نووسینی: عەباس ئەلپارسلان
وەرگێڕانی: وریا عەلی
پوختە
به‌ڕێوه‌بردنی ئەوقاف بەیەکێک لە ڕێكخستنه كارگێڕييه گرنگەکانی دەوڵەتی عوسمانی دادەنرێت، بەوپێیەی سوڵتانەکانی عوسمانی گرنگییەکی تایبەتیان بە وەقف داوە، هەروەها بڕوادارانيش ده‌ستیانكردووه بە وەقفکردنی موڵك و ماڵیان له کاری چاكه و خواپه‌رستیدا، بۆیه هه‌ستاون به وه‌قفكردنی زەوییه‌كانیان بۆ خزمەتکردنی مزگەوتەکان و قوتابخانەکان و خوێندکارانی زانست لەو داهاته‌ی كه به‌ده‌ستده‌هات له‌ڕێگەی وەقفكراوەكانەوە، له‌و سۆنگه‌وه‌ى كه ئەو داهاتانە و پرۆسەی به‌خشینەکان پێویستی بەوە هەبوو بەشێوەیەکی ڕێك‌وپێك ڕێکبخرێت، هەربۆیە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به وه‌قفەکان دامه‌زرا به سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی ئەو دادوەرەی کە پرۆسەی خەرجییەکانی ڕێکده‌خست، هاوكات ڕۆڵی موفتی ده‌ركه‌وت كه چاودێڕى بابه‌ت و كێشه شه‌رعييه‌كانى وه‌قفى ئه‌كرد. هەروەها ڕۆڵی كارمه‌ندانى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه، هەریەکەیان بەپێی پسپۆڕییەکەیان، لە سه‌رژمێری داهات و خەرجییەکاندا. گەشەپێدانيش لەم به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌دا بەردەوام بوو، هەتا گه‌یشته ئه‌وه‌ى له ساڵى (١٢٤٢ ک/ ١٨٢٦ ز) وەزارەت (نه‌زاره‌ت)ی ئه‌وقاف له ده‌وڵه‌تى عوسمانيدا دامه‌زرا.
وشه كليلييه‌كان: سيستمى وه‌قف، وه‌قف، عوسمانى، به‌ڕێوه‌بردن، موفتى
پێشەکی
ئەم توێژینەوەیە باس لە بەڕێوەبردنی ئەوقافەکان لە سەردەمی عوسمانی‌دا هه‌ر لە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانيیه‌وه 699ك/ 1299ز دەکات، ئەویش کاتێک ژمارەی وەقفەكان ڕووی لە زیادبوون كرد بەهۆی فراوانبوونی ڕووبەری جوگرافیای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، توێژینەوەکە هەڵوێستە لەسەر لایەنە کارگێڕیی و داراییەکانی بەڕێوەبردنی وەقفەكانی عوسمانی ده‌كات، كه لەلایەن سوڵتانەکان و خێزانە دەسەڵاتداره‌كان و دەوڵەتمەداران و دەوڵەمەندەکان گرنگی پێدراوه، بەوپێیەی پێویستی بە چاودێری دادوەر و موفتییەکان و بەشداریکردنی کرێکاران و کارمەندان بۆ بەڕێوەبردنی موڵك و داراييه وه‌قفكراوه‌كان هه‌بووه، ئەوەش پێویستی بە دانانی په‌يكه‌رێكى کارگێڕی دارایی هەبووە، كه له ئاستێكی زۆر به‌رزی ڕێكخستندا بێت. هەروەها توێژینەوەکە تەرخانکراوه بۆ لێکۆڵینەوە لە بنەماکانی نامەنووسی و بەڵگەنامەسازی لەنێو عوسمانییەکاندا، کە بە پلەی یەکەم پشتی بە هەڵگرتنی ده‌فته‌ره وەقفییه‌كان بەستبوو، کە تێیاندا گرنگترین زەویی و خانووبەرە بەخشراوەکان كە لەلایەن خەڵکەوە بەخشرابوون تۆماركراون تیایدا، کە لە خاوەندارێتی کەسی دوورخرانەوە و بۆ هەمیشە لەپێناوی خوادا قفڵکران، لەهەمانکاتدا ئەو دەروازانەی کە لە ڕێگەیانەوە ڕێگاكانی به‌خشینی تێدا تۆمارکراوه، له‌وانه‌یه سوود به خه‌ڵكی بگه‌یه‌نن.
وەقف وەک زاراوەیەک بریتییە لە تەرخانکردنی پارە، یان موڵک و ده‌رهێنانی لە خاوەندارێتی کەسیی، واتە موڵک و ماڵی گواستراوه و نەگواستراوه کە خۆى له بابەتی گرێبه‌ستی وەقفدا ئه‌بينێته‌وه، ئەو کەسه‌ش كه وه‌قفه‌كه ده‌كات به وه‌قفكار ناوده‌برێت، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و شته‌ی كه وه‌قفه‌كه‌ی پێده‌كرێت به مه‌وقوف ناوده‌برێت.(2) دامەزراوەی وەقف یەکێک بووه لە گرنگترین دامەزراوە خێرخوازییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، کە خەڵک تێیدا هەوڵیاندەدا چاکە بکەن و چاكه‌خوازى پياده بكه‌ن، لەسه‌روو هه‌موویانه‌وه سوڵتان و ئەندامانی خێزانی دەسەڵاتدار و پیاوە باڵاکانی دەوڵەت و سوپا و زانایان و خه‌ڵكی دەوڵەمەند، به‌ستوویانه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه بۆ هەتا هەتایە خزمەتی خەڵک بکات.
پێش پێکهێنانی نه‌زاره‌ت (وه‌زاره‌ت)ى ئەوقافی هومایونی، بەڕێوەبردنی وه‌قفه‌كان بەپێی مەرجەکانی دامەزراندنی ئەوقافەکان به‌ڕێوه‌ده‌چوو، بەسەرپەرشتی سه‌رۆك وەزیران و شێخی ئیسلام و ئاغاى بابوسه‌عاده، دوای فراوانبوونی دەوڵەتيش، بەڕێوەبردنی ئەوقافەکان بۆ ئیدارەیەکی تایبەت جێهێڵدرا، بۆئەوەی بە وردی و ڕێکوپێکی کار بکات. توێژینەوەکە ئەم پێشەکییە و دوو بەش و ئەنجامێکی لەخۆگرتووه، لە بەشی یەکەمدا کە ناونیشانی بەڕێوەبردنی وەقفی عوسمانی لەخۆگرتووە، لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕۆڵی دادوەر و موفتی و زانا و پشکنەر و نووسەر و کۆکەرەوە و هەموو ئەوانەی لە وەقفەکەدا کار دەکەن كردووه. بەشی دووەمیش بریتییە لە بەڕێوەبردنی دارایی وەقفی عوسمانی، کە تیایدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر بەشەکانی سیستەمی دارایی و ئەو پسپۆڕییەی کە لە بەڕێوەبردنی سندوقەکانی وەقف لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا لەخۆدەگرێت، بە گرنگیدان بە وەقفەکانی هەردوو مزگەوتی پیرۆز لە مەککە و مەدینە، لەهه‌مانکاتدا كۆتاییه‌كه‌ی به دەرەنجامێک ده‌بێت کە توێژەران پێی گەیشتوون.
توێژینەوەکە پشتی بە کۆمەڵێک سەرچاوە بەستووە، دیارترینیان ئەو دەفتەرە داراییانەن کە تایبەتن بە چەمکی ئەوقاف، کە توێژەران لە ئەرشیفی عوسمانی (كه سه‌ر به سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى توركيايه) لە ئەستەنبوڵ دەستیان کەوتووە، ئەوە جگە لە هەندێک سەرچاوەی عەرەبی و تورکی.
تەوەرەی یەکەم: پایه‌كانی وەقف و مەرج و جۆرەکانی
. كۆمه‌ڵگه‌ى ئيسلامى به جۆرێك ورده‌كارييان كردووه له جۆراوجۆركردنى وەقفه‌كاندا كه له ژماره نه‌يه‌ن. بەکارهێنانەکانی ئەوقافەکان زۆر بوون، ئەمەش وایکرد ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کو‌لتووریی ئەو وەقفە زۆر گرنگ بێت. گرنگترین ئەو بابەتانەی كە وه‌قفه‌كان بایەخیان پێداون بریتین له زانست، زانایان، کەسانی خوێندەوار، مزگەوت، ته‌كێ و خانه‌قاكان، مەزارگە، کتێبخانە، هەژاران، بێتواناکان، هەتیوەکان و ڕێبواران. وەقف بە سەرچاوەی ژیان بۆ کۆمەڵگە دادەنرا بەهۆی ڕۆڵی کاریگەرانەی لە هاودەنگی و یەکگرتوویی کۆمەڵگەدا بە دابەشکردنی سامان لە نێوان هەموو چینە کەمدەرامەتەكاندا بەشێوەیەکی هاوتەریب هەمووان قایل بکات. ئەمەش دوو ئەنجامی بەرچاوی لێکەوتەوە، یەکەمیان: ڕەهەندێکی مرۆیی، کە خۆى ده‌بينييه‌وه له کەمکردنەوەی ئازاری کەمدەرامەتان و بەدەستهێنانی بەختەوەری بۆ کۆمەڵگە و چاندنی ڕۆحی خۆشەویستی و هاوئاهەنگی لەنێو تاكەكانی کۆمه‌ڵگەدا. دووەم: ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه خۆی ده‌بینییه‌وه له کەمکردنەوەی دیاردە تاوانکارییەكان کە لە ئەنجامی نائومێدی و بێبەشكردن دروست ده‌بوو.(3)
یەکەم: پایە و مەرجەکانی وه‌قفه‌كان
1- به‌خشه‌ر: یەکێک لە مەرجەکانی وەقف ئەوەیە، کە بەخشەر خاوەنی موڵکی وەقفكراو بێت و دەبێت خاوەنی عەقڵی تەندروست بێت، چ نێر بێت یان مێ.
2- پێبه‌خشراو: یەکێک لە مەرجەکانی ئەو کەسەی کە دیارییەکەی پێبه‌خشراوه ئەوەیە کە شایستەی خاوەندارێتی موڵک و ماڵ بێت، وەک خوێندکاری زانست و هەژاران و نزیكه‌كان. مەرج نییە ئەو کەسەی کە پێیده‌به‌خشرێت موسڵمان بێت، بۆ کافریش ڕەوایە.
3- به‌خشراو: مەرجە سوودی لێوه‌ربگیرێت بەپێی یاساكانی شەریعەت، دروست نییە سوودی لێ وەربگرێت وەکو كاڵایەكی کات بەسەربردن و شەراب و گۆشتی بەراز. ئەگەر وەقفەکە لەسەر بنەمای ئەمانه بووبێت، ئەوا نادروست و به‌تاڵه.
4- شێوازه‌كه‌ی: لەڕووی شه‌رعییەوە دەبێت پابەندکەر بێت، ئەمەش گرنگترین مەرجەکانیەتی، مەرجێکی تریشی ئەوەیە کە سنووردار بکرێت و نەیفرۆشرێت و نەدرێت به دیاری. جگە لەم مەرجانە بە خێر دادەنرێت.(4)
دووەم: جۆرەکانی وەقف
1- وەقفی خێزان: ئەوه‌یه که خاوەن موڵك، به‌روبوومى موڵکەکەی بۆ کەسێک یان چەند کەسێکی تر سنووردار بكات، جا لە خزم و کەسوکاری بن، یان کەسانی تر بن.
2 - وەقفی خێرخوازی: ئه‌وه‌یه كه‌سی خێرخواز به‌رهه‌مى موڵكه‌كه‌ى خۆی بدات به لایه‌نێكی دیاریکراو.(5)
3 - وەقفی خانووبەرە: مزگەوت و بیر و ڕێگا و دوکان و گۆڕستان و پرد، وه‌قفیان دروستە.
4 - وەقفی موڵکی گواستراوه: وەکو کتێب و جلوبەرگ و چەک، بەبۆچوونی زۆرینەی زانایان وه‌قفه‌كه‌ی دروسته.(6)
سێیەم: ئەوقافی ته‌كێ و خانه‌قا و مزگەوت و قوتابخانەکان
ئەوقاف یەکێکە لەو دامەزراوە گرنگانەی کە خۆراكى دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانى وه‌كو، ته‌كێ و خانه‌قا و مزگەوته‌كان و قوتابخانەكان و دابينكردووه. هەموو ئەم دامەزراوانە وەقفی خۆیان هەبووە و وەک دەزانرێت پەروەردە ئیشی حکومەت نەبووە، بەڵکو ئیشی کۆمەڵگە بووە، ئەمەش وایکردووه هەموو خەڵكی لێی بەرپرسیار بێت، ئەوەش وایکردووە هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان کار بکەن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی جۆراوجۆر.(7)
- 1 ته‌كێ و خانه‌قاكان: لە بنەڕەتدا بارەگای یەکێک لە زاناکان بووە، کە تیایدا پێشوازی لە قوتابی و شاگردەکانی کردووە، پێشتر گۆشه‌كان له شاردا بڵاوبوون بەهۆی هاتنی ژمارەیەک مامۆستای ڕێبازی سۆفییەکانه‌وه بۆی و مانەوەیان لەوێ لەپێناو په‌روه‌رده‌كردنی ڕۆحی و فێركاری، هەربۆیه به‌گۆشه‌ی زاناكان ناویان ڕۆیشتووە.(8)
2- مزگەوتەکان: هەندێک لە مزگەوتەکان پەیوەست بوون بە هەندێک ته‌كييه يان خانه‌قايه‌كى دیاریكراوه‌وه، ئەم به‌یه‌كداچوونه تەنها لە ناوەكه‌یدا نەبووە، بەڵکو لە ئەرک و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە، بە هەمان شێوە هەندێک لە ته‌كێ و خانه‌قاكان پەیوەست بوون بە مزگەوتەکانەوە. هه‌موومان ده‌زانین كه مزگه‌وته‌كان ناوەندێکن بۆ خواپه‌رستی و فێرکردن، هه‌روه‌ها ته‌كێ و خانه‌قاكانيش هەمان کاریان كردووە، بەڵام زۆربەی کاتەکان پەناگە و شوێنی نیشتەجێبوون بوون بۆ قوتابیان و کەسانی نامۆ، ناوه‌ندێك بوون بۆ فێربوونی زیكر و ويرده‌كان .(9)
3 - قوتابخانەکان: تەرخانکردنه‌كانی ئەوقاف په‌لى كێشاوه بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی تایبەتمەند بۆ فێرکردنی فیقه و پزیشکیی و کارگێڕی، مزگەوتی بچووک بە قوتابخانەکانەوە گرێدرابوو، پەروەردەش ژن و پیاوی دەگرتەوە، لەم لۆژیکەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە سەردەمەکانی پێشوودا هیچ قوتابخانه‌یەک بوونی نه‌بووه، به‌ڵكو مزگەوتەکان هه‌ستاون بە ڕۆڵی قوتابخانەکان. دوای ئەوە عوسمانییەکان هه‌ستاون به دامه‌زراندنی قوتابخانە ڕووشیدییەكان لە شاری مەدینە، کە زۆربەی مامۆستایانی تورک بوون و وانەکانیان بە زمانی تورکی وتووەتەوە.(10)
چوارەم: ڕۆڵی وه‌قفه‌كان لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و کو‌لتووریی و ئابوورییەوە
1- لایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری: ئەوقاف لە یەك كاتدا دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە، لە شارستانیەتی ئیسلامی‌دا ڕۆڵی گەورەی بینیوە. بەخشینەکە لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری مرۆیی بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی، كە بە پێویستی خۆیان بینی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودای گەورە نەک لەپێناوی شتە دونیاییەکان. ئەو گەشەسەندنەی کە بەسەر وه‌قفه‌كاندا هات لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوو لە چالاککردنی ڕۆڵ و هەمەچەشنکردنی بوارەکانی لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگە. هه‌روه‌ها بەخشینێکی دارایی گەورە بۆ دامەزراوەکانی ئەوقاف هەبووە، ئەمەش بەڵگەی پابەندبوونی کۆمەڵگە بووە بە بنەماکانی ئایینی ئیسلامه‌وه لە په‌یوه‌ندی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بەرانبەر بە کۆمەڵگە.(11)
2 - لایەنی ئابووری: لە ڕوانگەی ئابوورییەوە لە سەردەمی کۆنەوە هەتا ئێستا ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی مرۆڤەکاندا هەبووە، هەرچەندە ڕۆڵی ئەوقاف لە سەردەمی ئێستاماندا زۆر كەمبووەتەوە بە بەراورد بە سەردەمەکانی پێشوو. وەقف ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە چاودێریکردنی هەتیوەکان و هەژاران و نه‌داراندا، بەشێوەیەك وەقف بەشداری دەکرد لە نەهێشتنی بێ‌کاری. هاوکاری جووتیارانی بۆ چاندنی زەوییەکانیانی دەكرد، وەک دانەوێڵە و درەختی به‌ردار، ئەم بەرهەمانەش بەشدارییان ده‌کرد لە بووژانەوەی جوڵه‌ی ئابووری. لەلایەکی دیكەوە بەڕێوەبردنی وه‌قفه‌كان هەلی کاری بۆ زۆر کەس دابین دەکرد.(12)
تەوەری دووەم: بەڕێوەبردنی ئەوقافه‌كانی عوسمانی
لە بنەڕەتدا بەڕێوەبردنی وەقفه‌كان تایبەت (ناحكومى) و سەربەخۆ بووه، لەلایەن بەخشەرەوە بەڕێوەبراوە، کە لە بنەڕەتدا ئەو کەسە بووە کە مافی دانان و دیاریکردنی به‌ڕێوه‌بردنى وه‌قفه‌كه و ئەرک و دەسەڵاتەکانی هەبووە، هه‌روه‌ها دانانی مەرجەکانی پڕكردنه‌وه‌ی پۆستەکانی و خەرجکردن و دابه‌شكردنی داهاته‌كه‌ى وه‌قفكراو بەسەر ئەو لایه‌نانەی کە لە بەڵگەنامەی وه‌قفه‌كه‌دا (كه پێى وتراوه وه‌قفيه)(13) هاتووە، کارەکە بەردەوام بەم بەڵگەنامەیە به‌رده‌وامبووه، تەنانەت دوای دەرکەوتنی دیوانی (البر) یان دیوانی وەقفەكان،(14) سوڵتانەکانی عوسمانی چەند هەنگاوێکیان ناوە بۆ ڕێکخستنی وەقفەكان بەگشتی، وەک چۆن هەر لایەنێك له لایەنەكانی دەوڵەت ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕێکخستنی وەقفەکان، تاوەکو له ئاستێکی بەرزی ڕێکخستندا بن، هەر لایەنێكیش ئەو ئەرکانەی پێ‌سپێردرا کە ئەنجامی دەدا و بەم شێوەیە :
یەکەم: ڕۆڵی دادوەرەکان لە بەڕێوەبردنی وەقفەكاندا
ئەرکی بەڕێوەبردنی پارەی بەخشراو بە دادوەر سپێردرا، دادوەرەکان بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی وەقفەكانیان پێ‌سپێردرا بە پاراستنی سەرچاوه‌كانی و کۆکردنەوەی بڕى داهاتى به‌رهه‌م و پاشان خه‌رجكردنی ئەو بڕە پارانە به‌پێى ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه به خشه‌ره‌كه له به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌قفه‌كه‌دا دیاری كردبوون.(15) وایلێهات دادوه‌ره‌كان سه‌رپه‌رشتی وه‌قفه‌كانیان ده‌كرد و ئەو ناكۆكی و ناته‌باییانەی كه له‌سه‌ر داهاته‌كه‌ی ڕووی دەدا چاره‌سه‌ریان ده‌كرد.(16) هه‌روه‌ك دادوەرەکه مافی ئەوەی هەبوو ڕێگری لە ئیستغلالکردنی دامەزراندن بکات لەلایەن سەرپەرشتیاره‌كه‌ی(17) و چاودێره‌كه‌وه(18). جگەلەوەش مافی ئەوەی هەبووە فەرمانبەر بۆ پۆستە بەتاڵەکانی وەقفەكان دابنێت، لەوانەش سەرپەرشتیاریی و چاودێری، بەڵام بەبێ ئەوەی مەرجەکانی به‌خشه‌ره‌كه (الواقف) تێپەڕێنێت. هەروەها مافی پەسەندکردنی دامەزراندنی کارمەندانی لە دامەزراوەکانی وەقفدا هەبووە.(19) هەموو ئەمانە دوای ئەوەی بووه كه وەقفەکە بەشێوەیەکی یاسایی لەلایەن دادوەرەوە په‌سه‌ند ده‌كرا و لە بەردەم شایەتحاڵەکاندا ڕادەگەیەنرا، کە ژمارەیان هه‌ندێ جار دەگەیشتە بیست کەس.(20) سەرەڕای ئەوەش، دادوەر دڵنیا دەبوویەوە لەوەی کە وەقفەکە پارێزراوە و لە دۆخێکی باشدایە بە ناردنی کەسێکی متمانەپێکراو لەلایەن دادوەرەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دۆخی وەقفەکان له‌پێناو چاککردن و چاککردنەوەيدا.(21) هه‌روه‌ك دادوەر پشکنینی ژمێریارییەکانی ساڵانەی دەكرد، ئه‌وانه‌ی کە پێویستیان بە ڕێکخستنی داهاتی وەقفەکان هه‌بوو، هەروەها دابەشکردنیان به‌شێوه‌یه‌كی دروست. هەروەها سەرپەرشتیکردنی ئەوقافە بەکرێگیراوەکان و بەکرێدراوەکان، بۆئەوەی بزانرێت چ مەرجێکی بەخشەر جێبەجێکراوە، جگەلەوەش لە دەسەڵاتی دادوەردابوو کە ڕەزامەندی بدات بۆ قەرزی پارە (پێدانى بڕێك پاره) بۆ پاراستن و چاككردنی ئەو وەقفانە بۆئەوەی کارەکانیان بەردەوام بێت.(22) به‌ڵام سه‌باره‌ت بەو وەقفە كۆنانه، ئه‌وه ئه‌ركی دادوه‌ر بووه كه له هه‌ندێ كاتدا دامه‌زراوه‌كانیان بپشكنێت و نوێ بكاته‌وه. ئه‌م تێڕوانينه به‌سه‌ر ئه‌و وه‌قفانه‌شدا جێبه‌جێكرا کە پێش سەردەمی عوسمانییەکان بوونیان هەبووە، کە لەلایەن دادوەرەوە تۆمار ده‌كرا و جارجار چاكسازییان تێدا ده‌كرا. له‌هه‌مانكاتدا دادوەر دەبوو لێكۆڵینەوە لە نەوە ڕەسەنەکانی بەخشەرەکە بكات، هەربۆیە پرسیاری لەبارەی ڕەچەڵەکیانەوە دەکرد، ئەوانەشی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە نەوەی بەخشەرن، دەبوو ئەوە لە بەردەم دادوەردا بسەلمێنن.(23)
دووەم: ڕۆڵی موفتی لە بەڕێوەبردنی وەقفەكاندا
موفتی ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی وەقفەكاندا، پێويستيش به موفتى کاتێک ده‌رئه‌كه‌وت کە کێشەیەكی شه‌رعى ڕووبەڕووی دادوەر دەبوویەوە، لەم دۆخەدا موفتی به موفتی ئەوقاف ناودەبرا، کە سه‌یری داوا یاساییه‌كانی وەقفەكانی ده‌كرد.(24) بۆ نموونه كه‌سێك موڵک و ماڵه‌كه‌ی دەكردە وەقف، بۆئەوەی خۆی لە قەرزێک بپارێزێت، له‌وكاته‌دا موفتی فه‌توای سەبارەت بە درووستی ڕێژەی بەخشینەكە ده‌دا، گۆڕین و فرۆشتنی وه‌قفه‌كه و هاوشێوه‌كانیان هه‌مان حاڵه‌تیان هه‌بوو.(25)
سێیەم: ڕۆڵی كارمه‌ندان لە بەڕێوەبردنی وەقفەكانی عوسمانی‌دا
له هەموو دامەزراوەیەکی وەقف لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا لانیکەم دوو کەسیان هەبوو لە بەڕێوەبردنیدا کاریان دەکرد، ئەوانیش کارگێڕ و سەرپەرشتیار بوون، تەنانەت لە دامەزراوەی وەقفی سنوورداریشدا، به‌ڵام سەبارەت بە وەقفە گرنگ و گەورە و ئاڵۆزەکان، ئه‌وه نزیکەی پەنجا خزمەتکار هەبوون بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی وه‌قفه‌كه، نموونەش له‌سه‌ر ئه‌مه وەقفەکانی هه‌ردوو سوڵتان سەلیمی یەکەم (١٥١٢ - ١٥٢٠ ز) و سلێمانی قانوونی (1520 - 1566 ز)(27) و سوڵتانه‌كانى تر و سەرکردە گەورەکان و پارێزگارەکان و دەوڵەتمەدارەکانی تر، هەر خزمەتکارێک لەم وەقفەدا ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەبوو، بەم شێوەیە:
1- پشکنەر: پڕۆسەی پشکنینی ئەوقافە جێهێڵراو و ڕووخێنراو و پشتگوێخراوەکانی پێ دەسپێردرێت، گرنگترین پێشنیازەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و چاککردنەوەیان دەخاتەڕوو، پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم دادوەر، دامه‌زراندنی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌كان یان خاوەنی ئەوقافەکەوه ده‌بێت.
2 - سەرپەرشتیار: ئەو خزمەتکارەی کە ئەرکی کڕین و چاودێریکردنی خۆراک لە دامەزراوەکانی ئەوقافدا پێسپێردراوە.
3- باجگر (کۆکەرەوەی داهاته‌كان): ئەم ئەرکە لە هەندێک دامەزراوەی وەقفدا لەلایەن دوو باجگر یان زیاترەوە به‌ڕێوه‌ده‌برێت، وەک لە وەقفەکانی والی سینان پاشا لە دیمەشق(28) و وه‌قفه‌كانى سوڵتان سەلیمی یەکەم و سوڵتان سلێمانی قانوونی(21)، بەتایبەت کە زۆربەی باجگره‌كان دانیشتووی ئەو ناوچانە بوون کە وەقفیان لێ بوو.
4- نووسه‌ر: ئەمە یەکێکە لەو کارانەی کە سوڵتان سلێمانی قانوونی مەرجی داناوە بۆ ئه‌و کەسانه‌ی كه ده‌بنه نووسەر له ئەوقافەکاندا، دەبێت بە ڕەحم و دەستپاک بێت و به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داهات و خەرجییەکانی ئەوقافدا بکات، بەبێ ئەوەی سته‌م لەو کەسانە بکات کە تێیدا کار دەکەن، یان ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوقافدا هەیە، هەندێکیان ئەم کارەیان لە باوکیانەوە بە میرات وه‌رگرتووە.
5 - کارەکانی تر: بۆ پاراستنی وەقفەكان کرێکار دادەنرا، وەک پاککەرەوە (كه‌ناسه‌كان)، كارگوزار، دەرگاوان و کرێکاری داگیرساندن (چراکار) و دارتاش و گۆڕستانپارێز، هەروەها پشکێک بۆ ئافرەتان لەو کارانە تەرخانکرا.(29)
6 - چێشتخانەی خێرخوازى : زۆر کرێکار هەبوون کە بۆ جێبەجێکردن یان گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەوقاف لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێنران، بەتایبەتی لە چێشتخانەی خێرخوازيدا، گرنگترین کارەکانی ئەم بوارە سەرپەرشتیاری خۆراک، چێشتلێنەر و خوێندکاری چێشتلێنەر و كۆگای خوارده‌مه‌نی.(30) گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە کرێکاران لە دامەزراوەی وەقفەكاندا، له موسڵمانان بوون، ئەوەش لەبەرئەوەی بابەتەكە تەواو ئایینییە.(31) بۆ هەر دامەزراوەیەکی ئەوقاف شێخێک دادەنرێت، بۆ مزگەوتەکەش ئیمامێک، بانگبێژێک، ئه‌فسه‌رى رێگاوبان، دەرگاوانێك، دابه‌شكارێکی ئاو، نان دابه‌شكه‌رێک و ئاشه‌وانێک. جگە لەو کرێکارانەی کە پێشتر باسمان کرد، بۆ هەر یەکێک لەو كه‌سانه‌ی بۆ ئه‌م پۆستانە مەرجی بۆ دیاریكراوه، کە هاوتا بێت لەگەڵ ئەو ئەرکەی کە پێی سپێردراوە، بۆ نموونه هەرکەسێک لە کارەکانی پەیوەست بە خۆراک و تەندروستی گشتی کار بکات دەبێت خاوه‌نی وردبینی و ئه‌مانتپارێزیی و دەستپاکی بێت. دەوڵەتی عوسمانی به مه‌رجی گرتبوو ئه‌و كرێكار و سه‌رپه‌رشتیارانه‌ی كار ده‌كه‌ن له وه‌قفه‌كاندا ده‌بێت له شوێنكه‌وته‌ی مه‌زهه‌بی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت بن.(32)
جگە لە هەموو ئەوانەی سەرەوە كه باسكران، زانایان له ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا ڕۆڵێکی سەرەکییان هه‌بوو لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی وەقفەكاندا، لەهەمانکاتدا جیاووكی تایبەتییان هەبوو، لەوانە هه‌بوونى پارێزبه‌ندى له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى پاره‌كانيان، ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه ببن به چينێكى پاره‌دارى كۆمه‌ڵگه. (33) لە ساڵی ٩٩١ی کۆچی/ ١٥٨٣ی زایینی، دادوەری کۆنیا كە ناوی کارا باجاکزادە محه‌مەد چەله‌بی بوو، خاوەنی وه‌قفێك بوو به بەهای 10000 ده هه‌زار ئاڵتون كه به‌رانبه‌ره به 6000 شه‌ش هه‌زار ئاقچه(34)، ئەم وەقفە بەیەکێک لە گەورەترین وەقفەکانی کۆنیا و دەوروبەری لەو کاتەدا دادەنرا. هه‌روه‌ك زانایان بەرپرسیار بوون لە سەرپەرشتیکردنی وەقفەكان و له باج ده‌به‌خشران، به‌تێپه‌ڕبوونی كات بوونە بەشێک لە چینی دەوڵەمەند لە وڵاتەکەدا، هاوشێوه‌ى چينى شێخولئيسلام و دادوه‌رى سه‌ربازى.(35)
ئیدارەی گشتی وەقفەكان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا به وه‌قفى ناوچە عەرەبییەکانيشه‌وه دابه‌شكرابوون بەسەر سێ بەشی ڕوون و ئاشکرا، به‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه:
یەکەم: وەقفە ڕێكخراوه‌كان(٣٦): ناوێک بوو بۆ ئەو وەقفانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبران و ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرپەرشتیاری وەقفەكانەوە ئیدارە دەكران(٣٧)، ئەو وەقفە ڕێكخراوانه‌ش سێ جۆر بوون:
أ- جۆری یەکەم، وەقفی سوڵتانە عوسمانییەكان، ڕاستەوخۆ لەلایەن سوڵتانەوە بەڕێوەدەبران، یان هەرکەسێک سوڵتان لەنێو وەزیرەکانی ئه‌وقافدا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كه‌ی دیاری دەکرد.
ب- جۆرى دووه‌م ئه‌و وه‌قفانه‌يه كه ئه‌و كه‌سه‌ى له لايه‌ن به‌خشه‌ره‌كه‌وه ڕاسپێردرابوو بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى وه‌فاتى كردووه و دواى خۆيشى هيچ له‌نه‌وه‌يه‌كى له دوا به‌جێ نه‌ماوه.
ج - سەبارەت بە جۆری سێیەم، ئەو وەقفانەن کە کارمەندانی وەقفەکە ده‌ستیان هه‌بوو له به‌ڕێوه‌بردنیدا، سه‌رپه‌رشتیاران ئه‌وانه‌ی كه به‌خشه‌ره‌كان به مه‌رجیان داناوه له بەڕێوەبردنی وه‌قفه‌كاندا و بڕێكی دیاریكراو پاره‌یان پێ بدرێت، هەرچەندە لە ژیاندان و نەوەکانیان لەناونەچوون، ئەم جۆرە لە جۆرەکانی تر جیاکرایەوە، بەوه‌ی پێی دەوترێت (بەڕێوەبردنی وەقفە ڕێكخراوه‌كان).(38)
دووه‌م: ئه‌وقافه پاشكۆكان، ئه‌و وه‌قفانه‌ن كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری تایبه‌تەوه به‌ڕێوه‌ده‌بران و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن وه‌زيرى ئه‌وقافه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كران.
سێیەم: له‌كۆتاییدا وەقفه جیاكراوه‌كان، ئەویش ئەو وەقفە بوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی تایبەتەوە بەڕێوەدەبران بەبێ دەستێوەردانی وه‌زيرى ئەوقاف، له‌گه‌ڵ سپاردنى به‌ڕێوه‌به‌رانى ئه‌م وه‌قفانه له لايه‌ن هه‌ندێ كه‌س و خێزانه‌وه. ئەم جۆرە بەڕێوەبردنی وەقفە لە ناوچه عەرەبیه‌كاندا بەدی دەکرێت، وه‌ك ئەوقافی گەیلانی لە عێراق، کە لەلایەن بنەماڵەی گەیلانییەوە بەڕێوەدەبرێت بەبێ پێویستی دەستێوەردانی ئیدارەی وه‌قفه‌كان.(39)
تەوەری سێیەم: بەڕێوەبردنی دارایی ئەوقاف لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا
بەهۆی زیادبوونی داهات و خەرجییەکانی ئەوقاف، یەکەم بناغە بۆ بەڕێوەبردنی دارایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دانرا و ئەم داهاتانه بوون به بەشێک لە داهاتی گشتی دەوڵەت، لە ساڵی ١٥٢٨ز داهاتی موڵک و وەقفی تایبەت له‌سه‌دا دوانزە بوو لە کۆی داهاتی گشتی ده‌وڵه‌ت، به جۆرێك كه گه‌یشته 60 مليۆن ئاكچه له كۆى داهاتى سه‌ره‌كى كه پێكهاتبوو له 538 مليۆن ئاكچه، (40) به‌پێی ئەم بنەمایە، بەڕێوەبردنی دارایی بەسەر چوار بەشدا دابەشکرا:
یەکەم: بەشی ڕۆژنامە يان ڕۆژنامچه (دەفتەری ڕۆژانە)(41)
ئەو ناوەیە کە بە ده‌فته‌رەکانی داهات و خەرجی ڕۆژانە ده‌وترا، یان ئەو ده‌فته‌ره تایبه‌تانەی كه ڕووداوەکانی ڕۆژانه‌ی تێدا تۆمار ده‌کرا، ئەو کەسەی ئەم ده‌فته‌رەی هەڵگرتبوو بە (ڕۆژنامەچی) ناسرابوو، کە ئەو وشەیە لە جیاتی ژمێریار بەکارهاتووە، ئه‌و ڕۆژنامه‌چییه ساڵانە جارێک یان دوو جار حساباتی خۆی بۆ بودجەی وەقفەکە پێشکەش دەکرد، لەگەڵ پوختەیەکی گشتیدا، بۆ سوڵتان یان سه‌رۆك وەزیر.(42) دەفتەرەکانی تایبەتی ڕۆژنامچه بەسەر دوو جۆردا دابەشکرابوون، به جۆری یه‌كه‌میان ده‌گووت قه‌ڵه‌می ڕۆژنامچه‌ى بچووك (Küçük Rûznâmçe Kalemi)، كه وەک یاریدەدەری قەڵەمی ڕۆژنامچەی گەورە کاری دەکرد، له‌م ده‌فته‌ره‌دا هه‌موو حساباته‌کانی ڕۆژانه‌ی چوونه ژووره‌وه و لێده‌رچوونی خه‌زێنه‌که‌ی تێدا تۆمارکراوه، له پاره و زێڕ و زیو و قوماشی گرانبه‌ها و ... هتد، سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌م که به ڕۆژنامچەی گه‌وره ناسراوه (Büyük Rûznâmçe)، ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌یه که به‌رده‌وام بوو له کارکردن هەتا سەرهەڵدانی وەزارەتی دارایی (مالیة نظارتي) لە ساڵی (1253ك/ 1839ز). پەیوەندی بە هەموو مامەڵەکانی تۆمارکردنەوە هەبوو بۆ هەموو سەرچاوە و خەرجییەکانی ناو گەنجینە، بە یەکەم فەرمانگە دادەنرێت له بازنه‌ی گەنجینەدا کە سه‌رپه‌رشتی تۆماری ڕۆژانەی ئەو سەرچاوانەی ده‌كرد كه بەدەستهاتبوون لە كەرتەكان و وەقفەكان و باجەوە، ئه‌م قه‌ڵه‌مه هه‌ڵده‌ستا به خه‌رجكردنی مووچه‌ی ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه كاریان ده‌كرد لە حساب و تۆمارەکانی ئەو شتانەدا کە ڕۆژانە لە خەزێنەدا دەچووە ژوورەوە و دەهاتە دەرەوە.(43)
دووەم: چاوپێكەوتن(وردبینی)
بریتییە لە پرۆسەی وردبینیکردنی خەرجییەکان کە لە گەنجینەی دەوڵەتەوە دەچووە دەرەوە، ئەم فەرمانگەیە دابەشکرابوو بۆ دوو بەش، یەکەمیان بەشی چاوپێکەوتنی سوارە، كه پەیوەندی بە تۆمارە تایبەتەکانی مووچەی سوپاوە هەبوو، جگە لە بەڕێوەبردنی تۆمارکردن بۆ دامەزراندن و دەرکردن و بابەتە کارگێڕییەکانی دیکە، سەبارەت بە فەرمانگەی دووەم ناوی تۆماری چاوپێکەوتنی پیادە بوو، دامەزراوەكە مامەڵە و ڕێکارەکانی پەیوەست بە مووچەی ئه‌وانه‌ی له دەربارەی سوڵتان و ئەوانەی لەناو کۆشکدا کاریان دەکرد و چێشتخانەکانی پیادە (سەربازان) .(44)
سێیەم: موڵکی بەخشراو (موڵک)(45)
ئەو موڵکەیە کە بۆ مەبەستێکی ئایینی یان خێرخوازی بەخشرابوو، نووسینگەیەکی تایبەتی هەبوو بەناوی فەرمانگەی ژمێریاری ئەوقاف (أوقاف محاسبەسی). له‌م نووسینگه‌یه‌دا پاراستنی تۆماری به‌خشراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئه‌و مووچانه‌ی كه ده‌درا به زانایان و کرێکاران و سه‌رپه‌رشتیاران لە دامەزراوەکانی وەقفدا ده‌كرا.(46)
چوارەم: ژمێریاری (تۆماری ژمێریاری یەکەم)
فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری پێکدێت لە (تۆماری ژمێریاری یەکەم)، بە گەورەترین و گرنگترین فەرمانگە لە سیستەمی دارایی عوسمانی‌دا دادەنرێت و سه‌رپه‌رشتيار و چاودێريش بوو به‌سه‌ر نووسينگه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى دارایی(باب دفتري)دا، ئه‌م فه‌رمانگه‌يه‌ش دابەشکراوە بەسەر چەند تۆمارێکدا:
1 - تۆماری ژمێریاری ئەنادۆڵ: یەکێکە لە تۆمارەکانی سەر بە بەشی (باب ده‌فته‌ری) و كاروباره‌كانی ئه‌وقافی تایبه‌ت لە ئەنادۆڵ بەڕێوەده‌بات، له كاروباری سه‌رپه‌رشتیكردن و پاره‌وه‌رگرتن و نووسین و پێشنوێژیی و وتاربێژیی و هاوشێوه‌كانیان، هه‌روه‌ها وەقفی سوڵتانه‌كان و وه‌زیره‌كانیش.
2- تۆماری حه‌ره‌مەین (مه‌كه و مه‌دینه): ئەرکی ئەم قەڵەمە بریتی بوو لە ژماردن و تۆمارکردنی ئەو پارە و دیارییانەی کە هەموو ساڵێک بۆ هەردوو مزگەوتی پیرۆز لە مەککە و مەدینە دەنێردرا.
3 - تۆماری جزیه: ئەمە ئەو تۆمارەیە کە ئەرکی پێداچوونەوە بوو بە هەموو کاروباری کارگێڕی و دارایی و ئامادەکردنی ئەو کاغەزانەی پەیوەندییان بە جزیەوە هەیە و دابەشکردنی بەسەر خەڵکی زیممە (غەیرە موسڵمانان)،(47) عوسمانییەکان جزیه‌یان بە بەشێک لەو ئەرکە شه‌رعییە دەزانی کە دەبێت بپارێزرێت.
4- تۆماری وەقفە بچووکەکان: ئەو تۆمارەیە کە بەرپرسە لە حساباتی وەقفە بچووکەکان کە بە (سه‌رپه‌رشتیاری خێره‌كان) ناسراوە، لە سەردەمی عوسمانی‌دا بە (صدقة تولیلری) ناسرابوو، ئەمانە هەندێک لەو وەقفانەن كە دەکەونە ئەستەنبوڵ و ڕۆملیی و ئەنادۆڵ و لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سه‌رۆك وەزیراندا بوو.(48)
هەروەها حساباتی داهات و خەرجییەکان لە دامەزراوەکانی ئەوقاف لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا بەپێی بەشەکانی تۆمارى بودجەی گشتی دابەشکرابوون بەسەر چەند بەشێکدا، بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: هاوردەکردن
1 – سه‌رژمێری سەروەت و سامان (سەرمایە).
2- باج.
3- فرۆشتن.
4- بەخشینی خێرخوازی.
دووەم: خەرجی (خەرجكراوه‌كان)
1 - مووچە.
2- خەرجی چێشتخانە بۆ هەژاران.
3- خەرجی نۆژەنکردنەوە.
4- خەرجی جۆراوجۆر.
سێیەم: زياده‌ى داهاتى ساڵانه
1- ئەو کرێیانەی کە نەدراون یان هێشتا دەدرێن.
2 - سەروەت و سامانی نەگۆڕ وەک ڕێژەیەکی تەرخانکراو لە بەرهەم (بەرهەمهێنراو)ی گوندە وەقفكراوەكان.(49)
لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونی (1520-1566ز) بەڕێوەبردنی دارایی خەزێنەی دەوڵەتی عوسمانی فراوانتر بوو، هەتا بوو بە (25) تۆمار، لەو ژمارەیەش چوار تۆمار بۆ وەقفەكان تەرخانکرابوو، كه بریتین له‌مانه:
1 - تۆماری ژمێریاری حه‌ره‌مەین (قەڵەمی ژمێریاری حه‌ره‌مەین)
بە ژمێریاری ئەوقاف ناسرابوو، کە بەرپرسی تۆماری وەقفەكانی دوو مزگەوتی پیرۆزی شاری مەککە و مەدینە بوو، هەروەها پێداچوونەوەی بە حیساباتەکانیاندا ده‌کرد، لەهەمانکاتدا چاودێری حیساباتی مزگەوتە گەورەکانی دیكه‌ی ده‌کرد کە بە مزگەوتەکانی سوڵتانەکان ناسرابوون و سه‌رپه‌رشتی بەڕێوەبردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی ده‌كرد کە لەو مزگەوتانەدا کاریان دەکرد، ئه‌م قه‌ڵه‌مه سنورداركردن و تۆماری تایبه‌ت به زه‌وییه‌كانی وه‌قفكراوه‌كانی مه‌ككه و مه‌دینه‌ی له ئه‌سته‌نبوڵ تێدابوو، هه‌روه‌ها هه‌ڵده‌ستا به ئاماده‌كردنی بڕوانامەی کار و دامەزراندنی کارمەندانی کاروباری ئایینی لە ئەستەنبوڵ،(50) پێكهاته‌ی هەندێک وەقفی دیکە په‌یوه‌ست بوون به ژمێریاریی هه‌ردوو مزگه‌وتەكە پیرۆزه‌كه‌وه (حرمین) و له‌ژێر ئەم سەردێڕانەی خوارەوە :
- هەموو وەقفی سوڵتانەکان.
- ئه‌و وەقفانەی كه ئاغاى باب سەعادە سەرپەرشتی ده‌كات.
- وەقفی سه‌رپه‌رشتیاران.
- ئەوقافەکانی مەدینەی منه‌وه‌ره.
- ئەو وەقفانەی کە لەلایەن خەڵکەوە بۆ مەدینەی منه‌وه‌ره دامەزراون، لەوانەش ئەو پۆسته وه‌زيفيانه‌ى، کە لە ئەنجامی ئەوانەوە دروست دەبن.
- ئەو وەقفانەی لەلایەن سەرۆك وەزیران و شێخولئیسلامەوە سەرپەشتی دەكران.(51)
2 - تۆماری ئەوقافی بچووک.
ئەم نووسینگەیە بە (نووسینگەی ژمێریاری بچووک) ناسرابوو، لەنێو ئەرکەکانی ئەم نووسینگەدا بەڕێوەبردنی بەشێک لە وەقفە دابەشکراوەکان بوو پێش سەردەمی دابەشبوونی بەسەر سێ فه‌رمانگه‌ی جیاوازدا، دوو فه‌رمانگه‌كه‌ی تریان بریتین لە (تۆماری ژمێریاری حه‌ره‌مەین) و (تۆماری ژمێریاری ئەنادۆڵ)، ئەو وەقفانەی بۆ ئەم تۆمارە دیاریکراون بریتین له‌و کۆمەڵه وه‌قفانه‌ی کە دەکەوتنە ئەستەنبوڵ و ئەنادۆڵ و لەژێر سەرپەرشتیکردنی ئاغاى باب سه‌عاده‌دا بوون،(52) لە دادگای عوسمانی‌دا بەشێک لە کاروباری ئەو وەقفانەی بەڕێوەدەبرد، وەک کاروباری کارگێڕیی و حساب و دامەزراندنی کارەکان، هەروەها ئەرکی بەدواداچوونی دەفتەری ژمێریاری وەقفە بچووکەکانی کە بە وەقفی خێرخوازی (سەدەقە تولیلری) ناسراوە، ئەنجام دەدا.(53)
3- قەڵەمی حه‌ره‌مەین (بەشی شارە پیرۆزەکان).
قەڵەمێكی تایبەت بوو بۆ هەڵگرتنی ژمێریاری وەقفە پەیوەندیدارەکان بە شارە پیرۆزەکانەوە، کە پێی دەگوترا ژمێریاری دوو مزگەوتی پیرۆز.
4- ئۆفيسى پشکنینی ئەوقافی حەره‌مەین
ئەم ئۆفيسه لە مانگی پیرۆزی موحەڕەم ساڵی ٩٩٥ک/ كانوونی دووه‌می ١٥٨٦ز دامەزرا، بۆئەوەی بەشێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی دامودەزگاکانی ئەوقافی شاهانە و پشکنینی ئەوقافی دوو مزگەوتی پیرۆز لەلایەن ئاغاى دارسەعادەوه دەبێت، کە یەکێک لە ئەرکەکانی بووەبە بەڕێوەبردنی وەقفەكانی هەردوو مزگەوتی پیرۆز و سوڵتانەکان، كه پێی دەوترا (ئه‌وقافی هەمایونی)، دوای فراوانبوونی ئەم ئیدارەیە، ساڵی 1242ک/ 1826ز دامەزراندنی وەزارەتی ئەوقاف لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا (سەرپەرشتیاران) به‌خۆوه بینی.(54)
كۆتایی
دوای ئەم ڕوونكردنەوەیە، سرووشتی بوو کە به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئەوقاف لە ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا گەشە بکات و ئیدارەیەکی تایبەتی خۆی هەبێت، کە دامەزراوەکانی بەرەوپێش ببات، دادوەریش سەرپەرشتی کاروبارەکانی بکات، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی سەرپەرشتیارەکاندا شێوازێکی جێگیری پەیڕەو نەکرد، ئەگەرچی لەڕووی تیۆرییەوە دادوەری کردە سەرپەرشتیاری، به‌وپێیه‌ی كه بەرپرسیار بوو لە بابەتە دادوەرییەکان. جگەلەوەش، بەڕێوەبردنی وەقفەكان یەکێک بوو لە كاره له پێشينه‌كانى سوڵتان و بنەماڵەی دەسەڵاتدار، هەربۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە دامەزراوە خێرخوازییەکان و ئیدارەکانیان لەگەڵ کۆنترۆڵی عوسمانییەکان بەسەر ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا فراوانتر بوون. دەبێ لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە لێهاتوويى عوسمانییەکان بکرێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتەکەیاندا، چونکە ئەوان بوون کە چەندین بەشی كارگێڕیى و داراییان لە چەند وڵاتێک‌دا كه ژماره‌یان کەم نه‌بوو دامەزراند، کە لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بێ ئاگا بوون. جگەلە هەموو ئەمانە، کارکردن لە سەرپەرشتیکردنی وەقفەكاندا ئەو بڕوایەی بە خەڵکی گشتی ئه‌به‌خشى کە ئه‌وقاف یەکێکە لەو کارانەی کە گوێڕایەڵی و نزیکایەتییان لە خودای گەورە بۆ دابين ئه‌كات، خەمخۆریی و ڕاستگۆیی و وردبینی لە بەڕێوەبردنی ئەم کەرتەدا بەڕوونی لە کۆمەڵگەی عوسمانی‌دا دیاربوو، هەم دەسەڵاتدار و هەم لە خەڵک. دەوڵەت داوای لە دادوەران و کرێکاران کرد کە ئەو کارە بکەن لە سەرتاسەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌دا چەمکی بەڵگەکردن و پاراستنی بەڵگەنامەکان پەسەندکرا، ئەمەش ڕۆڵی کرداریی لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا هەبوو. گرنگی ئەوقاف لە تێڕوانینی سوڵتانەکاندا دیاربوو، لە ڕێگەی سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆیان بۆ وەقفەكان یان ڕێگەدان بە بەڕێوەبردنیان بۆ خزمەتکارە نزیکەکانیان، پاشان دامەزراندنی چەند بەشێک بۆ ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی ئیدارەی ئەوقاف، ئەمەش بەهۆی ئەو خزمەتگوزارییە گەورەوە کە ئەم دامەزراوەیە بۆ کۆمەڵگە دابینی دەكرد.
په‌راوێزه‌كان
3 - ابو القاسم سعد الله (1998)، تاريخ الجزائر الثقافي، ج1، دار الغرب الإسلامي، ص230-232.
4 - يحيى بن محمد بن محمد الحطاب المالكي (2009) احكام الوقف، دار ابن حزم للطباعة والنشر، بيروت. ص25.
5 - عليوان اسعيد، اوقاف الجزائر في العهد العثماني ومساهمتها الاجتماعية والثقافية، مجلة الاحياء، مجلد 9، العدد1، ص296-312.
6 - يحيى بن محمد بن محمد الحطاب المالكي، المصدر السابق، ص26.
7 - عليوان اسعيد، المصدر السابق، ص304.
8 - زينب العيدي و فيروز شعبان (2015)، نظام الوقف والأوقاف في الدولة العثمانية، رسالة ماجستير، قسم التاريخ الحديث والمعاصر، جامعة الدكتور يحي فارس بالمدينة، ص37.
9 - المصدر السابق ص 245-246 ابو القاسم سعد الله.
10 - زينب العيدي و فيروز شعبان، المصدر السابق، ص37.
11 - محمد حسن القدو، موقع ترك برس، مصدر من الانترنت.
12 - صالح صالحي (2005)، الدور الاقتصادي والاجتماعي للقطاع الوقفي، مجلة العلوم الانسانية، جامعة محمد خضير بسكرة، العدد السابع، ص160-161.
13 - وەقف: ئەو بەڵگەنامەیەیە کە بەپێی ئەو موڵکە قفڵ کراوە: بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئه‌مه بکە: شمس الدينسامي (1317)، قاموس تركي، اقدام مطبعة سي، استانبول، ص 1496.
14 - عبد العزيز الدوري (2007) اوراق في التاريخ والحضارة، الجز‌ء الثاني، ط1، دار الغرب الإسلامي، بيروت، ص 298؛ خليل اينالجك (2002) تاريخ الدولة العثمانية من النشوء الى الانحدار، ت. محمد الارناؤوط، دار المنار الاسلامي، بيروت، ص220 .
15- Religious Endowments and Life The Ottoman (1992) Teisir Khalil, EL-Zawahreh, Province of Damascus is The Sixteenth and Serenteenth Centuries,Jordan, s. 87 ;
محمد عبيد عبد الله الكبيسي (1977)، احكام الوقف في الشريعة الإسلامية، ج1، مطبعة الارشاد، بغداد، ص39.
16- رعد محمود البرهاوي (2002)، خدمات الاوقاف في الحضارة العربية الإسلامية، مطبعة المجمع العلمي، بغداد، ص30، طارق عبد الله (2009)، الدولة والوقف في القرن الحادي والعشرين من الوصاية الى الشراكة، المستقبل العربي (مجلة)، لبنان، السنة الحادية والثلاثون، العدد 361، ص96 .
17- سه‌رپه‌رشتیار: بریكاری به‌خشه‌ره‌كه‌یه، كه به‌رپرسه له به‌دواداچوونی به‌خشینه‌كه، للمزيد ينظر: حسين علي الاعظمي، احكام الأوقاف، الطبعة الأولى، مطبعة الاعتماد، بغداد، ص151.
18- چاو‌دێر: له‌و ئه‌ركه به‌رز و بڵندانه‌یه كه له ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا هه‌بووه. للمزيد ينظر: رغيد كمر مجيد الخالدي (2004) الوقف والخدمات العامة في العراق في العصر العباسي (132 - 656 هـ / 749 - 1258م)، رسالة ماجستير غير منشورة، كلية الآداب - جامعة بغداد. ص61-62.
19 - EL Zawahreh, op.cit, p. 90.
20- BOA Vakalet Arşivi: S. No: 17, D: 923, 1100/1689.
21- BOA. S. No: 1, D: 30, 991/ 1584 , s . 18.
22- BOA. S. No: 18, D: 352, 1101/1690, s. 223.
23- BOA. S. No: 18, D, 300, 110/1690, s. 193.
24- EL-Zawahreh, op.cit, p. 144.
25- Mehmet Zeki Pakalın (1946). Osmanlı Tarih Deyimleri ve Terimleri Sozlüğü. s. 571.
26- BOA. S. No: 20, D: 368, 1103, s.112.
27- السلطان سليم الأول (1512 - 1520م) الملقب (ياوز سلطان) أي السلطان المهول لميوله العسكرية، فهو أول السلطان توجه نحو المناطق العربية، ومن اهم اثاره بنا‌ء جامع ومدرسة وزاوية (تكية) في استانبول، فضلا عن اوقاف قونية، للمزيد ينظر: شرف خان البدليسي (2006)، شرفنامة، الجز‌ء الثاني، ترجمة محمد علي عوني، دار الزمان، دمشق، ص123.
28- السلطان سليمان القانوني (1520- 1566م) لقب بالقانوني لتطبيقه القوانين التي شرعها، وتعتبر مدة حكمه عهد ازدهار للدولة العثمانية، فقد انشاء 81 جامعا، و 52 مسجدا، و 55 مدرسة، و 17 مطعما، و 18 خانا، و 33 حماما، و 7 جسور، و 7 معاهد الدراسة القرآ‌ن الكريم، للمزيد ينظر: كارل بروكلمان (1948) تاريخ الشعوب الاسلامية، ترجمة نبيه امين فارس ومنير بعلبكي، دار العلم للملايين، بيروت، ص456؛ هارولد لامب (1961)، سليمان القانوني، ترجمة شكري محمود نديم، النبراس للنشر، بغداد، ص 271.
29- El-zawahreh, op, p. 144 145-.
30- BOA. S.No: 18, D: 61, 1100/1689 . s . 40.
31- BOA. S.No: 18, D: 61, 1100/1689 . s. 40.
32- El-zawahreh, op. cit, p. 146.
33- القونية: مدينة في تركية الاسيوية، مركز اللوا‌ء الذي يحمل الاسم نفسه، فيه مقر اسقفية بطريركية القسطنطينية، موستراس، س (2002)، المعجم الجغرافي للامبراطورية العثمانية، ترجمة: عصام محمد الشحادات، ط1، دتر تبن حزم. بیروت، ص412.
34 - البرهاوي، المصدر السابق، ص34. الاقجة: عملة عثمانية ضربها السلطان اورخان (1326م) وكانت تعرف بالابيض: للمزيد ينظر: ثريا فاروقي واخرون (2007) التاريخ الاقتصادي والاجتماعي للدولة العثمانية، الجز‌ء الثاني، ترجمة قاسم عبده قاسم، دار المدار الاسلامي، بيروت، ص.
35- ماجدة مخلوف (2006) اوقاف نسا‌ء السلاطين العثمانيين، الطبعة الأولى، دار الافاق العربية، القاهرة، ص.17
36- El-zawahreh, op. cit. p. 94.
37- Pakalin, ص. المصدر السابق 570.
38- Pakalin, ص. المصدر السابق 570.
39- El-zawahreh, op. cit, p.95.
40 - خليل اينالجك (2004)، التاريخ الاقتصادي والاجتماعي للدولة العثمانية، المجلد الأول، ترجمة عبد اللطيف حارس، دار المدار الاسلامي، بيروت. ص209 .
41 - الروزنامە: وشەیەکی فارسییە، پێكدێت لە دوو وشە (روز) کە بە واتای ڕۆژ دێت و (نامجە) بە واتای کتێب، دەفتەر، یان بەڵگەنامە پێکدێت، کاتێک دوو وشەکە یەکدەگرنەوە، دەبنە مانا تۆمارێکی ڕۆژانە. عوسمانییەکان ناوی (روزنامجه)یان ناوه له تۆماری ڕۆژانه‌ی هاتوو و ڕۆیشتوو. للمزيد ينظر: احمد عطية الله القاموس (1966) الإسلامي، المجلد الثاني، مكتبة النهضة المصرية القاهرة، ص 594 .
42 وەزیرى گەورە: پیاوى دووەمە لە پلەبەندى دەسەڵاتدا لە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى، هەروەها بە سەرۆک وەزیران ناودەبرێت، ئەرکى گوێڕایەڵکردن و جێبەجێکردن و بەدواداچوونە بۆ فەرمان و بڕیارەکانى سوڵتان.
43 El-zawahreh, op. cit, p.95.
44 Kazıcı, S.220.
45 Kazic1 هه‌مان سه‌رچاوه، لا296
46 - جب - بوون، هاملتون - هارولد (1971)، المجتمع الاسلامي والغرب، الجز‌ء الأول، ترجمة احمد عزت عبد الكريم، دار المعارف، مصر، ص 185 خليل على مراد (1975)، تاريخ العراق الاداري والاقتصادي في العهد العثماني 1638 - 1750م، رسالة ماجستير غير منشورة ن كلية الآداب - جامعة بغداد، بغداد، ص 120.
47 - يوسف احسان كنج واخرون، دليل الارشيف العثماني، ترجمة صالح سعداوي، تقديم خالد آرن، مركز البحوث والدراسات الإسلامية، استانبول، 2008، ص. ص 344 – 345.
48- Kazici, ص نفس المصدر 296,
49- Kazici, ص نفس المصدر 296,
50 جب - بوون، المصدر السابق، ص 185 ؛ مراد، المصدر السابق، ص 120.
51 Kazici, .296, ص نفس المصدر
52 كنج، المصدر السابق، ص 202 .
53 Kazici, ص نفس المصدر299
54 .202 كنج، المصدر السابق، ص : Ismail Hakki Uzunçarşılı 1984). Osmanlı Develtinin Saray Taşkilatı s.172.