پوختەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە داگیرکردنی پێنجوێن
پوختەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە داگیرکردنی پێنجوێن
  2024/11/17     9 جار بینراوە    


کۆکردنەوە و وەرگێڕانی پ.ی.د. ڕەنجدەر محەمەد عزیز

تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە زنجیرەی ڕاپۆرتێکی درێژی بڵاونەکراوە، کۆمەڵێک زانیاری ورد لەخۆدەگرێت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی هەورامان بەتایبەتی و ڕاپەڕین و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێرانی، هەروەها پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی بەشێک لە ناوچەکانی هەورامان و شارەزوور و سلێمانی لە باشووری کوردستان و جوڵانەوەی شێخ مەحمود. ڕاپۆرتەکە زیاتر زانیاری هەواڵگریی و ڕامیاریی و سەربازی دەگرێتەوە و بەشێکن لە دۆسێی وەزارەتی ئاسمانی بەریتانی و لەنێو ئەرشیفخانەی نیشتمانی، لە لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتوو پارێزراون، بەشێوەی هەواڵی ڕۆژانە لەلایەن نووسینگەی خزمەتی تایبەتی بەریتانی لە سلێمانی گوازراونەتەوە.

 

پێنجوێن

١/٤٢

ڕێککەوتی: ١/٥/١٩٢٧

بۆ: ستافی ئاسمانی

لقی 'ا'

پوختەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە داگیرکردنی پێنجوێن:

١- ئەم ڕووداوە سەرەکییەکانی لای خوارەوە سەبارەت بە جوڵانەوە دوژمنکارییەکان  و هتد، باسی لە پێش داگیرکردن و دوای داگیرکردنی پێنجوێنی هەتا ئێستا کردووە.

٢- بۆماوەی چەند ڕۆژێک پێش هاتنی یەکەکان (سەربازییەکان)  بۆ ناوچەی پێنجوێن، شێخ مەحمود بەشێوەیەکی چالاکانە خەریکی خۆئامادەکردن بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشڕەوییەکەیان. ئەوەندەی کە بتوانرێت هەتا ئێستا بزانرێت، شێخ مەحمود ئاگاداری ئەوە نەبوو کە پێنجوین لە یەککاتدا بە سێ یەکە هەڕەشەی لێدەکرێت. هێزەکانی ناوبراو لە پێنجوێن ژمارەیان لە نێوان (١٠٠ بۆ ١٥٠) پیاو بوو، بۆ ئەوانەشی کە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت ژمارەیەک تفەنگیان لە گوندنشینانی دەشتی پێنجوێنەوە کۆکردبێتەوە، دەبووایە ( ١٠٠ بۆ ١٥٠) تفەنگی تریان بۆ بهێنایە. وادیار بوو ئەم گوندنشینانە لە هیچ کاتێکدا پەرۆش نەبوون بۆ شەڕکردن، بەڵام ئەگەر دەرکەوتایە کە شێخ مەحمود سەرکەوتوو دەبێت لە مانەوەی لە پێنجوێن، ئەوا هیچ بەدیلێکیان نەدەبوو جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە ترسی دەرئەنجامەکانی داهاتوو.

لە هەمان کاتدا مەحمود سەرقاڵی هەوڵەکانی بوو بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییەکی تۆکمەتر لەسەر سنوورەوە. ناوبراو لە مەریوان و هەوراماندا هیوای ڕاستەقینەی بەسەرکەوتن هەبوو. هاتنی لەشکرەکان لە هۆزەکانی ئەم دوو ناوچە  بەس بوو بۆ پتەوکردنی هەڵوێستی دانیشتووانی پێنجوێن و گوندەکانی دەشتەکان.

ڕەنگە جەوهەری ئەم کێشەی مەحمود توانای هێنانی مەحمودخانی کانی سانان و مەحمود خانی دزڵی بۆ ناو ڕێککەوتنێک هەبێت بۆئەوەی لەگەڵیدا کار لەسەر ئەم شکستەی ناوبراو بکەن -  بە هەر هۆکارێکی دیاریکراو هێشتا ناتوانرێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەوە دیاری بکرێت، بەڵام پێدەچێت ڕێگای سەرەکی بریتی بێت لە:-

(ئە) بێتوانایی شێخ مەحمود لە هێنانی مەحمود خانی کانی سانان و دزڵی بۆ ڕیککەوتن لەسەر کێشەی زەوی و زار و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دڵخۆشکەر بۆ داواکاری پارە لە نێوانیاندا، لە ئەنجامی ئەو دوژمنایەتیانەی کە ساڵێک پێشتر لە نێوان مەریوان و هەرراماندا سەری هەڵدابوو. هەردووکیان دڵنیاییان داوە بە شێخ مەحمود کە ئامادەن پێکەوە کار بکەن و یارمەتی بدەن ئەگەر ناوبراو بتوانێت یەکێکیان ڕازی بکات مەرجەکانی ئەوی دیکەیان قبوڵ بکات. ئەمە کارێکی ئیرەیی پێنەبردنە بۆ شێخ مەحمود، کە ڕەنگە بۆماوەیەکی درێژ بۆی زەحمەت بێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە.

(ب) هەڵوێستی بە ئاگایانەی کانی سانان، وادەردەکەوێت سیاسەتەکەی تا دەکرێت دیوە ڕاستییەکە بێت لای هەمووان.

(ت) لە پەیوەندی لەگەڵ (ب)ی سەرەوە - جوڵەی نزیکبوونەوەی فارسەکان بۆ ناوچەی مەریوان و ڕازاو.

مەحمود خانی دزڵی بە درێژایی ماوە ئامادە بووە پشتیوانی لە  شێخ مەحمود بکات، بەڵام پێدەچێت هەر جوڵەیەکی بەرفراوانی هەورامییەکان بەرەو پێنجوێن بەبێ هاوکاری مەریوانییەکان، کە ناچار دەبوون خاکەکەیان بەکاربهێنن، سەرکەوتوو نابێت.

بەمشێوەیە ئەو هێزانەی کە دەبوو هێزی سەرەکی شەڕکەری ئەو بن، دەرنەکەوتن، هەرچەندە وادەردەکەوت کە ئاسۆی ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی تا دوا سات لە بەردەمی شێخ مەحموددا بووبێت- پێدەچوو هەردوو لایەن بەشێوەیەکی یەکسان نیگەرانی ئەوە بووبێتن.

کاتێک لە ٢٠ی نیساندا، هێشتا زیادبوونی پشتیوانی لە هەورامان و مەریوان بەدی نەهاتبوو، شێخ مەحمود خۆی بۆ کشانەوە ئامادە کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە نیازی سوتاندنی پێنجوێنی هەیە لەبری ئەوەی نەکەوێتە دەستی عەرەبەکانەوە، بەڵام دانیشتووانەکەی توانیان قەناعەتی پێبکەن بۆ وەلانانی ئەم بیرۆکەیە. پاشان فەرمانی چۆڵکردنی پێنجوێنی دەرکرد و دانیشتوانەکەی دڵنیاکردەوە کە داگیرکاری حکومەت وەک ڕابردوو تەنها بەشێوەیەکی کاتی دەبێت. پاشان دانیشتووانەکەی شارۆچکەکەیان جێهێشت و چوونە گوندەکانی نزیک یان سەر سنووری ئێران، بەشێوەیەکی سەرەکی ڕۆیشتن بۆ باشماخ و قەڵوەزە. پێشەنگی دانیشتوانەکە ڕوویان کردە ئەوەی دواتریان.

٤. لە هەمان کاتدا شێخ مەحمود وازی لە بیرۆکەی بەکارهێنانی ئەم گرووپە بچووکانە نەهێنابوو، کە ئەمانە لەڕاستیدا هەوڵی ڕێگریکردن لە پێشڕەوی یەکەی سەربازی باشووریان دەدا.

مەجید ئەفەندی لەگەڵ (١٥٠) پیاودا لە نزیک پینجوێن مایەوە بۆ ململانێکردن لەسەر بەرزاییەکانی هەرزەلەی-کانی مانگا. هەروەها هێزی زیاتریشی لە هەورامان لەبەردەستدا بوو، کە لە ڕێگەی ئۆفیسە باشەکانی محەمەد ڕەشید وەیسەوە بەدەستهاتبوو، کە خودی خۆی ژمارەیەک تفەنگی دابینکردبوو، بەڵام هێزە سەرەکییەکەی لە گوندەکانی ناوچە شاخاوییەکانی عێراقەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی هێڵی ناڵپارێز و کەوڵۆس دابین دەکرا (وردەکارییەکان پێشتر بە  وایەر [تەلەفۆن] خراونەتە ڕوو)، کە لە ژێر هەژموونی ناوبراودا بوون.

خودی شێخ مەحمود لە سەرەتادا کشاوەتەوە بۆ وەیسە، بەو هیوایەی کە ڕەنگە لە ئەگەری سەرکەوتنی سەرەتایی لە نزیک ناڵپارێز، دەکرێت هێرشی لاوەکی وەردە وردە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هەورامییەکانەوە پەرەی پێبدرێت. شکستی هێرشی هەورامان لە ٢٢ی نیسان بۆ نیشاندانی هیچ شتێک لەسەر یەکەی باشوور و دەرکردنی مەجید ئەفەندی لە بەرزاییەکانی هەرزەلەی-کانی مانگا لە ٢٣ی نیسان لەلایەن لیڤییەکانەوە لە دواوە، هەروەها فڕۆکەکان، بەدڵنیاییەوە کۆتایی بە هەر چەشنە پەرەسەندنێکی لەوشێوەیە لە هەورامانەوە هێنا. لە ٢٣ی نیساندا، هێزەکانی دوژمن بەشداربوون لە کشانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە گوندەکانی هەورامانی عێراقەوە بەرەو ماڵەکانیان، چەتەکانی مەجید و ئەلمەجید و وەیسە بۆ وەیسە، تێکهەڵچوون. لە ٢٥ی ئایاردا شێخ مەحمود لەگەڵ ئەندامانی خۆی  کشایەوە بۆ بەلەکجاڕ.

قۆناغی یەکەم کۆتایی هات.

وا مەزەندەکراوە کە تێکڕای هێزەکانی دوژمن کە تا ئەم کاتە بەشدار بوون ٣٥٠ کەس زیاتر نەبوون و بەم شێوەی خوارەوە پێکهاتبوون:-

(ئە) ١٥٠ کەس لە لایەن محەمەدی ڕەشیدی وەیسە، هەروەها لە گوندەکانی کۆڵیتان، دۆڵەسور، سیامێوە، زەنگیسەر، کوڵی گاپڵە لە مەریوان لە هەورامانەوە دامەزران لە ٢٢ی نیساندا بۆ هێرشکردنە سەر پشتەوەی دیفکۆڵ لە کانی سپیکە،  هەروەها لە ٢٢ی نیساندا لە هێرشی دواوەی دیفکۆڵ لە کانی سپیکە دامەزرا و دیسانەوە لە بەیانی ٢٣ی نیساندا تاڕادەیەک بەرکەوتنیان لەگەڵ پیکێتی (یەکەی پاسەوانی) دواوەدا هەبوو لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پێشڕەوی لە کەمپی ناڵپارێزەوە.

(ب) چەتەکانی (چەکدارەکانی) مەجید دەستیان گرتبوو بەسەر بەرزاییەکانی هەرزەلەی-کانی مانگا لە ٢٤ی نیساندا، هێزەکەیان ئەوپەڕی ٢٠٠ کەس دەبوو.

ڕاپۆرتەکانی دیفکۆڵ و لیڤیکۆڵ و فڕۆکە سەبارەت بە قوربانییەکان هێشتا زۆر جێگەی متمانە نین بۆ باوەڕپێهێنان.

(٥) لە دوای داگیرکردنی پێنجوێن بە هیچ شێوەیەک بۆ چەند ڕۆژێک هیچ ئاسانکارییەک دەرنەکەوت بۆ بەدەستهێنانی هەواڵی ئەوەی کە چی ڕوودەدات لە پشتەوەی سنوور. هەرچەندە لە ٢٥ی نیسان ژمارەیەک موختاری گوندەکانی دەشتی پێنجوێن هاتبوونە ناوەوە بۆ هەواڵناردن، (مەسعود، قزڵجە، عومەر سینار)، دیار بوو ئەمانە بەهۆی ئەو تێڕوانینە گشتییەی کە داگیرکردنەکە تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت، ئامادە نەبوون زۆر بڵێن. حەمە ڕەشیدخانی بانە- پیاوێکی تاڕادەیەک گرنگ لە گۆشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی پێنجوێن، لە ٢٥ی نیسان هاتبوو. ناوبراو هەواڵەکانی سەبارەت بەنیازی ئێران بۆ داگیرکردنی مەریوانی هێنا، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر شێخ مەحمود و بزووتنەوەکەی نەبوو. سەرئەنجام، لە ٢٧ی نیسانەوە تائێستا ڕێژەیەک لە دانیشتووانی پێنجوێن لە پاوە و باشماخەوە هاتوونەتە ناو سەربازەکانەوە. ئەمانە هەموو شەوێک دەگەڕێنەوە بۆ پەناگە کاتیەکانیان، کە سەرچاوەیەکی زانیاری بەنرخن بۆ شێخ مەحمود و لایەنگرانی سەبارەت بە ڕووداوەکان و جوڵەکان لە پێنجوێن. لەوێ و لە سەرچاوەکانی تری گوندەکان بڕێکی دیاریکراو لە زانیاری سەبارەت بە بزووتنەوە و هتد،  لەلایەنی ئێرانەوە بەدەستهاتووە، کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەمە لە خوارەوە کورتکراونەتەوە.

(٦) دوای كشانەوەی بۆ بەلەکجار لە ٢٥ی نیسان، شێخ مەحمود بەردەوام بوو لە چالاکییە سیاسییەکانی لەوێ، لە نێوان ٢٥ی و ٢٨ی نیسان. ئەمانەی خوارەوە سەردانیان کرد بۆ کۆنفرانسەکان، دزڵی، بەگزادەی ڕازاو (حسێن خان و ئەوانیتر)، محەمەد ڕەشید وەیسە.

ئەگەر کەسێک بتوانێت ئەو ڕاپۆرتانە قبوڵ بکات کە تائێستا وەرگیراون، ئەوا بۆچوونی ناکۆک لەم کۆبوونەوانەدا زاڵ بووە.

مەحمود خانی دزڵی ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردن لە شێخ مەحمود (ئەگەر هێرش بکاتە سەر پێجوێن)، ئەگەر بێتو شێخ مەحمود بتوانێت ڕەزامەندی مەحمود خانی کانی سانان بۆ مەرجەکانی مەحمود خانی دزڵی بەدەستبهێنێت. لە ڕووداوێکی لەم چەشنەدا، لەشکری یەکگرتووی مەریوان و هەورامان پێشکەش بە شێخ مەحمود دەکرێت، لە لایەکی دیکەوە مەحمود خانی کانی سانان لەمکاتەدا لە نووسینێکی بۆ (ڕۆژانەی) پێنجوێن، دۆستایەتی خۆی بۆ حکومەت و پچڕانی تەواوی پەیوەندی بە شێخ مەحمودەوە دەربڕی.

لەم نێوەندەدا بەگزادەی ڕازاو زیاتر لە خەمی نزیکبونەوەی هێرشی ئێران بوون وەک لە گرنگیدان بە کاروباری شێخ مەحمود، هەروەها پیدەچێت ئەوان بەشێوەیەکی سەرەکی لە شێخ مەحمود نزیک ببنەوە لەگەڵ بیرۆکەی بەکارهێنانی کاریگەرییەکانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی هەردوو لایەنی  مەحمود خانی دزڵی و کانی سانان لە دژی پێشڕەوی فارسەکان.

لەم تێکەڵبوونی ئاواتانە لەلایەن ئەوانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان پێوە هەیە، پێدەچێت هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو پەرەی نەسەندبێت کاتێک بەگزادەی ڕازاو و دزڵی لە  بەلەکجاڕ بەجێهێشت لە ٢٨ی نیسان. گومانی تێدا نییە کە هەروەکو لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، شێخ مەحمود بەشێوەیەکی سەرەکی سەرقاڵی هەوڵدان بووە بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی پێویست لە دزڵی و ڕازاو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی پێنجوێن.

فاکتەری سەرەکی لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتن لەم بابەتە پێدەچێت ئەوە بێت، کە ئایا لەڕاستیدا یەکەی فارسی خەریکە دەچێتە ناوچەی مەریوان و ئامانجە ڕاستەقینەکەی چییە.

لەوانەیە هەندێک پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە بەغدا بەردەست بێت و یارمەتییەکی بەرچاوی ئەو هەوڵانە دەدات کە لێرە دەدرێن بۆ بەرزنرخاندنی بەهای هەواڵەکان لە دەرەوەی سنوورەوە، ئەگەر لە ئارادا بێت. جگە لەو ڕاپۆرتانەی پێشتر وەرگیراون، هەندێک ئاماژە هەیە بۆئەوەی کە جوڵەی ئێران نییەتەکەی بەرەو مەریوانە. ئەوانیش:

(یەکەم) ئایا پلانی ئاشکرای کانی سانان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەسەڵاتدارانی عێراقە؟ هەرچەندە بڕوا وایە کە پێشتر ئەمە ڕوویدابێت.

(دووەم) ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەم دواییانەدا (لە ٢٩ی نیسان) کانی سانان کوڕەکەی ناردووە بۆ سنە هەتا ملکەچی خۆی بۆ حکومەتی ئێران نیشان بدات.

بڕوا ناکرێت کە ناوبراو دژایەتی هێزەکانی ئێرانی کردبێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە حکومەتی ئێران تەنیا ویستبێتی مەریوان بکاتە بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ڕازاو.

ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران کاریگەر بن، پێویستە بارودۆخی ئەودیوی سنوور کە ناوەندەکەی نزیکە لە شێخ مەحمودەوە لە بەلەکجاڕ، بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بکات.

لە ئەگەری نەبوونی پێشهاتێکی لەو شێوەیە، یان لەلایەکی دیکەوە بەپێچەوانەیەکی ئێرانی، ئەوا سەرکەوتنی شێخ مەحمود لە پیکهێنانی هێزی هەورامان (هەروەها پیدەچێت ڕازاو) بۆ هێرشکردنە سەر پێنجوێن، بەشێوەیەکی دیار ئەگەری ئەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی هاوکاریی مەحمود خانی کانیسانانەوە بێت، ئەوانیش ناچارن لە باشوورەوە کاربکەن.

ج.م. مۆر

ئەفسەری خزمەتی تایبەت، پێنجوێن.

...................................................................................................

 

پاشکۆ

لەگەڵ ئاماژەدان بە پەرەگرافی ٤ی هاوپێچکراو.

دەبێت باس لە چالاکییە ئاسمانییەکانی سەرلەبەیانی ٢٣ی نیسان بکرێت.

وادادەنرێت کە شێخ مەحمود لە ڕۆژهەڵاتی ناڵپاریزەوە هیوایەکی بەرچاوی لەسەر پەرەپێدانی هێرشەکەی هەڵچنی بێت. هەرچەندە بە بەراورد هێزێکی کەم بەکارهێنرا لە هێرشی سەرەتاییدا (کە لە گوندەکانی هەورامانەوە هاتبوون)، ئەگەر ئەمانە سەرکەوتوو بوونایە لە بە جددی کاریگەری کردنە سەر جوڵەی یەکەکە، ئەوا هێزی پشتیوانی لە وەیسە و لایەنی ئێرانەوە بە خێرایی دەگەیشتن.

لەم حاڵەتەدا ئەو شێوازەی کە فڕینی ٣ فڕۆکە  بەشی دواوەی پیکۆتەکانیان لەکاتی کشانەوەیاندا داپۆشی لە بەرزاییەکانی ناڵپارێزەوە لە نێوان کاتژمێر ١١.٣٠ بۆ ١٢.٣٠، کە شایەنی هەندێک سەرنجە کە لە ٢٣ی نیسان. ئەم پیکێتانە پێشتر پەیوەندی دوور مەودایان لەگەڵ لایەنەکانی دوژمن هەبووە (واتە ئەوانەی کە لە ٢٢ی نیسان هێرشیان کردبووە سەر پاسەوانی دواوە)، لە کاتی کشانەوەیان بۆئەوەی بچنە پشتەوەی یەکەی سەرەکی، پاشان لە بناری خوارەوەی کانی مانگا، ئەگەری ئەوە هەبوو کە دوژمن لە نزیکەوە بەدواداچوون بکات و تووشی بەشی دواوەی یەکەکە بێت. سەرکردەی فڕینەکە دۆخی ناوخۆیی زۆر بە وردی بەرز نرخاند و ٣ ئامێرەکەی جوڵەیەکی داپۆشینی زۆر باشیان ئەنجامدا، لە نزیکەوە بەرزاییەکانیان لە دوای کشانەوەی پیکۆتەکان بۆردومان کرد و دواتر بە تەقەی دۆشکە گردەکانیان ئاوپەرژێن کرد. بەوشێوەیە، کاریگەریەکەیان ڕێگری دەکرد لە هەر بەدواداچوونێک لەلایەن دوژمنەوە و درێژەی بەم چالاکییەدا هەتا هەموو سەربازەکان لە  دوڵەسوور پەڕینەوە. هەموو ئەوانەی پەیوەندیدار بوون لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەدا، ئەو ڕێکوپێکی و وردبینییەی فڕۆکەی ئەنجامدەری مانۆڕەکەیان بەرزنرخاند.

ج.م. مۆر،

ئەفسەری خزمەتی تایبەت، پێنجوێن.

......................................................................................................

 

پاشکۆ

داڕشتنەوە، نهێنی، نووسینگەی ڕامیاری، گرنگ

بۆ : تاران

ا/٨٥٣

کشانەوەی شێخ مەحمود و شوێنکەوتووەکانی بۆ سەر سنوری ئێران بۆ بەلەکجاڕ و دەوروبەری دوا بە دوای داگیرکردنی پێنجوێن بوو لە لایەن ئێمەوە لە ٢٢ی نیسان.

(٢)  گوایە بە ئامانجی دژایەتیکردنی یەکەی ئێرانی چاوەڕوانکراو لە سنە، لە ٢٨ی نیسان، باس لەوە دەکرێت کە لە کۆنفرانسێکدا کە لە نێوان سەرۆکەکانی ڕازاو و مەحمودخانی دزڵی و شێخ مەحمود بەڕێوەچووە، هەندێک ڕێککەوتنی هاوبەش هاتووەتە ئاراوە.

(٣) لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا، شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش ئەوەیە، هەرچەندە دەزانرێت کە گوایە هێرشی ئێران ئاڕاستەی سەرۆکەکانی مەریوان کراوە، بەڵام دەوترێت مەحمودخانی کانی سانان ڕەتیکردۆتەوە بەشداری بکات.

(٤) پێدەچێت ئەو ئامانجەی کە گوایە ڕێککەوتن دەکرێت، تەنیا پەردەیەک بێت بۆ داپۆشینی هەندێک پڕۆژە کە ئاڕاستەی سەربازەکانمان کراوە لە ناوچەی پێنجوێن.

(٥) ئایا هیچ ڕاستییەک هەیە لە ڕاپۆرتی دەرچوونی یەکەی ئێران لە سنەوە لە ٢٨ی نیسان؟

(٦)تکایە هەر زانیارییەکی هەواڵگری لەبەردەستدایە، هەروەها زانیاری سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای ئێران و ئەوانەی بەم نزیکانە ڕوودەدەن لەم ناوچەیەدا، ڕەوانە بکەن (بە سیم). ئایا دەتوانین هیوامان بە هاوکاری ئێرانییەکان هەبێت، یان پێشبینی پێچەوانەکەی بکرێت.

نێردرا لە ٣٠ نیسان

 ج.ڕ.هـ

لە: فڕۆکەوانی، بەغداد

 

 

پاشکۆ

داڕشتنەوە، نهێنی، لە تارانەوە، گرنگ

بۆ : فڕۆکەوانی بەغداد

ا/٢٣٧

کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان شێخ مەحمود و مەحمودخانی دزڵی و سەرکردەکانی ڕازاو لە بەلەکجاڕ لە تایبەتمەندییە دیارەکانی بارودۆخی ئێستایە، هەروەها بە هاوپەیمانییەک بۆ هەندێک مەبەستی هێرشبەرانە، کە بە ڕواڵەت ئاڕاستەی یەکەی ئێرانی کردووە، گەیشتووەتە لوتکە. بەڕای من ئەمە وانییە و دەرئەنجامەکەش ئەوەیە کە هاوپەیمانییەکە ئامانجی دژایەتی ئێمەیە، مەگەر ئەوەی لە سەرچاوەی دیکەوە پشتڕاستکردنەوەتان هەبێت کە یەکەی ئێرانی لە سنەوە جوڵا بێت.

ج.ڕ.هـ

٢٩ ی نیسان

لە: تایبەت، پێنجوێن.

 

 

پاشکۆ

داڕشتنەوە، نهێنی، لە تارانەوە، گرنگ

بۆ : فڕۆکەوانی بەغداد

Y/٢٣٣

لە ٢٥ی نیسان، حەمەڕەشید باس دەکات کە ئاغا نووری لێپرسراوی ئێرانی سەردانی کردووە، هەروەها دوای ئەوە وتوویەتی کە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو دژی مەریوان و کانی سانان دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە داوای یارمەتی کردووە. حەمە دەڵێت: یەکەیەک کە هێزەکەی نازانریت بەیانی لە سنەوە دەجوڵێت، هەربۆیە وادیارە کە نیەتەکە داگیرکردنی مەریوانە. ئەوەی سەرەوە ئاماژەیە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە دژ بە یازوو ئەنجام دراون.

ج.ڕ.هـ

٢٨ی نیسان

لە: تایبەت، پێنجوێن.

 

پاشکۆ

داڕشتنەوە، نهێنی، لە تارانەوە، گرنگ

بۆ : فڕۆکەوانی بەغداد

Y/٢٢٨

هەر هەواڵێک کە بەڕادەی پێویست گرنگ و ورد بێت سەبارەت بە جوڵەکانی دوژمن، ئەوا بۆم دەناردن (بە سیم)، بەڵام هەتا ئەمڕۆ نیە. جگەلەوەش من بەو گریمانەیە مامەڵەم کردووە، کە لەکاتێکدا لە جوڵەدان، فەرماندەی هێزەکە دەیەوێت ئاگاداربن لە بارودۆخەکە. ژمارە ا/٨٥٢ تان لە ٢٥ نیسان.  

هەر هەواڵێکی دیکە کاتێک کە وادابنرێت بە ئەندازەی پیوێست وردە، بۆتان دەنێرم. بڕوانە نێردراوەکەی دوینێم کە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ڕەوانەکراوە.

ج.ڕ.هـ

٢٦ی نیسان

لە: تایبەت، پێنجوێن.

 

پاشکۆ

داڕشتنەوە، نهێنی، لە تارانەوە، گرنگ

بۆ : فڕۆکەوانی بەغداد

١/٨٥٢

لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ٢٠ی نیسانەوە، ئێمە هیج هەواڵێکمان لە تۆوە بە هیچ شێوەیەک بەدەستنەگەیشتووە. بەیەکجار هەمووی بەتەواوی بنێرە. ئێوە بە بێئاگایی تەواو لە بارودۆخی گشتی و جوڵەکانی مەحمود، هەروەها سەبارەت بە هێز و مەیلی دوژمن و پێکهاتەی دوژمن بارەگاکانتان بەجێهێشتووە.

ج.ڕ.هـ

٢٥ی نیسان

لە: تایبەت، پێنجوێن.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure