د.ئیسماعیل بەرزنجی
گومانی تێدا نییە کە کولتووری باڵا لە جیهاندا کولتووری ڕۆژئاوایە، ڕێباز و میتۆدە جیاوازەکان سەردەمانێکە لەوێوە هەناردە دەکرێن بۆ دونیا، وەک پێوەر و ستانداردیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت چی لە تێڕوانینی خۆیانەوە بێت، یان لە دیدی گەل و نەتەوە و خاوەن کولتوورەکانی ترەوە بێت. ئەم حاڵەتە زیاتر لە دوو سەدەیە لەم ناوچانەی لەمەڕخۆمان بەردەوامە، چونکە گەلانی مسوڵمانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کە سەردەمانێکی زۆر لەژێر دەسەڵات و ڕکێفی خیلافەتی ئیسلامیدا بوون ماوەی زیاتر لە پێنج سەدە بە قۆناغی داکشانی کولتووریی و شارستانیدا تێپەڕین، هەتا لە سەدەی نۆزدەی زایینی بەدواوە چاویان کردەوە بینییان شارستانێتی ئەوروپای ڕۆژئاوایی زۆر هەڵکشاوە، لەوکاتەوە بوو بە نموونە و پێشەنگ لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ گەلانی ئەم ناوچانە.
دواتر و لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا ئەم باوەڕە تۆختر بووەوە، هەروەها پێشکەوتنی زانست و پراکتیزەکردنی لە تەکنۆلۆژیادا کە هاوزەمانی گەشەی بیری مۆدێرنخوازیی بوو کە عەقڵ چەقی گرنگیپێدانی بوو بەتەواوی ئەو باوەڕەی لای گەلانی جیهان چەسپاند، کە ڕۆژئاوا سەنتەرە لە هەموو بوارێکدا، ئەگەرچی نکۆڵی لەوە ناکرێ کە ئەم سەنتەربوونە سوودی بۆ غەیری خۆشیان هەبووە، بەڵام بەراورد ناکرێت بە زیانە زۆرەکانی بۆ جیهان و سوودە گەورەکەی بۆ خۆیان.
لە ڕواڵەتدا تیۆرداڕشتن بۆ بوارە جیاوازەکان بنەمایەکی هیومانیزمی هەیە و ڕەچاوی خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی تێدا کراوە، بەڵام کاتێک قووڵ دەبیتەوە لە میتۆدە جیاوازەکان و دەتەوێت شیکاری کایەکانی پێ بکەیت، دەبینیت کە خاڵی نین لە لایەنگیریی مەعریفی و بەرهەمی کولتووری سەردەستەی ڕۆژئاوان، بە بەها و چەمکی ئەوان شەتەک دراون و ڕەگ و ڕیشەیان دەچێتەوە سەر مێژووی ئەوان، دەکرێت ئەمە تاڕادەیەک ئاسایی بێت، چونکە خۆیان بەرهەمهێنەر و پەرەپێدەری ئەو میتۆد و کایانەن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە وەرگرتن و جێبەجێکردنی کتومتە لەلایەن گەلانی ژێردەستە و کۆڵۆنیاڵکراوەوە، بەڵام بەداخەوە، ئەم گەلە ژێردەستانە لە ڕابردوویەکی درێژدا تووشی پەتای شوێنکەوتەیی و ڕۆژئاوازەدەیی بوون و خۆشیان بڕوایان بەوە کردووە کە دەبێت ئەو تێزانە وەکو ستاندارد و دیدگای کۆتایی مرۆڤایەتی وەربگرن و پەیڕەو بکەن، لەمەشدا دەستەبژێری ڕۆشنبیر و سیاسی ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە چەسپاندنی ئەم بارەدا، هەر دەنگێکی دەرەوەی ئەمە بەرزکرابێتەوە بە نەشاز و دواکەوتوو و دژەمرۆڤ لەقەڵەمدراوە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، ساڵانێکە هۆشیارییەکی باش چی لەسەر ئاستی کۆمەڵگا بەگشتی و چی لەسەر ئاستی دەستەبژێری هۆشیار دروستبووە کە ئیدی پێویست بە خۆماڵیکردن دەکات لە هەموو کایەکاندا، دەکرێت ئەزموونی ئینسانی لە گەلێکەوە بۆ یەکێکی تر بگوازرێتەوە بە تایبەتمەندیی ناوچەیی و کولتووری گەلی وەرگرەوە، بەڵام کتومت ئەو ئەزموونە جێبەجێ نابێت لە ژینگەیەکی تردا تەنانەت ئەگەر هاوشێوەش بێت.
لەم سۆنگەیەوە (هۆشیاریی کولتووری) بنەمایەکی سەرەکی و گرنگە بۆ ڕزگاربوون لە پاشکەوتەیی و خۆبەکەمزانین و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی ناوچەیی لەکاتی گواستنەوەی ئەزموونی ئەوانی دیکەدا، مەبەست لە هۆشیاریی کولتووری ناسینی تایبەتمەندیی و پێکهاتەی کولتووری کۆمەڵگای کارتێکراو و کۆمەڵگای کارتێکەرە، بەشێوەیەکی بەراوردکارانەی ئەوتۆ کە جیاوازییەکان و لەیەکچوونەکان دیاری بکرێت و ڕەهەندی ناوچەیی و خۆماڵی بۆ زیاد بکرێت.
دەکرێت پێناسەی (کولتوور) بکەین دوور لە هێنان و بردنی ئەکادیمیانە و بە سانایی بڵێین: بریتییە لە شێوەی ژیانی کۆمەڵگا و هەڵسوکەوتی، ئەگەرچی کولتوور لە زۆر ڕووەوە تەماشادەکرێت و پێناسەی زۆری بۆ کراوە، بەڵام دەتوانین بەو شێوەیەی سەرەوە کورتی بکەینەوە، یان ئەگەر بمانەوێت درێژتر بیناسێنین ئەوا وەک (ئێدوارد تایلەر) دەڵێین بریتییە: لەو پێکھاتە گشتی و تێکەڵەیە کە مەعریفە و بیروباوەڕ و ھونەر و ڕەوشت و یاسا و نەریت و توانا و ئەو خووە جیاوازانە لەخۆدەگرێت کە مرۆڤ وەکو ئەندامێک لە کۆمەڵگادا بەدەستیان دەھێنێت (کوش و سەعیدانی، ٢٠٠٧: ٣١).
لەمەوە دەتوانین بڵێین، خەسڵەتەکانی کولتوور بریتیین لە (گشتێتی، کۆمەڵایەتیبوون، مێژووێتی، دەسەڵاتداریی) و زۆر شتی تر، بەڵام ئەوەی لە هەموویان گرنگترە دەسەڵاتی کولتوورە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا، بەشێوەیەک کە تاک لەگەڵ شیری دایکیدا کولتووریش وەردەگرێت و پابەندی دەبێت، دەبێت بە بیروباوەڕ و شێوەی ژیانی پێدەبەخشێت، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانیدا لەگەڵیدا دەبێت و بەپێی ئەو هەڵسوکەوت دەکات، بۆیە گۆڕینی کولتوور زۆر قورس و ئەستەمە، چونکە لە کۆتاییدا ئەوە، کە شوناس بە تاک و کۆمەڵگا دەبەخشێت.
(شوناس)یش وەک لە (گۆڤاری ئۆکسفۆرد ڕیڤیو)دا هاتووە : هەستی تاکە بە ئینتیما بۆ کولتوور، یان کۆمەڵێکی دیاریکراو، ئەم شوناسە لە ڕێگەی تایبەتمەندییە هاوبەشەکان وەک زمان و دابونەریت و باوەڕ و بەها و نۆرمەکانەوە پێکدێت کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە، شوناسی کولتووری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی تێڕوانینی خەڵک بۆ خۆیان و جیهانی دەوروبەریان.
لێرەوە هۆشیاربوون بەرانبەر بە کولتووری خۆماڵی و ئەوانی دیکە مانای درککردنی جیاوازیی نێوان شوناسەکانە، لەبەرئەوەی کە ناکرێت دوو کۆمەڵگا بەهەمان ئەزموون و شێوە ژیانی کتومتی وەکویەکدا تێپەڕیبن یان ببن، ئاواش ناکرێت دوو کولتوور کتومت وەکو یەک بن، هەمان زمان و بەها و دابونەریتییان هەبێت، بهەرۆیە دەبێت بۆ هەر بابەتێکی پەیوەست بە کۆمەڵگا و گەلێکەوە لە دەلاقەی کولتووریی خۆیەوە بڕوانین، ئەو ڕێباز و میتۆدەشی کە بەکاری دەهێنین بۆ توێژینەوە لە کایەیەکی مەعریفی تایبەت بە کولتوورێک دەبێت کەرەستە و ئامرازەکانی هەڵقوڵاوی ئەو کولتوورە بن.
ئەگەر بۆ جیاوازیی نێوان (میتۆد و بابەتی لێکۆڵینەوە) بگەڕێین، بەواتای ئەوەی میتۆد بەرهەمی کولتوورێک بێت و بابەتی توێژینەوەش کولتوورێکی تر، لەوانەیە (ڕۆژهەڵاتناسی) باشترین بوار بێت کە بەتەواوی ئەو پرسە بەرجەستە دەکات، چونکە ڕۆژهەڵاتناسی وەکو میتۆدی توێژینەوە بەرهەمی تێڕوانینی ڕۆژئاوایە بۆ هەر شتێک پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتەوە هەبێت، ئەو میتۆدە لەسەر بنەمای دیدگای ڕۆژئاواییەکان داڕێژراوە کە پێیانووایە ئەوان گەلانێکی سەردەستە و پێشکەوتوون و گەلانی ڕۆژهەڵاتیش سەرەتایی و ناعەقڵانی و توندوتیژ و خۆسەپێن و دواکەوتوون و تاکە ڕێگاش بۆ گۆڕینیان و ڕووناکبیرکردنیان ئەوەیە بەها دواکەوتووەکانیان بگۆڕدرێن بە بەهای پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی یان نزیک لە ڕۆژئاوا (سەعید، ١٩٧٨ : ٥۳-٥٤).
بەڵام بابەتی توێژینەوە بریتییە لە گەلانی ڕۆژهەڵات یان درووستتر کولتووری گەلانی ڕۆژهەڵات، جا لەبەرئەوەی میتۆد و بابەتی توێژینەوە هەڵقوڵاوی یەک کولتوور نین و هەریەکەیان لە دۆڵێکن ئەوا ئەنجامی توێژینەوەکانیش بەشێوەیەکن کە میتۆدەکە دەیخوازێت نەک زانستی و بابەتیانە و دوور لە لایەنگیری، بەڵکوو میتۆدەکە بووە بە دەلاقەیەکی خاوەن میتۆد بۆ ڕوانین و وردبوونەوە و توێژینەوە لەوانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی.
بۆیە گرنگە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و شوێنکەوتەی میتۆدە ڕۆژئاواییەکان کە جارێکی دیکە چاوبگێڕنەوە بە حاڵەتی توێژینەوەی زانستییاندا و هەوڵی بنیاتنانی دەلاقە و دیدگای تایبەتی خۆیان بدەن بە کەرەستە و ئامرازی هەڵهێنجراو لە کولتووری خۆیان، چیدی لە چاویلکەی ئەوانی دیکەوە بۆ خۆیان نەڕوانن. لەمەوە بابەتی میتۆدۆلۆژی (المنهجية) دێتە ئاراوە، کە گۆڕانکاری تێیدا یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەجۆرێک لەگەڵ کولتووری خۆماڵی ناوچەیەکی دیاریکراودا بگونجێت دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ خوێندنەوە و شیکارکردنی دیاردە و کایە جۆراوجۆرەکان.
سەبارەت بە میتۆدۆلۆژی (Methodology): ئەوا ئاماژەیە بە چوارچێوەی فەلسەفی یان ستراتیژی گشتی یان بنەمایەک کە توێژینەوە، یان خوێندنەوە لە بوارێکی دیاریکراودا پشتی پێ دەبەستێت، هەروەها نەخشە ڕێگایەکە بۆ چۆنیەتی گەیشتنی توێژەر بە دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەی (هارڤارد بزنس ڕیڤیو).
لەبەرئەوەی میتۆدۆلۆژی کاردەکات لەسەر ڕێکخستنی عەقڵی مرۆڤ بەرانبەر بە بابەتی خوێندراوە یان لێکۆڵدراو، بە بەکارهێنانی بنەما و ڕێسا زانستییەکان کە ڕێگەی پێدەدات بگاتە دەرەنجامەکان، ئەوا گرنگە بزانین ئەو میتۆد و ڕێگەیە چییە ئێمە دیاردەیەک یان بابەتێکی پێ شیکار دەکەین؟ بنەماکانی چین؟ چۆن نەخشەڕێگا بۆ توێژەر دیاریدەکات تا توێژینەوەکەی بەئەنجام بگەیەنێت؟ چونکە جۆری میتۆد و ئەو فەلسەفەیەی لە پشتییەوەیەتی کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئەنجام و دەرهاویشتەی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە، هەربۆیە زۆر گرنگە درکی ئەو ڕاستییە بکەین کە ناکرێت میتۆدێکی غەریب و بێگانە بە کولتوورێک ببێتە پێوەری توێژینەوەی بوار و کایە مەعریفییەکانی، چونکە ئەو ئەنجامانە نادات بەدەستەوە کە توێژەر دەیەوێت پێی بگات، ئەمەش وادەکات هەمیشە کولتووری ژێردەستە بەوابەستەیی بمێنێتەوە و هەست بە کەموکورتی بکات لە بەرانبەر میتۆدی خاوەن هەژموون. بەکورتی، زۆر گرنگە میتۆد و بابەتی توێژینەوە لەسەر یەک هێڵی کولتووری بن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دروست.
سەرچاوەکان
n إدوارد سعيد، (2006). (الاستشراق، المفاهيم الغربية للشرق)، ترجمة د.محمد عناني، القاهرة: رؤية للنشر والتوزيع.
n دنيس كوش، و منير السعيداني. (2007). (مفهوم الثقافة في العلوم الاجتماعية ( المجلد،1 ، بيروت: المنظمة العربية للترجمة .
n Cultural identity – Definition and Explanation,
https://oxford-review.com/the-oxford-review-dei-diversity-equity-and-inclusion-dictionary/cultural-identity-definition-and-explanation/?fbclid=IwY2xjawKW9TZleHRuA2FlbQIxMABicmlkETFZVjJkTUFldkt6clJWbzhoAR7RmqQs_1B9hW57URfS6Djkx4yWN3CP1_YpGAVMcVUkqpRezR37ybcSErKMWQ_aem_s0Q4VSDk3kBepY7uzGT84Q.
n Harvard Business Review
https://hbrarabic.com/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%81%D8%A7%D9%87%D9%8A%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%A9/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D9%87%D8%AC%D9%8A%D8%A9/?fbclid=IwY2xjawKW9XVleHRuA2FlbQIxMABicmlkETFZVjJkTUFldkt6clJWbzhoAR6hri86UlZ4V_U3WCM9wom9L5MdD0dlC7BctfK8YEaCxKWmhVfT1XY3ZcWKVw_aem_0uFh1CYIV6M7HLkZgpB95w.