من سێڵفیم، کەواتە من هەم
من سێڵفیم، کەواتە من هەم
  2025/05/06     19 جار بینراوە    


من سێڵفیم، کەواتە من هەم

(گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی مەجازیدا)

پ.ى.د. کامەران محەمەد قادر

(من سێڵفیم، کەواتە من هەم: گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی مەجازیدا)ی ئیلیسا گۆدارت، کاریگەرییە قووڵەکانی کەلتووری دیجیتاڵی، بەتایبەتی سۆشیال میدیا و کەلتووری "سێڵفی"، لەسەر پێکهاتن و پەرەسەندنی شوناسی کەسیی ئاشکرا دەکات. لە ڕێگەی تێکەڵکردنێکی بێوێنەی فەلسەفە و دەروونناسییەوە، گۆدارت ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن بوونی سۆشیال میدیا لە هەموو شوێنێکدا تێگەیشتنمانی بەرامبەر بە خود گۆڕیوە، لە ڕەنگدانەوەی بەها کەسییە ناوەکییەکانەوە بۆ بونیادێکی ڕێکخراو و دەرەکی پشتڕاستکراوە، کە بەهۆی کارلێکە دیجیتاڵییە بەردەوامەکانەوە پێکهاتووە.

وه‌رگێڕی کتێبه‌که‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی (سه‌عید پینکراد) دەڵێت: بابەتی کتێبەکە سێڵفییە، کە هەموو شێوەکانی وەهم و لەدەستدان و فریودان و کەمێک ڕاستیی زانست و ژیان لەخۆدەگرێت. سێڵفی ئەرکه‌ خەیاڵکردەکەی لە ناوەڕۆکە تێڕامانی و پێشکەوتووییەکەی خۆی بەتاڵ کردووەتەوە و بە وێنەگەلێک جێگەی گرتووەتەوە کە گوزارشت لە واقیع ناکەن، بەڵکو لەسەر بنەڕەتی فیلتەرگەلێک پێشکەشیان دەکەن، کە (بنەڕەت!)ەکەی باشتر دەکات، یان خراپییەکانی چاک دەکات، یان کەموکوڕییەکانی پەردەپۆش دەکات. ئەمەش بابەتی “لایک” و “کۆمێنتەکان”ە لە ماڵپەڕەکاندا.

ئه‌و ڕاشکاوتر دەڵێت ئەوەی لە سۆشیال میدیادا ڕوودەدات، ڕووتکردنەوەیەکی تەواوە (Exhibitionism)، ئەمەش یەکێکە لە لادانە سێکسییەکان، لادانێک کە بە ئارەزووی مرۆڤ بۆ دەرخستنی بەشە تایبەتەکانی جەستەیی و وەستان، یان ڕۆیشتن بە ڕووتی لەبەردەم خەڵکیدا بەمەبەستی بەدەستهێنانی چێژی سێکسی جیادەکرێتەوە. جیاوازی چییە لە نێوان کیم کارداشیان، کە ئەستێرەیەکی ساختەیە و تاکە بەهرەکەی بریتییە لە "گۆشتێکی زیادە" کە بە درێژایی کاتژمێرەکان لە فەزای مەجازیدا بڵاویدەکاتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی خوێندەوار کە هەموو ڕۆژێکیان بە باسکردنی وردەکارییەکانەوە بەسەر دەبەن؟ کە هەتا دوێنێ دووەمیان بە پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ دادەنرا و خەڵکی سوربوون لە سەر پارێزگاریلێکردنی.

ناونیشان

هەڵبژاردنی ناونیشانی (من سێڵفیم کەواتە من هەم) لەلایەن (ئێلسا گۆدار) بۆ کتێبەکە، وەک جێگرەوەیەک بۆ دەستەواژەیەکی بنەڕەتی لە مێژووی فەلسەفەدا، “من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم” ی ڕێنی دیکارتەوە، ئاماژەیە بۆئەوەی کە (سێڵفیی) گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر گرنگ: دەربڕینی دیدێکی نوێیە، کە ناتوانرێت لە داهاتوودا پشتگوێ بخرێت. هەروەها ئاماژەیە بۆ لەدایکبوونی خودێک، کە دەبێت بەردەوام وەک مەرجێک بۆ شۆڕشێکی نوێ دروست بکرێتەوە.

کتێبەکە بەشێوەیەکی گشتی باس لە جیهانی مەجازی دەکات، لەوانەش پرۆسەی وێنەگرتنی سێڵفی، یان وێنەگرتنی جیهانی دەرەوە. دیاردەی “سێڵفی” لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ زۆر کەس جێگەی تێڕامان و تێگەیشتن و پەیبردن بە واتاکانی بووە.

 هەربۆیە وێنەگرتنی سێڵفی بووەتە کردەوەیەکی جەوهەری، کە لە هەموو ساتێکی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە، واتە وێنەگرتنی سێڵفی بووەتە هاوڕێیەکی هەمیشەیی بۆ هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ لە چالاکییەکانی ڕۆژانەیدا دەینێت، ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا یەک ملیار و سێ سەد مرۆڤ لەسەر زەوی، سووربوون لەسەر گرتنی وێنەی هەموو ئەو چالاکییانەی کە بەشدارییان تێدا کردووە.

ئیتر (واقیع) پەناگەیەک نییە، کە یادەوەری پەنای بۆ ببات و تێیدا بەدوای حەقیقەتەکانی بووندا بگەڕێت. بەڵکو بووەتە لافیتەیەکی دەرەکی کە چاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویدەکاتەوە. "خواردن"، "پیاسەکردنی کەنار دەریا" و "گەشتکردن" بوونەتە ڕووداوی گەورە. بۆیە کۆمێنتێکی ڕاگوزەریانە لەسەر ڕووداوێکی ڕاگوزەریی بوو بە "ئیمزا"ێکی ڕاستەقینە کە "لایک" و "پێزانینی"ی زیاتری وەرگرت لە تەواوی پاڵەوان و داهێنەرە ڕاستەقینەکانی مێژوو.

هۆکارەکانی نووسین

 پاڵنەرەکانی گۆدارت بۆ نووسینی (من سێڵفیم، کەواتە من هەم) لە نیگەرانییەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونی و کەلتوورییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر شوناسی خودیی. گۆدارت بەهۆی پاشخانە دەوڵەمەندە دەروونناسی و فەلسەفییەکەی، بەتەواوی ئاگاداری ئەوەیە کە خۆناسین چ گرنگییەکی گەورەی بۆ تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی سۆزداریی هەیە. هەروەها لە میانەی چارەسەرکردنی گۆڕانکارییەکانی پێکهاتنی ناسنامە، هەوڵدەدات بەرامبەر بە مەترسییە شاراوەکانی سۆشیال میدیا بە ئاگامان بێنێتەوە. بۆیە داوا لە خوێنەران دەکات، بیر لە دەرئەنجامەکانی ئەم کەلتوورە دیجیتاڵییە بکەنەوە.

گۆدار لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت “ئەوە ڕێگەی منە، وەک فەیلەسوفێک، دەروونناسێک، ژنێک و دایکێک، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەربەرییەتی جیهانێک کە چیتر تێیدا هەست بە ئاسوودەیی ناکەم، ئەوە پێشنیازی منە بۆئەوەی ئەم جیهانە واتایەکی هەبێت."

 تایبەتمەندییەکان

 یەکێک لە لایەنە هەرە دیارەکانی من سێڵفیم، کەواتە من هەم، بریتییە لە (بەکارھێنانی فرە میتۆدیی). گۆدارت لێکدانەوە فەلسەفییەکان دەربارەی سروشتی خود و شوناس لەگەڵ تێڕوانینە دەروونییەکان سەبارەت بە کاریگەرێتییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستیی ژیریی تێکەڵ دەکات. لە ڕێگەی ئەم هاوێنەوە، سۆشیال میدیا وەک ئامرازێک دەخاتە ڕوو، کە شوناسی لە دۆخێکی جێگیر و دامەزراو بۆ بارێکی ئەنجامدەر و پەرت گۆڕیوە.

 لەم چێوەیەدا گۆدارت چەمکی (کەلتووری سێڵفی) وەک فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی پێکهاتنی ناسنامە دەناسێنێت، کە ڕەگ و ڕیشەی لە بەدیهاتنی دەرەکیدا هەیە. لەبری ئەوەی تەنها دەربڕین یان گوزارشتکردنێک بێت لە خود، (سێڵفی) دەبێتە پرۆسەیەک، کە تاکەکان لە ڕێگەیەوە وێنەیەکی خوازراو بۆ وەرگرتنی کاردانەوەکان دروست دەکەن، کە لە شێوەی لایک و کۆمێنت و فۆڵۆوەردا خۆدەنووێنێت. ئەم بازنەی کاردانەوانە، وەک خۆی دەڵێت، شوناسێک دروست دەکات، کە بەردەوام بەدوای پەسەندکردندا دەگەڕێت، واتە پشتبەستنێک بە دووپاتکردنەوە مەجازییەکان دروست دەکات، نەک سەلماندنی خود لە جیهانی ڕاستەقینەدا.

 تایبەتمەندییەکی دووەمی کتێبەکە (ئاسانی دەستڕاگەیشتن)یەتی. هەرچەندە گۆدارت باس لە تیۆرییە ئاڵۆزەکانی شوناس دەکات، بەڵام بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش دەنووسێت و زۆر بە خێرایی و ئاسان بە جەماوەرێکی فراوان دەگات. بە تێکەڵکردنی (نموونەکانی جیهانی ڕاستەقینە) و ئەو (زمانەی کە بە ئاسانی واتاکان دەبەخشن) و (شیکارییەکی ورد)، کارەکانی گۆدارت پردێک لە نێوان گوتاری ئەکادیمی و بەرژەوەندی گشتیدا دروست دەکەن، ئەمەش وا دەکات تێڕوانینەکانی بەسەر هەر کەسێک کە ئاشنا بێت بە کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا پراکتیک بکرێت.

 ئەنجام و شوێنەوارەکان

1. خود وەک بابەتی نمایشکردن:

 گۆدارت گۆڕانکارییەکی گەورە لە (خۆدۆزینەوە) دیاری دەکات: لە خودێکی ناوەکی و شاراوەوە بۆ خودێکی بابەتیی و ئەنجامدەر. ئەو دەڵێت ئەم بابەتگەرییە بووەتە هۆی پرۆسەی پێکهێنانی شوناسێک کە ڕووبەڕووی فشار و بڕیارەکانی کۆمەڵگە دیجیتاڵییەکان بووەتەوە. لەبری خودێکی جێگیر و دامەزراو لەسەر ئەزموون و بەها کەسییەکاندا، خودی دیجیتاڵی ئەمڕۆ پەرت و ئەنجامدەرە، بەردەوام هەوڵی خۆگونجان دەدات و بەدوای بەدەستهێنانی لایک و قبوڵکردن و پەسەندکردنی ئۆنلایندا وێڵە.

 بۆ نموونە، گۆدارت ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن (پێویستی) بەردەوام بۆ پۆستکردن و وەرگرتنی لایک و کارلێککردن لەگەڵ فۆڵۆوەرەکان وایکردووە خودی دیجیتاڵی وابەستەی خۆسەلماندنی دەرەکی بێت، ئەمەش وایکردووە تاکەکان بۆ بەدیهێنانی بەهای خودیی خۆیان پشت بە کۆمەڵگە مەجازییەکان ببەستن. تاکەکان لە میانەی بەرجەستەکردنی خۆیان، بەدەست جۆرێک لە "نامۆبوون"ی خودی ناوەوەیان دەناڵێنن، بەوپێیەی شوناسەکەیان بەشێوەیەکی جیانەکراوە بە کەسایەتی دیجیتاڵی خۆیانەوە دەبەسترێتەوە. ئەنجامی ئەم ئاڕاستەیە دەتوانێت بە قووڵی نیگەرانکەر بێت، دڵەڕاوکێ و خۆبەکەمزانین و خەمۆکی دروست بکات.

 

 2. سەرهەڵدانی حەزی نەرگسی:

 یەکێک لە گرنگترین ئەو ئەنجامانەی کە گۆدارت پێیگەیشتووە، بریتییە لە پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و زیادبوونی خەسڵەتە نەرگسییەکان. ئەو تێبینی ئەوەی کردووە کە سروشتی منێتیی (انانیة) سێڵفی کە تاکەکان بە بەردەوامی وێنەی خۆیان بڵاودەکەنەوە، کەلتوورێک دروست و بەهێز دەکات، کە تێیدا بەزۆری جەخت لەسەر دیمەنی دەرەکی و پێگەی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە. ئەم جەختکردنەوە لەسەر ئه‌و خۆویستییە تۆوی نەرگسییەت ئاو دەدات، چونکە مرۆڤەکان تەرکیز لەسەر ڕێکخستنی "باشترین ئەوەی هەیانە" لەپێناو کەسانی دیکەدا دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا گۆدارت ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە مەرج نییە ئەم نەرگسێتییە هەمیشە تەرکیز لەسەر لەخۆبایبوون یان سەرسامبوون بە خود بکاتەوە. بەڵکو جۆرێکە لە جۆرەکانی پشتبەستن بە جەختکردنەوەکانی ئەوانی تر، کە ڕەفتاری نەرگسی تەنکتر دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە تاکەکان زیاتر بەهای خۆیان بە پشتبەستن بەو سەرنجەی کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە وەریدەگرن پێناسە دەکەن، ئەمەش دەتوانێت هەستکردن بە ناتەواوی بەهێز بکات، ئەگەر پێوەرە بەرزەکانی کەسانی دیجیتاڵی "خۆشەویست" یان "جەماوەریبوون"یان تێدا نەبێت.

3. مرۆڤی به‌ناوبانگ (ئه‌ستێره‌):

لێره‌وه‌ سێڵفیی تەنها موڵکی ئەستێرەکانی ئابووریی و سیاسەت و هونەر و میدیا و وەرزش نین. بەڵکو مومارەسەیەکە، لەبەردەستی هەموو هاوڵاتیاندایە. کەسانی ئاسایی لە ڕێگەی وێنەیەکی نائاسایی کە لەلایەن تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییە زیرەکەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، دەتوانن لە چەند چرکەیەکدا ببنە ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی.

هاوکات سێڵفی بەهای دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بەرز دەکەنەوە، ئەمەش دڵنیایی لە دروستکردنی ساتێکی جەماوەری ڕاستەوخۆ دەدات، کە تێیدا هەموو کەسێک بتوانێت ببێتە دەرهێنەر! دابەشکەری وێنە تایبەتەکانی خۆی، هەروەها ببێتە ئەکتەر لە فیلمەکەیدا، ئەو خواستە دەربڕدراوە ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت خۆی بکات بە ئەستێرە، واتە دەبێتە پاڵەوانێکی ئایکۆنی. بەمشێوەیە ناوبانگێکی جیهانی بۆ کەسانێکی سادە بەدەستدێت. لەکۆتاییدا هەمووان لە ئامادەکردنی خۆیان لە تەواوی زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناوخۆیی و جیهانییەکان بەشێوەیەکی ڕەها و بێ سنوور و چەندایەتی یەکسان دەبن.

4. لەدەستدانی ڕەسەنایەتی:

 خاڵێکی دیکە کە گۆدارت ئاماژەی بۆ دەکات، بریتییە لە لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی لە کارلێکە دیجیتاڵییەکاندا. ئەو پێیوایە، لەکاتێکدا خەڵک بە وردی ئەو شتانە هەڵدەبژێرن کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوی دەکەنەوە، زۆرجار خۆیان لە خستنەڕووی لایەنە خراپ و ئاساییەکان بەدوور دەگرن. ئەم هەڵبژاردنە (انتقائی) لە خۆخستنەڕوودا، دەبێتە هۆی خودێکی دیجیتاڵی نموونەیی بەڵام لە کۆتاییدا ناڕەسەن! کە لەسەر بنەمای چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە دامەزراوە نەک ڕاستییە تاکەکەسییەکان.

 بۆ نموونە زۆرێک لە بەکارهێنەران زۆرجار ژیانی خۆیان وەک ژیانێکی نموونەیی تەواو دەخەنە ڕوو، ململانێ و لاوازی و شکستەکان بەجێدەهێڵن. گۆدارت دەڵێت ئەم خۆپێشکەشکردنە ئینتقائییە وێنەیەکی شێواوی واقیع دروست دەکات، کە نەک تەنها تاکەکان لە خودی ڕەسەنی خۆیان دوور دەخاتەوە، بەڵکو ئەوانی دیکەش هان دەدات، کە بەهەمان ئەندازە بەدوای شوناسێکی نموونەیی نموونەییدا بگەڕێن. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم بارە لە لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی لە قەیرانی شوناس دروست دەکات، چونکە مرۆڤەکان لە خودی ڕاستەقینەی خۆیان جیا دەکاتەوە، ئەویش لەبەر پاراستنی وێنەیەکی دیجیتاڵی دروستکراو.

5. مرۆڤی بوکه‌ڵه‌:

گۆدارد پرسیاری ئەوە دەکات، کە چۆن هەڵوێستێک لە سەرەتاوە سادە و هەڕەمەکی بووبێت، دەتوانێت ببێتە ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پەیوەندیمان لەگەڵ خۆمان و ئەوانی دیکە و سەرنجمان بۆ ئەو هەڵسوکەوتانە ڕابکێشێت، کە بەبێ بیرکردنەوە لە زۆربەی بارەکاندا ئەنجامی دەدەین، وەک چۆن بەردەوام بێسوودانە لەگەڵ شاشەی مۆبایلەکاندا سەرقاڵین، تەواو وەک ئەوەی جیهانی مەجازی "بە پێچەوانەی ویستی خۆمان"ەوە ئێمەی بردبێت، یان وەک ئەوەی بەبێ ویستی خۆمان بووبێتینە "یارییەک" بە دەست مۆبایلە زیرەکەکەمانەوە.

کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە تەلەفۆن بووەتە نزیکترین هاوڕێی مرۆڤی مۆدێرن، واتە پێش هەر پەیوەندییەکی مرۆیی دیکە، ئەو بازنەی یەکەمی پەیوەندییەکەی دروستکردووە، بەمەش کشانەوەی لە جیهانی پەیوەندییە مرۆییەکان ئاسانترکردووە، کە دەتوانرێت لە شوێنی کۆبوونەوە گشتییەکاندا مرۆڤەکان وەک جەستە ببینرێن، لەکاتێکدا عەقڵەکان لە جیهانەکانی تردان.

گۆدار پێیوانیە لە سەردەمی سێڵفیدا جیهان لە گۆڕاندابێت! بەڵکو ئه‌وه‌ ڕێگەی پەیپێبردن و تێڕوانینی ئیمه‌یه‌ بۆ جیهان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئەمەش لە ڕێگەی دەرکەوتنی ناوەندێکەوە لە نێوان ئێمە و ئەودا بەدیهات، ئەویش ئەو ئامرازە تێکەڵ و جۆراوجۆرانه‌یه‌، کە هەمیشە ئامادەیە، کە لەیەک کاتدا مۆبایل و شاشە و ئامێری فۆتۆگرافی و کۆمپیوتەرە کە ئێمە بە "زیرەک" وەسفی دەکەین و ناوی لێ دەنێین “مۆبایلی زیرەک”.

له‌کۆتاییدا نووسه‌ر لە کتێبەکەیدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات و دەڵێت: پێویستە لە "دیاردەی سێڵفی" تێبگەین و بیخەینە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بەوەی چی لە فەزای مەجازیدا پلانی بۆ دادەنرێت و هەرگیز لە گەشەکردن نەوەستاوە. سێڵفی، لە ڕێگەی دەرکەوتنە جۆراوجۆر و بێ بایەخەکانییەوە، بووەتە سیمبۆلی کۆمەڵگایەک کە لە لوتکەی گۆڕانکارییەکانیدایە، کۆمەڵگایەک کە گەنجان بەهۆی شارەزابوونیان لە تەکنەلۆژیای نوێ بەڕێوەی دەبەن.

به‌مشێوه‌یه‌ کتێبەکە وەڵامێکە بۆ کۆمەڵگەیەک، کە تادێت بەهای دووپاتکردنەوەی دەرەکی بەسەر گەشەکردنی ناوەکی و خۆناسیندا دەدات. گۆدارت ئامانجی ئەوەیە تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە، بەلای تاکەکانەوە قورس بێت پارێزگاریی لە هەستێکی ڕیشەدار بەخود بکەن، لە جیهانێکدا کە بەردەوام هانی خۆنمایشکردن و بەراوردکردن دەدات.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure