دکتۆر دیلان سهلام حهمەفرەج، دکتۆرا له ئەدەبی کوردی
ڕۆمان ژانرێکی هونەرییە، بریتییە لە چیرۆکێکی واقیعی یان خەیاڵی درێژ، گێڕانەوەی چیرۆکێک یان چەند چیرۆکێکە، کە چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت، دەکرێت ئەم چیرۆکانە لە واقیعی کۆمەڵی کوردییەوە وەرگیرابن، یان دروستکراوی خەیاڵی نووسەران بن، نووسەریش بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێڕەوی کولتوور و دابونەریتێکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵ دەکات؛ بۆیە ئەم کولتوورە لە تەواوی دونیابینی و بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەراندا ڕەنگدەداتەوە، ئەدەبی کوردی لە سەرەتاوە کاریگەریی ژینگەی ناوچەیی خۆی بەسەرەوەبووە، کاریگەرییەکەش بەڕادەیەک بووە، کە ئەدەبەکە بکات بە ئەدەبێکی ڕەسەن و پاک و لە بەرامبەر مێژووی ڕۆژگاردا بیهێڵێتەوە، دیارە خورافە وەک بەشێک لە کولتووری هەموو نەتەوە و میللەتێک سەیردەکرێت و پێکهێنەرێکی سەرەکی کولتوورە، ناکرێت هەمیشە بوترێت خورافە شتێکی خراپە، چونکە وەک پێویستییەکی لێهاتووە بۆ خەڵکە سادە و ئاساییەکەی کۆمەڵ، بۆئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە زۆرەیان بداتەوە سەبارەت بە بوون و ژیان و کۆمەڵ هەیانە. خورافەش ئەو باوەڕ و بیرکردنەوانەن، کە تەنیا خەیاڵین و لەگەڵ لۆژیک و زانین یەکناگرنەوە، زیاتر پەیوەندییان بە فۆلکلۆری گەلانی جیهانەوە هەیە و هەندێکجار نەوە لە دوای نەوە دەمێننەوە، خورافە خەیاڵێکی ئاڵۆزی ناڕاستی نا ئەقڵانییە و دەکرێت ئایینی، یان ڕۆشنبیریی، یان کۆمەڵایەتی بن، یان لەوانەیە کەسی بن و تایبەت بن بە کەسێک بە تەنیا. وەک ئەوەی، کە خەڵکی باوەڕی وایە چاوەزار چاوی پیس دووردەخاتەوە و ناڵی ئاژەڵ خەیر و چاکە دەهێنێت، یان بە بینینی قەلەڕەش دوعا دەخوێنن و وادەزانن کێشەیان بۆ دروستدەکات ..(١)
ئەمانە و چەندین خورافەی دیکەی بەربڵاو لە کولتووری کوردیدا، کە هەمووشی هۆکاری بۆ داتاشراوە بەشێوەیەک خەڵک بڕوای پێ بکەن، بۆ نموونە ترسان لە ژمارە سیانزە و دانانی بە ژمارەی بێبەختی، زۆربەی کاتیش مرۆڤەکان بۆ خۆیان خورافە دروستدەکەن، بۆ نموونە کەسێک کاغەزێکی بەخت دەکڕێت و بەپێی ژمارەکەی خەڵاتێکی گەورەی بۆدەردەچێت، بەوەش وادەزانێت ئەوە ژمارەی بەختی ئەوە، بەهۆی ئەوەشەوە کاتێک هەمان کەس ژمارەیەکی دیکەی بۆ دەردەچێت، تووشی بێتاقەتی دەبێت و پێیوایە بەختی نییە. یان لەوانەیە لە ڕۆژێکی هەفتە یان لەکاتی بینینی کەسێک، یان لەکاتی ئەنجامدانی کارێک، شتێکی چەند جارێک بۆ دووبارەبێتەوە بەشێوەی ڕێکەوت، بەوپێیەش وادەزانێت هەرکاتێک ئەو کارە بکات ڕووداوەکە ڕوودەدات، ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە مێشک و بیرکردنەوەی تاکی ئێمەدا جێگیربووە و وەک بەشێک لە کولتووری لێهاتووە، مرۆڤەکان بێ ئاگایانە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم بیرکردنەوانە و خۆیان لەم ڕووداوانە بە دووردەگرن، شتێک هەیە کە زۆر نزیکە لە خورافەوە و هەندێکجار تێکەڵی یەکتر دەبن، کە ئەویش ئەفسانەیە، ئەفسانە بیرکردنەوە سەرەتاییەکانی مرۆڤی سەرەتاییە، دەربارەی مرۆڤ و بوون و مردن و ژیان، بەڵام بیرکردنەوە خورافییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی، کە مرۆڤ هۆکاری دروستبوونەکەی نەزانیون، بۆ ئاسوودەیی دەروونی خۆی دایڕشتوون، ئەفسانە تاڕادەیەک ڕەگێکی واقیعی تێدایە و دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە واقیع، بەڵام خورافە هەرگیز نابێتە ڕاستی، چونکە لەسەر بنەمای ژیری و ئەقڵ دروستنەبووە و بەسراوەتەوە بە سایکۆلۆژیای مرۆڤەوە و هەرگیز کۆتایی پێنایەت، بۆ نموونە لەم سەردەمی زانست و زانیاری و تەکنەلۆجیایەدا چەندین گرفتی سیاسيی و کۆمەڵایەتی و تەندرووستی بوونیان هەیە، کە مرۆڤ بۆ چارەسەرکردنیان پەنا دەباتە بەر خورافە، بۆ نموونە پەتای کۆرۆنا زانستی پزیشکی نوێ نەیدەتوانی چارەسەرێک بۆ ئەم ڤایرۆسە بدۆزێتەوە؛ بۆیە مرۆڤەکان هەوڵیاندەدا لە ڕێگەی چەندین بابەتی خورافییەوە ئەم دەردە چارەسەربکەن، کە تەنانەت تەکنەلۆجیا ڕۆڵی گرنگی دەگێڕا لە بڵاوکردنەوەی ئەم خورافانەدا، هەندێکجاریش خورافەکان بۆ مەبەستی سیاسی دروستکراون، بۆ نموونە ئەستێرەناسی، بورجەکان، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
کولتوور لە چەندین توخمی جیاواز و لێکدراو پێکهاتووە، هەر توخمێکیش لەگەڵ توخمی دیکە پێکەوە گرێدراون، پێکهاتەکانی ناو کولتوور مادديی و مەعنەوین، میتۆلۆژیا، سیستمی زمان، هونەر، ئایین، سیحر و بیروباوەڕ، دابونەریت و پەیوەندییەکان لەو توخم و پێکهێنەرە کولتوورییانەن.
میتۆلۆژیا: گەورەترین و بەهێزترین توخمی کولتوور میتۆلۆژیایە، کە هەرچەندە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەزەقی دیار نییە، بەڵام هێزێکی سەرەکییە لە زۆربەی کۆمەڵەکان کەوا سیستەم و دابونەریتەکان کارادەکات، ئەوەتا باڵاکردنی بەها و بیروباوەڕ لە خورافات و ئەفسانەکانی بەرایی بێجگە لەوەی فاکتەرێکە بۆ گواستنەوەی ئەو بەها و بیروباوەڕانە بۆ تازە پێگەیشتووانی کۆمەڵ، ئەوا لەهەمانکاتدا مەبەستێکی نادیار لە ناوەڕۆکیدا بەدیدەکرێت، کە ناڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەقڵی مرۆڤەکان دەکرێت، بەمەش لە نەخشەی زەینییان تۆمار دەبێت، ئەو مانا نادیارەش لە سادەترین شێوەیدا دەربڕینی بەهاو چەمکی خێر و شەڕە، هەروەها چیرۆکە زارەکییەکانیش، کە گێڕانەوەی ئەفسانەیە زانیاریی بە منداڵ دەدەن لەبارەی شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی مرۆڤی سەرەتایی لەگەڵ سروشت و گیانەوەرە دڕندەکاندا.. (٢)
بەم پێیە ئەفسانە و خورافە بەشێکی گرنگ و پێویستە لە کولتووری هەر نەتەوەیەکدا و هەرگیز لە یەکتری دانابڕێن، خورافە یەکێکە لە بەرهەمەکانی خەیاڵ و تێڕوانینەکانی مرۆڤ بۆ دیاردە و ڕووداوەکان، هەندێکجار هێندە خەیاڵی مرۆڤ پڕدەکات، کە کاریگەریی تەواو لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی دادەنێت، پاشان تەشەنە دەکات و زۆرینەی کۆمەڵگە دەگرێتەوە...(٣). لێرەوە ئاوڕ لە ڕەنگدانەوەی هەردوو چەمکی کولتوور و خورافەی سیاسیی لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)ی – بەختیار عەلی دا دەدەینەوە. "دەریاس و لاشەکان" ڕۆمانێکی کورت و لە هەمانکاتدا شاکارێکی تری "بەختیار عەلییە"، لەم ڕۆمانەدا کەڵکەڵەی شۆڕش و جوانییەکانی، شۆڕش و تارمایی و وەهمەکانی، هەموو شار و وڵات دەخرۆشێنێت، دیارە ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا یەکێک لە نەخۆشییە دیارە بەرچاوەکانی ئەمڕۆی گەلانی جیهان وێنا دەکات، کە ئەویش نەخۆشی جوڵانەوە گۆڕانخوازەکان و شۆڕشە وەهمییەکانی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، کە شۆڕش و گۆڕانکاری بووە بە وەهم و خەیاڵ و ئەم ڕۆمانە پڕە لە خورافەی سیاسی و سەرکردەی خورافی و شۆڕشگێڕی خورافی، کە تەنها ڕیکلام بۆ گۆڕانکاریی و نوێخوازی دەکەن و هەمیشەش خۆیان دووبارەدەکەنەوە و ناتوانن لە ڕەگەوە بیر و بۆچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بگۆڕن.
نووسەر لە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"دا ، بەشێک لە مێژووی پڕ تراژیدی خۆرهەڵات و کوردمان بۆ دەخاتەڕوو، بەشێوەیەکی ئەدەبی و خەیاڵی دەستدەبات بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە سیاسییەکەی گەلانی خۆرهەڵات، کە مێژووی ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لێی، دەستنیشانکردن و دیاریکردنی کێشە و گرفتە مێژووییەکان ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گرنگی نووسەر و داهێنەرەکانی ئەم ناو چەیەیە. ڕەنگە کتێبەکانی بەختیار بەگشتی و ڕۆمانەکانی بەتایبەتی باشترین ئەو کتێبانە بن، کە دەستیانبردووە بۆ ڕەگوڕیشەی نەخۆشییە سیاسی و مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە. ئەگەر سەرنجبدەین لە سەرەتای ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)، لە جێگایەکدا تەرمی (سەردار قەمەرخانی) دەهێنرێتەوە و دووبارە دەنێژرێتەوە، لێرەوە چیرۆکی نەخۆشییە سیاسییەکە و ڕەگو ڕیشەکەی دەستپێدەکات، ئەمەش لە تێڕوانینەکانی –ئەلیاس-ەوە تێدەگەین، کە بەمشێوەیە دەستپێدەکات: لە مەراسیمی ناشتنەکەی سەردار قەمەرخانیدا ئەلیاسمان نەبینی، کە ئەودەم گەنجێکی هێمن بوو، تازە دەلاکخانەیەکی بچووکی لە نزیک مزگەوتی شینەوە کردبووەوە، وەک خۆی دەیگوت ئەم سیاسییە ڕزیوەی بۆ گرنگ نییە، کە دوای شازدە ساڵ مردن ئێستا لە دارجگەرەیەکی ڕزیو دەچێت، نەوەک لە قارەمانێکی شەڕە بێ سوودەکانی چل ساڵ لەمەوبەر، کە پێمانگوت ئەمڕۆ مەیتی قەمەرخان دەهێننەوە، بە دەنگێکی جدی گوتی دەبوایە لاشەکەی لە شوێنی خۆی نەجوڵێنن، باش نییە مردوو زۆر ئەمدیو ئەودیو بکەیت، ئەو هەر لەو زەمانەوە گاڵتەی بە قەمەرخانی دەهات و بەردەوام بۆ کەسێکی دی دەگەڕا، وەک سەرۆک و ڕابەری خۆی لێیبڕوانێت.(٤)
ئەگەر سەرنجی کاردانەوەی –ئەلیاس- بدەین لەبارەی قەمەرخانیی و ڕۆڵە سیاسییەکەیەوە دەبینین وەک مرۆڤێکی نوێخواز، ڕەخنە لە مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵات دەگرێت، بە سیاسەتێکی ڕزیو پێناسەی دەکات و ڕەتیدەکاتەوە، لەکاتێکدا قەمەرخانی سیمبوولی قارەمانی و شۆڕشگێڕی سیاسی ئێمەیە کراوە بە سەرکردەیەکی ئەفسانەیی مێژوویی ئەم ناوچەیە، وێنای کەسایەتییەکی خورافی بۆ کراوە، لەبری تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ ڕۆڵ و کەسایەتییەکەی، وەک جەنەراڵ و سەرکردەیەکی ئەفسانەیی باسیکراوە، قەمەرخانی لەچوارچێوە و واقیعە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دەرکراوە و کەسایەتییەکی جیاوازی دوور لە واقیع بۆ دروستکراوە، کە ئەمە ڕەگوڕیشەی ئەم دەردە سیاسییەی کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام ئەلیاس وەکو ڕۆشنبیرێکی ئەم کۆمەڵە وادەردەکەوێت، کە بەتەواوەتی دیوە ڕزیوەکەی ئەم پاڵەوانەی بینیوە و ئاشنای بووە؛ بۆیە پێیوایە مێژووی ئێمە بە گۆڕانکاریی جەوهەریدا تێپەڕ نابێت، زیاتر بریتییە لە دەستاودەستکردنی زۆرە ملێیانە، بە دەستکاریکردنێکی سەرەتایی و ڕەنگگۆڕینەوە، دیارە – ئەلیاس- بە دوای دۆزینەوەی سەرکردە و ڕابەرێکی دیکەدا دەگەڕێت، دەیەوێت گەورەیەکی دیکە بۆ خۆی بخوڵقێنێت، دیارە مەبەستی نییە دونیایەکی جیاواز بۆ خۆی دروستبکات، بە دوای ڕوانین و دونیابینییەکی تازەدا ناگەڕێت، ئەو کێشەی لەگەڵ گەورەیەکی سیاسیدا هەیە و ڕەتیدەکاتەوە، لایەنگری بۆ گەورەیەکی سیاسی دیکە لەسەریایەتی.
دەتوانین بڵێین ئەمە کێشەی زۆرێک لە گەلەکانی ڕۆژهەڵاتە، کە مرۆڤێک دەکەن بە گەورەی خۆیان و شوێن بیروباوەڕەکانی دەکەون بەبێ ئەوەی بە دوای بیر و تێڕوانینی نوێدا بگەڕێن هەموویان هەڵگری هەمان دونیابینین، دەتوانین بڵێین مێژووی ئێمە کارخانەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی گەورە و سیاسییە بەناونیشانی جیاوازەوە، بەڵام هەڵگری هەمان بیروباوەڕ و دونیابینین، لە دەستپێکی ئەم ڕۆمانەدا باس لە پەیوەندییە جیاوازەکانی مرۆڤ دەکرێت بە سەرۆک و مردوو، باس لەو پەیوەندییە دەکرێت، کە لە نێوان مرۆڤە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرە و شوێنە بەرزەکاندا هەیە، لەم ڕۆمانەدا تێگەیشتنێکی تەواو خورافی بۆ سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکان دروستکراوە، بە جۆرێک لەچوارچێوە مرۆییەکە دەرچووە، بوونێکی نەمریی پێبەخشراوە، بە جۆرێک سەرۆکەکان ئەگەر بە جەستەش نەمێنن ڕێباز و بیروباوەڕەکانیان هەر دەمێنێتەوە و مرۆڤ دەبێت بیانپارێزێت و بۆ ژیانی خۆی پێڕەویان بکات، واتە سەرۆکەکان بە مردن کۆتاییان نایەت، بەڵکو ڕێبازەکەیان بەردەوامە. "بەختیار علی" لەو نووسەرانەیە، کە کێشەی گەورەی لەگەڵ پیرۆزکردندا هەیە، لەم ڕۆمانەدا پیرۆزکردن لە ئایینەوە بۆ سیاسەت گواستراوەتەوە، ئەمجارە لەبری پیاوی ئایینی سیاسییەکان بە پیرۆزکراون و نووسەر بە یەکێک لە دەردە کوشندەکانی سیاسەتی کۆمەڵی کوردی دەزانێت، کە ئەم پیرۆزییانە ڕێگە بە گۆڕانکاری نادەن، وەک دەڵێت: لە ترسی کاری خراپەکارانە سیاجێکی بەرزمان بۆ گۆڕستانەکە دروستکرد و پاسەوانی زۆرمان بۆ دانا، هێندە زۆر ڕۆژێک ویستمان گۆڕستانەکە تێکبدەین و خۆمان لەم هەموو سەرۆکە بێکەڵکە ڕزگاربکەین، بوو بە بەڵا بۆمان.(٥)
ئێمە لەکۆمەڵێکداین سەرۆکەکان بە مردووییش پارێزگاری لە گۆڕەکانیان دەکرێت. چەندێک خراپهشیان هەبێت هەموویان پشتگیر و پشتیوانی خۆیان هەیە، سەرەتای چیرۆکی "ئەلیاس " و "دەریاس" چیرۆکێکی خێزانی و کۆمەڵایەتییە، چاوەڕوانی هاتنەوەی باوک لە سەرەتاوە چاوەڕوانی سەرتاسەری کۆمەڵە بۆ هاتنی باوکێکی فریادڕەس و ڕزگارکەر، بەپێی ئەو ڕۆڵ و سەرکردایەتییەی کە باوک لە خێزاندا هەیەتی و وەک فریادڕەس سەیردەکرێت، هەروەک ئەو چاوەڕوانییەی، کە ستارەخانی دایکی دەریاس و ئەلیاسیش هەیەتی بۆ گەڕانەوەی سێبەری باوک، بەڵام دەریاس خودی باوک و گەڕانەوەشی وەکو وەهم و خورافەیەک دەبینێت و هەر ئەوەش وایلێدەکات بچێت لە خۆرئاوا مێژووی وەهم بخوێنێت و وەڵامی پرسیارەکانی خۆی سەبارەت بە خورافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بدۆزێتەوە. دەبێتە گەنجێکی یاخی لە تەواوی ئەو وەهم و خورافانەی دایک و براکەی و تەواوی کۆمەڵ بەدەستیيەوە دەناڵێنن، لە ڕوانینی دەریاسدا جۆرێک لە نێوان دژی هەیە، بەتایبەت لە جێیەکدا تێگەیشتنی دەریاس بۆ شۆڕش و ئەنجامدانی گۆڕانکاری نیشاندەدرێت: دەریاس هەموو وڵاتەکەی وادەهاتە پێش چاو، وەک جێگایەک، کە ناتوانرێت شتێکی گرنگی تێدا بگۆڕدرێت، شتەکان وادانرابوون و دروستکرابوون، یان دەبوو بڕوخێنرێن، یان دەستیان لێنەدرێت. لە دوای دوو مانگ ژیان لە شارەکەدا تەواو گەیشتە ئەو بڕوایەی، کە لەو کەسانە نییە بتوانێت هیوای گەورە دروستبکات، بەڵکو دەتوانێت وەک هەموو خەڵک لەگەڵ بێئومێدییەکەی خۆیدا ڕابێت و ئاسودەبژی.(٦).
- دەریاس پێیوایە دونیا و جیهانی لەمشێوەیە یان دەبێت بڕوخێنرێت یان دەستکاریکردنی مەحاڵە، دەریاس شۆڕش وەک خورافەیەک سەیردەکات، کە لە کۆمەڵی ئێمەدا هەرگیز دروستنابێت، چونکە شۆڕشێک، کە لەسەر بناغەی گۆڕانکاری و دونیابینی جیاواز دروستببێت لەم وڵاتەدا مەحاڵە، لەبەرئەوەی شۆڕشگێڕەکان هەڵگری هەمان بیرەکانی پێشترن و لە ڕووخساری نوێدا خۆیان نمایشدەکەنەوە، یەکێک لە بنچینەکانی نائومێدکردنی مرۆڤ، بەخشینی هێز و دەسەڵاتی خودایە بە شۆڕش و لەنێویشیدا بە سەرۆک، هەربۆیە دەریاس لە سەیرکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی سەردەمەکەی خۆیەوە هەست بەو دەسەڵاتە دەکات کە خورافە کێشاویەتی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکاندا؛ هەربۆیە دەڵێت: شۆڕش دەرگا لەسەر سەردەمێکی تازەی خورافات دەکاتەوە.(٧)
دەتوانین بڵێین بنەڕەتی دروستبوونی زۆربەی شۆڕشەکان وەهم و خورافاتە، ئەگەر خەیاڵی دروستکردنی ژیانێکی باشتر و شایستەتر نەبوایە شۆڕشەکان دروستنەدەبوون، ئەگەر دروستکردنی خورافە لە مێشکی خەڵکیدا نەبوایە دەموچاو و ناواخنی گشت شۆڕشەکان دەردەکەوتن، ئەمەش هێزی لەدایکبوونیانی لێدەسەندنەوە؛ بۆیە ئەوەی هەیە مرۆڤەکان تێکەڵی دەبن، ئەوە حەقیقەتی شۆڕش نییە، بەڵکو وەهمی شۆڕشە، یەکێک لەو گفتوگۆ جوانانەی لەم ڕۆمانەدا دەبینرێت گفتوگۆی "مامۆستا مەردان"ە، لەگەڵ "دەریاس"دا، کە بەهانای دەریاسەوە هات لە ناشتنی تەرمی دایکیدا دەڵێت: ئیتر مێژووی شارەکە ئەمەیە، ئەمەیە کە تۆ لەم جێگایەدا دەیبینیت. ئینسانەکان بۆ یەکێک دەگەڕێن ببن بە عەبدی، جیاوازی نێوان عەبدی ئەم زەمانە و عهبدی زەمانی کۆن ئەوەیە، ئەمانە بە ئیمانێکی توندەوە دەبن بە عەبد، بەهانە دەتاشن، بەڵگە دەهێننەوە، دەیخەنە سەری و لێی دەردەکەن، تا بیسەلمێنن کارێکی باشیانکردووە. شانازی بەوەوە دەکەن وەک کلک دوای ئاغا و دوای بەگ و دوای ئەو سیاسی بکەون، دوایی دەبن بە جەنگاوەر چەک هەڵدەگرن، دەکوژن و وێرانەیی دەنێنەوە، دواجاریش دەبن بە مەیتێکی بێسوود و ڕزیو لە شوێنێکی وادا.(٨)
کۆمەڵی ئێمە بەدەست ئەم دەردەوە دەناڵێنێت بەندایەتی هۆشمەندانە ئەم کۆمەڵەی تەنیوە، زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان، کە خۆیان بە هەڵگری بیروڕای جیاواز لە قەڵەم دەدەن لە بنەڕەتدا لە یەک بەرنامە و بیروباوەڕەوە دروستبوون و دواجاریش دەچنەوە سەر هەمان ڕێچکەی خۆیان، هەمیشە هەردوو هەستی ڕقی زۆر و خۆشەویستی زۆر بۆ ڕێبازێک بیروباوەڕێک ئەم دونیایە بەڕێوەدەبات، مرۆڤەکانی ئێرە یان ئیمام و سیاسی و سەرۆکەکانیان زۆر خۆشدەوێت یان زۆر ڕقیان لێیەتی؛ بۆیە هەمیشە جەنگ لەسەر بناغەی ئەم هەستانە دروستدەبێت و مرۆڤ قوربانی یەکەمی ئەم جەنگانەیە، کاتێک باس لە شۆڕش و گۆڕانکاریی دەکرێت دەبێت بزانین هەمەلایەنەیە و تەواوی لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە، تەنها خۆی لە سیاسەتدا نابینێتەوە، بەڵکو دەستکاری تەواوی کۆمەڵ و کولتوور و باری دەروونی تاکەکان و بیروباوەڕ و تەواوی لایەنەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤ دەکات. ههربۆیە شۆڕشی ڕاستەقینە پێویستی بە دەستکاریکردنی هەموو ئەو لایەنانە هەیە، بەڵام لە خۆرهەڵاتدا شۆڕشەکان بەگشتی لە ڕواڵەتی نوێ و بەرنامەی کۆندا خۆیان نمایشدەکەن: لەم شارەدا تەنیا ئەو کەسە دەتوانێت خەڵک بۆ شۆڕش بجوڵێنێت، کە پێیان دەڵێت، بێئەوەی هیچ لە دینتان بگۆڕن، بێئەوەی هیچ لە خۆتان ئەخلاقتان بگۆڕن دونیاتان بۆ دەگۆڕم.(٩)
دەتوانین بڵێین ڕۆمانەکە ستایشێکی قووڵی "غوربەت"ی تێدایە، لە قووڵاییدا ململانێیە لە نێوان غوربەت و توانەوەدا، "دەریاس" ئەو ڕۆحە غەریبەیە، کە لە هەموو ئەوانە باشتر کۆمەڵگهی خۆی دەبینێت، کە لە نێوان ململانێکاندا نوقمبوون، واتە ئەو مرۆڤانەی، کە لەناو واقیعیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا ژیاون خۆیان هەستییان بە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان نەکردووە، بەڵکو کەسێک کە لە کۆمەڵگەیەکی تردا دەژی و دێتە کۆمەڵگەکەی ئێمەوە هەست بە گرفتەکان و نقوومبوونی ئێمە لەناو کێشەکاندا دەکات؛ بۆیە دەریاس هەرگیز دوای خورافە سیاسییەکانی کۆمەڵگەکەی ناکەوێت، دەزانێت بۆئەوەی شۆڕش بکەیت دەبێت دەستکاریی تەواوی پێکهاتەکانی ژیانی کۆمەڵگەکەت و بیرکردنەوەی تاکەکانی بکەیت بەرەو باشە و گۆڕانکاریی تاکو شۆڕشەکە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرهەمبهێنێت.
ئەمە ناوەڕۆکی ئەو گرفتەیە کۆمەڵەکانی ئێمە بەدەستییەوە دەناڵن، کە هەمیشە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و گۆڕانکارییەکان لە سنووری ڕواڵەتی تێناپەڕن، دیارە ئەم ڕۆمانە قسە و گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها دەتوانین بەکورتی قسەی لەسەر بکەین، کە یەکێکە لەو ڕۆمانانەی لە کوردستاندا کار لەسەر خورافەی سیاسی دەکات.
ئەنجام: بناغەی دروستبوونی هەموو شۆڕشەکان وەهم و خەیاڵاتە، ئەگەر خەیاڵی دروستکردنی ژیانێکی جوانتر و شایستە تر و کۆمەڵگەیەکی ئارامتر و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە مێشکی شۆڕشگێڕاندا دروستنەبووایە هەرگیز شۆڕشەکان دروستنەبوون.
گواستنەوەی بە پیرۆزکردن لە ئایینەوە بۆ سیاسەت، چونکە سەرکردە سیاسییەکانی کورد دوای مردنیشیان گۆڕەکانییان زیارەت دەکرێت و خەڵک بەترسەوە ناویان دههێنن، لەکاتێکدا نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەک لە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکدا دروستبکەن.
پەراوێز و سەرچاوەکان
١-محهمهد ڕزگار: خورافیات (دەرەمۆک) ، ٢٨/٩/٢٠٢١، زانیاری zaniary. Com.
٢-- ئارام ئيبراهیم حسهین دزەیی، خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسییانە بۆ کولتوور، ژمارە(٩) ی گۆڤاری زانکۆی ڕاپەڕین، ٢٠٢٢ ، ل٦٩٨.
٣-OA Barznji, DS Hamafaraj , Reflection of culture in the stories of Sherzad Hassan, Halabja University Journal, 2022, ل٧٩
٤- بەختیارعلی، ڕۆمانی دەریاس ولاشەکان، سلێمانی، چ2، چاپخانەی کارۆ، ٢٠١٩ ، ل٦.
٥-سەرچاوەی پێشوو، ل٧.
٦-سەرچاوەی پێشوو، ل٢٣.
٧-سەرچاوەی پێشوو، ل٥٨.
٨-سەرچاوەی پێشوو، ل١٨٢.
٩-سەرچاوەی پێشوو، ل٢٢٣.