لە پانێڵێکدا "زانیارینامەى پارێزگاى هەڵەبجە" ناسێنرا
لە پانێڵێکدا "زانیارینامەى پارێزگاى هەڵەبجە" ناسێنرا
  2025/12/17     13 جار بینراوە    


خاڵ:

ڕۆژى 16/12/2025  ناوەندی كوردستان و ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، لە هۆڵی ڕێكخراوەكەدا پانێڵێكی هاوبەشیان بۆ ناساندنی "زانیارینامەی هەڵەبجە" ساز كرد.

لە پانێڵەكەدا هەریەک لە "م. تۆفیق کەریم" ئەندامی لیژنەی باڵای پرۆژەكە و "م. هەمایۆن ساحیب" ئەندامی دەستەی کارگێڕی، سەبارەت بە بیرۆكە و ناوەڕۆك و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێکردنی كارەكە، ڕوونكردنەوەیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕوونكرایەوە كە جگە لە بڵاوكردنەوەی ٩ بەرگی چاپكراو بەم نزیكانە، وێبسایتێكی ئەلیكترۆنیش بۆ بڵاوكردنەوەی بابەتەكان تەرخان دەكرێت. لای خۆشییەوە سەردەشت عەزیز، بەرێوەبەری كۆمپانیای سمارتهاد كە ئەركی بەدیجیتاڵکردنی پرۆژەكە جێبەجێدەكەن، ڕوونیكردەوە: سەرجەم زانیارییەكان بەشێوەیەك كە لەگەڵ نوسخە چاپكراوەکەدا هاوتا بن، لە چوارچێوەی وێبسایتێكدا بڵاودەكرێنەوە، بەجۆرێك كە بۆ نوێكردنەوە و ڕاستكردنەوە و كۆمێنتدان بەردەست بێت.

لە بەشی دووەمی پانێڵەکەدا، د. ئەژی ئازاد، بەڕێوەبەری پانێڵەكە دەرگای گفتوگۆی بۆ ئامادەبووان و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیار و بۆچوونەكانیان كردەوە و سوپاسی ڕێکخراوی (CDO)ی كرد بۆ میوانداریكردن و هاوبەشیكردنی پانێڵەكە.

شایانی باسە، زانیارینامەی هەڵەبجە (ئینسایكلۆپیدیا) دوای نزیکەی سێ ساڵ و نیو لە كاركردن و ئامادەکاری، بەئەنجام گەیشتووە. نزیكەی ٩٠ ئامادەکار لە توێژەران و چەندین ناوەند و تیمی مەیدانی لە شار و شارەدێ و گوندەکانەوە بەشدارییان تێدا كردووە لەوانەش ناوەندی كوردستان ی زانكۆی سلێمانی.

زانیارینامەكە لە دووتوێی نۆ بەرگ و نزیکەی ٩٠٠٠ (نۆ هەزار) بابەت و زیاتر لە پێنج هەزار لاپەڕە پێکهاتووە، كە بەپێی ڕەوتی مێژوویی ژیان دابەشی سەر هەر ٩ بەرگەكە كراون.

ئەم زانیارینامەیە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان زانکۆی هەڵەبجە و ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیرییە، خاوەنكار شێخ عەلی شێخ عیزەدین تێچووی دارایی لەئەستۆ گرتووە و بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا بە هەردوو شێوازی چاپکراو و دیجیتاڵی بڵاوبكرێتەوە و گەشتێكی فراوانە بە لایەنی ژیاری و كەلەپوری و جوگرافیا و مێژووی پارێزگای هەڵەبجەدا.

کلیک بکە بۆ بینینى وێنەکان


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure