کورد و کوردستان لە تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسەکاندا[1]
زەینەپ ن. کایە
لە ئینگلیزییەوە: ڕەوەند سەباح
ئەم بابەتە باس لە تێڕوانینی ڕۆژئاوایيەکان بەرامبەر کوردستان و چالاکی سیاسی کوردی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەکات. ئەم تێڕوانینانە کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر هەوڵەکانی نوخبەی سیاسی کورد بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا هەبووە و ههتا ئەمڕۆش کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی کورددا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا ئەم توێژینەوە هەوڵ دەدات وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە، لەوانە: هۆکاری سەرەکی پشت تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژئاوایی بەرامبەر کورد لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا چین؟ ئەمانە چۆن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندی نوخبەی سیاسی کورد لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبووە؟ هەروەها چۆن کاری کردە سەر بزوتنەوەی سیاسی کورد و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ شەرعیەتی سیاسی؟ لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا، ئەم بابەتە چالاکیی زلهێزە ئیمپریالیزمە ڕۆژئاواییەکان لە ناوچەکانی ئیمڕاتۆرییەتی عوسمانی بە بنیادنانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و گەشەسەندنی سیاسەتی کوردی ئەوکات دەبەستێتەوە. ئەوە ئاشکرا دەکات کە نەخشە ئێتنۆگرافییەکانی ناوچەکە، کە لەلایەن جوگرافیناسانی ڕۆژئاواوە کێشراون، لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بەدواوە لەلایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە بەکارهێنراونەتەوە و بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ نەخشەکێشانی کوردستان.
تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسەکان بەرامبەر گەلانی غەیرە ڕۆژئاوایی، زیاتر لە ڕوانگەی کەلتووريی و شارستانی بووە. تێڕوانینەكانیش لە ڕێگای لێکۆڵینەوە و تێبینییەکانی گەشت و تێکەڵاويیەکانی جوگرافیناسانی ڕۆژئاوایی، ئەفسەرانی سەربازی، خاوەنکارە ئابوورییەکان بنیادنراون. ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ببوونە جێی سەرنج و بایەخی وڵاتانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا. ئەمەش بەشێکی بەهۆی هۆکاری ئابووريی و سیاسییەوە بوو، وەک ڕێڕەوی بازرگانی و زیادبوونی کاریگەریی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، هەروەها بوونی دانیشتوانی مەسیحی لە ناوچەکەدا.
توێژینەوە جوگرافی و ئێتنۆگرافییەکانی گەڕیدە ئەوروپییەکان، سیاسەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیزمەکان لە پێش و لە کاتی جەنگی یەکەمى جيهانى و لە دوای جەنگەکەش، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر داڕشتنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەنووسی سیاسیی کوردەکاندا هەبوو. تەنانەت، داڕشتنی نەخشەی سیاسی و هەرێمی ناوچەکە بەهۆی بەرژەوەندی سیاسيی و ستراتیژيی و ئابووری زلهێزە ئیمپریالیزمەکان و ڕکابەری نێوانیان بووە.
بۆیە ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسەکان لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی گەلانی غەیرە ڕۆژئاوایی، بۆ نمونە گەلانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. تێڕوانینی گەڕیدە و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بەرامبەر چەمکی نەتەوەیی پێداچوونەوە بە شوناس و خاکی نەتەوەیی کورد لە ڕابردوودا، ههتا ئێستاش کاریگەری لەسەر تێڕوانینی هاوچەرخ هەیە. تێگەیشتنی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە ناسنامەی نەتەوەیی بەندبوو بەو بۆچوونەی، کە گوایە ئەگەر هەر پێکهاتەیەک بە نەتەوە هەژمار بکرێت، پێویستی بە ئاستێکی دیاریکراوی گەشەسەندن، سەرکردایەتییەکی سیاسی یەکگرتوو، هەستکردن بە ناسنامە و بەرژەوەندی هاوبەش هەیە، بەڵام کورد وەک کۆمەڵگهیەکی خێڵەکيی و پەرتەوازە و دواکەوتوو تەماشا دەکرا. هەروەک ئەکرێم کاراکۆچ و ئێگە ئۆزێن باسیان کردووە، ئەم جۆرە بۆچوونانە لێکچوونێکی لێڵ و ئاڵۆزی لەگەڵ بۆچوونە تورکییەکان بەرامبەر کورد لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا نیشان دەدەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە، لێکۆڵینەوە ئێتنۆگرافی و نەخشەسازییە ئەوروپییەکان، کاریگەری بەرچاویان کردووهتە سەر داڕشتن و پێناسەکردنی ناوچەییانەی ناسنامە و نەتەوەسازی خەڵکی ناوچەکە، لەنێویاندا کورد. لەڕاستیدا ئیمپریالیزمی ئەوروپی زەمینەیەکی گونجاوی بۆ جیهانی ئەمڕۆ داڕشتووە، لەم پڕۆسە مێژووییەدا جوگرافیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، بەوپێیەی “هیچ کام لە ئێمە لە دەرەوەی جوگرافیادا نین[2]. لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، نەخشەسازی ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاوی لە زاڵکردنی تێڕوانین و فکری باڵادەستدا هەبووە[3]. نەخشەسازی گوزارشت لە گوتاری ئایدیۆلۆژيی و سیاسەتێکی فراوانتر دەکات، ڕەنگدانەوەی دەرەنجامی پەیوەندی نێوان نەخشەسازەکان و ئامانجی لێکۆڵینەوەکانیان و فەرمانگە سیاسییەکان و کۆمەڵگهکانەوە بووە[4]. ناکرێ ناوچە و وێنە و نەخشەسازيیەکانیان لەڕووی مێژووییەوە بە گرنگ وەرنەگیرێن. نەخشەکان پێکهاتەی "زمانێکی بینراو"ن، کە مانای بەرژەوەندییە ستراتیژیی و ئایدۆلۆژیييهکان دەگەیەنن[5]. تەنانەت کاتێک ئامانج لە بەرهەمهێنانی نەخشە پڕوپاگەندە نییە، نەخشەکان ڕەنگدانەوەی لایەنگريی و گریمانە نائاگاکانن کە لە بەها تایبەتەکان، ئایدۆلۆژیاکان، بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بەرهەمهێنەر و ئەو دامەزراوە و مێژوویانەدا هەڵکەوتوون، کە تێیدا بەرجەستەبوون[6].
هزر و تێڕوانینی ڕۆژئاواییەکان بەرانبەر جوگرافیای گرووپە ئەتنیکیيەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و کورد
لێکۆڵینەوە و تێڕوانینی گەڕیدە و ئەفسەرە ئەڕووپییەکان لەبارەی گەلانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەوانەش کورد، بەندە بە کاریگەری پێشکەوتنی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە ئیمپراتۆریەت و گەلەکەی لە کاتی جەنگی یەكەمی جیهانی و دوای جەنگەكەشدا. ئەم تێڕوانینانە هەم ستایش و هەم ڕەخنەش بوون بەرانبەر نوخبەی سیاسی کورد و پێکهاتەی خێڵەکی کۆمەڵگەی کوردی.
ئەم تێڕوانینە نادادیانە هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ پێکهێنانی ئەو بۆچوونەی کە کورد ئامادە نییە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتداری. بۆ نمونە ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن ئەفسەرانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و گەڕیدەکان لەبارەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیمڕاتۆریەتی عوسمانی کراون لەلایەن نووسەران، مرۆڤناسان، زمانەوانان، جوگرافیناسان ئەنجامدراون، ئەوانیش لەو ڕوانگانەوە توێژینەوە و لێکدانەوەکانیان کردووە، وەک ئەوەی مارک سایکس لە نووسینی ‘خێڵە کوردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی’ (١٩٠٨)، فرانسیس ماونسێل لە نووسینی’ “کوردستان” (١٨٩٤)، فرێدریک میلینگن لە نوسینی ژیانی کێوی لە نێوان کۆردەکاندا (١٨٧٠) باسیان کردووە.
میلینگن بەگشتی باسی ناکۆکی خێڵەکی و شەڕی نێوان خێڵەکان و دواکەوتوویی کولتووری کوردی دەکات.
هەردوو ماونسێل و سایکس باسی شەڕی نێوان هۆزە کوردەکانیان کردووە، بەتایبەت ئەو کوردانەی بەشداربوون لە دروستکردنی فەوجی حەمیدییە، هەروەها ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەیانبووە[7]. ئەو نووسەرانە باسی چەوساندنەوەی ئەرمەنەکانیشیان کردووە لەلایەن سوارەی حەمدییە. بۆ نموونە ماونسێل نووسیویەتی کوردەکان ڕەگەزپەرستن، بەردەوام لەگەڵ مەسیحییەکان شەڕیان کردووە[8]. لە کار و چالاکی و پشکنینەکانیاندا لەبارەی ئەو ناوچانەی غەیرە ئەورووپین لە سەدەی نۆزدەهەمدا، گەڕیدەکان کاریگەری بەرچاویان لەسەر حكومەتی وڵاتەکانیان هەبووە سەبارەت بە داڕشتنەوەی دابەشبوونی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا. تێڕوانین و داڕشتنی ڕۆژهەڵاتناسەکان لەبارەی جوگرافیای ناوچەکە بەگوێرەی بەها کولتووری و سیاسییەکانی ئەورووپاوە بوو.
کورد و کوردستان لە دیدی گەڕیدە ئەورووپییەکاندا
هەموو ئەو گەڕیدە و نوسەرانەی سەردانی ناوچە کوردنشینەکانیان کردووە، جا چ وەک بریکاری دەوڵەت، ئەفسەری سەربازی، شارەزا، یان وەک ڕۆژنامەنووس و توێژەر لە سەدەی هەژدە و نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست، پێناسە و وێنا و نەخشەی جۆراوجۆریان لە هەمبەر کوردستان خستۆتە ڕوو. گەلێک هۆکار هانیداون بێن بۆ کوردستان، هەر ئەو هۆکارانەش کاریگەریان خستۆتە سەر تێڕوانینەکانیان و شێوازی لێکۆڵینەوەکانیان. سەرەتا سەردانەکانیان بەهۆی ئامانجی ئابووریی و ئایینییەوە بووە. لەبەرئەوەی کوردستان کەوتووەتە سەر ڕێگایەکی بازرگانی، چەندین ڕاپۆرت و نەخشەیان بۆ ئەم مەبەستە بەرهەمهێناوە، کە تێروانین و سەرچاوەی گرنگ لەبارەی کورد و کوردستان لەخۆدەگرن. بازرگانە ئیتالییەکان یەکەم کەس بوون سەردانی کورستانیان کردووە، پێگە و ڕێگای بازرگانی و توانای ئابووریی ناوچەکە سەرنجی ڕاکێشاون. کۆنترین سەربووردەی ئەورووپییان لەو ڕووەوە نوسییوە، لەوانە یەکەم کتێبی ڕێزمانی کوردی و فەرهەنگیان نووسیوە ساڵی ١٧٨٩. جگە لەمانە چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر پێکهاتەی سیاسی و پێگە و تایبەتمەندی جوگرافی ناوچەکە نووسیوە ،[9] هەروەها گەڕیدە ئەڵمانییەکانیش بەگوێرەی توێژینەوەکانیان لەسەر ناوچەکە و تایبەتمەندییەکانی، بەتایبەتی ڕێگا بازرگانییەکان لە سەدەی هەژدەهەمەوە لەبارەی کوردستانەوە تێبینییەکانیان خستۆتە ڕوو. بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئیمڕاتۆرییەتی عوسمانی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بە دواوە هەبوو، لەو ڕووەوە ئاسانکاری زۆریان بۆکراوە تاوەکو سەردانی ناوچەکە بکەن[10] .
ئەڵمانییەکان بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەغدا وەبەرهێنا، ئەو پرۆژە ساڵی ١٩٠٣ کەوتە بواری جێبەجێکردن، بەگوێرەی پڕۆژەکە، هێڵی شەمەندەفەر بەنێو کوردستاندا تێپەڕدەبوو. بەرژەوەندی ئابووریی و بازرگانی سەرنجی ئینگلیزەکانیشی سەرەتا بۆ خۆ ڕاکێشا، بۆ نمونە، کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیند لە ناوچەکە زۆر چالاک بوو. بە هەمان شێوە، فەڕەنسییەکانیش لەڕووی ئابوورییەوە زۆر چالاک بوون، پەیوەندییەکی بەرفراوانیان لەگەڵ ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیدا هەبوو، هێڵی شەمەندەفەریان لە خاکی عوسمانیدا دروستکرد[11]، هەروەها پشکی لەسەدا ٤٠یان لە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەغدادا هەبوو. ڕووسەکان یەکەم کەس بوون باسی ڕێگای بازرگانی لە ناوچەکەدا بکەن[12].
وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئیتاڵیا و فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، دواتریش بەریتانیا، ڕۆڵ و چالاکیی موژدەبەرانەی گشتگیر و بەرفراوانیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا گێڕاوە. کریستیانەکان سەرنجی ئەو وڵاتانەیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە، موژدەبەرە ئەمریکییەکان هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەمەوە چالاکانە لە کوردستان چەندین لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتیان نووسیوە. موژدەبەرە ئیتاڵیی و فەرەنسییەکان ڕۆڵیان لە چەندین چالاکی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ویلایەتی موسڵ گێڕاوە، لەو ڕووەوە، لەسەر بارودۆخی ئایینی و جوگرافی و ژیاری کوردیان نووسیوە[13]. بەهۆی ئەوەی موژدەبەرەکان گرینگییەکی زۆریان بە مەسیحییەکانی ناوچەکە دەدا، کاریگەی زۆری کردە سەر دید و تێڕوانینی خۆیان و ڕۆژئاواییەکان بەرانبەر کورد و موسڵمانەکان، هەروەها ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی هەبوو لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی. ڕۆژاوئاییەکان جیاکارییان لە نێوان موسڵمان و کریستیانەکان دەکرد، لە دیدگای خۆیاندا کریستیانەکانیان بە کۆمەڵگەیەکی شارستانی تر لە قەڵەم دەدا، لەکاتێکدا تێڕوانینێکی نەرێنیان لەسەر هەموو گەلانی ناوچەکدا هەبوو، بە کریستیانەکانیشەوە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەم، ڕووس و فەرەنسییەکان گرینگییەکی زۆریان بە ئەرمەنەکان دەدا، هەرئەوەش بووە هۆی نانەوەی پشێویی و ئاڵۆزی لە نێوان کورد و ئەرمەنەکان[14]. لەلایەکی ترەوە، وەک ئۆهانیس کیلیچداخ باسی دەکات، ئەگەرچی ڕۆشەنبیرە ئەرمەنییەکان کورد بە گەلێکی نا شارستانی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە بەرژەوەندی گەلی ئەرمەنە لەم ڕووەوە یارمەتی گەلی کورد بدەن تاکو زیاتر بەرەوپێشەوە بچن.
نەخشە و ڕاپۆرتی گەڕیدە ئەورووپییەکان بەگشتی پشتی بە توێژینەوە و تێڕوانینەکانیان بەستووە، ئەگەرچی ڕەنگە چاویان بەو باس و خواسانەی پێشووتر لەسەر کورد نووسراون کەوتبێ کە لەلایەن گەڕیدە و مێژوونوسە موسڵمانەکانی وەکو شەرەفخان و ئەولیا و کۆییەوە نووسراون، بۆ نمونە ڕاولینسۆن وەک گەڕیدەیەک و ئەفسەرێکی سەربازی سەردانی باکووری میزۆپۆتامیا و چیاکانی زاگرۆسی کردووە، لەو دۆخەدا شەرەفنامەی خوێندووەتەوە کە لەلایەن میری بەتلیسی حاکمی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی نووسراوە[15]. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە و نەخشەسازی کەم لەلایەن توێژەرانی ناوچەکە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست خراونەتەڕوو. لەبەرئەوە باشترە بڵێین، ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەورووپییەکان لەبارەی دانیشتوان و نەخشەسازی ناوچەکە کردوویان پشتی بە تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسییانە و زانستی کۆڵۆنیالیزم و میتۆدۆلۆژیای جوگرافی بەستووە، هەربۆیە، لەو ڕوانگەوە زانیارییەکانیان کۆکردۆتەوە و لێکدانەوەیان بۆ کردووە، بۆ نمونە گەڕیدە و نووسەرە ئەورووپییەکان بێ ئەوەی پشت بە بەڵگەی مێژووی ببەستن نەژادی کوردیان بە ماددەکانەوە بەستۆتەوە[16].
بەهۆی کێبڕکێی وڵاتانی ئیمپریالیزم، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، وڵاتانی ئەورووپی گرنگی زیاتریان بە ناوچەکە دەدا، لەبەرئەوەش بەگوێرەی بەرژەوەندی ستراتیژیان لێکدانەوەیان بۆ ناوچەکە دەکرد، هەر وڵاتێک دەیویست هەژموونی سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە زیاتر بکا. پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەغدا هێندەی تر كێبڕکێی نێوان وڵاتە زلهێزەکانی توندتر کرد، هەر وڵاتێک دەیویست دەسکەوتی زیاتری لەو پڕۆژە نوێیەی گواستنەوە و گەیاندن دەستبکەوێت[17]. بەهۆی ئامادەبوونی زیاتری وڵاتە ئەورووپیەکان لە قەوقاز و باشووری قەوقاز، ڕووسیا زیاتر پەرەی بە فراوانکردنی بەرژەوەندییەکانی دەدا لە ناوچەکە. وڵاتانی ئەورووپی شانبەشانی دەوڵەتی عوسمانی و ئێران ئەو هەنگاوەیان بە هەڕەشە دادەنا[18]. کێبڕکێ و بەرژەوەندی وڵاتانی ئیمپریالیزم داهاتووی ناچەکەی داڕشت، کە ئەمەش لە دوور مەودادا نەتەوەپەرستە کوردەکانی بێ ئومێد کرد لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهانی.
گەڕیدە ئەورووپییەکان چەند نەخشەیەکی ناوچەکە و کوردستانیان کێشاوە، یەکەم نەخشەش لەلایەن گەڕیدەی ئینگلیزی کلۆدیۆس ڕیچەوە کێشراوە، کە سەردانی ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتی ئێرانی کردووە لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا [19]. دواتر ئەڵمانەکان ساڵی ١٨٥٤ نەخشەیەکی ئێتنۆگرافی ئەرمینیا و ئازەربایجان و کوردستانیان کێشاوە، کە ڕێگە بازرگانییەکانی تێدا ڕوونکراوەتەوە [20]. کارستۆڤ، ئەفسەری سەربازی ڕووسی نەخشەی هۆزە کوردییەکانی لە ساڵی ١٨٩٦ کێشاوە (ئۆشیە ٢٠٠٤: ١١٢). یەکەم نەخشە کە بە دیاریکراوی لەسەر کوردستان کێشرابێ لەلایەن مۆنسێلی ئەفسەری سەربازی بەریتانییەوە بوو، دوای گەشتەکانی بۆ ناوچەکە ساڵی ١٨٩٢، نەخشەکە زانیاری جوگرافی، دانیشتوان و کەمە نەتەوەکانی تری کوردستانی تێدا بوو [21]. حکومەتی بەریتانی نەخشە ئێتنۆگرافییەکەی مۆنسێلی بەکاردەهێنا لە کاتی پیادەکردنی پلانە ستراتیژیەکانی لە ناوچەکە بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی. نەخشەی ئێتنۆگرافی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، کە ساڵی ١٩١٩ کێشرا(ئەگەرچی پشتی بە زانیارییەکانی پێش جەنگی یەکەمی جیهانی دەبەست) ڕەنگدانەوەی پێگەی وەزارەتی دەرەوە بوو لە ناوچە ئەرمەنی نشینەکان. بەگوێرەی گووتەی ئۆشیا بەهۆی ئەوەی لە کۆتایی جەنگەکە، هێزەکانی هاوپەیمانان نیازیان وابوو پێگەی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لاواز بکەن، بۆیە لە نەخشەکە ڕووبەرێکی فراوانی دانیشتوانی مەسیحی تێدا دیاریکرابوو[22].
هەر لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە، دەوڵەتە ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمەکان ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان گێڕا هەتاکو کار لەسەر داڕشتنی سنووری ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی دەوڵەتی عوسمانی بکەن. سنووری دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتی فارس لە پەیمانی زەهاو(١٦٣٩) بەدرێژایی نزیکەی ١٠٠ سەد کیلۆمەتر دیاریکرا، لەنێویدا چەندیین خێڵی کوردیی تێدا نیشتەجێبوون. دیاریکردنی سنووری نێوان تورکیا و ئێران وای لە وڵاتانی ئەورووپی کرد ئامادەییەکی باشیان هەبێ هەتا ساڵانی ١٩١٠ [23]. ئەو بارودۆخە هەندێک دەرفەتی سەربەخۆیی بە کوردەکاندا، کە دەیانتوانی خۆیان بگونجێنن هەرکاتێك بە باشی بزانن ڕێکبکەون لەگەڵ هەریەک لەو دوو دەوڵەتەدا. هەروەها ئەو جوگرافیایە وای لە کورد و پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچانە کرد بە لاوازی بمێننەوە، چونکە بە ئاسانی لەلایەن هێزە ئیمپریالیزمە دەرەکییەکانەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنران. ئەو نەخشانەی لەو ماوەیەدا كێشران، بە نەخشەکانی (مۆنسێل)یشەوە، ڕۆڵێکی گرینگیان لە داڕشتنی سنوورەکانی پێش و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بینی[24].
ئەو لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرت و شرۆڤانەی لە لایەن گەڕیدە و بەرپرسانی حکومی وڵاتانی ئەورووپاوە کراون لە سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە، ، جا چ پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، یانیش لە کاتی جەنگەکە و دوای جەنگەکەدا بێ، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپا بەرانبەر کورد هەبووە. کەچی بەپێچەوانەوە هەموو ئەو زانیارییانەی لە بواری نەخشەسازی، توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژیەکانەوە، کە لەبارەی تایبەتمەندییە جیاوازییەکانی کوردەوە نوسرابوون، بەردی بناغەی ناسیۆنالیستی نەخشەسازیی و شێوازی مێژوونوسینی کوردی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بنیادنا. ناسیۆنالیستە کوردەکان ئەو نەخشانەیان دووبارە کردەوە بیر و سنووری نیشتمانی کوردیان لەسەر بنیادنا. نەخشەکەی مۆنسێل و گەڕیدەکانی تر بەفراوانی لە لایەن ناسیۆنالیستە کوردەکان بەکارهێنرانەوە، هەروەها لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و دواتر نەخشەی خۆیان لەسەر کێشایەوە[25].
بۆ نمونە، نەخشەکەی شەریف پاشا، کە لەنێو ئەو یاداشتەدا بوو داوای مافی چارەی خۆنوسینی کوردی لە کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس دەکرد، لەسەر بنەمای ئەو نەخشانە کێشرابوو، کە گەڕیدە ڕۆژاوئاییەکان و خاوەنکار و سوپای بەریتانی و ئەڵمان پێشووتر کێشابوویان [26]. کۆنفڕانسەکە میوانداری نوێنەری نەتەوە و گرووپی جۆراوجۆری کرد، ئەگەرچی هەموو ئەو نوێنەرانە بە فەرمی دەرفەتی گوێگرتنیان پێنەدرا، بە شاندی گەلی کوردیشەوە. شەریف پاشا [27]، دیپلۆماتکاری عوسمانی لە پاریس، وەک نوێنەری کورد لە باڵوێزی بەریتانیا و سەرۆکی شاندی کوردی لە کۆنفڕانسەکە کاری دەکرد. پاشا لەسەر خواستی گەلی کورد یاداشتێکی ئامادەکرد بەناوی (یاداشتی کوردی)، کە نەخشەیەکی کوردستانی تێدابوو، پێشکەشی کرد. لە کۆنفڕانسەکە نەخشە بەفراوانی لەلایەن شاندە جیاوازەکان بەکاردەهێنران تاکو جەخت لە وجوودی ئەو جوگرافیایە بکرێتەوە، کە تێیدا خەڵکەکەی لە جیهاندا بە نەتەوە بناسرێن[28]، نوێنەری کوردیش لەمە بەدەر نەبوو.
شەریف پاشا لە یاداشتنامەکەیدا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی دەکرد، ئامانجی سەرەکیش لە یاداشتنامەکەی بریتی بوو لە گەیاندنی دەنگی ناڕازی دژی بانگەشەکانی ئەرمەنەکان. لە یاداشتەکە ئاماژەی بەوە دەکرد، کە ئەو ناوچانەی ئەرمەنەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بە هی خۆیان دەزانن. لەڕاستیدا، دەکەونە نێو سنوری کوردستانی تورکیا، هەر لە یاداشتەکە ئەوە ڕوونکراوەتەوە، کە ئەگەر ئەو ناوچە ناکۆکانە بخرێنە سەر ئەرمەنستانی نوێ، ئەوا خۆدورخستنەوە لە پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕوشۆر زۆر زەحمەت دەبێ[29]. لە یاداشتەکەدا بەم شێوەیە سنووری ئێتنۆگرافی کوردستانی تورکیا دیاریکراوە:
لە باکوورەوە، لە زیڤێن، لە سنورەکانی قەوقاز، درێژدەبێتەوە بەرەو ڕۆژئاوا تا دەگاتە ئەرزڕووم و ئەرزینجان و کێما و عەرەبکیر و بێنیسمی و دیڤیک؛ لە باشوور، هەر لە حەڕانەوە هەتا چیاکانی شەنگال و تەلەعفەر و هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و سنە درێژدەبێتەوە؛ لە ڕۆژهەڵات، لە ڕەواندز و باشقەڵا و ڤیزیرقەلە و سنوورەکانی وڵاتی فارس تا چیای ئارارات درێژدەبێتەوە [30].
ئەگەرچی شەریف پاشا لەلایەن ئەورووپییەکانەوە بە نوێنەری کورد دانەدەنرا، سەرەڕای هەوڵ و کۆششەکانی، بەریتانییەکان بەجددی ڕەچاوی هەوڵەکانی نەکرد[31]. پاشا نە هەڵبژێردراوبوو نە پشتگیریشی لێ دەکرا لەلایەن سەرکردە کوردەکانی ئەستەنبۆڵ و خەڵکە کوردەکەی. سەرۆك خێڵە کوردەکان چەندین تەلەگرامیان بۆ کۆنفڕانسەکە نارد تێیدا دژایەتی خۆیان بەرانبەر شەریف پاشا دەربڕی و بەنوێنەری شەرعی خۆیانیان نەدەزانی، هەروەها ناڕەزایەتی خۆیان دژی نەخشەکەی ئەو دەربڕی.
ئەمین عەلی بەدرخان یەکێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵەی پێشکەوتنخوازی کورد لە ئەستەنبوڵ، زۆر بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ پلانەکانی شەریف پاشا دەربڕی، بەتایبەتی سەبارەت بە نەخشەکەی [32]. شەریف پاشا ناوچەی (وان)، کە بە نیشتمانی ئەرمەنەکان دادەنرا نەخستبووە نێو نەخشەکە. گوایە، شەریف پاشا لەژێرەوە لەگەڵ شاندی ئەرمەنەکان ڕێکەوتبوو تا دەوڵەت هەم بۆ ئەرمەنستان هەمیش بۆ کوردستان دروستبکەن [33]. هەروەها هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان نوێنەریان ناردە کۆنفڕانسەکە بۆئەوەی دژایەتی خۆیان دژی پێشنیازەکەی شەریف پاشا لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بخەنە ڕوو، هەروەها لەجیاتی ئەوە لە دژی جودابوونەوە لە تورک، وەلائی خۆیان بۆ برایەتی تورک دەربڕی [34]. لە نیسانی ١٩٢٠ شەریف پاشا دەستبەرداری پۆستەکەی خۆی بوو وەک نوێنەری کوردی، لەمە بەدوا بەریتانییەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە گرێدا [35].
ڕێککەوتنی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و کورد
سەرەتاکانی سەدەی بیست و دواتریش، وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرژەوەندییەکانیان بەردەوامیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورددا، ئەگەرچی پشتگیری تەواوی بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیان نەدەکرد. گەڕیدە و ئەفسەرە ئەورووپییەکان تڕوانینی خۆیان لەبارەی کوردەوە لەسەر بنەمای نەتەوەسازی بنیادناوە، بەگوێرەی دیدگای ئەوان کورد تایبەتمەندییەکانی نەتەوەسازی تێدانەبووە، هەرووەها وەک گروپێکی شەرعی شایستە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ تەماشا نەدەکرا، چونکە بە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و خێڵەکی و دابەشبوو تەماشا دەکرا. ئەو باسانەی لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانیدا سەبارەت بە کورد خراونەتەڕوو، نیشاندەری ڕوون و ئاشکران بۆ ئەو جۆرە تێڕوانینانە.
بەتایبەتی ئینگلیزەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە داڕشتنی چارەنووسی سیاسی کورد لەم سەردەمەدا گێڕا، پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد، فرەدەنگی کورد و ڕکابەری سەرکردەکانیان بەربەستبوون لە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی[36] .
لیۆد جۆرجی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ و ١٩٢٢ دەنووسێت: "پێناچێ کورد جگەلە خێڵەکەی خۆی نوێنەرایەتی هیچی تری کردبێ" [37]. ئەمەش پێچەوانەی ئەو جوڵانەوە پتەو و یەکگرتوو و تۆکمەیەی ئەرمەنەکانە، کە لەلایەن نوێنەرایەتییەکی ڕێکخراو و کاریگەری ئەرمەنییەوە ڕێبەرایەتی دەکران.[38] ئەو تێڕوانینەی لەبارەی پەرتەوازەیی و نائامادەیی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کورد هەبوو، هەتا ئێستاش لە داڕشتنی گوتاری سیاسی بەرانبەر کورد بەردەوامە. ڕۆڵی کوردەکان لە چەوساندنەوەی کەمینەکان و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەرمەنەکان لە ژێردەسەڵاتی عوسمانییەکان، بەتایبەتی لە تێوەگلانیان لە سوارەی حەمدییە لەژێر دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، کاریگەری لەسەر تێڕوانینی لایەنی ڕۆژئاوایی بەرانبەر کورد و لاوازکردی دۆزی دەوڵەتی کوردی هەبوو.[39]
لە کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس(1919)دا بڕیادرا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و یۆنان دابەش بکرێن، ئەگەرچی ئەو لایەنە دەرەکیانە پلان و بەرنامەی جیاوازی خۆیان بۆ ئەو ناوچانە هەبوو. ڕکابەریی و سروشتی پەیوەندی نێوان ئەو وڵاتانە وایکردبوو بڕیادان لەبارەی دیارکردنی ئەگەری سنووری کیانێکی سیاسی زەحمەت و قورس بێت. هەریەک لەو لایەنە دەرەکیانە کیانێکی سیاسی نوێی بۆ خۆی دەخواست بۆ وەدیهێنانی هاوکاری ئابووریی و سیاسی و جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەکە. دەسەڵات و کاریگەری وڵاتانی ئەورووپی بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لاواز و سنوورداربوو، جگەلە باشووری دەوڵەتی عوسمانی نەبێت، کە ویلایەتی موسڵی زۆرینە دانیشتوانی کورد دەگرێتەوە، ئەویشی جوداکربووەوە و لەژێر ئینتیدابی دەوڵەتی بەریتانی و فەڕەنسیدا بوو، دواتر هەردوو دەوڵەتی عێراق و سوریای لێ دروست بوو.
بڕگەکانی پەیمانی سیڤەر تایبەت بە گەلی کورد ئەوە دەردەخەن، ئەو بۆچونانەی لە سەدەی نۆزدە گەلی کوردی بەوە نیشان دەدا کە ئامادەی دەوڵەتی نەتەوەیی نین، تا ئێستاش لە داڕشتنی تێڕوانین وڵاتانی زلهێز، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هەر زاڵبوون. ئەو پەیمانە لە ئابی ١٩٢٠ لە نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و لایەنە براوەکانی جەنگەكە ئیمزاکرا (ئەگەرچی پەسند نەکرا)، پەیمانەکە باسی مەرجەکانی دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەکات، ماددەکانی ٦٢-٦٤ تایبەتبوون بە بارودۆخی کورد. مێژوونووسە نەتەوەپەرستەکانی کورد هەمیشە پەیمانی سیڤەر بە زامنی شەرعی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەبینن، هەمیشە دەڵێن ئەگەر پەیمانەکە جێبەجێ بكرایە، دەوڵەتی کوردی دادەمەزرا. هەرچەندە، ئەگەر بە وردی سەیری بەڵگەنامەکەی سیڤەر بکەین، هێندەش بەدڵنیایی ئەو مافە زامن ناکات. ماددەی ٦٤ی پەیمانی سیڤەر باس لە توانای سەربەخۆبوونی کوردەکان دەکات، واتە تا چەند زەمینەسازی و ئامادەیی شارستانی و نەتەوەیی بۆ دروستکردنی دەوڵەت لە ئارادایە:
لەماوەی ساڵێكدا دوای جێبەجێکردنی ئەم پەیمانە، کوردەکانی ئەو ناوچانەی بەگوێرەی ماددەی ٦٢ دیارکراون، دەبێ پەنا ببەنە بەر ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەڵان بەجۆرێک کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئارەزووی سەربەخۆییبوونیان لە دەوڵەتی تورکیا هەیە، ئەگەر ئەنجومەن دواتر درکی بەوەکرد کە ئەو گەلە توانای خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی هەیە، دەبێ مافی دەوڵەتبوونیان پێ بدرێت. لێرە بەدواوە، دەوڵەتی تورکیا ڕەزامەندی دەردەبڕێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردەیە، هەروەها دەستبەرداری هەموو ماف و تایبەتمەندییەکی ئەو ناوچانە دەبێت.
بەریتانییەکان لە کۆنفڕانسی پاریس (١٩١٩) وازیان لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هێنا بوو، هەروەها ماددەکانی پەیمانی سیڤەریش ڕاستە لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا. تەنیا ناوچە کە مافی چارەنووسی پێ ڕەوابینرا، ئەگەرچی زۆر سنورداربوو، باکووری میزۆپۆتامیا بوو. لەم ناوچەیە، بەریتانییەکان بەگوێرەی بنەماکانی خاڵی ١٩ی سەرۆک ویلسن هەرێمێکی نیمچەسەربەخۆیان ساڵی ١٩١٨ بەناوی سلێمانی دامەزراند[40]. هەرچەندە حوکمی ئەو ناوچە ئیدارییە زوو کۆتایی پێهات، کاتێ شێخ مەحمود یبەرزنجی سەرۆکی کارگێڕی ناوچەکە ڕووبەڕووی بەریتانییەکان وەستاو بەرهەڵستی کردن.
ئەنجام
نەخشە و توێژینەوە جوگرافییەکان ڕەنگدانەوەی گوتاری جیۆپۆلەتیکە سەرەکییەکانن، لە سەدەی نۆزدەش لەگەڵ گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی تێکەڵکران [41]. لە گوتاری ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەدا، شوناسی نەتەوەیی لەڕووی جوگرافیی و هەرێمییەوە ئاماژەی پێ دەدرا، کە بنەمای شوناسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم بوو لە سەدەی نۆزدە. ئەو پۆلێنە جوگرافییانە بۆ پۆلێن و دابەشکردنی گەلان و تایبەتمەندییە نەتەوەیی و زمانەوانییەکانیان بەکاردەهێنران. وایلێهات ئەو جۆرە پۆلینکردنانە گرینگییەکی بەرچاوی، نەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا لە لێکۆڵینەوە و نەخشەکێشانی ناسیۆنالیزمیدا بینی. لەم ڕووەوە، ئەو نەخشە ئێتنۆگرافییانەی بەدەستی گەڕیدە و جوگرافیناسە ئەورووپیەکان کێشراون نمونەی بەرچاوی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەن.
بیرۆکەی شوناسی نەتەوەیی بە گوێرەی ڕێبازی سیاسی جوگرافی ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی شوناسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەوە بینی [42]، بۆ گەیشتن بە ئاستی شارستانیی ئەورووپییەکان. ئەو جۆرە تێڕوانینانە ڕەگی قووڵی داکوتا لە داڕشتنی جوگرافیای سیاسی و نەخشەسازیی ئەفسەر و جوگرافیناسە کۆڵۆنیالیزمەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست.
گێڕانەوە و سەربوردەی گەڕیدە ئەورووپییەکان ڕەنگدانەوەی بەها و تێڕوانینی گەڕیدە و نوێنەری ئەو وڵاتانە بوون، کە لە کۆتاییدا بوون بە بڕیار لەسەر چارەنووسی داهاتوی سیاسی ئەو ناوچانە. بەگوێرەی ڕاپۆرت و گێرانەوەی گەڕیدەکان، لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسییانەی جیهان، گەلانی غەیرە ئەورووپی دواکەوتوو و ناشارستانین. تێگەشتنی شارستانییانەی ناسیۆنالیزم ئەوەیە کە هۆشیاری هەستی نەتەوەیی، مێژوو، زمان و کولتووری هاوبەش بە دیارخەری ئامادەسازی و پێوەری دانپێدانانی نەتەوەیی دادەنرێن لەلایەن ئەو گەڕیدە و ئەفسەرە ئەورووپیانەی تەماشای کورد و نەتەوەکانی تری ناوچەکەیان دەکرد. ئەورووپییەکان بەگوێرەی بەها سیاسیی و کولتوورییەکانی خۆیان گەلانی ئەو ناوچانەیان هەڵدەسەنگاند، ئەگەرچی تاڕادەیەک زیاتر بە ئەرێنی باسی مەسیحی و کۆمەڵگە غەیرە موسڵمانەکانیان دەکرد، نەوەک گەلێکی موسڵمانی وەکو کورد.
ئەو گەڕان و توێژینەوە و ڕاپۆرتانەی لە کوردستان لە ڕێگەی گەڕیدە ئەورووپییەکان و ئەفسەرە حکومییەکان کران، چ لە پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، یان لە کاتی جەنگەکە و دواتر، بوون بە بنەمای داڕشتنی سیاسەتی ئەو وڵاتانە بەرانبەر کورد. شایەنی باسە، هەموو ئەو توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژیی و زانیارییە جوگرافییانەی لەبارەی کوردەوە خرانەڕوو، بوونە بەردی بناغەی مێژوونووسین و زانستی جوگرافی نەتەوەیی کوردی لە کۆتایی دەیەکانی سەدەی بیست. لەسەر ئەم بنەمایە، نەتەوەپەرستە کوردەکان ئەو نەخشانەیان بەکارهێنا و نەخشەی تریان لەسەر دروستکردەوە بۆ ئاماژەپێکردن بە نیشتیمانی کورد و سنوورەکانی.
لەئێستادا نەخشەی کوردستانی گەورە، کە لە دەریای سپی ناوەڕاست درێژدەبێتەوە تاوەکو کەنداوی فارس، کە لەلایەن نەتەوەپەرستانی کورد کێشراوە، بە سومبلی سەرەکی شوناسی نەتەوەیی دادەنرێت، هەروەها بەگشتی لەلایەن کوردەکانەوە ئێستا بەکاردەهێنرێت. زۆرێك لە کوردەکان، چ لە کوردستان یان لە دەرەوەی کوردستان، لە داهاتوو، یان هەرکاتێك بارودۆخ گونجاو بێ، خواستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردی دەکەن.
کورد بەدرێژایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک سوودی زۆری لە دەرفەتە ههرێميى و نێونەتەوەییەکانەوە بینیوە، بۆ نمونە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ مافی خۆبەڕێوەبردنی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵ ههتا ئێستاش بەردەوامە.
لیستی سەرچاوەکان
Agnew, John (1994), ‘The Territorial Trap: The Geographical Assumptions of International Relations Theory’, Review of International Political Economy 1 (1): 53-80.
Alsancakli, Sacha (2017), ‘Matrimonial Alliances and the Transmission of Dynastic Power in Kurdistan: The Case of the Diyādīnids of Bidlīs in the Fifteenth to Seventeenth Centuries’, Eurasian Studies 15: 222- 49.
Ateş, Sabri (2013), Ottoman-Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843-1914, New York: Cambridge University Press.
Bajalan, Djene Rhys (2019), ‘The First World War, the End of the Ottoman Empire, and Question of Kurdish Statehood: A ‘Missed’ Opportunity?’, Ethnopolitics, 18 (1): 13-28.
Bozarslan, H. (2003), ‘Kurdish Nationalism in Turkey: From Tacit Contract to Rebellion’, in: A. Vali (ed.), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism, 163-90, California: Mazda.
Breuilly, John (1993), Nationalism and the State, Manchester: Manchester University Press.
Crampton, Jeremy W. and Krygier, J. (2006), ‘An Introduction to Critical Cartography’, ACME: An International E-Journal for Critical Geographies, 4 (1): 11-33.
Culcasi, Karen (2006), ‘Cartographically Constructing Kurdistan within Geopolitical and Orientalist Discourses’, Political Geography, 25 (6): 680-706.
Diamond, Larry and Marc F. Plattner (eds.) (1994), Nationalism, Ethnic Conflict and Democracy, Baltimore: John Hopkins University Press.
Edmonds, C. J. (1971), ‘Kurdish Nationalism’, Journal of Contemporary History, 6 (1): 87-106.
UK House of Commons, Foreign Affairs Committee (2018), ‘Kurdish Aspirations and the Interests of the UK’, Third Report of Session 2017-19.
Freeden, Michael (1998), Ideologies and Political Theory: A Conceptual Approach, Oxford: Clarendon.
Press. Harley, J. B. (1989), ‘Deconstructing the Map’, Cartographica, 26 (2): 1-20.
Harley, J. B. and David Woodward (eds.) (1987), The History of Cartography, Volume 1: Cartography in Prehistoric, Ancient, and Medieval Europe and the Mediterranean, Chicago: University of Chicago Press.
Helmreich, Paul C. (1974), From Paris to Sèvres: The Partition of the Ottoman Empire at the Peace Conference of 1979-1920, Columbus: Ohio State University Press.
House, Edward Mandell and Seymour, Charles (eds.) (1921), What Really Happened at Paris, the Story of the Peace Conference 1918-19 / by American Delegates. London.
Klein, Janet (2007), ‘Kurdish Nationalists and Non-Nationalist Kurdists: Rethinking Minority Nationalism and the Dissolution of the Ottoman Empire, 1908-9’, Nations and Nationalism, 13 (1): 135- 153.
Knight, David B. (1985), ‘Territory and People or People and Territory? Thoughts on Postcolonial SelfDetermination’, International Political Science Review, 6 (2): 248-272.
Kurdish Delegation to the Peace Conference. (1919), Memorandum on the Claims of the Kurd People, Prepared by General Şerif Pasha, Paris.
Laughlin, Jim Mac (1986), ‘The Political Geography of ‘Nation-Building and Nationalism in Social Sciences: Structural vs. Dialectical Accounts’, Political Geography Quarterly, 5 (4): 299-329.
Macmillan, M. (2002), Peacemakers: The Paris Peace Conference of 1919 and its Attempt to End War, London: John Murray.
Maunsell, F. R. (1894), ‘Kurdistan’, Geographic Journal, 3 (2): 81-92.
Maunsell, F. R. (1890), ‘Reconnaissances in Mesopotamia, Kurdistan, North-West Persia, and Luristan from April to October 1888’, Vol 2, Simla: Intelligence Branch, Quarter Master General’s Dept, [114v] (233/312).
McDowall, David (1996), A Modern History of the Kurds. London: I. B. Tauris.
McMurray, Jonathan S. (2001), Distant Ties: Germany, the Ottoman Empire, and the Construction of the Baghdad Railway, Westport: Praeger Publishers.
Meiselas, Susan, (2008), Kurdistan: In the Shadow of History, Second Ed., Chicago: University of Chicago Press.
Mignan, Robert D. (1839), Winter Journey Through Russia, the Caucasian Alps and Georgia: Thence Across Mount Zagros by the Pass of Xenophon and the Ten Thousand Greeks, into Koordistaun, 2 Vols, London: Richard Bentley.
Millingen, Fredrick (1870), Wild Life Among the Koords, London: Hurst and Blackett.
Muhammad, Qadir Muhammad (2017). ‘Kurds and Kurdistan in the View of British Travellers in the Nineteenth Century’, Doctoral Thesis, University of Leicester.
O’Shea, Maria. T. (2004), Trapped Between the Map and Reality: Geography and Perceptions of Kurdistan, London: Routledge.
Özoğlu, Hakan (2004), Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries, Albany: State University of New York Press.
Rawlinson, H.C. (1839), ‘Notes on a March from Zohab, at the Foot of Zagros, along the Mountains of Khuzistan (Susiana), and from Thence Through the Province of Luristan to Kirmanshah, in the Year 1836’, Journal of the Royal Geographical Society of London, 9: 26-116.
Rich, Claudius James (1836), Narrative of a Residence in Koordistan, and on the Site of Ancient Nineveh, 2 Vols, Cambridge: Cambridge University Press.
Said, Edward. (1994), Culture and Imperialism, London: Vintage. Sidaway, James D. (2000), ‘Postcolonial Geographies: An Exploratory Essay’, Progress in Human Geography, 24 (4): 591-612.
Smith, Anthony D. (2004), The Antiquity of Nations, Oxford: Polity. Sykes, M. (1904). Dar-ul-Islam, London: Draft Publishers Ltd.
Tilly, Charles (1994), ‘States and Nationalism in Europe 1492-1992’, Theory and Society, 23 (1): 131-146.
Tyner, Judith A. (1982), ‘Persuasive Cartography’, Journal of Geography, 82 (4): 140-144.
Van Bruinessen, Martin (1992), Agha, Shaikh and the State: The Social and Political Structures of Kurdistan, New Jersey: Zed.
Wintle, Michael (1999), ‘Renaissance Maps and the Construction of the Idea of Europe’, Journal of Historical Geography, 25 (2): 137-165.
[1] لەم وەرگێڕانەدا، تەنیا ئەو بەشانەی توێژینەوەکە وەرگێڕدران کە گرنگ و پەیوەندیداربوون بە تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتناسەکان بەرانبەر کورد و کوردستان.
https://eprints.soas.ac.uk/32786/1/Kaya_Orientalist%20Views%20of%20Kurds%20and%20Kurdistan.pdf
[2]سەعید ١٩٩٤: ٦
[3] وینتڵ ١٩٩٩: ١٣٧
[4] هەمان سەرچاوە. ١٣٨
[5] هارلی ١٩٨٣
[6] تاینەر ١٩٨٢؛ هارلی و وودوارد ١٩٨٧: ٢
[7] لاوفلین ١٩٨٦: ٣٢٢
[8] هەرچەندە بە گوێرەی فریدن (١٩٩٨) ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایەکی تەواو نییە، بەڵام ئەو شێوازەی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پێکهاتنی دەوڵەت و سیاسەتەکانی بەکارهێنرا، دەکرێت وەک ئایدۆلۆژیایەک سەیربکرێت. لە بارودۆخی تردا ناسیۆنالیزم دەکرێت وەک هەست یان بزووتنەوەیەک سەیر بکرێت.
[9] ئۆشی ٢٠٠٤: ١٠٩-١١٤
[10] هێڵی شەمەندەفەر کە بەرلین و ئەستەنبوڵ بەیەکەوە دەبەستەوە و ڕۆڵی سوپای ئەڵمانیا لە چاکسازی لە سوپای عوسمانیدا هۆکاری گرنگ بوون.
[11] ١٢٦٦ کم تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم.
[12] ئۆشی ٢٠٠٤: ١١٤
[13] مێیسێلاس ٢٠٠٨: ٢-٥٠
[14] ئۆشی ٢٠٠٤: ١٠٨-١١٣
[15] ڕاولینسۆن ١٨٣٩؛ ئەلسانچاکلی ٢٠١٧.
[16] ئۆشی ٢٠٠٠: ٦٥
[17] مەکمورای ٢٠٠١
[18] ئۆشی ٢٠٠٤: ١١٢-١١٣
[19] هەمان سەرچاوە.
[20] هەمان سەرچاوە. ١٠٨
[21] هەمان سەرچاوە. ١١٠
[22] هەمان سەرچاوە. ٤٨
[23] بۆ پرۆسەی دەیان ساڵەی دیاریکردنی سنوورەکان، سەیری ئاتێش ٢٠١٣ بکە.
[24] هەمان سەرچاوە. ١٢٥
[25] هەمان سەرچاوە. ١٠٧
[26] هەمان سەرچاوە
[27] پاشا لە ئەستەنبوڵ گەورە بووە و بە ڕەچەڵەک کورد بووە.
[28] هاوس و سیمۆر ١٩٢١: ١٤
[29] یاداشتی کوردی: ٣
[30] هەمان سەرچاوە. ١٢
[31] ماکدۆوال ١٩٩٦: ١٢٢
[32] ئۆزۆغڵو ٢٠٠٤: ٣٩-٤٠؛ بۆزارسلان ٢٠٠٣: ١٦٩. سەید عەبدولقادر، سەرکردەی دیکەی (SAK) و ڕکابەری ئەمین عەلی بەدرخان، پشتگیری لە هەوڵەکانی شەریف پاشا کرد لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس.
[33] بۆزارسلان ٢٠٠٣: ١٦٩؛ ئۆلسۆن ١٩٩١: ٣٩٩
[34] ڤان بروینسن ١٩٩٢ : ٢٧٩ ; بۆزارسلان ٢٠٠٣ : ١٧٢.
[35] ئۆشی ٢٠٠٤: ١٢٩
[36] ئۆشی ٢٠٠٤، ل ١١٧-١١٨. بۆ نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتی کوردی لە قۆناغی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بڕوانە: باجەلان ٢٠١٩.
[37] لە ماکمیلان، ٢٠٠٢: ٤٥٨، لە یادەوەرییەکانی لۆید جۆرج وەرگیراوە.
[38] هێلمڕایچ ١٩٧٤
[39] کلاین ٢٠٠٧
[40] ئێدمۆندز ١٩٧١: ٩٢، خاڵی ١٢ لە چواردە خاڵی ویڵسن: "پێویستە بەشی تورکیای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئێستا دڵنیابکرێتەوە کە سەروەرییەکی پارێزراو بێت، بەڵام پێویستە ئاسایشی ژیانی نەتەوەکانی تری ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا زامن بکرێتەوە، ئاسایشی ژیانی فەراهەم بکرێ و دەرفەتی گەشەپێدانی سەربەخۆیی بێ زەرەر و زیان فەراهەم بکرێت. هەروەها دەروازەی دەردەنیل بە بەردەوامی بکرێتەوە وەک ڕێڕەوێکی ئازاد بۆ کەشتییەکان و بازرگانی گەلان لەژێر زامنی نێونەتەوەی زامن بکرێت.
[41] کولکاسی ٢٠٠٦: ٦٨٠
[42] لاوفلین ١٩٨٦: ٣٢١