ئافرەتی کورد لە تێڕوانینی گەڕیدە ئەورووپییەکاندا[1]
قادر محەمەد
لە ئینگلیزییەوە: ڕەوەند سەباح
بەدەگمەن نەبێت، ئەگەرنا زۆربەی زۆری گەڕیدە بەریتانییەکان لە گەشت و ڕاپۆرت و تۆمارەکانیاندا ئاماژەیان بە پێگە و ڕۆڵی ئافرەتی کورد لە کۆمەڵگەی کوردیدا کردوە. ئەگەرچی بەگشتی گەڕیدە ئەورووپییەکانیش ئافرەتی کوردیان بەهەمان شێوەی ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی تەماشا کردووە، بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی ڕۆژئاوا بە جیاوازیان دەبینین. هەربۆیە بەگوێرەی تێڕوانینە ڕۆژهەڵاتیناسییەکانیان لە قالبیان دەدان و بە نامۆ و سەیر تەماشایان دەکردن و لەگەڵ ئافرەتانی ڕۆژئاوا جیاوازییان دەکردنەوە. بەریتانییەکان تێڕوانینی دیاریکراوی خۆیان لەبارەی ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی هەبووە. ئیدوارد سەعید پێیوایە ئەورووپییەکان ڕۆژهەڵاتیان بە شوێنی خەون و خەیاڵ و فانتازیا و شوێنی نۆشکردنی شەربەت و حەرەم و کچە سەماکەراکان و شازادە خاتوون و بۆن و بەرامەی خۆش دەبینی[2]. لە سەدەی نۆزدە تێڕوانینی ئەورووپییەکان لەبارەی سێکس تەنیا بە کەسایەتی و بابەتە تایبەتەکان گرێدراو نەبوو، پێیانوابوو سێکس بە ئەخلاق و یاسا و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسییەوە گرێدراوە.
زانای ئەنترۆپۆلۆژی هۆڵەندی مارتن ڤان بروینسن لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا بەناونیشانی "دایکسالاری لە کوردستان؟‟ ژنانی حاکم لە مێژووی کورددا" جەخت لە جیاوازی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکانی تری ڕۆژهەڵات دەکاتەوە، لەوەی لە کۆمەڵگەی کوردی ئافرەت مافەکانی یەکسانن. لە لێکۆڵینەوەکەیدا ڤان بروینسن باسی چەند سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی خێڵەکی ئافرەت دەکات لە سەدەی بیست، بەتایبەتی لە ناو ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. هەرچەندە، سەرنجی سەرەکی لەسەر سەرکردە ئافرەتەکانی سەدەی بیست بووە، بەوپێیەی ئاواتەخوازبووە باسی مێژووی دوورودرێژی سەرکردایەتی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکات. ناوبراو لە ڕێگەی هێنانەوەی نمونەی بەرچاوی ئافرەتی کورد لە سەدەی نۆزدە و قۆناغەکانی پێشووتردا پشتگیری لە قسەکانی دەکات، هەروەها لە هەندێ شوێن بۆ پشتگری قسەکانی پشت بە فۆلکلۆری کوردی دەبەستێت. لەنێو باسەکانیدا ڤان بروینسن لەسەر قەڕە فاتیمە و عادیلە خانم بە کەمی سوود لە ئەدەبیاتی سەفەریی بەریتانی وەرگرتووە[3]. دواتر بە ناوەڕۆکی بابەتەکەیدا چۆوەتەوە و ناونیشانەکەی گۆڕیوە بۆ "لە عادیلە خانمەوە تا لەیلا زانا: ژنان وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کورددا"، هەروەها بەشێکیشی بەناوی ئافرەتان لە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت: کوردەکان" بڵاوەدەکاتەوە، کە لەلایەن شارزاد موجابەوە ئامادەکراوە. لەم بەشەیدا ڤان بروینسن باس لەوە دەکات ناسیۆنالیستە کوردەکان لەو باوەڕەدان هەموو ئافرەتانی کورد هەمان مافی پیاوانیان هەبووە و سەربەستییەکی زیاتریشیان هەبووە بە بەراورد بە ئافرەتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی ڤان بروینسن تەنیا ئافرەتانی بنەماڵە فەرمانڕەواکان پێگەیەکی بەرزیان لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە. هەروەها ئافرەتان لە هەندێک ناوچەی کوردستان ئازادییەکای زیاتریان لە ئافرەتانی فارس و تورک و عارەب هەبووە[4]. ئەگەرچی ڤان بروینسن تەنیا پشت بە نووسراوی ناسیۆنالیستە کوردەکان دەبەستێت، گەڕیدە بەریتانییەکانیش تاڕادەیەک هەمان باس لەبارەی ئافرەتی کورد دەگێڕنەوە. زۆرێک لە گەڕیدە بەریتانییەکان بە تێر و تەسەلی لەسەر ئافرەتی کورد نووسیویانە، هەوڵیانداوە ئەو ئازادی و سەربەستییەی ئافرەتی کورد هەیەتی وێنا بکەن و پێگەی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا بخەنەڕوو. لەلایەکی ترەوە، زۆربەی زۆری گەڕیدە بەریتانییەکان کاتێک باسی سەربەستی ئافرتی کورد دەکەن، چاوپۆشی لەو هەرەمە کۆمەڵایەتییە دەکەن کە لێێ ژیاون. زۆربەی زۆری گەڕیدەکان تەنیا جیاوازییان لەنێوان چینی پیاوانی کورد کردووە، ئافرەتی کوردیان بەگشتی وێنا کردوە، بێ ئەوەی پۆلینیان بکەن بەگوێرەی هەرەمی کۆمەڵایەتی.
مێڕێلا گالێتی نووسەری "ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕوانگەی ڕۆژئاوادا"، کە لەلایەن مۆجابەوە ئامادەکراوە، باس لە تێڕوانینی هەندێک گەڕیدە و موژدەدەری سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیست دەکات. بەپشتبەستن بە تۆماری ئەورووپییەکان، لە چەند ڕوویەکەوە وێنای ئافرەتی کورد دەکات. هەرچەندە، وەک ڤان بروینسن ئەو بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە لەوەی نەتەوەپەرستە کوردەکان دەڵێن گوایە ئافرەتانی کورد بە بەراورد بە ئافرەتانی تری موسڵمان سەربەستی و ئازادی زیاتریان هەبووە. گاڵێتی دەڵێت: ناسیۆنالیستە کوردەکان ئەو بۆچوونەیان هەبووە، کە ئافرەتانی کورد لە چەند ڕووێکەوە لە ئافرەتی ئەورووپی دەکەن، لەڕاستیدا ویستوویانە پشتگیری بۆ ئەجێنداکانیان بهێننەوە. تاڕادەیەک لە تێڕوانینەکانی ڕاستە، چونکە لە خوێندنەوەی مێژووی گەشتکردندا دەردەکەوێت کە گەڕیدە بەریتانییەکان هەوڵیانداوە عەشیرەتە کورد و ئەورووپییەکان پێکەوە بەراورد بکەن تاکو وا نیشانبدەن لە هەمان قۆناغی سەرەتایین، بەتایبەتی گەڕیدە بەریتانییەکان زۆر هەوڵیانداوە بەراورد لەنێوان ئافرەتانی بەرزاییەکانی سکۆتلەندا و کورددا بکەن. لە ڕوانگەی گالێتی گەڕیدەکان وێنایەکی وردی ئافرەتی کوردیان نەکردووە، بەڵکو تەنیا لایەنی باشییان نیشانداوە.
یەکێک لە توێژینەوەکانی تر لەبارەی ژنانی کورد لەلایەن مرۆڤناسیی دانیمارکی (هێنی هاراڵد هانسن)ەوە ساڵی ١٩٦١ بڵاوکراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکە توێژینەوەیەکی مەیدانی بەراوردکاری لەنێوان بارودۆخی ئافرەتی کورد لە شار و لادێ دەکات. توێژەر لەگەڵ وەرگێڕێک سەردانی چەندین ناوچەی باشووری كوردستانی کردووە، بە چڕی لەبارەی ئافرەتی کوردی لە ساڵانی ١٩٥٠وە نووسیووە. باسی چەند لایەنێکی ژیانی ڕۆژانەی ئافرەتی کوردی ئەو کاتی کردووە، وەکو لایەنی پیشەیی و هاوسەرگیریی و کەسایەتی و جلوبەرگ. لە دەرەنجامی توێژینەوەکەیدا، ئاشکرا دەبێت کە ئافرەت لە شار و شارۆچکەکاندا دەرفەتی خوێدن و گەشەپێدانی کارامە و بەهرەکانیان هەیە و زۆربەشیان دەرفەتیان هەیە ببنە دکتۆر و مامۆستا. ئەگەرچی هانسن لەو باوەڕەدا بووە کولتووری ئیسلامی زۆر بە قوڵی ڕەگی لەنێو کورددا داکوتاوە و کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئافرەتی کورد لە سەدەی بیستدا هەبووە، لەکاتێکدا، ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە هەر لە سەرەتاکانی سەدی بیستەوە شێوازی ژیانی ئافرەتی کورد پەیتا پەیتا گۆڕانی بەخۆوە بینیوە و شێوازی ژیانی ڕۆژئاواییان پەیڕەو کردووە، بەتایبەتی لە پۆشاک و جلوبەرگدا. هانسن دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە پێشکەوتن لەنێو ئافرەتی کورددا هەبووە[5]. بەگشتی تیشک دەخاتە سەر ئەو زانیارییەی لە گەشتی شار و گوندەکان دەستیکەوتووە، بابەتی باسەکەشی زیاتر لەبارەی ئافرەتی کورد لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە بووە.
ئازادی ئافرەتی کورد
لە تێڕوانینی گەڕیدە بەریتانییەکان ئافرەتی کورد بە بەراورد بە ئافرەتی تورک و فارس ئازادی زیاتری هەبووە[6]. ڕیچ یەکەم گەڕیدە بوو لە سەدەی نۆزدە باسی ئازادی ئافرەتی کورد بکات. ئاماژە بەوەدەکات لە دەوروبەی سینادا ئافرەت و پیاو بە ئاشکرا تێکەڵی یەکتر دەبن[7]. ڕیچ لەو باوەڕەدا بووە ئافرەتی کورد لە ڕۆژهەڵات یەکەم ئافرەت بوونە کە ئازادی و سەربەستییەکی لەو جۆرەیان پێدرابێت. بەلای ئەو ئەمە دیاردەیەکی نوێ بوو، چونکە هەرگیز خەڵکی ڕۆژهەڵاتی وەکو ئافرەتی کوردی نەبینیوە، کە لەگەڵ پیاوان تێکەڵ بن بەبێ هیچ خۆپۆشین و شاردنەوەیەک[8]. لە تۆمار و گێڕانەوەکانیدا ئاشکرایە کە ئەو پێی وابووە ئافرەتی کورد سەربەخۆبووین، چونکە هێندەی تورک و فارسەک مەدەنی نەبوون، لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان لە ناوچە گوندنشینەکانی ژیانیان دەکرد، پێچەوانەی تورک و فارسەکان. بەگشتی گەڕیدەکان باس لەوە دەکەن کە سروشتی ژیانی گوندیی کوردەواری سەربەستی و سەربەخۆییەکی زیاتری بە ئافرەتی کورد بەخشیوە، چونکە پیاو و ئافرەت لە کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا پێکەوە بەشداربوون.
بەگوێرەی تێڕوانینی گەڕیدەکان ئازادی ئافرەتی کورد بەڕوونی لە جلوبەرگەکانیان لەنێو کۆمەڵگای موسڵماناندا دیارە. بۆ نموونە پەچە کە بە بەرتەستککردنەوەی سەربەستی دادەنرا، کەچی گەڕیدەکان لەو باوەڕەدابوون ئافرەتی کورد پەچەی بەکارنەدەهێناوە، لە زۆر شوێنی کوردستان ئاماژەیان بە ئافرەتی بێ پەچە کردووە. ڕیچ ئاماژە بە ژنانی عەشیرەتی جاف و ئافرەتانی تری شاری سلێمانی دەکات، لەوەی پەچە و لەچکیان وەکو ئافرەتانی عەرەب بەکارنەهێناوە[9]. فرەیزەر دەڵێ ئافرەتە خێڵەکییە عەرەبەکان کاتێک دەچوونە دەرەوە خۆیان دەپۆشی، چونکە عەرەبەکان نیگەران دەبوون لەوەی بێگانەکان ژنەکانیان ببینن، هەر لەبەرئەمەش هەتا کچەکانیشیان وەکو گەورەکان جلوبەرگیان دەپۆشی[10]. تۆماری گەڕیدەکان ئەوە دەردەخەن هەتا ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە ئافرەتانی کورد پەچەیان بەکارنەهێناوە[11]. هاریس ئاماژە بەدەکات کە ئافرەتانی کورد پەچەیان وەکو ئافرەتانی تری موسڵمان بەکارنەهێناوە، بۆ نموونە ئافرەتانی کوردی ئەمیرئاباد بی لەچک بوون[12]. بەگوتەی بێرد پۆشینی لەچک مەرجی پێشوەختە بووە بۆ ژنانی فارس، ئەوانەیشی بێ پەچە بچوونایەتە دەرەوە، زۆر بە توندی لەلایەن خەڵکەوە ئەشکەنجە دەدران[13]، بە بێچەوانەوە، ئافرەتانی کورد بێ پەچە بوون[14].
هەندێک گەڕیدە هەوڵیانداوە باسی ئافرەت لەنێو چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا بکەن، بەتایبەتی لە ڕووی جلوبەرگیاندا. بۆ نموونە، ڕیچ باسی جیاوازییەکی کەمی نێوان ئافرەتی چینە باڵاکان و ئافرەتی چینی ئاسایی دەکات. ئافرەتانی چینە ئاساییەکانی سلێمانی کاتێک سەردانی شار یان بازاڕیان دەکرد بێ لەچک و پەچە دەچوونە دەرەوە. لە هاوینان لە بەیانی زوودا لە جێگای خەوتن لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا دەبینران. کە لە خەو هەڵدەستان کارەکانی ماڵەوەیان دەکرد، میچی خانووەکانیان لە پێنج یان شەش پێ بەرزتر نەبوو[15]. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕیچ ئافرەتی لە چینە باڵاکاندا دەدیت، دەموچاویان پۆشیبوو، خۆیان داپۆشیبوو تاکو لە بازاڕ و شاردا کەس نەیانناسێتەوە[16]. هەردوو تێڕوانینی سەرەوە پێچەوانەی قسەکانی ڤان بروینیسین، لەوەی ئافرەتانی چینی ئاسایی سەربەستییەکی زیاتریان لە ئافرەتانی خانەوادەی چینە باڵاکان هەبووە. هەروەها ئافرەتانی خێزانی شوانکارە کوردەکان ئازادییەکای زیاتریان لە ئافرەتانی شار و شارۆچکەکاندا هەبووە.
بەم پێیە، گەڕیدە بەریتانییەکان ویستوویانە ئەوە بخەنەڕوو کە ئافرەتانی کورد لە خێوەت و گوندەکان سەربەستی و ئازادییەکی زۆرتریان لە ئافرەتانی شار و شارۆچکەکان هەبووە، هەتا لە ڕەوشت و ئاکاریش لەوانەی شار بەرزتر بوون. شیل هەمان تێڕوانینی ڕیچی هەبوو، پێیوابوو لەنێو ئافرەتانی شاردا تەنیا ئافرەتانی خێزانە پلە باڵاکان پەچە و لەچکیان دەپۆشی، لەکاتێکدا ئافرەتانی بن خێوەتەکان سەربەستییەکی زێدەتریان هەبوو، ئازادانەتر بوون. ژنانی خێوەتگاکان پلەیەکی بەرزیان لەنێو خێزاندا هەبوو، ڕۆڵێکی گەورەیان لە کاروباری خێوەتگادا دەگێڕا[17].
زۆرجار گەڕیدەکان باسی پێگەی ڕەوشت و کۆمەڵایەتی کوردیان کردووە. گەڕیدەکان پێیانوابوو ئافرەتی کورد خاوەن ڕەوشت و ئاکارێکی بەرزبوون، لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییان لەنێوان ئافرەتی گوند و (ئەوانەی لە دێ و ژێر خێوەتەکاندا دەژیان) و شاردا کردووە. هاریس هەمان بۆچوونی هەبوو، پێیوابوو، ژنانی گوندنشین ئازادییەکی زێدەتریان هەبوو، ناپاکی و بەدڕەوشتی زۆر بەدەگمەن لەنێو ئافرەتی کورددا بەدی دەکرا، ئەمەیش بەشێکی بەهۆی ئەو سزا قورسە بووە بۆ هەردووڕەگەز لەكاتی بەدڕەوشتیدا[18]. لوسی گارنێتی گەڕیدەی بەریتانی باسی زۆر چیرۆک و سەربوردەی داوێنپاکی ئافرەتی کورد دەکات[19]. لە یەکێک لە چیرۆکاکاندا، باسی ژنێک دەکات، کە ویستوویەتی سەردانی ماڵە باوانی بکات. لە گەشتەکەدا ژنەکە تەنیا یەک خزمەتکاری لەگەڵدا بووە. لە ڕێگادا، خزمەتکارەکە بەمەبەست ویستوویەتی خۆیان لە گەشتەکە دوابخەن. لەکاتی خۆرئاوابوون، پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست، ناچار دەبن شەو لە خانەیەکی چۆڵ بمێننەوە. دواتر ئەو شەوە پیاوەکە ویستوویەتی خۆی لە ژنەکە نزیک بکاتەوە و دەستدرێژی بکاتە سەر. ئافرەتەکەش بەرگری لەخۆی کردووە و پیاوەکەی بە چەقۆیەکی بچووک کوشتووە. جا لێرەدا ئەو چیرۆکە ڕاست بێت یان درۆ، گرنگ ئەوەیە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ژنی کورد کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە و ئامادەبووە ژیانی خۆی لەپێناو پاراستنی شەرەفی خۆی بخاتە بەر مەترسییەوە.
لێرەدا ئاشکرا دەبێت، گەڕیدەکان لەوباوەڕەدا بوون لەڕووی ئاکارەوە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئافرەتانی شار و گوندنشین و خێوەتگاکاندا هەبووە. هاریس پێیوابوو ئاکار پێودانگێکی زۆر بەرزی لەنێو ئەو خەڵکە شاخاویانەدا هەبووە؛ تەنیا لە شارەکاندا ئافرەتی کورد لە ئاستی ئافرەتی فارس و تورکەکاندا بووە[20]. بەگوتەی گەڕیدەکان خانەوادە پلەباڵاکان لە شارەکاندا بەسەر ئافرەتەکانیان زاڵبوون. دەشێت گەڕیدەکان کاریگەری خەیاڵ و تێڕوانینی ناوچە گوندییەکانی خۆیان لەسەربێت، کە لایان وابوو شیاوتر و گونجاوترە بۆ هەر دوو ڕەگەز تیایدا بژیت[21].
بەتایبەتی هەندێک گەڕیدە پێیانوابوو لەڕووی ئاکار و ڕەوشتەوە ناوچە گوندنشینەکان شوێنێکی لە بارتربوونە بەبەراورد بە چەقی شارەکان، لای ئەوان شارەکان دەرفەتی گەندەڵی و خراپەکاری زێدەتر دەڕەخسێنێ بۆ ئافرەتە گەنجەکان[22]. شایەنی باسە، دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ئاستی ڕۆشنبیری لەنێو ئافرەتانی شار و شارۆچکەکان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان بەرزبووەوە، هەندێک لە ژنان توانیان ببن بە دکتۆر و مامۆستا و پەرستار[23]. مارتن ڤان بروینسن پێیوایە ژنانی کورد لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا چێژیان لە ئازادی وەرگرتووە، بەڵام ئەم ئیمتیازە هەموو ژنانی کوردی نەگرتووەتەوە.[24] قسەکانی تاڕادەیەک ڕاستن، چونکە ژنانی گوندنشین ئازادییەکی زۆرتریان لە ئافرەتانی شار هەبووە. بەگشتی گەڕیدەکان ئەرێنییانە ئازادی ئافرەتی کوردیان بە ئافرەتانی تورک بەراورد كردووە، چونکە پێیانوابوو کۆمەڵگەی تورکی لە کۆمەڵگەی کوردی شارستانیتر بوون. ڕیچ لە سەردانی بۆ سلێمانی دەڵێت: ئافرەتی کورد لە مافەکانیان لەگەڵ پیاوەکانیاندا هاوتان، دواتر دەڵێت ژنانی کورد گاڵتەیان بەگوێڕایەڵی و ملکەچی ئافرەتانی تورک بۆ هاوسەرەکانیان دەکرد[25]. لە تۆمارەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات کە پەیوەندی نێوان هەردوو ڕەگەز لە کوردستاندا لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی بووە، لەکاتێکدا پەیوەندی ژن و مێرد لای تورکەکان لەسەر بنەمای پیاوسالاریی و ملکەچی مێینە بووە. پێدەچێت، لە تێڕوانینەکانیدا کاریگەری بیروباوەڕی ڕەسەنپەرستی و سەرەتاییگەرایی خێڵە کوردییەکانی لەسەر بێت. کاتێک میلینگن سەردانی باکووری کوردستان دەکات، ڕاپۆرتێکی چڕوپڕ لەبارەی ئافرەتی کورد لە گوندی نوشە (Nusheh) دەنووسێت، ئاماژە بەوە دەکات، ئافرەتانی کورد زۆر ڕێکوپێک و ڕێکخراو بوون هەتا ئامادەبوون لە ژووری تایبەتی (حەریم) خۆشیان پێشوازی لە بێگانەکان بکەن. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە پێچەوانەی ژنانی ئەرمەنی، ئافرەتانی کورد شەرمن و نامۆ و ترساو نەبوون. دواتر دەڵێت: ئافرەتانی کورد پێچەوانەی ژنە تورکەکان، کە پێیوابوو ژنە تورکەکان تەنها خۆیان بە شەرمن و بێفیز دەردەخست. میلینگن ئاماژە بەوە دەکات کاتێک چاوی بە ئافرەتانی کورد دەکەوت، پرسیاری پیاو و منداڵەکانی لێ کردوون ترسا و شەرمن نەبوون، بەڵکو قسەشیان لەگەڵی کردووە،[26]. وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، دەشێت ئەو زانیارییانە تاڕادەیەک ڕاستبن، چونکە بەشداریکردنی ئافرەتی گوند لە کاردا وایلێکردوون سەربەستی زیاتر لە ئافرەتی شوێنەکانی تری ناوچەکە بەدەستبهێنن. گەڕیدەیەکی وەک میلینگن پێیوابوو ئافرەتی کورد بەگشتی ئازادی زیاتری لە ئافرەتانی تر هەبووە، ئەگەرچی هەروەکو هەر گەڕیدەیەکی تر نەیتوانیووە جیاوازی لەنێوان ئاستی جۆراوجۆر ئازادی لەنێو ئافرەتی کورددا بکات.
گەڕیدەکان بەگوێرەی ڕۆڵ و کار و پیشەی خۆیان لە کۆمەڵگەکەیان باسی ئافرەتی کوردیان کردووە. بێرد، کە پێشتر لە خەستەخانەی سەینت ماری لە لەندەن ڕاهێنانی پزیشکی کردبوو[27]، حەز و خولیای پزیشکی هەبوو، دەبینین ئەو حەز و کار و پیشەیەی هەیبووە لە تۆمار و ڕاپۆرتەکانی ڕەنگیداوەتەوە. کاتێک دەچێتە وڵاتی فارس و کوردستان جانتا پزیشکییەکەی لەگەڵ خۆی دەبات[28]. هەربۆیە زۆربەی جار حەز و خولیاکەی وایلێکردووە سەرنج بخاتە سەر بارودۆخی تەندروستی خەڵکەکە لەو ناوچانەی سەردانی کردووە. بەگوێرەی بێرد چارەسەری پزیشکی لە کوردستان پیشەیەکی زۆر گرنگ بووە، کە تەنیا بۆ ئافرەتان بەردەست بووە، بۆ نموونە لەنێو بەختیارییەکاندا تەنها ئافرەت بۆی هەبووە ببێتە حەکیم، چونکە پیاوان بە نائارام و ناجێگیر دادەنران[29]. ئەگەر باوک زانیاریی و شارەزاییەکی لە بواری پزیشکیدا هەبا، کچەکەی لەسەر پیشەکە ڕادەهێنا نەك کوڕەکەی. هەندێک لەو ئافرەتە حەکیمانە ڕێکاری زۆر سەختیان پەیڕەو کردووە وەکو دەرهێنانی گوللە لە جەستەی زامداران[30]. بەوشێوەیە، لای بێرد ئافرەتی بەختیاری خاوەن ئاستێکی بەرزی ئازادی بوون و توانوویانە خزمەتێکی گرنگ لە کۆمەڵگەدا بکەن و دەست لە جەستەی پیاوان بدەن و چارەسەریان بکەن.
میرێلا گالێتی پێیوابوو لەڕووی پەروەدەوە ئافرەتانی کورد هاوشێوەی یەک نەبوون، ژنانی باشووری کوردستان ئاستی پەروەردەییان لە ئافرەتانی باکوور بەرزتربووە[31]. لە بۆچوونەکانی زیاتر پشتی بە ئەدەبیاتی گەشتیاریی بەستووە. لە لایەکی ترەوە گارنێت باسی ژنانی شاری سلێمانی دەکات، کە شارێکی گرنگ بوو بۆ چالاکی ڕۆشنبیری، لە سەدەی نۆزدە بەولاوە، لەڕووی پەروەردەییەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە[32]. لە ڕاپۆرتەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە کچان و ژنانی شاری سلێمانی و دەوروبەری[33] دەتوانن بە زمانی فارسی بنووسن و بخوێننەوە، بەوپێیەی ئەوکات لە کوردستان زمانی ئەدەبی بووە.[34] جێی خۆیەتی بڵێین لە شارەکانی تری دەوروبەری شاری سلێمانیش ئافرەتی خوێندەوار هەبوون. ئەگەرچی گالێتی باسی بارودۆخی ڕۆشنبیری ئافرەتانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە، بەڵام ئیزابێلا بێرد دەڵێت جێ پەنجەی خانەوادە و مژدەدەرە مەسیحییەکان لە خوێندەواریی و پەروەردەی ئافرەتانی کورددا دیاربوو. خوێندەواری بە مەسیحییەتەوە گرێدرابوو، لەگەڵ ئەوەش لە هەمەدان[35] لەنێو هەندێک قوتابی ئەرمەنی مێینە، چەند کچە موسڵمانێکیش دەبینران. جگەلەوەش، بێرد ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی زۆری ژنانی کورد نەخوێندەوار بوون، ئافرەتانی چینی خانەوادە پلەباڵاکان دەیانتوانی قورئان و شیعر بخوێنەوە[36]. وەک ئاماژەی پێدرا، لە زۆربەی ناوچەکان تەنها کوڕان دەرفەتی خوێندنیان هەبوو، شایەنی باسە، ئەوکات هەندێک لە کچانی خەڵکی ئاسایی دەرفەتی خوێندن و پەروەردەیان بۆ ڕەخسا، ئەو دەرفەتە تەنها بۆ نوخبە دەستەبەرنەبوو.
تێڕوانینی گەڕیدە بەریتانییەکان لەسەر ڕۆڵی سیاسیی و سەربازی ژنانی کورد
بەگوێرەی ڕەنا قەبانی لە دیدی ئەورووپییەکان ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی خاوەن کەسایەتییەکی لاوازبوون، هەمیشە دوودڵ و دڵەڕاوکێیان پێوە دیاربووە[37]، ژێردەستەی حەزی پیاوان بوون و بە تەمبەڵ و شەهوانی وێناکراون[38]. ئەگەرچی لە دیدی گەڕیدە ئەورووپییەکان ئافرەتی کورد بەگشتی لەو وێناکردنانە دوورە. تێڕوانینی گەڕیدەکان پێچەوانەی بۆچوونی کۆنی ئەورووپییەکان بوون لەبارەی ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی بە ئافرەتی کوردیشەوە. بە لای میلینگنەوە ئافرەتی کورد خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بوون، لەنێو کۆمەڵگەدا پێگەی سیاسیی و سەربازییان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا میلینگن ئەوەی جیانەکردووەتەوە کامە چینی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا مافی زیاتری هەبووە. هەروەها گەڕیدەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە ئافرەتی کورد بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ پیاودا هەبووە، وایلێکردوون بەشداربن لە بڕیاردان، بەوشێوەیە، خاوەن توانا و هێز بوون. ئەو جۆرە هاریکاریی و پەیوەندییە لەنێوان نێر و مێ لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کۆمەڵگەی کوردی جیاکردووەتەوە، بەوپێیەی ئافرەتی کوردی لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی بەشداری کردووە. گەڕیدەکان پێیانوابوو ژنانی کورد شارەزایەکی بەرچاویان لەبارەی خێڵ و عەشیرەت، پلان و بەرنامە و ناکۆکی هۆزەکانیان هەبووە[39]. تەنانەت مارک سایکس ئاماژە بەوەدەکات، ئافرەتی کورد توانوویەتی بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز بۆچوونەکانیان دەرببڕن، داوای حەق و مافی خۆیان بکەن[40]. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئافرەتی کورد دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە. هەردوو گەڕیدە بەگشتی باسی ئافرەتی کورد دەکەن، بێ ئەوەی تیشک بخەنە سەر جیاکردنەوەی چینی کۆمەڵایەتییان. هەرچەندە، ویلیام فرانسیس ئاینسۆرس پێچەوانەی هەموو گەڕیدەکانی دی ئافرەتی کورد پۆلێن دەکات، سەرنج دەخاتە سەر ئافرەتانی چینی باڵا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی، ئافرەتی کورد وەک ناوبژیوان ڕۆڵی گێڕاوە و کۆتایی بە ناکۆکی و کێشەی نێوان پیاوان هێناوە. ڕیچ لە باسی چەند گوندێکی نزیک سینا، ئاماژە بەوەدەکات ئافرەت پێگەیەکی گەورەی هەبووە، هەندێکجار توانوویانە کێشەی نێوان پیاوان چارەسەر بکەن تاکو بەر لە شەڕ و خوێنڕشتن بگرن[41].
میلینگن باس لە ڕووداوێکی ساڵانی ١٨٥٠ دەکات، کاتێک کوردانی شکاک لە نزیک شاری وان بەشەڕ هاتن، بیست و چوار کەسیان لە یەکتر کوشت. بەرپرسانی حکومی بە هاوکاری ژمارەیەک ئافرەت توانیان کۆتایی بە شەڕ و شۆڕەکە بهێنن[42]. ئەمە هۆکارێک بوو کە وای لە گەڕیدەکان کرد ئافرەتی کوردی بە سیمبولی ئاشتی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی وێنا بکەن. ئەم تێڕوانینە لای بایەزیدی نووسەری کورد پشتڕاستکراوەتەوە، کاتێک ناکۆکی و ئاڵۆزییەک سەریهەڵدەدا، ئەوە ئافرەتان بوون کۆتاییان بە کێشەکان دەهێنا. کاتێک ناکۆکی و ململانێیەک لەنێوان دوو گوند سەریهەڵدەدا، وەکو ئەوەی لە نێوان هەکاری و بۆتاندا ڕوویدا، شێخانی ئایینی و ژنان هەوڵیان دەدا کێشەکان چارەسەر بکەن و داوایان دەکرد شەڕەکە بوەستێنن[43].
گەڕیدەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ سەرکردە ئافرەتە کوردەکانیش کردووە، بەوپێیەی ئەوکات ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە. ئاینسۆرس دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە نزیک شەنگال دوو گوندی لێک نزیک هەبوون. گوندێکیان ناوی چیلاغا (Chil-Agha) بوو، خانمێکی گەورەی گوندی زۆر بەگەرمی پێشوازی لە خۆی و هاوڕێکانی کرد[44]. لەو راپۆرتەدا، ئەوە ئاشکرا دەکات، کە ژنانی کورد مافی سەرکردایەتی کۆمەڵگەیان هەبووە. ئەگەرچی، زانایانی وەک ڤان بروینسن پێیانوابووە مەحاڵە هەموو ئافرەتانی کورد ئازادیان لە ئافرەتانی فارس و عەرەب و تورک زیاتر بووبێت، لای ئاینسۆرس ئیمتیازاتی سیاسی بەیەکسانی بەسەر هەموو ئافرەتانی کورد لە هەموو چین و توێژەکان فەراهەم نەکراوە، بەڵکو تەنها بۆ چینی حوکمڕان و باڵادەست دابینکراوە[45]. بۆچونەکانی سەبارەت بەسەرکردایەتی ئافرەتی کورد ڕاستن، چونکە هەموو سەرکردە ئافرەتەکان لە چینێکی خانەدان و باڵادەستەوە هاتوون. لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا لە کوردستان، ئەستەمە ئافرەت بێ هەبوونی پاشخانێکی بنەماڵەیی بووبێتە سەرکردە، ئەوە سەبارەت بە پیاوەکانیش ڕاست بوو، چونکە کورد باوەڕی بە کەسی دیار و کاریزما بووە. هەر لەبەرئەوەشە سەرکردە پیاوەکانی کورد پاشخانێکی بنەماڵەیی هاوبەشیان هەبووە.
چەند گەڕیدەیەکی تریش باسی سەرکردایەتی ئافرەتی کوردیان لەنێو کۆمەڵگەی گەورەتر کردووە. بۆ نمونە میلینگ لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانیدا باسی خێزانی سەرۆک هۆزی میلان دەکات[46]، کە چەندین ڕۆڵی هەبووە، لەنێویاندا هاوسەری متمانەپێکرا و لە ئەستۆگرتنی کاروباری دارایی و ڕاوێژکار. میلینگن باسی حوکمکردن و بەڕێوەبردنی ئازایانەی ئەو ژنە دەکات لەنێو عەشیرەتدا، بەگووتەی میلینگ سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنیا بیست و پێنج ساڵانێک بووە، کاتێک پیاوەکەی کۆچی دوایی کردووە، زۆر دلێرانە کارەکانی ڕاپەڕاندووە. پاش مردنی پیاوەکەی وەکو سەرۆک خێڵێکی گەورە ڕێزی لێ گیراوە، تاكو وایلێهاتووە وەکو سەرۆک خێڵ عەشیرەتەکەی بەڕێوەبەرێت[47]. لە ڕوانگەی گەڕیدەکان ئافرەت توانای سیاسی لە پیاوە بە تەمەنەکانی عەشیرەت زۆر زیاتر بووە. لە ڕاپۆرت و تۆماری گەڕیدەکانی سەدەی نۆزدەدا، ئافرەتی کورد تەنها وەک سەرکردەی هۆزەکەی ڕۆڵی نەبینیوە، بەڵکو وەکو سەرکردەیەکی سیاسیش توانای بەڕێوەبردنی ژیرانەی هەبووە. لە جەنگی کریمیا(1853-1856)دا، یەکێک لە ئافرەتە خێڵەکییە دیارەکانی کورد بەناوی قەرە فاتمە (فاتیمە ڕەش) سەرنجی ڕۆژئاواییەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ڕۆژنامەی ئیلوسترەیتد لەندەن نیوز ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی ئەو بڵاوکردووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا وەکو سەرۆک عەشیرەتێک کە هیوا بخوازێت سەربەخۆبێ لە دەسەڵاتی سوڵتان و حوکمی نەیاری عوسمانی بەدەستبێنی وێناکرابوو. قەرە فاتیمە خەڵکی شاری مەڕەشی کوردان بوو، فەرمانڕەوایی عەشیرەتێکی گەورەی دەکرد، کە ٤٠٠٠ هەزار سوارچاکی هەبوو[48]. بەوشێوەیە، لەو ڕاپۆرتەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت، کە لەو عەشیرەتەدا، بێ جیاکاری، پیاوان و ئافرەتان توانای بەڕێوەبردنی سەربازی و سیاسییان هەبووە. قەرە فاتیمە ئافرەتێکی بچووکی ڕەشتاڵەی تەمەن شەست ساڵان بوو، وەکو جەنگاوەرێکی پیاو جلوبەرگی پۆشی بوو، ئەگەرچی لە لای ئەورووپییەکان بەو جەنگاوەرە ئافرەتە شەڕاوییانە نەدەچوو کە ئەوان پێی ئاشنابوون. گوایە هێزێکی شاراوە و تایبەت و لە ڕادەبەدەری هەبوو. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، دوای ئەوەی پیاوەکەی لە لای عوسمانییەکان دەستگیردەکرێت، ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەت دەگێڕێت، خۆی لەگەڵ هێزێکی ئەسپسواری لە ٣٠٠ پیاو و بە بڕێک پارەوە دەچێتە لای سوڵتان تاکو ئامادەباشی عەشیرەتەکەی نیشانبدات بۆئەوەی بەناوی ئەو شەڕ بکەن و ڕازی بکەن پیاوەکەی ئازاد بکرێت[49]. ڕۆژنامەکە بەگوێرەی تێڕوانینەکانی سەردەمی ڤیکتۆریان بە کەسێکی مێینە و دڵسۆز بۆ پیاوەکەی پێناسەی دەکات، باس لەوە دەکات چۆن ژیرانە دڵسۆزی عەشیرەتەکەی بۆ سوڵتان نیشانداوە تاکو لە ئاسودەیی و سەلامەتی پیاوەکەی دڵنیابێتەوە. ڕۆژنامەکە جەخت لە توانا و هێزی سەرکردایەتی ئەو ژنە کردووەتەوە.
لەنێو بەڵگەنامەکانی بەریتانی ئافرەتێکی تری دیاری کورد ناوی دێت، بە ناوی عادیلە خانم، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست ژیاوە. مەیجەرسۆن، کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست هاتووەتە کوردستان، سەرسامی هێز و توانای عادیلە خانم بووە، عادیلە خانم بە سەرکردەیەکی کاریگەر وەسف دەکات. لەبەرئەوەی خێزانی عوسمان پاشا بووە، سەرۆکێکی بە هێز و بە توانای عەشیرەتی جاف بوو. لە دیوەخانەکەیاندا، سۆن ئاماژە بە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئافرەتی موسڵمان دەکات، لەوەی توانایەکی بە هێزی هەبوو، زۆر لێهاتووانە چەکی بەکارهێناوە[50]. ئەگەرچی ئەوەی زۆر سەرنجی مەیجەرسۆنی ڕاکێشاوە توانا سیاسیی و پێگەکەی بوو لەنێو بنەماڵەکەی، کە ببووە جێگەی ئامۆژگاریی و ڕاوێژکارییان. هەر لەبەرئەوە هەتا دەهات پێگەکەی بە هێزتر دەبوو. لە غیابی عوسمان پاشا و ڕۆیشتنی بۆ گەشتەکانی سلێمانی و موسڵ و کەرکوک، عادیلە خانم حوکمی ناوچەکەی کردووە و لە شوێنی ئەو گەشەی بە شاری هەڵەبجە داوە. بەگووتەی سۆن، لە سەردەمی ئەودا، چەندین یاسا و ڕێسا بۆ شار و ناوچەکانی دەورووبەر خرانە ڕوو[51]. بەگووتەی ئەو، لەوكاتانەی هاوسەرەکەی لە کەیف و سەفاو گەڕان بووە، عادیلە خانم حوکمی هۆزەکە و دەوروبەری كردووە. لە ئەستۆی عادیلە خانم بوو حەمام دروست بکات و کاروباری ناوخۆ بەڕێوەبەرێت، هەر لەبەرئەوەش پێگەکەی بەهێز بوو[52]. سۆن بە حاکمێکی ڕاستەقینە دایدەنێ، لە غیابی هاوسەرەکەی توانا سیاسییەکەی زۆر لا گرنگتر بوو لە ڕەگەزەکەی. لە وەسفی ئەودا، باسی ڕۆڵی سەرکەوتووانەی ئەو دەکات لە بە مەدەنیکردنی ناوچەکە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ عوسمان پاشا کرد، لەسەر مۆدێلی شاری سنە، دەستی بە دروستکردنی خانوو کرد. پیشەوەر و بیناسازی فارسی دامەزراند تاکو لەسەر شێوازی فارسی خانووەکەی دروستبکەن[53]. جگەلەوە، بازاڕی هەڵەبجەی بنیاتنا، کە لە چوار ڕیزە دووکان پێکهاتبوون لە ڕێی کۆڵانێکی بچووک بە دوکانی تر بەسترابوونەوە، بەوشێوەیە، کاروباری بازرگانی بووژایەوە[54]. لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، باری ئابووری لە ناوچەکە بەرەوپێشەوە برد لە ڕێی دروستکردنی بازاڕ و ڕەخساندنی هەلی کار. سۆن، عادیلە خانم بە نموونەی ژنێکی سەیروسەمەرەی ڕۆژهەڵات دادەنێت، کە بتوانێت گوندێکی دورەدەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بۆ شارۆچکەیەکی پێشکەوتوو بگۆڕێت[55]. لەسەروو ئەوانەشەوە بە سیاسەتمەدارێکی بە توانا و ڕێکخەرێکی چالاکی بواری یاسای ناوچەکەی وێنای كردووە.
لەبارەی ڕۆڵی سەرکردایەتی عادیلە خانم، ڤان بروینسن پێیوایە، ئەگەر عادیلە خانم لە بنەماڵەیەکی پلە باڵا و خانەدانی سنە نەبا، هەروەها هاوسەرێکی بیرکراوەی نەبا، ئەستەم بوو ببێتە سەرکردەی کۆمەڵگەیەک[56]. قسەکانی ڤان بروینسن ڕاستن، بەڵام ناکرێت سەبر و کراوەیی پیاوی کورد بەرامبەر ژنی کورد و توانای سیاسیان بە هەند وەرنەگیرێت، چونکە بەبێ ڕەزامەندی هاوسەرەکەی عادیلە خانم نەیدەتوانی حوکمی عەشیرەتێکی گەورەی وەکو جاف لە هەڵەبجە بکات.
کاروباری سەربازی ئەرکی سەرشانی پیاوان بوون، ئەگەرچی لە ڕوانگەی گەڕیدەکان ئافرەتی کورد لە پاڵ ڕۆڵی سیاسییان توانای سەربازیشیان هەبوو، وەکو ئەوەی لە دۆخی قەرە فاتیمە باسکرا. ژنی کورد شانبەشانی پیاوان شەڕیان دەکرد. میلینگن، پێیوابوو ئافرەتی کورد هەمیشە زۆر وشیار بوون، ئامادەن سواری ئەسپەکانیان ببن. لە شەڕەکاندا شانبەشانی پیاوان شەڕیان كردووە، بەگوێرەی میلینگن ئافرەتەکان بە جلوبەرگی سوور دەناسرانەوە[57]. شەڕی زۆر لە نێوان کورد و عوسمانییەکان هاتبوونە ئاراوە، بەتایبەتی لە ساڵانی ١٨٣٠، کاتێک عوسمانییەکان، لەژێر فەرمانی ڕەشید محەمەد پاشا، سوپایەکیان بۆ داگیرکردنی ئیمارەتی سۆران و ئیمارەت و شانشینە بچووکەکانی تر نارد[58]. بۆ نموونە، برانت لە تۆمارەکەی باس لە خێزانی حاجی زلال ئاغا دەکات، کە چۆن شانبەشانی هاوسەرەکەی بەرگری لە گوندەکەیان کردووە و چەکەکەی بۆ هاوسەرەکەی ئامادەکردووە[59].
هەندێک ئافرەتی تر وەکو پاسەوان کاریان كردووە، هەندێک گەڕیدە باس لە توانای لە ڕادەبەدەریان دەکەن، تەنانەت هەندێکجار لە پیاوانیش بەتواناتر بوون. ڕیچ ئاماژە بەوە دەکات، لە دیوان ئەفەندییەکەی (Divan Effinde) بەغدا، کە سێک وەکو خزمەتکار کاری کردووە، سەرەتا وای زانیوە پیاوە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کە ئافرەتە و لە عەشیرەتی بڵباسە. ڕیج بە سەربازێکی زۆر ئازا و چەلەنگ و سوارچاکێکی لێهاتوو، داوێن پاک و نموونە لە کارەکانیدا باسی دەکات . دەڵێت جارێکیان پیاوێک ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر و شەرەفی لەکەدار بکات، ئەو ئافرەتەش زۆر بەسەختی بە چەقۆ لێیداوە، هەر ئەو ئافرەتە وتوویەتی ئەگەر گەورەکەی خۆشی بوایە هەمان کاری دەکرد[60]. ڕیچ بەردەوام شانازی بە توانای ئەو ئافرەتەوە لە بەکارهێنانی ڕم و دەمانچە دەکات [61]. جلوبەرگی پیاوانی دەپۆشی، خەنجەرێکیشی لە پشدێنی دەچەقاند، شاڵێکی ئاوریشمی بەسەر سەریدا دەدا و تەمەنی لە نێوان ٢٥-٣٠ ساڵانێکدا دەبوو، ڕووخسارێکی کوردانەی هەبوو، دەموچاوی لەبەر خۆرەتاودا سووتابوو[62]. جێی بایەخبوو ئافرەتێک بەو تەمەنە گەنجییەوە ئابڕوو و شەرەف و کەرامەتی خۆی لەناو ئەو هەموو پیاوەدا بپاریزێت، هەروەها بەو تەمەنەوە چەک و تەقەمەنی بەکاربهێنێت، تەنانەت لە پیاوانیش باشتر. وەک پێشتر باسکرا، هەندێک ئافرەتی کورد توانای بەکارهێنانی چەند جۆرێک چەکیان هەبووە، بەڵام بە لای ڕیچەوە ئەو ژنە لە هەموو ئافرەتانی دی جیاوازتر بوو. لە بنەڕەتدا بەریتانییەکان چەمکی "ئەوانی تر"یان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات بەکاردەهێنا، لەبەرئەوەی مەرامێکی ڕۆژهەڵاتناسی و خۆپەرست و نامۆیان هەبوو. هەرچەندە، کوردەکان زیاتر جیادەکرانەوە، چەمکی "لە ئەوانی تر ئەوانی تر"یان پێدەگوتن و، بە لایانەوە نامۆ و سەیر بوون.
جلوبەرگی ئافرەتان
ئەگەرچی بەریتانییەکان زۆربەی کات گرنگی تایبەتیان بە سەربەخۆیی و ئازادی ژنانی کورد دەدا و پشتیان بە تێڕوانینە ڕۆژهەڵاتناسییەکانیان دەبەست، لەهەمانکاتدا سووریش بوون باسی ڕواڵەت و جلوبەرگی ئافرەتی کوردیش لە ناوچەکانی ژێردەستی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و فارسیدا بکەن. لای گەڕیدە بەریتانییەکان جلوبەرگی ئافرەتی کوردی سەرنجڕاکێش و ئاڵوواڵا بوون. ئەمەیش لە نووسین و تۆمارەکانیاندا ڕەنگیداوەتەوە و سەرنجیان خستبووە سەر ئافرەتی کورد و جلوبەرگیان، وەک ئەوەی پێشتر ڕیچ لە وەسفی کراسە شڕ و پڕ و پیسەکانی قەرە فاتیمە و جلی خزمەتکارە پیاوەکە باسی کرد. ئەگەرچی ئەوانە چەند نموونەیەکی کەم و جیاواز بوون و هەموو جلوبەرگی کوردی بەم شێوەیە نەبوون. بۆ شارەزابوون لە تێڕوانینی گەڕیدەکان لەبارەی جلوبەرگی کوردی باشترە پشت بە بۆچونەکانی ماونسێل ببەستین. بە لای ئەو، ئەوەی جلوبەرگی ئافرەتی کوردی لەوانی تر جودا دەکاتەوە، ئەوەیە جلی ئافرەتی کوردی ڕەنگاوڕەنگ و بریقەدار بووە[63]. هەروەها ڕیچ لە باسی جلوبەرگی ئافرەتە خانەدانەکاندا دەڵێت: جلوبەرگی ئاوریشمی سوور و زەردیان دەپۆشی[64]. پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کولتووری کوردی.
گەڕیدەکان زۆربەی کات سەرپێچی سەری ئافرەتیان بە بەشێکی سەرنجڕاکێش لە تەواوی جلوبەرگی کوردی داناوە. زۆربەی جار لای گەڕیدەکان زۆر دیار و بەرچاو بووە. لە لای ڕیچ، پۆشینی زۆر قورس و گران بووە، تەنانەت هەندێکجار دەبووە هۆی ڕووتاندنەوەی قژی کەسەکانیش[65]. سەرپێچەکە لە قوماشێکی ئاوریشمی یانیش لە شاڵێکی ڕەنگاوڕەنگ پێکهاتبوو، لە یەکەوە بەسترابوونەوە، بەسەر شانیاندا پەخشان و بڵاوبووبووەوە[66]. لە لای ئەو سەرپێچ شووناسی ئافرەتی کورد بووە، بە گرنگترین هێمای جلوبەرگی کوردی دانراوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، بە گوتەی هاریس ئاغا ژنەکان سەرپێچێکی گەورەیان لەسەر دەپێچا و بە زێڕ ڕازێندرابووەوە، کە بەهاکەی نزیکەی ١٠٠، ٨٥ سەت پاوەند و هەشتاوپێنج پێنس دەبوو[67]. بۆیە لە لای ئەو ئافرەتە خانەدان و پلە باڵاکان پارەیان بەفیڕۆ دەدا. لە ڕوانگەی بێڕد سەەرپێچ بەشێکی ڕازاوە بووە لە جلی ئافرەتی کورد، لە گێڕانەوەکانیدا دەڵێت کڵاوێکی ڕەشیان لەسەر دەکرد و بە پلپلەی زیوین ڕازێندرابووەوە، هەروەها قوماشێکی سووریش بە پشتی سەریاندا شۆڕ ببووەوە[68]. هەر گەڕیدەیەک کە باسی سەرپێچی ئافرەتی کوردی کردووە، بە سومبولێکی سەرنجڕاکێش لە قەڵەمیداوە و تایبەت بووە بە ژنی کورد.
ڕیچ دەڵێت ئافرەتی کورد لە ڕازاندنەوەدا شارەزابوون، بەگوێرەی وەرز و سامانی کەسەکە جوانکاریی و ڕازاندنەوەیان دەکرد، هەروەها کراسەکان بە قوماشی ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگ و خەت و خاڵی زێڕ دەڕازێندرانەوە، زۆربەی ئەو شمەکانەش لە قوستەنتنییەوە دەهاتن[69]. قسە و تێبینیەکانی ڕیچ زۆر گرنگن، چونکە ماوەیەکی زۆر لە سلێمانی ژیاوە و سەردانی شاری سنەشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، بۆیە لە هەموو گەڕیدەکانی تر زیاتر شارەزایی لە کولتووری کوردی هەبووە. برانت بەهەمان شێوە باسی خۆڕازاندنەوەی ئافرەتی کورد دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، ژنانی کورد بە دەنکۆڵە مەرجان خۆیان دەڕازاندەوە[70]، ئەگەرچی بەوردی باسی ئەوە ناکات، ئاخۆ ئەو دەنکۆڵە مەرجانانەیان لە سەرپێچ یان لە مل دەکرد. ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە کوردەکان کاریگەری پێشکەوتنی ڕۆژئاوایان لەسەر بووە، کە پەیتا پەیتا لە سەدەی نۆزدە کاریگەری زیاتر دەبوو. تاتۆکردن جۆرێکی تر بوو لە جوانکاری کوردەکان. لایارد ئاماژە بەوەدەکات، کە زۆر باو بوو لەنێو ژنانی کورد. لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: ژنانی کورد لە هۆزی میلی نزیک ڕووباری خاپوور قۆڵ و بەشەکانی دی جەستەیان زۆر تاتۆ دەکرد، لەگەڵ ئەوەش هێندەی ژنە ڕەوەندەکان تاتۆیان نەدەکرد[71].
بەگوێرەی گەڕیدە بەریتانییەکان ژنانی کورد هەتا شەرواڵەکانیشیان دەڕازاندەوە، بە گوتەی ڕیچ شەڕوالەکانیان فشۆڵ و گەورە بوون و پشتێنەکانیان بە شیتەکێک قایم دەکرد، کە هەردوو سەری زیو یان زێر بوون[72]. بەپێی تێبینییەکانی جیاوازییەکی کەمیش لە نێوان ئەو شەڕواڵەی ژنە دەوڵەمەندەکان لەبەری دەکەن هەبوو بە بەراورد بەو جۆرەی ئافرەتە هەژارەکان دەیانپۆشی، ئافرەتە جووتیارەکان شەڕواڵەکانیان لە قوماشێکی شینی دڕ و ئەستوور دوورابوو[73]. پێدەچی ئەو شەڕواڵەی ژنانی کورد دەیانپۆشی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی بەسەردا نەهاتبێ، چونکە گەڕیدە هاریس لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بەهەمان شێوە باسی چەند ژنە جووتیارێکی کورد لە ساوجبولاق دەکات، وەک ڕیچ پێی وابووە شەڕواڵەکانیان بەرین بوون[74].
گەڕیدە بەریتانییەکان درکیان بە جیاوازی ئەو جۆرە خام و قوماشە کردبوو، کە چینەکانی کۆمەڵگە بەکاریاندەهێنا. بەگوتەی ڕیچ ژنانی خانەدان و چینە باڵاکانی کۆمەڵگە قوماشی ئاوریشمیان بەکاردەهێنا، لەکاتێکدا هەژارەکان قوماشی دڕ و ڕەقیان دەپۆشی[75]. لایاردیش دەڵێت: ژنە خانەدان و چینە باڵاکانی یەزیدی بە تاڵی عەنبەر و مەرجان و پلپلە و دەنکۆڵە شوشە و عەقیقیان لە مل دەکرد، زۆربەی زۆری جوانکارییەکانیان لە مەرجان و زێڕ و زیو چنراوبوون. لەکاتێکدا، خێزانی چینە ئاساییەکان بە پلپلەی زیو و دەنکۆڵەی شوشەیی و پارچە کانزای بچووک خۆیان دەڕازاندەوە[76].
گەڕیدەکان کوردیان بە خێڵەکی و گەلێکی سەرەتایی دەبینی، دەیانویست جلوبەرگ و پۆشاکی ژنی کورد بە جلوبەرگی ئافرەتی سکۆتلەندی بەراورد بکەن، کە گەڕیدە بەریتانییەکان بە نموونەی کولتووری خێڵەکی ئەورووپی دایاندەنان. بۆ نموونە فرەیزەر کاتێک بەنێو ناوچەکانی سەڵماسدا دەڕوات، دەبینێت هەندێک ژنی کورد لە وەختی جلشوشتن هەمان شێوازی پۆشینی سکۆتلەندییەکانیان لەبەرکردووە، تاڕادەیەکی زۆر قاچیان ڕووتکردبووەوە[77]. جگەلەوە، ڕیچ لای وابوو ژنی کورد و سکۆتلەندی زۆر لێکدەچن، ژنانی خەڵکی پێنجوێن وەکو ئافرەتانی ناوچە بەرزاییەکانی سکۆتلەندا چارۆکەی لە کوتاڵی چوارگۆشە نەخشێنراو دەپۆشن[78]. هەروەها لایارد لە تۆمارەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو کۆڵوانە ڕەنگ خۆڵەمێشی و مەیلە و زەردەی ژنە کوردەکان لە شانی خۆیان دەئاڵاند زۆر بە چارۆکەی سکۆتلەندییەکان دەچوو. کۆڵوانەکە بەسەر قوماشە ئاوریشمییەکەی ژێرەوەیان شۆرببووەوە، ئەمە جلی کولتووری یەزیدیی و هەندێک کریستیانی ناوچەکەش بوو[79]. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە گەڕیدەکان پێیانوابوو کورد و سکۆتلەندی لە هەمان قۆناغی گەشەسەندندان، چونکە هەمان شێوازی پۆشینیان هەیە.
تێڕوانینی گەڕیدەکان لەبارەی هاوسەرگیری
گەڕیدە بەریتانیییەکان هاوسەرگیرییان بە بەشێک لە ئایینی ئیسلامی زانیوە، کە لەنێو دینی ئیسلامدا گرنگی خۆی هەبووە، چونکە کوردان موسڵمان بوون و زۆر مەراسیمی هاوبەشیان لەگەڵ نەتەوەکانی تری ناوچەکەدا هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەڕیدەکان تێبینی هەندێک جیاوازیان لە نێوان کورد و نەتەوە دراوسێکانی دەوروبەریان کردووە. بەگوێرەی تێڕوانینی گەڕیدەکان، ڕاستە کوردەکان بە هەمان شێوازی موسڵمانەکانی تر هاوسەرگیریان دەکرد، بەڵام سەبارەت بە ئازادی لە هاوسەرگیریدا جیاوازییەکی کەم لەنێوان ژنانی کورد و موسڵمانانی دی هەبووە. گارنێت لە نووسینەکانیدا لەبارەی ژنان لە ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا دەڵێت: ئازادی لە هەموو لایەنێکی ژیانی ئافرەتانی کورد ڕەنگیدابووەوە، بەوپێیەی ئافرەتی کورد مافی هەڵبژاردنی هاوسەری هەبووە، ئەگەرچی بە ڕەزامەندی و ڕازیبوونی باوکی، ئەمە جگەلەوەی ماوەی دەستگیرانی لەنێو کورددا بوونی هەبووە[80]. بەپێچەوانەوە، هیوم-گریفیت لە باسی دەستنیشانکردنی کچان بۆ هاوسەرگیری لە موسڵ[81]، دەڵێت دایک و باوکی کوڕ بەتایبەتی دایکی ڕۆڵێکی گرنگی لە هەڵبژاردنی هاوسەری کوڕەکەیدا هەبووە، بۆیە دایکی پیاوەکە بەکاری دەستنیشانکردنی ژنێکی گونجاو بۆ کوڕەکەی هەڵدەستا[82]. بەم پێیە، ئەو دوو گەڕیدە بۆچونی جیاوازیان لە بارەی هاوسەرگیری هەبووە، گارنێت پێیوابووە، ئافرەتی کورد سەربەستی زیاتری هەبووە بە بەراورد بە پیاوان، لەکاتێكدا هیوم-گریفیت پێیوابووە کچانی شارەکانی وەکو موسڵ لە مافی هەڵبژاردنی پیاوەکانیان بێبەشبوون.
سەبارەت بە ڕێکخستنی هاوسەرگیری، گارنێت ئاماژەی بەوەکردوە، کە هاوسەرگیریکردنەکان لە دوای ڕەزامەندی هەردوو بنەماڵە بەڕێوەدەچوون. لەنێو کورددا هاوسەگیری بیروباوەڕی ئیسلامی پێوە دیاربوو، هەروەها هەمیشە بە ئامادەبوونی پیاوێکی ئایینی بەڕێوەدەچوو، کە بە یاوەری خزم و کەسوکاری زاوا دەچوونە ماڵی بووک، دوای ئەمەیش پیاوە ئایینییەکە هەردوو کەسەکەی لێک مارە دەکرد[83]. فرێدریک بارس و شارزاد موجاب پێێیانوابوو ئامادەبوونی باوک و برا یان باپیر لە کاتی بەجێگەیاندنی هاوسەرگیری بەڵگەیە لەوەی ژنی کورد ئازادییەکی کەمی هەبووە، چونکە هاوسەرگیری بێ ڕێگەپێدانی کەسە نزیکەکان لە ڕەگەزی نێر بەڕێوەنەدەچوو[84]. ئەگەرچی ئامادەبوونی خزم و کەس لە ڕەگەزی نێر دەکرێت وەکو پاڵپشتی و بەرگرییەکیش لە ئافرەتەکە لێکبدرێتەوە و زیاتر پەیوەندی بە دینەوە هەبێت نەوەکو ملکەچبوونی ئافرەتەکە. جگەلەوە، کەسوکاری کوڕ لە (ڕەدووکەوتن)دا یارمەتیان دەدات، ئەمەیش خۆی ئەوە دەگەیەنێت کە ئافرەت ئازادیی بڕیاردانی هاوسەرگیریان هەبووە. هەندێک گەڕیدە قسەی خۆیان لەبارەی ڕەدووکەوتن کردووە، لە هاوسەرگیریان جیاکردووەتەوە لەنێو کورددا، کە سەرنجی بەریتانییەکانی ڕاکێشاوە، چونکە لە ئەورووپا باو نەبووە، بەتایبەتی لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا. ئە دیاردەیە لە کوردستان کاتێک سەرهەڵدەدات، کە کچەکە ڕێگەی پێنادرێ هاوسرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی بکات. ڕیچ بەم جۆرە وەدووکەوتنە دەڵێ "دزینی بووک"، چونکە پیاوەکە خۆشەویستەکەی دەبات، بە فۆڕمێکی باو و جۆرێکی تر لە هاوسەرگیری لەنێو هەندێک خێڵی کوردی دەیناسێنێت[85]. بەگووتەی گارنێت، کچ و کوڕ بڕیاریان دەدا ڕابکەن، کاتێک کوڕە نەیدەتوانی ڕەزامەندی باوکی کچە و بنەماڵەکەی بەدەستبێنیت[86]. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە گەڕیدە بەریتانییەکان پێیانوابووە ئافرەتانی کورد خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بوون، ڕووبەڕووی حەزی دایک و باوکیان وەستاونەتەوە و هاوسەرگیریان لەگەڵ ئەو کەسە کردووە خۆشیان ویستووە نەوەکو ئەوەی بۆیان دیاریکراوە. لەوانەیە ئەو دیاردەیە وای لە گەڕیدەکان کردبێت لەوەی کە ژنی کورد ئازادی هەبووە.
سەرەڕای ئەوەی ئایینی ئیسلامی ڕێگەی بە پیاو داوە هەتا چوار ژن بهێنیت، گارنێت پێیوابوو زۆربەی زۆری کوردان پیاوی خاوەن یەک ژنەن، واتە زۆربەیان یەک ژنیان هەبووە[87]. هەرچەندە تێڕوانینیك هەیە، لەکاتێکدا زۆربەی پیاوی کوردان خاوەن یەک ژن بوو، هەندێک کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت زیاتر لە یەک ژنیان هەبووە[88]. جیاوازی لەنێو کورداندا هەبووە، نابێت هەموو کۆمەڵگەی کوردی بە یەک چاو سەیر بکرێت. گەڕیدەکان وێنەیەکی ڕۆمانسییانەی ئاهەنگی هاوسەرگیری کوردییان کێشاوە. لە ئاهەنگی دەستنیشانکردندا شەربەت و شیرینی بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکرا[89]. ڕیچ لە تۆمارەکانیدا باسی گرنگی هاوسەرگیر لای کوردان دەکات، ئاهەنگی بووک گواستنەوەی بە بۆنەیەکی گرنگ دادەنێت، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشداریان تێدا کردوە[90]. بنەماڵەی زاوا ئاهەنگێکی گەورەیان ساز دەکرد خواردن و گۆشتیان بەسەر میوان و خزم و کەسوکاری بوکێدا دابەش دەکرد[91]. لوسیا گێب لە سەرەتاکانی سەدەی بیست سەردانی ناوچەکەی کردبوو، ئەوەی خستبووە ڕوو کە بووک بە خۆڕازاندنەوە و تاجی سەری ئامادە دەکرا، لەو لاوەش زاوا لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیانی لەسەر پشتی ئەسپ بەرەو ماڵی بووکێ بەڕێ دەکەوتن، پاشان بە یاوەری سەدان کەس بەجلی جوان و ڕازاوە، بە تەپڵ و دەهۆڵ و زۆڕنا و هەلهەلە و کەیف و شادی بووکیان دەگواستەوە[92]. دواتر لە ماڵی زاوا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاهەنگکیان ساز دەکرد، بە هەڵپەڕکێ و چۆپی و شایی دەیانبردەسەر. بێرد پێیوابوو شایی کوردان زۆر بە شایی یۆنانی ئارناوتیکا (arnaoutika) دەچوو[93].
وێنەی شایی کوردەواری، لەلایەن ڕیچ لە کتێبی گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل٢٨٢
ڕیچ باسی چۆپی کوردەواری دەکات، بەراوردی دەکات لەگەڵ گۆرانی ئیرلەندی، زۆربەی زۆری میوانەکان لە چۆپیدا دەستی یەکتر دەگرن و هەڵدەپەڕن، بازنەیەکی تاڕادەیەک داخراو دروست دەکەن، کە کۆتاییەکانی بەیەکتر ناگەن. بەشداربووان هەڵدەبەزن و هەڵدەپەڕن و دەلەرێنەوە و پێش و پاش بە پێیەکانیان دەکەن، هەندێکجار زۆر توند قاچی خۆیان بە ئەرزدا دەدەن، لەوەیا گۆرانی ئیرلەندی " rising of Gad and sinking on Sugan"م بیردێتەوە، لەکاتێکدا هەندێکجار دڵخۆشیان بە هات و هاوار دەنگی بەرز دەردەبڕن[94].
بە بۆچوونی ڕیچ ئەو جۆرە شاییەی لە گۆڤەند و ئاهەنگەکاندا دەکرێت، ڕەگێکی مێژووی زۆر قووڵی هەیە و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، بە لای ئەو چۆپی کوردەواری کە جۆرێکە لە سیرتۆ (Sirto) یان ڕۆمیکا (Romeka)ی یۆنانی، کەمتر جوڵە جوڵی تێدایە[95]. ئەم قسەیە بنەمایەکی ڕۆژهەڵاتناسی تێدایە، چونکە پێیوابووە موسڵمانەکان سوودیان لە کولتوور و شارستانییەتەکانی جوولەکە-مەسیحی، هێلینیستی و نەمسا-ئەڵمانیی و ئەوان وەرگرتووە[96]. بەوشێوە زۆرجار گەڕیدە بەریتانییەکان هەوڵیانداوە پێکچوون و بەراورد لە نێوان کولتووری کوردی و کولتووری گەلانی تری ئەورووپی یان هی خۆیاندا بکەن، تاکو پشتگیری ئەو بیروڕایانە بکەن کە کوردان یان ڕۆژهەڵاتییەکان قەرزاری ئەورووپییەکان بوون. ئەو نموونانە دیارخەری ئەو ڕاستییەن کە گەڕیدە بەریتانییەکان ویستوویان کولتوور و بیروباوەڕی خۆیان بەسەر گەلی کورددا بسەپێنن.
ئەنجام
گەڕیدەکان زۆر لایەن و تایبەتمەندی ئەرێنی ئافرەتی کوردیان خستوەتەڕوو، پێیانوابووە بە بەراورد بە ئافرەتە موسڵمانەکانی تر ئازادی زیاتریان هەبووە. لەو باوەڕەدابوون ژنی کورد خاسیەتی سەرکردایەتی هەبووە و توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیان هەبووە. مۆجاب، و بروینسن ڕەخنەیان لەو جۆرە تێڕوانینە گرتووە، لایان وابوو تەنیا ئافرەتی بنەماڵە حوکمدارەکان ڕێگەیان پێدەدرا سەرکردایەتی کۆمەڵگەکەیان بکەن. ڕاستە هەموو سەرکردە ئافرەتەکان لە بنەماڵەیەکی فەرمانڕەوا گەورە بوون، بەڵام سەرکردایەتی ڕەگەزی مێینە تەنیا پێوەر نییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادی ژنی کورد. گەڕیدەکان زۆر لایەنی کۆمەڵگەی کوردیان باس کردووە، کە ئەوە نیشان دەدات ئافرەتی کورد بە بەراورد بە کۆمەڵگە دراوسێکانیان ئازادی زیاتریان هەبووە. بەگوێرەی گەڕیدەکان، ژنی کورد توانای گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیان هەبووە، هەندێکیان ڕۆڵێکی زۆر چالاکیان لە فەراهەمکردنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بینیوە، توانوویانە کۆتایی بەو گرژیی و ئاڵۆزیی و ناکۆکییانە بهێنن کە پیاوان هۆکاری سەرەکی بوون. ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کاروباری خێڵەکی.
لە سەدەی بیست، هەتاکو ئێستاش هەندێک ئافرەتی کورد بەردوام ڕۆڵی سیاسی و سەربازییان لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە، بەتایبەتی لەنێو ڕیزەکانی پەکەکە و کوردانی تورکیا و یەپەگە و کوردانی سوریا. کەواتە، ئەو ڕاستییەی کە ژن و پیاو تێکەڵ دەبن، هەتا پێشوازی کردنیشیان لە بێگانە، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ژنی کورد ئازادییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە. سەرباری ئەو زانیارییانەی گەڕیدەکان خستبوویانە ڕوو، لە تێڕوانین و بیروڕاکانیان پشتیان بە تێگەیشتنی مێژووی ئەورووپی بەستووە، بەتایبەتی لەو تێروانینەی لەبارەی ئازادی ئافرەت لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان هەیان بوو. بەم شێوەیە، ئەو جۆرە تێڕوانینانەیان لەسەر ئافرەتی کورد دەسەپاند، بە بەراوردکردنیان بە ئازادی ژنی تورک و فارس و عەرەب هەڵیاندەسەنگاندن. بۆیە لەوانەیە گەڕیدەکان زیادەڕۆییان لە پیاهەڵدانی ئازادی ژنانی کورددا کردبێت، وەک ئەوەی لە وەسفکردنی هەستی نەتەوایەتی کورد کردیان. لەبەر ئەو هۆکارە، کاتێک لە شوێنێکی دیاریکراو ئازادی ئافرەتیان بەرچاوکەوتووە، بەسەر تەواوی ناوچەکەیان سەپاندووە، یانیش نەیانتوانیوە ئاستی ئازادی لەنێو چین و توێژی ژنان جودابکەنەوە. بەربەستی کولتووریی و زمانەوانی و ئەو ماوە کورتەی ماونەتەوە هۆکار و ڕێگربوون لە تێگەیشتنیان لە تەواوی کۆمەڵگە و پێگەی ژن.
سەرچاوەکان
Ainsworth, Travels and Research in Asia Minor, Mesopotamia, Chaldea and Armenia, 2 vols (London: John W. Parker, West Strand, 1842)
Barth, Principles of Social Organisation in Southern Kurdistan (Oslo, 1953), p. 30.
Barth, F., Principles of Social of Social Organisation in Southern Kurdistan (Oslo, 1953), p. 30.
Bayazidi, Mullah Mahmud ‘Risalat fe Adat u Altaqalid al Akrad’ [Arabic text The Letter of Kurdish Traditions and Customs] (Beirut: Mumin Qurish, 2005)
Bell, Mark S., Turkey in Asia and Persia Section II and III Reconnaissance in Mesopotamia, Armenia, Kurdistan and Azerbaijan in 1885-1886 3 vols (Simla: Government Central Press, 1889)
Bird, Isabella Lucy, Journey in Persia and Kurdistan, 2 vols (London: John Murray 1891)
Brant, James and A. G. Glascott, „Notes of a Journey through a Part of Kurdistan, in the Summer of 1838‟, Journal of the Royal Geographical Society of London, 10 (1840).
Bruinessen, „From Adela Khanum to Leyla Zana: Women as Political Leaders in Kurdish History‟ in S. Mojab (ed.), Women of A Non-State Nation the Kurds (Costa Mesa, 2001)
Bryce, James, Transcaucaisa and Ararat being notes of a vacation tour in the Autumn of 1878 (London: Macmillan and co., 1878)
E. B. Soane, „The Southern Kurd‟, Journal of the Central Asian Society, 9, part 2 (1922), pp. 44-5.
E. B. Soane, To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise (London, 1912), p. 216.
Fraser, Travels in Koordistan Mesopotamia, vol. 1, p. 278.
Galleti, „Western Images of Women‟s Role in Kurdish Society‟ in Mojab (ed.), Women of A Non-State Nation the Kurds, p. 209.
Garnett, Lucy, M. J., The Women of Turkey and their Folk-Lore, 2 vols (London: David Nutt, 1891)
Griffith, Samantha, „Idealization of Rural Areas‟, Seen Not Heard (North America: Lulu POD Publishing, 2011)
H. H. Hansen, The Kurdish Woman’s Life (Copenhagen, 1961)
Hubbard, G. E., From the Gulf to Ararat (New York: E. P. Dutton Company, 1917)
Kabbani, Rana, Imperial Fictions: Europe’s Myth of Orient (London: Pandora, 1994)
K. Murphy, Fears and Fantasies: Modernity, Gender and the Rural-Urban Divide (Oxford, 2010)
Layard, Nineveh and Its Remains A Narrative of an Expedition to Assyria (London, 1867), p. 314.
L. Sheil, Glimpses of Life and Manners in Persia (London, 1856).
Millingen, Fredrick, Wild Life Among the Koords (London: Savill Edwards and co., 1870)
M. E. Hume-Griffith, Behind the Veil in Persia and Turkish Arabia (London, 1909)
M. Sykes, „Journeys in North Mesopotamia‟ The Geographical Journal, 20, no.3 (1907).
M. V. Bruinessen, „Matriarchy in Kurdistan? Women Rulers in Kurdish History‟, An International Journal of Kurdish Studies, 1-2 (1993).
Middleton, „Isabella Lucy Bird Bishop‟, Oxford Dictionary of National Biography, vol. 5, p. 571.
Noel, E. M., Diary of Majore E. M. Noel on Special Duty in Kurdistan from Jun the 14 to September 21 th 1919, (Basrah: Government Press, 1920).
Porter, Travellers in Georgia, Russia, Armenia, Ancient Babylonia.
Rich, Claudius James, Narrative of a Residence in Koordistan, and on the Site of Ancient Nineveh, 2 vols (London: James Duncan, Paternoster Row, 1836)
Ross, A Lady Doctor in Bakhtiari Land (London, 1921)
Said, Edward, Orientalism (New York: Penguin Books, 5th edn, 2003).
Scarce, Jennifer, „Isabella Bird Bishop (1831–1904) and her Travels in Persia and Kurdistan in 1890‟, Iranian Studies, 44, no. 2 (2011)
Shiel, J., „Notes on a Journey from Tabriz through Kurdistan, via Van, Bitlis, Se‟ert, Erbil to Suleimanieyh in July and August 1836‟, Journal of the Royal Geographical Society of London, 8 (1838)
S. Mojab, „Women in Politics and War: the Case of Kurdistan‟, Working Papers, no. 145
[1] ئەو بابەتە لە توێژینەوەی " Muhammad, Q. M. (2017). Kurds and Kurdistan in the view of British travellers in the nineteenth century (Doctoral thesis). University of Leicester, School of History, Politics & International Relations. " وەرگێڕدراوە و پوختکراوەتەوە.
[2] سەعید، ڕۆژهەڵاتناسی، ل. ١٩٠.ف
[3] ڤان بروینس، دایکسالاری لە کوردستان؟ ژنانی حاکم لە مێژووی کورددا، گۆڤارێکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی کورد، ١-٢(١٩٩٣).
[4] م.ڤی.بروینسن، "لە عادیلە خانمەوە تا لەیلا زانا: ژنان وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کورددا" لە س.موجاب (وەرگێڕ)، ژنانی نەتەوەیەکی نادەوڵەتی کورد (کۆستا مێسا، ٢٠٠١)، ل ٩٥-١٠٧.
[5] هـ.هـ.هانسن، ژیانی ژنی کورد، کۆپنهاگن، ١٩٦١.
[6] پۆرتێر، گەشتیاران لە جۆرجیا، ڕووسیا، ئەرمینیا، بابلی کۆن، ل. ١٩٨ ؛ برایس، ترانسکۆکایسا و ئارارات، ل. ٣٢٨؛ هۆراتیۆ ساوسگەیت جیاوازی لە نێوان ژنانی کورد و فارسدا کرد، بڕوانە گێڕانەوەی گەشتێک بەناو ئەرمینیا، کوردستان، فارس و میزۆپۆتامیا، بەرگی ٢ ، لەندەن، ١٨٤٠، ل ١٢٠.
[7] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1، ل. ١٠٧
[8] هەمان سەرچاوە، ل٢٨٣.
[9] هەمان سەرچاوە، ل١٨١، ٢٨٥.
[10] فرایزەر، گەشتەکانی نێو کۆردستانی میزۆپۆتامیا، ب1.١1، ل. ٢٧٨.
[11] ئاینسۆرس، گەشت و لێکۆڵینەوە لە ئاسیای بچووک، میزۆپۆتامیا، کلدا و ئەرمینیا، ل. ٢٥٠ ؛ ویڵسن، کتێبی دەستی بۆ گەشتیاران لە ئاسیای بچووک، ل64.
[12] هاریس، لە باتومەوە بۆ بەغدا، ل١٧١.
[13] بێرد، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ١، ل. ١٠٣.
[14] بێرد، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ٢، ل١٩٢، ٢٠٦.
[15] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە کوردستان، ب1. ١، ل. ٢٨٥.
[16] هەمان سەرچاوە، ل. ٢٨٤
[17] شیل، "تێبینییەکان لەسەر گەشتێک لە تەورێزەوە"، ل ٧٠.
[18] هاریس، لە باتومەوە بۆ بەغدا، ل ١٧١.
[19] ئەفسەری بەریتانی مەیجەر نۆئێل بانگەشەی ئەوەدەکات کە هیچ وشەیەک بۆ لەشفرۆشی لە زمانی کوردیدا نییە: ئی.م.نۆئێل، ڕۆژنامەی مەیجەر ئی.م.نۆئێل لە ئەرکی تایبەت لە کوردستان لە ١٤ی حوزەیران تا ٢١ی ئەیلوولی ١٩١٩، بەسرە، ١٩٢٠، ل. ٦٩
[20] هاریس، لە باتومەوە بۆ بەغدا، ل. ٢١٨.
[21] ک.مێرفی، ترس و خەیاڵەکان: نوێگەری، ڕەگەز و دابەشبوونی گوندنشین-شارەکان، ئۆکسفۆرد، ٢٠١٠، ل. ٢.
[22] س.گریفیت، "نموونەیی ناوچە گوندنشینەکان"، نەبینراوە نەبیستراو (٢٠١١)، ل. ١١٨.
[23] س.موجاب، ژن لە سیاسەت و شەڕدا: کەیسی کوردستان، وەرەقەی کار، ژ. ١٤٥، زانکۆی ویلایەتی میشیگان، ١٩٨٧، ل٥.
[24] بروینسن: لە عادلە خانمەوە بۆ لەیلا زانا: ژن وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کوردد، ل. ١٠٣
[25] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل. ٢٨٥
[26] میلینگن، ژیانی کێوی لەنێوان کوردەکاندا، ل١٢٦-١٢٧.
[27] میدلتۆن: ئیزابێلا لوسی بێرد بیشۆپ، فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بۆ ژیاننامەی نیشتمانی، ب1. ٥، ل. ٥٧.
[28] دەگمەن: ئیزابێلا بێرد قەشە، ل. ٢٤٤.
[29] بێرد، گەشتەکانی وڵاتی فارس و کوردستان، ب1. ٢، ل ٧٤.
[30] هەمان سەرچاوە.
[31] گالێتی: ژنانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕوانگەی ڕۆژاوا، لە مۆجاب (ئامادەکردنی)، ژنانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی کورد، ل ٢٠٩.
[32] گارنت، ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل. ١٣٠.
[33] پەروەردەی مێینەکان لە ناوچەکانی تر ئاسایی بوو، بۆ نموونە لەنێو بەختیارییەکان ژنان پەروەردەکراو بوون و تەنانەت فێری زمانی بیانیش بوون. ئی.ن.م.ڕۆس، خانمێکی پزیشک لە خاکی بەختیاری ، لەندەن، ١٩٢١، ل٩٢
[34] گارنت، ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل ١٣٠.
[35] کاتێک لە هەمەدان بوو، بێرد سەردانی گەڕەکی ئەرمەنەکانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەرمەنییەکان کەسانی بەڕێز بوون، بەڵام ژمارەیان نەخەمڵاندووە. بێرد، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ٢، ل. ١٤٦.
[36] باڵندە، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ٢، ل٢٥٤.
[37] قەبانی، خەیاڵی ئیمپراتۆری، ل26.
[38] هەمان سەرچاوە.
[39] میلینگن، ژیانی کێوی لەنێوان کۆردەکاندا، ل ٢٥٠-٢٥١؛ ل.شیل، وردەکارییەکانی ژیان و ڕەوشت لە فارس لەندەن، ١٨٥٦، ل. ٢٦٨ ؛ بێڵ، تورکیا لە ئاسیا و فارس، ل ٢٤٨ ؛ م.سایکس، "گەشتەکان لە باکووری میزۆپۆتامیا" گۆڤاری جوگرافی، ٢٠، ژمارە ٣ ، ١٩٠٧، ل ٢٥٤.
[40] هەمان سەرچاوە.
[41] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل ١٠٧.
[42] میلینگن، ژیانی کێوی لەنێوان کوردەکاندا، ل٢٥٢-٣.
[43] بایزیدی، نامەیەک سەبارەت بە داب و نەریتی کورد، ل ١٩.
[44] ئاینسۆرس، گەشت و لێکۆڵینەوە لە ئاسیای بچووک، میزۆپۆتامیا، کلدا و ئەرمینیا، ب1. ٢، ل ١٢٠.
[45] بروینسن، "لە ئادێلا خانمەوە بۆ لەیلا زانا: ژنان وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کورددا"، ل١٠٠-١٠١.
[46] هۆزی میلانۆ لە دەشتی نێوان ماردین و خابور نیشتەجێ بوون، لایارد، دۆزینەوەکان لە پاشماوەکانی نەینەوا و بابل، لەگەڵ گەشتەکانی ئەرمینیا، کوردستان و بیابان، نیویۆرک، ١٨٥٣، ل٣١٥.
[47] میلینگن، ژیانی کێوی لەنێوان کۆردەکاندا، ل. ٢٥١ ؛ بێڵ، تورکیا لە ئاسیا و فارس، ل٢٤٨.
[48] "قەرە فاتیمە لە قوستەنتینیە"،ئیلیوسترەیتەد لەندەن نیوز، ٢٢ی نیسانی ١٨٥٤، ل. ٣٦٣.
[49] "قەرە فاتیمە لە قوستەنتینیە"، ل ٣٦٣.
[50] ئی.ب.سۆن، بەرەو میزۆپۆتامیا و کوردستان بە شاراوەیی ، لەندەن، ١٩١٢، ل. ٢١٦.
[51] ئی.ب.سۆن، "کوردی باشوور"، گۆڤاری کۆمەڵگەی ئاسیای ناوەڕاست، ٩، بەشی دووەم (١٩٢٢)، ل٤٤-٥.
[52] سۆانێ، بەرەو میزۆپۆتامیا و کوردستان، ل٢١٩.
[53] هەمان سەرچاوە.
[54] هابارد، لە کەنداوەوە بەرەو ئارارات، ل١٧٤-٥.
[55] سۆن، بەرەو میزۆپۆتامیا و کوردستان، ل ٢٢٠.
[56] بروینسن، „لە عادلە خانمەوە بۆ لەیلا زانا: ژن وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کورددا»، ل ٩٨.
[57] میلینگن، ژیانی کێوی لەنێوان کۆردەکاندا، ل٢٥١-٢.
[58] گەڕیدەکان لە ساڵی ١٨٣٠ باسیان لەوە کردووە، بە تایبەتی برانت و گلاسکۆت، کە لە کتێبی "تێبینییەکانی گەشتێک بە بەشێک لە کوردستان" باسیان لەوە کردووە کە لە زۆر شوێن بەرەنگاری سوپای عوسمانی بوونەتەوە.
[59] برانت و گلاسکۆت، "تێبینییەکانی گەشتێک بە بەشێک لە کوردستان"، ل349-357 ؛ ماکدۆواڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، ل٤٢-٤٧.
[60] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. 1، ل٢٨٥.
[61] هەمان سەرچاوە، ل ٢٨٥-٦.
[62] هەمان سەرچاوە، ل. ٢٨٦.
[63] ماونسێل، „کوردستان‟، ل. ١٠٧.
[64] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل١٨٠-١.
[65] هەمان سەرچاوە، ل٢٨٨-٩.
[66] هەمان سەرچاوە، ل٢٨٨.
[67] هاریس، لە باتومەوە بۆ بەغدا، ل٢٣٧.
[68] باڵندە، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ٢، ل ١٩٢.
[69] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل.٢٨٧.
[70] برانت و گلاسکۆت: تێبینییەکانی گەشتێک بەناو بەشێکی کوردستان، ل٣٩٣.
[71] لایارد، دۆزینەوەکانی پاشماوەکانی نەینەوا، ل٣١٤-١٥.
[72] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل٢٨٧.
[73] هەمان سەرچاوە، ل٢٨٨.
[74] هاریس، لە باتومەوە بۆ بەغدا، ل ١٩٨.
[75] ڕیچ، گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل٢٨٧-٨.
[76] هەمان سەرچاوە، ل٢٨٨-٩.
[77] فرایزەر: گەشتەکانی کۆردستان، میزۆپۆتامیا، ب1. ١، ل٤٩.
[78] ڕیچ: گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل١٨٠-١.
[79] لایارد: دۆزینەوەکانی پاشماوەکانی نەینەوا، ل٨٦.
[80] گارنت: ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل١٣١.
[81] لەگەڵ ئەوەشدا کورد زۆر لە موسڵ دەژیا، بەڵام کورد تێکەڵ بە نەتەوەکانی تر بوو و موسڵ شارێکی فرە کولتوور بوو.
[82] م.ئی.هیوم-گریفیت: لە پشت پەردە لە فارس و عەرەبستانی تورکیا ، لەندەن، ١٩٠٩، ل٢٤٥.
[83] گارنت: ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل١٣٣.
[84] ف.بارس: بنەماکانی کۆمەڵایەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان، ئۆسلۆ، ١٩٥٣، ل٣٠ ؛ س.موجاب، ژن لە سیاسەت و شەڕدا: کەیسی کوردستان، وەرەقەی کار، ژ. ١٤٥، زانکۆی ویلایەتی میشیگان، ١٩٨٧، ل٤.
[85] 103 ڕیچ: گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل١٥٢.
[86] گارنت: ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل١٣١.
[87] هەمان سەرچاوە، ل. ١٣٤.
[88] ئەی.هـ.لایارد: نەینەوا و پاشماوەکانی گێڕانەوەی گەشتێک بۆ ئاشوور (لەندەن، ١٨٦٧)، ل. ٣١٤ ؛ و.ڕ.های، دوو ساڵ لە کوردستان، لەندەن، ١٩٢١، ل44.
[89] گارنت: ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل١٣١.
[90] ڕیچ: گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ٢، ل. ٢٨٢.
[91] بێرد: گەشتەکان لە وڵاتی فارس و کوردستان، ب1. ١، ل. ٣٥٦.
[92] ل.گێب: بە ڕێگاکانی بیابان بۆ بەغدا، لەندەن، ١٩٠٩، ل١٠١
[93] باڵندە، گەشتەکان لە فارس و کوردستان، ب1. ١، ل ٣٥٦.
[94] ڕیچ: گێڕانەوەی شوێنی نیشتەجێبوونێک لە کوردستان، ب1. ١، ل. ٢٨٢
[95] هەمان سەرچاوە، ل. ٢٨٧ ؛ گارنت، ژنانی تورکیا و فۆلکلۆریان، ب1. ٢، ل١٣٢-٣.
[96] سەعید، ڕۆژهەڵاتناسی، ل٣٠٤.