ڕۆژانی داهاتوو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەنگ بۆ پەرلەمانێکی نوێ دەدەن بۆ یەکێتیەکە. پرسی هەرە سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، پەنابەرانە. هەڵکشانی هێزە توندڕەوەکان، پرسی پەنابەرانی کردوەتە پرسی سەرەکی لە زیاتر لە بیست وڵاتی یەکێتیەکە.
پرسی پەنابەران تەنها یەک ڕەهەندی نیە، بەڵکو ڕەهەندی ئابوری، کەلتوری، دیموگرافی و سیاسی هەیە. لە سەر ئەم بنەمایانەش، هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دابەش بوون.
پرسی پەنابەر دەرخەری دۆخێکی سەختی وڵاتانی ئەوروپایە، کە لە کاتێکدا لە ڕوی ئابوری و بگرە کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم کۆمەڵگایانە پێویستیان بە نوێکردنەوەی کۆمەڵگاکانیان هەیە، بەڵام توێژێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگای ئەوروپی، بە تایبەتی لاوان وەها هەست دەکەن کە داهاتویان باش نابێت و ناتوانن هەمان ئەو ژیانە بژین کە باوانیان ژیان. بۆیە دەبینین بڕێکی زۆری لایەنگری هێزە ڕاستڕەوەکان لاوانن.
بەڵام هەموو ئابوریناسێک دەزانێت کەمی زاوزێ لە نێوان ئەوروپیەکاندا، ڕێگرە لە باشبونی ئابوری ئەو وڵاتانە، بۆیە مەرجی باشبونی ئابوری بونی دەستی کاری زۆرە. بەڵام توێژێکی کۆمەڵگا کە بە دەست گرانی و خراپی دۆخی ئابوری و سەختی ژیانەوە دەناڵێنێت، وەهای دەبینێت کە دەبێت کار بۆ خەڵکی وڵاتەکە خۆیان بێت پێش ئەوانیتر.
ئەوانەی کە خەمی شوناس و کەلتوریانە، وەها دەبینن کە زۆرێک لە پەنابەران، بە تایبەتی موسوڵمانان، نابنە هەڵگری کەلتوری ئەو وڵاتانە، بەڵکو لە بڕی ئەوە دەیانەوێت کەلتوری خۆیان بچەسپێنن. ئەمە پێی دەوترێت تیورەی جێگرەوەی مەزن. خاوەنی ئەم تیورەیە کەسێکی ڕەگەزپەرستی فەرەنسییە بە ناویRenaud Camus . هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش ئەم دیدانە لە پەراوێزدابوون. بەڵام ئێستا بوون بە دیدی سەرەکی پارتە ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا و ئەمریکاش.
پارتە ڕاستڕەوەکان سەرباری هەبونی هاوبەشی لە دژایەتی پەنابەراندا، توانای ئەوەیان نیە بە ئاسانی لە گەڵ یەکدا کار بکەن. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن بلۆکێکی گەورە لە یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن.
بە گشتی ئەم هێزانە ناسیونالیستن. هێزە ناسیونالیستەکان بە گشتی دژ بە ئایدیای یەکێتی ئەروپان، بەڵکو جەخت لە سەر سەروەریی نیشتمانی دەکەنەوە. لە هەمانکاتدا هەریەک لەم هێزانە شانازی بە مێژوی ڕابوردوی وڵاتەکەیان دەکەنەوە، کە مایەی ناتەباییە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا. بۆ نمونە، ئەی ئێف دی ئەڵمانی، شانازی بە نازیەت و ئێس ئێسەوە دەکات، بەڵام فەرەنسییەکان ناتوانن ئەوە قبوڵ بکەن، چونکە نازیەکانی فەرەنسی زۆریان کوشت. بۆیە پارتەکەی ماری لوپێن و ئەی ئێف دی یان پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا نەیانتوانی بەرەیەک دروست بکەن. ئەمە تەنانەت لە ناو یەک وڵاتیشدا ڕاستە. لێرە لە ئیتالیا، کە پارتی سەرۆک وەزیران پارتێکی فاشیزمی نوێیە، لە گەڵ جێگرەکەیدا جیاوازن.
لە چەند ڕوانگەیەکی ترەوە، پارتە ڕاستڕەکان جیاوازن، بۆ نمونە، هەندێکیان لە بەرەی ئەتلانتیکن، یانی پشتیوانی ئۆکرانیان، بە پێچەوانەوە هەندێکیان دۆستی ڕوسیان.
بەڵام لە هەندێک خاڵی بچوکدا تەبان، وەک دژایەتی ئورسیلا ڤان دەر لاند.
بە گشتی دوای ئەم هەڵبژاردنە، فاشیزم ئاسایی دەبێتەوە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا. دۆخێک کە دەربڕی لاوازی و قەیرانی ئەوروپایە.
دۆخی جیوپۆلەتیکی دونیا لە قازانجی ئەوروپا نیە، چونکە داهاتوو بۆ زلهێزەکانە. ئەوروپاش، هەزێکی نەرمی نۆرماتیف، ناتوانێت خواست و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. لە کاتێکدا ئەوروپا دەبێت ڕاستڕەو بەڵام لە هەمانکاتدا لە دوو ڕاستڕەو تۆقیوە، کە ترەمپ و پوتینە.
ڕاستڕەوەکان خاوەنی چارەسەرنین. نە لە ڕابوردوودا نە لە داهاتودا. ئەوەی جێگای سەرنجە. زۆربەی پەنابەران تەبان لە گەڵ بەهاکانی ڕاستڕەوەکان، بەڵام تەنها لەوە بە داخن کە دژیانە.