پ.د.سەباح بەرزنجی
بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسە پێویستمان بە شرۆڤەکردنی چەند چەمکێکی ناونیشانەکە هەیە. یەکەم: فەتوا چییە و مەرجەکانی چین؟ فهتوا لە زمانی عەرەبیدا ئیسمی مەصدەرە، لە فرمانی (أفتی یفتی) واتە ڕوونکردنەوەی بڕیار، مەبەست لە ئیسمی مەصدەر ئەوەیە کە دەبێت کارەکە هەبێت ئینجا ئەوەی کە پەیدا دەبێت لەو کارە ناوێکی بۆ دادەنرێت، کە لە ماددەی فرمانەکە دروست دەکرێت، واته کە کەسێکی زانا بڕیاری لەسەر وەسفی شەرعی کارێک دا ئەو بڕیارە ناودەنرێت (فەتوا)، یان (فوتوا)، بەڵام لە زاراوەی زانایانی شەریعەتدا فهتوا بریتییە لە دیاریکردنی وەسفی شەرعی کارێک و دەرەنجامی ئەو وەسفە لە بەرپرسیارێتی، واتە ئەگەر کەسێک بە هۆشیاری خۆی و بەبێ بوونی گوشار و زۆرلێکردن و بەبێ بوونی پاساوێکی گونجاو، قسەیەک یان کارێکی کرد پەیوەست بە خۆی یان ئەوی تر لە بابەتە جیاجیاکانی ژیانی ڕۆژانەیدا و ئینجا خودی کەسەکە یان کەسێکی تر بیەوێت بزانێت ئەو قسەیە، ئەو کردەوەیە لە ترازووی هەڵسەنگاندنی شەرعیدا چ نرخ و بەهایەکی هەیە و لەڕووی بەرپرسیاریەتییەوە چ لێپرسینەوەیەک ڕوو لە خانەوادەکەی دەکات، ئەم پرۆسەیە پێی دەگوترێت: ئیستیفتا و ئیفتا و بڕیارە کۆتاییەکەش دەبێتە فەتوا. کەواتە هەموو فهتوایەک پێویستی بە سێ ڕەگەز هەیە: موستەفتی (پرسیارکەر)، موفتی (فەتوادەر)، بابەتی فەتوا (کە ڕەنگە قسە یان کردەوە یان مامەڵەیەک بێت)، سەبارەت بە موستەفتی دەگونجێت هەرکەسێک بێت و هەموو کەس بۆی هەیە پرسیار لە کاری خۆی و کاری ئەوی تر بکات، موفتیش ئەو کەسەیە کە خاوەنی بڕوانامەیەکی متمانەپێکراوی شەرعی بێت، بە جۆرێک کە مافی فەتوادانی پێ بدات نەک هەرکەسێک هەستا و هەندێک ئایەت و فەرموودەی لەبەر بوو، یان قسەزان و لەبلەبان بوو، یان سیمایەکی ئایینی پێوە بوو، یان ماوەیەک لە حوجرە و مزگەوت خوێندبووی، یان واعیزێکی باش بوو، لێمان ببێتە موفتی و بڕیاردەری کاروباری ئایینی، کە دیارە پلەی موفتی پلەیەکی بەرز و بایەخدارە و بە ئاسانی مرۆڤی ناگاتێ و پێویستە لەلایەن زانایانی وڵاتەوە کەسی بۆ کاندید بکرێت و دەسەڵاتی سیاسیی وڵات بڕیاری لێ بدات.
بەشێکی بابەتەکە پەیوەستە بەوەوە لەسەر ڕووداوەکان کێ دەبێ فەتوا بدات، خەڵکی پرسیاری شەرعی لە کێ بکەن، واتە هەم کەسانی فەتوادەر دەبێ دیار بن و بناسرێن، هەم خەڵکیش دەبێت بزانن چ کەسێك گەیشتووە بەو پلەیە بۆئەوەی پرسیاری لێ بکەن، لەهەمانکاتدا پێویستە دەزگایەکی فەرمی واش لە وڵاتدا هەبێت کە ڕێگە بگرێت لە پەشێوینانەوەی فەتوا، چونکە ئەگەر کەسانێکی زۆریش موفتیمان هەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی دەزگایەکدا نەبن ئەوە دەبێتە هۆی کێشە نانەوە لەناو خەڵکدا، کە ئەمەش کاری دەسەڵاتی سیاسییە بە تەنسیق لەگەڵ دەزگای ئایینی وەزارەتی ئەوقاف و زانایانی ئایینی هەستن بە دامەزراندنی (دار الفتوی) بۆئەوەی خەڵکی دیندار و تەنانەت بێ دینەکانیش سەریان لێ نەشێوێت و سنوورێک بۆ ئەو فەوزایهی دروستبووە لەمەڕ فەتوای ڕۆژانەی خەڵکانی نامەسئول دابنرێت، وەک چۆن هەرکەسێک خاوەنی بڕوانامەی یاسا بوو بۆی هەیە ببێتە ئەندام لە سەندیكای پارێزەراندا، بەڵام مەرج نییە ببێتە قازی و مەرج نییە بە کەیفی خۆیشی لە هەموو دەعوایەکدا خۆی هەڵبقورتێنێت، بەڵكو بوونە قازی و بوونە پارێزەریش یاسا و ڕێسا و ئیجرائاتی تایبەتی هەیە و تەنانەت قەزاوەتیش پلەبەندی کراوە و لە قانووندا بواری پسپۆڕی و مهرجگەلێکی ناوەرۆکی و شێوەیی بۆ دیاریکراوە، بۆئەوەی فهوزا دروست نەبێت و پارێزەرانیش لەسەر بنەمای یاسا و ڕەچاوکردنی ئەخلاقیاتی پیشەکەیان موحامات دەکەن بە هەمان شێوەش مامۆستای ئایینی و خوێندەواری ئایینی پێویستیان بە یاسا و سنوورێکی دیاریکراو هەیە.
دووەم: نووسەر کێیە؟ ئەمیش بۆ خۆی ئیشکالێکی تری ناو بابەتەکەیە، مەبەست لە نووسەر چییە و چ کەسێک نووسەرە؟ ئایا هەرکەسێک بزانێت دوو دێڕ بنووسێت و دوو پرسیار و دوو گومان لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بورووژێنێت دەبێتە نووسەر؟ هەرکەسێک بڕوانامەیەکی وەرگرت و قاتێکی لەبەرکرد، یان حیزبێک لە ڕۆژنامەیەک دایناو کاری پێکرد دەبێتە نووسەر؟ بەم قیاسە بێت ئێمە نووسەرمان لە دووکاندار و جوتیار و کرێکار زیاترە، وڵاتی ئێمە وێڕای پشێوی فەتوا پشێوی نووسەریشی هەیە، زۆر کەسمان لێ بووە بە نووسەر و ڕۆژنامەوان بەبێ ئەوەی مەرجە پێویستەکانی تێدا بێت و بەبێ ئەوەی سنووری کارەکەی و ئەدەبیات و ئاکاری نووسین بزانێت و ڕێز و حورمەت بۆ قەڵەم و نووسین دابنێت، ئەمانیش لەگەڵ بوونی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان یهكێتی نووسەران نەیانتوانیوە کولتووری نووسین بەشێوەیەک بڵاوبکەنەوە کە نووسەری ڕاستەقینە لە نووسەری درۆینە جودا بکرێتەوە.
سێیەم: هەم نووسەران و هەم موفتیان لە فەزا و فانتازیای تایبەتیدا دەژین و پێیانوایە دەبێت ڕەوت بە کۆمەڵگە بدەن و لە ئەنجامدا لەسەر نفووز و دەسەڵاتی مەعنایی ناو خەڵک تێکدەگیرێن، لە هەردوو لاوە هێرش بۆ سەر ئەوی تر دەستپێدەکات، چونکە بوونی دوو فۆڕم و دوو لۆجیکی جیاواز و دوو جیهانبینی جیاواز هەر ئەو حاڵەتی دژایەتییهی لێ دەکەوێتەوە کە ئێستا دەیبینین لە نێوان بەشێک لە موفتیان و هەندێک لە نووسەران، کە دەگاتە هەڕەشە و گوڕەشە و باری مەترسیداریش.
لە بنەڕەتدا هەڕەشە و توندوتیژی کاتێک دەستپێدەکات کە لۆجیکی قسە و گفتوگۆ کۆتایی پێهاتبێت، دیارە تەنها ئەوانەش لەسەر گفتوگۆی ئارام و ئامانجدار بەردەوام دەبن کە بۆ خۆیان کەسی حەقخواز و هەڵگری بارێکی مەعریفی سەنگین و ڕاستەقینه بن، هەڕەشەش لە شوێنێک پەرەدەستێنێت کە یاسا ڕۆڵ و کاریگەری ئەوتۆی لەسەر چاودێری ڕەوتی کۆمەڵگە نەمابێت، من هەرچەند حەق نادەم بە هەموو کەسێکی سەر میمبەر کە موفتی شەرعی بێت و پێموایە لە کەمیاندا مەرجەکانی فەتوا هاتووەتە دی، لەهەمانکاتدا حەق نادەم بە زۆر نووسەریش کە قسە لەسەر بابەت و پرسە ئایینە هەستیارەکان بکات، چونکە ئەوانە زۆریان ماوە بۆئەوەی تەنانەت لە دەقەکانی قورئان و سوننەت و تێکستە فیقهی و کەلامی و فیکرییەکانی ئیسلام تێبگەن، بۆیە لەڕاستیدا پێویستە سەرەتا سەرزەنشت و لۆمەی ئەو نووسەرانە بکرێت کە ئاوەها بێباکانە و دوور لە بابەتی بوون و بێ لایەنی فوو لە خۆری ڕۆشن و ڕۆشنگەری ئیسلام دەکەن و بەو خەیاڵەوە دەژین کە پایەکانی بڕوا لە ویژدان و ژیری ئەم کۆمەڵگەیە سست بکەن و ئەم کارەشیان بەشێوەیەکی بێ پەردە و لەژێر باڵی فەزای کراوەی سەردەمدا بەناوی ئازادی ڕادەربڕین و بە پاساوی پێشخستنی وڵات ئەنجام دەدەن و بیانەوێت و نەیانەوێت هەست و نەستی زۆرینەی خەڵک بریندار دەکەن، دەبێت لە پاش ئەو جۆرە کارە چاوەڕوانی چ کاردانەوەیەک بین لە کەسانی دیندار، بەتایبەت لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان، ئایا بەتەما بین ئافەرینیان بۆ بکەن و بە باشی ناویان ببەن؟ یان بە تەمای ئەوە بین بێدەنگ بن و داکۆکی لە پیرۆزییەکان و بەها و بایەخە ئایینییەکان نەکەن؟ واتە نووسەران خۆیانن بە خراپ حاڵی بوون لە مافی ئازادی و خراپ مومارەسەکردنی ماف و ئەرکی نووسین و ڕۆشنگەری، ئاگر لە ویژدانی خەڵکی بەردەدەن و دەبنە بەشێک لەو فهوزای توندوتیژیی و هەڕەشەیهی جاروبار ئاسۆی ئەم وڵات و نیشتیمانە دادەگرێت، بەڵام مەرجیش نییە هەموو فهتواکان ڕەوا بن و پەلەپەلی تێدا نەبێت و لە خراپ حاڵی بوون و گوزارشتی ناتەواوەوه سەرچاوەیان نەگرتبێت، وەک چۆن مەرج نییە هەموو نووسینەکانیش پەیامێکی جددی و ڕاستەقینەیان پێ بێت، یاخود لەسەر بنەمایەکی زانستی و کولتووری پتەو ڕوونرا بێت.
بەم پێیە دەتوانین ئەم جۆرە هەڕەشانە ببەستین بە چەند هۆکارێکەوە:
1 - لێکدابڕانی نێوان هەردوو تەوژمی ئیسلامی و عهلمانی بەشێوەیەک کە تا بێت گۆشەی نێوانیان زیاتر دەکرێتەوە و بەتەواویش نازانن لە چیدا کۆکن و لە چیدا ناکۆکن و لە ئەنجامدا وێنایەکی خراپیان لەسەر یەکتر بۆ دروست دەبێت و شەڕی دەسەڵاتیش لەسەر شەقامی فیکریی و ئایدیۆلۆژی ئەوەندەی تر زبر و توندیان دەکاتەوە.
2 - دیاری نەبوونی سنوورەکانی ماف و لێپرسینەوەی نووسەران و وتاربێژان بەشێوەیەک نووسەر بەناوی مافی ئازادی ڕادەربڕینەوە ڕێگا بە خۆی دەدات تەنانەت یاساکانیش پێشێل بکات و کەس لە گوڵ كاڵتریشی پێ نەڵێت، لەهەمانکاتدا وتاربێژیش بەناوی بەرگری لە ئایینی خودا و پاراستنی پیرۆزییەکان هەڵوێستی توندوتیژ بەرانبەر ئەو جۆرە نووسەرانە دەنووێنێت، هەرچەندە یاسای سزادانی عێراقی لە مادەی (372) باسی ئەو تاوانانەی کردووە کە هەستی ئایینی بریندار دەکەن و سزاشی بۆ داناون لە مادەکانی (430 و 431 و 432)، دەقی لەسەر تاوانی هەڕەشە و تۆقاندن و سزاکانیشی داناوە، بەڵام هەتا ئێستا نەمانبینی نووسەرێک لەسەر بێڕێزی نواندن و سووکایەتی بە ئیسلام سزادرابێت، هەرچەندە دیومانە مەلا و خەتیبەکان لەسەر ڕوونکردنەوەی حوکمی شەرعی ئەزیەت دراون، بەڵام بەشێوەیەکی دوور لە یاسا و بەبێ بوونی دادگایەکی ئاشکرا.
3 - گومان هەیە لەسەر ئەوە له هەردوو لا کەسانێک هەبن پێویستیان بە ورووژاندنی ئەم جۆرە شتانە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجیندایەکی سیاسی و بۆ تێکدانی باری کۆمەڵایەتی و ڕەوتی تەبایی و دۆستایەتی و یەکپارچەی ناو گەلی کوردستان، هەرچەندە مەرجیش نییە هەموو نووسەرێک و هەموو وتاربێژێک خراپ بێت یان کار بۆ ئەجیندایەک بکات، بەڵام بێگومان زۆرن ئەو هێز و لایەنانەی چاویان بە کوردستان و گەلی کورددا هەڵنایە و خەڵکێکیش بە نەزانی و بەبێ دیراسەت خزمەت بە نەخشە و سیناریۆکانیان دەکەن.
4 - بێدەنگبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە هەموو ئەو بێ حورمەتی و سووکایەتییهی ژمارەیەک بە ناو نووسەری یاخی و نامەسئوول دەرحەق بە پیرۆزییەکانی ئیسلامی دەکەن، بەشێوەیەک کە دینداران هیچ چارهیهکیان نەماوە جگە لە هاوارکردن و ناڵەناڵ و خۆ تووڕەکردن لەو ڕەوشە نەویستراوە فەرزکراوە سەپێندراوە، هەربۆیە وتاربێژان ئەو مافە بە خۆیان دەدەن کە پڕ بە دەم ناڕەزایی دەرببڕن و بەبێ هەڵوێستەکردن فەتوای توندوتیژیان لەسەر بدەن.
5 - ڕەچاونەکردنی دەستوور و یاسا و ئەدەبیاتی گفتوگۆ و پێکەوەژیانی ئیجابییانە لە هەردوو لاوە ئەوەندەی تر برەوی بەم حاڵەتی هەڕەشە و گۆڕەشە و بە یەکتر هەڵشاخانە داوه.
هیوادارم ئەو نووسەرانە پێش هەموو شتێک بە خۆیان و قسە و بۆچوونەکانیاندا بچنەوە و سەرەتا دوور لە ڕاگەیاندنی چهواشە و تەماعی پلەوپایە چەند ڕۆژێک فێری ئەدەبی نووسین و ئەدەبی ڕادەربڕین و مونازەرە ببن ئەوسا نزیکی پرس و بابەتە ئایینییەکان ببنەوە، هەروەك هیوادارم زانا ئایینییەکانیش زۆر بەوردی نووسینی نووسەران و بەرهەمی کەسانی دیکە بخوێننەوە و هەموو قسەیەکی نەگونجاویش بە کوفر و بێ بڕوایی ناوزەد نەکەن هەتا نەچنە بنج و بناوانی ئەوە و بە تەواوی لە مەبەستی نووسەر و ئەنجامەکەی دڵنیا نەبن.
بێگومان نووسەری ڕاستەقینە پێویستی بە فەزا و دنیایەکی دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ و دوور لە هەڕەشە و تۆقاندن ههیه و بەبێ فەراهەمکردنی ئەو فەزایە نووسەری پەیامدار ناتوانێت بە جوانی و بە ڕوونی پەیامەکەی بگەیەنێت، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت ئێمە نووسینمان لەپێناوی بەژەوەندییە باڵاکانی تاک و کۆمەڵدا بەلاوە گرنگ و پیرۆزە و هەرگیز ڕازی نابین کەسێک ئەوەندە ئازاد و ڕەها بێت کە سنوورەکانی ماف و پیرۆزییەکانی خەڵک ببەزێنێت و بەناوی ڕەخنە و ڕۆشنگەری و هەر دروشمێکی دیکەوە هەست و نەستی ئایینیمان بریندار بکات، چونکە ئایین بۆ خۆی بەش و ڕەگەزێکی نەپچڕاوی شوناسی گەلەکەمانە. کەواتە وێڕای جەختکردن لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و پەیام گەیاندن دەبێت جەخت لەسەر چوارچێوەی ڕێز لە بیر و بڕوا و پیرۆزییەکانیش بکەین.
پێویستە بە یاسا سنوورێکی ڕۆشن و بەرجەستە و مەلمووس بۆ هەموو کەسێک بەتایبەت نووسەران و وتاربێژان دیاری بکرێت بۆئەوەی هەموو کەسێک بەشێوەیهکی یاسایی و گونجاو مومارەسەی مافی نووسین و ڕادەربڕین بکات و هەموو کەسێک دڵنیابێت لە سەروەری و شکۆی خۆی و دڵی شاد بێت بە حورمەت و ڕێزلێگیرانی بیر و بڕواکەشی. یەکێتی زانایان و یەکێتی نووسەران و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش پێویستە ڕۆڵی ئیجابی ببینن لە وریاکردنەوە و ڕەوتپێدانی ئەندامەکانیان و پێکەوە بە میکانیزمی ۆرکشۆپی هاوبەش و کاری هاوبەش کۆتایی بە خراپ حاڵی بوون و لێکدابڕانی نێوانیان بدەن و دەسەڵاتی سیاسی کوردیش پشتگیری لە هەموو مافێکی یاسایی و هەموو ڕەخنەیەکی بنیادنەری زانستی بکات، لەهەمانکاتدا پێویستمان بە بوونی چاودێرێکی زاتیش هەیە لە خودی خۆماندا بۆئەوەی لە نووسین و لە وتاردان و هەڵوێست وەرگرتندا ئاگاداری ماف و حورمەت و ڕێزی خەڵکی و کەسی بەرامبەر بین و هەمیشە خۆمان بە دوور بگرین لە شێوەی نووسین و قسەی شێتانە و هەڵچوونی نەزانانە و بزانین بۆچی دەنووسین و بۆچی دەدوێن؟