سه‌ڵاح سالار
شازاده و شاعیر ناوی نوێترین ڕۆمانی ئه‌ندازیار و نووسه‌ری دیاری گه‌له‌كه‌مان خوسره‌و جافه. ئه‌م ڕۆمانه 495 لاپه‌ڕه‌یه و وه‌ك نووسه‌ر خۆی ئاماژه‌ی پێداوه چوار ساڵ پێوه‌ی خه‌ریك بووه.
ته‌نانه‌ت له سلێمانی، یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد كۆڕێكیان بۆ سازدا، به‌نده به‌شداریی كۆڕه‌كه‌یم كرد، به‌ڵام ئه‌وكات ڕۆمانه‌كه‌م نه‌خوێندبوويه‌وه، بۆیه هیچ قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر نه‌كرد.
له‌وێش نووسه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی له پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا نووسیویه‌تی باسی كرده‌وه و زۆر به ڕاشكاویی له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ی مه‌ستووره قسه‌ی كرد و جه‌ختی ده‌كرده‌وه كه شیعری نالی نییه و هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی عه‌قڵیی ده‌هێنایه‌وه كه له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌شدا باسی كردووه، له‌وانه: نالی ئه‌و كاته ژنی نه‌هێناوه، ئیتر چۆن ئه‌وه‌نده شاره‌زایی له ئه‌ندامی زاوزێی ئافره‌ت هه‌یه تا به‌وشێوه ورده باسی بكات؟ دووه‌م: نالی ئوستادی شیعر و زمانه چۆن هه‌شت جار وشه‌ی قڵیشان له‌و شیعره‌دا به‌كارده‌هێنێت.
باسێكی نووسینه كۆنه‌كانی تری خۆی كرد، كه كاتی خۆی به‌لێشاو به‌ر ڕه‌خنه دراوه، وتی: منیش له مه‌سعوود محه‌مه‌دم پرسی مامۆستا ئه‌وه بۆچی؟ ئه‌ویش وتى: له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كه: یه‌كه‌م: ئه‌وانه‌ن كه به‌خیلن و به‌خیلییت پێ ده‌به‌ن. دووه‌م: ئه‌وانه‌ن خۆیان به‌تۆدا هه‌ڵده‌زنن تا ده‌ربكه‌ون. جا ئامۆژگارییت ده‌كه‌م وه‌ڵامی كه‌سیان مه‌ده‌ره‌وه. گوتی: ئیتر له‌وكاته‌وه كردوومه به نه‌ریت وه‌ڵامی هیچ كه‌سم نه‌داوه‌ته‌وه كه له‌سه‌ریان نووسیوم.
بۆیه منیش چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی لێناكه‌م و ته‌نیا چاوه‌ڕێم له خه‌ڵكی تره كه سه‌رنجی خۆیان هه‌بێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌خنه‌كانی من و ڕۆمانه‌كه‌ی نووسه‌ر بكه‌ن.
ناساندنی نالی:
با كۆڕه‌كه‌ی به‌جێبهێڵین بچینه‌وه بۆ ناو كۆڵانه ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه و سه‌رێك له‌و باڵه‌خانه به‌رز و زه‌ریفه بده‌ین له باخچه جوانه‌كه‌یدا گوڵه‌وه‌چنێیه‌ك بكه‌ین.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین ئه‌م ڕۆمانه كارێكی جوان و به نرخه و وه‌ك نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێت: یه‌كجار زه‌ریفه. زانیاریی باشی تێدایه و جارێكی تر (نالی)ی مه‌زنمان پێده‌ناسێنێته‌وه و سه‌باره‌ت به خاكوخۆڵیش به‌رچاومان ڕوون ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وكات خاكوخۆڵ گوند نه‌بووه و ته‌نیا هه‌وارگه‌یه‌كی جاف بووه.
سه‌باره‌ت به كه‌سوكاری نالی شتی نوێ ده‌بیستین، بۆ نموونه: باسی باب و باپیران و برا و خوشك و دایك و باوه‌ژن و زۆر شتی تر.
له پێشه‌كی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت: (ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر نالییان نووسیوه له خۆیان نه‌پرسیوه ئه‌م خاكوخۆڵه له كوێدایه، دێیه، شاره‌دێیه، شارۆچكه‌یه؟ هیچ یه‌كێك له‌و براده‌رانه نه‌یانزانیوه خاكوخۆڵ ته‌نیا هه‌وارگه‌یه‌ك بووه و به‌س).
دواتر ده‌رباره‌ی باپیرانی نالی ده‌ڵێت: (باوكی نالی، ئه‌حمه‌دی كوڕی شاوه‌یسی كوڕی قه‌ره‌وه‌یسی كوڕی مسته‌فابه‌گ كوڕی وه‌یسی كوڕی عه‌لی به‌گه. باوكی نالی ئه‌و ده‌م دوو هه‌زار و پێنج سه‌د سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتی هه‌بووه، جگه له به‌رزه وڵاخ و ڕه‌شه وڵاخ).
سه‌باره‌ت به دایك و براكانی نالی ده‌ڵێت: (دایكی نالی ناوی ئاڵتوون بووه، باوكی نالی ژنێكی تریشی هه‌بووه به‌ناوی مه‌ریه‌م. له‌و دوو ژنه ئه‌حمه‌دی شاوه‌یس شه‌ش منداڵی هه‌بوو، چوار كوڕ و دوو كچ، به‌م ناوانه: خدر، قادر، محه‌مه‌د، حسێن، له‌یلا، زڵێخا).
ئیتر نووسه‌ر ڕه‌خنه له‌وانه ده‌گرێت كه وتوویانه نالی كوڕه هه‌ژارێك بووه، ئه‌و ده‌ڵێت: باوكی نالی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه و ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌ی هه‌بووه، بۆیه نالی وه‌ك فه‌قێی تر به ڕاتبه و پاره‌ی سه‌ده‌قه و نانی خه‌ڵك نه‌ژیاوه، به‌ڵكو باوكی شوێن به شوێن كه‌سێكی له‌گه‌ڵ ناردووه و ماڵی بۆ گرتووه و پاره و خه‌رجیی بۆ دابینكردووه.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه نووسه‌ر ده‌ڵێت: باوكی نالی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه ڕاست ده‌كات، چونكه جاران هه‌ركه‌س مه‌ڕ و ماڵات و ده‌وڵه‌تی زۆری هه‌بوو بێت، ئه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، ئه‌وكاته پاره زۆر نه‌بووه، ده‌وڵه‌ت و كشتوكاڵ و به‌روبووم زیاتر هه‌بووه. ته‌نانه‌ت وشه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند له بنه‌ڕه‌تدا له وشه‌ی (ده‌وڵه‌ت‌مه‌ند)ه‌وه هاتووه، واتا ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی زۆر بووه، ده‌وڵه‌تیش واتا مه‌ڕ و ماڵات.
ئه‌مه ناساندێكی باشه، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی باسی باوكی نالی و قادری برا بچووكی نالی ده‌كات به كورتی و زۆر به كورتتریش ڕۆڵی دایكی نالی ده‌بینین، ئیتر باسی خوشك و براكانی له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناكات، كه ده‌كرا شتێكی بۆ ئه‌وانیش ته‌رخان بكردبایه تاكو تام و چێژی زیاتر بداته ڕۆمانه‌كه‌ی.
نووسه‌ر پاشان ده‌ست ده‌كات به ڕۆمانه‌كه‌يی و له 50 به‌شدا كۆتایی پێده‌هێنێت، ڕۆمانه‌كه به گه‌ڕان به‌دوای ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌كانی نالییدا له توركیا ده‌ستپێده‌كات و به دۆزینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالی له ماڵی نه‌وه‌ی هاوسه‌ری یه‌كه‌می نالی كه تورك بووه و ناوی خانم به‌هاری یه‌شارزاده‌یه، ئیتر ده‌روازه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالی ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌م به‌شه سه‌ره‌كییه‌ی ڕۆمانه‌كه سه‌رجه‌می خه‌یاڵه و به كۆمه‌ڵێك زانیاری مێژوویی ناو هۆزی جاف و عه‌شیره‌تی میكایه‌ڵی و ئه‌ماره‌تی بابان و ئه‌رده‌ڵان و شاره‌كانی سلێمانی و سنه و زۆر كه‌سایه‌تی و شوێنی تر و ڕووداوی مێژوویی ڕۆمانه‌كه‌ی به جوانیی داڕشتووه و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردووه.
خوسره‌و جاف هه‌ر له پێشه‌كییه‌دا پێمان ده‌ڵێت: (له‌بیری نه‌كه‌ی، من ڕۆماننووسم نه‌ك مێژوونووس، نووسینی ڕۆمانی مێژوویی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ڕۆماننووس به‌پێی نیازی ته‌كنیكییه‌وه ده‌توانێ ده‌ستكاری له هه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كاندا بكا و تاڕاده‌یه‌ك گۆڕانكاری تیادا ئه‌نجام بدا).
به‌ڵام ئه‌م بیرخستنه‌وه‌یه نابێته پاساو بۆ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌ی مێژوویی كه ئاسمان و ڕێسمان جیاوازییان هه‌بێت. هه‌ركه‌س ڕۆمانه‌كانی خوسره‌و جاف بخوێنێته‌وه سۆزدارییه‌كی زۆر بۆ جاف و به‌تایبه‌تیش به‌گزداه‌كانی جاف ده‌بینێت، ئه‌مه مافی خۆیه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كان نه‌بێت. له ڕۆمانی (پاشایان كوشت)دا كه تایبه‌ته به ژیانی حه‌مه پاشای جاف كه باپیری خۆیه‌تی، جوان ڕۆمانه‌كه‌ی نووسیوه و داڕشتووه.
هه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا باسی خیانه‌تی عوسمان به‌گی بابان ده‌كات به‌رانبه‌ر جاف، كه شه‌ڕی بابان و ئه‌رده‌ڵان ڕووده‌دات، جاف به‌سه‌ركردایه‌تی كه‌یخوسره‌و به‌گی جاف، كه سه‌رۆكی ئێلی جاف و باوكی حه‌مه پاشای جاف و كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كورده لایه‌نگری بابان ده‌كه‌ن و سه‌ر ده‌كه‌ون، به‌ڵام عه‌بدوڵڵا به‌گی كوڕی بریندار ده‌بێت، به فیتی عوسمان به‌گی بابان برینه‌كه‌ی ژه‌هراوی ده‌كرێت و ده‌مرێت. له‌و ڕۆمانه‌دا ده‌ڵێت ته‌رمه‌كه‌یان له گردی سه‌یوان ناشت و به عاجزیی و نیگه‌رانییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنی خۆیان. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا نووسه‌ر دوای ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه و گه‌ڕانی زۆرتر بۆچوونی خۆی گۆڕی و گووتی: عه‌بدوڵڵا به‌گ له گردی سه‌یوان نه‌نێژراوه و هێنراوه‌ته‌وه بۆ گۆڕستانی سه‌یدسادق و له‌وێ به‌خاكسپێردراوه.
له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ی ڕاستكردووه‌ته‌وه، كه دیسانه‌وه باسی هه‌مان ڕووداو ده‌كات، ده‌ڵێت: (ته‌رمه‌كه‌یان برده‌وه بۆ شاره‌زوور).
مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وه بابه‌تی ڕۆمانی مێژووییه و هه‌ر خۆی ڕاستی كرده‌وه و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌ڵه مێژوویيه بووه. بۆیه ده‌كرێت هه‌ڵه مێژووییه‌كان ڕاست بكرێنه‌وه و نابێت به‌ناوی خه‌یاڵ و ڕۆمانی مێژووییه‌وه، نه‌ك كتێبی مێژوونووسین، ئیتر ده‌ستبه‌ردارییان ببین و په‌نجه نه‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه زۆر زه‌ق و كوشنده‌ن.
من ڕه‌نگه ئیتر بابه‌تی سۆز و خۆشه‌ویستی نووسه‌ر بۆ هۆزی جاف و باب و باپیرانی زه‌ق نه‌كه‌مه‌وه، چونكه مافی خۆیه‌تی و جافیش هۆزێكی گه‌وره و به‌رچاوی كورده و خزمه‌تێكی زۆریان كردووه و نكۆڵیی له گه‌وره‌یی و جوانییه‌كانی جاف وه‌ك نكۆڵییه له تیشكی ئه‌ستێره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م هۆزه‌ش وه‌ك ئه‌وانی تر سته‌م و خراپه و تاوانیشی هه‌یه، به‌ڵام من هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆزه‌كان ناكه‌م تا بچمه نێو ئه‌و ته‌فاسیله‌وه، هه‌رچه‌نده له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌بینیت به زه‌قی ئه‌ماره‌تی بابان زه‌ربی سفر ده‌كات و ئێلی جاف و كه‌یخوسره‌و به‌گ و حه‌مه پاشای جاف زۆر له‌وان گه‌وره‌تر ده‌كات و ئه‌وان ته‌واو ده‌شكێنێت، كه ئه‌مه ناڕه‌وایه و هه‌موو كه‌س ده‌زانێت بابان ئه‌ماره‌ته و جافیش هۆزه و توانا و لێهاتوویی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م دووانه له مێژوودا به‌راورد ناكرێت و هاوشان نابنه‌وه، به‌ڵام جاف هه‌ر سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌یه وه‌ك پێشتر باسم كرد.
زمانی ڕۆمانه‌كه:
نووسه‌ر تاڕاده‌یه‌كی باش ڕۆمانه‌كه‌ی به زمانی جافی نووسیوه و وشه و ده‌سته‌واژه‌ی كۆنی خزاندووه‌ته ناو دێڕه‌كانه‌وه و كاره‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ر خۆشتر و به‌چێژتر كردووه. هه‌ندێك جار وشه‌ی جوان و نوێمان فێر ده‌كات كه نه‌وه‌ی ئێستا زۆرینه‌ی ڕه‌های نه‌یبیستووه، بۆ نموونه وشه‌ی (نه‌بیره)، كه ئێمه ته‌نیا باب و باپیر و باپیره گه‌وره ده‌زانین، به‌ڵام نه‌بیره واتا چوار پشت زیاتر و به‌روژووتر. زۆر وشه‌ی جوانترمان بیر ده‌خاته‌وه و فێرمان ده‌كات.
كه‌چی ئه‌م نووسه‌ره زمانپاراوه، هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌قیش له زمانی دایكدا ده‌كات، بۆ نموونه له كوردیدا پیاو به برای هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت (ژنبرا)، كه‌چی ئه‌م له زمانی نالییه‌وه ده‌ڵێت: نووسینه‌كانم سپاردووه به ئۆرخانه‌فه‌ندی براژنم. له‌كاتێكدا ئۆرخان ژنبرایه‌تيی و برای هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی.
له‌شوێنیكی تردا ده‌ڵێت: (نامه‌كه‌ی عومه‌ری كوڕی عاس)، له‌كاتێك ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناوی عه‌مری كوڕی عاسه.
نه‌شاره‌زایی ئایینی:
له‌به‌رئه‌وه‌ى نووسه‌ر شاره‌زایی له ئایینی ئیسلامدا نییه هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌قی كردووه، كه ئه‌مانه ناچنه خانه‌ی خه‌یاڵ و فه‌نتازيیای ڕۆماننووسینه‌وه، بۆ نموونه نووسه‌ر نازانێت نوێژی جه‌ژن و هه‌ینی وه‌ك یه‌ك نین.
له سه‌ره‌تای به‌شی (9)دا باسی نوێژی هه‌ینی مزگه‌وتی ئومه‌وی ده‌كات، ده‌ڵێت: (شێخ به‌رنوێژی ته‌واوكرد و هه‌ڵكشایه سه‌ر مینبه‌ر). ئه‌مه له‌كاتێكدا له نوێژی هه‌ینیدا وتاری هه‌ینی ته‌واو ده‌كرێت ئینجا نوێژ ده‌خوێنرێت. كه‌مێك پاشتر دیسانه‌وه دێته‌وه سه‌ر حه‌ماسه‌تی وتاری وتاربێژه‌كه و ده‌ڵێت: (شێخ به‌و زستانه شه‌ڵاڵی عاره‌ق ببوو، له مینبه‌ره‌وه یه‌كڕاست به‌ره‌و لای من هات و له ته‌نیشتمه‌وه چوارمشقی لێی دانیشت). ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان هه‌ڵه‌ی پێشووه و به‌و حسابه بێت نوێژی هه‌ینییان هه‌ر نه‌كردووه، نووسه‌ر وه‌ك خۆی پابه‌ندی ئه‌ركه ئایینییه‌كان نییه شاره‌زاییشی لێی نییه و هه‌ڵه‌ی زه‌ق ده‌كات.
له به‌شی (11)شدا دیسان ده‌ڵێت: (شێخ عه‌بدولڕه‌حمان وه‌ك هه‌میشه قامه‌تی دابه‌ست و لای به‌دواوه نه‌كرد تا بزانێت ڕیزبه‌ندی نوێژكه‌ران چه‌نده و چۆنه، به‌رنوێژی ته‌واوكرد و به مینبه‌ردا سه‌ركه‌وت، وه‌ك هه‌فته‌كانی پێشوو كه‌وته باسی ڕێزداريی و پێگه و جێگه‌ی خه‌لیفه‌ی ئیسلام).
نه‌ده‌بوو نووسه‌ر ئه‌وه‌نده بێ ئاگا بێت له ئیسلام و چۆنیه‌تی نوێژ و وتاری هه‌ینی و ئاوا نه‌زانانه شانی بداته به‌ر.
ئه‌م جۆره هه‌ڵانه هه‌ر ئه‌وه نییه، له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌شدا كاتێك باسی ئه‌وه ده‌كات كه نالی سه‌ردانی مه‌ككه‌ی كردووه و ئه‌ميرى مه‌ككه ڕێزی گرتووه و خانووی بۆ دابینكردووه. لێره‌دا ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه نووسه‌ر هیچ له باره‌ی مه‌ككه و مه‌دینه نازانێت.
ئینجا سه‌یر بكه بزانه ده‌ڵێت چی (هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م ته‌واوكرد له مزگه‌وتی په‌یامبه‌ری خوداوه، بانگی به‌یانم هاته گوێ).
له به‌شی (45)ی ڕۆمانه‌كه‌دا دیسانه‌وه كه باسی مانه‌وه‌ی نالی له شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز ده‌كات، ده‌ڵێت: (من له نزیكی مه‌زاری په‌یامبه‌ری خوادا خۆم به غه‌ریب نازانم). له به‌شی (46)يشدا دووجار هه‌مان هه‌ڵه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌تا له بنده‌ستی مه‌زاری په‌یامبه‌ریشدا ئاسووده‌گیم به‌ده‌ست نه‌هێناوه). هه‌ر پاش په‌ره‌گرافێك دیسانه‌وه ده‌ڵێت: (هه‌ینی وه‌ك هه‌میشه به‌نده و شێخ محه‌مه‌د و شێخ شه‌هابودین له نوێژی هه‌ینیدا له مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر به‌شداریمان كرد و ئێواره‌كه‌ی له دیوانی ئه‌میردا كۆبووینه‌وه). وه‌ك وتم ئه‌و میوانی ئه‌میری مه‌ككه بووه. له لاپه‌ڕه 400 و 401 دیسانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه هه‌مان هه‌ڵه، ده‌ڵێت: (ئه‌وه په‌یامبه‌ری خوایه وا ئێمه له مه‌زاره‌كه‌یه‌وه نزیكین)، جارێكی تر ده‌ڵێت: (به‌رنامه‌یه‌كم بۆخۆم داڕشتبوو ده‌بوایه ئه‌نجامم بدابا، ئه‌ویش خواحافیزی له مه‌زاری په‌یامبه‌ر).
نووسه‌ر لێره‌دا هێنده نه‌شاره‌زایی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه كه پاساوی هیچ شتێكی تێدا نییه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌وپێیه نالی له مه‌ككه بووه، چونكه چه‌ند جارێك باسی ئه‌میری مه‌ككه و ماڵه‌كه‌ی نالی له‌وێ ده‌كات، به‌ڵام گۆڕی په‌یامبه‌ری ئیسلام (د.خ) له شاری مه‌دینه‌یه و مزگه‌وتی په‌یامبه‌ریش هه‌ر له مه‌دینه‌یه، ئه‌وه‌ی له مه‌ككه‌یه ڕووگه‌ی مسوڵمانانه نه‌ك مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر و ئارامگای په‌یامبه‌ر. ئه‌مه له‌كاتێكدا نێوانی مه‌ككه و مه‌دینه زۆر دووره و ئه‌گه‌ر نالی له سلێمانییه‌وه بڕۆشتبا بۆ شاری سنه و خوارتریش هێشتا ئه‌وه نزیكتر و ئاسانتره تا ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نه‌زانێت ئه‌و دوو جێگه‌یه چه‌نده له یه‌كه‌وه دورن. له هه‌مووی ناخۆشتریش ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕۆمانه به‌ناوی نالی خۆیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و گوایه ئه‌مه ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كه‌ی نالیی مه‌زنه، كه له ئه‌سته‌نبوڵ دۆزیویه‌تييه‌وه. بۆیه هه‌ڵه قورسه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌یخاته سه‌ر شانی شاعیر و زانای گه‌وره‌ی ئه‌م دینه نالی گه‌وره و به‌ناوبانگ.
هه‌ڵه‌ی چاپ:
جگه له هه‌ڵه‌ی مێژوویی و زانیاریی ناو ڕۆمانه‌كه، هه‌ڵه‌ی چاپیش گرفتێكی دیكه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌یه و هه‌ندێ جار مانای گۆڕیوه، ته‌نیا یه‌ك نموونه ده‌هێنمه‌وه، له لاپه‌ڕه 123دا باسی سوڵتان مه‌حموودی دووه‌م ده‌كات و، ده‌ڵێت: (سوڵتان مه‌حموودی دووهه‌م، سێهه‌م سوڵتانی عوسمانی). له‌كاتێك ئه‌و سیهه‌م سوڵتانی عوسمانییه نه‌ك سێهه‌م، ئه‌مه‌یان دیاره هه‌ڵه‌ی چاپه و سی كردووه به سێ.
هه‌ڵه‌ی چاپ له ڕۆمانه‌كه‌دا زۆره و ئه‌مه ته‌نیا یه‌ك نموونه‌یه.
هه‌ڵه‌ی مێژوویی:
له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌ڵه‌ی مێژوویی زۆر سه‌یر هه‌ن، كه نه‌ده‌بوو خوسره‌و جاف به‌و هه‌موو خوێنده‌واریی و نووسین و ئاستی هۆشیارییه‌ی به‌سه‌ر مێژووی كورد و هۆزه‌كاندا هه‌یه‌تی بكه‌وێته هه‌ڵه‌ی ئاوا گه‌وره و بێ پاساو.
ڕه‌نگه تۆی خوێنه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌ڵه‌كانی پێشتری نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ئیسلام و هه‌ڵه ئایینییه‌كانى پاساوێكی له‌رزۆكی بۆ بێنیته‌وه و بڵێیت: ئه‌و هیچ تێكه‌ڵییه‌كی به دینه‌وه نییه و ئه‌گونجێ هه‌ڵه‌ی وای كردبێت، كه من ئه‌و پاساوه‌ش قبوڵ ناكه‌م بۆ نووسه‌ر و كاری نووسین وه‌ك پێشتریش باسم كردووه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵه زه‌قانه‌ی تر كه هی مێژووی كوردن چی ده‌ڵێیت؟
نووسه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌یدا باسی فه‌قێكانی هاوڕێی نالی ده‌كات، یه‌كێك له‌وانه ناوی فه‌قێ (جه‌میل)ـه، ورده ورده پێمان ده‌ناسێنێت كه فه‌قێ جه‌میل و دواتریش مه‌لا جه‌میل كێیه، دیاره مه‌به‌ستی (جه‌میل سدقی زه‌هاوی) شاعیره، وه‌نه‌بێ ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ی چاپ بێت، چونكه له چه‌ند شوێنی جیاجيا و به‌شی جیاجیا ناوی ده‌هێنێت و باسی شیعره‌كانی خۆيی و ئه‌ویش ده‌كات. له به‌شی 20ی ڕۆمانه‌كه‌دا زۆر به زاڵییه‌وه ده‌ڵێت: به فه‌قێ جه‌میلم وت: كوڕی مام سدقی... هتد.
ته‌نانه‌ت له كۆتایی به‌شی 21دا له زمانی شێخ عه‌بدوڵڵای خه‌رپانییه‌وه كه مامۆستای نالی و محه‌مه‌د فه‌یزی زه‌هاوییه ـ نه‌ك جه‌میل سدقی زه‌هاوی ـ ده‌ڵێت: ئه‌م فه‌قێ جه‌میله خه‌ڵكی ناوچه‌ی زه‌هاوه، یه‌ك مانگی ماوه ببێته مه‌لا، ناوی باوكی سدیقه، جا داواكارم له ئێستاوه پێی بڵێن مه‌لا جه‌میل سدقی زه‌هاوی.
ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی زل و زه‌قه، چونكه ڕۆمانه‌كه له‌سه‌ر زمانی بیره‌وه‌رییه‌كانی نالییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و له‌سه‌ر زمانی مامۆستاكه‌ی نالیشه‌وه ئه‌م قسه بێ بنه‌مایه ده‌خاته ڕوو.
له‌كاتێكدا جه‌میل سدقی زه‌هاوی هاوته‌مه‌نی نالی نییه و ساڵی 1863 له‌دایكبووه و 1936 كۆچی دوایی كردووه. له‌وه‌ش خۆشتر ئه‌وه‌یه جه‌میل كوڕی مام سدقی و سدیق نییه، به‌ڵكو كوڕی محه‌مه‌د فه‌یزی زه‌هاوییه و سدقی نازناوی شیعرييه‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ورده‌كاری زیاتریش بكه‌ین ئه‌وا خانه‌واده‌ی موفتی زه‌هاويی و جه‌میل سدقی به بنه‌چه بابانن، باوكی جه‌میل سدقی خه‌ڵكی سلێمانییه و له سلێمانی له‌دایكبووه و فه‌قێ و هاوڕێی سه‌رده‌می نالی بووه و دواتر له به‌غداش نیشته‌جێ بوون و جه‌میل سدقی هه‌ر له‌وێش له‌دایكبووه و مردووه، زه‌هاوی نازناوی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه.
ئیتر نازانم خوسره‌و جاف ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه‌ی له‌كوێ هێناوه؟ ئه‌وه‌ی كه فه‌قێ و هاوڕێی نالی بووه موفتی زه‌هاوی بووه نه‌ك جه‌میل سدقی زه‌هاوی. جه‌میل سدقی نالی به‌چاویش نه‌دیووه و ته‌نیا وه‌ك من و تۆ ناوی بیستووه.
له شوێنێكی تر ده‌ڵێت: وه‌ڵه‌د به‌گی جاف هاتووه و داوای ئه‌سپه شێی قادری برای نالی ده‌كات بۆ سڵێمان به‌گی بابان. ده‌ڵێت: (وه‌ڵه‌د به‌گ وتی: سڵێمان به‌گ زاوامه و مێردی په‌ریزادی خوشكمه). له په‌ڕه‌ی دواتر باسی جێگره‌وه‌ی مه‌حمود پاشای بابان ده‌كات و ده‌ڵێت: (دوو كه‌س ده‌توانن ببنه جێگره‌وه‌ی مه‌حمود پاشا، كه سڵێمان به‌گ و حه‌سه‌ن به‌گن، حه‌سه‌ن به‌گ دایكی جافه و خوشكی وه‌ڵه‌د به‌گه).
ئه‌مه نازانم چۆن ڕێككه‌وتێكه ئه‌م دووبرایه یه‌كێكیان كوڕی خوشكی وه‌ڵه‌د به‌گ و ئه‌وی تریش مێردی خوشكی وه‌ڵه‌د به‌گه؟!
نالی و مه‌ستووره:
ئه‌سڵی ڕۆمانه‌كه به‌ناوی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌وه‌یه، نووسه‌ر هاتووه نالی كردووه به مامۆستای مه‌ستووره‌ی كوردستانی، ئه‌مه بۆ فه‌نتازیا و بابه‌تی داڕشتن و خه‌یاڵی ناو ڕۆمان ده‌گونجێت و تاڕاده‌یه‌كی كه‌م ئاساییه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دوو كه‌سه حه‌قیقه‌تن و شاعیری دیار و كه‌سایه‌تیی هه‌ڵكه‌وتوون ناڕاستی له‌ناو چیرۆكه‌كه‌دا خراپه و سه‌ر له خوێنه‌ری داهاتوو ده‌شێوێنێت.
هه‌موومان ده‌زانین نالی له سنه قوتابیی بووه و ده‌ر‌سی خوێندووه و مامۆستا نه‌بووه، سه‌باره‌ت به شیعره‌كه‌ی نالی بۆ مه‌ستووره خانم، خوسره‌و جاف هاتووه خه‌یاڵێكی زۆری داڕشتووه و بۆچوونی بێ بنه‌ما ده‌كاته پێوه‌ر و پیاوێكی له خه‌یاڵ دروستكردووه تا بیسه‌لمێنێت ئه‌م شیعره هی نالی نییه و هی ئه‌و مه‌لا مه‌قسووده‌یه.
ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌ڵگه‌ی ئه‌وه بخاته ڕوو كه شیعره‌كه له مسته‌وای نالی‌دا نییه و چۆن ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه هه‌شت جار وشه‌ی قڵیشان له یه‌ك شیعردا به‌كارده‌هێنێت؟ یان نالی كه ژنی نه‌بووه و پیاوێكی خواناس و پاكیزه بووه ئه‌م هه‌موو شاره‌زاییه‌ی له ئه‌ندامی زاوزێی ژن له‌كوێ بووه و چۆنی زانیوه؟
ده‌بێت نووسه‌ر ئه‌وه بزانێت له‌ناو زاناكانی پيشوودا بابه‌تی هۆشیاری سێكسی وه‌ك كتێب و كوڕاسه هه‌بووه و له‌ناو فه‌قێ و مه‌لاكانیشدا ئاسایی باسی ئه‌و بابه‌تانه كراوه و زانیاریی و هۆشیاریی زۆریشیان لێی هه‌بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی زۆر خوێنده‌وار بووبێت شتی زیاتری دیوه و زانیوه و خوێندووه‌ته‌وه.
پاشان ئه‌م شیعره وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت: نالی شیعرێكی 49 به‌یتی هۆنیوه‌ته‌وه، بۆ جوانكردن و ڕازاندنه‌وه‌ی وه‌ستاییه‌كی یه‌كجار زۆری تێدا به خه‌رج داوه، كێش و قافیه‌ی هه‌ر 98 دێڕه‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك داڕشتووه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره بخوێنێته‌وه بڕوای زۆری هه‌یه كه هی نالییه، چونكه له ئاستێكی زۆر به‌رزی شیعریدا نووسراوه، كه‌م شاعیر هه‌بووه بتوانێت وه‌ك نالی شیعر بنووسێت و شیعره‌كه‌ی له هی نالی بچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌لا مه‌قسووده ئه‌وه‌نده شاعیر بووه و توانیویه‌تی لاسایی نالی بكاته‌وه، بۆچى كه‌س باسی ناكات و بۆ به‌رهه‌می نالی ئاسای نییه؟ بۆیه ئه‌م خه‌یاڵه له قسه‌یه‌كی پووچ زیاتر نییه.
سالم و كوردی:
له‌م ڕۆمانه‌دا سالم وه‌ك هاوڕێی نالی ناوی هاتووه، ته‌نانه‌ت نووسه‌ر سالم ده‌باته شام و نالی ده‌بینێته‌وه و ژن بۆ سالم ده‌هێنێت و تێر و پڕیش پێكه‌وه سوكایه‌تی به میرانی بابان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مانه له‌وان به‌دوور بووه، سالم هه‌ر به سه‌ڵتی سه‌ری نایه‌وه و خۆشه‌ویستی زۆریشی بۆ ئه‌ماره‌تی بابان هه‌بووه، با له میرێك نزیك و له میرێك زویر بووبێت. سالم یه‌ك دوو جار ناوی هاتووه، به‌ڵام كوردی كه ئامۆزای سالم و به هه‌رسێكیان ده‌وترێت سێكوچكه‌ی بابان له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناوی نه‌هاتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نالی و كوردی خه‌ڵكی یه‌ك شار و یه‌ك سه‌رده‌م و هاوڕێی نزیكی یه‌كتر نه‌بن.
ته‌نانه‌ت حه‌بیبه‌ش زۆر به كه‌می ناوی هاتووه و ته‌نیا له په‌راوێزی ژیان و خه‌یاڵدانێكی نالی‌دا تارماییه‌كی هه‌یه و ئه‌و ناوه نییه، كه خۆشه‌ویستی نمره یه‌كی نالی بووبێت.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم، ئه‌م ڕۆمانه كاری جوانی زۆر تیدایه و زمانی نووسینه‌كه‌ی خۆش و بێ گرێ و گۆڵه، نالی زۆر ده‌بات و ده‌هێنێت و تا ئه‌زهه‌ر و شیراز و شوێنانی تر ده‌بات و گه‌وره‌یی نالی پیشان ده‌دات، دیمه‌نی شارستانی سلێمانی و سنه و ئه‌سته‌نبوڵ و شام و شارانی تر ده‌خاته‌وه به‌رچاومان.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ شاره‌زایی زۆری نووسه‌ر له ژیانی كۆن و نوێی كورد و ناوچه‌كانی بابان و ئه‌رده‌ڵان و جاف و گۆران، كه‌چی ئه‌و هه‌ڵه زه‌ق و گه‌ورانه‌ى به‌سه‌ردا ڕۆيشتووه و ماوه‌ی چوار ساڵ كه كاری له‌م رۆمانه‌دا كردووه به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر داڕشتن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی كوشنده. بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك ئه‌ندازیار خوسره‌و جاف كه هه‌م نووسه‌رێكی دیار و هه‌م كوڕی ناو به‌گزاده‌ی جاف و ته‌مه‌نی نزیكه له پیاوه گه‌وره و شاره‌زاكانی ناو هۆزی جاف مایه‌ی سه‌رج و ڕامانه.
ـ هیوادارم نووسه‌ر وه‌ك جافی سینه ساف له نووسینه‌كه‌م بڕوانێت و ڕه‌خنه‌كانیش به دیاری گوڵ وه‌ربگرێت.