نووسینی: پ.ی.د.ماجد خهلیل
یەکەم/ فەلسەفەی خوێندنی باڵا:
لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە ڕاپۆرتی دامەزراوەی ڕۆما بەناونیشانی:" سەرمایەداری، دانیشتووان و لەناوبردنی هەسارەکە"، هەریەک لە ئێرنست ڤۆن وایزساکەر و ئەندێرس ویکمان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێداویستییەکانی دۆخی هاوچەرخ، ئاتاجیان بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە، بەتایبەتی لە بواری تێگەیشتن بۆ فێربوون و چۆنیەتی بیرکردنەوە بەشێوازی نوێ و سیستماتیکیی، تەحەدای ڕاستەقینە، چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆ و ڕەسەن". ئەم چەمکانە تێکڕا دەرهاویشتەی واقیعی جیهان و جوڵانەوە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییەکانی ئینسانی ئەمڕۆن. ڕەخنە و بیرکردنەوە لەکوێی لۆژیکی مرۆڤی ئێستادایە. هەتا چەندە توانا و تاقەتی تاک دەیپەرژێتە سەر بیرکردنەوەیەکی ئەخلاقی. زانکۆکان و فەلسەفەی خوێندنی باڵا ڕۆڵی بازاڕێک دەبینن، یاخود ئەرکی سەرەتا و كۆتاییان دەبێت بریتی بێت لە گۆشکردنی گەورەیی ئینسان. ئایا فەلسەفەی خوێندنی باڵا پەیجوری پەیامی پەرەسەندن و داهێنان و مەعریفەی تەکنەلۆژیایە یاخود یەکبین چاوێکیان لەسەر ئەخلاقی ئینسانی ئەمڕۆیە. ئایا فەلسەفەی خوێندنی باڵا بازاڕ و بەرهەم و پێگەیاندنی پیاو و ژنێکی مەبەستە کە بتوانێت بەرهەمهێن بێت یاخود بیربکاتەوە مرۆڤ بێت، ئەخلاق و بەهای هەبێ، هێور و هێمن بێت؟
لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە، هەندێک بیرهێنانەوەی ئایدیالی کلاسیکیی خوێندنی باڵا وەک پرۆسەیەکی پەرەپێدانی کۆی کەسایەتی مرۆڤ ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەتا چەند ئەم ئاماژانە ڕەنگدانەوەیان بە کۆی کلتووری فەلسەفەی فێرخوازانی خوێندنی باڵاوە هەیە؟ چۆن دەبێت ئێمە وەک بنەماکانی فەلسەفەی خوێندنی باڵاو پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا تێبگەین کە بنەما سەرەکییە فەلسەفییەکان لە ئەمڕۆی جیهاندا، هەمیشە لە گۆڕینی ستراتیژی خوێندنی باڵادا، بۆئەوەی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی جیهانی سەدەی بیست و یەکەمدا بگونجێن، بەجۆرێک بوونی خۆیان لەچوارچێوەی یاساکانی وڵاتان داڕشتووە، کە سەرنجی سەرەکییان لەسەر ڕێبازی مرۆڤدۆستییە، بەتایبەتی لە یاساکانی فەلسەفەی خوێندنی باڵادا.
ئەوەتا بەگوێرەی هەر هەڵسەنگاندێکی هاوچەرخیش لە هەر فەلسەفەی خوێندنی باڵایەکی وڵاتانی پێشکەوتووشدا گەر ئەم بابەتە بەهای ئەخلاقی هەبێت، داهێنان زیاتر زەمینەی بۆ ڕەخساوە. لێرەدا فەلسەفەی خوێندنی باڵا لە یاباندا، یادەوەریی پەروەردە و ئەخلاق لەناویدا لۆژیکی تاکەکانی تێر کردووە، هەربۆیە بەردەوام داهێنانەکان دروستتر دەتوانن نەوعییەتی نەریتیی خۆیان نوێبکەنەوە. بەتایبەتی شێوازی بەراوردکاری بۆ ڕەچاوکردنی ستراتیژ و سیناریۆ جیاوازەکانی گەشەسەندنی داهاتووی خوێندنی باڵا و شارستانییەتی مرۆیی بەگشتی بەکاردەهێنن. کە دیارە ئەم شێوازە لەلای ئێمە ئێجگار ونە و وێنای نییە.
فۆربێس (١٩٩٩) دەڵێت:" دامەزاروەی خوێندنی باڵا، هیچی تر نییە، جگە لە چاندنی ماف و مرۆڤگەرایی یان بەئاگاهاتنەوەی زیرەکی یان 'توانای دۆزینەوەی ڕاستی و ژیان لەگەڵ چاکەیەکی دیاریکراودا، یان بەدواداچوون بۆ ڕاستی و دابینکردنی سەرکردایەتی فیکری و ئەخلاقیی". چونکە هەبوونی عەقڵی کراوە، مرۆڤی نەرم و نیان بەرهەم دەهێنێت، لێرەدا ڕوونیان کردووەتەوە کەسێک کە عەقڵێکی ڕاهێنراو، عەقڵێکی ڕاشکاوانە، دادپەروەرانە، هەڵسوکەوتێکی بەرز و بەڕێز لە بەڕێوەبردنی ژیانیدا هەبێت، هەموو ئەم ئایدیاڵانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، تێکڕا بەشێکی دانەبڕاو دەبن لە پەروەردەی مرۆڤدۆستانەدا.
دووەم/ ڕیشەی مرۆڤگەرایی و فەلسەفەی خوێندنی باڵا:
زەمینە و زاراوەی مرۆڤگەرایی وەک ئەوەی ئەمڕۆ پێناسە دەکرێت، داهێنان و دەربڕینێکی ئەڵمانیای سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمە، دیارە ئەوانیش لە کرۆکی میتۆدە ئەدەبی و زانستییەکانی زانکۆکانەوە ڕواندوویانە. هاوکات لەڕووی مێژووییەوە، پەروەردەی مرۆڤدۆستانە، هەروەکچۆن بەگوێرەی ئالۆنی (٢٠١٤) دەڵێت:" دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەسینای کلاسیک، چەند سەدەیەک دواتریش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمای کۆن کە کاریان لەسەر چەمکی مرۆڤگەرایی دەکرد، پاشان مرۆڤدۆستانی ڕێنێسانس، دواتریش لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، پەروەردەکاری ئەڵمانی نێیتامەر چەمکی مرۆڤدۆستی وەک ئاماژەیەک بۆ پەروەردەی لیبڕاڵ داهێنا.
هەرچەندە پێناسەی جیاواز هەیە بۆ ئەم زاراوەیە، وەلێ باوترین تێگەیشتن کە زۆربەی زانایان لەسەری کۆکن، لەوانە هەریەک لە محەممەد خەتیب ٢٠١٣، کۆپسۆن ٢٠١٥، ڤۆن ڕایت ١٩٧٧، ئالۆنی ٢٠١٤، ڤێیگا ٢٠١٥ وەها پێناسەی دەکەن کە بریتییە لە:
هەڵوێست بەرانبەر بە ژیان، یان هەڵوێست بەرانبەر بە ناخ و دەروون، هەڵوێستێک کە گرنگی بە کەرامەتی مرۆڤ و سەربەخۆیی ئینسان بدات، یانی بەهادان بۆ مرۆڤ و کلتوری مرۆڤ. ئەوەتا زانایانی ئەم بوارەش مرۆڤدۆستییان بەوە چواندووە کە بریتییە لە بەدواداچوون بۆ مافی مرۆڤ یان 'مرۆڤێکی کامڵ و تەواو، یانی کامڵ لە بواری کارامەیی و توانا و گەشەسەندنی ئەخلاقی و خۆشگوزەرانی دەروونیدا. هەر بەپێی ئالۆنی (٢٠١٤)، هەروەکچۆن خەتیب و هاوکارانیشی ئاماژەیان پێداوە (٢٠١٣)، زۆر گرنگە بۆ پەروەردەیەکی مرۆڤدۆستانە، کە بەهای کەرامەتی مرۆڤ لە پێشینەی هەر کۆمەڵە بەهایەکی دیکەی ئابووری، ئایینی، ناسیۆنالیستی یان ئایدیۆلۆژیدا دابنرێت، ئاوەزی زانست و خوێندنی باڵا بەردەوامی هەبێت. هەربۆیەش ڕێبازی مرۆڤگەرایی جەخت لەسەر گرنگی جیهانی ناوەوەی فێرخواز و قوتابی دەکاتەوە.
لێرەدا زاراوەی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵامان بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە لێکدانەوەی مانایەکی فراوانتر، بەشێوەیەکی نەریتی، دەتوانرێت زاراوەی پەروەردەی لیبڕاڵ و پەروەردەی مرۆڤدۆستی بەشێوەیەکی گۆڕاو بەکاربهێنرێت، هەرچەندە ئەم دووانە بەتوندی ئاماژە بە هەمان شت ناکەن. دیارە لە ئەمڕۆدا بیرکردنەوە و هەست و هەستەکانی تاک لە پێشەنگی هەموو گەشەسەندنەکانی مرۆڤدان. بەوپێیەی پەروەردەی مرۆڤدۆستانە سەرنجی لەسەر چاندنی هەردوو ڕەهەندی فیکریی و سۆزداری خوێندکارە، کەواتە کۆتایی پەروەردە هەمان 'کۆتایی چارەسەری دەروونییە، کە دروستکردنی کەسێکی تەواو و کارایە. بەگوێرەی ئالۆنی (٢٠١٤) :" پەروەردەی مرۆڤدۆستانە بۆ ئاماژەدان بە تیۆریی و پراکتیکی پەروەردەیی جۆراوجۆرە کە تەرخانکراوە بۆ جیهانبینی ئینسان و لە کۆدی ئەخلاقی مرۆڤدۆستیدا بەکاردەهێنرێت"، واتە بەرزکردنەوەی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی و کەرامەتی مرۆڤ وەک کۆتایی هەموو بیرکردنەوە و کردارەکانی مرۆڤ. وەک لە ئاماژەی کۆپسۆن (٢٠١٥)دا هاتووە: "ئێمە هەم لەناو سرووشتداین و هەم لە دەرەوەی سروشت"، بەواتایەکی تر مرۆڤ هەم ئۆبژەی سرووشت و سوبێکتێکە کە دەتوانێت چارەنووسی خۆی لە قاڵب بدات. کەواتە ئەوان هەم بوونەوەرێکی بایۆلۆژیی و هەم هۆشیارن کە ئامانج و بریکاریان هەیە، واتە سیفەتێک کە خاوەندارێتییان ڕێگەمان پێدەدات ڕێگاکانی شکاندنی سنوورەکانی یاسا بایۆلۆژیی و فیزیاییەکان دابڕێژین. بەم پێیە ناوەکی مرۆڤایەتی ڕەنگدانەوەی ئێمەیە، ئێمە توانا و پێویستمان بە خۆمان وەک ئۆبژەی لێکۆڵینەوەی خۆمان وەربگرین. ئێمە دەوێرین بزانین و لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە ئێمە کێین، ئەمە ئایدیاڵێکی زۆر چارەنووسسازە کە خوێندکاران بتوانن نەک تەنها ڕەخنە لە شتەکانی تر، بەڵكو لە خودی خۆیان بگرن. ئەم وتەیە پشتگیری لە ئارگومێنتەکانی سارتەر دەکات، کە فەیلەسوفێکی بوونگەراییە، کاتێک دەڵێت: "مرۆڤ دروستکەری چارەنووسی خۆیەتی".
لێرەدا ئەرکی زانکۆکان و فەلسەفەی خوێندنی باڵا ئەوەیە کە فەزیلەت ببەخشێتە بیری ئینسان، ئەویش تەنها خوێندنەوەیەکە کە پێمان دەڵێت:" خۆت بناسە یان خۆت بناسیت". لێرەوە بەرزترین فەزیلەتی هەوڵی مرۆڤ، کە زوکا-سکۆت (٢٠١٠) دەیگێڕێتەوە، بریتییە لەوەی کە دەرفەت بۆ هەموو خوێندکاران دروستبکات هەتا یارمەتی خۆیان و یارمەتی خوێندکاران بدەن، بەڵکو بزانن کێن و بەهرەکانیان وەک تاک چییە. هەربۆیە دروشمی سوکراتی:" خۆت بناسە، هەڵوێستێکی سادە و ئیگۆیستی نییە بەرامبەر بە خود، چونکە ڕوانگەیەکی خێرخوازانەی هەیە بەرانبەر بە ئەوانی دیکە"، هەروەها سەبارەت بەوەی کە وەک کۆپسۆن (٢٠١٥) ئاماژەی پێداوە بە ڕێژەیەک لەگەڵ گەشەکردنی تاکایەتی مرۆڤ، هەر مرۆڤێک بۆ خۆی بەنرختر دەبێت، هەربۆیە لێرەوە مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بۆ ئەوانی دیکە بەنرختر بێت.
هەربۆیە دەتوانین بڵێین، لایەنێکی گرنگی پەروەردەی مرۆڤدۆستانە ئازادی مرۆڤە، کە دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی قسەکانی سارتەرە، کاتێک کە دەڵێت:" مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت"، چونکە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی خۆی دەکات لە دەسەڵاتێک کە وەریگرتووە، بەتایبەتی لە بابەتی ڕاستییەکاندا. ئەوەتا ڕایت (١٩٧٧) دەڵێت:" مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەی پەروەردەکردنی خۆیەوە دەتوانێت بگاتە ئازادی ڕاستەقینە". هەربۆیە مرۆڤ تەنها کاتێک دەرک بە ئازادی خۆی دەکات کە کردارەکانی بە دەرئەنجامی کارەکەیەوە لەگەڵ پێویستی و بەرژەوەندی ئەوانی تردا بگونجێت. لێرەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئازادی ڕاستەقینە خۆپەرستیی نییە، بەڵکو خێرخوازانەیە، ئەگەر بەتەواوی خۆنەویست نەبێت. هەرچەندە مرۆڤدۆستان زۆرجار تۆمەتبار کراون بە یۆتۆپیایی، ئەوەش بەهۆی خەیاڵکردنی دیدگایەکی ئاست بەرزی ژیانەوەیە، بەڵام هەموویان پەروەردەکارانی مرۆڤدۆستی هاوچەرخن. بۆ نموونە ئالۆنی (٢٠١٤) دەڵێت:" هاوبەشیی پابەندبوونێکن بۆ بە مرۆڤکردنی خوێندکارەکانیان لە ڕۆحێکی ئازادی فیکریدا". هەروەها ئەفلاتون لە تیۆری پەروەردەی خۆیدا یەکێک لەو مرۆڤە ئازادانە وێنا دەکات کە دەتوانێت، لە سەرەتاوە کۆیلایەتی لەناو ئەشکەوتەکەدا تێکبشکێنێت پاشان دەربچێت، بەڵام لای ئەفلاتون تەنها ئەوە بەس نییە، بەڵکو ئەم پیاوە جگەلەوەی خۆی ڕزگار دەکات، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوتەکە و هاوکاری ئەوانی دیکە بکات بۆ شکاندنی کۆیلایەتییەکەیان و دواتر لە ئەشکەوتەکە بکشێتەوە هەتا یارمەتی ئەوانی دیکە بدات. ئەمەش دروست مانای ڕزگاربوونە لە هەردوو شێوەی خۆسەپێنراو یان فۆرمەکانی تری مامۆستای وانەبێژ کە لە ڕەوشی ئێستای خوێندنی هەرێمی کوردستاندا باوە و زۆر زۆریش لە سەرەتای تێگەیشتن لەهەر مانایەکی ئازادی ئینسانداین. ئەوە دروست ئاماژەیەکە کە لێرە ئینسانێك بەرهەم دێت تەنها خەمی ژیانی خۆیەتی، یاخود لەڕووی مەعریفەوە، مەعریفە بووەتە هۆکارێك بۆ دامەزراندن، بۆ دۆزینەوەی کار، نەبووەتە هۆکارێک بۆ خەڵەتی خاوێنی، دەسپاکی، پەروەردە، جوانی، ئەدەب و دەربڕین. لێرە لێهاتوویی بۆ بردنەوەی پێشبڕکێ و جێهێشتنی ئەوانی ترە. لێرە نمرەی بەرز بۆ ئەوەیە خاڵی زۆرتری زەمینەی دامەزارندن مسۆگەر بکات، نەک توانای زیاتر ببەخشێتە ئەوانی تر هەتا نمرەیان بەرز بێت. لێرە مەعریفە پێشبڕکێیە، نەریتی پاڵەوانبازییە بۆ خستنەژێری ئەوی تر، نەک سەرخستنی ئەوی تر.
لەڕاستیدا، مرۆڤگەراکان ئامانجیان ئەوەیە ئەو جۆرە پەروەردەیە پێشکەش بکەن کە یەکەمجار خوێندکارەکانیان لە کۆت و بەندەکانی نەزانی، نامۆبوون و درۆ ڕزگار بکەن. پاشان بەهێزیان بکەن بۆ بەدیهێنانی توانا مرۆییەکانیان و سەرکردایەتیکردنی سەربەخۆیی مرۆڤ. لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا ڕاستییەک هەیە کە دەتوانین بڵێین: "هەموو سیستەمێکی پەروەردەیی ئامانجێکی ئەخلاقی هەیە، هەوڵی بەدەستهێنانی دەدرێت. کە دەیەوێت جۆرێکی دیاریکراو لە مرۆڤ بەرهەمبهێنێت. دیارە ئەمڕۆ لە هەندێک نەتەوەدا مەبەست لێی بەرهەمهێنانی کەسانی بەرپرسیارە لەڕووی ئەخلاقییەوە، لە هەندێکی تردا تەکنیکارن، هێشتا لە هەندێکی تردا کرێکاری ماندوون. ئەو پرسیارەی لێرەدا شایەنی باسە ئەوەیە کە ئامانجی ئەخلاقی سیستەمی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا چییە؟
سێهەم/ هەرێمی کوردستان بەنموونە:
خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا لەڕووی چەندێتییەوە چوارچێوەیەکی گەلێ گەورە و پانتاییەکی بەرفراوانی داگیر کردووە. هێزی مرۆیی و بایەخێکی زۆر زۆری زەمینەی کۆمەڵایەتی هەرێم وابەستەیە بە پرس و پەیجوریی خوێندنی باڵاوە. وەلێ ئەم بایەخدانە بۆ ئامانجێکی بەرتەسک و بڕستێکی بابەتیانە نیە کە فەلسەفەی خوێندی باڵا لەناویدا خۆی ببینێتەوە.
لێرە بەتەواوی وەختە دەرگای زانستەمرۆڤایەتییەکان دادەخرێت، وەختە دەرگای کلتوور، فەرهەنگ، ئایین، ئەدەب و سیاسەتێکی ئەکادیمی و ئاوەز ئاوت دەکرێت، چونکە هەموو ئەم زانستانە زیهنییەتی ئینسانی ئەمڕۆ یاخود خوێندکاری ئەمڕۆ شەیدای نابێت، ئینسانی ئەم هەرێمە بە ماڵبات و خێزان و خوێندکار و مامۆستا و وەزیرەوە، واریسی وێنایەکی مادییە، چلۆن خەڵکێک بهێنە پێشەوە پیشەیەکیان هەبێت و لە بازاڕی کاردا بتوانێت بڕسی بەدەستهێنانی ماددەی هەبێت. هەربۆیە دەبینین پزیشک پێناوێکە و پلیکانەیەکی سەرکەوتووی دوامەنزڵی مرۆڤی لێهاتووی ئەم هەرێمەیە، تەنها لە سۆنگەی بڕستی ماددییەوە. لەکاتێکدا لۆژیکی فەلسەفەی خوێندنی باڵا ڕێک لەم دێڕەدایە، کە دەبێت فەلسەفەی خوێندنی باڵا نیشتمانسازیی و ئینسانسازیی بکات، نەک ئەوان بەگوێرەی قاڵب و قەدەری بازاڕ بنێردرێنە نێو دوکان و مارکێتە مادییەکانەوە. ئەو هەوڵەی هەرێم لە ئەمڕۆدا یەک بەیەکی بەشەکانی زانکۆی بۆ دەکرێتەوە، دانەدوواوەیە، دوور هەتا نزیک لە هیچ میتۆدێکی خوێندنی باڵای پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا شوێنی نەبووەتەوە. هەربۆیە دەبینین یەک توێژینەوەی ناو دەیان بەشی جۆراوجۆری زانستی مرۆڤایەتی نەبووەتە ڕاسپاردەی ڕاشکاوانە و ڕەخنە و ڕیفۆرمی یەک وەزارەتی پەیوەست بە ژیانی ڕۆشنبیریی و ئایینی و کۆمەڵایەتی ئینسانی ئەم هەرێمەوە. ئەوە جیا لەوەی خودی خوێندنی باڵا گەمەی گیانە سیاسیی و حزبییەکەی هەرێمە و یاسای ١٩٩٣ باشتر و بابەتیانە پێکابووی. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٨ یاسایەکی هەموارکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا پەسەند کرا. بەپێی بۆچوونی یاسادانەران، ئەم یاسایە دانراوە هەتا پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە (فەلسەفەی خوێندنی باڵا و ستراتیجییەکەی) وەزارەتدا ڕەنگبداتەوە. هەروەها، گوایە ئەم یاسایە پشتی بە بنەمای (ناسێنتڕالی بۆ دەزگاکانی خوێندنی باڵا لەلایەنی دارایی و کارگێڕییەوە و چڕکردنەوەی لەسەر بەشەکانی زانستی لە زانکۆکان وەکو ناوکی بنچینەیی و… کەمکردنەوەی کەلێن لە نێوان دەزگاکانی خوێندن لە هەرێمدا لەگەڵ زانکۆکانی جیهانی و خۆگونجاندن لەگەڵ پەرەسەندنەکانی جیهانی لە مەیدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لاکردنەوە لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان) بەستووە. لە ماددەی دووەمدا ئامانجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریکراون: (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکراوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پەسند کراوە).
جودا لە یاساکانی پێشتر، لەم یاسایەدا بۆ یەکەمجار (دروستکردنی کەسایەتیی مرۆڤ بەشێوەیەک کە پشت بە بیرکردنەوەی ئازاد و کارکردنی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و گەشەدار) وەک ئامانج لە خوێندنی باڵادا دیاریکراوە. هەروەها لەم یاسایەدا (پاراستنی کەلەپووری گەلی کوردستان) و گرنگیدان بە (مێژوو و بەهاکانی کۆمەڵگە) و (ڕۆشنبیریی گشتی و بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتیمانی) و زمانی کوردی بۆ خوێندنی زانستە مرۆیییەکان بوونەتە ئامانج. کەچی هیچکام لەم یاسایانە لە ئێستادا نەبوونەتە بەڵاگەردانی هەموو ئەو ئافاتەی ئاوزی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئینسانی ئەم هەرێمە.
ئێمە پێویستە بزانین، کە فەلسەفەی خوێندنی باڵا لە بنچینەوە بۆ ڕێکخستن و ڕێنومایی و ڕووئیای ئینسانی پێشەنگ لەدایکبوو. ئەوەتا یەكەم ئەكادیمیای زانستی لە سەردەمی یۆنان، كە ئەویش 300 ساڵ پ.ز بووە. لەسەر باكگراوەندی ئەم مێژووە گرنگە ئەو پرسیارە بكەین، ئامانجی ئەفلاتوون لە دامەزراندنی ئەم ئەكادیمیایە چی بوو؟ بێگومان تەنیا ئامانجی ئەوە بوو، ئەو كەسانە لەو ئەكادیمیایە بخوێنن، كە حەزیان لە لۆژیك و مەعریفەیە، بۆئەوەی مەعریفەی تازە بەرهەم بهێنن، ئەمە پێمان دەڵێت، بناغەی دامەزراندنی ئەكادیمیای زانستی تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، نەك بەرهەمهێنانی كارمەندی تەكنۆكرات، یان هەوڵبدات كاریان بۆ بدۆزێتەوە.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، بەرهەمهێنانی مەعریفە سوودی چییە؟ بێگومان ئەگەر توانیمان مەعریفە بەرهەم بهێنین، ئەوا ئەو مەعریفەیە لێهاتوویی بۆ قوتابی دروست دەكات و بەپێی لێهاتوویی خۆی لە كۆمەڵگە كار دەدۆزێتەوە، ڕاشكاوانەتر لێهاتوویی مەعریفە كار دەدۆزێتەوە، نەك دەرچوواندنی ئەكادیمی كە كەموكورتی لە هەموو بوارەكانی مەعریفەدا هەیە و نەیتوانیوە كادرێكی تەكنۆكراتی زانستی و لێهاتوو بەرهەم بهێنێت.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بەراوردێك لە نێوان فەلسەفەی خوێندنی باڵا و فەلسەفەی حكومەتی هەرێم بۆ خوێندنی باڵا بكەین، دەبینین دابڕان و هاودژییەكی گەورە هەیە و لەگەڵ بنەما فەلسەفییەكەی ئەكادیمیا یەك ناگرێتەوە، هەر ئەمەش وایكردووە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە كوردستان ببنە ئامرازێك بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ خەڵك بدۆزێتەوە، لەڕاستیشدا ئەمە كاری گەوهەری هیچ زانكۆیەك نییە.
چوارەم/ ڕاسپاردە و ڕیفۆرم:
ئەمڕۆ جیهان بە خێراترین پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زانست تێ دەپەڕێت، ئەگەر ئێمە بمانەوێت لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە هاوشان بڕۆین (كە زۆر زەحمەتە بتوانین)، ئەوا دەبێت لە بوارەكانی زانستە سرووشتییەكان (فیزیا، كیمیا، بایۆلۆژی و ... تاد)، هەروەها لە بواری زانستە مرۆییەكان (یاسا، سیاسەت، كۆمەڵناسی و ... تاد)، مەعریفە بەرهەم بهێنن، ئەوكات دەتوانین نەخشەیەكی سیاسی و تەكنەلۆژیی ئەوتۆ دابڕێژین، كە بتوانین لەگەڵ ئەم پێشكەوتنە خێرایە مامەڵە بكەین.
دیسان ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا زانكۆكانی كوردستان چ كادرێكی تەكنۆكراتی زانستی لە هەموو بوارەكانی ژیان پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: بێگومان ئەو كادرانە پێشكەش دەكات، كە «لێهاتوویی مەعریفەی زانستیان» ناتەواوە، یان توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەیان نییە، بۆئەوەی لە كارەكانی خۆیان سەركەوتوو بن. هەر بۆ نموونە پزیشكێك بەرهەم دەهێنێت، توانای مەعریفی لەو ئاستە نییە كە وەك پێویست دەستنیشانی نەخۆشییەكان بكات و چارەسەری گونجاوی بۆ هەڵبژێرێت، مافناسێك بەرهەم دەهێنێت كە توانای تەفسیری دروستی بۆ یاساكان نییە، ئەندازیارێك بەرهەم دەهێنێت، كە نەتوانێت پڕۆژەیەك بە سەركەوتوویی ئیدارە بدات، ئەمە بۆ هەموو بوارەكانی دیكەش، هەربۆیە ئێستا كە سەیری كۆی جومگەكانی دامەزراوەكانی حكومەتی خۆمان دەكەین، دەبینین لەبەرئەوەی نەتوانراوە كادرێكی تەكنۆكراتی زانستیی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێن كە «لێهاتوویی مەعریفەی زانستی» هەبێت، ئەوا وەك لەبەر چاوە، سڕبوون و سستییەك بە هەڵسوڕانی دامەزراوەكانەوە دەبینین، وەك ئەوەی بڵێین دووچاری پەککەوتن بووە.
لە هەموو ئەم دەرهاویشتە خراپانەی نەبوون و بەرهەمنەهێنانی مەعریفەش، زەرەرمەندی یەكەم هاووڵاتیانی كوردستانن. جیا لەوەش، پێویستە هەست بە مەترسییەکی تریش بکەین کە دیسانەوە لەم هەرێمەدا لۆژیکی ماددە وەختە ویژدانی ئینسانە بە ئەخلاقەکانی ناوی بهاڕێت. ڕۆژانە پرۆسەی خوێندن دەكرێتە تایبەت و دەكرێتە پارە، ئەمەش زیاتر قۆرخكاری خوێندنە بۆ منداڵی بەرپرس و سەرمایەداران! ئەمڕۆ هەر بڕوانامەیەكی خوێندن وەك كاڵایەك لە زانكۆ تایبەتەكان بە خوێندكار دەفرۆشرێت، ئەمەش لەسەر حسابی فەلسەفەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت، کە نەتوانراوە هیچ نەبێت، زانست و زەمینەی خوێندن لە دەرەوەی گەمەی گەندەڵی و گەپجاڕی سیاسی و سیمای ناتەوای ژیان و ژینگەی شێواوی ناوچەکە بهێڵنەوە.
سهرچاوهكان
-Aloni, N. (2014). Humanistic education. Encyclopaedia of Educational Philosophy and Theory, 1-5.
-Altbach, P. 2008. The complex roles of universities in the periods of globalization. Higher Education in The World 3: 5–14.
-Bevel, M. W. (2008). Empathy: A difficult journey through public education in 2008. Journal of Philosophy and History of Education, 11-15.
-Bhardwaj, B. (2014). Humanism in Sartre’s philosophy. International Journal of Humanities and Social Science Invention, 12.
-Biggs, J. 2002. The Subverstion of Australian universities. In To the limits of Acceptablity: Political control of higher education, ed. W. Bostock, 19–40. Wollongog: Fund for Intelectual Dissent.
-Bloom, A. 1987. The closing of the American mind: How higher Educationhas failed democracy and impoverished the soul of Today's students. New York: Simon Schuster INC.
-Copson, A. (2015). Handbook of humanism. John Wiley & Sons, Ltd.
-Dewey, J. 2004. Democracy and education: An introduction to the philosophy of education. Delhi: Aakar Books.
-FDRE. 2015. Education sector development Programme V [ESDP V]. Addis Ababa: Federal Ministry of Education.