عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د
ماسته‌ر له كۆمه‌ڵناسی سیاسی
نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس
ڕاهێنه‌ر له بواری گه‌شه‌پێدانی مرۆیی
له‌ڕاستیدا شوناس له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌مای گرنگ داده‌مه‌زرێت، كه هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه ده‌توانن پێناسێك بۆ تاك دروست بكه‌ن، له‌وانه‌ش:
1- زمانی نیشتمانی و شێوه زاره لۆكاڵییه‌كان كه په‌یوه‌ستن به زیندووڕاگرتنی نه‌ته‌وه و گه‌شه‌پێدانی له ئاینده‌دا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له پرۆگرامه‌كانی خوێندن له قۆناغه جۆربه‌جۆره‌كاندا، هه‌روه‌ها له حكومه‌تدا له بواری كارگێڕيی و دادوه‌ريی و له‌هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌بێت له ڕێگه‌ی شێوه‌زارێكی سه‌ره‌كییه‌وه نه‌ته‌وه به‌یه‌كه‌وه گرێ بدرێت.
2- به‌ها ئایینی و نیشتمانیيهكان به‌درێژایی مێژوو: كه ئه‌مه‌ش شوناسێك بۆ نه‌ته‌وه دروست ده‌كات و ده‌یپارێزێت له توانه‌وه له‌ناو گه‌لانی تردا، هه‌روه‌ها له مڕێگهیهشهوه به‌رگرییه‌كی باش ده‌دات به گه‌ل له به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌وڵێكی توانه‌وه‌دا و پارێزگاری له تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كات.
3- ترادسیۆن و كه‌له‌پووری نه‌ته‌وه، پارێزگاری له به‌ها باڵاكانی نه‌ته‌وه ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی سیاسیی و ئابووريی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كه له ڕابردوودا.
4- مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كه له‌پێناو پاراستنی نیشتمان و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه و به‌ها باڵاكانیدا ئه‌نجامی داوه، بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیی و تایبهتمهنديیهكانی(1).
شوناسی كولتووريی و شارستانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، شتێكی چه‌سپاو و نه‌گۆڕه و به‌شێكه له جه‌وهه‌ری كۆمه‌ڵێك سیمای گشتی، كه له كولتوور و شارستانیه‌تێكی تر جیای ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش كه‌سایه‌تی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له كه‌سایه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێكی تر جیاده‌كاته‌وه، لێره‌وه په‌یوندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی شوناس به كولتووره‌وه هه‌یه.
كولتوور به‌رهه‌می چالاكیه عهقڵیيهكانی تاكه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌پێی ژینگه‌ی تایبه‌تی خۆی كولتوورێكی دیاریكراوی هه‌یه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه ئاستی پێشكه‌وتنی كولتووره‌كان جیاوازه و شارستانیه‌تی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌ر لێره‌وه زانسته جۆربه‌جۆره‌كان له بواره‌كانی مرۆیی و هونه‌ری ته‌كنه‌لۆژیی به‌رهه‌م دێن، واته عه‌قڵیه‌تی تاك به‌رهه‌مهێنه‌ری كولتووره، دواجاریش ئه‌وه ده‌بێته به‌شێك له شوناسی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و هه‌ر ئه‌ویشه ئاستی پێشكه‌وتن و دواكه‌وتن دیاری ده‌كات، له‌و كولتوورهشدا ده‌توانین ئاستی بیركردنه‌وه و ئامانجه‌كانی و شێوازی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووريی و سیاسيی و ڕۆشنبیری دیاری بكه‌ین، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌ی زانستی ورد بكه‌ین، له چاخه جۆربه‌جۆره‌كاندا ده‌توانین شوناسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك دیاری بكه‌ین، كه ئه‌ویش به‌رهه‌می ئاستی گه‌شه‌ی فیكريی و عهقڵیيه له‌لای هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه بۆ ئه‌مه‌ش ئایین و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای باو له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ڕۆڵیان هه‌یه له بنیاتنانیدا.
شوناسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌پێی گۆڕانی زه‌مه‌ن ده‌گۆڕێت و وێنه‌یه‌كی تر وه‌رده‌گرێت، پاراستنیشی پێویستی به‌ڕێوشوێنی تایبه‌تی هه‌یه و پێویستی به نوێبوونه‌وه هه‌یه، كه جیاوازه له شێوازی سه‌رده‌مه ڕابردووه‌كان.
ئه‌مڕۆش كه سه‌رده‌می به‌جیهانی بوونه، شوناسی نه‌ته‌وه‌كان تووشی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی و به‌ره‌وڕوبوونه‌وه‌ی نوێ ده‌بن كه جیاوازن له سه‌رده‌مه‌كانی پێشوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت به زیندوویی بمێنێته‌وه و پارێزگاری له سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكات له به‌رده‌م شه‌پۆله‌كانی به‌جیهانی بووندا، پێویستی به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری هه‌یه و به ئالیه‌تی زه‌مه‌نه ڕابردووه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا دابڕاو نه‌بێت له‌و كولتووره مێژووییه‌ی كه ته‌عبیر له شارستانیه‌ت و ئایین و ژینگه جوگرافییه‌كه‌ی ده‌كات، نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان پێویستیان به‌وه هه‌یه كه پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆبوونی خۆیان بكه‌ن و خۆیان بپارێزن له توانه‌وه و لاسایی و په‌راوێزبوون.
له سه‌رده‌می به‌جیهانی بووندا، ماناكانی ناسیۆنالیزم و پاراستنی چه‌مكی نه‌ته‌وایه‌تی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه و ناتوانرێت له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ئه‌فسانه‌ی مێژوویی و سه‌ركرده كاریزمهكانی درێژه به ژیانی سیاسيی و كۆمهڵایهتيی و ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه بدرێت، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی دنیای نوێ ده‌بێت و ده‌بێت نه‌ته‌وه‌ش له ڕێگه‌ی بنیاتنانی شوناسێكی نوێوه بتوانێت خۆی وێنا بكات. په‌یوه‌ندی نێوان شوناس و نه‌ته‌وه به دیاریكردنی كولتوور و ئایین و شارستانیه‌ت دیاری ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مكی شوناس، ده‌بینین سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی نووسینه‌كانی فه‌یله‌سوف و مێژوونووسی ئه‌ڵمانی(فلهم ده‌لتای) له ساڵانی(1832ـ1911) سه‌ریهه‌ڵدا، ماكس ڤێبه‌ر له (18/4/1920)دا دابه‌شی ده‌كات بۆ دوو ئاست كه "ده‌لتای" پێی ده‌ڵێت وێنه‌یه‌كی گه‌ردوونی، كه ده‌بێته بنه‌مایه‌كی چه‌سپاو بۆ بیروباوه‌ڕ و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ڕۆڵیان هه‌یه له بنیاتنانی جیهانێكی واقیعی تیۆری كه له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌مه‌دا ده‌توانین بگه‌ینه بۆچوونه شهفافهكان له‌سه‌ر بوونه‌وه‌ر و بوون(2).
شوناس ته‌نها شتێكی ڕواڵه‌تی نیه، هه‌تا هه‌ر هێزێكی سیاسی بتوانێت به ئاره‌زووی خۆی وێنای بكات، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كه بۆ پێكه‌وه به‌ستنی ئێستا و ڕابردووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سێ شتی جه‌وهه‌ری له‌خۆ ده‌گرێت:
یه‌كه‌م: جیهانبینی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ بوون.
دووه‌م: ئه‌و زمانه‌ی كه نه‌ته‌وه ته‌عبیری پێ ده‌كات.
سێيه‌م: كهلهپوورو كولتووری مێژوویی(3).
ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه نه‌ته‌وه بۆ خۆی دروستی ده‌كات، ده‌بێت له ڕێگه‌ی شوناسه‌وه ته‌عبیری لێ بكات، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك سیمای جیاوازه له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری، كه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ماوه‌یه‌كی مێژوویی دیاریكراودا هه‌یه‌تی و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ردا ده‌دات(4).
شوناس ئه‌و شفرهیهیه كه تاك ده‌توانێت كه‌سایه‌تی خۆی پێ دابڕێژێت و په‌یوه‌ندی خۆی به كۆمه‌ڵگاوه دیاری بكات، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه به‌رامبه‌ره‌كانی ده‌توانن بیناسنه‌وه و پێناسه‌ی تایبه‌تی بۆ دابنێن، به‌مه‌ش جۆرێك له په‌یوه‌ست بوون به كۆمه‌ڵگه‌وه ڕووده‌دات كه ده‌توانرێت له ڕێگه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه ته‌عبیری لێ بكرێت.
شوناسیش له ڕوویه‌كی تره‌وه دابه‌ش ده‌كرێت بۆ دوو ئاستی تر:
1- شوناسی به‌كۆمه‌ڵ:
له‌م ڕێگه‌یه‌وه تاكه‌كان خۆیان په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندییه‌وه، به‌مه‌ش ئاستی جۆربه‌جۆر له شوناس له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌بێت پارتێكی سیاسی، یان گرووپێكی مه‌زهه‌بی، یان ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نی ته‌عبیری لێ بكات.
2- شوناسی خۆیی تاك:
كه ئه‌ویش ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری شوناسی كۆمه‌ڵگه‌وه و ئیلهام و ئینتمای لێوه‌رده‌گرێت و پابه‌ند ده‌بێت به ڕه‌هه‌ندی ئایینی و جیهانبینی و كولتوورییه‌وه.
له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین كه بوونی كه‌ناڵی ئازاد و دیموكراسی زۆر گرنگه بۆ گه‌شه‌ی شوناسی تاك و كۆمه‌ڵ، چونكه هه‌تا گفتوگۆ و په‌یڤینی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و گه‌لانی شارستانیه‌ته‌كانی تر زیاتر بكرێت، هه‌ڵه و ناته‌واوی و كه‌موكوڕییه‌كان زیاتر هه‌ست پێده‌كرێن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه لایه‌نه گه‌شه‌كردوو و ڕۆشنه‌كانی نه‌ته‌وه زیاتر به‌ده‌ر ده‌كه‌ون، لێره‌شه‌وه بزاڤێكی چاكسازیی شوناس و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شه‌پێدانی سه‌رهه‌ڵده‌دات.
چونكه شوناس له هه‌ر قۆناغێكی مێژوویدا ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه تێیدا ده‌ژی و هیچ شوناسێك نییه كه دابڕاو بێت له ژینگه و ده‌وروبه‌ر و به ته‌نها بتوانێت درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی بدات. (زۆر له پسپۆڕان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه شوناسی تاكه‌كه‌س په‌یوه‌سته به تاك له ڕووی هه‌ست و سۆز و بۆچونه تایبه‌تییه‌كانی خۆیه‌وه، زۆر له تیۆریسان ئه‌وه‌یان ڕه‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه كه دان بنێن به شوناسی به كۆمه‌ڵ، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا، هه‌ریه‌كه‌یان به جیای ده‌بینن له‌وی تر، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه شوناس به‌وه پێناسه ده‌كه‌ن كه بریتییه له جیاكه‌ره‌وه‌كانی هه‌ست و سۆزی تاك كه شێوازی كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كات، به‌مه‌ش تاك ده‌بێته كائینێكی سه‌ربه‌خۆ)(5).
ئه‌گه‌ر سه‌یری شوناسی كوردی بكه‌ین، ده‌بینین كه به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد، كه جیای ده‌كاته‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی تر، واته كۆمه‌ڵێك بنه‌مای چه‌سپاو هه‌ن كه سیمای تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد داده‌ڕێژن، هه‌رئه‌وه‌ش ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه دروست ده‌كات كه پێی ده‌ڵێن نه‌ته‌وه‌ی كورد، هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش، كه هه‌ست ده‌كات خاوه‌ن شوناسێكه، زۆرتر هه‌وڵ ده‌دات ڕۆڵی هه‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌دا و زۆرتر شانازی ده‌كات به نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌وه، له‌هه‌مانكاتدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، كه وێنه‌یه‌كی جوانتری بۆ دروست بكات له به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌كانی تردا، شوناسی تاك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ژینگه‌یه‌یه كه تێیدا ده‌ژی، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بیه‌وێت شوناسێكی پێشكه‌وتوو بنیات بنێت، ده‌بێت له هه‌وڵی چاكسازیی ژینگه‌كه‌ی خۆیدا بێت له ڕووی سیاسيی و ئابووريی و كۆمهڵایهتيی و ڕۆشنبیرییه‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ین، سه‌ره‌تا له تاكه‌وه پاشان بۆ سنوری كۆمه‌ڵگه، ده‌بینین كه سیما و وێنه‌یه‌كی تایبه‌تمان نیه بۆ شوناس، به‌تایبه‌تیش له‌لای تاك جۆره ئاڵۆزییه‌ك هه‌یه كه ناتوانێت به‌باشی ته‌عبیر له جیهانبینی خۆی بكات له ڕووی ئایینی و شارستانییه‌وه، به‌مه‌ش ئینتیما لای تاكی كورد ناتوانرێت له وێنه‌یه‌كدا ببینرێت، به‌ڵكو دابه‌ش بووه بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئاستی جیاواز، به‌مه‌ش تاكی كورد له یه‌ك جۆر ئینتیماوه چووه‌ته بازنه‌ی كۆمه‌ڵه ئینتیمایهكهوه، گرووپهكانیشی نه‌یانتوانیوه ته‌عبیر له شوناسێكی ده‌سته‌جه‌معی به كۆمه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری شوناسێكه كه ته‌عبیر له ئایدیۆلۆژیا و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی ده‌كات، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه بڵێت له ده‌ره‌وه باس له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت، به‌ڵام له واقیعدا چه‌ند جۆرێك له شوناس هه‌یه كه زۆربه‌یان دژی ئه‌وی ترن و كار له‌سه‌ر لاوازكردنی یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه له به‌رده‌م لاوازبوون و پارچه‌بووندایه، پڕۆژه‌یه‌كی گشتی نیه بۆ سه‌رخستنی و ستراتیژیه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی نییه له كۆكردنه‌وه‌یان، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كه بۆ ئایندهی، كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه نه‌توانێت ته‌عبیر له شوناسێكی یه‌كگرتوو بكات، واته كورد له‌ناوخۆدا پڕۆژه‌یه‌كی نیه بۆ یه‌كگرتنه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای خاڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ده‌بێته هۆی لاوازكردنی ئینتیما و شوناسی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، چونكه كاتێك كه تۆ شوناسێكی دیاریكراوت نیه، نا‌توانیت له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا پێناسی خۆت بكه‌یت، یان له به‌رده‌م شه‌پۆله‌كانی به‌جیهانی بووندا خۆت بگریت، به‌مه‌ش له به‌رده‌م هه‌ر ڕه‌شه‌بایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی خۆت ده‌بیته ئه‌و ده‌نكه لمه‌ی كه گڤه‌ی باكان به‌ره‌و هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێت، ده‌تبه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ر بونه‌وه‌رێكی زیندوو بكه‌ین، ده‌بینین سه‌ر به جۆرێكه، به درێژایی مێژوو پارێزگاری له مانه‌وه‌ی جۆره‌كه‌ی خۆی ده‌كات و ناگۆڕێت، ئه‌مه‌ش به‌رپه‌رچی گۆڕانه‌كانی تیۆری په‌ره‌سه‌ندن ده‌داته‌وه، چونكه له شفره‌ی بۆماوه‌یی هه‌رتاكێكدا، جۆرێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه كه پارێزگاری له مانه‌وه‌ی جۆره‌كه‌ی ده‌كات.
زینده‌وه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ژینگه و ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام جیناتی سه‌ر كرۆمۆسۆمه‌كان پارێزگاری له مانه‌وه‌ی جۆره‌كان ده‌كات، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌دا جۆرێكی تر له په‌یوه‌ندی هه‌یه كه په‌یوه‌سته به فیكر و گۆڕانی ئیراده و كولتوور و بنیاتنانی شارستانیه‌ت. پێشكه‌وتنه‌كانی ئێستای جیهان، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه له‌سه‌ر جارێكی تر دیاریكردنی پێگه‌ی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاستێكی جیهانی، چونكی ئێستا جیهان وه‌ك گوندێكی لێهاتووه و له‌م گونده‌شدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ناتوانن بمێننه‌وه.
به‌درێژایی مێژوو ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی جیاواز هه‌بوون كه تواونه‌وه و نه‌ماون، له‌م سه‌ده نوێیه‌شدا پڕۆسه‌ی توانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان به خێراییه‌كی زۆرتر ڕووده‌دات، چونكه كه‌م نه‌ته‌وه هه‌ن بتوانن له به‌رده‌م ئالیه‌ت و سستم و كولتووری نوێی جیهاندا خۆیان بگرن، كه له‌ڕاستیدا ئه‌ویش له جه‌وهه‌ردا هه‌ڵگری كولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌كی تره كه خۆی له شوناسی ڕۆژئاوایی بوون و ئه‌مریكایی بووندا ده‌بینێته‌وه.
به‌جیهانیبوون له كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی جۆربه‌جۆره‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شوناسی تاكی كورد هه‌یه، كه ئه‌ویش سیاسيی و ئابووريی و كۆمهڵایهتيی و ڕۆشنبیرییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كورد هه‌تا ئێستاش كۆمه‌ڵێك داموده‌زگای چه‌سپاوی نیه له‌م بوارانه‌دا، ئه‌وا زۆرتر ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ڕه‌هه‌نده نوێیه‌كانی به‌جیهانیبوون و كه‌متر ده‌توانێت به‌رگری بكات و هێڵه‌كانی به‌رگری به‌هێز بكات.
ئاڵۆزيی و شپرزی شوناسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وایلێكردووه كه ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ره‌كانیش دان نه‌نێن بهبوونێكی سه‌ربه‌خۆیدا، هه‌رئه‌وه‌شه كه ته‌نانه‌ت له ئه‌مڕۆی عێراقی نوێ‌دا، به‌رامبه‌ره‌كان زۆر به ناڕه‌حه‌ت ده‌توانن ته‌نانه‌ت فیدراڵیهتیشی پێڕه‌وا ببینن، چونكه هه‌ڵوێستی ئه‌وان له‌سه‌ر وێنای ئێمه دروست بووه، ئایا ئێمه تا چه‌ند یه‌كگرتووین، خاوه‌نی چ بڕیارێكین؟ تا چه‌ند بڕیاری سیاسی هه‌ڵقوڵاوی ویست و ئیراده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه؟ شپرزه‌یی شوناسی سیاسی كورد وایكردووه، كه تاكی كوردیش هه‌ست به لاوازی ئینتیما بكات و له‌ناو گه‌نجی كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا توێژێكی بێ‌باك و بێ ئینتیما دروست بكات، لێره‌شه‌وه ده‌بینین كه هێڵه‌كانی به‌رگری له كورد ڕۆژ به ڕۆژ لاواز ده‌بێت، چونكه شوناسی تاك وێنایه‌كی نیه و شوناسی كۆمه‌ڵیش بێ ناوهڕۆك بێ ستراتیژیه‌ته.
(له‌لایه‌كی تره‌وه شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كاتێك لای تاكه‌كانی مانا په‌یدا ده‌كات و ده‌بێته به‌شێك له سایكۆلۆژیای تاك كه ئاماده‌ی قوربانیدان بێت، ئه‌و كاته‌یه كه ئه‌و شوناسه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر باری گوزه‌ران و ژیان و باشتركردن و ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیانی له ڕووی مادديی و مه‌عنه‌وییه‌وه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه تاك بتوانێت په‌یوه‌ست بێت به‌م شوناسه‌ی كه هه‌یه‌تی)(6).
له‌به‌رئه‌وه هه‌ر به‌كارهێنانێكی خراپی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئینتیمای تاك، چونكه تاك كاتێك نیشتمانی خۆی خۆش ده‌وێت كه ئه‌و نیشتیمانه ببێته لانكهیكی ئارام و خۆشگوزه‌رانی و به ئازادی خۆی بتوانێت ته‌عبیر له بیروڕاكانی بكات، لێره‌وه ده‌بینین كه شوناس له ڕژێمه تاكڕه‌وه‌كاندا شتێكی سه‌پێنراوه و ته‌نها ڕوكه‌ش و ڕۆتینێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، كه به‌رده‌وام به‌ناوی گه‌له‌وه قسه ده‌كات بۆئه‌وه‌ی هێز بۆ خۆی په‌یدا بكات و به ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز ده‌ربكه‌وێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نا ده‌باته به‌ر دروستكردنی سوپای هێز و داموده‌زگای ئه‌منی جۆربه‌جۆر و پشتبه‌ستن به سیخوڕیی، به‌ڵام له‌كاتی ته‌نگانه و به‌ره‌و ڕووبوونه‌وه‌ی جه‌نگ و پشێویدا هه‌ست ده‌كات ئه‌و ئینتیمایه چه‌ند دوور بووه له ڕاستی و ئه‌وانه‌ش كه له‌گه‌ڵی بوون ته‌نها یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بووه، یان له ترس‌دا بووه هه‌ره‌سی ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، ڕژێمی به‌عسیش له عێراق له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا و هه‌ره‌سی ڕژێمه‌كانی لیبیا و میسر و تونس شایه‌تی ئه‌و ڕاستیه‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له وڵاته دیموكراسییه‌كاندا له‌جیاتی په‌نابردن بۆ ترس و هێز، هاوڵاتی به‌شداریی پێده‌كرێت له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕاستگۆییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و له‌هه‌مانكاتدا گوزه‌رانێكی باشی بۆ دابین ده‌كرێت، به‌مه‌ش وا له هاوڵاتی ده‌كرێت كه نیشتیمانی خۆی خۆش بوێت و ڕێز له یاسا بگرێت و به ڕاستگۆیانه خزمه‌تی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بكات، لێره‌شه‌وه ده‌بینین تاك پیرۆزییه‌ك ده‌دات به كۆمه‌ڵێك مانا و ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، به‌ڵام نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی وه‌ك له پێناسه ته‌قلیدیه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمدا باس ده‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌مڕۆ ئه‌و سونبولانه كاتێك ڕێزیان ده‌بێت كه شه‌فاف و ڕاستگۆ و خزمهتگوزاربن. به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌ركرده گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تكار و دووڕووه‌كان ده‌كه‌ونه به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌ی ڕاگه‌یاندن و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاوڵاتیان به‌گشتی، به‌مه‌ش ڕێگه‌یه‌ك بۆ به پیرۆزگرتنی سه‌ركرده‌ی كاریزمی ته‌قلیدی نامێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجیش بده‌ین ئه‌مڕۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوو به جۆرێكی تره كه ناچێت ته‌نها باسی لایه‌نه ئیجابیه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كان بكات، به‌ڵكو زۆرتر ده‌گه‌ڕێن به شوێن سلبیات و لایه‌نه ناتهواوهكاندا، بۆئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ڵك له هه‌ڵه‌كانی وه‌ربگرێت و جارێكی تر دووباره نه‌بێته‌وه، لێره‌شه‌وه شارستانیه‌ت و ئایین و به‌ها باڵاكان وێنه‌یه‌كی تر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كی گه‌وره‌یه له نێوان ده‌سه‌ڵات له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا، چونكه له‌لای ئێمه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت، شوناسێكی ده‌ستكردی ڕووكه‌ش دروست بكات، كه په‌یوه‌ستی ده‌كاته‌وه به سیاسه‌تی ڕۆژانه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ڕۆڵێك بۆ بنه‌ما جه‌وهه‌رییه‌كان ناهێڵێته‌وه، له ئایین و شارستانیه‌ت و كولتوور كه به‌شداریی دروستكردنی ئه‌و شوناسه بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه تاك له كۆمه‌ڵگه ڕۆژههڵاتييهكاندا، به‌رده‌وام جۆرێك له بێزاری و ڕقلێبوونه‌وه‌ی پێوه دیاره به‌تایبه‌تی له‌لای گه‌نجان و ده‌یانه‌وێت له‌م شوناسه ڕزگاریان بێت و به‌رده‌وام وای له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه ئه‌وان له زیندانێكی گه‌وره‌دا ده‌ژین، هه‌رئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌ن گه‌نجان به پۆل ڕوو له ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن و ئه‌وێ به شوێنی به‌دیهاتنی خه‌ونه‌كانیان ده‌زانن، لێره‌وه تاك ناتوانێت پێناسه‌ی خۆی بكات و به‌رامبه‌ره‌كانی بناسێت، به‌ڵكو تاكێكی شكستخواردووه و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت ئه‌م به‌رگی لاوازییه فڕێ بدات و خۆی بداته پاڵ به‌هێزه‌كان.
گه‌نج له‌م جۆره كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا خاوه‌نی سایكۆلۆژیایه‌كی تێكشكاوه له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا و خۆی به كه‌م ده‌زانێت، ئه‌مه‌ش ده‌چێته هه‌موو بواره‌كانه‌وه له سیاسيی و ئابووريی و كۆمهڵایهتيی و ڕۆشنبیری وه‌ك "فرانس فانون" ده‌ڵێت هه‌موو ڕه‌ش پێستێك خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت كه ڕۆژێك له ڕۆژان پێستی سپی بوایه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هه‌ستی خۆ بهكهمزانینهیه كه تاك هه‌ست ده‌كات ئه‌وان هه‌موو شتێكن و ئه‌مان هیچ، ئه‌وان پێشكه‌وتوو خواز و ئه‌مان دواكه‌وتوو.
كاتێك تاك هه‌ست ناكات خاوه‌نی شوناسێكه، ناتوانێت به ڕۆشنی سه‌یری ئاینده بكات و ئێستاشی به‌جوانی تێ بگات، له‌به‌رئه‌وه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا ده‌بینین به‌رده‌وام ئاڵۆزی هه‌یه، ناڕه‌زایی هه‌یه، داوای فراوانكردنی سنووره‌كانی ئازادی و دیموكراسی هه‌یه، داوای باشكردنی گوزه‌ران و شه‌فافیه‌ت له دارایدا هه‌یه.
په‌راوێزه‌كان
(1) محمد الحنفي، الهوية و العولمة: www.makarabat.com
(2) هانى نسيرة، مفهوم الهوية بين الثبات والتحول، 1/1/2007: www.islamonline.net
(3) محمود سمير المنير، العولمة وعالم بلا هوية، مصدر، دار الكلمة للنشر، المصورة، ط 2000، ص 146.
(4) جمال طاهر، الهوية الثقافية والعالم الاسلامي، قضايا دولية، العدد: 227، 8/مايو/1999، ص3.
(5) أحمد طول محمدي، جهاني شدن فرهنط، هويت، تهران انتشارات نشوني، 1382، ل222.
(6) محمد محموظ، الاسلام والغرب وخوار المستقبل، المركو الثقافس العربي، بيروت 1988، ص 150.