شوێنی سۆفیزم لە جوڵانەوەی سیاسی کورد
شوێنی سۆفیزم لە جوڵانەوەی سیاسی کورد
  2023/09/18     535 جار بینراوە    


د.جەعفەر عەلی

سەرەتا

لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، دوای ئەوەی دەسەڵاتی میرایه‌تییەکانی کورد کۆتایی هاتبوو،  بۆشاییەکی سیاسی، تایبەت لە ئاستی ڕێبەرایەتیکردنی جوڵانەوەی سیاسی کورد، لە کوردستان دروستببوو. شێخەکانی تەریقەت ئەگەر پێشتر و لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکاندا، زیاتر پابەندی دیوە ڕۆحانییەکەی ناو فەزای ئایینی و کۆمەڵایەتی کورد بووبن، ئەوا دوای نەمانی دەسەڵاتی میرەکان، وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێز لە ڕووی سیاسيی و لە ڕووی ئۆرگانیزەکردنی خێڵە کوردییەکان، دەرکەوتن(1).

ماوەی دەسەڵاتی میرایەتییەکانی کورد سەبارەت بە شێخەکانی تەریقەت هەرچی زیاتر ماوەی جەختکردنەوە لەسەر پرینسیپە ڕۆحییەکانی سۆفیزم و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بوو، تا ڕادەیەک دەشێت بڕوا وابووبێ، کە بزووتنەوەی سۆفیزم و شێخەکانی تەریقەت دوور لە بەشداری لە ژیانی سیاسی دەمێننەوە و دەست ناخەنە نێو کاروباری حوکمڕانی و نابنە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات، بەڵکو بە تەنها جەختکردنەوە لەسەر دیوە کۆمەڵایەتيی و ڕۆحییەکەی سۆفیزم ڕازیدەبن و تواناکانیشیان هەر لەم بوارەدا چڕدەکەنەوە(2).

بڵاوبوونەوەی سۆفیزم سنوری دەسەڵاتی سیاسيی و جوگرافیای خێڵەکی میرایەتییە لۆکاڵییەکانی کوردی تێپەڕاند، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە دونیابینی و دیدگای ڕۆحانی سۆفیزمەوە هەبوو، کە لە سەرەتادا تەنها جوڵە و بزووتنەوەیەکی ئایینی ڕووت بوو، لەگەڵ دەسەڵاتە زەمەنییە لۆکاڵییەکانی کوردستاندا بەریەککەوتن و دژایەتییەکی ئەوتۆی نەبوو(3)، بەڵام کاتێک میرایەتییەکان لەنێوبران، میرانی کورد و بنەماڵە فەرمانڕەواکانیان بێدەسەڵات کران، جوڵانەوەی سیاسی کورد لەسەر ئاستی ڕێبەرایەتی پێی خستە نێو قۆناغێکی نوێوە، کە تێیدا توێژێکی کۆمەڵایەتی نوێ، کە بریتیبوون لە شێخەکانی تەریقەتەکانی سۆفیزم، جڵەوی ڕێبەرایەتیکردنی جوڵانەوەی ڕزگاری گەلی کوردیان گرتە دەست. واتە لە ڕێبەرایەتی کۆکردنەوەی خەڵکی کورد و ئاڕاستەکردنی بزووتنەوە سیاسيی و چەکدارییەکاندا، (شێخ) جێگەی (میر)ی گرتەوە.

لە بارودۆخی ئەوکاتی کوردستاندا، شێخەکانی تەریقەت تەنها کەسانێک بوون بتوانن خەڵکی کورد لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و سەرلەنوێ و لە فۆرمێکی جیاوازتری دەسەڵاتدا کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی ڕێکبخەنەوە. پلەوپایە و دەسەڵاتی شێخ بەهۆی کەشف و کەرامات و توانای دەرککردنی شتە پەنهان و شاراوەکان و زێدەگۆیی زۆری خەلیفە و مرید و پەیڕەوانیان، هەروەها باوەڕهێنانی بێ بیرکردنەوەی خەڵکیش بەم هێز و توانا ئەفسانەیی و خەیاڵییەی شێخ، دەیتوانی پێگەی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و ئابووريی و ڕۆحانی شێخی تەریقەت پتەوتر بکات. لێرەوە شێخەکانی تەریقەت دەیانتوانی ببنە سەنتەری کۆکردنەوەی خەڵک و ڕۆڵی گەورە و کاریگەریش بە هەردوو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا لە ژیانی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و ئابووری کۆمەڵگەی کوردیدا ببینن. شێخە ڕۆحانییەکان لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، توانیان شوێنێکی دیار لە پانتایی ژیانی سیاسی و خەباتی ڕزگاری گەلی کورددا داگیربکەن و لە میرە کوردەکانی پێش خۆیشیان سەرکەوتووتر بن(4).

سۆفیزمی کوردی لە کایەی سیاسیدا:

یەکەم: نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە

لە سەرەتای دەرکەوتنی سۆفیزمدا، کەسی سۆفی بڕوای وابوو، کە ژیانی دونیایی ماڵێکە بۆ ئەزموونکردن، بۆیە مرۆڤ دەبێ بۆ ئامانجێکی دوورتر و گەورەتر لە ئامانجی دونیایی هەوڵبدات، کە بریتییە لە یەکبوون لەگەڵ خودا (الاتحاد بالخالق)، یان لانیکەم نزیکبوونەوە لە خودی خودا و خۆپاراستن لە خراپییەکانی ئەم دونیا کاتییە. بە بڕوای هەندێک لە نوسەران، ئەم ڕوانینە بۆ سۆفیزم بریتییە لە دیوە نێگەتیڤەکەی بیری سۆفیزم، چونکە مرۆڤ بەرەو ئەوە دەبات لە جوڵە و چالاکی و داهێنان بکەوێت و ژیان بە نوێژ و پاڕانەوە لە خودا و زیکر و پرینسیپی ڕووتی ڕۆحانییەت دەسپێرێت، واتە جۆرێک لە دابڕان لە ژیانی گشتی و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵایەتیبوون بەسەر کەسی سۆفیدا دەسەپێنێت. پێچەوانەی ئەم بۆچوونە سۆفیزم لە کوردستان زۆرجار مەبەستەکانی سیاسی و پۆزەتیڤ بووە. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی بیستدا، کارەکتەرە سیاسییەکان، بریتیبوون لە شێخە ڕۆحانییەکانی دونیای تەریقەتەکانی تەسەوف، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریش لەمبوارەدا پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە. واتە دەتوانین بڵێین لە کوردستاندا سۆفیزم و ڕێبەرانی تەریقەتەکان دابەزینە نێو گۆڕەپانی ژیانی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و بەپشتبەستن بە پرینسیپی جیهاد و قوربانیدان، لەسەر ئاستی ڕێبەرایەتی چوونە نێو بەشداری خەباتی سیاسيی و چەکداری کوردەوە (5). بەمانای ئەوەی ئیدی شێخان نە تەنها ڕێبەری تەریقەت و مورشیدی باڵای ئایینی بوون، بەڵکو بوونە ڕێبەری سیاسی و سەرکردایەتی جوڵانەوەی ڕزگاری گەلی کوردستانیشیان لەئەستۆ گرت.

هێزی ڕۆحانی شێخان لەنێو لایەنگر و پەیڕەوانیان بە تایبەتی و ، کەرت و خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، ڕیشە و قوڵاییەکی ڕۆحی-کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو. شێخەکانی سەر بە ڕێبازەکانی تەریقەتەکانی سۆفیزم لە کوردستاندا ڕۆڵێکی گەورەیان لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خێڵ و هۆزەکانی کورددا هەبوو، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش ڕوویان دەکردە تەکیە و خانەقاکان بەمەبەستی خۆپاراستنیان لە نادادپەروەريی و ستەمی دەسەڵاتی سیاسيی و گەیاندنی گرفتەکانیان بە کاربەدەستان. بەم مانایە شێخان نە تەنها ڕێبەری ڕۆحانی، بەڵکو هێزی ناوبژیکار و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییە بچووک و گەورەکانی کۆمەڵگەیش بوون. ئەمەش چەند سەنگ و قورسایی ڕێبەرانی تەریقەتەکانی سۆفیزمی بەهێز دەکرد، هێندەیش بنەمای جەماوەری ئەم تەریقەتانەی لەنێو خەڵکی کورددا بەرینتر و فراوانتر دەکرد، هەربۆیە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسيی و کۆمەڵایەتییەکاندا شتێکی بەدەر لە چاوەڕوانی نەبوو، ئەگەر شێخانی تەریقەت سەرباری ڕێبەرایەتی ڕۆحی، ببنە ڕێبەری جوڵانەوە سیاسییەکانیش و بۆماوەیەکی درێژیش سەرکردایەتی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد بە ئەستۆ بگرن.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ڕێی تەریقەت و ناوەندەکانی سۆفیزم و پاشخانی نەسەب و بنەماڵەوە، پێگەی سیاسيی و ئابووريی و بنکەی جەماوەری خۆی بەهێزتر کردبوو، بەڵام لە خەباتی دژی عوسمانی- قاجاریدا، ئایین نابێتە کێشە و ئامانجی سەرەکی ڕاپەڕینەکەی لە ساڵی ١٨٨٠دا، بەڵکو ئامانجی ڕاپەڕین، کێشەی نیشتمانيی و ڕزگاری گەلی کوردە، نەک کێشەی ستەمی ئایینی و بە ئامانجگرتنی دامەزراندنی قەوارەیەکی ئایینی. عوبەیدوڵڵا هەوڵیداوە بە باشترین شێوە دژ بە نەیارەکانی سوود لە ئایینی ئیسلام و تەریقەتی نەقشبەندی وەربگرێت، بەجۆرێک خودی عوسمانییەکانی بەبێ دەرهاویشتنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، کە خۆی وەک خەلیفەی موسڵمانان ناساندبوو، بە خودانەناس و لادەر لە ئایینی ئیسلام لەقەڵەمداوە و داوای لە کوردان کردووە لەپێناو ئایین و ڕزگاری نیشتمانەکەیاندا دژی عوسمانيی و قاجاری تێبکۆشن(6).

شێخ عوبەیدوڵڵا لە دیدی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد، کە خۆیان لە خەلیفە و مرید و پەیڕەوکارانی تەریقەت و سەرۆک هۆز و ئەندامانی خێڵەکانی کورددا دەبینییەوە، بوو بەو ڕێبەرە کاریزمایی و فریادڕەسەی، کە هێزی ئەوەی دەبێ بتوانێ کورد لە قۆناغێکی خراپی سیاسی و ئابووريی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو دۆخێکی باشتر، بگوازێتەوە، تایبەت کە عوبەیدوڵڵا کوڕی شێخ تەهای سەرۆکی بنەماڵەی شەمزینییەکان و لە دونیای ڕۆحيی و مادیشدا میراتگری ئایینی و ناو و ناوبانگی خێزانەکەیان بوو (7). بنەماڵەی شێخانی نەهری لە ڕووی ئایینییەوە پیاوی ئایینی ناودار و لە ڕووی مادییەوە خاوەنی گوندی زۆر و زەوی کشتوکاڵی فراوان بوون، دەسەڵاتی ئیرشادی تەریقەتیش پایەی ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، لە جاران بەهێزتر کردن. شێخ عوبەیدوڵڵا نەوەی ئەو بنەماڵە گەورە و خاوەن نفوزە بوو(8).

بڕوای خەڵکی کورد بە شێخ عوبەیدوڵڵا، گەیشتبووە ئەو ئاستەی پێیانوابوو، کە نێردراوێکی خوداییە و بە ڕۆحێکی پیرۆزیان دەزانيی و باوەڕیان بە توانا ئەفسانەییەکانی هەبوو، لەڕاستیشدا تاڕادەیەک شێخ هەر بەمجۆرە سەیری خۆی دەکرد و باوەڕی وابوو، کە کەسایەتییەکی هەڵبژێردراوە بۆ چاککردنی بارودۆخە خراپەکە(9). ناوی شێخ ببووە هێما و سیمبولی ڕێز و خۆشەویستی، ئەم ناوبانگە وایکردبوو هەزارەها کەس لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستانەوە نە تەنها ڕووی تێبکەن و پشتگیری خۆیانی بۆ دەرببڕن، بەڵکو وەک (باوکی کوردان)یشی بناسن(10).

شێخ عوبەیدوڵڵا پیاوێکی زاهید و گۆشەگیری دوور لە ژیانی خەڵک و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نەبووە، تا لە خانەقاکەیەوە بە نوێژ و زیکر و عیبادەت، خەریکی دوعاخوێندن بێ بۆ سەرکەوتنی سیاسی خەلیفەی مسوڵمانان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و دواتریش هەر بە زەبری دوعاخوێندن و پاڕانەوە لە خودا، دوژمنانی ئیسلام لەناوبەرێت. ئەو بەدەرلەوەی ڕێبەری تەریقەتێکی گەورەی خاوەن نفوز و پێگەی کۆمەڵایەتی وەک تەریقەتی نەقشبەندی بووە، کەسایەتییەکی سیاسی و تێکۆشەرێکی نەتەوەییش بووە. شێخی نەقشبەندی پیاوێک بووە سیاسەتی کردووە، جوڵە و چالاکی سیاسيی و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆنسۆڵخانە و نوێنەرانی وڵاتانی گەورەی جیهاندا هەبووە، تەریقەتی سۆفیزمی لە تەکیە و خانەقاکانەوە هێنایەدەر و بەرگێکی سیاسيی و نەتەوەیی بە بەردا کرد. عوبەیدوڵڵا لەنێو کۆمەڵێکی خێڵەکی-دەرەبەگی دواکەوتوودا دێت و مەسەلەی کورد لە ڕێگەی گوتارێکی نەتەوەیی بۆ یەکخستنی هەموو کورد لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا، بە بەکارهێنانی زاراوەکانی نەتەوە و نیشتمان و جەختکردنەوە لەسەر تایبەتمەندییە کەلتووريی و سیاسییەکانی کورد، دەخاتەڕوو(11).

ئەگەر مێژوو بە مانایەکی ملکەچی پێداویستی بێت، ئەوا ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی لە کوردستاندا دروستببوو، هەروەها پێویستی دۆخە سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و ئابوورییەکەش ئەوەی دەخواست کەسێک جڵەوی ناڕەزایەتيی و بێزاری دۆخی کوردی بە ئەستۆ بگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەی، کە پێویستی دەکرد ئەو کەسە لە ڕووی سیاسيی و کۆمەڵایەتییەوە هێزی دروستکردنی جوڵەی تازە و ڕێبەرایەتیکردنی دۆخەکە و وەستانەوە بە ڕووی ستەمکاريی و هەمانکات هەڵگری خەون و مژدەی نوێ بێت بۆ پێکهاتە ئایینی و خێڵەکییەکەی کۆمەڵگەی کوردی. لەم دۆخەدا شێخ عوبەیدوڵڵا وەک پیاوی پێویستی قۆناغەکە کوردییەکە دێتە پێش و دەچێتە ژێرباری گرانی بەرپرسیارێتی سیاسيی و کۆمەڵایەتی ئەو ڕۆژگارەی مێژووی کورد و وەک ڕێبەرێکی بێ ڕکابەر، وەک کاریزمایەک لەنێو خانەقای نەقشبەندییەوە دێت و ئایین بە چەمکەکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوە ئاوێتە دەکات.  

دووەم: نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، شێخ مەحمود بە نموونە

 لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، شێخەکانی نەقشبەندی لە نەهريی و شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ مەحمودی بەرزنجيی و شێخ سەعیدی پیران، لەنێو پڕۆسەی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و مێژوویی ئەوکاتەدا، چ لە سەرکردایەتی جوڵانەوەی سیاسيی و ڕاپەڕینەکانی کورد دژ بە ستەم و بێدادی دەسەڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، چ لە بەشداريیان لە ڕێکخراو و کۆمەڵە سیاسيی و کەلتورییەکان و پشتگیری بزاڤی ڕۆژنامەگەری، ڕۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەبووە.

شێخەکانی نەهری هاوشانی ڕوناکبیرانی عەلمانی کورد، ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی جوڵانەوەی سیاسيی و کەلتووری کوردیدا بینیوە. دەکرێ بنەماڵەی ڕۆحانیانی نەهری شانبەشانی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، وەک دوو دامەزرێنەری دوو ئاقاری جیاوازی گەورەی ناسیۆنالیزمی کوردی سەیر بکرێن. بۆ نموونە، یەکێک لە ئەندامە چالاک و دامەزرێنەرەکانی یەکەمین کۆمەڵەی کوردی خاوەن بەرنامەی سیاسی، کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی کورد (کورد تعاون و ترقی جمعیتی/ ١٩٠٨)، شێخێکی ڕێبازی تەریقەتی نەقشبەندی، شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بووە، کە دواتر بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەکە. لەم کۆمەڵەیەدا بوونی سەرۆکێکی شێخ و پرینسیپی مسوڵمانبوون، نەبۆتە کۆسپ لەڕێی هەوڵدان بۆ پتەوکردنی دۆستایەتی کوردی مسوڵمان و ئەرمەنی مەسیحی(12).

ئەم دۆخی هەژموونی شێخە ڕۆحانییەکانی تەریقەت بەسەر جوڵانەوەی سیاسی کوردەوە تا ئەندازەیەکی گەورە لە ڕاستی ئەم بۆچوونەی ئۆڵسن نزیکمان دەکاتەوە، کە دەڵێت: لە کوردستاندا بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی پێچەوانەی خواستی عەلمانیانی کورد بەنێو مەزهەب و تەکیەکاندا بڵاوبۆوە و شێخەکان بوونە پشتیوانی(13). هەر لەمبارەیەوە وەدیع جوەیدە گوتوویەتی: لەبەر هۆ و بەڵگەی زۆر هەرچەندی دەربارەی بایەخی تەکیەکان [هەروەها خانەقاکانیش جەعفەر] وەک بنکەی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوەیی بگوترێت، زێدەگۆیی نییە. ئەم بیروباوەڕانەی لەم بنکانەوە سەرچاوەیان دەگرت لەنێو خەڵکی کورددا لە ئاستێکی فراواندا پێشوازیان لێدەکرا، چونکە نیشانە و مۆری شێخەکانیان بەسەرەوە بوو، هەروەها شێخەکان خۆیشیان نیشتمانپەروەری بە پەرۆشبوون و لە نزیکەوە پەیوەندییان بە خەڵکی کوردەوە هەبوو، وێڕای ئەوەی بەهۆی بیروباوەڕ و پێشینەی فێربوونیانەوە لایەنگری ترادیسیۆن و حکومەتی ئیسلامی بوون و لە حکومەتی سیکیولاری تورکانی لاو، کە بایەخی بە ئایین نەدەدا، ڕازینەبوون(14).

ڕەنگە هەڵوێستی شێخ سەعیدی بەرزنجی بە ڕووی دەسەڵاتی ئیتیحادییەکان، جیاوازتر بێت لە هەڵوێستی شێخانی وەک عوبەیدوڵڵا بۆ نموونە. هەڵوێستی شێخ سەعیدی بەرزنجی لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئیتیحادوتەرەقی، هێندەی پەیوەندی بە مەترسی لەسەر لە دەستدانی پێگە و دەسەڵاتەکەی و پەیوەندی پتەوی بە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و کاریگەری سیاسەتی پان-ئیسلامیزم و ئەو دەسەڵات و سامانەوە هەبوو، کە سوڵتانی عوسمانی بە شێخی بەرزنجی بەخشیبوو(15)، هێندە پەیوەندی بە پرسی جوڵانەوەی ڕزگاری گەلی کوردەوە نەبووبێ. بۆیە دەشێت یاخیبوونی شێخ سەعید لە ئیتیحادییەکان، وەک پەیوەندی نێوان شێخ و پێگەکەی و پەیوەندی بە دەسەڵات و سیمبولی مسوڵمانان و خەلافەتەوە سەیر بکەین، نەک وەک پەیوەندی و لێکدانەوەی لە چوارچێوەی جوڵانەوەی ڕزگاری گەلی کورددا.

 شێخ سەعید، لە بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەیە، ئەم بنەماڵەیە لە سەردەمی کاک ئەحمەدی شێخەوە، کە کوڕی مورشیدی باڵای تەریقەتی قادری، شێخ مارفی نۆدێییە، وێڕای پلەوپایەی ئایینی و دەسەڵاتی ئابووری، کە ببوون بە دەرەبەگی خاوەن موڵک و زەوی و زاری گەورە، بەرەو دونیای سیاسەت و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیش هەنگاویاننا(16).

پێگەی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود لە باشووری کوردستان بە ئەندازەیەک گەورەببوو، گەورە فەرمانبەرانی دەوڵەت و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی سوپا هەوڵیاندەدا ڕەزامەندی ئەو بەدەست بێنن، تەنانەت ژمارەیەکیان بە گوتەی ڕەفیق حلمی، بە ڕەهایی ملکەچی ببوون(17). پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی شێخانی بەرزنجە لەلایەک، پشتگیری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بۆ شێخان بەگشتی، یان پەیوەندی بەهێزی شێخ سەعید لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی لەلایەکی دیکەوە، هێز و نفوز و دەسەڵاتی بنەماڵەی شێخانی لەسەر هەردوو ئاستی ناوەوە و دەرەوەی سلێمانی، فراوانتر و بەهێزتر کردبوو.

شێخ مەحمود کوڕی شێخ سەعید و نەوەی ئەم بنەماڵە گەورە و خاوەن نفوز و ناسراوە بوو. لەناو و ناوبانگی بنەماڵەکەيی و نفوزی ئایینی خانەوادەکەشی گەلێک سوودمەند ببوو، گەیشتبووە پلەیەکی بەرزی سەرکردەیی، ئیدی وردە وردە لە دونیای سیاسەتیشدا کەم تا زۆر ناسراو، ناوی کەوتە سەر زاران. لە تەمەنی منداڵیشدا هاوشانی باوکی، ماوەیەک میوانی سوڵتانی عوسمانی، عەبدولحەمیدی دووەم،  بووە(18).  

شێخ مەحمود وەک سەرکردەیەکی کاریزمی و کاریگەر بەسەر داگیرکردنی بیرکردنەوە و هۆشیاری خەڵکەوە، هەستی ئەوەی لەلا دروستببوو، کە ببێتە ڕێبەرێکی بەهێز و بێ ڕکابەر لە باشووری کوردستان، بۆیە بەردەوام خۆی وەک نوێنەری کوردانی باشوور، تەنانەت بەشێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، دەبینی. لە ئاستی دەرەوەشدا بەسوودوەرگرتن لە پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتی بنەماڵەکەی، هەوڵیدەدا وەک سەرکردەیەکی خاوەن دەسەڵاتی ڕۆژگارەکەی، سەرنجی دەرەوە بەلای خۆیدا ڕابکێشێ و ئەو پەیامە بگەیەنێ، کە ئەو ڕێبەرێکی کاریزمایی بێ ڕکابەر و کاریگەری ئەوتۆیە، دەتوانێ بە هەردوو دیوی، پۆزەتیڤ، یان نێگەتیڤدا، ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوە لە ململانێی نێوان جەمسەرە ناکۆکەکانی ناوچەکەدا ببینێ و ببێتە گەمەکەرێکی سەرەکی، لانیکەم لە جوگرافیای سلێمانی لە بەرامبەر تورکەکان و بریتانییەکاندا.

ئەو ڕۆژگارە شێخ مەحمود، نەک هەر ناسراوترین و پڕ نفوزترین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی سلێمانی و باشووری کوردستان بوو، بەڵکو تاڕادەیەکی زۆر خودی شێخ مەحمود بریتیبوو لە بزووتنەوەی سیاسی کورد و بزووتنەوەکەیش بریتیبوو لە شێخ مەحمود. لەوانەیە زێدەگۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین، لە ماوەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی تا لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە دەوڵەتی عیراقەوە، چارەنوسی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان، بە کەسایەتی و جوڵەی سیاسيی و چەکداری و پەیوەندییەکانی شێخ مەحمودەوە بەسترابۆوە(19).

لەگەڵ هەموو ئەم بەهێزی پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەشیدا، شێخ مەحمود لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و سلێمانی، تەنانەت لە نێو خودی تەریقەتی قادریشدا، بێ نەیار و بێ ڕکابەر نەبوو. شێخ، نە فریشتە بووە، نە پێغەمبەر، ئەو کوڕی ژینگەکەی و پەروەردەی بنەماڵە و کۆمەڵگەکەی بوو، ژینگە و کۆمەڵگەیەک، کە تا ڕادەیەک لەو فۆڕم و شێوازە ئیداری و فەرمانڕەواییە دەچوو، کە پێش چوار سەدە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپادا باو بووە. هەرچی ئینگلیز بوو لە گۆشەنیگای ژیانی سیاسيی و کۆمەڵایەتيی و کەلتووری سەدەی بیست و بە واقیعیەتی ئەو سەدەیە سەیری سەرکردایەتی شێخی بەرزنجی دەکرد(20).

وەکچۆن شێخ عوبەیدوڵڵا لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، لە ڕێی پێگە و نفوزی خانەقای نەقشبەندییەوە، بزووتنەوەی سیاسی کوردی بە بەرگی ئایینی داپۆشی، ئایین و ناسیۆنالیزمی ئاوێتەی یەکدی کرد، شێخانی بەرزنجەیش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، توانیان بەناوی جیهادەوە تەوزیفی ڕۆڵی تەکییەکان بۆ مەبەستی سیاسی بکەن، بەجۆرێک توانیان سنوری سلێمانی تێپەڕێنن و لەڕێی خەلیفە و مرید و  پەیڕەوانیان، هەروەها ئەو پڕوپاگەندانەی تەکییەکان و دەروێش و مریدەکان لەو ناوچانە بۆ شێخی تەریقەتیان دەکرد، بگەنە ناوچەکانی دەرەوەی سلێمانی.

خێزانی شێخانی بەرزنجە بەهۆی پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکانی ئیسلام و بنەماکانی تەریقەتەکانی سۆفیزمی ئیسلامی، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی پڕ بایەخ و گرنگیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوو، ئەو بنەماڵەیە نەوە دوای نەوە، ئەو جێگە و پێگە گرنگەیان بە میرات بۆ مابۆوە، پێگەیەک کاریگەری ڕۆحی تێکەڵ بە ڕەهەندی سیاسی لە ناوەندی کۆمەڵایەتیدا بۆ بەرجەستە کردبوون. وێڕای ئەوەی ئەم پێگەیە ببووە سەنتەرێکی ئابووری بەهێز بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەیان، بەجۆرێک نەوەی شێخان، وێڕای سەرمایەی ڕەمزی ڕۆحانی، دەبوون بە خاوەنی سەرمایەی ماددی گەورەش، دەبوون بە خاوەنی زەوی و زاری کشتوکاڵی زۆر لە سلێمانی و دەرەوەی سلێمانیدا، ئەمەش دەبووە هۆی بەهێزترکردنی پێگەکەیان و جوڵە و چالاکی لە نێو کۆمەڵگەدا زیاتر و گەورەتر دەکردن.

دەتوانین بڵێین، شێخ مەحمود چەند ئایینداری کردووە، هێندەیش سیاسەتی کردووە. ڕاستە ئەو ڕۆژگارە مزگەوت و خانەقا و تەکییەکان ڕۆڵی گرنگیان لە بڵاوکردنەوە و فێرکردنی خوێندەواريی و ئامادەکردنی زەمینەی فیکری بۆ هەر جوڵەیەکی سیاسيی و کۆمەڵایەتی کوردی لە باشووری کوردستاندا دەبینی، چونکە ئاسانترین زمانێک، کە لانیکەم بەشی هەرەگەورەی لایەنگرانی شێخ مەحمود و کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگەش تێیدەگەیشتن، زمانی کارکردن لەنێو چەمک و ماناکانی ئایینی ئیسلامدا بوو. بۆیە باشترین و گونجاوترین مامەڵەی عەقڵانی لەگەڵ ژینگەیەکی لەمجۆرەدا، ڕەنگە بریتی بووبێت لە سوودوەرگرتن لەو سەرخانە فیکرییە بۆ مەبەستی سیاسی. شێخ مەحمود کەم تا زۆر، وەک ڕێبەرێکی بێ ڕکابەر و کاریزمی لە ڕۆژگاری خۆیدا، هەوڵێکی لەمجۆرەیدا، ئەگەر هەوڵەکانی لە ئاستێکی بچووک و سنورێکی لۆکاڵیشدا بووبن.

                                              پەراوێزەکان

1.        شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە بەڵگەنامەکانی فەڕەنسیدا، ل١٨.

2.        پێ ڕەش، بارزان و حرکة الوعي القومي الکردي ، ص١٤.

3.        المصدر نفسه، ص١٤.

4.        جرجیس فتح اللە، مبحثان علی هامش ثورة الشیخ عبیداللە النهري ، ص١٤٤-١٤٥.

5.        پێ ڕەش، موصدر سابق، ص٩.

6.        ئەڤیریانۆڤ، کورد لە جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا، ل٢٤١-١٤٣ ؛ د.عەزیز شەمزینی، جوڵانەوەی ڕزگاریی نیشتمانی کوردستان، ل٨٤-٨٥.

7.                                  Wadie Jwaideh, The Kurdish National Movement,P.77.                

8.        ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین، کورد و عەجەم، ل١٥٤.

9.                                                                    Jwaide, op.cit,P.77 

10.   جەلیلی جەلیل، ڕاپەڕینی کوردەکان، ل١٠٧.

11.   د.عبدالرؤوف سنو، النزعات الكيانية الاسلامية، ص123.

12.   مالمیسانژ، جەمعییەتی تەعاون و تەرەقی کورد و ڕۆژنامەکەی، ل٥٥-٦١.

13.   ڕۆبەرت ئۆڵسن، مەسەلەی کورد و پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا، ل٣٥-٣٦.

14.   Jwaide, op.cit,P.105-106.

15.   جرجیس فتح الله، یقظة الكرد، ص60.

16.   رەفیق حلمی، یادداشت، ب١، ل٣٣،٣٥.

17.   هەمان سەرچاوە، ب١، ل٣٦.

18.   هەمان سەرچاوە، ب١، ل٣٤-٣٥.

19.   د.جەعفەر عەلی، سۆفیزم و کاریگەری لە بزوتنەوەی، ل١٩٨-١٩٩.

20.   جرجیس فتح اللە، یقظة الكرد، ص210.

                                                          

سەرچاوەکان

1.       "شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە بەڵگەنامەکانی فەڕەنسیدا ١٨٧٩-١٨٨٢"، و: نەجاتی عەبدوڵڵا، بڵاوکراوەی مەکتەبی بیرو هۆشیاری (ی.ن.ک)، سلێمانی،٢٠٠٤.

2.       پی ڕەش، بارزان وحركه‌ الوعی القومی الكردی 1826-1914، ب.م،1980.

3.       جرجيس فتح اللە، مبحثان علی هامش ثورة الشيخ عبيداللە النهري،ط3،مظبعة التربية، دار ئاراس، اربيل، 2001.

 

4.       پ.ی.ئەڤیریانۆڤ، کورد لە جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا، و: ئەفراسیاو هەورامی، بڵاوکراوەی مەکتەبی بیرو هۆشیاری (ی.ن.ک)، سلێمانی،٢٠٠٤.

5.       Wadie Jwaideh,The Kurdish National Movement. Its Origins and Development, First Edition, Syracuse University Press, New York,2006.

6.       ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین، کورد و عەجەم. مێژووی سیاسی کوردەکانی ئێران، چ١، ب.ج، ١٩٩٢.

7.       جەلیلی جەلیل، ڕاپەڕینی کوردەکان لە ساڵی ١٨٨٠،  و: د.کاوس قەفتان، چاپخانەی الزمان، بەغدا، ١٩٨٧.

8.       د.عبدالرؤوف سنو، النوعات الكيانية الاسلامية في الدولة العثمانية 1877-1881 (بلاد الشام-   الحجاز- كردستان- البانيا)،ط1، بيسان للنشر والتوزيع، بيروت، 1998.

9.       مالمیسانژ، جەمعییەتی تەعاون و تەرەقی کوردو ڕۆژنامەکەی، و.زریان ڕۆژهەڵاتی، پێداچوونەوەی: سدیق ساڵح، چاپخانەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی حەمدی، بڵاوکراوەی بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٠٧.

10.      ڕۆبەرت ئۆڵسن، مەسەلەی کورد و پەیوەندییەکانی ‌ئێران و تورکیا، و: ڕێبوار کەریم وەلی، چ١، بەڕێوەبەرایەتی چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠٠٢.

11.      جرجيس فتح اللە، يقظة الكرد. تاريخ سياسي 1900-1925، مطبعة وزارة التربية، دار ئاراس، اربيل، 2002.

12.      ڕەفیق حلمی، یادداشت. کوردستانی عیراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحمود، ب١، چ٢، چاپخانەی ڕۆشنبیری و لاوان، هەولێر، ١٩٨٨.

13.      د.جەعفەر عەلی، سۆفیزم و کاریگەری لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلی کورد (١٨٨٠-١٩٢٥)، چ٢، چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،٢٠١٣.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure