زانا حەسەن بابەكر
کەسایەتی گوزارشتە لە کۆمەڵێک سیما trait و میکانیزمی دەروونی تایبەت بە تاک کە شێوەیەکی ڕێکخراویان وەرگرتووە، ئەو سیما و میکانیزمانە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە تاکدا بەردەوامیان هەیە و کاریگەریی لەسەر ژینگەی دەروونی، ماددی و کۆمەڵایەتی دروست دەکەن. بەپێی پسپۆڕان و بیردۆزداڕێژانی کەسایەتی، سیماکان دەکرێت ڕوانگەیەکی کولتووریان هەبێت، هەرئەمەشە وایکردووە کەوا ڕەنگدانەوەی سیماکانی کەسایەتی لەسەر تاکەکان بە پێی کولتوورە جیاوازەکان بگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قسەکردن بەشێوەیەکی گشتی لەسەر کەسایەتی سەر بە کولتوورێکی تایبەت لەوانەیە کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبێت.
سیما بریتییە لە کۆی ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی خەڵکی هەیانە و پێی لە کەسانی دیکە جیا دەکرێنەوە. لە زانستی دەروونزانیدا چەندین سیستەمی کەسایەتی بۆ سیماکان گەشەیان پێدراوە، كە لە هەموو سیستەمەكاندا سیماکانی کەسایەتی ڕوانگەیەكی دوو جەمسەریان هەیە. بەپێی بۆچوونی بیردۆزداڕێژانی کەسایەتی، سیماکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەفتارەکانی تاک هەیە و ئەو کردەوانەی مرۆڤ ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات، سەرچاوەکەی بۆ سیماکانی كەسایەتی دەگەڕێتەوە. ئەمەش بەومانایە دێت، لە ڕێگەی سیماكانەوە دەكرێت جیاوازی لە نێوان كەسەكاندا بكرێت، بە هەمان شێوەش لە ڕێگەی سیماكانەوە جیاوازی لە نێوان كەسایەتی كولتوورە جیاوازەكاندا كراوە، تەنانەت بەستنەوەی كەسایەتی بە سیماكان، واتە ڕێگەدان بە باسكردنی جیاوازی نێوان تاكەكان بەشێوەیەكی زانستی.
دید و بۆچوونە زانستییەكانی ئەم سەردەمە ئاماژە بەوە دەكەن كەوا كەسایەتی تاك، هەم لەژێر كاریگەری ژینگەدایە، هەمیش پەیوەندییەكی بەهێزی بە بۆماوەوە هەیە. تەنانەت لە بیردۆزی جینۆمیكی كۆمەڵایەتی sociogenomic theory ئاماژە بەوە كراوە كەوا ژینگە دەكرێ كاریگەری لەسەر ژێناتی genes تاكەكان دروستبكات و گۆڕانكاری تیادا ئەنجام بدات، بە مانایەكی دیكە واتە DNA لەژێر كاریگەری ژینگەدایە، و ژینگە دەتوانێ گۆڕانكاری بەسەر سیفتە بۆماییەكانی تاكدا بێنێت و سیستەمی بایۆلۆژی تاك دروستبكات، كە ئەمە بۆ هەموو كەسێك لە هەموو كولتوورێك وەك یەكە. هەربۆیە دەكرێ تاكی كوردی خاوەن كۆمەڵە تایبەتمەندییەك بێت، كە جیایبكاتەوە لە كەسایەتی تاكی كولتوورەكانی دیكە، كە ئەم تایبەتمەندییانە دەكرێت تایبەت بە كولتووری كوردی بن و لە ڕێگەی ژینگەوە كاریگەری لەسەر ژێناتی كۆی گشتی خەڵكی دروستكردبێت و لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە گوازرابێتەوە.
بۆیە كاتێك سەرنج لە ڕەهەندەكانی هەر سیمایەكی كەسایەتی دەدەیت، دەكرێت زۆر بەڕوونی تاكی كوردی تیادا بدۆزیتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆزینەوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی بێت، ئەوا بیرۆكەكان سەبارەت بە كەسایەتی تاكی كورد چاكتر جێگەی خۆیان قایم دەكەن.
توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کەوا کەسایەتی تاک زۆر کاریگەرە بە ئەزموونی ڕابردووی. ئەو ئەزموونە ناخۆشانەی کەسەکان لە تەمەنی منداڵیدا تاکو 18 ساڵی پێیاندا تێپەڕ دەبێت، جیاوازە لەو ڕووداوە ناخۆشانەی دوای تەمەنی 18 ساڵی خەڵکی ئەزموونی دەکەن، بەڵام لە هەردوو بارەکەدا، کاریگەری و جێپەنجەی خۆیان لەسەر کەسایەتی جێدەهێڵن. ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە کەوا تاکی کورد لە مێژوویەکی دوور و نزیکدا، بە کۆمەڵە ڕووداوێکدا تێپەڕیوە کە پێیاندەگوترێت ڕووداوە زەبر ئامێزەکان، ئەم ڕووداوانەش هەموو کۆمەڵگەیەک ئەزموونی نەکردوون، هەر لەبەرئەمەشە لەوانەیە تایبەتمەندییەکی بێوێنەی بە کەسایەتی تاکی کورد بدات و جیایبکاتەوە لە کەسایەتی تاکی کولتوورێکی دیکە.
مەکڕا و کۆستا ئاماژەیان بەوە کردووە کەوا نۆڕمی کۆمەڵایەتی، ڕووداوەکانی ژیان کاریگەریان لەسەر دروستکردنی ڕووەچەکانیfacet سیماکانی کەسایەتی هەیە، لەهەمانکاتیشدا لە ڕێگای بۆماوەوە کاریگەری لەسەر مەیلە بنەڕەتییەکانی تاک (کۆی سیماکان) دروستدەکەن. ئەم جیاوازییەش لەوانەیە بۆ هۆكاری بەهاكانی كۆمەڵگە بگەڕێتەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کەوا تاکی کورد لەلایەن ڕژێمە یەک بەدوای یەکەکانەوە دووچاری ناسۆریی و زەحمەتی زۆر بووەتەوە، تاکوو کار گەیشتە سەر ئەنفال و کیمیاباران کە کۆمەڵکوژی گشتین و تاکەکان بەبێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز کەوتوونەتە بەر شاڵاوی سڕینەوەی نەژادی.
کورد کۆڕەوی بە کۆمەڵی کردووە، بە شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوە و دابڕان و بێبەش بوون و ئاوارەیی ئەزموون کردووە. هەژاری بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ئەزموونی مرۆڤی کورد، بەتایبەت لە کۆتا دەیەی سەدەی ڕابردوو، کە هەموو ئەو ڕووداوانە کاریگەری لەسەر سیماکانی کەسایەتی دروستدەکەن. توێژینەوەکان ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کەوا ئەزموونە ناخۆشەکان کاریگەریان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کەسایەتی تاک هەیە. کاتێک تاکێک کورد بەو ئەزموونە ناخۆشانەدا گوزەر دەکات، ئەوا چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کاریگەری لەسەر سیماکانی کەسایەتی تاکی کورد دروستبکات. یەکێک لە سیماکانی کەسایەتی بریتییە لە تەباخوازی agreeableness کە ناوەڕۆکەکەی گوزارشتە لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی گونجاو prosocial behaviour و ئاڕاستەی هاوبەش (کۆمەڵی) Communal orientation.
زۆربەی خەڵکی لەگەڵ ئەوەدان ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام جیاوازی لە نێوان خەڵکیدا لە بارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکاندا هەیە. ئەم جیاوازییەش پەیوەندی بە کەسایەتی تاکەوە هەیە، بۆیە توێژەران ئەوەیان بۆ دەرخستووین کەوا چۆنیەتی چارەسەرکردنی ململانێکان لە نێوان کەسانی خاوەن نمرەی بەرزی تەباخوازی و خاوەن نمرەی نزمی تەباخوازی هەیە. هەرچەندە ناتوانرێت گشتاندن ئەنجامبدرێت، بەڵام لەناو کەسایەتی تاکی کوردیدا ناتەباخوازی antagonism هەستی پێ دەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی کەسایەتیەکی تەندروستە. لەناو تاکی کوردیدا زۆرێک لە کێشە و ململانێکان بەشێوەیەکی نادروست چارەسەر دەکرێن و توندوتیژی و گرتنەبەری ڕێگای نادروست لە کاتی بوونی کێشە و ململانێکاندا، بە ئەگەرێکی زۆر ئامادەییان هەیە. مرۆڤی کورد بەگشتی هەڵچوونی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەمەش دیسان پەیوەندییەکی بەرچاوی بە سیمای ناتەبایی antagonism هەیە، کە پاڵنەری ستراتیژیەتی تێکدەری (زیانگەیەن) destructive tactics لای تاک گەشە پێ دەدات. هەرکاتێک ئاستێکی نزمی سیمای تەبایی لە تاکدا ڕەنگیدایەوە، کە سروشتێکی هەرەمی هەیە، ئەوا سەر بۆ زیاتر درێژکردنەوەی ناکۆکییەکان دەکێشێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، بەتایبەت پەیوەندی نێوان باوان و منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست ڕەگی لەناو خێزانی کوردیدا دانەکوتاوە. مۆدێلی مامەڵەکردن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا خەڵکی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بن، ئەوا لەژێر کاریگەری یەکتریدان و یەکێک دەکەوێتە ژێر کاریگەری یەکێکی دیکەوە. بۆیە بەپێی ئەم بۆچوونەش بێت ئەوا ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ئەندامانی خێزاندا هەیە، بەتایبەت پەیوەندی نێوان باوان و منداڵ کاریگەرییەکی گەورە و بەرچاوی لەسەر کەسایەتی تاک دروست دەکات. توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کەوا شێوازی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری دایک و باوکان ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی لە گەشەپێدانی سیمای تەباخوازی هەیە.
بەڵام وەک ئەوەی لە توێژینەوەکاندا ئاماژەی پێکراوە بەڕێژەیەکی بەرز، لەناو خێزانی کوردیدا توندوتیژی و پشتگوێخستنی تاک هەبووە، کە ڕێژەکەیان لە نێوان 7.7% بۆ 45.5% بووە. ئەمەش بەو مانایە دێت کەوا توندوتیژی یەکێکی دیکەیە لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی تاکی کورد. کە ئەو جۆرە توندوتیژیانە کە لە بەرانبەر ئەوانی دیکەدا بەکاردەهێنرێت، بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر کەسایەتی دروست دەکات، بەتایبەت ئەو کاریگەرییە لەسەر سیمای تەباخوازی بەڕوونی ڕەنگدەداتەوە. یەکێک لە ئاماژەکانی هەبوونی ئەو ڕێژە بەرزە لە خراپ مامەڵەکردن لەناو خێزانی کوردیدا، گوزارشت لە پەیوەندی نێوان باوان و منداڵەكانیان دەکات، کە پێدەچێت کەسایەتی تاکی کورد بە جۆرێک بێت زۆر پەیوەندییەکی گەرم و گوڕیان لەگەڵ منداڵەکانیان وەک پێویست نەبێت.
لەبارەی پەیوەندی باوان و منداڵەکانیان، توێژەران ئەوەیان دۆزیوەتەوە کەوا سیمای تەباخوازی پەیوەندییەکی نەرێنی بە توندوتیژی دایک و باوکان بەرانبەر بە منداڵەنیان هەبووە. ئەمەش بەو مانایە دێت هەرکاتێک توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردن لەناو خێزاندا هەبوو، ئەوا ئاستی تەباخوازی وەک سیمایەکی کەسایەتی دەهێنێتە خوارەوە. هەر لە هەمان توێژینەوەدا ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە کەوا دایک و باوکی خاوەن ئاستێکی بەرزی سیمای تەباخوازی زیاتر پاڵپشتی و چاودێری منداڵەکانیان دەکەن و پەیوەندییەکی ئەرێنیش لە نێوان چاودێریکردنی منداڵ و سیمای تەباخوازی هەبووە. هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا ئەوە دووپاتکراوەتەوە کەوا تەباخوازی بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ پەیوەندی بە گەرم و گوڕی پەیوەندی باوان و بەشێوەیەکی نەرێنیش پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنەوە هەبووە.
لەکۆتاییدا دەتوانرێت بگوترێت کەوا، تاکی کوردی هەرچەندە کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی زۆر باشی هەیە، بەڵام لە هەندێک تایبەتمەندی سیمای تەباخوازی پێدەچێت کێشەی هەبێت. هۆکاری ئەمەش پەیوەندی بە کۆمەڵە فاکتەرێکەوە هەیە، بەڵام دیارترینیان لەوانەیە بریتی بێت لە کاریگەری ئەو ڕووداوە ناخۆش و زەبرئامێزانەی کە تاکی کوردی ئەزموونی کردوون و لە نەستی تاكەكاندا ڕەگیان داكوتاوە و پاڵ بە تاكەوە دەنێت بۆئەوەی ڕەفتار ئەنجامبدات.
سەرچاوە سوود لێ وەرگیراوەکان
Atherton, O. E., & Schofield, T. J. (2021). Personality and parenting. In O. P. John & R. W. Robins (Eds.), Handbook of personality: Theory and research (pp. 352–366). The Guilford Press.
Babakr, Z., & Fatahi, N. (2023). Risk-taking Behaviour: The Role of Dark Triad Traits, Impulsivity, Sensation Seeking and Adverse Childhood Experience. Acta Informatica Medica, 31(4), 292–299. https://doi.org/10.5455/aim.2023.31.292-299
Costa Jr., P. T., & McCrae, R. R. (2009). The Five-Factor Model and the NEO Inventories. In J. N. Butcher (Ed.), Oxford handbook of personality assessment (pp. 299–322). Oxford University Press. https://doi.org/10.1093/oxfordhb/9780195366877.013.0016
Gottman, J. M., Coan, J., Carrere, S., & Swanson, C. (1998). Predicting marital happiness and stability from newlywed interactions. Journal of Marriage and the Family, 60, 5–22. https://doi.org/10.2307/353438
Graziano, W. G., Jensen-Campbell, L. A., & Hair, E. C. (1996). Perceiving interpersonal conflict and reacting to it: The case for agreeableness. Journal of Personality and Social Psychology, 70, 820–835. https://doi.org/10.1037/0022-3514.70.4.820
O’Connor, B. P., & Dvorak, T. (2001). Conditional Associations between Parental Behavior and Adolescent Problems: A Search for Personality– Environment Interactions. Journal of Research in Personality, 35(1), 1–26. https://doi.org/10.1006/jrpe.2000.2295
Prinzie, P., Stams, G. J. J. M., Deković, M., Reijntjes, A. H. A., & Belsky, J. (2009). The relations between parents’ Big Five personality factors and parenting: A meta-analytic review. Journal of Personality and Social Psychology, 97, 351–362. https://doi.org/10.1037/a0015823
Roberts, B. W. (2018). A revised sociogenomic model of personality traits. Journal of Personality, 86, 23–35. https://doi.org/10.1111/jopy.12323
Sameroff, A. (2009). The transactional model. In A. Sameroff (Ed.), The transactional model of development: How children and contexts shape each other (pp. 3–21). American Psychological Association. https://doi.org/10.1037/11877-001
Tackett, J. L., Hernández, M. M., & Eisenberg, N. (2019). Agreeableness. In D. P. McAdams, R. L. Shiner, & J. L. Tackett (Eds.), Handbook of personality development (pp. 171–184). The Guilford Press.