێدەکەنێت و ڕادەبوێرێت، دەیان ماوەی تر نایبینێتەوە، شادومانی کەشە دەبێت بخوڵقێت بۆئەوەی تیایدا هەناسە بدەیت و چالاک بیت.

شادومانی ئامانج نییە، بەڵکو پرۆسەیە و وەکو ڤیکتۆر فرانکڵ دەڵێت دەبێت مرۆڤ لە خۆیەوە لە خودی خۆیدا بەرەو شادومانی بچێت، ئەمەش بە دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان فەراهەم دەبێت، واتە دەیەوێت مرۆڤ هەر ڕووی لە خۆی نەبێت و بەقەد هەوڵی بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی شادومانی بۆ خۆی هەوڵی فەراهەمکردنی بۆ خەڵکانی تر بدات بۆئەوەی کەمێک لە خۆی دابڕێت و بتوانێت لە دەرەوە کەش و فەزا بۆ دۆزینەوەی مانا بۆ ژیانی بسازێنێت.

ئێمە و تاکەکانمان، واتە سیستمی وڵات و خۆشمان وەک تاک شادومانی بەردەوام نین، یاخود دەکرێت بڵێین هەر شادومان نین، بەڵکو چێژبەرین و چێژبەریش شتێکی وای فەرق نییە لەگەڵ ئەو بوونەوەرانەی تر کە هەر بۆ ئەوە دەژین زیندوو بمێننەوە.

ساتەوەختەکانی خواردن و خواردنەوە، مووچە وەرگرتن و پارە دەستکەوتن، سەردانی ئەم و ئەو، ساتەکانی سێکس و بەشێک لە خەو.... هەموویان ساتەوەختەکانی شادییەکی هیدۆنیتین و ماوەیەک دەردەکەون و ماوەیەک نامێنن، سەرقاڵبوون بە پێویستییە بنچینەییەکان و نیازە بایۆلۆجیەکان و کردنیان بە ئامانج لای تاک و کۆی کۆمەڵگە، دوورخستنەوەیەتی لە ژیان و شادومانی عەقڵ و دەروون و ڕۆح.

 شادومانی بارودۆخێکی ڕێژەییە و هەمیشە تاک دەبێت لە هەردوو سەرە جەمسەرەکەی شادی و ناشادی کێرڤەکە بەرەو شادی بەرێت، گەر وا نەکات ئەوا ئاستی شادومانی دادەبەزێت. بەكورتی، شادومانی بە تەنها بە لایەنێک و فەزایەکی ژیان فەراهەم نابێت، هەموو بوارەکان بەیەکەوە یەکێتییەک لە هەلومەرج دەخوڵقێنن و لە نێویدا زۆرترین هەستکردن بە شادی دەبێت.

لە بواری سیاسیدا کوردستان دابەشبووە بۆ حیزب و گرووپ و ڕێکخراوی سیاسی کە ئەم دابەشبوونە بەپێی فۆڕمی دیموکراسی و مەدەنی نییە، فۆرمی سیاسی و حیزبی لای ئێمە ڕۆحی عەشیرەت و هۆز چووەتە جەستەی، هەربۆیە حیزب وەکو عەشیرەت دەژی و عەشیرەت حیزبی وا لێکردووە تەنها بۆ خۆی و ئەوانەی سەربەون بژی، نەیتوانیوە سنوورەکانی حیزب تێپەڕێنێت و ئینتیمایان بۆ کۆی نیشتمان هەبێت نەک حیزب، تاک لە کاری سیاسیدا تەنها دەروێشە و بۆ خۆپارێزی پەنای بردووەتە ئەوێ نەک بۆئەوەی لە ڕێی حیزبەوە گەشە بکات و گەورە بیر بکاتەوە، لەبەرئەوە تاکەکان لەناو سیستمێکی وادا چۆن شاد دەبن و چۆنیش دەتوانن شادی ببەخشن بە سیستمەکە.

لەڕووی ئابووریشەوە، تاک بەکاربەرێکی پاسیڤە ڕۆڵەکەی بونیادنەر نییە. بوونی لە کایەی ئابووریدا بازاڕێکی بۆ خوڵقاندوین ناچێتە چوارچێوەی بازاڕی مەعقوولەوە.

شادومانی پایەیەکی ئەستووری لەسەر ئابوورییەکی هاوسەنگ دادەمەزرێت، ئەگەر ئەم هاوسەنگییە نەما، ئەوا حەز و خواستە نێرگزییەکان بە سەر فەزای ئابووریدا زاڵ دەبن و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر دەروونی تاکەکان و دنیایەک کێشەی دەروونی و شڵەژانی کەسێتی و نەخۆشی عوسابی و عەقڵی یەخەی کۆمەڵگە و تاکەکانی دەگرێت.

لە بواری کۆمەڵایەتیشدا، عورفە بە میرات ماوەکان و دەستە تایەفی و عەشیرەتییەکان زاڵی سەر ڕێكخستنی کۆمەڵایەتین و تەکنەلۆژیا و تەکنیکیش نەیانتوانی کاریگەری لەسەر تایپی بیرکردنەوە و خەیاڵی کۆمەڵگەیمان هەبێت، یاساكان هەرگیز نەیانتوانیوە هەژموونی دابونەریت كەمبكەنەوە، هێشتا نەریت ئاڕاستەی ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات.

لە ڕووی کولتووریشەوە، لە جووڵەدا نین و لە بارێکی (وەسوەس)انەدا وەستاوین، کولتوورەکەمان نەدەتوانێ بۆ تازەبوونەوە هەنگاو بنێت نە توانای جێهێشتنی نەریتی هەیە، ئەم دوالیزمە بە بەرهەمەکانی نووسەران و شاعیرانیشەوە دیارە و تەنانەت لە کاری هونەریشدا ئەم دۆخە شیزۆفرۆنیایە دەبینرێت.

 بەرهەمە شیعرییەکان ئومێد و خاڵی گەشاوەی شادومانییان تیا نابینرێت، زیاتر بە ڕەنگدەرەوەی دۆخە سایکۆلۆجییەکەی نووسەر و شاعیرەکانن.

لە هونەری گۆرانیشدا، تەنها لاوانەوە و نوزانەوە و لەدەستدان و میوزیکی هێواشە ئەگەر خێرا ڕۆییەکیش لە میوزیکدا هەبێت ئەوا تەنها چێژی ساتەوەختییە و دوای ئاهەنگ و بۆنەکان کەسەکان دەچنەوە بارە شڵەژاوە بەردەوامەکانیان. بەهۆی ئەو شڵەژانەی کە باری ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی گرتووەتەوە، کولتوور کولتوورێکی خەمناک و نیگەرانە و شادومانییەکانی ساتەوەختین.

دەرەنجامی دیاری ئەم باسە پێمان دەڵێت: هۆشیاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا شادومانکردنی تاکەکانی بەلاوە بە ئەندازەی خەمناکكردنیان پێ گرنگ نییە، تا ئێستا کەسە خەمناک و خەمۆکەکان سەنگی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسییان زیاترە. کاتێک ناشادی لە کولتووردا زیاتر لە شادی بێتە بەرهەم، بەڵگەی ئەوەیە تاکەکانی کۆمەڵگە ئارەزووی جووڵە و بزۆزی عەقڵ ناکەن، لەوەشەوە سستی جووڵەی کۆمەڵگە و ئەرگانەکانی بەم زەوقییەی کە هەیە دەردەکەون.

پەراوێزەكان

1 - لیبیدۆ : دەستەواژەیەکە لە دەروونشیکاریدا بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو وزەیەی، کە بەهۆی هێزی مانەوە و هێزی غەریزەی جنسی دروست دەبێت.

2- hedonist.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure