مەلای گەورەى كۆيه‌ و هه‌وڵه‌ ڕيفۆرمخوازييه‌كانى
مەلای گەورەى كۆيه‌ و هه‌وڵه‌ ڕيفۆرمخوازييه‌كانى
  2024/09/22     130 جار بینراوە    


زامدار ئەحمەد

له‌دايكبووى كۆيه‌

بەکالۆریۆس لە مێژوو...

دوو کتێبی بڵاوکراوەی ھەیە.

مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا ئەسعەدی کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی ‏‏‏‏کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا ئیبراھیمی کوڕی شێخ حەسەنە، ‏‏‏دایکی ناوی عائیشەی کچی حاجی بەکر ئاغای حەوێزییە. مەلا محەمەد ‏ بە مەلای کۆیە و ‏مەلای ‏‏گەورە و مەلای گەورەیی کۆیی ناسراوە، لە ساڵی (١٨٧٦)لە بنەماڵەی ‏‏‏جەليزادەى شاری کۆیە لەدایکبووە(1).‏

مەلای گەورە، لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا لەلایەن باوکییەوە ئیجازەی مەلایەتی پێدەدرێت، لە دوای بوون به‌ مەلا، دەست دەکات بە ‏‏کاری مەلایەتی و وتاردان، لە ماوەیەکی کەمدا بەھۆی بە توانایی و لێھاتووییەوە ناو دەردەکات، ‏‏تەنانەت لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی بە چەند ھاوڕێیەکی خۆی به‌خشيوه‌(2)، هه‌روه‌ك لە ‏زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە خەڵک چوونه‌ته‌ لای مەلای گەورە و خوێندوويانه‌(3).

مەلای گەورە، زۆر پلە و پۆستی سیاسی و ئیداری وەردەگرێت، لەسەر ‏‏داوای ‏مەلا ‏محەمەد، والی موسڵ (سلێمان نەزیف) بڕیار دەدا قوتابخانە لە شاری کۆیە بەناوی (کویسنجاق ئولا) قوتابخانەی ‏یەکەم بکاتەوە. له‌وه‌ش زياتر لە ساڵی (١٩٢٠)دا مەلای ‏گەورە و جەمیل ئاغای حەوێزی حاکمی شاری ‏کۆیە، یاداشتیان ‏بۆ ‏حاکمی سیاسی ‏بەڕیتانی بەرزکردۆتەوە و داوای دروستکردنی دەوڵەتی ‏کوردییان ‏کردووە(4)، ‏لە دێڕه‌ شیعرێکیدا دەڵێت:‏

ھــەتا دەمــرم لە بۆ کـوردان دەناڵم

عیـلاجیان چۆن بکەم ھاوار بە ماڵم

مەلای گەورە، بایەخێکی زۆری بە خوێندنەوەی ‏کتێبه‌ زانستی و سیاسی و مێژوویيه‌كان داوه‌، ‏ھاوکات زۆر بایەخی بە زمانی کوردی داوە، و زمانه‌كانى عەرەبی و فارسی و ‏تورکيشی بە باشی زانیوە(5). لە ساڵی١٩٣٠ بەدواوە، قۆناغى پێگەیشتنی فیکری و فەلسەفی مەلای گەورە ‏‏ده‌ستپێده‌كات، ‏‏چونکە لەو قۆناغه‌دا شاره‌زايى ته‌واو له‌ زۆربەی زانستە ئاينييه‌كانى ئيسلامدا په‌يدا ده‌كات، هه‌روه‌ك لەو ‏ساڵە ‏بەدواوە دەستيکردووە بە تەفسیرکردنی قورئانى پيرۆز بەناوی کەلامی خودا، کە ‏لە (10) بەرگ پێکدێت ‏و لە ماوەی نێوان ‏ساڵانی (١٩٣٣ بۆ ١٩٤٣)دا ته‌واوى کردووە(6). ناوبراو لە تەمەنی (٦٧) ساڵیدا و لە 12/10/١٩٤٣ ‏بەھۆی نەخۆشی قورحەی مەعیدە، لە شاری کۆیە كۆچى دوايى ده‌كات(7).

مەلای گەورە، لە ماوەی ژیانیدا ژمارەیەکی زۆر نووسین و کتێبی نوسيوه‌، زۆربەی کاتەکانی ‏بۆ زانست و زانیاری تەرخان کردووە، بە وەرگرتن و بە بەخشین، مەلای گەورە، بەرھەمەکانی ‏بە زمانه‌كانى عەرەبی و کوردی نووسیوە، کە ئەمانەن(8):

کتێبە کوردییەکان:

1ـ کەلامی خوداوەند/ تەفسیری قورئان

2ـ فڕی فڕی قەل فڕی

3ـ عەقیدەی کوردی

4ـ نوێ کەرەوە

5ـ دیاری مەلا محەمەدی کۆیی/ شیعر

6ـ حیکایەت، خەون، کەرامەت‏

کتێبە عەرەبییەکان:

1ـ التكميل فى وجوب الفرق بين الممكن و والمستحيل

2ـ ضياعان: ضياع الحياة، ضياع الدين (دين الاسلام)

3ـ ابهى المارب فى اثبات الواجب

4ـ الالة والطبيعة العقل و النبوة

5ـ حقيقة الاسلام و الايمان والاحسان

6ـ الحدس سلم الارتقاء

7ـ خراب العالم

8ـ ستة اشخاص

9ـ غايتي واملي فى علمى وعملي

10ـ القائد الي العقائد

11ـ  الكلام الجديد

12ـ  مسالة الاختيار

13ـ المشاهد

14ـ المعجزات والكرامات

15ـ مقالة في تحقيق صفة الكلام

16ـ المصقول في علم الاصول

به‌داخه‌وه‌ بەھۆی کەمی و نەبوونی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەوه‌ هيچ يه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ لە سەردەمی خۆيدا بڵاونەکرانه‌‌وە، بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بەشێکیان بڵاوکرایەوە، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردووشدا زۆربەی کتێبەکانی چاپکرا و خرایە بەردەستی خوێنەران، بە(تەفسیری کەلامی خودا)شه‌وه‌.

 

ڕیفۆرم و چاکسازییە ئاینییەکانی مەلای گەورە

بەکارھێنانی چەمکی "مەلای گەورە" بۆ کەسایەتییەک، گوزارشتە لە لێھاتوویی و گەورەیی و جیاوازی ئەو زانايه‌، مەلای گەورە، مەلا و کەسایەتییەکی ئاینیی بوو، ھاوشێوەی سەعید نورسی لە باکوورى كوردستان، ئەحمەدی موفتیزادە و ناسى سوبحانی لە ڕۆژھەڵاتى كوردستان و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە باشوورى كوردستان، واتە جیاواز لە کەسایەتییە ئاینیيه‌کانی دیکەی ھاوسەردەمی خۆی و دوای خۆیی بووە. لە دوای ئەوەی مەلای گەورە، ئیجازەی مەلایەتی وەرده‌گرێت و نازناوی مەلای گەورەی پێده‌درێت لەگەڵ تێپه‌ڕبوونى كاتدا، ژمارەیەک چاکسازی کۆمەڵایەتيی و کولتووريی و ئایينی ئه‌نجامداوه‌، لێرەدا ئاماژە بە هه‌ندێك له‌ كاره‌كانى ناوبراو دەکەین.

مەلای گەورە، لە ژیانیدا دژی زۆرداران و ئەفسانە پەرست و مێشک وشک و ‏ناحەزانی کورد بووە(9)، بەردەوام دژی ھەموو ئەو مەلایانە بووە کە دژی پێشکەوتن بوون و ھەوڵی چاندنی تۆوى خورافەيان داوه‌ لە دەماغی خەڵکيدا(10). بەتایبەت ئەوانەی ھەوڵیانداوە ئايين بۆ بەرژەوەندی ‏تایبەتی ‏خۆيان بەکاربھێنن، ‏بەنمونە شێخەکان، کە ھەوڵیانداوە خەڵکی بەرەو لای ‏خۆیان ‏ڕابکێشن و بۆ ‏بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاری بھێنن و بیانکەنە دەروێش و ‏موریدی خۆیان، ‏‏لە پارچه‌ ‏شیعرێکدا دەڵێت:

ھـــــەتا شێخی لە کــوردستان بمێنێ

ئـومێدی زیندەگـــانیت پــێ نـــەمێنێ

تەریقه‌ی قـــــادری و نـــەقشــبەنــدی

بەبای دا ڕەونەق و ئاھەنگی کوردی(11)

ھەروەھا، لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:

شـێخی ئەھلی ســـوننە و جەماعەت

بـە ھەمــوو فێڵ و تەدبیر و کیاسەت

ھـەر وەکوو پاپا بەھەشت دەفرۆشى

وەی قوڕت بەسەر گـەلێ بێ ھۆشی(12)

جگە لەم دوو پارچه‌ شیعرە، لە چەند شوێن و شیعری دیکەدا سەبارەت بە شێخەکان قسە دەکات، ئەوەش ئاماژه‌يه‌ بۆ باڵادەستى شێخه‌كان له‌نێو کۆمەڵگەى كورديدا، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌يه‌وه‌ دەڵێت:

بەســـیە بۆ خاتری خــــوا بەسیە

تابەکەی بەزمـی خـانەقا و تەکیە

شێخە فەندی ئیتر بترسی لە خوا

میلـلەتی قوڕ بەسەر چ حاڵ نەما(13) ‏

ڕووبەڕووبونەوەی شێخ و تەکیە و خانەقا، لەلایەن مەلای گەورەوە، یەکێکە لە ‏‏چاکسازییەکانی کە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کردوویەتی، ھەوڵیداوە کە خەڵکی ‏‏ھۆشیار بکاتەوە و تێیان بگەیەنێت ئەوانه‌ی دەکرێن تەنیا کرداری دونیایین و بۆ ‏‏مەبەستى تايبه‌تى دەکرێن. ‏لە ھەڵوێستێکی لەم شێوەیەدا، ئەگەر پێگە کۆمەڵایەتی و ‏زانستی و ناسراوييه‌كه‌ی بنەماڵەی جەلی زادە نەبووایە، دوور نەبوو مەلای گەورە ‏شار به‌ده‌ر بكرايه‌، چونکە شێخەکان لەو سەردەمه‌دا خاوه‌ن لايه‌نگرێكى زۆر و پێگه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى به‌هێز بوون، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بزانين پێشوتر لە سەردەمی مەلا عەبدوڵڵای باوکی مەلای گەورەدا،  حاجی قادری ‏کۆیی، لە کۆیەوە ئاوارەی ئەستەنبۆڵ کراوە(14).‏

لەو سەردەمەدا، لەلای خەڵکی زمانی قورئان و ئايين تەنها زمانی عەرەبی بووە، واتە نەدەکرا بە زمانێکی دیکە قورئان بخوێنیتەوە و بنووسی، بەڵام مەلای گەورە، ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و قورئانی پيرۆزى وه‌رگێڕايه‌ سه‌ر زمانی کوردی و لە (10) بەرگدا نوسييه‌وه‌، تەفسیرەکەشی ھەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگەی کوردەواریی بوو، واتە خوێندنەوەیەکی کوردانەی بۆ کردووە. ئەڵبەتە لەنێو تەفسیرەکەشیدا، بانگەشەی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتيی و کولتووريی و فەرھەنگی و سیاسی کردووە(15)و بۆچوونى وابووە، کە دەبێت ئايين کاریگەری پۆزەتیڤی له‌سه‌ر مرۆڤ ھەبێت، دەبێ بەردەوام بۆ بەرزی بڕوانێت و خۆی بە بچووک و زەلیلی نيشان نه‌دات(16).

مەلای گەورە، به‌ به‌رده‌وامى هانى خەڵکی ده‌دا کە سەربەست بژین و بۆ ئازادی ھەوڵبدەن(17)، لە تەفسیره‌كه‌شيدا باسی لەوە کردووە کە پێویستە سوود لە چاکسازی و شارستانێتی ئەوروپا وەربگرین، بەنموونە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و چاپخانە و کردنەوەی فێرگە و زانکۆ، تەنانەت لە ھەندێ شوێندا سەرسامی خۆی بە شارستانێتی ڕۆژئاوا نیشان دەدات. ئەوه‌ لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لە مەلاکانی ئەو دەم، دووبارەکردنەوەی کارەکانی ڕۆژئاوا و تەنانەت قسەکردن بە زمانه‌كانى ئه‌وان به‌ گوناهـ و حه‌رام زانيوه‌، بەڵام ئه‌وه‌ تێڕوانينى مەلای گەورە بووه‌(18).

یەکێک لە چاکسازییە کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی مەلای گەورە، کە تاڕادەیەک په‌يوەندی بە ئاینیشەوە ھەیە، پرسی ناردنی منداڵانە بۆ خوێندنگاكان، ئه‌و كات بەشێک لە مەلاکان لەو بڕوایەدا بوون کە ناردنی منداڵ بۆ خوێندنگا حكومييه‌كان کارێکی ناپەسنده‌ و به‌ گوناهيان داناوه‌، ئه‌وان ده‌يانگووت  پێویستە منداڵان لە حوجرەکاندا بخوێنن، بەڵام مەلای گەورە، گوێى به‌و قسانە نه‌ده‌دا و نەجیبەی کچی لەگەڵ کوڕان نارده‌ خوێندنگا، ئەوەش بۆ ئەو سەردەم زۆر سەخت بوو، چونکە مەلاکان قايل نه‌ده‌بوون کوڕەکانیان بخه‌نه‌ به‌ر خوێندنى حكومى(19)، لەمبارەيه‌وە مەلای گەورە دەڵێت:

عیلـمی تەبیعەت عـیلمی خودایە

(قــال) و (قـول) گــشتی ھــەبایە

عیـلمی کیمیات گەر نەخوێندووە

بــەخوا نازانی خـوا چـی کردووە(20)

نەجیبە جەلیزادەى كچى، بە یەکەم فێرخوازى كچ له‌ كۆيه‌ دادەنرێت کە لەگەڵ کوڕاندا لە خوێندنگا خوێندوویەتی، ئەمەش بۆ قۆناغى خۆى بە چاکسازییەکی گه‌وره‌ى کۆمەڵایەتی و کولتووريی و فەرھەنگی کوردی دادەنرێت. ئەمانەی کە باسکران، بەشێک بوون لەو ڕیفۆرمانه‌ی کە مەلای گەورە، لە سەردەمی خۆیدا ئەنجامیداون‌.

سەرچاوه‌ و پەراوێزەکان

1- مغدید حاجی: الملا محمد الکویي (مەلای گەورە)، مطبعە وزارة الثقافیة، ط٢، ‏اربیل،  ٢٠٠٨، ص32.

2- عەبدولخالق عه‌لادین: مەلای گەورە- زانا و ئەدیب و شاعیر، ‏چاپخانەی منارە، ‏ھەولێر، ‏‏٢٠٠٩، ل33.

3- جواد فقي رسول الجوم حيدري: محمد بن عبدالله الجلي وجهودة العلمية، مكتب التفسير، اربيل، 2006، ص106.

4- ‏‏ عەبدولخالق عه‌لادین: س. پ، ل35.

5- کامەران بابانزادە: مەلای گەورەی کۆیی- سێیەمین ڤیستیڤاڵی ‏سەنتەری ‏پەرەپێدانی لاوان، ‏سلێمانی، ٢٠١٢، ل146.

6- ‏‏مەلا محەمەدی جەلی کۆیی(مەلای گەورە): فڕی فڕی قەل فڕی، ‏ ‏پڕۆژەی ‏تیشک، ھەولێر، ٢٠٠٩، ل7.

7- مەلای گەورە، ڕووناکبیرێکی پێشکەوتووخواز، ڕۆڤار، ژ(٧١)، چاپخانەی چاپ و ‏پەخشی ‏سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٢‏، ل7.

8- ‏‏مەلا محەمەدی جەلی کۆیی (مەلای گەورە): س.پ، ل9.

9- مەسعوود محەممەد: گەشتی ژیانم، سەنتەری ‏لێکۆڵینەوە و ‏‏‏پەخشی کۆیە، ‏‏کۆیە، ٢٠٠٩، ل16.

10-  ھاوکار عەبدوڵڵا شیخ وەسانی: دین و جیھانبینی مەلای گەورە ھەڵبژاردەیەک لە بەھێزترین بابەتەکانی تەفسیری مەلای گەورە، ٢٠١٦، (بڵاونەکراوە)، ل١١٣.

11- عەبدولخالق علاءالدین: س.پ، ل107.

12- هـ . س، ل 148.

13- هـ . س، ل 158.

14- ئاراس محه‌مه‌د ساڵح: ھەوڵەکانی مەلای گەورەی کۆیە لە چاکسازی و ‏نوێکردنەوەی بیری ئاینییدا، ٢٠١٦، (بڵاونەکراوە)، ل13.

15- ‏‏ھ .س، ل16.

16- ‏ ھاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی: س.پ، ل127.

17- ‏‏ھ .س، ل119.

18- ئاراس محه‌مه‌د ساڵح: س.پ، ل17.

19- ئاڵا دارا عەبدولمەجید: ئافرەت لە دیدی مەلای گەورە،  ماستەرنامه‌يه‌كه‌ پێشكه‌شى بەشی کوردى کۆلێژی پەروەردەى زانکۆی کۆیە کراوە، ٢٠١٤، ‏‏‏(بڵاونەکراوە)، ل86.

20- عەبدولخالق علاءالدین س.پ ، ل114.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure