(یاری سه‌نگ دڵ) لە چامەکەی نالیدا: لێکدانەوەیەکی بونیادگەرانە
(یاری سه‌نگ دڵ) لە چامەکەی نالیدا: لێکدانەوەیەکی بونیادگەرانە
  2024/11/04     93 جار بینراوە    


د.ئیسماعیل به‌رزنجی

ئەگەرچی ڕێبازی بونیادگەری لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا ساڵانێکە پاشەکشەی تەواوی کردووە و گۆڕەپانی ڕەخنەی چۆڵ کردووە بۆ ڕێبازە پۆستمۆدێرنەکانی وەکوو (سیمیۆتیکا و پەرژێنکردن و ڕەخنەی کولتووری) و چەند ڕێبازێکی تر، کە بە ڕێبازەکانی پاش بونیادگەری دەناسرێن، بەڵام هێشتا دیدی بونیادگەرانە بۆ هەندێک تێکست و دەقی ئەدەبی و شیعری کارایی خۆی هەیە، چونکە هەرگیز ڕێبازێکی ڕەخنەیی بەتەواوی لەناو ناچێت بە هاتنی ڕێبازگەلی دیکە هەرچەندە زەمەن بە سەریدا تێپەڕێت، ئەمەش لەبەرئەوەیە هەریەکێک لەو ڕێبازانە تیشک دەخاتە سەر لایەنێک لە لایەنەکانی دەق و جەخت لە ڕەهەندێک دەکاتەوە، ڕێبازەکانی دواتر کە دێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و بۆشاییانەی ئەوەی پێشترە کە هەی بوون، به‌ڵام خۆشیان لایەنگەلێک فەرامۆش دەکەن کە گرنگی زۆریان هەیە، بۆیه‌ لەم ڕووەوە بونیادگەری بەوە تاوانبار دەکرا کە زمانی دەقی کردووە به‌ (بتێکی پەرستراو) یان بە تێڕوانینێکی تر ڕەخنەگری لەناو زیندانی (زمانی دەق)دا بەند کردووه‌ (حمودە، 1998: 55 و دواتر)، چونکە بە لای بونیادگەرەکانەوە تەنها و تەنها لە ڕێگای شیکردنەوەی زمانی دەقەوە دەگەین بە مانا و دەلالەتی کۆتایی و هیچ پێویستییەکمان بە دەرەوەی دەق نییە، بۆیە (ڕۆڵان بارت) چەمکی (مردنی نووسەر)ی داهێنا وەک ڕێگایەک بۆ ئازادکردنی دەق لەمانا بەخشیندا (عیاش، 2015، :79).

 مردنی نووسەر یان بەرهەمهێنی دەق بەواتای دابڕینی دەقەکەیە لە هەموو کاریگەرییەکی دەرەوەی خۆی، بەتایبەتی سیاقی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، کە ئەمانە هیچ کاریگەرییەکیان نییە لە گەیشتن بەمانادا، بەڵکو زمانی دەقەکە دەسەڵات و هێزی تەواوی لەم پڕۆسەیەدا هەیە، جا پەیوەست بە ناونیشانی ئەم بابەتەوە کە دەمانەوێت بگەین بە مانا و تێگەیشتنێکی گونجاو بۆ دەستەواژەی (یاری سەنگ دڵ) کە لە کۆتایی چامەکەدا هاتووە ئەوا ڕێبازی بونیادگەریمان بە باش زانی لەبەر هۆیەکی گرنگ کە یەکانگیرە لەگەڵ تێڕوانینی بونیادگەرەکان، ئەویش ئەوەیە ئێمە سەبارەت بە (چامەکەی نالی) هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و بابەتیمان نییە هەتا لێیەوە بتوانین بگەین بە تەئویلێکی دروست بۆ ئەو دەستەواژەیە، تەنانەت لەسەر خودی ژیانی نالیش زانیاری زۆر بەردەست نییە و هەتا ئێستاش زۆر بەشی ژیانی نادیارە، ئەوەی سەبارەت بە چامەکەشی هەیە تەنها هەندێک ڕاو بۆچوونە و هیچی تر، جا لە دۆخێکی ئاوادا کە هیچ زانیارییەکی دڵنیاکەرەوە لە دەرەوەی چامەکە نەبێت ئەوە تاکە سەرچاوەی مانابەخشین و تەئویلکردن خودی چامه‌کە خۆیەتی، بۆیە لێکدانەوەی بونیادگه‌رانە گونجاوترین شیکردنەوەیە، سەبارەت بە دەستەواژەی (یاری سەنگ دڵ) کە لەم بەیتەدا هاتووە و کۆتا بەیتی چامەکەیە (مودەریس، 1976:197):

حاڵی بکە بە خوفیە کە ئەی یاری سەنگ دڵ

نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور

ئەوا دەبینین قورسایی زۆری چامەکەی کەوتووەتە سەر، چونکە هەرچی پرسیار و ویستی زانینی حاڵ و بارودۆخی سلێمانی و دەوروبەریەتی لە کۆتاییدا به‌ ناردنی سەلام و زانینی حاڵی ئەو یارە کۆتایی دێت، بۆیە دەپرسین ئایا یاری سه‌نگ دڵ کێیە؟ بۆچی بە یار وەسف کراوە و ناوێکی دیاریکراو نییە؟ هەر بە ڕاستی مرۆڤێکە؟ یان دەکرێت شتێکی دیکە بێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە وەکوو گوتمان هیچ زانیارییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی تەنانەت ئاماژەیەکیشمان نییە پشتی پێ ببەستین، بۆیە گەڕان و سوڕان بەناو چامەکەدا و وەرگرتنی تەئویل لە زمانی دەقەکە تاکە ڕێگایە لە بەردەممان.

 لێرەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم، کە دوای لێکدانەوە و وردبوونەوە لە چامەکە بۆم دەرکەوتووە، کە (یاری سەنگ دڵ) بریتییە لە (حوجرەکەی) نەک کەسێکی دیاریکراو و مرۆڤێک، ئەمەش بەم بەڵگانە:

 یەکەم: ئەم چامەیە بۆ شوێن نووسراوە و نێردراوە نەک بۆ کەس، ڕاستە (سالم) دوای ماوەیەک وەڵامی ئەم چامەیەی داوەتەوە بە هەمان شێواز، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە نالی چامەکەی خۆی بۆ ئەو ناردبێ یان تەنانەت بۆ کەسێکی تر جگە لەویش، بەڵکو بۆ سلێمانی نێردراوە و نووسراوە، هەربۆیە شوێن زۆرترین ئامادەیی هەیە لەناو ئەم چامه‌یه‌دا، بەڵام کەسەکان زۆر کەمن جگە لە ناوی (کاکە سوور)ێک کە نازاندرێت ئەویش واقیعییە یان تەنها لەبەر ڕەنگی سوور ئەو ناوە هاتووە هەتا پێچواندنەکە دروست ببێت، هەروەها شوێن لەم چامەیەدا ناسراو و دیاریکراو و زانراوە، وەکوو (سلێمانی، شارەزوور، خانەقا، سەرشەقام، کانی ئاسکان ... هتد)، بەڵام کەسەکان زۆر کەمن، ئەوەشی کە هەیە نادیار و نەناسراو و دیارینەکراوە وەکوو (خەڵکەکەی، ڕەقیبانی لەندەهور، فەقێکان ... هتد)، کەواتە شوێن زاڵ و ناسراوە و زۆرترین پانتایی داگیرکردووە، حوجرەکەش کە شوێنێکی تایبەتی و ناسراو زۆر دیاریکراوە دەکرێ (یاری سەنگ دڵ) بێ.

دووەم: لەم چامەیەدا قسە و گفتوگۆ  لەگەڵ بێگیان دەکرێت نەک لەگەڵ کەسدا، بەپێچەوانەی گفتوگۆی ئاسایی کە لە نێوان کەسەکاندا دەکرێت، هەر لە سەرەتاوە (با/ بێگیان/ شت) ڕادەسپێرێت و ئەرکێکی پێ دەسپێرێت، چەندین پرسیاری جۆراوجۆری لێدەکات کە لایەنی یەکەمی گفتوگۆکار دیارە و مرۆڤە کە پرسیارکەرە، بەڵام لایەنی دووەم، كه‌ وەڵامدەرەوەیه‌ بێ دەنگە، ئایا بەرد و داری مەحەلـلەکان، پردی سەر شەقام،  داری بیرمە سوور، چۆنن؟ ماون؟ پرسیار هەیە، بەڵام وەڵام نیە، بۆچی؟ چونکە پرسیارکەر مرۆڤە، بەڵام پرسیارلێکراو شتێکی بێگیانە کە (با)یە، بەهه‌مانشێوە لە گفتوگۆی ناردنی (سەلام)دا نێرەری سەلام دیارە و مرۆڤە، بۆیە قسە دەکات و سەلام دەنێریت، بەڵام (سەلام بۆ نێردراو) مرۆڤ نییە، بێگیانە، بەرد و دارە، بۆیە وەڵامی نییە، یان هیچ کاردانەوەیەکی نییە، هەروەکو ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی (با) ناکات و بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکردن، هەر بەوشێوەیەش چاوەڕوانی وەڵامی (حوجرەکە) ناکات تەنها لەلایەن خۆیەوە سەلامی بۆ دەنێرێت.

سێهەم: سەرەتا و کۆتا شوێن کە بای بۆ دەنێرێت دیاریکراوە، کاتێک نالی تەکلیف لە (با) دەکات بچێت بۆ سلێمانی بۆ هەواڵپرسین، جووڵەی (با) لەلای خۆیەوە دەستپێدەکات و لەناو حوجرەکە کۆتایی دێت، ئیتر کە دەگاتە ناو حوجرەکە ساکین دەبێت و لە جووڵە دەکەوێت و داوای لێ ناکات لەوێوە بڕوات بۆ شوێنێکی تر، بەڵکو هەر لەوێدا هەواڵپرسین و چامەکە کۆتایی دێت، تەماشای جووڵەی (با) بکەن لەلای نالی خۆیەوە هەڵدەکات تا دەگاتە (شیوە سوور)، بەڵام لەوێ ناوەستێت، به‌ڵكو دەینێرێت بۆ سەر چنار و بەکرەجۆ، دواتر دەینێرێت بۆ ناو شار، لەناو شاریش ناهێڵێت ساتێک بوەستێت، کۆڵان بە کۆڵان و شوێن بە شوێن دەیگێڕێت (سەرشەقام، شێخ عەباس، کانی ئاسکان، دەشتی فەقێکان)،  دواتر ده‌ینێرێتە ناو مزگەوتی خانەقا، لەناو مزگەوتەکەشدا ڕایناگرێت هەتا دەیباتە ناو حوجرەکەی، بەڵام لە دوای ئەوێوە ئیتر جووڵەی (با) نامێنێت، لەوێدا دەوەستێت، تەنانەت کاتێک دەیەوێت (سەلامی دوور) بنێرێت بۆ (یاری سه‌نگ دڵ) پێی ناڵێت هەستە بڕۆ بۆ لای یاری سەنگ دڵ، بەڵکو پێیده‌ڵێت هەر لەوێدا سەلامەکە بگەیەنە، ئایا یاری سەنگ دڵ کەسێکە لەناو حوجرەکە دانیشتووە؟ نەخێر، چونکە کەسەکان ئامادە نین لەوێ، بەڵکو هەر خودی حوجرەکەیه‌، چونكه‌ کە (با) دەگاتە لای و لەناویدا ئۆقرە دەگرێت ئیتر جووڵەیەکی تری پێویست نییه‌، پێویستە سەلامەکە بگەیەنێت و پەیامەکەی کۆتایی بێت.

چوارەم: قسەکردن بە چبە (خوفیە) بۆ دوو کەسە کە لە یەکەوە نزیک بن، لە بەیتەکەدا وشەی خوفییە هاتووە کە داوا دەکات سەلامەکەی بەوشێوەیە بگەیەنێت بە یاری سەنگ دڵ، خوفیه‌ش وشەیەکی عەرەبییە و مانای له‌ قسه‌كردندا مانای نهێنی و چپە و ئەسپایی دەگەیەنێت، ئەم حاڵەش بێگومان لە نێوان دوو کەسدا دەبێت کە لە یەکەوە نزیک بن و کەمتر لە مەترێک نێوانیان بێت، واتە بە تەنیشتی یەکەوە بن، دروست لەوکاتەدا نالی داوای ئەو سەلام گەیاندنە لە (با) دەکات کە لەناو حوجرەکەدایە و گەیشتووەتە کۆتایی سەفەرەکەی، پێی دەڵێت حاڵی بکە و تێیبگەیەنە له‌ شوێنی خۆی، پێی ناڵێت بڕۆ سەلامەکەم بگەێنە یان لەوێش مەوەستە و بڕۆ تا سەلامەکەم دەگەیەنیت بە یاری سەنگ دڵ، بەڵکو داوای لێ دەکات هەر لەوێدا حاڵی بکات و بۆی ڕوونبکاتەوە کە لە تاسە و شەوقی ئەودا سەلامی دوور دەنێرێت.

 

پێنجەم: دەستەواژەی سه‌نگ دڵ واتە (لەبەرد دروستکراو) یان (سه‌نگین) نەک (دڵڕەق)، جەنابی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە مانای سەنگ دڵدا دەڵێت: دڵ ڕەق وەک بەرد، بۆ مانای به‌یته‌كه‌ش ده‌ڵێت: واتە بە دزییشەوە بە یاری دڵ ڕەق بڵێ لە ئارەزووی دیداری تۆوەیە نالی لە دوورەوە سەلام ئەنێرێ (1976:197)، ئەمە واتایەکی سیاقییە کە لە لای شاعیرانی دیکە و لە سیاقی شیعری ئەو کاتەدا، یان لە ڕوانین بۆ پێکهاتەی وشەکەوە ئەو مانایە وەرگیراوە، کە سەنگ بە مانای (بەرد) هاتووە، بەڵام بە وردبوونەوە لە فەزای گشتی چامەکە و ئەو سیاقە زمانییەی ئەم وشەیەی هەڵگرتووە دەگەینە ئەنجامێکی دیکە، کە سەنگ دڵ مانای (دڵبەرد) واتە لەبەر دروستکراو دەگەیەنێت، واتا وشەکە مانای حەقیقی خۆی دەدات نەک مانای مەجازی، کەواتە خواستن (استیعارە)ی تێدا نییە کە سەنگ دڵ خواسترابێت بۆ دڵ ڕەق و دواتر (بۆخواستراوەکە) لابرا بێت، بەڵکو وشەی (دڵبەرد) هەر خۆی واتە ئەو حوجرەیەی لەبەر دروستکراوە، ئەم واتای دووەمە زیاتر لەگەڵ سیاقی گشتی چامەکەدا دێتەوە، چونکە ئەگەر واتای دڵڕەق وەرگرین ئەوە ڕەهەندێکی نه‌رێنی هەیە و نالی گلەیی لە یارەکەی دەکات و پێیوایە دڵڕەق و بێ بەزەییە، بەڵام سەرجەمی چامەکە ئەرێنی و پێدانی سیفەت و پەسنی جوانە بە شوێن و کەسەکان، ناکرێ هەموو شتێک لە چاو و خەیاڵی نالیدا جوان بێت، بەڵام یارەکەی کە باشترینی ناو شتەکانی سلێمانییە نەرێنی و ناپەسند بێت، ئەو بە سلێمانی دەڵێت بۆ دەفعی چاوەزارە کە پێی دەڵێن شاری شارەزوور، چونکە شارەزوور سیفەتێکی نەرێنییە پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت:

پێم دەڵێن مەحبوبە خێل و قیچە مەیلی شەڕ دەکا

خێل و قیچە یا ترازووی نازی نەختێ سەر دەکا

 لێرەدا کە لە غەریبیدا نییە ئاوا پاساو بۆ مەحبوبە دەهێنێتەوە، ئەی چۆن دوای چەند ساڵ غەریبی و دوورە وڵاتی و وەسفکردنی هەموو شتەکان بە جوانی کەچی یارەکەی بە دڵڕەق وەسف بکات؟

شەشەم: پێشتر بە حوجرەکەی دەڵێت (غاری یار)، چەند بەیتێک پێش ئەم بەیتە حوجرەکەی دەچوێنێت (ئه‌شکەوتی سەور) کە بۆ ئەویش خواستنێکی جوان دەهێنێت و لە هاوەڵێتی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) و ئەبوبەکری سدیقەوە (ڕەزای خوای لێبێت) وه‌ریگرتووه‌، کە یار و یاوەرێتی یەکترییان کردووە و تەنها دوو کەسیش بوون، ئه‌و پێی دەڵێت غاری یار، بۆیە حوجرەکەی دەچوێنێت بەو ئەشکەوتە و دوا لیزمەیەکی دژیەکی جوان دەخوڵقێنێت لە چۆڵ و هۆڵی و بوونی کەسانی نەیار و ناپەسند و بوونی خۆی و هاوڕێ و یارانی و ئەو گێڕانەوەیەی دەگوترێت مار داویەتی بە قاچی ئەبوبەکری سدیقەوە (ڕەزای خوای لێ بێت)، ئەوەی گرنگە لێرەدا بە حوجرەکەی دەڵێت غاری یار واتە حوجرەکە یاری خۆیەتی و ئەویش یاری حوجرەکەیەتی، کەواتە یار سەلامی دوور بۆ یاری دەنێرێت یارێک کە لەبەرد و گڵ دروستکراوە و ساڵانێک هاوڕێ و هەمنشینی یەکتری بوون.

حەوتەم: کۆتا بەڵگەش ئەوەیە ئەم بەیتەی کۆتایی تەواوکاری پێنج بەیتی پێش خۆیەتی، هەر لەوێوە کە دەڵێت:

واصیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم

چی ماوە چی نەماوە لە هەیوان و تاق و ژوور

 هەتا دەگاتە کۆتا بەیت کە سەرجەمیان (شەش) بەیتن، هەموویان یەک گوزارشت و دەربڕینن، واتە دەکرێت بڵێین ڕستەیەکی درێژە لەو بەیتەوە دەستپێدەکات و بە بەیتی کۆتایی ئینجا تەواو دەبێت و مانای تەواوەتی دەبەخشێت، ئەگەر بمانەوێت کورتی بکەینەوە بەم شێوەیەی لێدێت:

 ((واصیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم و حاڵی بکە و تێی بگەیەنە کە نالی لە تاسە و شەوقی تۆیە سەلامی دوور دەنێرێ)).

 بەم شێوەیە دەگەین بە ئەنجامێک لە لێکدانەوە و ماناکردنی دەستەواژەی (یاری سەنگ دڵ)، تەنها بە پشتبەستن بە زمان و پەیوەندی نێوان وشە و ڕستەکانی دەقی چامەکە، ئەمەش یەکێک دەبێت لە بۆچوون و لێکدانەوەکان و دەچێتە سەر خەرمانی فراوانی ڕەخنەی شیعری نالی.

سه‌رچاوه‌كان

1ـ عبدالعزیز حمودة، المرايا المحدبة من البنيوية إلى التفكيك، سلسلة عالم المعرفة، الكويت، 1998.

2ـ رولان بارت، ترجمة منذر عياشي، هسهسة اللغة، دار نينوى، دمشق، 2015.

3ـ مه‌لا عبدالكریمی مدرس و فاتح عبدالكریم، دیوانی نالی، كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1976.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure