ئازاد عەلى ئیسماعیل
پوختە:
پێشەکى: لە کۆمەڵگەى موسڵمانان فەتوا دیاردەیەکى بەربڵاوە. هەندێ بابەتى تازە و هاوچەرخ هاتوونەتە ئاراوە و موسڵمانان زانیارى تەواویان لەسەریاندا نییە، لەڕووى شەرعەوە. تاکێکى موسڵمان پەنا بۆ فەتوا دەبات کاتێک حوکمى شەرعى، لە ڕووداوێکدا، لا ڕوون نییە. ئامانجى ئەم تۆژینەوەیە خستنەڕووى کاریگەرى فەتوایە لەسەر دەروونى تاک و کۆمەڵگەى موسڵمانان.
ئەم تۆژینەوەیە باس لە فەتوا و جۆرەکانى دەکات و تیشک دەخاتە سەر سیفەتەکانى موفتى و فەتواخواز. هەروەها هەندێ لە ڕەهەندە دەروونییەکانى فەتوا، موفتى و فەتواخواز باس دەکات. لە کۆتا بەشدا باس لە کاریگەرى فەتوا لەسەر تاک و کۆمەڵگە دەکات.
پێشەکى:
لە کۆمەڵگەى موسڵمانان، هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستا، بە بەردەوامى کۆمەڵێک بابەت و ڕووداوى نوێ هاتوونەتە ئاراوە، بە حوکمى گۆڕانکارى بارودۆخ و کۆمەڵگە. موسڵمانانیش بۆئەوەى وەڵامێکى دروستیان بۆ ئەو گۆڕانانە هەبێت، دەبێ هەڵوێستى شەرع لە بەرانبەر ئەو بابەت و ڕووداوە تازانە بزانن. دیارە ئەو ڕووداو و بابەتانە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆیان بە ژیانى تاکەکانى کۆمەڵگەى موسڵمانانەوە هەیە.
ئەو موسڵمانانەى شارەزاى وردەکارى شەرعن، بە پشتنبەستن بە خۆیان دەتوانن وەڵامى پرسیارەکان بدەنەوە سەبارەت بە حەڵاڵى یان حەرامى کارێکى تازە، بەڵام زۆرینەى خەڵک ئەم جۆرە شارەزاییە وردەیان نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر پرسیارکردن لە کەسانى شارەزا بەپێى بنەماى (فاسألوا أهل الذكر إن كنتم لا تعلمون).
فەتواش یەکێک بووە لەو ڕێگایانەى کە خەڵک پرسیاریان لە کەسانى شارەزا کردووە سەبارەت بە حوکمى شەرع لە هەمبەر بابەتێک کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. هەر لەو کاتەى کە پێغەمبەر (د.خ) لە ژیان بوو، هەندێ لە هاوەڵان داواى فەتوایان لێ کردووە وەک لەم ئایەتە پیرۆزە ئاماژەى پێ دەکات: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ إِنِ امْرُؤٌ هَلَكَ لَيْسَ لَهُ وَلَدٌ وَلَهُ أُخْتٌ فَلَهَا نِصْفُ مَا تَرَكَ وَهُوَ يَرِثُهَا إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهَا وَلَدٌ فَإِنْ كَانَتَا اثْنَتَيْنِ فَلَهُمَا الثُّلُثَانِ مِمَّا تَرَكَ وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ أَنْ تَضِلُّوا وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (النساء:176). يان (وَيَسْتَفْتُونَكَ فِى ٱلنِّسَآءِ ۖ قُلِ ٱللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِيهِنَّ وَمَا يُتْلَىٰ عَلَيْكُمْ فِى ٱلْكِتَٰبِ فِى يَتَٰمَى ٱلنِّسَآءِ ٱلَّٰتِى لَا تُؤْتُونَهُنَّ مَا كُتِبَ لَهُنَّ وَتَرْغَبُونَ أَن تَنكِحُوهُنَّ وَٱلْمُسْتَضْعَفِينَ مِنَ ٱلْوِلْدَٰنِ وَأَن تَقُومُواْ لِلْيَتَٰمَىٰ بِٱلْقِسْطِ ۚ وَمَا تَفْعَلُواْ مِنْ خَيْرٍۢ فَإِنَّ ٱللَّهَ كَانَ بِهِۦ عَلِيمًا (النساء: 127).
لەم دوو ئایەتە ئاماژە بە جۆرێک لە فەتوا دەکات، کە زانایان ناویان ناوە الفتاوى التشريعية، بەڵام چەند جۆرێکى ترى فەتواش هەن کە دێینە سەر باسیان. لە دواى پێغەمبەر(د.خ) هاوەڵان ئەرکى فەتوادانیان لە سەرشانیان داناوە و پێى هەڵستاون. هەندێك لە تۆژەران پێیانوایە کە ئەبوبەکرى سدیق(ڕەزاى خواى لێبێت) یەکەم موفتى بوو لە دواى پێغەمبەر کە فەتواى دابێت.
لە هەمان کاتدا سیفەتەکانى موفتى ومەرجەکانى گرنگییەکى زۆرى پێدراوە لەلایەن زانایانى موسڵمان لە کۆن و ئێستادا، بۆئەوەى ئەو کەسەى کە شایەنى فەتوا نییە، فەتوا نەدات و خەڵک تووشى هەڵە نەکەن. لەهەمانکاتیشدا قسەیان لەسەر سیفەت و ئادابى کەسى فەتواخواز کردووە، وێڕاى شیکردنەوەى فەتواکان و زۆرێک لەو بابەتانەى کە پەیوەندییان پێیەوە هەیە، وەک نووسینەوەى فەتوا و گۆڕینى فەتوا و چەندەها بابەتى تر.
فەتوا چییە؟ پێناسەى فەتوا:
فەتوا بە چەند شێوازێک پێناسە کراوە و بە حوکمى ئەوەى ئەم تۆژینەوەیە گرنگى بە کاریگەرى دەروونى فەتوا دەدات، بۆیە ناچینە ناو جیاوازى نێوان ئەو پێناسانەى کە کراون بۆ فەتوا لە کۆنەوە تا ئێستا، بەڵکو تەنها ئاماژە بە یەک پێناسە دەکەین و لەم تۆژینەوەیەدا پشتى پێ دەبەستین.
دار الافتاء المصرية (٢٠١١) بەم شێوەیە پێناسەى فەتوا دەکات:
فەتوا ڕوونکردنەوەى حوکمێکى شەرعییە، بەپشتبەستن بە بەڵگە، بۆ کەسێک کە پرسیارى دەربارە دەکات کاتێک ڕووبەڕووى بارودۆخێک یان ڕووداوێک دەبێتەوە یان کاتێک دڵنیا نییە لە یەکێک لە ئەحکامەکانى شەرع. هەروەها گرنگە ئەو کەسەى کە فەتوا دەدات، یان موفتى، فەتواکەى بە زمانێکى سادە و ڕوون بێت و چەند مانایەک هەڵنەگرێت، بەڵکو یەک مانا. هەروەك گرنگە کە موفتى ئەوە بۆ فەتواخواز ڕوون بکاتەوە کە ئەمە فەتوایە ئیجتهادى ئەوە و نەیخاتە پاڵ خودا.
هەروەها دار الافتاء المصرية (٢٠١١) فەتوا بۆ دوو جۆر دابەش دەکات: فەتواى گشتى و فەتواى تایبەتى. فەتواى گشتى، وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، گشت موسڵمانان یان کۆمەڵگە بەگشتى دەگرێتەوە، ئەوەش هەندێكجار ناوى نراوە (النوازل العامة)، واتە ئەو ڕووداوانەى کە بەسەر ژمارەیەکى زۆردا هاتووە. فەتواى تایبەتى، سەبارەت بە بابەتێکى تایبەتى دیاریکراو، واتە پەیوەندى بە خودى ئەو کەسەوە هەیە کە داواى فەتوا دەکات و بەو ڕووداوەى کە پرسیارەکەى دەربارە دەکرێت. فەتواى تایبەتى لەوانەیە بگۆڕێت بە گۆڕانى ئەو لایەنەى کە فەتواکە دەردەکات.
هەندێکى تر لە تۆژەران (تليمة، 2023) فەتوا بۆ سێ جۆر دابەش دەکەن: الفتاوى التشریعیة، الفتاوى الفقهیة والفتاوى الجزئیة. مەبەست لە جۆرى یەکەم ئەو حوکمە شەرعیانەیە کە لە قورئان و فەرموودەدا هاتوون، سەبارەت بە بارودۆخى ئەو کات، بەڵام مەبەست لە (الفتاوى الفقهیة) ئەو فەتوایانەیە کە شەرعزانێک (یان فقیه) باسیان دەکات بێ ئەوەى کەس پرسیارى لێ کردبن، بەڵکو گەیشتووەتە ئەم فەتوایە لە ئەنجامى هەڵهێنجانێک یان گریمانەیەک بۆ بابەتێکى دیاریکراو. جۆرى سێیەم، واتە (الفتاوى الجزئیة)، واتە بەشە فەتوا، یان فەتواى تایبەت، بریتییە لە وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بە ڕووداوێکى دیاریکراو. ئەم جۆرەى سێیەم لە فەتوا، بۆ دوو جۆر دابەش دەکرێت: فەتواى تایبەتى، کە تایبەتە بە کەسێک و فەتواى گشتى کە پەیوەندى بە ژمارەیەکى زۆر خەڵکەوە هەیە.
زانایان هەر لە کۆنەوە درکیان بە گرنگى فەتوا کردووە، هەربۆیە چەندەها کتێبى تایبەتیان لەسەر ئەم بابەتە نووسیوە. بۆ نمونە النووي (١٩٨٨) ئاماژە بەوە دەکات کە لەژێر ناونیشانى: أدب الفتوى والمفتي والمستفتي، سێ لە زانا بەناوبانگەکان کتێبیان نووسیوە کە بریتین لە: أبي القاسم الصيرمي، أبي بكر الخطيب البغدادي، وابي عمرو ابن صلاح (الشهرزوري). شایەنى باسە کە النووی خۆشى لەژێر ئەم ناونیشانە کتێبێکى نووسیوە و کتێبەکانى پێش خۆى کورت کردووەتەوە.
فەتواخواز:
لە ڕووى دەروونییەوە، ئاماژە بە دوو لایەن دەدەین کە پەیوەندى بە فەتواخوازەوە هەیە: یەکەم: کەسایەتى فەتواخواز، دووەم: پاڵنەرەکانى. لە خوارەوە بە کورتى باسى ئەم دوو ڕەهەندە دەکەین.
کەسایەتى فەتواخواز:
لە دەروونزانیدا کەسایەتى بە چەند شێوازێک پێناسە کراوە. لێرەدا، بێ چوونەناو وردەکارى هۆکارەکانى جیاوازى پێناسەکان، یەک پێناسە هەڵدەبژێرین و پێمانوایە کە پێناسەیەکى تاڕادەیەک گشتگیرە. پێناسەى لارسن وبەس (Larsen & Buss, 2008: 4) یەکێکە لە پێناسە باشەکان کە پێیانوایە کەسایەتى بریتییە لە (کۆمەڵێک لە سیما و میکانیزمى دەروونى ڕێکخراو لەناو مرۆڤدا و بەشێوەیەکى ڕێژەیی جێگیرە و کاریگەرى لەسەر چۆنیەتى کارتێکردنمان و خۆگونجاندمان لەگەڵ ژینگەى ناخ و ژینگەى ماددى و ژینگەى کۆمەڵایەتیدا هەیە).
ئەو کەسەى کە بەدواى فەتوا دەگەڕێت، بابەتى ئایینى زۆر بەهەند وەردەگرێت و لاى گرنگە کە ڕەفتارێک نەنوێنێت ئەگەر بەتەواوى لێى دڵینا نەبێت کە کارێکى دروستە، لەڕووى شەرعەوە. بە حوکمى ئەوەى پیاو کەمتر پرسیار دەکەن، ئەو کەسەى پرسیار لە حوکمى شەرعى دەکات، هەست ناکات کە ئەم پرسیارکردنە ئاماژە بۆ لایەنێکى لاوازى دەکات. هەندێكجار لەوانەیە کەسەکە تەنها بۆ مەبەستى زانین و زانیارى داواى فەتوا بکات، لەم حاڵەتەشدا دەزانین کە ئەم جۆرە کەسایەتییە حەزێکى زۆری بۆ زانین هەیە، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە ئایینەوە هەبێت. کەواتە بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین، ئەو کەسەى کە داواى فەتوا دەکات کەسایەتییەکى ئاییندارە و زۆر بەجیدییەوە ئایینەکەى وەرگرتووە و بەردەوام هەوڵ دەدات کە دڵنیا بێت ڕەفتارى ڕۆژانەى لەگەڵ شەرعدا گونجاوە. کەواتە لێرەدا ئەم جۆرە کەسایەتییە دەیەوێت کە ڕەفتارى هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینیدا. ئەوەش نزیکە لە دوو لە پێنج فاکتەرە بەناوبانگەکانى کەسایەتى کە بە زمانى ئینگلیزى پێ دەگوترێ: Conscientiousness و Agreeableness.
خاوەنى سیماى کەسایەتى Conscientiousness، کە هەندێكجار وشەى ئەرکناسى لە بەرانبەرى بەکاردێت، کاروبارى ژیانى بە جددى وەردەگرێت و ڕێکوپێکە و لە ئیشوکارەکانى زۆر بە چاکى ڕادەپەڕێنێت. ئەو کەسەى کە بەدواى فەتوا دەگەڕێت کەسێکە کە لە ژیانیدا جددییە و نایەوێت کارێک بکات نادروست بێت. هەروەها خاوەنى سیماى کەسایەتى Agreeableness، کە وشەى تەباسازى لە بەرانبەریدا بەکاردێت، لە هەوڵى ئەوەدایە کە ئەوانى تر لێى ڕازى بن. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە خودا لێى ڕازى بێت بەوەى کە هەر کارێک دەکات هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ ئاییندا. دیارە ئەم بۆچوونە تەنها گریمانەیە و پێویستى بە توژینەوەى مەیدانى هەیە بۆ سەلماندنى یان ڕەتکردنەوەى.
پاڵنەرى فەتواخواز:
مەبەست لە پاڵنەر بارێکى ناوەکییە کە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆئەوەى ڕەفتارێکى تایبەتى بکات بەمەبەستى نەهێشتنى ئەو بارە ناوەکییە (ئازاد على و سەرهەنگ ئیبراهیم، ٢٠١٩:١٣٢). گەڕان بە دواى فەتواش، یان فەتواخوازى بریتیە لە ڕەفتار، بەو مانایەى کە کارێکە مرۆڤ بە مەبەستەوە دەیکات. وەکو هەر ڕەفتارێکى ترى مرۆڤ، لە پشت ڕەفتارى فەتواخوازى پاڵنەرێک یان زیاتر لە پاڵنەرێک هەیە.
پاڵنەرەکانیش بە چەند شێوەیەک دابەش دەکرێن کە لێرە بوارى ئەوە نییە بە درێژى باسیان بکەین، بەڵکو بەگشتى دابەشى دوو جۆر دەکرێن:
جۆرى یەکەم: پاڵنەرە فسیۆلۆجییەکان: کە زگماکن و پەیوەندییان بە سرووشتى جەستەى مرۆڤەوە هەیە و مەبەست لێیان ئەوەیە کە مرۆڤ بە زیندوویی بمێنێتەوە وەک برسێتى و خەوتن.
جۆرى دووەم: پاڵنەرە دەروونى/کۆمەڵایەتییەکان: ئەو جۆرە پاڵنەرانە هەڵقوڵاوى دەروونى مرۆڤن وەک تاکێک لەناو کۆمەڵگەدا. بۆ نموونە پاڵنەرى کۆبوونەوە و لاسایی کردنەوە ... هتد.
پاڵنەرى زانین: دەشێت پاڵنەرى فەتواخواز بۆ دڵنیابوون بێت لە کارێک یان لە شتێک کە ئایا لەڕووى شەرعەوە دروستە یاخود نا؟ دڵنیانەبوون لە حەڵاڵى یان حەرامى کارێک، بۆ نموونە، بارودۆخێکى دەروونى دروست دەکات. کەسەکە داواى فەتوا دەکات بۆ دڵنیابوون و نەهێشتنى ئەو بارودۆخە دەروونییە (نیگەرانى).
پاڵنەرى پاساوهێنانەوە: هەندێكجار دەشێت پاڵنەرى فەتواخواز بۆ ئەوە بێت پاساوێک بدۆزێتەوە، کە لەڕووى شەرعییەوە دروست بێت، بۆئەوەى بە کارێک هەڵبستێت کە نیازیەتى. لێرەدا مەبەست زانین نییە، بەڵکو دۆزینەوەى پاساوە. خاوەنى ئەم جۆرە پاڵنەرە، ئەگەر فەتوایەک بە دڵى نەبوو، ئەگەرى زۆرە کە بچێتە لاى موفتیەکى تر و داواى فەتوا لەسەر هەمان بابەت دەكات.
پاڵنەرى هەست کردن بە تاوان: دەکرێت گەڕان بەدواى فەتوا پاڵنەرە سەرەکییەکەى ئەوە بێت کە کەسەکە کارێکى کردووە و پەشیمانە و هەوڵدەدات بە دواى فەتوایەک بگەڕێت بۆئەوەى هەستکردنى بە تاوان کەمبکاتەوە یان نەیهێڵێت.
هەرچەندە پاڵنەر حاڵەتێکى ناوەوەیە و شاراوەیە، بەڵام گرنگە موفتى هەوڵبدات بزانێت پاڵنەرى کەسى فەتواخواز چییە؟ دەکرێت ڕاستەوخۆ پرسیارى لێ بکات یان ئەگەر وەڵامێکى ڕوونى دەستنەکەوت، خۆى بگاتە ئەو ئاستەى کە بزانێ پاڵنەرەکە چییە.
سەبارەت بە ڕەفتارى فەتواخواز لەگەڵ موفتى، النووي (1988: 83-85) دەنووسێت: پێویستە فەتواخواز لەگەڵ موفتى بە ئەدەبەوە ڕەفتار بکات و وەڵامەکانى بەهەند وەربگرێت و پرسیارى لێ نەکات: چ دەزانیت؟ یان لەسەر چ مەزهەبێکیت؟ یان پێى بڵێت فڵان کەس ئەم فەتوایەى بۆ داوم.. یان پێى بڵێت: بەڵگەت چییە؟
موفتى:
شەهرەزورى (العمري، 1443: 145) ئەو کەسانەى کە فەتوا دەردەکەن (موفتى) بۆ دوو چین دابەش دەکات: موفتى سەربەخۆ، واتە پابەند نییە بە هیچ مەزهەبێک لە کاتى فەتوادان. جۆرى دووەم: موفتى سەر بە مەزهەب یان پابەند بە مەزهەبێکى دیاریکراو، کە لە چوارچێوەیەوە فەتوا دەدات.
عمارة (2023) ئاماژە بە بۆچوونى ئیبن ئەلقەیم دەکات سەبارەت بە کاریگەرى سۆز و ئینفیعالات لەسەر کەسایەتى موفتى و دەنووسێت (لاپەڕە٦٥): مرۆڤ تەنها لە حاڵەتى بوونى مگێز (مزاج)ێکى هاوسەنگ، دەتوانێت بە دروستی بیر بکاتەوە.. بۆیە لە فەرموودەدا هاتووە کە قازى نابێت لە کاتى تووڕەییدا حوکم بدات.
عمارة (2023: 90-91) پێیوایە کە کەسایەتى موفتى ڕۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت لە پرۆسەى فەتوادان. دەبێ کەسایەتى موفتى نەکەوێتە ژێر هەژموونى هەڕەشە و ترس لەلایەک و پارەوپول و پلەوپایە لەلایەکى ترەوە. دیارە هەرچەندە کەسى موفتى سەر بە دامودەزگایەکى حکومى یان سیاسى بێت، ئەگەرى زیاترە کە بکەوێتە ژێر هەژموونى دەرەکى و ئەمەش کاریگەرى لەسەر فەتواکەی دەبێت.
هەر بۆئەوەى موفتى فشارى دەروونى نەکەوێتە سەر، هەندێ لە زانایان لەو بڕوایەدان کە نابێت موفتى دیارى وەربگرێت، ئەگەر بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندى بە فەتواکە، یان ئەو کەسەى کە داواى فەتوا کردووە، هەبێت، بەڵکو هانى موفتى دەدەن کە خۆى بپارێزێت لەو فشارانەى کە لە ئەنجامى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەرى دروست دەبن. حەزى بەناوبانگى و شۆرەت، لەوانەیە هۆکارێک بێت کە کاریگەرى لەسەر فەتواکەى هەبێت.
پێویستە موفتى ڕەچاوى لایەنى دەروونى ئەو کەسە بکات کە پرسیارێک دەکات یان داواى فەتوایەک دەکات. هەندێكجار کەسێک پرسیار دەکات پێش ئەوەى کارێک بکات، لەسەر بنەماى فەتواکە کارەکە دەکات یان ناکات، بەڵام کاتێک کەسەکە کارێکى کردووە، لە ڕابردوودا و لە ئێستادا پرسیار دەربارەى دەکا،ت ئەوە حاڵەتێکى ترە. بۆ نموونە دەگێڕنەوە کە پیاوێک هاتە لاى ئیبن عەباس و پرسیارى کرد، ئایا ئەوەى کەسێک بکوژێت دەکرێ تەوبە بکات؟ ئەوەیش لە وەڵامدا گوتى نەخێر.. ئینجا دواى ئەوەى پیاوەکە دەڕوات، لە ئیبن عەباس دەپرسن: پێشتر ئەم جۆرە فەتوایەت نەدەدا و فەتواى تۆ وابوو کە کەسى بکوژ دەشێ تۆبە بکات و لێى قبوڵ دەکرێت، بۆچى ئیمڕۆ بەشێوەیەکى جیاواز فەتواتدا؟ ئیبن عەباس گووتى: واى بۆدەچم کە ئەو پیاوە زۆر تووڕە بووبێت و نیازى کوشتنى موسڵمانێکى هەبێت، بۆیە ئەم فەتوایەمدا بۆ ئەوەى ئەم کارە (واتە کوشتنە) نەکات.
قال ابو بكر ابن ابي شيبة 27753 قال حدثنا يزيد بن هارون قال أخبرنا أبو مالك الأشجعي عن سعد بن عبيدة قال:(( جاء رجل إلى بن عباس فقال لمن قتل مؤمنا توبة قال لا إلا النار فلما ذهب قال له جلساؤه ما هكذا كنت تفتينا كنت تفتينا أن لمن قتل مؤمنا توبة مقبولة فما بال اليوم قال إني أحسبه رجل مغضب يريد أن يقتل مؤمنا قال فبعثوا في أثره فوجدوه كذلك))
لە بارودۆخێکى تر، دەگێڕنەوە کە پیاوێک دێتە لاى ئیبن عەباس و پێى دەڵێت: من چووم بۆ مارەکردنى ژنێک، بەڵام ڕازى نەبوو شووم پێ بکات، پاشان پیاوێکى تر چوو بۆ خوازبێنى و شووى بەو کرد. منیش ئێرەیی واىلێکردم کە ئەم ئافرەتە بکوژم. ئایا دەشێت تەوبە بکەم و لێم قبوڵ دەکرێت؟ ئیبن عەباس لێى پرسی: دایکت لە ژیاندا ماوە؟ گوتى: نەخێر. ئیبن عەباس پێى گووت: کەواتە تەوبە بکە و چەند پێت دەکرێ لە خودا نزیک ببەوە.. (البخاري في الأدب المفرد)
سەبارەت بەو مەرجانەى کە پێویستە لە کەسایەتى موفتیدا هەبێت، توێژەران ئاماژە بەم مەرجانە دەکەن: دەبێ موفتى موسڵمانێک بێت لە تەمەنى تەکلیف، جێگاى متمانە بێت، نهێنى پارێز بێت، پاک بێت لەو تاوان وئ ەو شتانەى کە لە کۆمەڵگە نەگونجاون، زیرەک وعەقڵى چالاک بێت، ڕەفتارى دروست بێت و شێوازى بیرکردنەوەى باش بێت، وریا بێت و تواناى ئەوەى هەبێت کە لە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتیش بگات وەک لاڵ و نابینا.
لە کتێبى (آداب الفتوى) النووي (1988: 46) دەنووسێت: ئەگەرئاستى تێگەیشتنى ئەو کەسەى داواى فەتوا دەکا باش نەبوو، ئەوا موفتى پێویستە لەگەڵى نەرم بێت و ئارام بگرێت هەتا فەتواخوازەکە بەتەواوى لە پرسیارەکە تێدەگات و لە وەڵامەکەش حاڵى دەبێت.
هەروەها النووی دەنووسێت: موفتى بۆى نییە فەتوا بدات کاتێک ئاکارى بگۆڕێت و دڵى بە شتى تر سەرقاڵ ببێت، بەشێوەیەک ڕێى پێ نەدا کە تێڕامان بکات، بۆ نموونە تووڕەیی و برسێتى و توینێتى، خەم یان خۆشەیەکى لەڕادەبەدەر!، خەواڵوویی، بێزارى، یان جێگاکەى گەرم یان سارد بێت، یان نەخۆشییەکى ئازاربەخش، یان تەنگەتاو (تەنگاو) بێت، هەر بارودۆخێک کە دڵى سەرقاڵ بکا و لە سنوورى ئاسایی دەرى بکات... (لا: ٣٨-٣٩). الحرانی (١٣٨٠) ئاماژە بە هەمان ئەم خاڵانە دەکات(لا: 34).
دەتوانین بڵێین، موفتى پێویستە شارەزاییەکى قووڵى هەبێت لە بوارى دەروونزانیدا، بەتایبەتى بوارى کەسایەتى، بۆئەوەى بتوانێت بە دروستى لە ڕەهەندە دەروونییەکان تێبگات، بەتایبەتى ئەوانەى پەیوەندییان بە حاڵەتى دەروونى و کەسایەتى فەتواخوازەوە هەیە. بەبێ بوونى ئەو جۆرە شارەزاییە دەروونییە، ئەگەرى زۆرە کە موفتى تووشى هەڵە ببێت.
کاریگەرى فەتوا لەسەر دەروونى تاک
دەکرێ لە سێ ڕەهەندەوە بڕوانینە کاریگەرى فەتوا لەسەر دەروونى تاک:
· ڕەهەندى زانیارى
· ڕەهەندى سۆزدارى
· ڕەهەندى ڕەفتارى
یەکەم: کاریگەرى فەتوا لەسەر ڕەهەندى زانیارى:
دیارە مرۆڤ لەبەر کەمى یان نەبوونى زانیارى لەسەر بابەتێک یان بوونى زانیارى جیاواز لەسەر بابەتێک یان ڕووداوێک، داواى فەتوا دەکات، چونکە ئەگەر کەسەکە دڵنیا بێت لە زانیارییەکەى لەسەر حوکمى شەرعى بابەتێک، ئەوا پێویست بە پرسیارکردن و داواکردنى فەتوا ناکات. کەواتە فەتوا یان ئەوەتا زانیارییەکى تازەیە بۆ فەتواخواز یان دڵنیابوونە لە زانیارییەکى پێشوەختە. لە هەردوو حاڵەتدا، فەتواخواز لەڕووى زانیارییەوە دەوڵەمەندتر دەبێت.
دوووەم: کاریگەرى فەتوا لەسەر ڕەهەندى سۆزدارى:
کەسى فەتواخواز هەست بە جۆرێک لە نیگەرانى و نائارامى دەکات، کاتێک دڵنیا نییە لە حوکمى شەرعى لەسەر بابەتێک، بەتایبەتى لە ڕووحى حەڵاڵ و حەرامەوە. کەسى ئاییندار هەستیارە سەبارەت بە لایەنى حەڵاڵى و حەرامى، کاتێک لە ڕێگاى فەتواوە دڵنیا دەبێت، ئەوە لەڕووى سۆزداریەوە ئارامتر دەبێت و نیگەرانییەکانى کەمدەبنەوە. بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ حاڵەتى فەتواى پێچەوانە بکەین، واتە فەتوایەک کارێک حەرام بکا وفەتوایەکى ترى حەڵاڵى بکات، ئەم فەتوا دژەبەیەکە ئەگەرى زۆرە کە نیگەرانى و دوودڵى کەسەکە زیاتر بکات. هەرچەندە لە ئیسلامدا هانى موسڵمان دەدرێت کە کارێک نەکات گومانى تێدا هەبێت، لەڕووى حەڵاڵ وحەرامەوە.
سێیەم: کاریگەرى فەتوا لەسەر ڕەهەندى ڕەفتارى:
دیارە کاتێک کەسێک داواى فەتوا لەسەر بابەتێکى بۆ نموونە بازرگانى دەکات، ئەگەرى زۆرە کە مەبەست لێى تەنها زانیارى نەبێت، بەڵکو نیازى بێت ئەو بازرگانییە بکات ئەگەر فەتواى دەستکەوت کە حەڵاڵە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر فەتواکە ئەم بازرگانییەى بە حەرام دانا، ئەوا ئەگەرى زۆرە کە ئەم بازرگانییە نەکات. بۆیە ڕەهەندى ڕەفتارى یەکێک لە ئەنجامەکانى فەتوا، بە کردن و بە نەکردن.
کاریگەرى فەتوا لەسەر کۆمەڵگە:
فەتوا کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە هەیە، هەرچەندە فەتوا دەگۆڕێت بە گۆڕانى کات و شوێن و کۆمەڵگە، بەڵام گرنگە ئاگادارى ئەوە بین کە ئامانجى فەتوا ئەوە نییە کە شەرعیەت بە هەر شتێکى نوێ بدات، ئەگەرچى بووبێتە بەشێک لە واقیعى کۆمەڵایەتیش. دەشێ سێ بوارى سەرەکى دەسنیشان بکەین کە فەتوا کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە جێدەهێڵیت و لە ئەنجامیشدا تاکەکانى باجەکەى دەدەن:
یەکەم: بوارى خێزان:
لە کۆمەڵگەى موسڵماناندا خێزان ڕۆڵێکى گرنگى هەیە. دەبێ فەتوا بە ئاڕاستەى پتەوکردنى خێزان و شیرازەکەى بێت، بەڵام دەشێ هەندێ لە فەتواکان ببنە هۆى ئەوەى کێشە بۆ خێزان دروستبکات، بەتایبەتى ئەو فەتوایانەى کە هەندێ فۆرمى نوێ هاوسەرگیرى بە دروست و ئاسایی دادەنێن. هاوسەرگیرى مسیار نمونەیەکە لەو بوارە.
دووەم: بوارى ئابوورى:
لە بوارى ئابووریى و کارگێڕى و بازاڕ، بابەتى تازە هاتوونەتە ئاراوە. لێرەدا فەتوا ڕۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت کە ئایا ئەم جۆرە بابەتە تازانە دروستن (حەڵاڵن) یان نا؟ ئینجا ئەگەر کەسى فەتواخواز، لە ئەنجامى فەتوایەکدا، بگاتە ئەو ئەنجامەى کە ئەم مامەڵە بازرگانییە دروست نییە (یان حەرامە)، ئەگەرى زۆرە کە ئەم مامەڵە بازرگانییە نەکات، ئەوەش کەم یان زۆر کاریگەرى لەسەر بارودۆخى ئابوورى لەسەر ئاستى تاک و کۆمەڵگە دەبێت، بابەتى بیک تۆین نموونەیەکە لەم بوارە.
سێیەم: بوارى ئاسایشى کۆمەڵایەتى:
ئاسایشى کۆمەڵایەتى، بەتایبەتى لەو کۆمەڵگایانەى کە فرەئایین و فرەمەزهەبن، زۆر ناسکە. لە کۆمەڵگەى لەم شێوەیەدا پێویستە فەتوا ڕۆڵى پتەوکردنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى بگێڕێت. بۆیە هەر فەتوایەک ڕەوایەتى بە ڕەفتارێک بدات، بەتایبەتى ڕەفتارێک کە شەڕانگێز و توندوتیژ بێت و مافى پێکهاتەکان پێشێل بکات، ئەوا ئەو ڕەفتارە ئاسایشى کۆمەڵایەتى دەخاتە مەترسییەوە، فەتواى جیهاد نمونەیەکە لەم بوارە.
دەرەنجام:
ئەم تۆژینەوەیە هەوڵیداوە کە تیشک بخاتە سەر ڕەهەندە دەروونییەکانى فەتوا. هەرچەندە فەتوادان پرۆسەیەکى ئایینییە، بەڵام ڕەهەندە دەروونییەکانی زۆر کاریگەر و گرنگن. سەبارەت بە کەسایەتى موفتى کۆمەڵێک خاسیەتى مەعریفى و کەسایەتى هەیە کە زۆر پێویستن بۆئەوەى بتوانێت بە دروستى پرۆسەى فەتوادان بەڕێوە ببات. لەهەمانکاتیشدا فەتواخواز لەڕووى پاڵنەر و کەسایەتییدا تایبەتمەندى خۆى هەیە.
سەبارەت بە کاریگەرى فەتوا لەسەر تاک و کۆمەڵگە، دیارە کە فەتوا سوودى بۆ کەسى فەتواخواز هەیە لەڕووى زانیاریى و سۆزداریى و ڕەفتاری.. لەهەمانکاتدا فەتوا کاریگەرییەکەى دەگاتە سەر کۆمەڵگە و لەسەر لایەنەکانى خێزان و ئابووریى و ئاسایشى کۆمەڵایەتى کاریگەرى باش و خراپى دەبێت.
بەگشتى زۆر پێویستە کە موفتى شارەزاییەکى باشى هەبێت سەبارەت بە بابەتەکانى دەروونزانى، بەتایبەتى بوارى پاڵنەرەکان و بوارى کەسایەتى. ئەم شارەزاییە یارمەتى دەدات کە بەشێوەیەکى دروست فەتواکەى بدات و ئەنجامەکەشى لەسەر ئاستى تاک و کۆمەڵگەدا پۆزەتیڤ بێت.
سەرچاوەکان
1. القرآن الکریم
2. أبي زكريا يحيى بن شرف النووي (1988) آداب الفتوى، والمفتي والمستفتي، دار الفكر: دمشق
3. أحمد بن حمدان الحراني (1380): صفة الفتوى والمفتي والمستفتي: منشورات المكتب الاسلامي: دمشق
4. خالد محمد عبدالرؤف عمارة ( 2023) أثر الضغوط النفسية في الأحكام الفقهية، جامعة الأزهر 1-2 (38): 54-156
5. ولید بن علی بن محمد القلیطي العمري (1443 ) الفتوى وضوابطها الشرعية وموقف المفتي من الفتاوى المعاصرة، مجلة جامعة طيبة للآداب والعلوم الانسانية، 9(25): 134-181.
6. عصام تليمة (2023) علم اجتماع الفتوى وفتاوى المشتغلين بالعلوم الإنسانية، موقع الجزیرة نت، https://www.aljazeera.net/opinions/2023/7/16
7. موقع دار الافتاء المصرية: https://www.dar-alifta.org/ar/ViewFatawaConcept/66.
8. موقع دار الافتاء المصرية: https://ifta-learning.net/mofti223?.
9. ئازاد عەلى و سەرهەنگ ئیبراهیم: دەروازەیەک بۆ دەروونزانى گشتى. کتێبخانەى سۆفیا: کۆیە، 2019.
10. Larsen, R.J. & Buss, D.M. (2008). Personality Psychology: Domains of Knowledge about Human Nature. Boston: McGraw-Hill.