ئێران و سعودیە و چین و ئەوانیتر
ئێران و سعودیە و چین و ئەوانیتر
  سەردار عەزیز     2023/03/12     431 جار بینراوە    


لێڕەدا کۆمەڵێک سەرنجی خێرا دەنوسم، ئەوەی ڕویدا لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە. "ئێران و سعودیه‌ كۆتاییان به‌ حه‌وت ساڵ ساردوسڕی و پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان هێنا و به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان كه‌ ڕۆژی هه‌ینی به‌ نێوه‌ندگیریی چین ڕاگه‌یه‌نرا. خاڵ"

بۆ ئێران ئەم هەنگاوەی نا؟

نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی لە هەموو لایەکەوە لە ژێر فشاردان. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشار، بە ناچاریش بێت، زەرورەتە. تەنانەت حەز دەکەن لە گەڵ ئیسرائیلیشدا رێک بکەون بەڵام لە پەرچەکردارەکەی دەترسن.

سعودیە وەها دەبینرێت کە سپۆنسەری سەرەکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵە کە بوەتە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ لە ناوخۆی ئێراندا.

بۆ سعودیە ئەم هەنگاوەی نا؟

محەمەد بن سەلمان، پلانی گەورەی هەیە لە ناوەوەی سعودیە. بۆ ساڵی ٢٠٣٠ سعودیە جگە لە ئاین دەبێتە شوێنی کەلتور و گەشتیاری و بازرگانی. بۆیە کەمکردنەوەی تێچونی دەرەکی ئامانجیەتی، بە تایبەتی شەڕی یەمەن.

هەروەها هەنگاوێکە بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ئیسرائیل. چونکە کەنداو دەترسن لە کاتی هێرشی ئیسراێیلدا لە بڕی تۆڵە لە ئیسرائیل، ئێران بیسرەوێنێتە ئەوان. وەک چۆن بە هەولێری کرد.

ئەمریکا

بە پێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن، ئەمریکا دژ بەم ڕێکەوتنە نیە. سعودییەکان هەنگاو بە هەنگاو واشنتۆنیان ئاگادارکردبوو. ئەمریکیەکان ڕازین بەڵام بەشدارنین. بۆ ئەمریکا کەمکردنەوەی فشارە لە کاتێکدا کە شەڕی ئۆکرانیا و ڕکەبەری چین ئەولەویەتە.

چین؟

ڕەنگە بۆ چین گەورەترین ڕوداوبێت. هەمومان دەزانین کە کارە زۆرەکانی ئەم ڕێکەوتنە لە بەغدا و مەسقەت کراوە، بەڵام واژۆکردنی لە پەکین کۆمەڵێک ئاماژەی هەیە: یەکەم، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ ڕێکەوتنێک بەبێ پشتیوانی زلهێزێک نرخی کاغەزەکەی نیە. دووەم، چینییەکان دەیانەوێت خۆیان وەک ئاشتکەرەوە ببینن نەک وەک دروستکردنی ڕکەبەر. سێیەم، چین دەیەوێت بڵێت ئەمریکا هۆکاری ململانێی ئەم هێزانەیە.

بڕیار وەهایە لە ماوەی دوو مانگدا باڵوێزخانە بکەنەوە، با چاوەڕێ بین.

ئایا بۆ عێراق و کوردستان چۆن دەبێت، ئەوەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure