دکتۆر یوسف محەمەد: ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان کیانی هەرێمەکەش بە خۆیانەوە دەڕووخێنن
دکتۆر یوسف محەمەد: ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان کیانی هەرێمەکەش بە خۆیانەوە دەڕووخێنن
  2022/06/21     779 جار بینراوە    


دکتۆر یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان:

ـ ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان کیانی هەرێمەکەش بە خۆیانەوە دەڕووخێنن.

ـ ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوەن.

ـ بە قەناعەتەوە دەیڵێم، گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆيانن.

گفتوگۆ: سەڵاح سالار ـ ڕەوشت محەمەد.           

هەرێمی کوردستان سێ دەیەی حوکمڕانیی خۆی تێپەڕاند و زۆر قۆناغ و ئاڕاستەی سیاسیی جۆراوجۆری تاقیکردەوە، ئەم کیانەی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە دەستووری عێراقدا چەسپیوە و شەرعیەتێکی یاسایی و دەستووریی هەیە، سەردەمێک شێوازیی حوکمڕانیی نیمچەسەربەخۆی بەڕێوە دەبرد، بەڵام ماوەیەکە ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی لاواز دەبێت و لەناوخۆش بەهۆی گەندەڵیی و پێشێلکاریی ماف و ئازادییەکانەوە فشەڵ دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ بەڕێز، دکتۆر یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و سەرکردەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و پسپۆڕی یاسایی و دەستووری ئەنجام دا.

+ لە دەستپێکەوە بەرەی کوردستانی حوکمی کوردستانی گرتەدەست و پاشان پەرلەمان و حکومەتی دامەزراند، بەمپێیە سێ ئەزموونی جیاواز کەوتە بەردەستی حزبەکانی کوردستان، بەتایبەت دوو حيزبی حوکمڕان، (ئەزموونی شاخ، ئەزموونی شاری بەرەی کوردستانی، ئەزموونی حوکمڕانی دامەزراوەیی کوردستان) ئەمانە لە کوێدا تەجاوزی ئەزموونی پێشتریان کرد و ئەزموونی نوێیان پەیڕەو کرد و لە کوێشدا هەر ئەزموونی پێشوویان جێبەجێکردەوە؟

ـ ڕاستییەکەی ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لە پاش ساڵی 1991، دەتوانین بڵێین: ئەزموونێکە کە پاشخانی حوکمڕانیی زۆر نییە، بەدرێژایی سەدەی پێشوو، جگە لە ئەزموونەکەی کۆماری مەهاباد، کە ساڵێک کەمتربوو، پێش ئەویش حکومڕانیی شێخ مەحموود بە پچڕ پچڕیی، کە چەند ناوچەیەکی ئێستای هەرێمی کوردستانی دەگرتەوە. ئەزموونێکی وا دەوڵمەندمان نییە لەڕووی حوکمڕانییەوە، ڕاستە پێشتر ئەمارەته‌کان هەبوون لەچوارچێوەی ولایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا، بەڵام ئەوەی لەچوارچێوەی فۆرمێکی دامەزراوەیی و حکومڕانییدا کاروبار بەڕێوەبەرێت ئەو ئەزموونە نەبووە.

لە شاخ ئەوکاتەی خەباتی شاخ هەبووە لە سەردەمی شەستەکاندا و شۆڕشی ئەیلوول، چی پاش ئەویش لە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش هەندێ جار بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان بەدەست هێزی پێشمەرگە و حيزبەکانەوە بوو، کە ئەوەش دیسانەوە ئەزموونێکی ئەوتۆ نییە پشتی پێ ببەستیت بۆ حوکمڕانی.

بۆیە حيزبە حوکمڕانەکان پاش ڕاپەڕینی 1991 لە شاخەوە دێنە خوارەوە بۆ ناو شارەکان، دەبوو بەشێوەیەکی تر و ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری پڕۆسەکە بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە حوکمڕانییدا هەیە بیانهێننە ناو کایەی حوکمڕانییەوە و کاروبارەکان ڕادەستی ئەوان بکەن، هاتن وەک بابەتی دابەشکردنی کێکەکە پڕۆسەی حوکمڕانیی لە نێوان خۆیان دابەش بکەن و خۆیان بەخاوەنی شەرعیی حوکمڕانیی دەزانی.

لەئەنجامی ئەوە ئەم ئەزموونە هاتە کایەوە کە درێژکراوەی ئەزموونی شاخە، لێره‌دا تەنها شتێک زۆر جێگەی سەرنجە کە من نەمدیبوو تا دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا، ئەو دیمەنە ڤیدیۆییەبوو کە بڵاوبووەوە کە کاک نەوشیروان سەردانی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دەکات، بەڕاستی دیمەنی موفارەقەی نێوان بیری کاک نەوشیروان و هەموو سەرکردەکانی تری کوردستانە، لەو سەردانەدا دەڵێت: ئێمە ناتوانین حوکمڕانیی شار بکەین و پێویستە ڕادەستی کەسانێکی بکەین کە لە حوکمڕانیی شار بزانن، ئەوەبوو لەو ڕوانگەیەوە مامۆستا (جەمال عەبدول)یان هێنا و کردیان بە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام مامۆستا جەمال عەبدوول نەیتوانی بەردەوامبێت و ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە و وازیهێنا.

ڕەنگە ئەمە یەکەمجارە من ئەمە باس بکەم، کاک نەوشیروان عەتەبێکی هەبوو لەسەر هەندێ لە خوێندەوارەکانی کورد کە لە بەغدا بوون، وتی: پاش ساڵی 1991 جوابم بۆ ناردن بەناو ناوی هێنان، وتی: داوام لێکردن بێنەوە و ئەوان حوکمڕانیی کوردستان بگرنە دەست، یەکێ سەرۆکی پەرلەمان بێت و یەکێ سەرۆکی حکومەت بێت، بەڵام نەهاتن.

بەڕاستیی من پێموت: کاک نەوشیروان ئەوە بیرکردنەوەی تۆ بووە تا حوکمڕانیی ڕادەستی ئەوان بکەیت، بیرکردنەوەی دوو حيزبەکە، بە حيزبەکەی خۆشتەوە وا نەبووە و لە هەوڵی ئەوەبوون خۆیان کۆنترۆڵی حوکمڕانیی بکەن، ڕەنگە ئەوانیش بهاتبانەوە وەکو مامۆستا جەمال عەبدوولیان بەسەر دەهات.

جا ئەم حوکمڕانییەی ئێستا هەیە هەر درێژکراوەی ئەو قۆناغەیە، بەڵام لە خوارەوە دەنگی جیاواز هەیە، هێزی تر هەیە دەیانەوێت ئەم حکومڕانییە بەجۆرێکی تر بێت و حوکمی دامەزراوەیی جێگیر ببێت، هێزی تر دێتە کایەوە، هێزەکانی تر نایانەوێ ئەم حکومڕانییە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لەئەنجامدا فشار هەیە بۆئەوەی ئەم حوکمڕانییە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، کە درێژکراوەی سەردەمی شاخ نەبێت و درێژکراوەی سەردەمی شەڕی ناوخۆ نەبێت، هەروەها درێژکراوەی هودنەی دوای شەڕی ناوخۆ نەبێت. حوکمڕانییەکی دامەزراوەیی بێتە کایەوە. ئێستا ئێمە لەم ململانێیەداین دەتوانم بڵێم سەرەتای ئەم ململانێیە بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد، ناڕەزایی و خۆپیشاندن لە شار و شارۆچەکەکان دەستیپێکرد، بۆ نموونە لە هەڵەبجە، لە کەلار و سلێمانی، دوایی بزووتنەوە مەدەنییەکان هاتنە کایەوە، پاشان بزووتنەوەی گۆڕان هاتەکایەوە، دوایی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان دروستبوو، پاشان پاکێجەکانی چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان هاتەکایەوە، دواتر لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و داخستنی پەرلەمانی کوردستان ئەمە چووە کۆی جومگەکانی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان، ئەم دەسەڵاتە ناچاربوو یەکێ لەو دامەزراوانەی کە خۆی دروستیکردووە کە پەرلەمانی کوردستانە دابخات، چونکە دەیزانی ئەم دامەزراوەیە بووه‌ بە فشار لەسەر ئەو شێوازەی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان.

کەواتە ئێستا ئێمە لە قۆناغی ململانێین لە نێوان دوو بەرەدا، بەرەیەک کە دەیەوێت ئەو شێوازە لە حوکمڕانیی بەردەوام بێت، بەرەیەکی تر کە دەیەوێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و دەیەوێت حوکمی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر ببێت. ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان هەیە دەرەنجامی ئەو ململانێیە کە باسمکرد، ئەڵبەت فاکتەرێکی تریش ئێستە وردە وردە دێتە ناوەوە کە تا ئێستا ڕۆڵی نەبووە و لە 1991 بەدواوە زۆرکەم دەستی هەبووە لە هەرێمی کوردستاندا، کە ئەویش حکومەتی عێراقە.

تەبعەن فاکتەری ئیقلیمیی هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لەناو هەرێمی کوردستادا بەتایبەت سەردەمی شەڕی ناوخۆ، بەڵام فاکتەری عێراقی ڕۆڵی زۆر کەمبووە، جگە لە 31ی ئاب، ڕژێمی پێشووی عێراق بەشداریی کرد لە ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و هەولێری بۆ پارتی گرتەوە و ئەو ململانێیەی بەسوودی پارتی یەکلاکردەوە.

بەڵام ئەو ئەمری واقیعەی لە دوای 1991 بەهۆی بڕیاری 688 بە حوکمی دیاریکردنی ناوچەی دژەفڕین دروستبوو وردە وردە لاواز دەبێت و وردە وردە دەستوور بەهێز دەبێت و کەم کەم عێراق بەهێز دەبێت و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی دەربارەی نەوت و غاز زۆر ڕوونبوو، کە ئیتر ئەوان ڕازیی نین بەمجۆرە لە کوردستان حوکمڕانیی بکرێت.

+ ئەگەر قسە لەسەر خاڵی سەرەتا بکەین، یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا چەند دیموکراسیی بوو، یاخود ویستیان کوردستان دابەش بکەن بەسەر خۆیاندا و کاڵای دیموکراسیی بکەن بە باڵای پڕۆژە و پڕۆسەکەدا؟

ـ ڕەنگە ئەمە بە لاتانەوە سەیر بێت، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار لە ئایاری 1992 زۆر بەشێوەیەکی عەرزی هاتە کایەوە، بەهار و هاوینی 1991 گفتوگۆ هەبوو لەگەڵ ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕاجیایی هەبوو لەسەر دەرەنجامی گفتوگۆکە، قسەیەک هاتەکایەوە کە ئەنجامی گفتوگۆکە بخرێتە ڕاپرسییەوە و بخرێتە بەردەم خەڵکی هەرێمی کوردستان، کاک مەسعوود داوای ئەمەی کرد تا بزانن ئایا خەڵک بە دەرەنجامی گفتوگۆکان ڕازیین، یان نا؟

دواتر بۆچوونێکی دیکە هاتە ئاراوە، کە لە جیاتی ئەوەی ڕاپرسی بۆ دەرەنجامی گفتوگۆکان بکرێت، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت و لەوێوە بڕیار لەسەر بابەتی گفتوگۆکە بدرێت، یانی ئاوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاته‌ ئاراوە، نەک ئەوەی ئەم حزبە سیاسییانەی کوردستان بڕوایان بە هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبووبێت.

هەڵبژاردنەکەی کوردستان لە ئایاری 1992 شتێکی نەوعی بوو لەم ناوچەیەدا، کە ئەوکاتە لە تورکیا شێوەیەکی دیموکراسیی هەبوو یان لە ئیسرائیل، دەنا لە وڵاتەکانی تر لەو شێوەیەی هەڵبژاردنی تێدا نەبوو، بەڵام هەڵبژاردنی 1992 پڕ لە کێشە و کەموکورتيش بوو، بەتایبەت بابەتی تەزویر، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەڵگەنامەکانی ئەوکات، لە هەندێ شار بەتایبەت لە دهۆک نزیکەی لە سەدا سەدوبیستی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو دەنگیان دابوو، دواتریش ڕێککەوتن پەنجا بە پەنجا ئیدارەی هەرێمی کوردستان بدەن، لەوێوە ئیتر ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە چەوتی هات. ڕاستە وەکو ئەزموونێک لە ناوچەکە و عێراق بەو هەموو بارودۆخەی هەیبوو شتێکی باشبوو. بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا هەرچی هەڵبژاردنە بەوشێوەیە بەڕێوە چووە و هیچ هەڵبژاردنێکیش لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە، هیچ هەڵبژاردنێکی هەرێمی کوردستان بە پاکیی نەکراوە، ئەو کەموکووڕییانەی لەو هەڵبژاردنەوە دەستیپێکرد تا ئێستا بەردەوامە.

+ مەبەستم ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە بڕیاریاندا هەڵبژاردن بەڕێژەیی بێت و هەر حيزبێک ڕێژەی 07% نەهێنێت ناچێتە پەرلەمانەوە، کە پارتی تەنانەت ڤیتۆی بۆ ئەو مەبەستەش بەکارهێنا؟

ـ لەو بابەتەدا من چوومەتە بنجوبناوانی بابەتەکە، لە سەرەتاوە حيزبەکانی تر پێشنیازیان کرد، ئەوە پێشنیازی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەوانی دیکە بوو، دواتر پارتی پێداگریی لەسەر کرد و بەوشێوەیە هەڵبژاردنەکە کرایە ڕێژەیی، کە هەر حيزبێک 7% نەهێنێت ناچێتە پەرلەمانی کوردستانەوە و هەرواش کرا.

+ ئەو یاسایانەی لە کوردستان دەرکراون، تا چەند ڕۆڵی باشیان هەبووه‌ له‌ پێشکەوتن و تا چەندیش پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتییان ترازاند؟

ـ دەتوانم بڵێم کۆی پڕۆسەی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان کاڵوکرچە، ئەوەش دەرەنجامی لاوازیی ئەزموونی تەشریعی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە بە حوکمی نەبوونی ئەو دامەزراوەیە لە پێشتردا، تۆ سەیری عێراق بکەیت پەرلەمانی هەبووە هەر لە سەردەمی پاشاییەوە و لەوکاتەوە یاسای دەرکردووە، کەواتە ئەزموونێکی دووردرێژیان لە مەسەله‌ی پەرلەماندا هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر تازەیە.

من بە دەقیقی نازانم مەبەستی تۆ یاساگەلێکن کە تۆ پێتوایە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیی ئێمە ناگونجێن، من ناتوانم بەشێوەیکی ڕەها بڕیار بدەم لەسەر کۆی پڕۆسەی یاسادانان و بڵێم لەگەڵ باری کۆمەڵایەتیی ئێمەدا ناگونجێن، بەڵام دەتوانم بڵێم ڕاستە کۆی پڕۆسەکە کاڵوکرچیی پێوە دیارە، کەمئەزموونیی پێوە دیارە، بەڵام هەندێ یاسا ڕەنگە وەڵامدەرەوەبن بۆ دۆخی کۆمەڵایەتیی هەرێم و ئەو کێشانەی لە کوردستاندا ڕوو دەدەن، هەندێکیشی وەڵامدەرەوەن بۆ بەرژەوەندیی حيزبەکان، ئەو حيزبانە باڵادەستن بەسەر پەرلەماندا و هەمیشە باڵادەستبوون بەسەر پەرلەماندا، ماوەیەکی کەم نەبێت کە هەستیانکرد خەریکە لەدەستیان دەردەچێت ناچاربوون بەرخورد بکەن، دەنا بەدڵنیاییەوە زۆرێک لە یاساکان لە بەرژەوەندیی ئەو حيزبانەیە.

+ کوردستان تا ئێستاش دەستووری تایبەت بەخۆی نییە، ڕەشنووسێک هەیە ناوبەناو گەرمی دەکەنەوە و دواتر باسوخواسی نامێنێت، ئایا دەکرێت سێ دەیە حوکمڕانیی بەبێ دەستوور؟ پاشان ئەو ڕەشنووسە چەند دیموکراسییە و ڕەچاوی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات و بۆچی ناوبەناویش باس دەکەن و دواتر ناوی نامێنێت؟

ـ دەستوور زۆر گرنگە بۆ هێنانەکایەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوانی خەڵک، دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە هەموو خەڵک ناتوانن لە دەسەڵاتدابن، دێن گرێبەستێک دەنووسنەوە و سوڵتەکان دروست دەکەن و پەیوەندیی ئەم دەسەڵاتە بە خەڵکەوە و پەیوەندی نێوان خەڵک بە دەستوور ڕێک دەخەن، فیکری دەستوور و پرسی دەستوور لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمە نەهاتووەتە ئارا، بەڵکو پرسی دەستوور لە کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەخسی کۆمەڵێك خەڵک هاتووەتە کایەوە، ئەمەی تۆ باسی دەکەیت بۆچی ناوبەناو دەهێنرێتە کایە و دوایی ون دەبێت؟ هەمووی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کۆی پرسی دەستوور بەستراوەتەوە بە کەسەکانەوە، نەبەستراوەتەوە بە کۆمەڵگە و ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی لەناو کۆمەڵگەدا، بۆ نموونە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس کاک مەسعوود دەیوست ببێت بە سەرۆکی هەرێم، کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی هەبێت بەتاییەتی کە ئەو کات ئەو سەرۆکی هەرێم بوو هاتن پڕۆژەیەکی دەستووریان نووسییەوە بەباڵای ئەودا، پڕۆژەی دەستوورەکە بۆ کاک مەسعوود نووسرابوو، کە تۆ پرسیاری ئەوەم لێدەکەیت ئایا چەند دیموکراسیی و دەستووریی بوو؟ بەڕاستیی کۆمەڵێك خاڵی تێدا نووسرابووە تۆ دەستوورت نەبێت باشترە لەوەی کە دەستوورێکت هەبێت بەناوی ئەو دەستوورە حوکمێکی دیکتاتۆریی دروست بکەیتەوە بۆ جارێکی تر.

بەڵگەت بۆ بهێنمەوە کە خراپییەکەی چییە، بۆ نموونە کە شۆڕشی  بەهاری عەرەبیی ڕوویدا یەکێك لە داخوازییەکانیان لابردنی ئەو دەستوورانەی پێشوو و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بوو، کەواتە دەستوورێکی خراپت نەبێ باشترە لەوەی دەستوورت هەبێت، چونکە دەستوور گۆڕانکاریکردن تێیدا ئاسان نییە، قانوونەکان دەستکاریکردن تێیدا ئاسانترە تا دەستوور.

لەماوەی ڕابردووش جارێکی تر بۆئەوەی نێچیرڤان بارزانی ڕازیی بێت و نەڕوات بۆ بەغدا و لێرە لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، دەیوسیت جارێکی دیکە پرسی دەستوور گەرم بکاتەوە و بۆئەوەی سەڵاحیەتی تەواوی هەبێت بەپێی دەستوور لە بەرانبەر سەرۆکی حکومەت کە ئامۆزاکەیەتی.

ئەم پرسە لە هەرێمی کوردستان نەبەستراوەتەوە بە پێداویستی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هێنانەپێشەوەی هەموو جارێک پەیوەندیی بە ویست و حەز و ئارەزووی شەخسیی و  ویستی دەسەڵاتخوازیی کەسەکانەوەیە.

+ بەحوکمی پسپۆڕیی خۆت و پاشان بەپێی ئەزموونیش کە پێشتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوویت، پڕۆسەی یاسادەرکردن لە کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

ـ ئەگەر بەشێوەیەکی گشتیی باسی بکەین کاڵوکرچیی لە یاساکاندا هەیە، بۆ نموونە: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کردووە کە دەبێت کەی مەرسوومی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربچێت، بەڵام ئەوەی دیاریی نەکردووە کە دەبێت چەند پێش کۆتاییهاتنی ماوەی پەرلەمان بێت، یان چەندە بێت پاش ماوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لە هەندێ لە یاساکاندا دەقە عەرەبییەکەی لەگەڵ دەقە کوردییەکەی جیاوازیی هەیە، کاڵوکرچیی لە دەرکردنی یاساکاندا هەیە وەکو باسیشمکرد پەیوەندیی بە نەبوونی ئەزموونی یاسادانانەوە هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا هەوڵ هەیە لە کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و باشتر، ڕەنگە لە هەندێ شتدا پێش عێراق کەوتبێت، بۆ نموونە لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، یاخود لە مەسەلەی کوشتن بەپاساوی شەرەفپارێزیی، کە ئەمە نە دین قبوڵی دەکات، نە قانوون، هیچ یاسایەکی ئاسمانیی و زەمینی قبوڵی ناکات کەسێک تەنیا گومانێکی لە خێزانەکەی هەیە بیکوژێت.

واتا ناتوانیت هێڵی ڕاست و چەپ بەسەر یاساکانی هەرێمی کوردستاندا بێنیت، بەڵام وەک باسمکرد دوو خەلەلی بنەڕەتیی هەیە، یەکەم: لە ڕووی یاسادانانەوە کاڵوکرچی هەیە. دووەم: بەرژەوەندیی ئەو حيزبانەی دەسەڵاتیان بەسەر پەرلەماندا هەیە ڕۆڵ دەبینێت لە دەرکردنی یاساکاندا.

+ دامەزراوەکانی کوردستان تا چەند تێکەڵوپێکەڵن، ئایا هاوسەنگییان چۆنە و ئەمانە بوونەتە ئارایشتکردن بۆ یەکدانە لەو دامەزراوانە؟

ـ کێشەی بنەڕەتی لە کوردستاندا ئەوەیە کە دەسەڵات لای دامەزراوەکان نییە، دەسەڵات لای دوو حيزبی سەرەکیيه‌ لە هەرێمی کوردستان، پارتیی و یەکێتیی لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ دوو ناوچەی نفووزی خۆیان هەیە، پاشتر دەسەڵات لای کەسەکانە، کە ئەنجومەنی وەزیران دەبینیت ڕاستە هەندێ لە وەزیرەکانی لەناو حيزبەکاندا خاوەنی دەسەڵاتن، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بۆخۆی خاوەنی دەسەڵات نییە، ئەم ئەنجومەنی وەزیرانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەبێت لەناو کەوانه‌دا بڵێیت (ئەنجومەنی وەزیران)، چونکە من پێموایە ئەوەی لە کوردستاندا هەیە سوڵتەیە، حوکمی دامەزراوەیی نییە، ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە کورتکراوەتەوە لە مەسروور بارزانیی و ستافێک کە خۆی کە هێناویەتی بۆ ناو ئەنجومەن و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، تەنانەت وەزیرەکان بۆیان نییە موخاتەبەی سەرۆکوەزیران بکەن، دەبێت موخاتەبەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، کە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەپێدراو نییە، وەزیر متمانەپێدراوە، سەرۆکی دیوان متمانەپێدراو نییە، بەڵکو فەرمانبەرە وەکو وەزیفە لەوێ دانراوە، بەڵام وەزیر دەبێت بڕوات مخاتەبەی ئەو بکات. ئەمە دەلالەت لەوە دەکات لە کوردستان حوکمی دامەزراوەیی نییە.

ئێمە هەنگاوێکمان بڕی ویسمان کار بکەین بۆئەوەی هیچ دەسەڵاتێک لەسەرووی پەرلەمانەوە نەبێت، پەرلەمان خاوەنی بڕیارەکانی خۆی بێت، بەڵام ئەمانە ڕازیی نین دەبێت خۆیان بڕیار بدەن و پەرلەمان جێبەجێی بکات، دەبێت بڕیارەکەی ئەوان پەرلەمان

 بیسەپێنێت بەسەر پەرلەمانتارەکاندا ئێمە دەمانویست ئەمە پێچەوانە بکەینەوە. ئەمەیان قبوڵ نەکرد و پەرلەمانیان داخست. ئەمەی لە کوردستان هەیە دەسەڵاتی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی حزبیی و کەسەکانە.

 + لە سایەی ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، ئەمانە: (یاسا، دیموکراسی، زمانی کوردی، کولتووری کوردی، مافی مرۆڤ و چارەنووسی کورد) چەندە پێشکەوتن و چەندیش دواکەوتن؟ زیاتر لە کوێدا تێکشان؟

ـ یاسایەک دەرچوو سەبارەت بە زمانی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام نەیتوانی زمانێکی یەکگرتوو بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات. ئەو جیاوازییەی لە نێوانی پارتیی و یەکێتیی هەیە بە قووڵیی چووەتە ناو هەموو جومگەکانی ژیانەوە، ژیانی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی لە هەرێمی کوردستان. ئێستا ئێمە ناتوانین بڵێین: زمانێکی یەکگرتوومان هەیە، بڕۆ بۆ پارێزگای دهۆک شێوەزاری بادینی زمانی نووسین و خوێندن و فەرمانگەکان و بەڕێوەبردنی حکومەتە، وەرە بۆ هەولێر و سلێمانی شێوەزارێکی ترە، من کاتی خۆیشی باسی ئەوەم کرد وتم: با ئەمە چارەسەر بکەین، بەڵام جیاوازیی پارتیی و یەکێتیی ڕێگربوو لەوەی چارەی بکەین، بۆیە ناچاربووین بێدەنگیی لەم پرسە بکەین، من وەک سەرۆکی پەرلەمان ئیعترازی خۆم لەسەر نووسیی، بەڵام لیژنەکانی پەرلەمان بێدەنگییان لێکرد.

ئەم ڕاجیاییە بۆ هەموو پرسەکانی تریش هەر وایە، سەبارەت بە چارەنووسی هەرێمی کوردستان یەکێك لەو کارە زۆر گرنگانەی پێشتر پەرلەمان لە ساڵی 1992 یەکلای کردەوە مەسەلەی فیدراڵیەت بوو بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە کارێکی باشبوو.

سەبارەت بە بڕیارەکانی تری چارەنووسی هەرێمی کوردستان، بڕیارێک دەرچووە کە دەبێت پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ دەرکردنی بڕیارە چارەنووسازەکانی هەرێمی کوردستان ئەمە نەکراوە، وەکو باسم کرد ئەو سوڵتەیە لە دەرەوەی پەرلەمان هەیە حيزبە، ئەو بڕیاری لەسەر ئەو پرسە داوە.

ئەوەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پەرلەمانی کوردستان ناتوانێ لە دەرەوەی هەژموونی ئەم دوو حزبەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش هەژموونی پارتیی بەسەر هەولێری پایتەختەوە ئەمە وایکردووە کە پەرلەمان لە بوارەی ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بوارەکانی: کولتوور، زمان، ڕۆشنبیریی و هەموو بوارەکانی تر نەیتوانی ڕۆڵی خۆی هەبێت. ئه‌نجا ئەوەش بزانە دەقی جوانمان هەیە، بەڵام سوڵتەکەی هەرێمی کوردستان ئەو دەقانە جێبەجێ ناکات.

+ دەگوترێت بە بەرنامە سەنگ و ئەرزش و متمانەی بەها باڵاکان دەشکێنرێت، وەک، هەڵبژاردن، ڕاگەیاندن، سەنگی حيزبەکان، تێکشانی کەسایەتییەکان و زۆر شتی دیکە، ئەمە تا چەند ڕاستە و چەندیش دەنگۆی نەیارانی ئەوانە؟

ـ لەم ململانێیەی باسمکرد هەندێک دەیانەوێت سوڵتە لای خۆیان بمێنێتەوە و هەندێکی تر دەیەوێت حکومەتی دامەزراوەیی لە کوردستان جێگیر بکرێت، ئەو سوڵتەیەی لە کوردستان وەک ئەمری واقیع هەیە سڵی لە هیچ شتێک نەکردووەتەوە تا پایەکانی حوکمی خۆی جێگری بکات، سڵی نەکردەوە لە تەزویر، لە بەکارهێنانی هێزی چەکدار، لە کوشتنی خەڵک، لە زیندانیکردنی خەڵک، لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی، تۆ سەیر بکە پارە نییە بۆ مووچەی خەڵک، بەڵام لەولاوە میدیایەکی زەبەلاح کراوەتەوە بۆ (ئینتەرتەیت مێنت) کە من ناوم ناوە تلیاکی کۆمەڵایەتی ئەوەی میدیایەکی بەرفراوان دروستکراوە بۆ شتی تەرفیهی و زۆر ئاست نزم بۆ تێکدانی بیرکردنەوەی گەنجانی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە سیاسەت و سەرقاڵکردنیان بە کۆمەڵی شتی لابەلا، ئەمە تلیاکی کۆمەڵایەتییە کە ئەم سوڵتەیەی هەرێمی کوردستان بە بەرنامە ئیشی لەسەر دەکات، تۆ سەیری سۆشیال میدیا بکە چەندین کەس دەبینی لەوێ ئیش دەکات و بەدوایدا بڕۆ لە دەزگا مخابەراتییەکانەوە کار دەکات دەبینیت ئەمانە خەریکی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتین، بۆئەوەی گەنج سەرقاڵ بکەن و بەلاڕێیدا بەرن.

بۆیە ئەم سوڵتەیە لە هەرێمی کوردستانی سڵی لە هیچ شتێک نەکردووەتەوە بۆ جێگیرکردنی جێپێی خۆی و دوورخستنەوەی خەڵک لە سیاسەت، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەسڵەن سیاسەت لەبەرچاوی خەڵک ناشیرین بکەن و خەڵک لە هەموو شت نائومێد بکەن، چونکە هەڵبژاردن ناشیرین بکەن خەڵک ناچن بۆ دەنگدان کە خەڵکیش دەنگی نەدا ئەو لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمانە نازانن کە جاری وا هەیە (ینقلب السحر علی الساحر) ئەو ناڕەزاییانە لە بری ئەوەی دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵاتی لێبکەوێتەوە، بەپێچەوانەوە پەنگ دەخواتەوە تا وەک لە بەهاری عەرەبیی بینیمان ئەو سوڵتە زۆردارانە چۆن ڕووخان ئەمەش دەبینیت لەساتێکدا چۆن دابڕووخێت.

+ ئۆپۆزیسیۆن تا کوێ ڕۆڵی ئیجابی گێڕا و لەکوێدا ئەویش نەرێنیی شکایەوە؟

ـ لەم بابەته‌دا دەبێت دوو فاکتەر لەبەرچاو بگرین، هۆکاری بابەتیی و هۆکاری خودی. گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ کاری ئۆپۆزسیۆن یەکجار سەختە، دەسەڵات بەهەموو جۆرێك هەوڵ دەدات ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو نەبێت، هەر لەوەوە بیگرە کە ئەندام و لایەنگرانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەکارەکانیان دوور دەخرێنەوە، مەبەستم لە ئەرکی گشتیی و وەزیفەیە نەک ئەرکی حيزبی، هەروەها بەکارهێنانی هێزی چەکدار بەرانبەر بە حيزبەکانی تر، ترساندن و تۆقاندنی ئەندام و لایەنگرانیان، یەکلاکردنەوەی ململانێکانی کوردستان لە ڕێی هێزی چەکدارەوە، کڕینی ئەندامی هەندێ لە حيزبەکان و کەسی سەرکردەی هەندێ لە حيزبەکان. ئەمانە هەموو هۆکارن بۆئەوەی کاری ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان لاواز بێت و خەڵک پێی وابێت هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان هیچیان پێ ناکرێت.

لەهەمانکاتدا هەریەکێ لەم هێزە ئۆپۆزسیۆنانە کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە، کە پەیوەندیدارە بە گوتاری، بە چۆنیەتی کۆنتاکتی لەگەڵ خەڵک، پەیوەندییدارە بەو هەڵە سیاسییانەی کە دەیکات، پەیوەندیی هەیە بەو تاکە کەسانەی نوێنەرایەتییان دەکات و جاری وا هەیە ناوئومێدیی دەدەن بە خەڵک. بۆ نموونە: یەکێ لە هەڵە گەورەکانی گۆڕان ئەوەبوو خەڵکی وا تێگەیاند کە گۆڕانکاریی بە ئانوساتێ دێتە کایەوە، بە هەڵبژاردنێ گۆڕانکاریی دروست دەبێت، لەکاتێکدا دەبوو نەفەسێکی دوورمەودا بەخەڵک بدەیت، کە هەموومان کار بۆ گۆڕانکاریی دەکەین، بەڵام بڕینی ئەم ڕێگایە ئاسان نییە و بە شەووڕۆژێ نایەتە کایەوە.

خاڵێکی تر ئەگەڕ گۆڕان پاش ئۆپۆزسیۆنبوونی یەکسەر نەڕۆشتایەتە دەسەڵاتەوە ڕەنگە خەڵک هێشتا هیوای زۆری هەر بە گۆڕان بمایە، خەڵک چاوەڕێی ئەوەبوو گۆڕان ئەگەر لە دەسەڵات کێشەی بۆ دروستکرا هەنگاوی تر بگرێتەبەر، ئەو ئیحاحە بە خەڵک درابوو کە هەنگاوی تر دەگرێتەبەر، بەڵام کە نەیگرتەبەر ئەمەش دیسانەوه‌ سەرچاوەیەکی نائومێدیی بوو بۆ خەڵک. لەلایەکی ترە لە پاش وەفاتی کاک ناوشیروان لادان لە مەبادیئە بنەڕەتییەکان کە گۆڕانی لەسەر دروستکرابوو ئەمە وایکرد کە دیسانەوە خەڵک ناوئومێد بێت لە گۆڕان، بەتایبەت لەم خولەی ئێستای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، دەبینیت وەزیرەکانی: بێ دەسەڵات، بێ هەڵوێست لەئاست بڕینی مووچەی خەڵک، لە ئاستی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان.

گۆڕان بۆئەوە هاتە کایەوە کە داکۆکیاری سەرسەخت بێت لە ئازادیی ڕادەربڕین، کۆمەڵێ کەس لە بادینان بەبێ گوناح دەستگیرکران نەمانبینی ئەوانەی لەناو دەسەڵات نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن بۆ یەک جاریش ناڕەزایی دەرببڕن. ئەمەی سەبارەت بە گۆڕان باسی دەکەم، سەبارەت بە هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنیش هەر ڕاستە.

ڕاستە کاری سیاسیی لە گۆڕەپانەکە قورسە، بەڵام هەندێکی پەیوەندیی بە خودی لایەنەکانەوە هەیە، کە هەندێ جار ڕاستگۆ نەبوون بەرانبەر بەو بەڵێنانەی بەخەڵکیان داوە، ئەم هێزانەی ئۆپۆزسیۆن ناچارن بە هەرشێوەیەک بووبێت سەروسەودایان هەر لەگەڵ دوو هێزەکەی دەسەڵاتدا هەبێت، بۆ نموونە خۆیان باس لەوە دەکەن کە جاری وا هەیە پارە لە دوو هێزەکەی دەسەڵات وەردەگرن، یان ئەوە ئاشکرا دەبێت کە  لێرەولەوێ پارە وەردەگرن، ئێمە کارمان بۆ ئەوەکرد بودجەی حيزبەکان بە یاسا بکرێت و لە پەرلەمانی کوردستان یاسامان بۆ دەرکرد بۆئەوەی حيزبەکانی کوردستان نانەخۆرەی دەستی یەکێتیی و پارتیی نەبن.

هۆکارە بابەتییەکان زیاتر کێشەیان بۆ ئۆپۆزسیۆن دروستکردووە، تەنانەت کێشە خودییەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنیشیان پەرە پێداوە، ئەوەش شاراوە نییە ئەم هێزانەی ئۆپۆزسیۆن بۆخۆیان کۆمەڵێك کێشەی ناوخۆییان هەیە، کە پەیوەندیدارە بە ستراکچەری خۆی، بە گوتاری خۆی، بە چۆنیەتیی پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکدا، خۆشباوەڕییان بەخەڵک بەخشیی و لەپێناو هەندێ جار بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ناڕازیی چوونە بەرەی خەڵکەوە، نەک بیروباوەڕیان وا بووبێت.

+ ئەم حاڵەتەی ئێستای کوردستان کە ئەمری واقیعە، چۆن بکرێتە نێودەوڵەتی؟

ـ پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆمان هەبوو، کە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ عێراقدا نەمابوو، پاییزی 1991 کە ڕژێمی عێراق کشایەوە لە سێ پارێزگاکەی کوردستان تا ڕووخانی ڕژێمی پێشوو هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ڕژێمی عێراقیدا نەمابوو، تەنانەت لەچوارچێوەی بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراک پشکی کوردستان لە عێراق جیاکرایەوە، دواتر پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و نووسینەوەی دەستووری عێراق خۆمان لکاندەوە بە عێراقەوە، بەڵام هەندێ لە دەسەتەڵاتەکان هەر مانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، تەبعەن ئەم سوڵتەیە لەبەرچی بۆ کوردستان دروستکرا؟ لە ئەنجامی ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر کوردستاندا هاتبوو، ئەو پێشلکردنی ماف و ئازادییانەی خەڵک لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە، بەو حسابەی کە ئێمە دەسەڵاتێکی جیاواز پێکدەهێنین و هەڵبژاردن دەکەین و دیموکراسیی جێبەجێ دەکەین و دەستاودەستی دەسەڵات دەکەین، ئەمە وایکرد کە پشتیوانی نێودەوڵەتیی بۆ کوردستان دروست ببێت، ئێستا ئەم پشتیوانییە ڕۆژبەڕۆژ لاواز دەبێت.

سێ هۆکاریش بوونەتە هۆی لاوازبوونی سوڵتەی کوردستان:

یەکەم: مەسەلەی ماف و ئازادییەکان، بەهۆی ئەوەی ئێستا لە کوردستان ماف و ئازادییەکان پێشێل دەکرێن، خەڵک دەخرێتە زیندانەوە، یەکێك لەو تۆمەتانەی بۆ زیندانییە سیاسییەکان دروست دەکرێت ئەوەیە کە تۆ ڕۆشتوویت سەردانی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسات کردووە و داوای بایکۆتی کاڵای وڵاتێکت  کردووە، کە خودی ئەم دەوڵه‌تانە بوونەتە هۆی دروستبوونی کیانی هەرێمی کوردستان و لە بەرانبەر دەوڵەتی عێراقدا بە بەهێزیی بمێنێتەوە، ئێستا تۆ هاتوويت سەردان و پەیوەندیی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەم دەوڵەتانە بەتاوان لەقەڵەم دەدەیت و خەڵکی لەسەر سزا دەدەیت!

دووەم: ئەو گەندەڵییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، دیسانەوە کۆمەڵی نیودەوڵەتیی بێزار کردووە لە هەرێمی کوردستان، لەهەمانکاتیشدا یەکنەخستنی هێزی چەکدار و بەرەوپێشنەخستنی پڕۆسەی دیموکراسیی. ئەمە هۆکارێکی ترە بۆ لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان، ڕاستە ئێمە ڕاپەڕینمان کرد، بەڵام بیرمان ماوە کە ڕژێمی پێشوو هاتەوە خەڵک هەمووی ئاوارەبوو کۆڕەوی کرد، لە ئەنجامی کۆڕەوەوە بڕیاری 688 و پڕۆژەی ناوچەی دژەفڕین دەرچوون و ڕژێمی عێراق ناچاربوو لە کوردستان بکشێتەوە، ئەوە وایکرد ئەم هەرێمە بە ئەمری واقیع دروست ببێت.

سێیەم: هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی هەرێمی کوردستان، شکستی ڕیفراندۆم و هەرەسی شازدەی ئۆکتۆبەرە. دەستووری عێراق من لە نووسینەوەیدا نەبووم، بەڵام بەرپرسانی کورد بە کاک مەسعوودەوە وتیان دەستوورێکی باشە، تۆ هاتیت وتت: من بەم دەستوورە لەگەڵ عێراقدا دەژیم، دوایی هاتیت وتت: من جیا دەبمەوە لە عێراق، ڕیفراندۆمێکت کرد کە گوایە جیا بیتەوە لە عێراق، بەڵام نەتتوانی جیابیتەوە، کارتێکت بەدەستەوەبوو کارتەکەت فڕێدا و سووتاندنت، تۆ نەتتوانی ئەو کارتە بەکاربهێنیت، کەواتە تۆ لاوازبوویت کارتێک کە بەدەستەوە بوو نەتتوانی بەکاری بهێنیت و فڕیتدا ئیتر لاواز دەبیت.

16ی ئۆکتۆبەریش بەهەمان شێوە تۆ نیوەی خاکی کوردستانت لەدەستدا. پێشتر لە 2008 حکومەتی عێراقی لەشکرکێشیی کرد بۆ هەندێ لە ناوچە جێناکۆکەکانی دیالە ئەمانە ڕۆيشتن (قەرەتەپە) و (جەلەولا) و ئەو ناوچانەیە تەسلیم کردن، وەفدێک بە سەرۆکایەتیی کاک کۆسرەت و ئەندامێتیی فازڵ میرانیی و ئەوانە ڕۆيشتن و لەگەڵ حکومەتی عێراقیی ڕێککەوتن کە خانەقینیشان تەسلیم بکەن، ئێمە وتمان: بەپێی دەستوور حکومەتی فیدراڵ بۆی نییە بەهێزی چەکدار داوای ئەم ناوچانە بکات، حکومەتی فدیراڵ مولزەمە بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراق چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلا بکاتەوە.

بەڵام ئەمری واقیع چییە دەبێت پارێزراو بێت تا بەپێی مادەی 140 ئەو بابەتە یەکلا دەبێتەوە، ئەمە قبوڵکرا هەرێم بەکاریهێنا و وەرگیرا، بەڵام تۆ لە ئەنجامی شکستی ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەت لەدەستدا.

نەک هەر ناوچانەی لە 2003 وەرگیرابوونەوە، بەڵکو ئەو ناوچانەی لە 2015 و 2016 گیرانەوە لەلایەن کوردەوە، بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو کورد نەیتوانیبوو پێی بگات، هەر هەمووی لەدەستدا. کەواتە مەسەلەی دووەمی لاوازیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و شکستی ڕیفراندۆم و هەرەسی شازدەی ئۆکۆتبەربوو.

سێیەم: خاڵێکی دیکەی لاوازبوونی هەرێمی کوردستان، کە خاڵی هەرە سەرەکییە، ئەویش بابەتی ئابووریی سەربەخۆیە، ئەوەی لە نێوان دوو کەواندا ناویان لێنا (ئابووریی سەربەخۆ)، تۆ ڕۆيشتیت نەوتت فرۆشت، وتت: من ئابووریی سەربەخۆ دروست دەکەم، بەڵام نەوتت فرۆشت نە مایەکەی دیارە نە قازانج! نەوتت فرۆشت نەتتوانی ئابووریی سەربەخۆ دروست بکەیت، بەڵکوو وابەستەییت دروستکرد لە چەند ئاستێک، وابەستەییت دروستکرد بۆ نەوت، وابەستەییت دروستکرد بۆ تورکیا، وابەسەتییت دروستکرد بۆ عێراق، شکستت خوارد لەمەدا.

ئەمانە هەموو هۆکارن بۆئەوەی لەبری ئەوەی واقیعی هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدەیت، وردە وردە لاوازت کرد، ئێستا هیچ شتێکی وا نییە ئەم واقیعی هەرێمی کوردستانە بەرەو پێشەوە بەریت و هەموو کارتەکانت سووتاندووە.

ئەوەی کە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێز بکاتەوە دروستکردنی حوکمڕانییەکی بەهێزە لە هەرێم، ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز، بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە، وازهێنانە لە کپکردنی دەنگی ناڕازی. من پێموایە تازە ناتوانرێت بەر بەو مەترسییانەی داهاتوو بگیرێت کە مەترسیی قورستر بۆ هەرێمی کوردستان لە ئارادان، بەم هەنگاوانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیگرنە بەر و دوایین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەخۆیانەوە دەڕووخێنن.

بە عینادیکردن لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی نابێت، بڕیاری دروست ئەوەیە بڕۆن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ڕێک بکەون ئەگەر ئەوە نەکەن دوو سیناریۆ لە بەردەم هەرێمی کوردستاندایە: ئه‌وانيش:

یەکەم: شتێکی وەکو ڕێکەوتننامەی جەزائیری 1975 کە لە نێوان عێراق و ئێراندا ڕێککەوتننامەی جەزائیر کرا، دوور نییە لە نێوان عێراق و تورکیا ڕێککەوتننامەیەکی وا دروست بکرێت.

دووەم: شتێکی هاوشێوەی 31ی ئاب پارتیی ناچار بێت دەستی تورکیا بگرێت و بیهێنێتە ناوخۆی ململانێکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەمە زۆر قورس دەشکێتەوە و عێراقی ئێستا عێراقی ڕابردوو نییە و بەئاسانیی قووت ناچێت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەرەس دەهێنێت. بە هەردوو بارەکەدا ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەم حاڵەتەی ئێستا بەردەوامبن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەرەس دەهێنێت.

+ هەڵسەنگاندنی تۆ وەک کەسێکی پسپۆڕی یاسایی  و دەستووری بۆ کۆی حوکمڕانیی هەرێم چۆنە و چی قۆناغێکی پەسەند دەکەیت، واتا دەرد و دەرمانی چۆن دەستیشان دەکەیت؟

ـ پيشتر کەمێک ڕوونمان کردەوە، ئەمەی ئێستا بەمشێوە هەیە باوەڕ ناکەم بەردەوامبێت، ئەگەر دەمانەوێت هەرێمی کوردستان بپارێزین و بمێنێتەوە دەبێت کۆتایی بەم شێوازی حوکمڕانییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بهێنین، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و ڕای خەڵک، پێویستمان بە ئابوورییەکی شەفاف و پاک هەیە کە دوور بێت لە گەندەڵی، پێویستمان بەوەیە هێزی چەکداری پیشەیی و بێلایەن لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، پێویستمان بە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان بەشێوەی ئاشتییانە و لەڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەر لە هەموو شتیش پێویستمان بەوەیە ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای هەرێمی کوردستان دان بە فەشەلی خۆیاندا بنێن، کە نەک هەر فەشەلیان هێنا، بەڵکو هەرێمی کوردستانیان دووچاری مەترسیی کردووەتەوە، ڕاستە هەمیشە مەترسیی دەرەکیمان لەسەر هەبووە و هەیە، بەڵام بە قەناعەتەوە دەیڵێم گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، بەڕۆشتنی ئەم دەسەڵاتدارانە ڕەنگە بتوانرێت شێوەکی تری حوکمڕانیی بهێنرێتە کایەوە کە هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر دەرەوەی خۆی بەهێزتر بێت، بەڵام بەم حوکمڕانییەی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان وەکوو چۆن دەیانبینین شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوەن هەرێمیان والێکردووە لە بەرانبەر دەرەوەدا زۆر زۆر لاواز بێت، هێندەی تر بەرانبەر دەرەوە لاواز دەبێت.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure