د. بەختیار ئەمین
توێژەر و مامۆستای بواری ژیری دەستکرد لە کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەر، زانکۆی سیتی لەندەن
سەرەتا گرنگە بزانین ژیری دەستکرد چیە؟ مێژووی ئەم زانستە دەگەڕێتەوە بۆ کەی، پێش ئەوەی ئاماژە بەڕۆڵی کورد بکەین لە سەردەمی ژیری دەستکردا.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی زانستی، مێژووی بەکارهێنانی ئامێرەکان بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هاوکات، زاراوەی 'ژیری دەستکرد' بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٠ لەلایەن زانای ئەمریکی جۆن مەکارتی لە میانی کۆنفرانسێکی زانستیدا لە کۆلێژی دارتمۆس ناسێندرا. ئەو زیرەکی دەستکردی بەم شێوەیە پێناسە کردووە: 'ژیری دەستکرد، زانستی ئەندازیاری دروستکردنی ئامێرە زیرەکەکانە'.
دواتر، زانای بەریتانی ئالان تورینگ لە ڕێگای تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکانی کۆمپیوتەرەوە ئەو پرسیارەی خستەڕوو 'ئایا ئامێرەکان دەتوانن بیربکەنەوە'؟ ئامانجی ئەو ئەوەبوو کە زیرەکی ئامێرەکان بە بەراورد بە مرۆڤ تاقیبکاتەوە. دەرئەنجام، لەوکاتەوە ئەم تاقیکردنەوەیە بە 'تاقیکردنەوەی تورینگ – Turing Test' ناودەبرێت و بە داینەمۆی گەشەی خێرای ئەم زانستە و سەرجەم ئامێرەکانی هاوشێوەی ڕۆبۆتە زیرەکان دادەنرێت.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، زانستی ژیری دەستکرد بە ڕێژەیەکی بێ ئەندازە لە سەرجەم بوارەکاندا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. هاوکات شارەزایان بە شۆڕشی نوێی ئهلیكترۆنی سهدهی ٢١ The Century of Automation )) ناوی دەبەن. سوودەکانی ژیرەکی دەستکرد زۆرن، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ (Mass Production) لە کارگەکاندا، سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و کۆمپانیاکان، پێشکەوتن لە کەرەستەی سەربازیی و پزیشکی، پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆنۆم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها مۆدێرنکردنی پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی وزە و سووتەمەنی ... هتد.
زۆرترین فۆکەس لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەسەر ژیری دەستکرد بوو:
لە ناوەڕاستی ئەم ساڵدا بەشێک لە توێژەران، پسپۆڕان و بەڕێوبەری کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا لە ڕێگای نامەیەکەوە هۆشداری خۆیاندا لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد لە هەندێ بواردا و مەترسییەکانی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ. تەنانەت، هەندێکیان مەترسی بەکارهێنانی ژیری دەستکردیان بە چەکی ئەتۆمی سەدەی ٢١ بەراورد کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی دیکەیان مەترسی خۆیان نیشاندا لە هێزی گۆڕانکارییەکان و ئەگەری وێرانکەری زیاتر لە ڕێگای ئەم تەکنەلۆجیایانەوە، ئەگەر بە سەلامەتی بەکار نەهێندرێن.
له كۆڕبهندی ئابوری جیهان، سهرۆكی سندوقی دروای نێودهوڵهتی ئاماژهی به مهترسی دهستبهسهراگرتنی دراوی جیهان کرد له لایهن كۆمپانیاكانی بواری تهكنهلۆجیاوه. هەروەها ئاماژەی بە نەمان و بەکارهێنانی پارەی کاش لە زۆرێک لە وڵاتان کرد. لە لایەکی ترەوە، زۆربەی شارەزایانی ئابووریی و بازرگانی تەنانەت سیاسەتمەدارانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی ئابووری دیجیتاڵی، پەروەردەی دیجیتاڵی، چارەسەری پزیشکی دیجیتاڵی و ... هتد. هەموو ئەمانە خۆیان دهبیننهوه له نهمانی ڕۆڵی بانكەکان، مامۆستا و دکتۆر و تەنانەت پارێزەران و بەشێکی زۆری پیشەکانی دیکە.
لە ساڵی ٢٠٢٤دا زۆرترین داهێنانی زانستی و تەکنەلۆجی سەرسوڕهێنەر ڕاگەیەندران، لەوانە: بەرهەم هێنانی تەکنەلۆجیای چات جیبتی (ChatGPT)، تەکنەلۆجیای جەنەرەیتڤ ئەی ئای (GAI)، بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستمە دیجیتاڵییەکان یان تەقاندنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە دوورەوە. دواتر تاقیکردنەوەی تاکسییە بێ شۆفێرەکان بۆ یەکەمجار لە شەقامەکانی لەندەن لەلایەن کۆمپانیای تیسلاوە.
هەروەها، داهێنانەکان گەیشتن بەو ڕادەیەی کە بۆ یەکەمجار هەوڵی چاندنی میمۆری زیرەک لە مێشکی مرۆڤدا ئەنجام بدرێت. دواتر، چەمکی بەرهەمهێنانی منداڵ لە ڕێگەی منداڵدانی دەستکرد لە ژینگەیەکی تاقیگەیی کۆنترۆڵکراودا (EctoLife) بوو بە بڕگەیەکی گرنگ، کە دەرفەت بەدایک و باوکەکان دەدات، تاوەکو نەوەکانیان بەپێی تایبەتمەندییەکانی ژیان دیزاین بکەن. واتە، منداڵێک دیزاین بکەن کە هەڵگری نەخۆشییە بۆماوەیەکان یان نەخۆشییە گوازراوەکان نەبێت.
جگەلەمانە، هەر لە ڕێگای بەکارهێنانی پرۆگرامی ژیری دەستکردەوە توانرا پشکنین بۆ دی ئین ئەی مرۆڤی سەردەمی نیاندەرتاڵ (زی شاندەر) ئەنجام بدرێت کە لە کوردستان دۆزرایەوە. دەرئەنجام، دەرگای نوێی بۆ تێگەیشتن لە جیناتێکی کۆن و پەرەسەندنی مرۆڤ کردەوە.
هاوکات، گەورە کۆمپانیای (NVIDIA) کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆژیای میمۆری ئامێرەکانە، توانی لە ڕێگای بەکارهێنانی ژیری دەستکردەوە، کۆمپیوتەری کوانتەم (Quantum Computers) بەرهەم بهێنێت کە توانای ئەنجامدانی هەژماری ژمارە گەورەکانی هەیە بەنموونە، ١ کوادریلیۆن (1,000,000,000,000,000) لە چرکەیەکدا، کە بەرانبەرە بە توانای ٣١ ساڵی مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی ئەم هاوکێشەیە. بەڕێوبەری کۆمپانیاکە (Jenson Huai) ئەمەی بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین داهێنانی سەدەی ٢١ هەژمار کرد.
لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا مارک زوکەربێرگ، خاوەنی گەورەترین کۆمپانیاکانی مێتا (فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئەپ و ... هتد)، ئاماژە بە بەرهەمهێنان و زۆری ژمارەی ئەیجنتەکان (واتە بەرنامە زیرەکەکان) دەکات. دەڵێت: لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا ژمارەیان لە ژمارەی دانیشتوانی جیهان زیاتر دەبێت. واتە هەموو کەسێک دەتوانێت چەندین ئەجینتی زیرەکی هەبێت بۆ ئەنجامدانی کارەکانی، لەوانە ئەجینتێک بۆ وەرگێڕانی زمانە بیانییەکان، بەرنامەیەکی دیکە بۆ ئامادەکردن و لێنانی ژەمە خۆراکییەکان، یەکێکی دیکە بۆ وەڵامدانەوە و گەیاندنی پەیامەکان ... هتد.
- ڤیژنی کورد لە سەردەمی ژیری دەستکردا: بۆ پلانی ستراتیژیی و یاساییەکان
هەموو پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە مرۆڤایەتی لە بەردەم وەرچەرخانێکی نوێی گۆڕانکارییە دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنییەکاندایە. دەرئەنجام، سەرجەمیان خۆیان دەبیننەوە له کەمبوونەوەی ڕۆڵی پهرلهمان و حكومهت، کۆتایی بە مامهڵهی بازرگانی و ئابووریی تهقلیدی، پەروەردە و خوێندنی کۆن، کارکردن و دەوامی تەقلیدی، تهنانهت پهیوهندی كۆمهڵایهتی و ئاینییهكان ... هتد. هاوکات گەشەی خێرای ئەم زانستە ئەوەندە جێی سەرنجە توانیویەتی سەرکردەی وڵاتانی وەک فەرەنسا، کەنەدا، بەریتانیا، سعودیە، و ئیمارات ... هتد. ناچار بکا بیر لە دانانی پلانی ستراتیژی خێرا بکەنەوە بۆ پێشخستن و بەرگریکردنی وڵاتەکانیان. تەنانەت کاریگەری لەسەر سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) هەبوو تاوەکو ئیلۆن ماسک وەک ڕاوێژکاری خۆی دەستنیشان بکات بۆ یارمەتیدانی لە پێشخستنی ئەمریکا لەم بوارانەدا.
دواتر لە وتارێکدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا وەک چین و ئەمریکا لە بوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ژیری دەستکرد- ئای ئای، بەرگریی و ئاسایشدا بە خێرایی هەنگاو نەنێت، ئەگەری هەیە لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا بڕووخێت. دیارە ئامانجی وتارەکەی ماکرۆن ئەوە بوو کە دەبێت بە زووترین کات هەوڵی گەشەکردن و خۆئامادەکردنی خێرا بدەن لەو بوارانەدا.
تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٠٠ وڵات چالاکانە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پلانی ستراتیژن لەگەڵ دەرکردنی یاسای تایبەت بە بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی ژیری دەستکرد لە سەرجەم بوارەکاندا. گرنگە بپرسین کە ئایا پلانی عێراق و کورد بۆ ئەم پرسە چییە؟ چونکە هەتا ئەم چرکەساتە هیچ پلانێک یان نەخشە ڕێگایەکی ستراتیژی، تەنانەت یەک ئەلف و بێی یاسایی نووسراو دەربارەی هیچ بابەتێکی تەکنەلۆجی یان ئەلیکترۆنی نە لە عێراق و نە لە کوردستان بوونی نییە.
لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بەڕێوبەرانی تەکنەلۆجیا و شارەزایانی AI بە ئاشکرا هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیا و سەرکردەکانی زۆرێک لە وڵاتان، ئاماژەیان بە گرنگی بەکارهێنان یان بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد لە هەموو بوارەکاندا كردووە، ئەگەرنا مەترسی لەناوچوونیان هەیە یان ڕووبەڕووی دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان دەبنەوە، تەنانەت ئاماژەیان بەوەدا کە لەوانەیە هەندێ وڵات وەکو پێویست پەیوەندییان لەگەڵ جیهانی نوێ نەمێنێت.
- ڤیژنی کورد لە سەردەمی ژیری دەستکردا: بۆ حکومەتی ئەلیکترۆنی
ئهمڕۆ بههۆی پێشكهوتنە خێراییهكانی تهكنهلۆجیاوه، وڵاتان له ههوڵی كێبڕكێی بەدەستهێنانی ناوبانگی باشترین و پێشکەوتووترین خزمهتگوزاری حكومهتی ئهلیكترۆنیدان. لهوانه وڵاتانی (ئیستۆنیا، دانیمارك، ئوستورالیا، كۆریای باشوور، بهریتانیا، سووید، فینلاند، سهنگافورە، ئیمارات ... هتد)، چونکە، سیستمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تهقلیدیی و كۆن هاوشێوەی (سیستمی بهڕێوبردنی كاروباری هاووڵاتیان له كوردستان) کۆتایی هاتووه. بەداخەوە، بەپێی پێوەرەکانی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی و ڕیزبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان (Online Service Index)، نە عێراق و نە کوردستان دیدێکی ڕوونیان بۆ پەرەپێدان یان بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانی ژیری دەستکرد نییە، هەروەها لە ڕیزبەندی نزمترین وڵاتانی جیهاندان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنیدا. لەکاتێكدا، وڵاتی ئیستۆنیا کە لە ساڵی ١٩٩١وە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە، لە ماوەی ١٥ ساڵدا سیستەمی حوکمڕانی خۆی گۆڕی. ئێستا لە ٩٩%ی خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە ئیستۆنیا بە ئەلیکترۆنین، لەنێویاندا دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت. هاوکات، کۆی تێچووی ئەم پرۆسەیە بە ١٠٠ - ١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت.
- ڤیژنی کورد لە سەردەمی ژیری دەستکردا: بۆ پەروەردە و خوێدنی باڵا
پرۆفیسۆر یۆڤان هەراری، لە کتێبی ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١ ڕەخنە لە سیستەمی پەروەردەی زۆربەی وڵاتان دەگرێت و پێیوایە زۆربەی پرۆگرامەکانی خوێندن بەسەرچووە. بە گوتەی نووسەر و تەنانەت زۆربەی شارەزایانی پەروەردە، لە ١٠ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوودا، نەوەکان ناتوانن سوود لەو بابەتانە وەربگرن کە لە فێرگەکانیان دەخوێندرێن، بە بەراورد لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای بایۆئینفورماتیک و زیرەکی دەستکرد. هەربۆیە گرنگە نەوەی داهاتوو فێری چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ بەرنامەکانی کۆمپیوتەر بکرێت، چۆنێتی شیکردنەوەی نەخۆشییە درمەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێر و پرۆگرامە زیرەکەکانەوە، یان چۆنیەتی دیزاینکردنی بیناکان بە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و چەندین داهێنانی تر.
بەبڕوای من، هاوشێوەی وڵاتانی وەک (تایوان، سەنگافورە، ئیستۆنیا، هۆڵەندا، دانیمارک ... هتد) پێویستە بە زووترین کات ڕیفۆرم لە پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرت، چونکە ڕەنگە پێویست بکات کە خوێندکارێکی بەشی یاسا یان جوگرافیا، دەروونناسی، بازرگانی، ئەندازیاری یان پزیشکی فێری یەکێک لە بابەتە تەکنەلۆجییەکان یان پرۆگرامەکانی زمانی کۆمپیوتەر بکرێت بۆئەوەی لە داهاتوودا سوود لە بڕوانامەکەی وەربگرێت، چ لە ناوخۆ بێت یان دەرەوەی وڵات.
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، دەکرێت پلانی ستراتیژی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبێ کە وەزارەتەکان کەمبکاتەوە بۆ کەمتر لە ١٠ وەزارەت، هاوکات هەوڵبدات ستراتیژیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ و ژیری دەستکرد بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی هاوڵاتیان پەیڕەو بکات.
تێبینی: مەبەست لەم ڕاپۆرتە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی و سسییەکانیەتی لە گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و زانستییەوە.