کاریگەریی توێژینەوەی زانستیی و کۆنگرە زانستییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا
کاریگەریی توێژینەوەی زانستیی و کۆنگرە زانستییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا
  2025/01/13     28 جار بینراوە    


پ.ی.د. شازاد جەمال

دەستپێک

کردەی توێژینەوەی زانستیی و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤار و کۆنگرە زانستییە متمانەپێکراوەکان، لە بوارێکی وردی زانستدا، کردەیەکی ئاوەز ئامێزی ئاڵۆز و سەختە. هەروەها بە یەکێک لە گرنگترین چالاکییە زانستییە بایەخدارەکان، لە جیهاندا دادەنرێت. بەو واتایەی، ئەو گۆڤار و کۆنگرە زانستییانە، سەکۆ و پێگەی متمانبەخشین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە زانستییەکانن. تاوەکو لە ڕێگەی گۆڤار و کۆنگرە زانستییەکانەوە، توێژینەوەکە بخرێتە بەردیدی زۆرترین توێژەرانی بوارە زانستییەکە، چونکە توێژینەوەی زانستیی وەڵامدەرەوەیەکی زانستییانەیە، بۆ ئەو پرسیارە گرنگ و ژیربێژییانەی، لە کایەیەکی زانستیی ورددا دەوروژێنرێت. یاخود بەشێوەیەکی فراوانتر، توێژینەوەی زانستیی چارەسەرێکی زانستییانەیە، بۆ ئەو گرفتە ئاوەزیی و هزریی و کرداریانەی، کە لە جیهانی داکەوت Real Worldدا، ڕووبەڕووی تاک یان کۆمەڵگە یان جیهان دەبێتەوە. هەر ئەمە وادەکات، توێژینەوە زانستییەکان، شانبەشانی دەقە پەڕاوە Text Bookکان، ببنە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی بوار و لقە زانستییەکە. تەنانەت توێژینەوە زانستییەکان پشکی شێرییان بەردەکەوێت، لە دەوڵەمەندکردنی دەقە پەڕاوەکان و خستنەڕووی چاپی نوێی زیادکراو، بەو ئەنجامە نوێیە متمانەپێکراوانەی، توێژینەوە نوێکان پێیگەیشتوون. ئەوەش لە بواری دەقە پەڕاوە پزیشکییەکاندا، بەزەقی دەردەکەوێت. بەشێوەیەک، لە کردەی وانەوتنەوەی زانکۆیی، یان ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی نوێدا، وەک سەرچاوە پشتیان پێ ببەسترێت، کە بە نیشانەکردن Citation ناسراوە.

 

هەرەوەها ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی دیاردەیەکی جیهانییە، بە کەسێک یان دەستەیەک یان وڵاتێکەوە تایبەتنەکراوە، بەڵام ئەوەی وڵاتانی پێشکەوتووی تەکنۆلۆجیا، لە وڵاتانی پاشکەوتوو جیادەکاتەوە، بەکردەییکردنی زانست و توێژینەوە زانستییەکانە. تاوەکو لە بواری تەکنۆلۆجیادا، لەکاتی ئاشتیی و جەنگدا خۆی بنوێنێت. سەرەنجام ئاسانکاریی زیاتر و خێراتر لە کەرتە ئابوورییەکاندا بەرپا بکات. هەر ئەوە وایکردووە، زۆرترین دەقە پەڕاوی زانستیی نوێ و توێژینەوەی زانستیی ڕەسەن، هەر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە بەرهەم بهێنرێت. تەنانەت ساڵانە، براوەکانی نۆبڵ بە هەر شەش بەشەکەیەوە (بێجگە لە خەڵاتی وێژە و ئاشتیی): پزیشکیی و کارئەندامزانیی، فیزیک، کیمیا، ئابووری، زۆرینەی ڕەهایان لە پیتۆڵ و زانایانی وڵاتە پێشکەوتووەکانن. هاوکات لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، بودجەی زەبەلاح بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی خەرجدەکرێت، لە هەردوو کەرتی گشتیی (حکومەت) و تایبەتدا بەبێ جیاوازیی. تاوەکو بتوانن، نموونەییترین Optimal کاڵا و خزمەتگوزاریی، بە کەمترین تێچوو و باشترین چووستیی، لە لایەن حکومەت و کۆمپانیاکانەوە بەرهەم بهێنرێت.

 

پۆلێنکردنی دۆخی گەشەسەندن لە وڵاتانی جیهاندا

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، دواتر لە سەردەمی جەنگی سارددا، بۆشایی Gap فراوان لە نێوان وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕوویدا. تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانی پیشەسازیی و تەکنۆلۆجیا، پشتبەست بە زانست و توێژینەوەی زانستی، بە زاراوەکانی جیهانی باکوور North Global، چونکە زۆرینەیان، کەوتوونەتە نیوەگۆی باکووری زەوییەوە. هەروەها بە جیهانی یەکەم یان وڵاتانی گەشەسەندوو Developed Countries ناسێنران. لە بەرامبەردا وڵاتانی نیمچە پێشکەوتوو (هاوشێوەی چین و ڕووسیا و بەڕازیل و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا) یان پاشکەوتوو (وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) یان وڵاتانی هەنگاونەر بەرەو گەشەی پیشەسازیی، بە جیهانی دووەم و سێیەم، یان بەگشتی بە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو Developing Countries ناونران. بەڵام  لە ڕوانگەی گەشەسەندنی ئابوورییەوە، لە دیدی فەیلەسوف و ئابووریناسی میسریی- فەڕەنسیی د. سەمیر ئەمین (١٩٣١-٢٠١٨)ەوە، وڵاتانی جیهانی بۆ دوو بەش پولێنکردووە؛ یەکەم: وڵاتانی ناوەند (ناوک) Center (Core) Countries. دووەم: وڵاتانی چێوەPeriphery Countries  و نیمچە چێوە Semi-periphery Countries.

لە وڵاتانی ناوەنددا، کەرتە ئابوورییەکانیان لە کەرتی گشتیی و تایبەتدا، هاوشێوەی ئۆکسجین، توێژینەوەی زانستیی هەڵدەمژن، تاوەکو بتوانن لە سایەی بەرهەمهێنانی زانستی نوێوە، داهێنان بۆ تەکنەلۆجیای پێشکەوتووتر بکەن. ئەوە لەپێناو بەئامانجگرتنی زیادکردنی کۆی داهاتی ساڵانە. هەروەها چەسپاندنی زیاتری هەژموونی وڵاتەکانیان، بەسەر وڵاتانی چێوەدا. هەر ئەوە وایکردووە، لە سایەی جیاوازیی ئاستی زانستییەوە، بۆشایی و دەلاقەی گەورەتر، لە شێوە ژیانی پێشکەوتووانە، لە نێوان وڵاتانی ناوەند و چێوەدا دروست بێت. بەم شێوەیە، وڵاتانی ناوەند کەرەستەی خاوی هەرزان، کورد وتەنی: بە نرخی تۆڵەکە، لە وڵاتانی چێوە دەکڕن. لە بەرانبەردا بە نرخێکی زەبەلاح لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخدەکەنەوە. تەنانەت بازاڕەکانیان هێندە قەبە دەکەن، هاوشێوەی نەهەنگ، بازاڕە سنوردارەکانی وڵاتانی چێوە، لەناو خۆیاندا هەڵدەلووشن. بۆ نمونە: وڵاتانی ناوەند، بەرمیلێک نەوتی برنت، بە کەمتر لە ٨٠ دولار، لە وڵاتە نەوتییەکانی چێوە دەکڕن، بەڵام لە یەکەم خستنە بازاڕی مۆبایلێکی ئایفۆنی ١٦ی پڕۆدا، لە سلێمانی بە ٢،٦٠٠ دۆلار بە کڕیارەکانیان فرۆشت. ماکی جیاکەرەوەی ئابووری وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەوەیە، کە تایبەتمەندیی ئابووریی فرەلایەن Pluralistic Economics Balanced orی هەیە.  بەو واتایەی، هاوسەنگانە گرنگی بە کەرتە ئابوورییەکان دەدەن. ئەمە بە پێچەوانەوەی وڵاتە پاشکەوتووەکانەوەیە، کە ئابووری تاک لایەن On-sided Economics یان هەیە. لە دۆخی وڵاتە نەوتییەکاندا، زۆرترین گرنگی بە کەرتی نەوت دەدرێت، چونکە زۆرترین داهاتی ساڵانەیان، لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوەتەوەیە. بەڵام پشکی خەرجکردنی بودجە لە وڵاتە پاشکەوتوووەکاندا، بۆ کەرتی زانست و خوێندنی باڵا لە زانکۆکاندا، لە ئەوپەڕی کەمیدایە.

ئەرکی زانکۆکان لە  وڵاتانی گەشەسەندوودا

زانکۆکان لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا، کایەیەکی سەربەخۆن، خاوەن بڕیاری تایبەت بە خۆیانن، بەدەر لە دەستێوەردانی دەسەڵاتی سیاسیی. لەبەرئەوەیە کە بەردی بناغەی زانست و پێشکەوتن، لەو کۆمەڵگایانەدا دادەمەزرێنن. هاوکات بزوێنەری بەگەڕخەرستنی، کۆی کەرتە ئابوورییەکانی کشتیاریی و پیشەسازیی و گواستنەوە و گەیاندن و پەروەردە و فێرکردن و گەشتوگوزار و کۆیی وەزارەتەکانی حکومەت و کەرتی تایبەتن، لە هەر وڵات و قەوارەیەکی سیاسیدا. گرنگیی زانکۆکان لەڕووی بیردۆزییەوە، لە ئەرکەکەیدا خۆی دەبینێتەوە؛ یەکەمیان: پێگەیاندنی کادری پێشکەوتووی تەکنیکی هاوچەرخ. دووەم: ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی بەهادار و ڕەسەن. هاوکات زانکۆکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕێگەی پاشخانە زانستیی و توێژینەوەی زانستییەوە، پشتبەست بە کارلێککردن و دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم کەرتە ئابووریییەکانی کەرتی گشتیی و تایبەتدا، بە بەردەوامی خۆیان نوێدەکەنەوە. تاوەکو بتوانن کاریگەرییە ئەرێنییە هەمیشەییەکەیان، لەسەر کۆی ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بهێڵنەوە.

هەرچی پەیوەندیدارە بە خاڵی یەکەمەوە، دەربارەی پێگەیاندنی کادری تەکنیکی باڵا، کەرتە ئابوورییەکان و وەزارەتەکان بە بەردەوامی، پێویستییان بە خوێنی نوێ هەیە، تاوەکو بتوانن بە شێوازێکی سەردەمییانە، کارەکانیان ڕاپەڕێنن. ئەوەش بە ئاگابوونیانە لە زانست و تەکنۆلۆجیای سەردەم، لەپێناو زیادکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، لەڕووی چەندایەتیی و چۆنایەتییەوە. ئەم جۆری دەستەی کارە پێشکەوتووە، خاوەن ئاوەزێکی سەرکردەی کارا و داهێنەرن، لە زانکۆکانەوە پێدەگەیەنرێن، بە بڕوانامە زانکۆیی و باڵاکانیان (ماستەر و دکتۆرا)، پشت بە ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکانییان، متمانەی زانستییان پێدەبەخشرێت. تاوەکو لە لایەک، بەشێکیان لە کەرتە ئابوورییەکاندا- بە هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتەوە، دەستبەکار بن. لە لایەکی ترەوە، بەشەکەی تریان ساز بکرێن، لەڕێی تەواوکردنی خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆراوە، کادری نوێی خاوەن خوێنی نوێ، تێکەڵ بە جەستە و کایەی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکرێن. بۆئەوەی هەرگیز نەهێڵرێت، کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تووشی پووکانەوە و ڕووبەڕووی لەناوچوون ببێتەوە.

بەم میکانیزمە، زانست و خوێندنی باڵا، لە پیربوون و سووڕانەوە بە دەوری بازنەیەکی بەتاڵدا، دەرباز دەکرێت. ئەمە وا دەکات، سووڕی پەرەپێدانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی پێشەسازی، هەردەم نوێ ببێتەوە. هەروەها بە دۆخێکی تەندروست و کارادا ژیان بکات. هاوکات لە شێوەی لوولپێچێکی نیوەتیرە گەورەبوودا، بە هەنگاوی گەورەتر و تینكی بەگووڕتەوە، بەرەو پێش بچێت.

 

خاڵی دووەمی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی، کە ماکێکی جیاکەرەوەی زانکۆکانە، سووڕی ژیانی سەردەمی تەکنۆلۆجیا و زیرەکیی دەستکردی پێوە بەندە، چونکە لە سایەی ئاڵۆزبوونی ژیان لە کۆمەڵگەکاندا، هەر کۆمەڵگەیەک بە ئاستی پێشکەوتنی ئابووریی تایبەت بە خۆی، گرنگیی و کارایی توێژینەوەی زانستی، بەڕێژەییانە خۆی دەسەپێنێت. هاوکات لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، بڕی زەبەلاحی بەخشین Grant، لەلایەن کەرتی گشتیی و تایبەتەوە بۆ توێژەرانی زانکۆکان تەرخاندەکرێت. تاوەکو بتوانن توێژینەوە زانستییەکانیان لە بوارە جیازاوازاکاندا، بەشێوەیەکی نەرم و داینەمیکی، گۆڕاو لەگەڵ کاتدا بەڕێوەبچێت. هەروەها ئەستەمە بتوانرێت، خۆشگوزەرانییەکی هەمەلایەنە بۆ کۆمەڵگەکان، دەستەبەر بکرێت، بەدەر لە بیرکردنەوەی زانستییانە و پلانسازیی درێژخایەن، پشتبەست بە توێژینەوەی زانستیی ڕاستەقینە، لە هەموو کەرتە ئابوورییەکاندا، بێ جیاوازیکردن، لە نێوان کەرتێکی ئابووری لەگەڵ ئەویتردا. بۆئەوەی بتوانرێت پەرەسەندنێکی هاوسەنگ لە نێوان کەرتە ئابوورییەکاندا، بەرجەستە بکرێت. نەوەک زاڵکردنی کەرتێکی ئابووری دیاریکراو، بەسەر کۆی کەرتە ئابوورییەکانی تردا، هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتە نەوتییەکاندا ڕوویداوە. بەشێوەیەک کەرتی نەوت لە کۆی ئابوورییەکەیاندا زاڵبووە، کە زیاتر لە ٩٠٪ی کۆی داهاتی ساڵانەی ئەم وڵاتانە، لە ڕێگەی هەناردەی نەوتەوە دەستەبەر دەکرێت. سەرباری ئەوە، بەرهەمهێنانی نەوتەکە لە لایەن کۆپانیا جیهانییە زەبەلاحەکانەوەیە، پشکی شێری سوود و قازانجی نەوتەکە، هەر بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکانە. لە بەرانبەردا، پیسبوونی ژینگە و پاشکەوتوویی کۆی کەرتە ئابوورییەکان، زۆرینەی وڵاتە نەوتییەکانی داپۆشیوە. تەنانەت لەڕووی زانست و تەکنۆلۆجیا و توێژینەوەی زانستییەوە، ڕیزبەندییەکەیان، لەدواوەیە و قڕەن، چونکە توانستی بەرهەمهێنانی زانستییان لە ئەوپەڕی لاوازیدایە، تەنانەت بەئاستەم، لە زانست و توێژینەوەی نوێی سەردەمیانە تێدەگەن. ئەم دۆخە نەخوازراوە، نەرێنییانە کاریگەری لەسەر کەرتی زانست و خوێندنی باڵا، لە زۆرینەی وڵاتە نەوتییەکان و کۆی وڵاتە پاشکەوتووەکاندا جێهێشتووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا ڕووکەشە، لە کاراکردنی کەرتە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتانەدا، چونکە ئاستی زانستیی دەستەی کار تیایاندا، لە ئەوپەڕی دەستەپاچەییدایە.

 

بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤار و کۆنگرە زانستییە متمانەپێکراوە جیهانییەکاندا

ماکێکی جیاکەرەوەی زانکۆ جیهانییەکان، لە وڵاتانی گەشەسەندوودا ئەوەیە، لە ڕیزی پێشەوەی ڕیبەندییە متمانەپێکراوەکانی زانکۆکانی جیهانن، کە ڕیزبەندیی QS بەناوبانگترینیانە. هاوکات هەمیشە ٥٠٠ زانکۆ پێشەنگەکەی جیهان، زۆرینەی ڕەهایان، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندایە. تەنانەت ئەم زانکۆیانە، دەقە پەڕاوی متمانەپێکراو، شانبەشانی توێژینەوەی ڕەسەن و بەشە پەڕاو Book Chapter، بە بەردەوامی پێشکەشی هەموو زانکۆکانی جیهانی دەکەن، بۆ نمونە: زانکۆکانی هارڤەرد و ئۆکسفۆرد و کامبریج و تۆکیۆ.  نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەزگا جیهانییەکەی کلاریڤەیت Clarivate (جێگرەوەی دەزگای تۆمسن ڕۆیتەرزە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە) هاوکۆلکەی کاریگەریی Impact Factor بە زیاتر لە ٢١,٨٠٠ی گۆڤارەکانی دەزگا بڵاوکراوە Publisher جیهانییەکانی هاوشێوەی ئیڵسیڤیەر Elsevier و سپرینگەر Springer و IEE  بەخشیوە. ئەم گۆڤارانە بە گۆڤارەکانی تۆڕی زانست Web of Science ناسراون، کە بەرهەمی شیکردنەوەی کلاریڤەیتAnalytics  Clarivateن. لە لایەکی ترەوە، قەواڵە Databaseی سکۆپەس، کە سەر بە خانەی بڵاوکردنەوەی ئیڵسیڤیەرە، نمرە نیشانەکردن Cite Scoreی بە زیاتر لە ٢٥,٠٠٠ گۆڤار بەخشیوە. بەو واتایەی، متمانە بەخشین بە سەرچاوە زانستییەکانی، وەکو: دەقە پەڕاو و توێژینەوەی زانستی و بەشەپەڕاو و کۆنگرە Conference زانستییەکان، هەر لە ڕێگەی زانکۆ جیهانییەکان یان دەزگا بڵاوکردنەوە جیهانییەکانەوەیە، کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەم وڵاتانە، هەژموونی زانستیی خۆیان، بەسەر کایە زانستییەکەشدا زاڵکردووە. بەم شێوەیە، چەمکی زانست و توێژینەوەی زانستیی، لە خۆجێیەتیبوونەوە، هەر لە زووەوە، بەرەو جیهانیبوون هەنگاوی هەڵگرتووە. لەبەرئەوەیە کە هەر کارێکی زانستی، ئەگەر لەو دەزگا جیهانییانە بڵاونەبنەوە، ئەوا جێی متمانەی زانستیی پیتۆڵ و زانایانی کایە زانستییەکە نین.

 

نیشانەکردن پێوەری هەڵسەنگاندنی جیهانیی گۆڤار و توێژینەوە و توێژەرانە

نیشانەکردن Citationی توێژینەوەی زانستیی بریتییە لە بەکارهێنان و پشتبەستنی توێژینەوەکە، وەکو سەرچاوەیەک، لە پەڕاو و توێژینەوە زانستییە بڵاوکراوەکانی پاش خۆی. ئەوەش متمانەی زانستیی بە توێژینەوە ڕەسەنەکە دەبەخشێت. هەریەک لە کلاریڤەیت و سکۆپەس، ئاست و سەنگی گۆڤارە جیهانییەکان توێژینەوەی زانستیی و توێژەرەکان، لە ڕێگەی نیشانەکردنەوە ئەژمار دەکەن. بەشێوەیەک کلاریڤەیت، لە ڕێگەی ژمارەی نیشانەکردنی توێژینەوەکانی گۆڤارەکانی ناو تۆڕی زانستەوە Web of Science، هاوکۆلکەی کاریگەریی بۆ گۆڤارەکان ئەژمار دەکات، لە پاش نیوەی دووەمی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا بڵاویدەکاتەوە. هەروەها هەر لە ڕێگەی نیشانەکردنی توێژینەوە بڵاوکراوەکانی توێژەرەکانەوە، کلاریڤەیت پێوەری h-index بۆ توێژەرەکان ئەژمار دەکات. لە لایەکی ترەوە، بە هەمان شێوە ئیڵسیڤیەر، لە ڕێگەی ژمارەی نیشانەکردنی توێژینەوەکانی گۆڤارەکانی قەواڵەی سکۆپەسەوە، نمرە نیشانەکردن بۆ گۆڤارەکان ئەژمار دەکات، ساڵانە بڵاویاندەکاتەوە. کەواتە ئامانجی گۆڤارە جیهانییەکان و ئەو توێژەرانەی توێژینەوە زانستییەکانیان تیایدا بڵاودەکەنەوە، بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی نیشانەکردنی توێژینەوەکانیانە. تاوەکو گۆڤارەکان بتوانن، هاوکۆلکەی کاریگەریی و نمرە نیشانەکردنەکەیان، بۆ ساڵی داهاتوو بەرزبکەنەوە. هەروەها توێژەرانیش زیادبوونی ژمارەی نیشانەکردنیان، سەنگی زانستییان لە جیهاندا زیاتر دەبێت. سەرباری ئەوە، ئەگەر زۆرە ئاماژەی h-indexیان، بە زیادبوونی ژمارەی نیشانەکردنی توێژینەوەکانیان زیاد بکات. ئەوەش متمانەی زانستی زیاتر، بە توێژەرەکە دەبەخشێت.

 

خانەی بڵاوکردنەوەی دڕندە و کۆنگرەی زانستیی دڕندە

هەبوونی خانەی بڵاوکردنەوەی ساختە، گۆڤاری ساختە، کۆنگرەی زانستی ساختە لە جیهاندا، بەبەربڵاویی سەریانهەڵداوە. ئەمانە بە خانەی بڵاوکردنەوەی دڕندە Predatory، یان گۆڤاری دڕندە، یان کۆنگرەی زانستیی دڕندە. یەکەم جار، کتێبخانەزانی ئەمەریکیی لە زانکۆی کۆلۆرادۆ جێفریی بیڵ (٦١ ساڵ)، ناوی دڕندەی بۆ گۆڤارە گەیشتنە کراوەکان Open Access، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەکارهێنا. سەرەنجام لیستێکی لە دەزگا بڵاوکراوە دڕندەکان و گۆڤارە دڕندەکان، هەر لەو ساڵەدا بڵاوکردەوە.  پاشان جارێکی تر بیڵ، لیستەکەی لە ساڵی ٢٠١٢دا نوێکردەوە. هەروەها ڕێکخراوی کەیساین Kscien (زۆرینەی ئەندامە کاراکانیان لە شاری سلێمانییە) لیستێکی تریان، تایبەت بە دەزگا بڵاوکراوە دڕندەکان و گۆڤارە دڕندەکان بڵاوکردەوە، کە جۆرێک لە متمانەی جیهانی بەدەستهێناوە. مەبەستی سەرەکی ئەم دەزگا و گۆڤارە دڕندانە، کێشانەوەی پارەیە لە توێژەران. تاوەکو لە بەرانبەر ئەو بڕە پارە، کارە بەناو زانستییەکانییان، بەدەر لە هاوتا پێداچوونەوە Peer-review، لە ماوەیەکی چەند ڕۆژوێكی کورتدا، بۆ بڵاوبکەنەوە. ئەمەش زیانێکی کاریگەریی بە زانست و توێژینەوەی زانستیی گەیاندووە، چونکە ئەنجام و دەرئەنجامی نازانستی، خستۆتە بەردەم خوێنەران. لەبەرئەوەیە توێژەرانی زانکۆ جیهانییەکان، کە توێژەری ڕاستەقینەن، بە زۆرینەیەکی ڕەهاوە، لە توێژینەوەکانی خۆیاندا، نە نیشانەکردنیان بۆ ئەو توێژینەوانە کردووە، کە لە گۆڤار و کۆنگرە ساختەکاندا بڵاوکراونەتەوە، نە هەوڵیشیانداوە توێژینەوەکانیان، لەو گۆڤار و کۆنگرە ساختانەدا بڵآوبکەنەوە. لە بەرانبەردا تێبینیکراوە، زۆرترین توێژەری وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان، بەسانایی بوون بە نێچیری ئەم گۆڤار و کۆنگرە دڕندانە. ئەمەش بەڵگەی لاوازیی ڕۆشنبیریی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیی، لەو وڵاتانەدا دەسەلمێنێت. جێی ئاماژەبۆکردنە، خانەی بڵاوکردنەوەی گوماناویی هەیە، وەکو: MDPI و هینداویی گەیشتنە کراوەن، کە لە بەرانبەر بڕە پارەی زۆر دەگاتە ٢,٢٠٠ دۆلار، توێژینەوەکان بە خێرایی کەمتر لە مانگێک لە هەندێک دۆخدا، لە گۆڤارەکانیاندا بڵاودەکەنەوە. ژمارەیەکی بەرچاوی خاوەن دکتۆراکانی هەرێم لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، توێژینەوەکانیان لە خانەی بڵاوکردنەوەی گوماناویی MDPIدا بڵاوکردۆتەوە. هەروەها ڕێژەیەکی دیاری پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆکانی هەرێم، هەر لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە MDPIدا، پلەی زانستییان بەرزبۆتەوە. لەکاتێکدا لە زۆربەی زانکۆکانی چین و مالیزیا و نەرویج، ئەو خانەی بڵاوکردنەوە گوماناوییانە یاساغکراون.

 

دیاردەی هاریکاریکرنی ساختەی توێژەران و خود نیشانەکردن و کشاندنەوەی توێژینەوە

سەرباری دیاردەی ئەرێنیی بەشداریکردن و هاریکاریکردن Collaborationی دەستەیی نێوان توێژەران، لە چەند زانکۆیەک  یان مەڵبەندی توێژینەوەکانی چەند وڵاتێکی جیاواز، لەپێناو بەرهەمهێنانی توێژینەوەی زانستیی قووڵتر و بەپێزتر، بەڵام نەرێنییانە، هاریکاریکردنی ساختە، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا پەرەیپێدراوە. کاتێک بەبێ ماندووبوون، لە بەرانبەر بڕێک پارەدا، ناوی توێژەرەکان بە ساختەیی زیاد دەکرێن. ئەمەش وایکردووە، هەندێک لە توێژەرانی ئەم وڵاتانە، لەو ئاکارە بەدە نازانستییە تێوەبگلێن. سەرەنجام ساڵانە، ناویان لە ژمارەیەکی بێشووماری توێژینەوەدا بنوسرێت. تەنانەت هەندێک لەو بەناو توێژەرانە، هەفتانە و بەدرێژایی ساڵەکە، ناویان لە توێژینەوە بڵاوکراوەکاندا بهێنرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بەشدارییەکی زانستییان بۆ توێژینەوەکان هەبووبێت. پاشان هەر لەم ڕێگە نادروستەوە، ژمارەی نیشانەکرنەکانیان و ئاماژەی h-indexیان، بەم ساختەکارییە زیاد کردووە.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو خود نیشانەکردن Self-citation، کە بەکارهێنانی توێژینەوەکانی توێژەرەکە، یان دەستەی نووسەرانی توێژینەوە، لە توێژینەوەکانی خۆیاندا، ماکێکی نەرێنیی تری توێژەرانی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکانە. کاتێک ڕێژەی خود نیشانەکردنی توێژەرەکە، لە ٢٠-٢٥٪ تێپەڕ دەکات. ئیتر یەکسەر کۆی ژمارەی نیشانەکردنەکانی توێژەرەکە، دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانی لەسەر دروست دەبێت، چونکە خودی توێژەرەکە، بە ڕێژەیەکی زۆر، توێژینەوەکانی خودی خۆی یان دەستەی هاوبەشی توێژینەوەکەی بەکارهێناوەتەوە. نەک ڕەسەنەیاتی توێژینەوەکانی وایکردبێت، توێژینەوەکانی بەکاربهێنرێت. ئەوەتا لە کۆتا ئەو لیستەی کە بەناوی لیستی زانکۆی ستانفۆرد (پەیوەندیی بە زانکۆی ستانفردەوە نییە)ەوە، ساڵانە بڵاودەکرێتەوە، کە ناوی لوتکەی ٢٪ی توێژەرانی جیهانی لەخۆگرتووە. کەچی توێژەری تێدایە، ژمارەی نیشانەکردنەکانی چەند هەزارێکە، بەڵام ڕێژە خود نیشانەکردنی ٩٩٪یە. هاوکات زۆرینەی ئەوانەی خود نیشانەکردنیان بەرزە، لە زانکۆ و مەڵبەندە توێژینەوەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەمە. هاوکات ڕێژەی کشاندنەوە Retractی توێژینەوەکانی وڵاتانی وەکو: سعودیە و چین، لە لایەن دەزگا بڵاوکردنەوە جیهانییەکانەوە لە بەرزبوونەوەدایە. ئەویش بەهۆی بەدکاریی توێژینەوە Research Misconduct، وەکو: دزییی زانستیی  Plagiarismو دەستکاریکردنی دەیتا و زانیارییەکان Fabrication و بەهەڵەدابردن Falsification لە خستنەڕووی ئەنجام و دەرئەنجامەکان. هەروەها بڵاوکردنەوەی هەمان توێژینەوە، بە داڕشتنێکی جیاواز، لە دوو گۆڤاری جیاوازدا.

 

ڕەوشی کەرتە ئابوورییەکان و زانکۆکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەڵگەنەویستە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە دۆخێکی سەدەیی پڕ لە ئاشووب و نائارامیی سیاسیی و جەنگ، لە سایەی دیکتاتۆریەتێکی تەمەن درێژدا، ژیانی کردووە. پاشان لە هەرێمی کوردستاندا پاش ڕاپەڕین و بە درێژایی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتی ڕەهای هەردوو حیزبی پارتیی و یەکێتیدا، لە دوو زۆنی قەڵەمڕەویاندا، حکومەتێکی بەناو یەکگرتووی دوو کەرتیان دروستکردووە. کۆی کەرتە ئابوورییەکانی نیمچە ئیفلیج بووە. هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت لە خزمەتی دوو حیزبەکە، بەتایبەتیش دوو بنەماڵە و چەند کەسایاتییەکی ئەو بنەماڵەیەدایە. ئەم دۆخە ناهەموار و نەخوازراوە، سێبەری ڕەشی بەسەر کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستەوە جێهێشتووە، چونکە هەرگیز زانست و توێژینەوەی زانستی لە سایەی دیکتاتۆریەت و دیموکراتی ساختە و دەسەڵاتی ڕەهای تاک حیزبیدا، ناتوانێت گەشە بکات و ببووژێتەوە. هاوکات دروستکردنی زانای جیهانیی، لە بوار و لقە زانستییەکاندا، ئاستەم بووە. چونکە هەر لە زووەوە، ئاوەزی پاشکەوتووی زانست لە خوێندنی باڵا، لە سایەی دەسەڵاتێکی خۆسەپێندا، ژینگەی کاری زانستیی وڵاتەکەی بەبیابان کردووە.

 

قەیرانی سەرەکی فەرمانڕەوایەتیکردن لە هەرێمی کوردستاندا، هەر ئەوە نییە، کە حکومەتێکی دوو کەرتی بەناو یەکگرتووی هەیە، لە دێگەڵەوە جیادەبنەوە، بەڵکو لەوەدایە، گەندەڵیی و قەبەیی بەکارخستنەکەی، زۆر و بۆریی فەرمانبەرەکانی، لە پەل و پۆی خستووە. لەبەرئەوەیە، دەزگاکانی حکومەت بە پاشکەوتووترین شێواز بەڕێوەدەبرین. سەرباری ئەوەی هەماهەنگیکردن لە نێوان کەرتە ئابوورییەکانی حکومەتی هەرێم، کە لە وەزارەتەکان و دەزگاکاندا خۆی دەبینێتەوە، لە ئەوپەڕی پەرتەوازەییدایە. ئەم دابڕانەی نێوان کەرتە ئابوورییەکان، کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لێی بەدەر نییە. هەر ئەوە وایکردووە، ماستەر و تێزی دکتۆراکانی زانکۆکان، یان توێژینەوە بڵاوکراوەکانی توێژەرانی زانکۆکان لە گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵاتییەکان و کۆنگرە زانستییەکاندا، تەنها بریتی بێت لە ڕەشکردنەوەی پەڕەکان Paper Mills ، چونکە ئەم توێژینەوانە، لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، سوودیان لێوەرناگیرێت، تەنها ڕەفەی کتێبخانەکانیان پڕکردۆتەوە و هیچیتر.

 

پاڵنەری دەرکردنی گۆڤار و کۆنگرە زانستییە ناوخۆییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بیرۆکەی دەرکردنی گۆڤار، بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، مەبەست لێی، بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی، ماستایانی زانکۆکان بووە. نەک پاڵنەرەکەی، بڵاوکردنەوەی زانست و بەرهەمهێنانی زانستی نوێ بێت، کە لە زانکۆ جیهانییەکاندا باو بووە، چونکە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی لە مامۆستای یاریدەدەرەوە، کە نزمتری پلەی زانستییە، لە خوێندنی باڵا، هەتا گەیشتن بە پلەی زانستیی پڕۆفیسۆر، پێویست دەکات، مامۆستاکان توێژینەوە بڵاوبکەنەوە. تاوەکو بتوانن، لە ڕێگەی پلە بەرزە زانستییە باڵاکانی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پڕۆفیسۆرەوە، پلە و پۆستی باڵاتر، هەروەها وانەوتنەوە و سەرپەرشتیکردنی فێرخوازانی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکاندا، بۆ خۆیان دەستبخەن. ئەم ئامانجەش، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکان لە گۆڤارە ناوخۆییەکان و کۆنگرە ناوخۆییەکانەوە هاتووەتەدی، هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. کەواتە توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ بێباکبوون، لەوەی توێژینەوەکانیان، لە دەرەوەی زانکۆ بەسوود بێت یان نا، چونکە ئامانجەکەیان بەرزکردنەوەی پلە زانستییەکانە، نەک بەشداریکردن لە دەوڵەمەندکردنی زانست، لە بواری پسپۆڕییەکەیاندا. هەمان ڕێسا بەسەر ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکان چەسپیوە، چونکە ئامانجی بنەڕيتییان، دەستخستنی بڕوانامەیە، نەک چارەسەرکردنی گرفتێکی زانستیی لە بوارەکایاندا، کە پسپۆڕانی بوارەکەیان لە جیهاندا، بەدوای چارەسەرەکەیدا وێڵن.

 

ڕەوشی گۆڤارە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان

بە درێژایی ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردووی پاش ڕاپەڕین ، لە هەرێمی کوردستاندا کە دانیشتوانەکەی بەنزیکەیی شەش ملیۆنە، ٣٠ زانکۆ (١٦ زانکۆی حکومیی و ١٤ زانکۆی ئەهلیی) کراونەتەوە. ساڵانە لە نێوان ٤٠-٥٠ هەزار فێرخوازی دەرچووی ئامادەییی، بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی پەیمانگەی تەکنیکیی و زانکۆیی ڕوویان لە خوێندنی باڵا کردووە. پاشان زۆربەی زانکۆکان بە حکومیی و ئەهلییەوە، گۆڤاری زانستیی تایبەت بە خۆیان بڵاودەکەنەوە. هەرچەندە تەنها گۆڤاری ئارۆی زانکۆی کۆیە، هاوکۆلکەی کاریگەریی هەیە و ٢ر١ی وەرگرتووە. هەروەها  گۆڤاری پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە قەواڵەی سکۆپەسدا پێڕستکراوە.  سەرباری ئەوە، کۆی گۆڤارە ناوخۆییە زانستییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا ٤٦ گۆڤارە، کە لە لایەن زانکۆ و دەستە و کۆمەڵە ئەکادیمییە باوەڕەپێکراوەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی متمانەی پێبەخشیون. ئەمەش وا پێویستی کردووە، کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستییەوە، بەشێوەیەکی خولیی و بە بەردەوامییەکی ڕێژەیی، ژمارەکانیان دەربچن، بەڵام مەرج نییە، هەموو ژمارەکانی گۆڤارەکان، لەکاتی دیاریکراودا بڵاوکرابێتنەوە. هۆکاری دواکەوتنی ژمارەکانی گۆڤارەکان، بۆ زۆری گۆڤارەکان و سنوورداریی ژمارەی توێژینەوەی زانستییەوە، لە لایەن توێژەرانی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە، چونکە ناردنی توێژینەوە، بۆ ئەم گۆڤارە ناوخۆییانە، لە لایەن توێژەرانی نێودەوڵەتییەوە، لە ئەوپەڕی لاوازیدایە.

 

نیشانەکردنی توێژینەوەکان لە گۆڤارە ناوخۆییەکاندا

تەنانەت نیشانەکردنی نێودەوڵەتی، بۆ توێژینەوە بڵاوکراوەکانی گۆڤارە ناوخۆییەکانی زۆر کەمن و شایانی باسکردن نین. دوو نمونەی سەلمێنەری، لاوازیی توێژینەوە بڵاوکراوەکانی گۆڤارە ناوخۆییەکانی هەرێم؛ لە بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی کەیسایندا، بۆ گۆڤاری زانکۆی سلێمانی- بەشی Aدا؛ کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی، لە بواری زانستە بنەڕەتیی و جێبەجێکارییەکاندا. گۆڤارەکە هەتا ساڵی ٢٠١٧، لە ٣٧ ژمارەیدا، کۆی گشتیی ١,٢٠٠ توێژینەوەی بڵاوکردۆتەوە، تەنها ١٢١ نیشانەکردنیان بۆکراوە، ١٩ نیشانەکردنیان لە گۆڤارە جیهانییەکانەوە بووە، ٤٤ نیشانەکردنیان لە گۆڤارە ساختەکانەوە، ٥٨ نیشانەکردن لە گۆڤارە ناوخۆییەکانەوە بووە. هەروەها دەربارەی گۆڤاری سلێمانی بۆ زانستە ئەندازیارییەکان، كە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی دەریدەکات، لە کۆڕێکدا لە ٦/٢/٢٠٢٣دا (لە کۆلێجی ئەندایاری پێشکەشم کرد)، لە کۆی ٩٠ توێژینەوەی بڵاوکراوە، لە نێوان ساڵانی ٢١٠٨-٢٠٢٢دا، ٦٢ (٪٦٩) توێژینەوەکان، هیچ نیشانەکردنیان بۆنەکراوە. بە هەمان شێوە، ڕێژەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە ناوخۆییەکاندا، لە ٪٣٣ لە ساڵی ٢٠١٧دا، بۆ ٪٥٣ لە ساڵی ٢٠١٨ زیادیکردووە. کەواتە ویستی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە ناوخۆییەکاندا، لە لایەن توێژەرانی هەرێمەکەوە، بەشێوەیەکی نەرێنی لە زیادبووندایە. تەنانەت هەندێک لە گۆڤارە ناوخۆییەکانی کۆلێجەکان، وەکو گۆڤاری سلێمانی کۆلیجی ئەندازیاریی، بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی سەرنووسەر و دەستەی نوسەران و فێرخوازەکانی ماستەریان سیخناخکراوە. ئەوەش نیشانەی پرسیاری زیاتر، دەربارەی لەقبوونی متمانەی زانستیی توێژینەوەکان دروستکردووە.  

 

ئاستی توێژینەوەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێم

بەدرێژایی ئەم ٣٢ ساڵە، زانکۆکانی هەرێم سەرقاڵی بەخشینەوەی بڕوانامەی زانکۆیی و بڕوانامەی باڵای ماستەر و دکتۆرای زۆر و بۆر بوون. تەنانەت لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتاکانی ٢٠٠٠دا، کۆمەڵێک کادری حیزبییان، لە زانکۆکاندا، لە ڕێگەی پاکانە (تەزکیە)ی حیزبییەوە، بە موعید وەرگرت. پاشان ژمارەیەکی بەرچاویان، لە خوێندنی ماستەر بەوەرگرتنی تایبەت (قبول خاص) وەرگرت، کە نمرەی دەرچوونی کۆلیێیان بە کەمتر لە نمرەی خوار ٦٠، ناشایستە و نزم بوو. دوای ئەوە، هەر ئەوانە لە دکتۆرای زانکۆکانی هەرێم وەرگیران. پاش بەرزکردنەوەی پلە زانستییەکانیان، پۆستە باڵاکانی زانکۆکانی هەردوو دەەڤەرەکەیان پێبەخشین. هەروەها لە زانکۆکاندا، بەزەقی جیاوازیکراوە، لە نێوان زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، لەگەڵ زانستە بنەڕەتیی و جێبەجێکارییەکاندا، لەڕووی گرنگیدان بە زمانی زانست، کە زمانی ئینگلیزییە. ئەمە لە لایەک وایکردووە، ئاستی زانستی مامۆستایان و وانەوتنەوە، لە زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکاندا، لە نزمبوونەوەی بەردەوامدا خۆی ببینێتەوە، چونکە زۆرینەی دەقە پەڕاوەکانیان، لە زمانی وەرگێڕاوی عەرەبییەوە وەرگیراوە. لەکاتێکدا لە ڕووی زمانی زانستییەوە، زمانی عەرەبی زمانێکی هەژار و کۆڵەوارە. هەروەها وەرگێڕانەکانیان نوێ و هەمەلایەن نییە. هەر ئەوە وایکردووە، زۆرینەی ڕەهای مامۆستایان و توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، توێژینەوەکانیان ناوخۆیی بێت، چونکە ناتوانن بە زمانی ئینگلیزی، توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە جیهانییە متمانەپێکراوەکاندا بڵاوبکەنەوە.

لە لایەکی ترەوە، پێداویستی کارامەیی زمانی ئینگلیزیی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە، بۆ فێرخوازانی ماستەر و دکتۆرا لە زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، لەگەڵ زانستە بنەڕەتیی و جێبەجێکارییەکاندا، جیاوازیی تیادا کراوە. بەو واتایەی، ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ڕێگەیداوە، فێرخوازانی ماستەر و دکتۆرا لە زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، بە ئاستێکی کەمترەوە، داخوازی، بۆ خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرا پێشکەش بکەن. هەروەها پەسەندکردنی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی هەڵهێنجراوی تێزی دکتۆرای فێرخوازانی دکتۆرا لە زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان، لە گۆڤارە ناوخۆییەکاندا. بەڵام لە بەرامبەردا، بۆ فێرخوازانی فێرخوازانی دکتۆرا لە زانستە بنەڕەتیی و جێبەجێکارییەکاندا، بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی هەڵهێنجراوی تێزی دکتۆرای فێرخوازانی دکتۆرا، بە لایەنی کەمەوە، لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانی سکۆپەسدا، بەمەرج دانراوە.

 

ئاستی توێژینەوەی بڵاوکراوە لە لایەن توێژەران و مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێم

هەرچەندە زانکۆکانی کوردستان بە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و پڕۆفیسۆر سیخناخکراوە، کە بەنزیکەیی بە ١٠ هەزار مامۆستای هەڵگری ماستەر و دکتۆرا دەخامڵێنرێن. زۆرینەی ڕەهایان، لە زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دۆخی سیاسیی و ئابووری ناجێگیردا، بڕوانامە باڵاکەیان وەرگرتووە، کە ئاستێکی لاوازیی زانستییان هەیە، لە ئاستی جیهاندا. هەروەها زۆرینەیان لە کۆلێجە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکانن، چونکە بەسانایی ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکانیان دەنووسن، بەدەر لە هەڵهێنجاندنی توێژینەوە لە تێزی دکتۆراکانیانەوە. تاوەکو لە گۆڤارە جیهانییەکاندا بڵاوبکرێنەوە. تاوەکو متمانەی پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکانی بوارەکەی خۆیان بەدەستبهێنن. دەتوانرێت بەم جۆرە بێ متمانە نێودەوڵەتییەی دکتۆرا بوترێت، "دکتۆرای خشکەیی"، چونکە بەبێ ئاگاداری هاوتا پسپۆڕیيەکانیان، بڕوانامەی دتۆرایان پێبەخشراوە. هەروەها مامۆستاکانیشیان، بەسانایی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ناوخۆییەکان بڵاودەکەنەوە. لەبەرئەوە بەخێرایی، پلە زانستییەکانیان بۆ پڕۆفیسۆر بەرزدەبێتەوە.

هاوکات زۆربەی پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆکانی هەرێم، بەتایبەتی لە کۆلێجە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکاندا، کەمترین نیشانەکردنی نێودەوڵەتی متمانەپێکراویان هەیە، کەچی نازناوی پڕۆفیسۆریشیان وەرگرتووە. دەتوانرێت ئەم جۆرە پڕۆفیسۆرانە، بە "پڕۆفیسۆرانی ئەشکەوت" ناوزەند بکرێن. تەنانەت لە زانکۆکاندا، بەسوودوەرگرتن لە پۆستە باڵاکانی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی و ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆک بەش وەرگیراوە. لەم ڕێگەیەوە، ڕێژەیەک لە خاوەنی ئەو پۆستانە، پلەی زانستییان بۆ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پڕۆفیسۆر بەرزکراوەتەوە. ئامارەکانی زانکۆکان، باشترین گەواهیدەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە.

لەهەمانکاتدا، گرێدانی کۆنگرە زانستییە ناوخۆییەکان لە زانکۆکانی هەرێمەکەدا دەگمەنن، هەر خزمەت بە بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی مامۆستایانی زانکۆکان دەکات. هاوکات زانکۆکان نەتوانان، کۆنگرە زانستییەکانیان، لە لایەن دەزگا بڵاوکردنەوە جیهانییە متمانەپێکراوەکانەوە، پشتگیریی بکرێن. تاوەکو توێژینەوەکان هاوتا پێداچوونەوەیان بۆ بکەن، لە گۆڤارەکانیان بڵاویبکەنەوە. لەبەرئەوەیە کۆنگرە زانستییەکان، لەگەڵ دەگمەنییاندا، بە بەشدارییەکی لاوازی توێژەرانی نێودەوڵەتییەوە گرێدراون. هەروەها لە خستنەڕووی بابەتێکی زانستی نوێ نین، چونکە توێژەرانی زانکۆکان ڕاڕان، لەوەی توێژینەوەکانیان بۆ ئەو کۆنگرە ناوخۆییانە بنێرن، چونکە ئەگەری هەیە، لە بەرزکردنەوەی پلەی زانستیاندا، توێژینەوەکەیان بۆ ئەژمار نەکرێت. لەبەرئەوەی تەنها توێژینەوەی ئەو کۆنگرە زانستییانە ئەژمار دەکرێن، کە بەشێوەیەکی خولی گرێدەدرێن. ئەوە بە دەگمەنیی لە زانکۆکانی هەرێمەکەدا ڕوویداوە.

 

سوودوەرنەگرتن و فەرامۆشکردنی توێژەرە ڕاستەقینەکانی هەرێمەکە

پێویستە ئەوەش بخرێتەڕوو، کە زانکۆکانی هەرێمەکە، لە توێژەرانی ڕاستەقینەی جیهانی بەدەر نییە، بەتایبەتیی لە بواری زانستە بنەڕەتیی و جێبەجێکارییەکاندا. تەنانەت هەندێک لەو توێژەرانە لە لیستی بەناو زانکۆی ستانفۆردەوە، ناویان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە لایەک لە ساڵانی ڕابردوودا، دیاردەی نەرێنیی خود نیشانەکردنیان بەرز بووە. تەنانەت ڕێژەی هەندێکیان لە نێوان ٥٠-٧٠٪ بووە. لە لایەکی ترەوە، بەشێکی ئەو توێژەرانە، پەیتا پەیتا توێژینەوەکانیان لە لایەن دەگا بڵاوکردنەوە جیهانییەکانەوە دەکشێنرێتەوە و متمانەی جیهانییان لەدەستداوە. سەرباری ئەوە، دەگمەنە توێژەرێک لە زانکۆکاندا، توانیبێتی دەرئەنجامگیریی توێژینەوەکانی بۆ کەرتی گشتیی یان کەرتی تایبەت گواستبێتەوە، چونکە ئاوەزی بەکارهێنانی توێژینەوە لە هەرێمەکەدا، لە ئاستێکی ئەوپەری نزمیدایە. هەروەها سروشتی ئەو توێژینەوانەی لە هەرێمەکەدا ئەنجامدراون، لە ئاستی پیادەکردن و جێبەجێکردندا نەبوون. یاخود لە لایەن زانکۆکانەوە، بەبازاڕکردن Marketingی پێویستییان بۆ نەکراوە. بەم شێوەیە، کاریگەرییە ئەرێنییەکانی توێژینەوەکان یان ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکان، بەدیاریکراوی لە ژیانی ئابووریی و کۆمەمەڵایەتی هەرێمەکەدا، لێڵ و ناکاریگەر بووە. بەتایبەتی کە فەرمانڕەوایەتیکردنی هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی، بەدرێژایی ٣٢ ساڵی ڕابردوو، ، پشتبەست بەحیزبیبوون بووە نەک ڕەچاوکردنی زانست و توێژینەوەی زانستیی و ڕاوێژکردن بە زانستکارانی ناو زانکۆکان لە فەرمانڕەوایەتیکردنەکەیاندا.

 

پوختە

پوختەی وتەکان ئەوەیە، سەرباری ئەو ژمارە زۆرە لە زانکۆ و کۆلێج و بەشە زانستییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن. هەروەها هەبوونی سوپایەکی زەبەلاح لە توێژەران، کە زۆرینەی ڕەهایان، مامۆستایانی زانکۆ حکومیی و ئەهلییەکانن. هاوکات مامۆستایانی زانکۆ، کە زۆرینەیان پارتی و یەکێتین، بێدەنگترین چینی کۆمەڵگەن، چونکە بەدرێژایی ئەو قەیرانانەی هەرێمەکە پیایدا تێپەڕیوە، بێ هەڵوێستبوون، بۆ نمونە: نەبوونی دەستوور بۆ هەرێمەکە، ناڕوونی داهاتی نەوت و ناوخۆ، بەشدارینەکردن لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ی سلێمانی (بێجگە لە چەند مامۆستایەک نەبێت، کە لە پەنجەکانی هەردوو دەست کەمتربوون، لە کۆی نزیکەی ٢ هەزار مامۆستا)، نەبوونی یاسای بودجە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە، پاشەکەوتکردنی ١٥ مووچەی نەدراو و ٤٤ چارەکە مووچە (پاش هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، ١٤ مووچە)، کڵۆمکردنی پەڕلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥.  لە دۆخێکی ئاوەها ناتەندروست و نازانستی کارگێڕیدا، لە ماوەی زیاتر لەو سێ دەیەدا، بە پاشکەوتووترین شێواز، لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی دوو حیزبەکە، حکومەتەکەیان بە پەرتەوازەیی و لێکپچڕاو بەڕێوەبردوووە. ئەم ژینگە نامۆیە، مامۆستاگەلێکی بەرهەمهێناوە- بەدەر لە گشتاندن، کە بیریان لای پێشخستنی زانست و کۆمەڵگە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیی ڕەسەن و بەهادار لە گۆڤارە جیهانییە متمانەپێکراوەکاندا، بەڵکو هەموو هەوڵ و تەقەلایەکیان، لە وتنەوەی وانەی بێکەڵکی بێبەهای سادە،  کە لە ئاستی خوار زانکۆدا بێت. هەروەها سەرپەرشتیکردنی زۆرتری فێرخوازی ماستەر و دکتۆرا، کە لە نزمترین ئاستدا، توێژینەوە بنووسن. هاوکات نەتوانایی زانکۆکانیش لە گرێنەدانی کۆنگرەی زانستی متمانەپێراوی جیهانیدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم دۆخە ناهەموارە نازانستییەی زانکۆکان، کە لەلایەن دەستەیەکی حیزبییەوە بەڕێوەبراوە، بەدەر لە ئاستی زانستی، بێجگە لە بەخشینەوەی ساڵانەی بڕوانامە، ئاستەمە توانستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی هەبێت. بەڵگەش بۆ ئەم بانگەشەیە، پاشکەوتوویی و کۆڵەواریی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانە، لەگەڵ هەبوونی سوپایەک دەستەی بێکاری خاوەن بڕوانەمەی زانکۆیی. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ڕێژەی بێکاریی و داڕمانی ئابووریی لە هەرێمەکەدا لە زیادبووندایە.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، دیدگەی ڕەشبینی باڵ بکێشێت، بەسەر ژینگەی زانستیی و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵکو  ئەو هێزە شاراوە پەراوێزخراوەی توێژەرانی ڕاستەقینە، دەتوانرێت لە بەرەوپێشبردنی فەرمانڕەوایەتیکردندا بخرێنەگەڕ، تاوەکو کۆی کەرتە ئابوورییەکانی هەرێمەکە، پێکەوە هەماهەنگ بن، پشتبەست بە توێژینەوەی زانستیی ڕاستێنراو بە دەیتای ڕاستەقینە، لە دۆخێکی گەشەکردنی بەردەوامدا بەڕیوەببرێن.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure