ڕامانێك بە مێژووی ژیاننامەنووسیدا
ڕامانێك بە مێژووی ژیاننامەنووسیدا
  2024/11/17     9 جار بینراوە    


نووسینی: فریشتە مەولەوی

وەرگێڕانی: ئەركان ئەحمەد جاف

ژیاننامە، ئەوەیە کە ئەمڕۆ (بەژیاننامە)، (سەرگوزەشتە) یان (شەرحی حاڵ) ناوی دەبەین و لە مێژووی ئیسلامیدا بە (تەرجومەی حاڵ) و لە مێژووی ئێرانیشدا بە (کارنامە) ناودەبرێت. دەتوانین دەستپێكی مێژووی نووسینەوەی ژیاننامە بگێڕینەوە بۆ سەردەمی ساسانی و ئاماژە بە (خودایی نامە) و کارنامەی ئەردەشێری بابەکان بكەین.

تەنانەت دەکرێت لەوەش زیاتر بگەڕێینەوە بۆ قوڵایی مێژوو، نووسراوە بەردینییەکان و نووسین بە خەتی هێرۆگلیفی نێو پەرستگاکان و گۆڕستانەکانی میسر، یان نووسینی سەر بەردەکان بە زمانی بزماری لە کۆشکەکانی ئاشوور، یان نووسراوی کەتیبەکانی شاخی بێستون بە دەستپێکی ئەم جۆرە نووسینانە بزانرێت.

ئەوەش ڕوونە کە لە قۆناغە کۆنەکاندا ئامانج لە نووسینەوەی ئەم جۆرە نووسینانە تاڕادەیەک بۆ بە گەورەیی نیشاندانی فەرمانڕەوایان و کەسانی ناودار بووە، هەربۆیە لەسەر بنەمای دیاریکردنی ئەم جۆرە ئامانجی نووسینە، نووسینەوەی ڕاستی لەنێو ژیاننامەکاندا تاڕادەیەکی کەم بەدی دەکرێت. لەنێو مێژووی ئیسلامیشدا، نووسینەوەی ژیاننامە دەمانگێڕێتەوە بۆ کتێبەکانی سیرە (ژیانی پێغەمبەر و یارانی)، کە لە سەردەمی ئیسلامدا ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەواڵ و فەرموودانەی کە لە لایەن هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) و شوێنكەوتووانەوە گێڕدراونەتەوە.

لە نموونەی زیاتری ئەم جۆرە نووسینانە ژیاننامەی مێژوویی کەسانی ناوبانگ و عارف و ئەولیاکانن کە نموونەی دیاریان وەک: (اسرار التوحید در شرح ابوسعید ابوالخیر بە فارسی) و هەروەها (تذکرە الاولیا)ی عەتار بە فارسی و ژیانی سوڵتانەکان. هەروەها بەپێی ئەو قۆناغەی مێژووییەی کە تێیدا بوون، زیاتر ژیانی پێغەمبەران، ئەولیا، عارفەکان، ژیاننامەی خەلیفە و فەرمانڕەوایان گرنگی پێدراوە. نووسەرانیش لەو قۆناغەدا ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانیان زیاتر بەشێوەی ئەفسانەیی ئاڕاستە کردووە.

لەنێو نووسینەوەی ژیاننامەی فەرمانڕەوایان، دەكرێت ئاماژە بكرێت بە كتێبی (تذكرە)ی شا تەهماسب یان (تاریخ شاه طهماسب) کە بە پێی گێڕانەوەکانی خۆی و بە زمانی فارسی نووسراوە. هەروەها هەندێک لە زانایان و دانایانی موسوڵمانی ئێرانیش، ژیاننامە و شەرحی حاڵی خۆیانیان نووسیوەتەوە، دیارترین نموونەش وەك: (المنقذ من الضلال)ی محمد غەزالی کە دەتوانرێت بە یەکێک لە شێوازی نووسینی (دانپێدان) و خودنووسەکان دێتە ئەژمار[1]. ئەبوو عوبەیدی جوزجانی نامەیەکی لەبارەی ئیبن سیناوە هەیە کە بەشی یەکەمی لە زمانی خودی ئیبن سیناوە گێڕاویەتییەوە.

لە ژیاننامەکانی یۆنانی کۆندا، بەپێی باوەڕە کۆنەکانی یۆنان، ئەوە چارەنووسە کە جەختی لێ دەکرێتەوە نەک خودی کەسەکە، هەربۆیە لەنێو ئەوانەشدا دەبینین کە واقعییەت و فەنتازیا پێکەوە ئاوێتەکراون. هەروەها دەتوانین ژیاننامەنووسیی لە بەرهەمەکانی ئیسوکراتس و گەزنەفۆن کە لە سەدەی پێنجی پێش زایین نووسراون شێوازی پێداهەڵدان و ستایشیان تێدا بدۆزینەوە و بەڕوونی تێایاندا ببینرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین بۆ ئاماژەدان بە سەرەتاییترین نووسینەوەی ژیاننامەنووسی کەسانی ئاسایی، ئاماژە بە گفتوگۆکانی ئەفلاتوون لە سەدەی چوارەمی پێش زایین و ئینجیلەکانی پەیمانی نوێ لە دوو سەدەی یەکەمی زایینی بکەین، ئەگەرچی بە نییەتی ستایش و پێداهەڵدان نەنووسراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوودێکی ئەوتۆیان لە شێوازی ڕەخنە و بابەتی گێڕانەوەی وەرنەگرتووە.

پلوتارکی یۆنانی لە سەدەی دووهەمی زایینی، لە کتێبەکەیدا بەناوی ژیانە پێكەوەییەكان، یا بەپێی ئینسایکلۆپیدیا، ژیاننامەی بەراوردکراو، پێوەری بەراوردکردن و هاوتەریبی بەکاردەهێنێت. پلوتارك لە کتێبەکەیدا (پوختەی كتێبەكەی لە تاران بە زمانی فارسی چاپكراوە بە ناونیشانی: حیات مردان نامی در 1336- 1338) بەپشتبەستن بە میتۆدی بەراوردکاری، باس لە ژیانی کەسانی بەناوبانگی یۆنان و ڕۆم دەکات و پەیوەندی پێوەرە ئەخلاقییەکان و دەستکەوتە دونیاییەکان هەڵدەسەنگێنێت بۆئەوەی لە کۆتاییدا بگات بە دەرەنجامێكی ئەخلاقی فێرکاری. دوو سەدە دواتریش، قەشە ئۆگستین لە دانپێدانانەکانی خۆیدا، ڕەفتار و کردارەكانی خۆی لە پێش باوەڕهێنان بە مەسیحی و دوای باوەڕهێنان بەراورد دەكات و بەو پێوەرانەی کە خۆی هەیەتی، هەڵیاندەسەنگێنێت.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە ئەوروپا نووسینەوەی ژیاننامەی شەهیدان و کەسانی بەناوبانگ و پیاوانی ئایینی ڕەونەق پەیدا دەکات، بەڵام هێشتا لەسەر بنەمای سادەیی و ڕواڵەتاسازیی و خۆشباوەڕییە و بنەمای باوەڕ و ڕاستی کەسایەتییەکان نادیدە دەگیرێت. لەم شێوازی نووسینەدا، ڕەخنەکان و خراپەکارییەکانی مرۆڤ و ڕووداوە ڕاستەقینەکان بە نەگوتراوی دەمێننەوە، بۆئەوەی زیاتر ڕووداوە باشەکان و بەموعجیزەكردنی پیاوانی ئایینی و کەسانی بەناوبانگ ڕەونەقی پێ بدرێت، بەڵام لە ئەوەشدا و هەر لەم قۆناغەدا، دانە دانە نووسینەوەی ژیاننامەی كەسانی نا ئایینی دەردەکەون، وەک: ژیانی شارلەمان لە نووسینی ئایین هارد لە سەدەی نۆیەم نووسراوە، کە لەگەڵ خستنەڕووی ڕاستەقینەیی کەسایەتی و ڕووداوەکان و هەڵسەنگاندنیان، گرنگی و بایەخ بۆ بابەتی ژیاننامەنووسی دەگێڕێتەوە. لە ساڵانی کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست، ژیاننامەی پاشایان، کەسانی لێهاتوو و تەنانەت ترسنۆکەکانیش بازاڕ پەیدا دەکات. لە نموونەی ئەم جۆرە کارانەش دەتوانرێت ئاماژە بە (شهسواران میزگرد)ی تامس مالوری بکرێت.

لە سەردەمی ڕێنسانسیش، (کەم تا زۆرێک لە سەدەی چواردە تا سەدەی شانزدە و حەڤدە) بەوپەڕی وابەستەبوون بە دەسەڵات و هێزی دونیاییەوە ئارەزوومەندی بۆ خۆدەرخستن دێنێتە کایەوە، هەربۆیە لەم قۆناغەدا نووسین لەبارەی شاعیران و هونەرمەندان دەبێتە باو و كەسێكی وەك: جۆرجۆ وازاری، وێنەکێشی ئیتالیایی ژیانی هونەرمەندان (1550) دەنووسێت.

هەر لەم ماوەیەدا ژیاننامەی بینڤینوتۆ چیلینی (Benvenuto Cellini) پەیکەرساز، فلزکار و نووسەری سەدەی شانزەی فلۆرانس، نموونەیەکی دیاری لەم جۆرە نووسینانەیە. بیرەوەرییەکانی (سان سیمۆن) کە تێیدا بە باسكردن و خستنەڕووی دەرباری (لویسی چواردە) لە ڤێرسای لە سەدەی حەڤدەیەم، کاریگەری ڕەهای هێزی سەڵتەنەت بەسەر ژیانی خەڵکییەوە ڕووندەکاتەوە. هەر لە سەدەی حەڤدەیەمدا، لە بەریتانیاش بەرهەمی نووسەرانی وەک: سامویل پێیپس (Samuel Pepys)، ئیڤیلین (Evelyn)، ئایزەک واڵتن (Izaak Walton)، شێوازێكی نافەرمی و سادە، لە ژیاننامەنووسیدا بەکاردەهێنن.

بەمشێوەیە، بەگەیشتن بە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە و دەستپێکردنی سپێدەی سەردەمی ڕۆشنگەری، کە وردەکاریی و گوتنی ڕاستییەكان زیاتر گرنگی پێ دەدرێت، شێوازی ژیاننامەنووسیش، گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەم شێوازە نوێیە لە نووسینە دیارەکانی ئەوکاتە، وەک: ژیانی سیمۆ ئێل جانسن (1791ز) لە نوسینی جێمس بازوول(Boswell)، کە بە یەکەم ژیاننامەنووسی مۆدێرن دێتە هەژمار، یان لە ژیاننامەی بنیامین فرانکلینی ئەمریکی کە ڕاستی و واقیعییەتی زیاتر تێدا دەردەکەوێت. یان لە دانپێدانانەکانی جان جاك ڕۆسۆی فەڕەنسی (ساڵی 1328 وەگێڕدراوە بۆ سەر زمانی فارسی)، ڕاستگۆیی و ڕاشکاوێتی زیاتری تێدا دەبینرێت.

لە سەدەی نۆزدە بە دواوە، شێوازی نووسینەوەی ژیاننامە زیاتر دەبێت و تەنانەت ژیاننامە نووسی گرووپیش، ڕەواج پەیدا دەکات. لەنێو ئەو بەرهەمە زۆرانەی ئەو سەدەیەشدا دەتوانین ئاماژە بە: هۆنراوە و حەقیقەتی گۆتە، نووسینەکانی تامس کارلایلی ئینگلیزی، یان ژیانی عیسایی ئەرنێست رینان، بکرێت.

شیاوی باسە کە کارلاییل ژیاننامەنووسی بە بەشێک لە نووسینەوەی مێژوو دەزانێت و تێڕوانینەکانی کاریگەرییان هەبووە لەسەر شێوازی نووسینەوەی ژیاننامە لە ئەمریکادا. بەدەستپێکردنی سەدەی بیست و هەبوونی کەسایەتی وەک: فرۆید، کە بابەتی ناخودئاگایی و لا ئیرادی باس دەکات، دەروونشیكاری دێتە نێو ژیاننامەنووسییەوە، نووسینێكی خودی فرۆید بە ناوی (لیۆناردۆ داڤینشی، 1910)، نووسینەکانی ئاناییس نین (Anais Nin)،(1931- 1944) لە هەمان شێوازی نووسین دێنە هەژمار.

لەم کاتانەدایە کە لیتۆن ستراجی (Lytton Strachey)، بە نووسینی بەرهەمێکی جەنجاڵاوی وەک: (ڤیكتوریای های برجستە، 1918، ملكە ڤیكتوریا 1921) شۆڕشێکی گەورە لە شێوازی ژیاننامەنووسیدا هەڵدەگیرسێنێت و نووسینەوەی ژیاننامە لە کۆت و بەندی پیاهەڵدان و بالۆرەگوتن ڕزگار دەکات.

جێگای باسە لەم سەدەیەدا، ژمارەی شاعیران و نوسەران کە خۆیان بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی کەسانی دیکە تەرخان کردووە زیاتر دەبێت، بۆ نموونە: کارل سندبرگ، لویس ئانتەرمایەر (Louis Untermeyer) یەکێک لە کتێبەکانی بەناوی: (آفرینندگان جهان نو/ بنیاتنەرانی دونیای نوێ، لە ساڵی 1372 لە تاران چاپ بووە)، ئەندرا مۆرە، ئاشفتن تسوایگ،  ئەمیل لودویگ،  ئایروینگ ستوون،  ڕومن ڕولان، ئەندرا مالرو،  سیمون دوبوار و رولان بارت.

توانای گۆڕانکارییەکان لە سەدەی بیستدا لە شێوازی ژیاننامەنووسیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت و تەنانەت لە ئێرانیشدا کاریگەری دادەنێت و بازدانێکی دیار لە سوننەتی نووسینەوەی ژیاننامەدا ئەنجام دەدرێت. ئەم قۆناغەش هاوکاتە لەگەڵ هوشیاربوونەوەی ئێرانییەکان و ئاشنابوونیان بە دەستکەوتەکانی جیهانی مۆدێرن و قۆناغی کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار و دەستپێکی شۆڕشی دەستووری لە ئێران و دەست بە قەڵەم گرتنی نوخبەکان و نووسەرانی ئێران، دەستپێکی نوێیە بۆ نووسینەوەی مێژوو، مێژوونووسی و تۆمارکردنی ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەو وڵاتەدا[2].

ئەوەش ڕوونە کە ئەم هەنگاوە گرنگە لە ئەنجامی پێویستی و هەوڵدانە بۆ دووبارە خودناسی، هەروەها پاڵنەری گەیشتن بە شوناسی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی ڕۆڵی تێدا دەبینێت، تروسکایی ئەم بۆچوونە تازە و نوێیەش، لە زیادبوونی نووسینەوەی سەرگوزەشتە و یادگارییەكان دەبێت، لەو قۆناغەدا چەندین کتێب بە پێنووسی پیاوانی دەوڵەت و بیریاران لە شێوازی ژیاننامەنووسی، بیرەوەری و یاداشت دەنووسرێنەوە[3]. هەندێک لە دیارترینی ئەو کتێبانەش وەک: خاطرات اعتماد السلطنە، خاطرات تاج السلطنە، شرح زندگانی من لە نووسینی عەبدوڵڵا مستەوفی (1255- 1329هەتاوی)، زندگانی من لە نووسینی ئەحمەد کەسرەوی (1324 هەتاوی).

دواتریش هەر بەوشێوەیەی کە دەزانرێت و ڕوویداوە، زەمینە و پاڵنەر بۆ نووسینەوەی یادگارییەکانی جەنگ و زیندان، زەمینەیەک دێنێتە پێشەوە کە بەردەوام ژیاننامەنووسی ڕوو لە فراوانی دەکات، لەگەڵ ئەوانەشدا پاڵنەرە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان کە دەبنە هۆی پەیداکردنی بازاڕی ژیاننامەنووسی و یادەوەری نووسی، گرنگی زیاتریان هەیە.

ئەوەش لەبیر ناکرێت کە ئەو شەپۆلە جیهانییەی لەبارەی نووسینەوەی ژیاننامەنووسی و بەتایبەت لقی بیرەوەرییەکان، ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە گرنگیدان و فراوانکردنی ژیاننامەنووسی و فراوانکردنی بازاڕی کتێبی فارسی.

هەربۆیە دەبینین، کە ئەم جۆرە لە شێوازی نووسینی ژیاننامەنووسی یان یادداشت و بیرەوەری چ ئەوانەی لەناو ئێران یان ئەوانەی لە دەرەوەی ئێران بڵاودەكرێنەوە، ژمارەیان ئێجگار زۆرە و بەردەوامیش لە زیادبووندان.

ئەوەش ڕوونە کە کوالێتی نووسینی ئەم جۆرە بەرهەمانە وەک یەک نییە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆریان ڕەچاوی بابەتی ئەدەبیان نەكردووە لە نووسینەوەدا، بەڵام بەشێکیشیان لەسەر بنەمای مۆدێرن و چۆنیەتی نووسینەوەی ژیاننامە نووسراون، لەنێو ئەوانەشدا بەرهەمی دیاری توێژینەوە، یان زنجیرە بڵاوکراوەکانی کە شێوازی داستانی نین، پێگەیەکی دیاریان بۆ خۆیان پەیدا کردووە. لە دیارترینی ئەو کتێبانەش دەتوانین ئاماژە بکەین بە: (خاطرات علم، معمای هویدا لە نووسینی عباس میلانی،  لولیتا خوانی در تهران لە نووسینی ئازەر نەفیسی، داد و بیداد لە نووسینی ویدا حاجبی، پرسپۆلیس لە نووسینی مەرجان ساتراپی، زندانی تهران لە نووسینی مارینا نمت و كتێبی (دا) خاطرات سیدە زەهرا حوسەینی لە نووسینی سەیدە ئەعزەم حوسێنی).

ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە سەدەی بیستدا ڕوویانداوە، شێوازی ژیاننامەنووسیش گۆڕانی دیاری بەسەردا هاتووە، سەرباری فراوانبوونی شەپۆلێکی بەهێزی ژیاننامەنووسی، پێویست بوو کە ئاماژە بەو ژیاننامانە بکرێت کە لەلایەن خەڵکەوە دەخوێندرێنەوە، بەڵام هیچ بەهایەکی ئەدەبییان نییە، ئەم جۆرە ژیاننامانەش لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ژمارەیەکی زۆری ژیاننامە بخرێنە بەردەستی خوێنەر بە ئامانجی گەیشتن بە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە گشتییەی کە هەیانە، ئەمانەش هەر بەو ئامانجە ڕەوانەی بازاڕ دەکرێن هەتا لە کتێب فرۆشییەکان و کتێبخانەکاندا، لە کەناری ژیاننامە بەنرخەکان و بەرهەمە ئەدەبییەکانەوە دابنرێن و پێشکەش بە خوێنەر بکرێن.

یەکێکی دیکە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی کە لە سەدەی بیستدا ڕوودەدات، بریتییە لە دەرکەوتنی ژنان لە نووسینەوەی ژیاننامە و ئامادەیی زۆری ژنانە لە ژیاننامەنووسیدا، کە بێگومان ئەمەش پەیوەندیدارە بە فراوانبوونی هزری فێمێنیستەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە ڕوونەکانی ژیاننامەنووسی لەم قۆناغەدا، بریتییە لە گۆڕانکاریی و جۆراوجۆری شێوازی نووسین و چوارچێوەی خستنەڕووی ژیاننامەكان، کە بەپێی پێشکەوتنە هونەرییەکان ئەنجام دەدرێن و زەمینەی دروستبوونی چەندین جۆری جیاوازی ژیاننامەنووسی فەراهەم دەکات. تەنانەت ڕاگەیاندنەکانیش ڕۆڵی خۆیان تێدا دیوە وەک: سینەما و تەلەفزیۆنەکان، کە بە پێشکەشکردنی فیلمی بەڵگەنامەیی و دۆکیۆمێنتاری دەربارەی کەسانی ناوداری مێژوویی، ئەدەبی، هونەری و تەنانەت ڕوخسارە نوێکانیش، ڕوخسارێکی نوێیان بە ژیاننامەنووسی بەخشیوە، تا بگاتە ئەوەی کە تەلەفزیۆنەکان گرنگییەکی زۆر بە ئەم بابەتە بدەن، تەنانەت کەناڵی تایبەت بە سەرگوزەشتە، مێژوو، گێڕانەوەی ژیاننامەکان، هەندێک جاریش ئەو بەرنامانە دەنووسرێنەوە و تۆمار دەكرێن. هەندێک جاریش بۆ بابەتی ئابووریی و گەرمکردنی بازاڕی فیلمە پڕسوودەکان و پڕفرۆشەکانە، بەتایبەت فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان لەبارەی ژیاننامەی کەسانی ناودارەوە، هەمیشە بازاڕیان گەرمە.

جۆرێکی دیکە کە زیاتر لە ئێستەدا باوە دەچێتە چوارچێوەی گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەوە، لەبری باسکردنی زیاتری ڕووداوەکان و ژیانی تایبەتی کەسەکان، زیاتر چوارچێوەیەک فراوان لە سروشت و کەسایەتی ئەو کەسە دەخاتە ڕوو. هەروەها فراوانبوونی پرۆژەکانی مێژووی زارەکی، جۆرێکی دیکەن لە نووسینەوەی ژیاننامە بەشێوەیەکی مۆدێرن، کە بەشێکی زۆر لەم مێژووی زارەکییە لە ئێستادا دەتواندرێت لە چەند ناوەندێکی ڕاگەیاندن و بە شێوازی سیدی یان کاسێت، کە بە شێوەیەکی فراوان لە کەناڵە جیهانییەکاندا بوونیان هەیە، بەشێوەی دەق و ڤیدیۆ پەیدا بکرێن.

 

[1] ئەحمەد ئەشرەف لە توێژینەوەكانی خۆیدا لەمباریەوە (كە لە بڵاوكراوەی ئێراننامە دا بڵاو كراوەتەوە)، باس لە جیاوازیەكانی ژیاننامەنووسی دانپێدانانەكانی ڕۆژئاواییەكان لەگەڵ گێرانەوەی خود (حدیث نفس) لە فەرهەنگی ئیسلامی – ئێرانی دەكات، ئەم بابەتە لە تێڕوانینی یەكەمیانەوە بە دانپێدانان بە تاوان و لە تێڕوانینی دووەمیشدا بە ژیان و ڕەفتاری عیرفان یان بازدان لە شەرعەتەوە بۆ تەریقەت و حەقیقەت، دەبینێت. هەروەها دوایت رینولدز (Dwight F. Reynolds) مامۆستای خوێندنی ئاینی لە زانكۆی كالیفۆڕنیا، لە پێشەكی كتێبەكەیدا (وەرگێڕانی خۆد: ژیاننامەنووسی خود لە سوننەتی ئەدەبی زمانی عەرەبی) و لەسەر بنەمای ئەوەی كە جەلالەدینی سیوتی لە پێشەكی ژیاننامەنووسی خودیەكەیدا (التحدث بنعمە اللە لە سەدەی 15 زاینی) ڕوونی دەكاتەوە، باس لە جیاوازی میتۆدی سیوتی و پەێرەوانی میتۆدەكەی لەگەڵ نووسەرە ڕۆژئاوییەكان كە ژیاننامەنووسی خود دەنووسن، دەكات. رینولدۆ دەڵێت: لەكاتێكدا كە بەشێك لە ژیاننامەنووسە خودیەكانی ئەوروپیەكان لە سەدەكانی ناوەڕاست و قۆناغی پێش مۆدێرن، ڕونكەرەوەی ئاراستەیی دانپێدانانن بە ئامانجی ئاشكراكردنی گوناه و تاوانی نووسەر لەبەرامبەر دیدگای ئەوانی دیكەدا. ئەوەی كە لە ژیاننامەنووسی لە زمانی عەرەبی دا ڕوودەدات كە سیوتی یەكێكە لە نموونەكان، ئامانج لە نووسین، سوپاسگوزاری نیعمەتی ئیلاهی و پێشكەشكردنی سەرمەشقێك لە ژیانێكی باڵادا یە. بە واتایەكی ڕوونتر، لەكاتێكدا كە گرووپی یەكەم شەرمەزاری گوناه، تاوان و كەمكوڕیەكانی خودی نووسەری ژیاننامەنووسی خودی یە، گروپی دووەم باس لە سەربڵندی نووسەر و هەبوونی ژیانێكی نموونەیی دەكات كە دەبێت لەلایەن جیلی ئایندەوە لاسایی بكرێتەوە، بە هەمان ئەو شێوەیەی كە ئامانج لە گواستنەوە و گێڕانەوەی ڕیوایات و فەرمودەكانیش، پێشكەشكردنی سەرمەشق و ڕێبەرێك بوو لە ژیانی پێغەمبەر (د، خ).

[2] نموونەیەكی دیاری ئەم جۆرە كتێبانەش، كتێبی مێژووی هاوچەرخ  یان ژیانی یەحیا یە كە دوتوێی چوار بەرگدا بڵاو چاپ و بڵاو كراوەتەوە، نووسەر (یەحیا دەوڵەت ئابادی) لە بەرگی یەكەمی كتێبەكەدا، باس لە ژیانی منداڵی و لاوێتی و تێپەڕاندنی قۆناغەكانی خوێندنی خۆی دەكات.

[3] رینولدز لە كتێبی (در نخستین یادداشت/ لە یەكەم یادداشت دا)، بە جەجتكردنەوە لەسەر جیاوازی سەرچاوەكانی ژیاننامەنووسی ئەوروپی لەگەڵ گێڕانەوەی خود (حدیث نفس) ی عەرەبی، ئەوە ڕووندەكاتەوە كە ژیاننامەنووسی بە زمانی عەرەبی، لە پێش سەدەی بیست، بەشێوی پرسیار و وەڵامی مێژوییە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ڕۆژئاوا، ژیاننامە نووسی لەدوای ڕۆمانەوەیە دێت كە وەك ژانەرێكی ئەدەبی پێگە و شوێنی خوی گرتووە و خواستێكی فراوانی لەسەر هەیە. بەواتایەكی دیكە، رینولدز بڕوای وایە كە بەرهەمە داستانییەكان لە ڕۆژئاوا، پێشەنگ بوون لە پێشخستن و شكڵگرتنی چەمك و واتا ئەدەبیەكاندا.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure