پ.ی.د. محه‌مه‌د گه‌ڵاڵه‌یی، به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب-زانكۆی سۆران
پێشه‌كی:
ڕه‌وشی زانایان و شێخانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری له قه‌زای كفری له سه‌رده‌می عوسمانی‌دا گرنگییه‌كی مێژوویی هه‌بووه، چونكه شاری كفری مه‌ڵبه‌ندێكی گه‌وره‌ی ئایینی و ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ریی و له‌هه‌مانكاتیشدا ناوه‌ندێكی بازرگانی بووه، چونكه كه‌وتبووه سه‌ر ڕێگای بازرگانی نێوان به‌غدا و شاره‌كانی باشوور و خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و وڵاتی فارس (ئێران)، هەربۆیه ببووه ناوه‌ندێكی ئابووریی و بازرگانی دیار له ناوچه‌كه‌دا، تەنانەت وەك ناوه‌ندێكی ترانزێتی بازرگانی له نێوان به‌غدا و وڵاتی فارس تەماشا ده‌كرا، له‌هه‌مانكاتیشدا ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی ته‌ریقه‌ته‌كانی نه‌قشبه‌ندیی و قادری بووه، ئه‌مه ڕه‌وشێكی جیاوازی له پێكگه‌یاندنی زانایان و شێخانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری له ناوچه‌ی كفری و دهورووریدا هێنابوویهكایهوه، هه‌ربۆیه‌شه له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا زۆر بابه‌ت و باسوخواسی جۆراوجۆر ده‌رباره‌ی پێشهات، ڕه‌وشی زانایان و شێخانی قادریی و نه‌قشبه‌ندی له قه‌زای كفری هه‌ن.
شایانی باسه؛ یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له ئیمپراتۆریای عوسمانی یارمه‌تیدان و لاكردنه‌وه له شێخانی ته‌ریقه‌ته جیاوازه‌كانی كوردستان بووه، ئه‌مه‌ش له دوای ڕووخاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی قه‌واره‌ی میرنشینه‌كان له كوردستان له سه‌ره‌تای نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، بۆیه ڕۆڵ و پێگه‌ی شێخانی ته‌ریقه‌ت زۆر زوو گه‌شایه‌وه و توانیان پێگه‌ی ڕۆحی (ئایینی-ته‌سه‌وفی)، جڤاكی و ئابووریی و هه‌تا له دواتریشدا پێگه سیاسییه‌كه‌شیان به‌هێزتر بكه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو، كه دامه‌زراوه‌كانی ئیمپراتۆریای عوسمانی به به‌رده‌وامی له چاودێریكردن، به‌خشینی زه‌ویی و زار و داهات بۆ شێخانی ته‌ریقه‌ت و زانایاندا بوون، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی ئارێشهكانیان چ له‌نێوخۆیاندا، یان له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی عوسمانی له یه‌كه كارگێڕییه خۆجییه‌كانی ئه‌وكاتیدا، چونكه توێژی زانایان و شێخانی ڕێبازی سۆفیگه‌ری پێگهیەكی به هێزیان له‌نێو جڤاكیی كوردستان و عوسمانی‌دا هه‌بوو.
له‌كۆتاییدا؛ پێویسته سوپاسی برای هێژام (م.هێرش كه‌مال ڕێكانی) بكه‌م، كه دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاونه‌كراوه‌ی عوسمانی بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بۆ ڕه‌وانه كردم، خوای گه‌وره پادداشتی خێری بداته‌وه و هیوای ته‌ندروستی و ته‌مه‌ن درێژی بۆ سه‌یدای هێژا ده‌خوازم.
یه‌كه‌م: زه‌ویی و میراتی شێخه‌كان:
له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا ناردنی نامه و داواكارییەكی زۆر بۆ ئیستانبۆڵ له ڕێگه‌ی (ته‌له‌گراف) ده‌بینرێت، كه ده‌رباره‌ی ژیان، گوزه‌ران و داواكاری جۆراجۆری شێخانی ته‌ریقه‌ت له دامه‌زراوه‌كانی عوسمانی به‌تایبه‌تی بۆ به‌خشینی زه‌وی بوونه، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیان و ده‌ستكه‌وتنی داهات له‌و سه‌رده‌مدا بووه. بۆ نموونه: كه‌سێك به نێوی (شێخ عارف)([1]) له شاری كفری له ڕێگه‌ی والیی ئه‌یاله‌تی به‌غداوه؛ داوایەكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی عوسمانی پێشكه‌شكردووه، كه تێیدا داوای (2000) هه‌زار دۆنم زه‌وی كردووه، كه به ناوبراو بدرێت بۆئه‌وه‌ی له بواری كشتوكاڵدا به‌كاریبهێنێت، چونكه نزیكه‌ی (100) خێزان له‌گه‌ڵ (شێخ عارف) بۆ شاری كفری كۆچییان كردبوو، هه‌ربۆیه‌ش له ڕۆژی 21ی ئه‌یلوولی 1872ز فه‌رمانگه‌ی قه‌ڵه‌می گشتی ویلایه‌ته‌كان نامهیەكی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عوسمانی ناردووه، تێیدا داوای وه‌ڵامیان بۆ داواكارییه‌كانی ناوبراو لێده‌كات، هه‌روه‌ها ئەوەشیان بیرخستۆته‌وه كه پێدانی زه‌وی به خۆڕایی به ناوبراو به مه‌رجی ئه‌وه بووه، كه ده‌بووایه بۆ كاری كشتوكاڵی به‌كاریبهێنێت، به‌ڵام له دوای گه‌ڕان به‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هیچ بڕیاریكی كۆتایی بۆ دابینكردنی زه‌وی بۆ شێخی ناوبراو نابینرێت، چونكه له ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا دۆسییه‌كی تایبه‌ت بۆ داواكارییه‌كه‌ی شێخی كفری به‌رده‌ست نییه.
شایانی باسه؛ هه‌ر به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی تری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عوسمانی نامهیەك ئاڕاسته‌ی ویلایه‌تی به‌غدا كراوه ده‌رباره‌ی زه‌وییه‌كانی (كه‌شكۆڵی)([2]) له سنووری قه‌زای كفری، ئه‌وه‌تا له ڕۆژی 1ی ته‌شرینی دووه‌می 1892ز یه‌كێك له سه‌ید و خانه‌دانه‌كانی به‌غدا به‌ناوی (سه‌ید محه‌مه‌د ساڵح ئه‌فه‌ندی) له دوای وه‌فاتكردنی نیوه‌ی زه‌وییه‌كانی له كه‌شكۆڵی دراوه‌ته میراتگرانی، ئه‌مه‌ش له دوای ئه‌وه‌ی میراتگرانی ناوبراو مه‌زبه‌ته‌یه‌ك له ڕۆژی 12ی ته‌مووزی 1892ز به والیی به‌غدا ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌ویش داواكه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی له ئیستانبۆڵ بنێرێت، بۆیه له دوای چوار مانگ له ڕێگه‌ی قه‌ڵه‌می گشتی هه‌مان وه‌زاره‌ته‌وه والی به‌غدا له ڕه‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر داواكاری میراتگرانی (سه‌ید محه‌مه‌د ساڵح ئه‌فه‌ندی) ئاگادار ده‌كرێته‌وه، تێیدا هاتبوو كه له‌و ڕۆژه‌ی والی به‌غدا نیوه‌ی زه‌وییه‌كانی به میراتگرانی ناوبراو له كه‌شكۆڵی داوه، ئه‌وا به‌ناوی میراتگرهكانییهوه له تۆماره‌كانی حكومه‌تی عوسمانی له ویلایه‌تی به‌غدا تۆمار ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی لێوردبوونه‌وه‌ی زیاتره چاره‌نووسی نیوه‌ی زه‌وییه‌كانی دیكه‌ی (سه‌ید محه‌مه‌د ساڵح ئه‌فه‌ندی) دیاری نه‌كراوه، ئایا نیوه به‌شه‌كه‌ی تری زه‌وییه‌كان بۆ سه‌ر موڵكییه‌تی وه‌زاره‌تی دارایی عوسمانی گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه؟ یان به زانا و به كهسایهتییەكی تر به‌خشراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و زانیارییه‌ش به‌ته‌واوی له به‌رده‌ستی توێژه‌ردا نییه، كه ئاخۆ ئه‌م (سه‌ید محه‌مه‌د ساڵح ئه‌فه‌ندییه) بۆچی زه‌وی له شوێنێكی ئاوا دوور هه‌بووه؟ ئایا هه‌ر خۆی نیشته‌جێی قه‌زای كفری بووه و دواتر چۆته به‌غدا یان له باوك و باپیرانی بۆی ماوه‌ته‌وه؟ یان حكومه‌تی عوسمانی له قه‌زای كفری له به‌رانبه‌ر خزمهتهكانیدا پێی به‌خشیوه.
دووه‌م: ته‌كیه‌ی (شاكه‌ل) و (شێروانه):
له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئاماژه به هه‌بوونی ته‌كیه‌ی قادری-به‌رزنجی له گونده‌كانی (شاكه‌ل)([3]) و (شێروانه)([4]) كراوه، كه ئه‌م دوو گونده له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به قه‌زای كفری له سه‌نجه‌قی كه‌ركوك (شاره‌زوور) له ویلایه‌تی مووسڵدا بوون، هه‌روه‌ها ته‌كیه‌ی قادرییه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێك له سه‌یده‌كانی به‌رزنجی به ناوی (شێخ سه‌عید ئه‌فه‌ندی كوڕی شێخ محەمەد كوڕی كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ كوڕی شێخ مارفی نۆدێ) به‌ڕێوه‌بردراوه، ئه‌وه‌تا له ڕۆژی 24ی كانوونی یه‌كه‌می 1892ز له ڕێگه‌ی مه‌زبه‌ته‌یه‌كی كارگێڕی ویلایه‌تی موسڵ، كه بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عوسمانی نێردراوه، دواتریش وه‌زاره‌تی نێوبراو بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی ناردووه، تێیدا ڕوونیكردووەتهوه كه ئه‌و ته‌كیه‌ی (شێروانه و شاكه‌ل) پێویستی به دابینكردنی خۆراك هه‌یه، هه‌روه‌ها شێخی نێوبراویش به شایانی ڕێزگرتن و میهره‌بانی سوڵتانی عوسمانی زانیوه، هه‌ربۆیه‌ش داواكارییه‌كه‌ی كارگێڕی موسڵیان به هاوپێچكراوی بۆ ئیستانبۆڵ ناردووه بۆئه‌وه‌ی هیممه‌ت له جێبه‌جێكردنی داواكه‌ی شێخی ته‌ریقه‌تی قادری-به‌رزنجی بكرێت، دوای تاوتوێكردنی داواكارییه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی عوسمانییه‌وه، له ڕۆژی 3ی شوباتی 1893ز وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی هه‌ردوو ته‌كیه‌كه له ڕێگه‌ی ویلایه‌تی مووسڵ دراوه‌ته‌وه، كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی عوسمانی بڕیاری دابوو، كه بڕێك پاره بۆ دابینكردنی خۆراكی هه‌ردوو ته‌كیه‌ی قادری به‌رزنجی له قه‌زای كفری خه‌رج بكات، جێگه‌ی تێڕامانه كه ڕێژه‌ی پاره‌كه‌ی دیاری نه‌كردووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌ینووسیوه، كه بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ردوو ته‌كیه‌كه دابینكراوه بۆ چه‌ند مانگ ده‌بێت؟! به‌ڵام له كۆتایی وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عوسمانی بۆ ویلایه‌تی موسڵ ئاماژه به خاڵێكی گرنگ كراوه، كه ئه‌م دوو تهكیهیه له تۆماره‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی عوسمانی هیچ تۆمارێك به‌ناوی ئهوقافهكانیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه‌ش له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه به گونجاوی نه‌زانیوه، كه داهاتی وه‌قفێك بۆ دامه‌زراوه‌یه‌ك، یان بۆ ته‌كییه‌كی تر خه‌رج بكرێت جا وه‌قفی هه‌بووبێت یان نا. هه‌ر به‌پێی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه وادیاره به دوو مانگ پێشتریش واته: له 26ی ته‌شرینی دووه‌می 1892ز قسه و ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی عوسمانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م داواكارییه كراوه.
شایانی باسه؛ په‌یوه‌ندی له مێژینه و به‌هێزی (شێخ سه‌عیدی حه‌فید) له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریای عوسمانی و به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م (1876-1909ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌سایه‌تیی دیار و به كاریگه‌ری وه‌ك (كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ) ڕابه‌ری ڕۆحی ته‌ریقه‌تی قادری له شاری سلێمانی و ناوچه‌كانی دهورووبەریدا، بۆیه له دوای وه‌فاتكردنی ناوبراو كوڕه‌زاكه‌ی (شێخ سه‌عیدی حه‌فید) په‌ره‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆشكی یه‌ڵدز(شوێنی ژیان و مانه‌وه‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م) داوه، هه‌تا چه‌ند جارێكیش به‌مه‌به‌ستی سه‌ردان و ڕۆیشتن بۆ ماڵی خودا له وه‌رزی حه‌جكردندا له خاكی حیجاز به شاری ئیستانبۆڵدا ڕۆیشتووه و سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م پێشوازی له شێخی ناوبراو كردووه، هه‌تا بۆ په‌یوه‌ندیگرتن له ڕێگه‌ی ته‌له‌گرافه‌وه (شێخ سه‌عیدی حه‌فید) شفره‌ی تایبه‌تی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌می پێدراوه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌رباری عوسمانی و شێخانی به‌رزنجی له شاری سلێمانی، هه‌رچه‌نده ئه‌م په‌یوه‌ندییه له ناوخۆی كوردستان بووەتە هۆكاری ئه‌وه‌ی كه كه‌سێكی وه‌ك (مه‌حموود پاشای جاف)([5]) نه‌توانێت به‌رگه‌ی بگرێت، به‌ڵكوو له نامهیەكیدا بۆ سكرتێری تایبه‌تی سوڵتانی عوسمانی (ده‌روێش پاشا) ئاماژه به خاڵێك بدات، كه هیچ لۆژیكێك قه‌بوڵی ناكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و (مه‌حموود پاشای جاف) نووسیویه‌تی: كه باب و باپیرانی شێخ محه‌مه‌د سه‌عیدی ئه‌فه‌ندی (مه‌به‌ستی كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ و شێخ مارفی نۆدێ) كه موحتاجی سۆز و خۆشه‌ویستی ئه‌و و باوك و باپیرانی بوونه! هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م دژایه‌تییه ناوخۆییه‌ی (جافه‌كان بۆ بهرزنجییهكان) و هه‌ڵوێستی نه‌رێنی گرووپی نه‌ژادپه‌رستی ئیتحاد و تهرهقییهكانی شاری سلێمانی له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی شێخی ناوبراو له‌گه‌ڵ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، وایكردووە كه له ڕۆژی 5ی كانوونی دووه‌می 1909 له شاری موسڵ سه‌ریان به فهتارهتدا.
سێیه‌م: نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت، قوتابخانه و خانه‌قای خالیدییه:
خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی له داواكارییه‌كی پێنج ڕسته‌ییدا باس له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه، مزگه‌وت، خانه‌قای خالیدییه له ناوه‌ندی قه‌زای كفری بۆ سوڵتانی عوسمانی (عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م) ده‌كات، كه تێیدا داوایكردووه بڕی (20.983) هه‌زار قرۆش بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ش له دوای ئه‌وه‌ی دهستكرابوو به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی، كه بڕی خه‌مڵێندراو گه‌یشتبوو به نزیكه‌ی (24.983) هه‌زار قرۆش، به‌ڵام له دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕی داواكراو بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمسیۆنی موڵكه‌كانی سوڵتانی عوسمانی له ویلایه‌تی موسڵ پێشنیازكراوه، كه ته‌نها بڕی چوار هه‌زار قرۆش كه‌مبكرێته‌وه، واتە تەنها بڕی بیست هه‌زار قرۆش بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی وه‌ك ده‌رخسته‌یه‌ك له ده‌فته‌رێك بۆ خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی نێردراوه، هه‌ربۆیه‌ش له ڕۆژی 21ی تشرینی یه‌كه‌می 1893ز به نووسراوی ژماره (498) له‌لایه‌ن (پۆرته‌قاڵ میكائیل پاشا 1891-1897ز) وه‌زیری خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی بۆ سوڵتان (عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م) به هه‌موو ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی خرانه‌ڕوو نێردراوه، هەربۆیه هه‌ر دوای دوو ڕۆژ له ناردنی ئه‌م داواكارییه به‌ته‌واوی له ڕۆژی 23ی ته‌شرینی یه‌كه‌می 1893ز (سوره‌ییا ئه‌حمه‌د پاشا 1884-1894) سكرتێری تایبه‌ت و سه‌رۆكی نووسه‌رانی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، له سه‌ر هه‌مان به‌ڵگه‌نامه له په‌راوێزێكدا ده‌نووسێت: "دوای دیتنی ئه‌م پارچه نووسراوه له‌لایه‌ن حه‌زره‌تی خه‌لافه‌ت په‌نا(سوڵتانی عوسمانی)، كه وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك له سه‌ره‌وه نووسراوه و به‌پێی فه‌رمانی سوڵتانی بڕیاری جێبه‌جێكردنی ئه‌م داواكارییهیدا".
ئه‌م زوو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی باڵای عوسمانی له ئیستانبۆڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گرنگی پێدانی تایبه‌تی سوڵتانی عوسمانی به ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ریی و به‌تایبه‌تیش ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی خالیدی موجه‌دیدی، كه (حه‌زره‌تی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی) نوێكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێبازه بوو له ئیمپراتۆریای عوسمانی له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، له‌هه‌مانكاتیشدا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ڕووی ئایینی، ڕۆحی، جڤاكی و سیاسیی لەسه‌ر دانیشتووان و كاربه‌ده‌ستانی ئیمپراتۆریاكه‌دا هه‌بوو، لەبەرئەوە هه‌رزوو كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت، خانه‌قا و قوتابخانه‌ی خالیدییه پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه، به‌ڵام له دوای زیاتر له ساڵێكیش له ڕێگه‌ی قه‌ڵه‌می تۆماره‌كانی وه‌زیری خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی به نووسراوی ژماره(630) له 8ی كانوونی یه‌كه‌می 1894ز داوا له سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م كراوه، كه ده‌وروبه‌ری خانه‌قا و قوتابخانه‌ی خالیدییه له قه‌زای كفری ویلایه‌تی مووسڵ پێویستی به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌ش له دوای نووسینی ده‌رخسته‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه به بڕی (734) قرۆش، ئه‌مه‌ش له دوای په‌سه‌ندكردنی بووه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمیسیۆنی موڵكی شاهانه‌ی عوسمانی، هه‌ربۆیه له دوای چوار ڕۆژ له ناردنی ئه‌م داواكارییه له ڕۆژی 12ی كانوونی یه‌كه‌می 1894ز ته‌حسین پاشا (1894-1908)ی سكرتێری تایبه‌تی سوڵتانی عوسمانی له په‌ڕاوێزی نووسراوی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی، ڕه‌زامه‌ندی سوڵتانی له‌سه‌ر داواكاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه و داوای كردووه بڕیاری سوڵتان جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی له‌م نووسراوه‌دا گرنگه ئەوەیە، كه مزگه‌وت، خانه‌قا و قوتابخانه‌ی خالیدی له قه‌زای كفری دروستكراوه‌ته‌وه و كاره‌كانی ته‌واو بووه، كه زیاتر مه‌به‌ستی ئه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه له پاییزی 1893ز له ڕێگه‌ی ویلایه‌تی موسڵه‌وه داوای بیست و چوارهه‌زار قرۆش بۆ ئه‌م سێ پڕۆژه ئاینییه-تهسهفهوییه-زانستییه كرابوو، سه‌رئه‌نجام له سه‌ره‌تای زستانی 1894ز داواكارییه‌كانی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی مزگه‌وت و خانه‌قا و قوتابخانه‌كه‌ی خالیدییه له ڕووكاری ده‌ره‌وه‌ی و ده‌وروبه‌ریدا به ئه‌نجام گهیەندراوه.
چواره‌م: چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری:
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌می زایینی (مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری) ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری به‌ڕێوه‌بردن له‌ڕووی داراییه‌وه بۆته‌وه، به‌تایبه‌تی له دابینكردنی بژێوی ژیانی پێشنویژ، وتارخوێن و خزمه‌تكاره‌كانی، ئه‌مه‌ش له نووسراوێكی قه‌ڵه‌می تۆماره‌كانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی به واژۆی وه‌زیره ئهرمهنییهكهی (ساكزڵه ئۆهانێس پاشا 1897-1908ز) به ژماره (120) له 27ی نیسانی 1901ز كه بۆ سوڵتانی عوسمانی (عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م) ناردووییهتی، تێیدا ئاماژه به ژیانی سه‌خت و بژێوی وتارخوێن، پێشنوێژخوێن و خزمه‌تكاره‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری كردووه، كه ڕووبه‌ڕووی گرفت بوونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی پێدانی زه‌وی كشتوكاڵی به ڕووپێووی چوار فه‌دان([6]) بۆ كاری وه‌رزێریی و جوتیاری له زه‌وییه‌كانی سوڵتانی عوسمانی له كفری كۆندا، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات به‌رهه‌می زه‌وییه‌كانیان نه‌یتوانیوه پێداویستییه‌كانی ژیانیان پڕ بكاته‌وه، هەربۆیه داوای گۆڕینی به‌كارهێنانی چوار فهدانی زه‌وییان بۆ مووچه‌ی مانگانه كردووه، كه (150) قرۆش بۆ وتارخوێن، پێشنوێژ، بانگخوێن و خزمه‌تكاره‌كانیش بۆ هه‌ریه‌كێكیان (60) قرۆش و بڕی (25) قرۆشیش بۆ خه‌رجی جۆراجۆری مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری. وادیاره پێدانی ئه‌م زانیارییانه به وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمیسیۆنی موڵكه‌كانی سوڵتانی عوسمانی له ویلایه‌تی موسڵ بووه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی پێشنیاز كردووه، كه خه‌رجی ئیمام و خزمه‌تكاره‌كانی مزگه‌وته‌كه له‌سه‌ر خه‌زێنه و داهاتی كۆمیسیۆنی ناوبراو بێت، هه‌ربۆیه‌ش سوڵتانی عوسمانی له ڕێگه‌ی سكرتێری تایبه‌ت و سه‌رۆكی نووسه‌رانی دیوانی سوڵتانی (ته‌حسین پاشا) له ڕۆژی 1ی ئایاری 1901ز هه‌ر له په‌راوێزی نووسراوه‌كه‌ی خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی‌دا ڕه‌زامه‌ندی سوڵتانی بۆ پێشنیازه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمیسیۆنی موڵكه‌كانی شاهانه‌ی عوسمانی له ویلایه‌تی موسڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری ده‌ربڕیوه، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه كێشه‌ی بژێویی و ژیانی ئیمام و بانگخوێن و خزمه‌تكاره‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كفری چاره‌سه‌ركراوه.
پێنجه‌م: كێشه‌ی نێوان شێخ محه‌مه‌دی خورماتوو و ڕه‌فعه‌ت ئه‌فه‌ندی:
له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا زۆر كێشه‌ی جۆراوجۆری كارگێڕی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، دارایی، ئایینی و هه‌تا تاكه كه‌سیش ده‌بینرێت، ئه‌وه‌تا له نووسراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عوسمانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌كه‌ی له ڕۆژی 4ی كانوونی یه‌كه‌می 1901ز مشتومڕێكی زۆر جیاوازی هێناوه‌ته به‌رباس، كه تێیدا باس له ده‌ستگیركردنی فه‌رمانبه‌رێكی هۆبه‌ی فه‌رمانبه‌رانی قه‌زای كفری له ویلایه‌تی موسڵ كراوه، كه ناوی (ڕه‌فعه‌ت ئه‌فه‌ندی) بووه، وادیاره كۆمه‌ڵێك پڕوپاگه‌نده و قسه‌ی نه‌شیاوی له‌سه‌ر وتارخوێنی مزگه‌وتی خورماتوو (شێخ محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی) كردووه، بۆیه دوای ڕاسپاردنی كاربه‌ده‌ستانی ویلایه‌ته‌كه، ناوبراو ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕاپێچی لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان له موسڵ دۆسیه‌ی نێوبراو بۆ شاری ئیستانبۆڵ ڕه‌وانه كراوه، به‌تایبه‌تیش بۆ هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عوسمانی و سكرتێر و سه‌رۆكی نووسه‌ران له كۆشكی سوڵتانی عوسمانی (ته‌حسین پاشا)یش نێردراوه، دوای ئه‌مه وه‌ك ڕۆتینی كارگیڕی له كاربه‌ده‌ستانی موسڵ كه‌وتوونه‌ته حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانی تاوه‌كو سوڵتانی عوسمانی بڕیار بدات، به‌ڵام له 22ی نیسانی 1902 والیی ویلایه‌تی موسڵ (حاجی ڕه‌شید پاشا 1901-1902) له ڕێگه‌ی ته‌له‌گرافه‌وه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عوسمانی ئاگاداركردووەته‌وه، كه ناوبراو ده‌ستبه‌سه‌ركراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و هه‌موو په‌ڕاوی دۆسییه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م سكرتێری تایبه‌تی سوڵتان كردووه، بۆیه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بوو، كه بڕیاری له باره‌ی چاره‌نووس و كێشه‌ی ناوبراو بدرێت، به‌ڵام له هه‌مان ئه‌و مێژووه‌دا و ئه‌وه‌تا له شه‌وی 21 له سه‌ر 22ی نیسانی 1902 هه‌ر ئه‌و ڕه‌فعه‌ت ئه‌فه‌ندییه نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عوسمانی نووسیوه، كه داوای لێخۆشبوونی كردووه، ئه‌گه‌ر لێخۆشبوو‌ن نه‌یگرێته‌وه ئه‌وا خۆی ده‌كوژێت! ئه‌مه‌ش دوای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی درابوونه پاڵی كه قسه و پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌شیاوی له دژی وتارخوێنی شاری خورماتوو كردبێت، هه‌روه‌ها بیرهێنانه‌وه‌ی بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له جێواری له‌دایكبوونی و دۆخی ژیان و خێزانه‌كه‌یشی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شایانی باس بێت ئه‌وه‌یه، كه له‌م به‌ڵگه‌نامانه‌دا ته‌نها نووسراوه پڕوپاگه‌نده و قسه‌ی نه‌شیاوی به وتارخوێنی مزگه‌وتی خورماتوو وتووه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ده‌قی پڕوپاگه‌نده‌كان و قسه‌كانی تۆمه‌تباری نهگواستووەتهوه كه چی وتووه ده‌رباره‌ی زاناكه‌ی خورماتوو، به‌ڵام وادیاره قسه‌كانی شایانی ئه‌و پێگه به‌رزه‌ی وتارخوێنی مزگه‌وتی خورماتوو نه‌بووه، هەربۆیه داوای له‌سه‌ر تۆماركراوه و ڕاپێچی ناوه‌ندی ویلایه‌ت كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه هه‌ر له درێژه‌ی به‌رده‌وامبوونی ئه‌م كێشه‌یه‌دا، ئه‌وه‌تا له ڕۆژی 8ی ته‌مووزی 1902 شێخ محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی ئیمامی مزگه‌وتی خورماتوو دیسان له ڕێگه‌ی تهلهگرافنامهیهكهوه نامه‌یه‌كی بۆ دامه‌زراوه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی قه‌زای كفری (خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی)([7]) ده‌نێرێت و ناڕه‌زایی خۆی ده‌رده‌بڕێت، كه هەتا ئێستا ڕه‌فعه‌ت ئه‌فه‌ندی، كه فه‌رمانبه‌ری موڵكه‌كانی سوڵتانی عوسمانییه ده‌ستگیرنه‌كراوه، هه‌رچه‌نده ڕاگه‌ێندراوه كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و بڕیاری سزادانی ده‌رچووه، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كراوه! بۆیه پێی ڕاگه‌یاندوون، كه ئه‌و فه‌رمانبه‌ره له كاركردنی خۆی به‌رده‌وام بووه، داوای له سوڵتانی عوسمانی كردووه كه میهره‌بانی بنوێنێت و مافی خوراوی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی پارێزگاریكردنی ناوبراو له باجی ده یه‌ك (العشر) بووه.
وادیاره كۆتایی ئه‌م كێشه‌یه‌ی نێوان وتارخوێنی مزگه‌وتی خورماتوو و فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی قه‌زای كفری به نادیاری ماوه‌ته‌وه، چونكه له دۆسییه‌كانی ئه‌رشیفی عوسمانی هەتا نووسینی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه هیچ نووسراوێكی تری ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی سكاڵاكه‌ی وتارخوێنهكهی خورماتوو نه‌خستۆته‌ڕوو، به‌ڵام له زۆربه‌ی ئه‌م كێشانه‌دا وه‌ك نه‌ریتێكی پهیڕهولێكراو له‌وانه‌یه به ئه‌نجامدانی ئاشته‌وایی له نێوان هه‌ردوو كه‌سی سكاڵاكار و سكاڵالێكراو كۆتایی به كێشه‌كانیان هێنرابێت، چونكه كێشه‌كه‌یان ته‌نها له‌سه‌ر پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك بووه ده‌رهه‌ق به وتارخوێنی مزگه‌وتی خورماتوو له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی قه‌زای كفری بڵاوكرابێته‌وه، كه ئه‌وه‌ی شایانی لێوردبوونه‌وه‌یه له‌م كێشه‌یه‌دا، هه‌ست و سۆزی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی قه‌زای كفرییه به ناوی (ڕه‌فعه‌ت ئه‌فه‌ندی)، كه له‌دایكبووی شاری كفری بووه، له ئه‌گه‌ری سزادان و دوورخستنه‌وه‌ی له شاری كفری كه زێدی له‌دایكبوونی خۆی و باوك و باپیرانی بووه، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه خۆی ده‌كوژێت!
هه‌بوونی ئه‌و هه‌سته و په‌یوه‌ستبوون به شوێنی له‌دایكبوون و په‌روه‌رده‌بوونی مایه‌ی لێوردبوونه‌وه‌ی زیاتره، به‌تایبه‌تیش له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، كه له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی ئیمپراتۆریای عوسمانییه‌وه ئه‌و هه‌ست و سۆزه بۆ شاری كفری هه‌بووبێت.
شه‌شه‌م: مووچه‌ی شێخ نیزامه‌ددین شێخ عومه‌ر:
له زۆرێك له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی باس له ڕه‌وشی زانایان و شێخانی ته‌ریقه‌ت كراوه، به‌تایبه‌تی ئه‌و شێخانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی و مه‌نهه‌جی پهیڕهولێكراو له شه‌ریعه‌تی ئیسلام كاری بانگخوازییان بۆ ئایینی ئیسلام كردووه، یه‌كێك له‌و شێخانه‌ی قه‌زای كفری (شێخ نیزامه‌ددین كوڕی شێخ عومه‌ر ئه‌فه‌ندی) بووه، له‌لایه‌ن وه‌زیری خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌وه له ڕۆژی 15ی ئه‌یلوولی 1903ز داوا له سوڵتانی عوسمانی كراوه، كه ناوبراو مووچه‌یه‌كی مانگانه به بڕی (250) قرۆش له داهاتی موڵكه‌كانی شاهانه‌دا بۆی دابین بكرێت، ئه‌مه‌ش له به‌رئه‌نجامی كاره‌كانی وه‌ك: "بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام" بووه، هه‌ربۆیه سوڵتانی عوسمانی له ڕۆژی 10ی ته‌شرینی یه‌كه‌می 1903ز و له سه‌ر هه‌مان نووسراوی ئاماژه‌پێكراو به واژۆی سكرتێره‌كه‌ی (ته‌حسین پاشا) بڕیاریداوه به جێبه‌جێكردن و دابینكردنی بڕی (250) قرۆش وه‌ك مووچه‌یه‌كی مانگانه بۆ شێخ نیزامه‌ددین له قه‌زای كفری.
حه‌وته‌م: دروستكردنی مزگه‌وت له گوندی شێخ بابا:
دروستكردنی مزگه‌وت له گوندی شێخ بابا له قه‌زای كفری له هاوینی 1904ز بۆته باسێكی گه‌رمی نێو نووسراوێكی خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی به ژماره(376) له 12ی ته‌مووزی 1904ز كه تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه له‌به‌ر نه‌بوونی مزگه‌وت له گوندی نێوبراو نوێژی به كۆمه‌ڵ ناكرێت، هەربۆیه له ده‌فته‌رێكدا ده‌رخسته‌یه‌كی ورد له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمیسیۆنی موڵكه‌كانی سوڵتانی له ویلایه‌تی موسڵ بۆ دروستكردنی مزگه‌وت له گوندی شێخ بابا ئاماده‌كراوه، پێشنیازكراوه بڕی (12600) هه‌زار قرۆش بۆ دروستكردنی مزگه‌وتێكی یه‌ك ده‌رگا خه‌رج بكرێت، هه‌ربۆیه له ڕۆژی 26ی ته‌موزی 1904ز سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م به ئیمزای سكرتێری تایبه‌تی (ته‌حسین پاشا) ئاگاداری وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی شاهانه‌ی كردووەته‌وه، كه سوڵتان بڕیاریداوه به دروستكردنی مزگه‌وته‌كه و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی له داهاتی خه‌زێنه‌ی كۆمسیۆنی موڵكه‌كانی سوڵتانی له ویلایه‌تی موسڵ.
هه‌شته‌م: ڕۆیشتنی موفتی كفری بۆ شاری سلێمانی:
له سه‌ره‌تای زستانی 1906-1907ز موفتییه‌ك به‌ناوی (سه‌عید ئه‌فه‌ندی) له دوای وه‌رگرتنی موڵه‌ت شاری كفری به‌جێده‌هێڵێت و له شاری سلێمانی ده‌گیرسێته‌وه، به‌ڵام پێدانی مووچه‌كه‌ی ده‌بێته كێشه‌یه‌ك له‌نێو دامه‌زراوه‌ی شێخولئیسلام له ئیستانبۆڵ، بۆیه له ڕۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌می 1906ز شێخ محه‌مه‌د جه‌ماله‌ددین (1891-1907) شێخولئیسلامی عوسمانی له نووسراوێكیدا بۆ شورای ده‌وڵه‌ت ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی ڕۆیشتنی سه‌عیدی ئه‌فه‌ندی موفتی كفری داوه، هه‌روه‌ها دانانی كه‌سێكیش به وه‌كاله‌ت له شوێنی كاركردنی ناوبراو كه كاری فهرمانبهرییهكهی (جێگری قازی شه‌رعی)بووه ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها باس له مووچه‌كه‌یشی كراوه كه بڕی (500) قرۆش بووه، به‌ڵام ئه‌مه مووچه‌ی كاری مامۆستایه‌تی ناوبراو له‌كاتی خۆییدا بووه، ئه‌مه‌ش له دوای وه‌رگرتنی زانیاری له ویلایه‌تی موسڵ و ڕاژه‌ی په‌روه‌رده‌ی ویلایه‌ته‌كه، دامه‌زراوه‌ی شێخولئیسلام بۆ پێدانی مووچه‌ی ته‌واو وه‌ك موفتییه‌ك پێشنیازی دامه‌زراندنی ناوبراوی له شورای ده‌وڵه‌ت كردووه، كه‌چی مووچه‌ی ناوبراو له خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی موڵكه‌كانی سوڵتانی عوسمانی بووه، به‌ڵام نیوه‌ی مووچه‌كه‌ی پێدراوه. هه‌ربۆیه له ڕۆژی 3ی ئاداری 1907ز قه‌ڵه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عوسمانی له ڕێگه‌ی ڕاوێژكارهكهییهوه وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌ی شێخولئیسلامیان داوه‌ته‌وه، كه نیوه‌ی مووچه‌ی سه‌عید ئه‌فه‌ندی موفتی كفری بدرێت، كه بڕی (250) قرۆش بووه، به‌پێی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه هۆكاری ڕۆیشتنی موفتی كفری دیاری نه‌بووه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كه‌موكورتییه‌كانی به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی، كه بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك دۆسییه‌كی سه‌ربه‌خۆی نییه، بۆیه دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری ئه‌م كێشانه له به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ری كراوه‌دایه. یه‌كه‌میان: هه‌ر هۆكاره‌كه‌ی له ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌كاندا نه‌نووسرابێت و له بنه‌ڕه‌تدا نه‌بووبێت. دووه‌میان: هۆكاره‌كه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام له‌نێو به‌ڵگه‌نامه پۆلێنكراوهكانی ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا نه‌بێت، یان هه‌ر به‌یه‌كجاری فه‌وتابێت!
نۆیه‌م: بێچاره‌یی شێخه‌كانی به‌رزنجی:
كه‌سێك به‌نێوی سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عید له ڕۆژی 14ی ته‌مووزی 1917ز داواكارییه‌كی به مۆری خۆی بۆ كۆشكی یه‌ڵدز(شوێنی مانه‌وه‌ی سوڵتانی عوسمانی ئه‌و كاتی سوڵتان محه‌مه‌د ڕه‌شادی پێنجه‌م 1909-1918) بووه ناردووه، داوای لێكردووه زاوا و ئامۆزاكه‌ی به ناوه‌كانی (سه‌ید ئه‌حمه‌د)([8]) بكرێته قائیمقامی قه‌زای كفری، یان هه‌ولێر یان مه‌رگه و پشده‌ر([9])، هه‌روه‌ها (سه‌ید غه‌ریب)([10])یش له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی (غه‌واره)([11])دا پله‌یه‌كی بدرێتێ! ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، كه مانه‌وه‌یان له شاری موسڵ بێزاریكردوون و مانه‌وه‌ی سه‌یده‌كانی به‌رزنجی به‌وشێوه ژیانه‌ی هه‌یانبووه جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندییان نه‌بووه، لەبەرئەوە به جۆرێك له جۆره‌كان به لاوازبوونی پێگه‌ی سه‌یده‌كانی زانیوه، بۆیه وه‌ك خزمه‌تكارێكی ته‌كیه‌ی (كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ) ئه‌و داواییه‌ی كردووه و باسی باپیره‌ی خۆیشی كردووه كه كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ بووه دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌كردووه و به كاری په‌رستنی خوای گه‌وره و میهره‌بان سه‌رقاڵ بووه، به‌ڵام ئه‌مه ده‌ریده‌خات كه داواكارییه‌كه له‌لایه‌ن (شێخ مه‌حمودی حه‌فیده‌وه) پێشكهشكرابێت، به‌ڵام به مۆری باوكی بووه، چونكه باوكی له 5ی كانوونی دووه‌می 1909 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتیحادی و تهرهقییهكانهوه له موسڵ شه‌هیدكراوه، چونكه مۆری سه‌ر نووسراوه‌كه ناوی(سه‌ید سه‌عید محەمەد)ه، ناوبراویش كوڕەزای كاكه ئه‌حمه‌دی شێخی به‌رزنجی بووه، كه له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ده‌نووسێت: باپیره‌م .. ئه‌مه لۆژیك نییه، به‌ڵكوو ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مه خودی (شێخ مه‌حموودی حه‌فید)ه، وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی (كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ) نووسیوویه‌تی، چونكه (سه‌ید غه‌ریب)یش زاوای شێخ مه‌حموودی حه‌فید بووه.
ئه‌نجام:
یه‌كه‌م: پێدانی زه‌وی له ئیمپراتۆریای عوسمانی به كه‌سایه‌تی ئایینی، سه‌ربازی، كارگێڕی نه‌ریتێكی كۆنی ده‌وڵه‌تانی پێش خۆی بوو، هه‌ر له ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی بۆ عه‌بباسی هەتا هاتنی عوسمانییه‌كان بۆ ده‌وڵه‌تانی خۆرهه‌ڵات، له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای عوسمانی پێدانی زه‌وی به ڕابه‌رانی ڕێبازه سۆفیگه‌رییه‌كان، خانه‌قا، تهكییهكان و به‌تایبه‌تیش له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به‌ره‌و ژوورتر، كارێكی له پێشینه‌ی سوڵتان و دامه‌زراوه‌كانی عوسمانی بووه، ئه‌مه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه و جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی میرایه‌تی له كوردستان (میر و میرنشینه‌كان)، ڕابه‌رانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ریی و خانه‌قا و تهكییهكان پڕی بكه‌نه‌وه، واته: پاڵپشتیكردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحیی و مه‌عنه‌وی سۆفیگه‌ری له‌جیاتی ده‌سه‌ڵاتی میرایه‌تی له كوردستان، چونكه ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری له كوردستان ئامانجیان گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره و پێغه‌مبه‌ری فه‌خری كائینات محه‌مه‌د موسته‌فا (د.خ)بوو.
هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه و وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ ده‌رچوون له هه‌ژاری، نه‌زانی و خۆپاراستن له كاری خراپ و ئه‌نجامدانی كاری چاكه‌كاری، هه‌ربۆیه‌ش له خه‌زێنه جۆراجۆره‌كانی عوسمانی وه‌ك(خه‌زێنه‌ی سوڵتانی عوسمانی، خه‌زێنه‌ی موڵكه‌كانی سوڵتانی عوسمانی له ویلایه‌تی موسڵ) به به‌رده‌وامی هاوكاری خانه‌قا و ته‌كیه و مزگه‌وته‌كانی شاری كفری كراوه، به تایبه‌تی له ئاوه‌دانكردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م شوێنانه و دابینكردنی بژێوی ژیان(مووچه) بۆ زانایان و خزمه‌تكارانی مزگه‌وت و خانه‌قاكانی كفری، به‌ڵام دواتر به‌شێك له ڕابه‌رانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری بۆ ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌گۆڕدرێن و ده‌بنه هه‌ڵگیرسێنه‌ری ڕاپه‌ڕین و شۆڕش له‌نێو سنوره‌كانی ئیمپراتۆریای عوسمانی و ده‌وڵه‌تی قاجاری له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م تاوه‌كو كۆتاییه‌كانی چاره‌كی یه‌كه‌م له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
دووه‌م: په‌یوه‌ندیگرتن له ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ئیمپراتۆریای عوسمانی به شاری ئیستانبۆڵ بۆ ناردنی داواكاری هه‌مه‌چه‌شن له‌لایه‌ن زانایان و ڕابه‌رانی سۆفیگه‌ری له شاری كفری و ده‌وروبه‌ری، هه‌روه‌ها یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه و سكاڵاكانی خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ران و زانایان، له‌هه‌مانكاتیشدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی دامه‌زراوه‌كانی ئیمپراتۆریای عوسمانی بۆ ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌كانی خۆرهه‌ڵات، ئه‌مه نیشانه‌ی پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌یه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دێته‌كایه‌وه، به‌تایبه‌تیش له كۆتاییه‌كانی ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا، كه هێڵی ته‌له‌گراف به هه‌موو ناوچه‌كانی ئیمپراتۆریای عوسمانی و له‌وانه‌ش ویلایه‌تی موسڵ بڵاوبوویه‌وه، ئەوەش قه‌ڵه‌مبازێكی گه‌وره بوو له گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵك به ئیستانبۆڵ و ناوه‌نده‌كانی كارگێڕی له ویلایه‌ته جیاوازه‌كانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، هه‌روه‌ها ده‌رخه‌ری ئه‌و پێشكه‌وتنه‌یه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆی چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك هه‌بووه، بۆ نموونه: وتارخوێنی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی خورماتوو و فه‌رمانبه‌رێكی قه‌زای كفری په‌نا بۆ دادگا و دامه‌زراوه‌كانی عوسمانی ده‌به‌ن بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی نێوانیان، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هۆشیاریی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه-ئاینییه-كارگێڕییه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له باشووری كوردستان ده‌رده‌خات.
سێیه‌م: له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌دا پێگه‌ی ڕابه‌رانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری به هه‌ردوو ڕێبازی قادریی و نه‌قشبه‌ندی له شار و قه‌زای كفریدا زۆر به‌هێز بووه، هه‌روه‌ها هیچ شه‌ڕ و ململانێی و كێبڕكێیه‌ك له نێوان ڕابه‌رانی ئه‌م دوو ڕێبازه نه‌بووه، كه‌چی له‌هه‌مانكاتیشدا ناوه‌ندێكی گه‌وره و شاڕێی بازرگانی نێوان به‌غدا و كوردستان و وڵاتی ئێران بووه، خه‌ڵكێكی زۆر هاموشۆی كردووه، به‌ڵام ئاشتی و ئارامییه‌ك تا ئاستێكی به‌رز له شار و قه‌زای كفریدا هه‌بووه، چونكه هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ئاماژه به ململانێ و شه‌ڕی نێوان ئه‌م دوو ڕێبازه سۆفیگه‌رییه و هه‌تا له‌نێو ڕێبازی سۆفیگه‌ری قادریی و نهقشبهندیشدا ناكات، ئەوە لەكاتێكدا له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ململانێیه‌كی گه‌رم له نێوان ڕابه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دوو ڕێبازه‌دا له شاری سلێمانی سه‌ریهه‌ڵدا و به شوێنه‌كانی تریش كه‌م تا زۆر بڵاوبوویه‌وه، به‌ڵام وادیاره له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌م ململانێیه له شاری كفری زۆر كاڵبووبێته‌وه و نه‌ما بێت، یاخود هه‌ر نه‌بووبێت.
چواره‌م: به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان، شار و قه‌زای كفری گرنگییه‌كی زۆری له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریای عوسمانی پێدراوه، ئه‌مه‌ش به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه خه‌زێنه‌ی شاهانه‌ی سوڵتانی عوسمانی هه‌میشه داواكارییه‌كانی زانایان، ڕابه‌رانی ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ری له شاری كفری و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌بوڵكردووه، به‌تایبه‌تیش له دابینكردنی بڕی گوژمه‌ی داواكراو بۆ كاره خزمه‌تگوزارییه ئاینییه‌كانی قه‌زای كفری، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه كه خه‌زێنه‌ی شاهانه‌ی سوڵتانی عوسمانی پڕۆژه‌ی به‌رده‌وام و ده‌ستگیرۆیی بۆ دامه‌زراوه ئاینییه‌كان و دابینكردنی بژێوی زانایان و ڕابه‌رانی سۆفیگه‌ری له شاری كفری و ده‌وروبه‌ریدا هه‌بوو.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
یه‌كه‌م: به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاونه‌كراوه:
(BOA): BEO.1831/137616-1.
(BOA): BEO.1831/137616-3.
دووه‌م: كتێب (به‌ڵگه‌نامه‌یی):
ئه‌لیف: به زمانی كوردی:
به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فه‌رمانگه‌ی ئه‌رشیفی عوسمانی: Osmanlı Arşivi Daire Başbakanlığı له كتێبیی: د.نه‌وزاد یه‌حیا باجگر(ئاماده‌كردن و پێشكه‌شكردن): كفری (سه‌ڵاحییه) له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا 1181-1325كۆچی-1767-1917زایینی، وه‌رگێڕانی: ئاشتی ڕه‌حمان، به‌رگی چوارده، له بڵاوكراوه‌كانی زانكۆی جیهان-خانه‌ی ئه‌رشیف و به‌ڵگه‌نامه‌كان، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2022.
(BOA): A.MKT.UM.1221/96-1.
(BOA): DH.MKT.2016/98.
(BOA): DH.MKT.2034/62-1.
(BOA): DH.MKT.2048/46-1.
(BOA): HH.I.87/26.
(BOA): HH.I.87/26.
(BOA): HH.I.96/9-1.
(BOA): HH.I.96/9-1.
(BOA): HH.I.133/92-1.
(BOA): HH.I.133/92-1.
(BOA): DH.MKT.2564/102-1.
(BOA): Y.MTV.232/1-1.
(BOA): HH.I.165/26-1
(BOA): HH.I.165/26-1.
(BOA): HH.I.171/10-1.
(BOA): HH.I.171/10-1.
(BOA): ŞD.2760/26-1.
(BOA): BEO.3005/225335-1.
(BOA): Y.PRK.AZI.45/60-1.
بێ: به زمانی عه‌ره‌بی:
د.عثمان علي(ترجمة)، الكرد في الوثائق العثمانية، مطبعة خاني، من منشورات مؤسسة موكريانى للبحوث والنشر، اربيل، 2010.
سێیه‌م: نامه زانستییه‌كان(نامه‌ی ماسته‌ر به زمانی عه‌ره‌بی):
محمد احمد ابراهیم، تطور النظام العثماني في كردستان العراق 1832-1916، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة بیروت العربیة، كلیة الآداب-قسم التاریخ، 2013.
چواره‌م: كتێب:
ئه‌لیف: به زمانی كوردی:
خالد عه‌لی موراد جاف، كه‌ركوك له زاری به‌ڵگه‌نامه‌وه، به‌رگی 1 و 2 و 3، چ2، چاپخانه‌ی هه‌یبه‌ت سوڵتان، كۆیه، 2023.
خالد مه‌حمود كه‌ریم، باشوری كوردستان له كۆتاییه‌كانی سه‌رده‌می عوسمانی‌دا: چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی، چاپخانه‌ی كارۆ، سلێمانی، 2019.
م.ر. هاوار، شێخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خوارووی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، جاف پرێس، له‌نده‌ن، 1990.
بێ: به زمانی عه‌ڕه‌بی:
عبدالمنعم الغلامي، الضحايا الثلاث، تحقيق: سعد سعيد الديوهچی، مكتب التفسیر للطبع والنشر، اربیل، 1446هـ-2024.
چواره‌م: ئینسایكلۆپیدیا:
ده‌سته‌ی ئینسایكلۆپیدیای له ئه‌كادیمیای كوردی، كوردستانیكا هه‌وڵێكی سه‌ره‌تایی بۆ دانانی ئینسایكلۆپیدیایه‌كی كوردی، چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر، هه‌ولێر، 2023.
پێنجه‌م: فه‌رهه‌نگ و پێڕستی جیۆگرافی:
ئه‌لیف: به زمانی كوردی:
عه‌بدوڵڵا غه‌فوور، پێڕستی گونده‌كانی كوردستان(پێڕستی گونده‌كانی باشووری كوردستان له سه‌رژمێری ساڵی 1957دا)، به‌رگی دووه‌م، چ3، چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، هه‌ولێر، 2018.
عه‌بدوڵڵا غه‌فوور، گونده‌كانی كوردستان(گونده‌كانی باشووری كوردستان له‌سه‌رژمێری دانیشتوانی عێڕاقدا-1977)، به‌رگی دووه‌م، چ2، چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، هه‌ولێر، 2018.
بێ: به زمانی عه‌ڕه‌بی:
حبيب تومي، معجم الألفاظ المحكية المشتركة بين العربية والكردية و التركية و الفارسية، دار اراس للطباعة والنشر، اربيل، 2011.
د.حسان حلاق و د.عباس صباغ، المعجم الجامع في المصطلحات العثمانیة، دار النهضە العربیة، بیروت-لبنان، 2009.
صالح سعداوي، مصطلحات التاريخ العثماني: معجم موسوعي مصور، من منشورات دارة الملك عبدالعزيز، الرياض، 2016.
الدكتور محمد علي الصويركي، معجم اعلام الكرد: في التأريخ الأسللامي والعصر الحديث في كردستان و خارجها، مطبعة مؤسسة حمدي للطباعة والنشر، من منشورات بنكه‌ی ژین، السليمانية، 2006.
([1])شێخ عارف: له چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له‌گه‌ڵ (100) خێزان كۆچی بۆ شاری كفری كردووه، به‌ڵام له سه‌رچاوه‌كانی تایبه‌ت به زانا و بنه‌ماڵه‌ی زانیارانی كورد، هیچ زانیارییەكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نییه، چونكه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا ته‌نیا ناوی خۆی هێنراوه و ئاماژه به ناوی باوك و باپیرانی یان نازناوه‌كه‌ی نه‌كراوه، هه‌ربۆیه‌ش به گریمانه‌یی نه‌توانرا ژیان و سه‌ربرده‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ران بنووسرێت.
([2])زه‌وییه‌كانی كه‌شكۆڵی: ئه‌م زه‌وییانه ده‌كه‌ونه گونده‌كانی كه‌شكۆڵی كۆن و نوێ له ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی قه‌زای كفری له پارێزگای كه‌ركوك به‌پێی سه‌رژمێری دانیشتووان له ساڵی 1957، به‌ڵام له دوای هاتنه‌كایه‌ی سیاسه‌تی گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و ده‌ستكاریكردنی سنووره كارگێڕییه‌كان له دوای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس له عێراق له ساڵی 1968 و به‌پێی سه‌رژمێری دانیشتووان له ساڵی 1977 گونده‌كانی كه‌شكۆڵی نوێ و كۆن هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په له قه‌زای كفری مانه‌وه، به‌ڵام ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یان بووبه (دیالی)، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌م قه‌زایه و سنووره كارگێڕییه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیاندایه.
([3])گوندی شاكه‌ل: گوندێكه له سنووری قه‌زای كفری، به‌پێی سه‌رژمێری دانیشتووانی ساڵی 1957 له چوارچێوه‌ی كارگێڕی ناحیه‌ی پێبازی(باوه‌نوور) قه‌زای كفری له پارێزگای كه‌ركوك بووه، له ئێستایشدا گوندێكه له ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵای قه‌زای كفری له پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها شاكه‌ل ده‌شتێكی فراوانه ده‌كه‌وێته نێوان سه‌رقه‌ڵا و كفری و كه‌لار.
([4])گوندی شێروانه: گوندێكی نزیك قه‌ڵای شێروانه له ناوه‌ندی قه‌زای كه‌لاری ئه‌مڕۆ بووه، كۆنترین ئاماژه بۆ ئه‌م گونده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، به‌ڵام له ئه‌نجامی هاتنه‌ئارای ناكۆكی له نێوان خێڵه‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی جاف و باجهڵانهكان وێران ده‌بێت و ئاوه‌دانی خۆی بۆ گوندێكی نزیك له خۆی جێده‌هێڵێت، ئه‌ویشیان: گوندی كه‌لاری كۆن بووه.
[5])) مه‌حمود پاشای جاف (1846-1921): كوڕی محه‌مه‌د پاشای جاف كوڕی كه‌یخه‌سره‌و به‌گ كوڕی سلێمان به‌گی زاهیر به‌گه، سه‌رۆكی خیڵ و تیره‌كانی جاف بوو، گه‌شتی پایته‌ختی ئیمپراتۆریای عوسمانی (ئیستانبۆڵ) و وڵاتی ڕووسیای قه‌یسه‌ری و ئێرانی كردبوو. له دوای كوژرانی محه‌مه‌د پاشای جافی باوكی(15ی جماد الأول 1299ك/ 4ی نیسانی 1882ز) بووبه سه‌رۆكی هۆزی جاف بۆ ماوه‌ی چل ساڵ، هه‌ر بۆیه‌ش شای قاجاری (ناسره‌ددین شا) شمشێرێكی به دیاری پێبه‌خشی بوو.
[6])) فه‌دان: ئه‌م زاراوه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی سریانییه، مانای گاجووت و كێڵان ده‌به‌خشێت، به‌ڵام له خۆرهه‌ڵات وه‌ك زاراوه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆ كاری ڕووپێویی زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان به‌كارهێنراوه، كه هه‌ر فهدانێك به‌رانبه‌ر به (4200) مه‌تری چوار گۆشه بووه.
[7]))خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی شاهانه‌ی عوسمانی: له سه‌روبه‌ندی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه له داهاتی زیاده‌وه په‌ره‌ی سه‌ند، به‌ڵام له سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م(1876-1909)، سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م خه‌زێنه‌یه بریتیی بوون له ئه‌و زه‌وییه گرانبه‌هایانه كه به‌جێهێڵدرابوون؛ كه خاوه‌نیان نه‌بوو، یان خاوه‌نه‌كانیان نه‌یانده‌توانی بخه‌نه سه‌ر ناوی خۆیان، بۆیه ئه‌م زه‌ویانه ڕاسته‌وخۆ خرابوونه سه‌ر ناوی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌م خه‌زێنه‌یه خاوه‌نداریه‌تی له ژماره‌یێكی زۆری بێستان و كێڵگه و كانه خهڵووزییهكانی سه‌رانسه‌ری ئیمپراتۆریای عوسمانی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌یێكی داهاتی گه‌وره بوو بۆ ئیمپراتۆریای عوسمانی.
[8])) مه‌به‌ستی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قایه (1868-1952)، چونكه له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حمودی حه‌فید به‌شداری له شه‌ڕی شوعه‌یبیه(12-15ی نیسانی 1915) له باشووری عێراق كردووه، هه‌ربۆیه له دوای دوو ساڵ له كۆتاییهاتنی شه‌ڕی شوعه‌یبه و شكستی سوپای عوسمانی له به‌رانبه‌ر سوپای بەریتانی، شێخ مه‌حموود وه‌ك وهفادارییەك داوای پاداشتی بۆ سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا له ئیمپراتۆریای عوسمانی كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه دووپات ده‌كاته‌وه، كه شێخ مه‌حموودی حه‌فید له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی داوای پاداشتی مه‌عنه‌وی، ماددیی و سیاسی و سه‌ربازی بۆ خۆی نه‌كردووه، به‌ڵكوو بۆ كه‌سانی كارا و لێهاتووی كوردستان كردووه.
[9])) سه‌ید غه‌ریب: سه‌ید محه‌مه‌د غه‌ریب، ئامۆزا، هاوه‌ڵی سه‌رده‌می دوورخراوه‌یی شێخ مه‌حمودی حه‌فید بووه 1919-1922، هه‌روه‌ها وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی دووه‌می شێخ مه‌حموودی حه‌فید بوو له ماوه‌ی 10ی ته‌شرینی یه‌كه‌می 1922 تا 15ی ئایاری 1923.
[10])) مه‌رگه: قهزایەكی سه‌نجه‌قی سلێمانی ویلایه‌تی موسڵ بوو له ماوه‌ی ساڵانی 1879-1918، له یه‌ك تا دوو ناحیه پێكده‌هات وه‌ك: پشده‌ر و سوورداش، له ئاخر و ئۆخری ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی عوسمانی له باشووری كوردستان، قه‌زاكه ته‌نیا له ناحیه‌ی پشده‌ر پێكده‌هات، كه به تێكڕایی 108 گوندی له خۆگرتبوو.
[11])) غه‌واره: ناحیهیەكی سه‌نجه‌قی ناوه‌ندی سلێمانی له ماوه‌ی ساڵانی 1879-1918 بوو، به‌پێی ساڵنامه‌كانی عوسمانی له ماوه‌ی ساڵانی 1893-1912، ئه‌م ناحیه‌یه له (113) گوندی له خۆگرتبووه، له بنه‌ڕه‌تدا ناحیهیەكه به ناوی (عه‌شیره‌تی غه‌واره) بوو.