ئامانج نازم بی‌جان
پێشه‌كی
كاتێك ده‌مانه‌وێت چه‌ند سه‌رهنجێكی خێرا له‌مه‌ڕ توێژینه‌وه‌ی زانستی بنووسین، پێویستمان به‌وه هه‌یه باسی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ین كه په‌یوه‌سته به پڕۆسه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه، بۆئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی دروست بكێشین، زۆر گرنگه چاوێك به مێژوو و پێشینه‌ی زانكۆكان بخشێنین، بۆئه‌وه‌ی به‌رچاوڕوونیمان هه‌بێت له‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی چۆن ده‌ستیپێكردووه و به چ قۆناغێكدا گوزه‌ری كردووه، چونكه ئه‌وه‌ی له ڕۆژگاری ئێستادا هه‌ستی پێده‌كه‌ین، درێژكراوه‌ی قۆناغه‌كانی پێش خۆیه‌تی.
شیاوی باسه، توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك بنچینه و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی خوێندنی باڵا و زانكۆكان، له ئێستادا به بارودۆخێكی ناله‌بار و نائاسایی تێده‌په‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش به پێویستمان زانی بابه‌ته‌كه‌مان به‌ناونیشانی: دیوێكی تری توێژینه‌وه زانستییه‌كانی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ هه‌ڵبژێرین، كه مه‌به‌ستمانه له دیوێكی تر و له گۆشه‌نیگایه‌كی پسپۆڕییه‌وه بڕوانینه چه‌ند لایه‌نێكی په‌راوێزخراوی توێژینه‌وه مێژووییه‌كانی قۆناغی نوێ و هاوچه‌رخ. بابه‌ته‌كه‌مان له پێنج ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی پێكدێت، ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: قۆناغی به‌كالۆریۆس وه‌ك بونیادێكی زانستی په‌راوێزخراو، ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: گه‌شتێكی خێرا به‌نێو نووسینی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا‌كان، ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: دیوی دووه‌می توێژینه‌وه زانستییه‌كان له‌نێو گۆڤار و كۆنفرانسه‌كاندا، ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: زمان وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی توێژینه‌وه‌ی زانستی، ته‌وه‌ره‌ی پێنجه‌م: هۆكاره‌كانی پشت گرفتی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
جێگه‌ی باسه، ئه‌م دۆخه ناله‌بار و نازانستییه‌ی كه توێژینه‌وه‌ی زانستی پێیدا تێده‌په‌ڕێت، زاده‌ی شه‌و و ڕۆژێك نییه، به‌ڵكو ئه‌مه سه‌ره‌تای ئه‌نجامی قۆناغه‌كانی پێشووتره، كه به‌داخه‌وه نه‌توانراوه له ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌دا، بونیاد و پێشینه‌یه‌كی زانستی دروست بكرێت بۆ گه‌شه‌كردنی زانكۆ و كۆمه‌ڵگا. ئه‌و چه‌ند سه‌ره‌نج و نموونه خێرایانه‌ی ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، ته‌نها بۆ ڕوونكردنه‌وه‌یه، ده‌نا به ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی زیندوو له‌وباره‌یه‌وه له‌به‌رده‌ستدایه، دیاره ئه‌م په‌تا نازانستییه هه‌ر قۆناغی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی نه‌گرتووەته‌وه، به‌ڵكو مێژووی كۆن و مێژووی ئیسلامی-سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیش پڕه له‌و جۆره نموونه و به‌سه‌رهاتانه، ته‌نانه‌ت چه‌ند توێژینه‌وه و كتێبێكیش له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام مه‌به‌ستمان بوو زیاتر له‌چوارچێوه‌ی پسپۆڕییه‌وه ته‌ماشای پرسه‌كه بكه‌ین و ئارێشه‌كانی بخه‌ینه‌ڕوو.
جێگه‌ی گووتنه، نووسینی ئه‌م چه‌ند سه‌ره‌نجه خێرایه، زیاتر به‌مه‌به‌ستی وروژاندنی پرسی توێژینه‌وه‌ی زانستی له زانكۆكانی كوردستان خراوه‌ته‌ڕوو، كه به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسانی باڵا لێی به‌رپرسن، كه ڕێگه‌یان خۆشكردووه ئه‌م جۆره سیسته‌مه بێته‌كایه‌وه، ئەگەرنا له نزیكه‌وه ئاگادارین چه‌ندین مامۆستای به توانا و لێهاتوو هه‌ن، نووسینه‌كانیان ڕاژه‌یه‌كی باشیان كردووه له‌وباره‌یه‌وه، خۆشبه‌ختانه زۆر له‌و مامۆستایانه بۆخۆیان دان به‌و دۆخه ناله‌باره‌ی توێژینه‌وه زانستییه‌كان ده‌نێن و ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن.
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: قۆناغی به‌كالۆریۆس وه‌ك بونیادێكی زانستی په‌راوێزخراوو
یه‌كێك له پایه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی فێركردنی باڵا بریتییه له توێژینه‌وه‌ی زانستی، چونكه زانكۆكان زیاتر به چه‌ندایه‌تی و چلۆنایه‌تی ئه‌و توێژینه‌وانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن(1). له ته‌واوی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی دونیادا، توێژینه‌وه‌ی زانستی پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه له زانكۆدا، چونكه به بنچینه‌ی خوێندنی باڵا داده‌نرێت(2). دیاره پڕۆسه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی له قۆناغی به‌كالۆریۆسه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌م قۆناغه وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌م و بونیادی زانستیی خوێندكار ئه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ئاماژه‌كانی توانا و به‌هره‌ی زانستی خوێندكار به‌ده‌رده‌كه‌وێت له‌و پسپۆڕییه‌ی تێیدا ده‌خوێنێت.
جێگه‌ی باسه، له وڵاتانی ده‌ره‌وه بایه‌خێكی زۆر به‌م قۆناغه‌ی خوێندن ده‌درێت، له وڵاتێكی وه‌كو ڕووسیادا، دایك و باوك و ته‌نانه‌ت خوێندكاریش هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆئه‌وه‌یه كه له زانكۆیه‌كی باش وه‌ربگیرێن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان پێبگه‌یه‌نن و داهاتوویه‌ك بۆ خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن، به‌هۆی شاره‌زایی و لێهاتووییان له‌و پسپۆڕییه‌دا. ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنج ده‌درێت، زانكۆكان له‌ڕووی پێداویستی و به‌رنامه‌ی خوێندنیان له ئاستێكی به‌رزدان، به‌وپێیه خوێندكار ناچار ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ربچێت، پێویستە ببێت به فێرخواز و زانستخوازێكی باش له داهاتوودا. ڕۆژانه به لایه‌نی كه‌مه‌وه شه‌ش كاتژمێر ده‌خوێنن، بۆیه خوێندكار له‌م قۆناغه‌دا زۆربه‌ی كاته‌كانی ڕۆژی له زانكۆدا به‌سه‌ر ده‌بات. یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنجه، زۆربه‌ی زانكۆكان له‌م قۆناغه‌دا ده‌ستی خوێندكار ده‌گرن بۆ نووسینه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شداریكردن له كۆنفرانسه‌كاندا، كه ساڵانه به ده‌یان و سه‌دان كاری له‌و جۆره ده‌كرێت.
به‌داخه‌وه له كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، له هه‌ندێك زانكۆ خوێندكار به كۆنمره‌ی شه‌سته‌وه به‌شی مێژووی ته‌واو ده‌كرد، دیاره پێشتریش له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی تایبه‌ته‌وه ئه‌و كاره ده‌كرا، ئه‌مه ده‌ستپێكی بێ به‌هاكردنی پسپۆڕیی و بڕوانامه بوو. له زۆربه‌ی به‌شه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌تایبه‌تی به‌شی مێژوو، بابه‌تێك به‌ناوی ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌خوێندرێت، بۆئه‌وه‌ی خوێندكار فێری هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی بێت. دواتریش له قۆناغی چواره‌م، بابه‌تێك به‌ناوی توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوون هه‌یه، وه‌كو به‌شێك له پێداویستییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس. به‌داخه‌وه كه‌مترین بایه‌خ به‌م وانه‌یه ده‌درێت، له‌كاتێكدا پێویسته زۆرترین كاتی بۆ ته‌رخان بكرێت، چونكه ئه‌مه بنه‌ڕه‌ت و پێشینه‌ی هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییه بۆ خوێندكار، بۆئه‌وه‌ی به باشی هه‌نگاوی یه‌كه‌می توێژینه‌وه‌ی زانستی فێربێت.
شیاوی باسه، زۆرجار هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌م قۆناغه‌دا زانستی نین، به‌ڵكو پرسگه‌لێكی وه‌كو ئایدۆلۆجیا و پارتایه‌تی و په‌یوندی كه‌سیی ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌وباره‌یه‌وه. هەربۆیه زۆرجار ده‌بینین له لایه‌ن چه‌ند مامۆستایه‌كه‌وه، هه‌وڵده‌درێت به‌مه‌به‌سته‌وه خوێندكارێك بكرێت به یه‌كه‌م، یاخود به‌هۆی كێشه‌ی كه‌سی و ئایدۆلۆجییه‌وه، سته‌م له خوێندكارێكی تر ده‌كرێت. مامۆستایه‌ك ده‌یگێڕایه‌وه، له قۆناغی به‌كالۆریۆس كۆنمره‌ی حه‌فتا بووه، به‌ڵام دوایی كردوویانه به شه‌ست و نۆ، بۆئه‌وه‌ی له ماسته‌ر وه‌رنه‌گیرێت، دیاره ئه‌و كاته كۆنمره‌ی حه‌فتا پێویست بوو. دواتر له ڕێگه‌ی مامۆستایه‌كی به‌شه‌وه پێی وتبوو بۆیه وایان كردووه، چونكه وتوویانه باوكی سه‌ر به پارتێكی تره. جاری وا هه‌یه به‌هۆی ململانێی نێوان مامۆستاكانه‌وه، كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر خوێندكارانیش ڕه‌نگده‌داته‌وه، بۆ نموونه مامۆستایه‌ك پێی خۆش نییه سه‌رچاوه‌ی فڵانه مامۆستای هاوپسپۆڕی به‌كاربهێنرێت له توێژینه‌وه‌ی ده‌رچووندا!
شیاوی باسه، قۆناغی به‌كالۆریۆس زۆر گرینگره له خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا، چونكه ده‌كرێت خوێندكار له‌م قۆناغه‌دا دروستبكرێت و خۆی پێبگه‌یه‌نێت، له هه‌موو دونیاش زۆرترین بایه‌خ به‌م قۆناغه ده‌درێت، به‌وپێیه خوێندكار ده‌توانێت بونیادی هزریی و فه‌رهه‌نگی خۆی دروستبكات، چونكه له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه ده‌توانێت زۆرباشتر بابه‌ته‌كان هه‌رس بكات، پاشان به به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی تر، زۆرترین ماوه له‌گه‌ڵ پسپۆڕییه‌كه‌ی خۆیدا ده‌باته سه‌ر، هەربۆیه كار و پڕۆژه‌كانی داهاتووی هه‌موو توێژه‌ر و پسپۆڕێكی مێژوو، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆنییه‌تی خوێندنی زانكۆ، هه‌رسكردنی بابه‌ته‌كان و فێربوونی ئه‌زموونه‌كانی ئه‌م قۆناغه گرنگ و هه‌ستیاره له‌لایه‌ن مامۆستایانی به تواناوه. هەربۆیه پێویسته مامۆستا زۆر به‌وردی و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خوێندكار بكات و دوور بێت له كاریگه‌ری ئایدۆلۆجیی و پارتایه‌تی و كێشه و په‌یوه‌ندی كه‌سێتی. دواتر ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێت به بونیادێكی زانستی گرنگ بۆ كار و پڕۆژه‌كانی داهاتووی خوێندكار.
له‌م قۆناغه‌دا مامۆستا و پاشان سیسته‌م و به‌رنامه‌ی خوێندن له به‌شی مێژوو، ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینن له بونیادنانی زانستی و پێشینه‌ی فه‌رهه‌نگی خوێندكار، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ئێستادا، زۆربه‌ی به‌شه‌كانی مێژووی زانكۆكانی كوردستان، ناتوانین هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵبچنین، چونكه جگه‌له‌وه‌ی كه زۆر له مامۆستایان به كۆنمره‌یه‌كی كه‌مه‌وه بوونه به مامۆستا، به‌ڵكو تێیاندایه پسپۆڕیی له مێژوویشدا نییه. ئیدی چۆن ده‌كرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێبكرێت پسپۆڕی مێژوو و توێژێنه‌ی زانستی به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت؟!
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: گه‌شتێكی خێرا به‌نێو نووسینی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا‌كان
له‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ندێك سه‌رنجی خێرا له‌مه‌ڕ پرۆسه‌ی نووسینی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا‌كان بنووسین كه تایبه‌تن به مێژووی نوێ و هاوچه‌رخه‌وه. پێش هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌درێت له زانكۆكانی كوردستاندا، سه‌رپه‌رشتیار ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له نووسینه‌وه‌ی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا‌كان، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه پێشینه‌یه‌كی زانستی و فه‌رهه‌نگیی باشییان نییه، ئه‌مه‌ش له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان به زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرێت، هەربۆیه به لای منه‌وه توێژه‌ر له‌مباره‌دا، ناتوانێت ببێت به خاوه‌نی ڕه‌های ئه‌م كاره ئه‌كادیمییه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه زۆرجار ده‌بینین توێژه‌ر نه پێشتر و نه دواتریش توانای كارێكی هاوشێوه‌ی نییه بۆ بڵاوكردنه‌وه. له زۆربه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه، سه‌رپه‌رشتیار ته‌نها وه‌كو هێما و ناوێك بۆ توێژه‌ر داده‌نرێت، ده‌نا هه‌موو ئه‌ركه زانستییه‌كان له ئه‌ستۆی خوێندكار خۆیه‌تی.
جێگه‌ی هێما بۆكردنه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له هه‌ندێك به‌شی مێژوو پڕۆپۆزه‌ڵ ئاماده ده‌كرا بۆ خوێندكار، ده‌بوو خوێندكار به‌پێی ئه‌و ناونیشانانه‌ی دیاریكراوه، توێژینه‌وه‌كە بنووسێت. ئه‌مه‌ش سته‌مێكه به‌رانبه‌ر به حه‌ز و خوولیا و توانای خوێندكار، كه خاڵی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی توێژینه‌وه‌كه‌یه، چونكه به‌بێ ئاره‌زوولێبوون، توێژه‌ر ناتوانێت هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت(3). هه‌ڵبژاردنی خوێندكار بۆ بابه‌تی توێژینه‌وه، له‌ڕاستیدا خۆی به‌رپرسیاره، مامۆستای سه‌رپه‌رشتیار ئاڕاسته‌ی ده‌كات و سه‌رپه‌ر‌شتی ده‌كات بۆ سه‌رچاوه و ژێده‌ر و شێوازی كاركردن(4). زۆرجار ده‌بینین له ده‌ره‌وه‌ی توانای توێژه‌ر بابه‌ت ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه زانینی زمانی دووه‌م تێیدا ڕۆڵی گرنگ و سه‌ره‌كی ده‌بینێت، هەربۆیه له‌مكاتانه‌دا توێژه‌ر په‌نا بۆ كه‌سانی تر و به‌فیڕۆدانی پاره‌یه‌كی زۆر ده‌دات له‌وباره‌یه‌وه، یاخود زۆرجار هانا بۆ سه‌رچاوه‌ی پله دوو و سێ ده‌بات، كه تێیدا توانا و به‌هره‌ی توێژه‌ر بزر ده‌بێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئایا چ پاڵنه‌ر و ئامانجێكی زانستی له پشت ئه‌م جۆره كارانه‌وه‌یه؟ ڕاسته بابه‌تی نوێ و تازه گرنگه، به‌ڵام توانست و زاڵبوون به‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌دا له‌وه پێویستتره.
هه‌رچی تایبه‌ته به پسپۆڕی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخه‌وه، ئاشكرایه مه‌به‌ست له مێژووی نوێ ماوه‌ی نێوان ساڵانی (1514-1914)، مێژووی هاوچه‌رخیش له پاش ساڵی (1914)ه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌درێت زۆربه‌ی زۆری بابه‌ته‌كان له بواری مێژووی ڕامیاری كورد نووسراون و زیاتر له سه‌ده‌ی بیسته‌مدان(5). به‌داخه‌وه هه‌ندێك له بابه‌ته‌كان زۆر دوورن له بابه‌تی مێژووییه‌وه. (مرۆڤ، شوێن، كات) وه‌كو سێ ڕه‌گه‌ز و پێكهاته‌ی مێژوو(6)، پێویسته له ناونیشان و دیاریكردنی ماوه‌ی مێژوویی توێژینه‌وه‌كه بایه‌خی پێبدرێت و پشتگوێ نه‌خرێت. ئاشكرایه بابه‌تی مێژوویی، ئیدی شوێنی جوگرافی، كه‌سایه‌تی و كات و ڕووداو و یاخود بزووتنه‌وه و بابه‌تێكی مێژوویی بێت، ده‌بێت گوزارشت له قۆناغێكی مێژوویی بكات، كاریگه‌ری به‌جێهێشتبێت له نێوان قۆناغی پێش خۆی و پاش خۆی. به‌ڕاستی هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه‌كان سه‌رنج ده‌درێت هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌جێنه‌هێشتووه له‌ڕووی مێژووییه‌وه.
ئاخر ناكرێت ڕۆڵی كه‌سایه‌تییه‌ك له نووسینه‌وه‌ی مێژوو بخه‌یته‌ڕوو، كه جگه‌له نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆراكه‌ی، خاوه‌نی هیچ كتێبێكی مێژوویی نه‌بێت. هیچ نووسه‌رێك به كتێبێك و دووان نابێت به مێژوونووس، هه‌تا ڕۆڵی هه‌بووبێت له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا. جگه‌له‌وه‌ش، زۆر جاران مێژوو له‌گه‌ڵ زانستی ڕامیاری تێكه‌ڵ ده‌كرێت، له‌كاتێكدایه پێویسته بیست ساڵێك به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه تێپه‌ڕێت(7). جێگه‌ی داخه، له‌مباره‌یه‌وه هه‌ست و سۆز و په‌یوه‌ندییه‌كان زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی توێژینه‌وه‌كان. ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی زانكۆكانی عێراق بكه‌ین، ساڵانه چه‌ندین ناونیشانی تازه و به‌پێز له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسرێت، له‌مه‌ڕ بابه‌تی كارگێڕیی و فه‌رهه‌نگی. بۆ نموونه: (كاره‌با له عێراق هه‌تاوه‌كو ساڵی (1958)-توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه)، ساڵی (2016) پێشكه‌شكراوه(8). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا تاك و ته‌را ناونیشانی وه‌هاش ده‌بینرێت كه دوور بێت له بابه‌تی مێژوو، وه‌كو (ئه‌حمه‌د ڕازی-توێژینه‌وه‌یه‌كه له ژیاننامه‌ی وه‌رزشیی و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌له‌مانی (1964-2020)، ساڵی (2023) پێشكه‌شكراوه(9). جێگه‌ی باسه، ئه‌م ماسته‌رنامه‌یه له بواری مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدا، له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆریان لێگرت. ده‌كرێت بچووكترین سه‌رنج له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه بێت، ئایا ده‌كرێت نووسینه‌وه‌ی مێژوو باس له سێ ساڵ به‌ر له ئێستا بكات؟ وه‌ك له ناونیشانه‌كه‌دا هاتووه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، زۆر له‌و بابه‌تانه‌ی نووسراون، مۆركی پارتایه‌تی و ئایدۆلۆجی و ناوچه‌گه‌ریی زه‌قیان پێوه دیاره، بۆ نموونه كه‌م ده‌بینرێت توێژه‌رێك له ناوچه‌ی سلێمانی نامه‌ی ماسته‌ر یاخود تێزی دكتۆراكه‌ی بۆ بابه‌تێك له شۆڕشی ئه‌یلوول و سه‌ركرده و كه‌سه ڕامیارییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ته‌رخان بكات، هه‌روه‌ك نابینرێت توێژه‌رێك له ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر و دهۆك له‌مه‌ر شێخ مه‌حموودی حه‌فید و قۆناغه‌كانی تری ئه‌و ناوچه‌یه بنووسێت. هه‌ڵبه‌ت زۆرجار ئه‌مه بۆ نووسینی ناوچه و ده‌ڤه‌رێكیش هه‌ر ڕاسته.
ده‌گێڕنه‌وه توێژه‌رێك له نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌یدا، كتێبی سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی به‌كارهێناوه وه‌كو سه‌رچاوه، كه نووسه‌ر تێیدا ڕه‌خنه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد گرتبوو، پاش گفتوگۆكردن و واژۆكردنی ئه‌ندامانی لیژنه، دیاره به ڕاگریان وتووه. ڕاگری كۆلێجیش به توێژه‌ری وتووه ئه‌و وته‌یه بسڕه‌وه ده‌نا واژۆی ناكه‌م. توێژه‌ر وتوویه‌تی نامه‌كه گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه، پاشان ئه‌وه سه‌رچاوه‌كه و ئه‌وه‌ش وته‌ی سه‌ركرده‌كه، قسه‌ی زیادم نه‌كردووه، ڕاگر پێیوتووه من ئه‌وه نازانم بیسڕه‌وه(10).
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه، له مێژووی نوێ و هاچه‌رخ، كه‌مترین بابه‌ت له‌مه‌ڕ مێژووی ئه‌وروپا و ئاسیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌بینرێت. به چه‌شنێك كاتێك چاو به‌و توێژینه‌وانه ده‌گێڕیت، وا هه‌ست ده‌كرێت مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ بریتییه له مێژووی ڕامیاریی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م!
هه‌رچی تایبه‌ته به شێوازی نووسین و پلان و به‌كارهێنانی ڕێبازی توێژینه‌وه‌ی مێژوویی، كاتێك ئه‌و نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرایانه سه‌رنج ده‌ده‌ین، هێڵێكی گشتی و هاوبه‌ش ده‌بینرێت له شێوازی نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی، یه‌كێك له‌و خاڵانه وه‌كو وتمان ڕووداوی مێژوویی پله یه‌ك نین، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت به زۆر یاخود وه‌ك لاستیك ڕاده‌كێشرێت بۆ ئه‌وه‌ی بكرێت به ڕووداوی مێژوویی و كه‌سایه‌تی مێژوویی، هه‌ڵبه‌ت كۆمه‌ڵێك هۆكاری نازانستی له پشت ئه‌م به‌زۆركردنی مێژووه هه‌یه. بۆ نموونه له‌م باره‌دا ده‌روازه یاخود ڕێخۆشكردنێكی دوورودرێژ له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسرێت كه په‌یوه‌ندی ڕاسته‌و‌خۆی به بابه‌تی توێژینه‌وه‌كه‌وه نییه، به‌ڵكو ته‌نها بۆ فراوانكردن و زیادكردنی ژماره‌ی لاپه‌ڕه و سه‌رچاوه‌كانه. له‌كاتێكدا كه‌سایه‌تی مێژوویی وه‌كو پاڵه‌وان و سه‌ركرده‌ی مێژوویی، پێویسته هه‌وڵ و خه‌باتی ئه‌و كه‌سه، جۆره دابڕانێكی مێژوویی دروستكردبێت له نێوان قۆناغی پێش خۆی و پاش سه‌رده‌مه‌كه‌ی. گومان له‌وه‌دا نییه، ئه‌م جۆره كارانه، پێش هه‌موو شتێك زیان به‌و ڕۆڵه كه‌مه‌ی كه هه‌یبووه ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌تا وایلێدێت به چاوی گومانه‌وه بڕوانرێته ئه‌و هه‌وڵ و ڕۆڵه كه‌مه ڕاسته‌قینه‌شی كه هه‌یبووه. له پاڵ ئه‌مه‌شدا، ڕۆڵی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و بابه‌تی مێژوویی گرنگ به‌مه‌به‌سته‌وه په‌راوێز ده‌خرێت و ڕێگه‌یان پێ‌نادرێت. یاخود زۆرجار بابه‌تی گرنگ و بایه‌خدار له لایه‌ن زانكۆكانی عێراقه‌وه له‌مه‌ڕ مێژووی خۆمان ده‌نوووسرێت، بۆ وێنه: ساڵی (2023) نامه‌ی ماسته‌رێك هات به ناونیشانی: زانكۆی سلێمانی (1968-1992)-توێژینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه(11). پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی له‌و ماوه زۆره هیچ زانكۆیه‌كی كوردستان بیری له‌م ناونیشانه نەكردووتەوە؟ له‌كاتێكدا ئه‌مه ئه‌زموونێكی زانستی بایه‌خداره له مێژووی فه‌رهه‌نگیمان. وه‌كو مێژوونووس و كه‌سایه‌تی ڕامیاریی و فه‌رهه‌نگی چه‌ندین كاری ئه‌كادیمیی له‌مه‌ڕ كه‌سایه‌تی كوردییەكان كراوه، بۆ وێنه له‌باره‌ی: پ.د.كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د(12)، پ.د. موحسین موحه‌ممه‌د حوسێن13)، مه‌سعود محه‌مه‌د(14)، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی(15).
وه‌كو باسمانكرد، بایه‌خێكی زۆر به ده‌روازه یاخود بابه‌تی پێشوو ده‌درێت، له وڵاتانی تری دونیادا كه‌متر ئه‌م شێوازه ده‌بینرێت، چونكه توێژه‌ر ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته نێو باسه سه‌ره‌كییه‌كه‌وه. ناوه‌ڕۆك و شێوازی نووسینه‌كان، له‌ڕاستیدا زۆر ماندووكه‌رن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له كوردستان به‌هۆی زۆری په‌راوێز و دانانی سه‌رچاوه‌ی زۆره‌وه، زۆرجار ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه لاواز ده‌كات، چه‌ندینجار وا ڕێككه‌وتووه له لاپه‌ڕه‌یه‌كدا، چه‌ند دێرێكی كه‌م له ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه ده‌بینین، نیوه‌ی زیاتری به‌شی په‌راوێز، سه‌رچاوه، ڕوونكردنه‌وه، ناساندنی ناوی كه‌سایه‌تی و شوێنه. پرسیار ئه‌وه‌یه: كێ ئه‌م جۆره بابه‌تانه ده‌خوێنێته‌وه به خاوه‌ن پسپۆڕییه‌كانیشه‌وه؟
سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی سه‌رچاوه، دیاره به‌كارهێنانی سه‌رچاوه لایه‌نێكی گرنگه، چونكه به‌شێك له كاری توێژه‌ر، گه‌ڕان و كنه و پشكنینه به دووی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه نووسراون. لێره‌وه ئاست و توانا و شاره‌زایی خوێندكار به‌دیار ده‌كه‌وێت، تا چ ئاستێك له‌و بابه‌ته‌دا قووڵبووەته‌وه. ئاشكرایه لێهاتوویی توێژه‌ر و سه‌ركه‌وتنی توێژینه‌وه‌كه، به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زانینی زمان و زاڵبوونی به‌سه‌ر زمانه بیانییه‌كاندا. بێگومان زانینی زمان خاڵێكی زۆر به‌هێزه بۆ سه‌ركه‌وتنی توێژه‌ر. ئه‌گه‌ر توێژه‌ر بابه‌تێك له‌مه‌ڕ كوردستانی توركیا هه‌ڵبژێرێت و زمانی توركی یاخود شێوه‌زاری كرمانجی سه‌روو نه‌زانێت، دیاره پڕ كه‌موكوڕی ده‌بێت(16). هه‌روه‌كو چۆن ڕۆژهه‌ڵاتناسێك زۆر سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر له‌مه‌ڕ پرسی كورد بنووسێت و ئاگاداری زمانی كوردی نه‌بیت. مێژوونووسێكی وه‌كو (جه‌لیلی جه‌لیل) لای وایه بۆئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی پێویست په‌یدا بكه‌ین، ده‌بێت به لایه‌نی كه‌مه‌وه (13) سیازده زمان، ڕووسی، ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی، ئیتاڵی، ئه‌رمه‌نی، عه‌ره‌بی، فارسی و توركی هه‌روه‌ها هه‌موو شێوه‌زاره سه‌ره‌كییه‌كانی زمانی كوردی بزانێت، ته‌نها له‌وكاته‌دا زانا ده‌توانێت بڵێت: (من مێژوونووسم)(17). هه‌رچۆنێك بێت، زانینی زمانی شوێنی جوگرافی توێژینه‌وه‌كه زۆر گرنگه بۆ توێژه‌ر و سه‌ركه‌وتنی توێژینه‌وه‌كه.
جێگا‌ی باسه، له زانكۆكانی كوردستاندا سه‌رپه‌رشتیار و توێژه‌ر هه‌وڵده‌ده‌ن زۆرترین سه‌رچاوه به‌كاربهێنن، زۆرجار ئه‌م دیارده‌یه له‌نێو كتێبه‌كانیشدا ڕه‌نگده‌داته‌وه. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، كه زۆری سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگ به زمانی جیاجیا، كارێكی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی توێژه‌ره، به‌تایبه‌تی بۆ بابه‌ته مێژووییه‌كان، به‌ڵام نابێت بكرێت به بابه‌تێك بۆ ڕووكه‌ش و خۆده‌رخستن، چونكه زۆرینه‌ی جار توێژه‌ر جگه له كوردی-كرمانجی ناوه‌ڕاست، ڕه‌نگه شێوه‌زار و بنزارێكی تریش نه‌زانێت.
به‌كارهێنانی سه‌رچاوه، به‌شێكی تری پرسه‌كه‌یه، له‌م ماوه‌یه‌دا كتێبێكی قه‌باره گه‌وره‌ی مێژوویی چاپ كرا كه له بنه‌ڕه‌تدا تێزی دكتۆرایه، له‌نێو سه‌رچاوه‌كاندا فه‌یسبوكی به‌كارهێناوه! تێناگه‌م لیژنه‌ی گفتوگۆ و سه‌رپه‌رشتیار چۆن ئه‌مه‌یان قبووڵكردووه و به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕیووه؟! بۆیه تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت، ئه‌م كاره زانستییانه ناخوێندرێنه‌وه یاخود زۆر به‌په‌له به‌سه‌ریاندا ده‌چنه‌وه. وانابینرێت به‌راورد بكرێت له نێوان سه‌رچاوه‌كان و شێوازی نووسینی توێژه‌ر.
یه‌كێك له پڕۆسه گرنگه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌ڵسه‌نگاندن و گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرا‌كانه. لیژنه‌ی گفتوگۆ و تاوتوێكردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه، ده‌توانین بڵێین دادگایه‌كی زانستییه، بۆیه ده‌بێت به‌رپرسانه و زانستییانه ئه‌م لیژنه‌یه دابنرێت و حسابی زۆر ورد بۆ توانست و پسپۆڕیی وردی ئه‌ندامانی بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گفتوگۆكان، زیاتر له شانۆگه‌رییه‌ك ده‌چن كه له‌سه‌رووی خۆیانه‌وه سیناریۆكه‌یان بۆ داڕێژراوه، چونكه واده‌بینرێت جۆره ڕێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته كرابێت له‌وباره‌یه‌وه. دیاره به‌شێك له مامۆستایانی زانكۆ و كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ش هه‌ستیان به‌م یارییه كردووه و به ڕاشكاوانه دانی پێداده‌نێن. ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌درێت، كۆمه‌ڵێك كه‌سی دیاریكراو زۆربه‌ی جار هه‌ر ئه‌مانه له گفتوگۆكاندا ئاماده ده‌بن، دیاره ده‌ستنیشانكردنی ئه‌مانه‌ش به پلەی یه‌كەم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكایه‌تی له به‌ش و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، نه‌ك توانا و لێهاتوویی.
كاتێك ئاماده‌ی هه‌ندێك له‌و گفتوگۆیانه ده‌بیت، یاخود گوێبیستی هه‌ندێك بابه‌ت ده‌بیت له‌وباره‌یه‌وه، مرۆڤ تووشی سه‌رسامی ده‌بێت. ده‌گێڕنه‌وه له گفتوگۆیه‌كدا كه دوو ئه‌ندامی سه‌ر به دوو پارتی جیاواز به‌شداربوون، یه‌كێكیان وتوویه‌تی له‌و لاپه‌ڕه‌یه هیچ زانیاری تێدا نییه و پێویسته لاببرێت، ئه‌ویشیان گووتوویه‌تی ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ش به هه‌مان شێوه پڕ له كه‌موكوڕیی. هه‌ردووكیان مه‌به‌ستیان له ژماره‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه، ئه‌و دوو ساڵه بووه كه هه‌ر یه‌ك له‌و دوو پارته له‌گه‌ڵ ڕژێمی پێشووی عێراق ڕێككه‌وتوون، به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ك تانه‌لێدان بۆ یه‌كتر به‌كاریانهێناوه! به‌داخه‌وه پێشینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، میزاجی كه‌سێتی، ناوچه‌گه‌ری، پارتایه‌تی و ئایدۆلۆجیا ڕۆڵی زۆرباش ده‌بینن له‌وباره‌یه‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له نێوان (زۆرباشه-نایاب)دایه. ئه‌وه‌ی سه‌یره، ماوه‌ی دوورودرێژی گفتوگۆكانه، له‌كاتێكدا ده‌كرێت ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كان كه‌مبكرێته‌وه و كاتی گفتوگۆكانیش به‌هه‌مان شێوه.
له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی لیژنه‌دا، زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت ڕه‌چاوی پسپۆڕیی و لێهاتوویی و توانستی زانستی ناكرێت، به‌ڵكو له هه‌ندێك شوێن بووه به سه‌ره، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا چه‌ندین مامۆستای لێهاتوو و پسپۆڕی وردی بابه‌ته‌كه به‌مه‌به‌سته‌وه په‌راوێز ده‌خرێت و توانستی زانستی له‌به‌رچاو ناگیرێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌شداریپێكردنی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی قۆناغه‌كانی تری مێژوو تێیدا ده‌بینرێت، بۆ نموونه پسپۆڕی مێژووی ئیسلامی (سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست) چه‌ندینجار به‌شداری گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرای قۆناغی مێژووی كۆن و شوێنه‌واری كردووه. له‌كاتێكدا ئه‌م ئه‌ندامه به‌ڕێزه، به ئه‌ندازه‌ی خوێندكاره‌كه ڕه‌نگه كه‌متریش شاره‌زای بابه‌ته‌كه نەبێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو پسپۆڕی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ چووته نێو بواری هونه‌ره جوانه‌كانیشه‌وه. هه‌ڵبه‌ت پێشتر پسپۆڕی مێژووی نوێ و هاچه‌رخ به‌شداری گفتوگۆی نامه‌ی ماسته‌ری كردووه و سه‌رۆكی لیژنه بووه له بواری مێژووی ئیسلامی‌دا. له هیچ شوێنێكی تری ئه‌م دونیایه‌دا كاری له‌و چه‌شنه نابینرێت.
پسپۆڕیی و به‌تایبه‌تی پسپۆڕیی ورد، پێویسته هه‌میشه به‌رز بنرخێنرێت. (هه‌ڤاڵ كوێستانی) له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا، له شوێنێكدا باس له ئه‌ندامێكیان ده‌كات، كه خه‌فه‌ریاتی نه‌ده‌گرت، ڕاپۆرتی پزیشكی هێنابوو تێیدا نووسرابوو چاوی به دووكه‌ڵ و ده‌ست و پلیشی به كه‌ف و سابوون هه‌ستیارییان هه‌یه. هه‌ڤاڵ كوێستانی ده‌ڵێت ڕه‌تمانكرده‌وه، چونكه دكتۆر خدر مه‌عسوم پزیشكی پێست و چاو نه‌بوو(18)! ئه‌وه‌تا ئه‌مه له شاخ په‌سند نه‌كراوه، ئێمه بۆچی ئه‌م كاره نازانستییانه ئه‌نجام بده‌ین، ڕاژه به چ بوارێك ده‌كات؟
وا وێنا ده‌كرێت ڕۆژگارێك بێته پێشه‌وه، دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی زۆر له كاتی ئێستا خراپتر بێت، چونكه تێبینی ده‌كرێت به‌مه‌به‌سته‌وه كار له‌سه‌ر ناشیرینكردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی و بڕوانامه و پسپۆڕی ده‌كرێت. له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ندێك مامۆستای میلاك و وانه‌بێژ، چه‌ند خوێندكارێكی ماسته‌ریان وه‌رگرتووه بۆ سه‌رپه‌ر‌شتیكردنی نامه‌ی ماسته‌ر، له‌كاتێكدا هیچیان هه‌ڵگری ناسناوی زانستی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر نین، به‌ڵكو ناسناوی زانستی مامۆستایان هه‌یه، پێیان وتراوه ته‌نها ڕه‌زامه‌ندی دوو توێژینه‌وه بهێنن.
جێگه‌ی خۆشحاڵییه، هه‌ندێك له مامۆستایانی زانكۆ بۆخۆیان دان به‌م واقیعه تاڵ و ناله‌باره ده‌نێن، هه‌ندێكیان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه داوایان لێكراوه به‌رانبه‌ر به پڕه پاره‌یه‌ك نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرایان بۆ بنووسرێت، ته‌نانه‌ت نرخی لاپه‌ڕه‌كانیشیان دیاریكردووه! مادام ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ ئه‌م مامۆستایه كراوه‌ته‌وه، كەواتە مامه‌ڵه‌كه بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌میش نه‌یكات كه‌س و شوێنی تر كاره‌كه‌ی بۆ به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن. دركاندنی ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌مان بۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وه، كه‌وا ئه‌و خوێندكارانه‌ی به كۆنمره‌ی په‌نجا و شه‌سته‌وه خوێندنیان ته‌واوكردووه و له تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستیدا ده‌رنه‌چوون و نمره‌یه‌كی زۆر كه‌میان هێناوه، هه‌ر ئه‌وه‌یان لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت. ئاخر ته‌نانه‌ت وه‌رزشوانیش پێویستی به توانا و ڕاهێنان و خۆئاماده‌كردن هه‌یه بۆئه‌وه‌ی بتوانێت له گۆڕه‌پاندا یاری بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌به‌ستی پشت خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرامان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، كه‌وا ئامانج لێی بره‌ودان و قووڵبوونه‌وه نییه له پسپۆڕیی و نووسینه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م: دیوی دووه‌می توێژینه‌وه زانستییه‌كان له‌نێو گۆڤار و كۆنفڕانسه‌كاندا
بڵاوبوونه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له گۆڤار و كۆنفرانسه‌كاندا، زیاتر بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه و گه‌یشتنه به ناسناوی زانستی(19)، هه‌مووشی له‌به‌رئه‌وه‌یه ڕۆژێك زووتر ببێت به پڕۆفیسۆر. گۆڤاری زانستی وه‌ها هه‌یه له كوردستان، هێنده به ساده‌یی و ئاسانی بابه‌ت وه‌رده‌گرن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، زیاتر له ڕۆژنامه‌یه‌كی لۆكاڵی ده‌چێت تا گۆڤارێكی زانستی سه‌ر به زانكۆ بێت. گۆڤاری وا هه‌بووه ساڵی (2023) بڵاویان كردبوویه‌وه كه هه‌تاوه‌كو ساڵی (2025) به‌شی توێژینه‌وه‌ی په‌سه‌ندكراویان هه‌یه بۆ گۆڤاره‌كه‌یان. وایلێهاتبوو ئه‌وه‌ی زۆر په‌له‌ی بووایه، ده‌یانگووت ئه‌گه‌ر په‌له‌ته بینێره بۆ فڵانه گۆڤار، به ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م ڕه‌زامه‌ندی توێژینه‌وه‌كه‌ت بۆ دێته‌وه. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه به‌شێكه له خراپه‌كاریی و یاریكردن به گۆڤاری زانستی، ئاستی زانستی و توێژینه‌وه‌كان.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، زۆرجار به به‌ردێك چه‌ند چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌كوژن، بۆ نموونه توێژه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌نێرێت و ناوی سه‌رپه‌رشتیار یاخود هاوڕێیه‌كی خۆی بۆ زیاد ده‌كات، له‌كاتێكدا خۆی به ته‌نها توێژینه‌وه‌كه‌ی نووسیووه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و توێژینه‌وانه بده‌ین، زۆربه‌ی زۆریان بابه‌تی كرچ و كاڵن، كه‌متر هه‌ست به سه‌نگ و ئاستی زانستی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه. زۆرجاران ته‌نها ناونیشانه‌كان گۆڕاون، ئه‌گەرنا ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه. به واتایه‌كی تر هیچ تازه‌گه‌ریی و خستنه‌ڕوویه‌كی نوێی تێدا نابینرێت. زۆرجار خوێنه‌ر له یادی ده‌چێت كه ئه‌مه توێژینه‌وه‌یه‌كه له‌چوارچێوه‌ی قۆناغی مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدایه، چونكه په‌له‌پروزێ و هه‌ناسه‌بڕكێیه‌كی زۆری پێوه دیاره. هه‌ڵبه‌ت زۆر جاران له‌سه‌ر داواكاریی و پێداویستی ئه‌م كارانه ئه‌نجامده‌درێت، هەربۆیه به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، هه‌ست به‌وه ناكرێت كه ئه‌م توێژینه‌وانه به‌رهه‌می خوێندنه‌وه و قووڵبوونه‌وه و شاره‌زایی توێژه‌ر بێت له پسپۆریی ورد و بواری خۆیدا، كه به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردن و خستنه‌ڕووی بابه‌تێكی مێژوویی تازه خرابێته‌ڕوو. ناوه‌ڕۆكی زۆربه‌یان وا هه‌ست ده‌كرێت نووسین و دووباره‌كردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی پێش خۆیه‌تی. جێگه‌ی داخه، هیچ جۆره ڕێگرییه‌ك نییه له‌مباره‌یه‌وه، بۆئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت توێژه‌ر بتوانێت داڕشتنی خۆی بنووسێت.
له وڵاتێكی وه‌كو ڕووسیا، به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی (ئه‌نتی پڵه‌گیه‌ت)، واته دژه دزیكردن و وه‌رگرتن، له ڕێگه‌ی ئیمه‌یڵه‌وه توێژینه‌وه‌كه پێشكه‌ش ده‌كرێت، دواتر به ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل هه‌موو ئه‌نجامه‌كه‌ت بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، به ورده‌كاری وشه و دێڕ و كۆپله و به‌شه‌كانییه‌وه، كه ڕێژه‌ی بردن و وه‌رگرتن و بابه‌تی نوێ تێیدا چه‌نده؟ ئه‌مه له ڕووسیای فیدراڵ‌دا مه‌رجی سه‌ره‌كییه بۆ هه‌موو توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی له ته‌واوی قۆناغه جیاجیاكانی خوێندنی باڵا و بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شداریكردن له كۆنفرانسه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش. هه‌ر زانكۆ و گۆڤارێك، ڕێژه‌یه‌ك داده‌نێت بۆ توێژینه‌وه‌كه، بۆ نموونه مه‌رج داده‌نێن كه ده‌بێت توێژینه‌وه زانستییه‌كان ڕێژه‌ی بنه‌چه‌یی واتا تازه و ڕه‌سه‌نی چه‌ند بێت و ڕێژه‌ی وه‌رگرتن و سوودبینین له سه‌رچاوه و گوزارشت و دارشتنه‌كانی ژێده‌ره‌كانی تر چه‌ند بێت؟ بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له گۆڤاری زانستی و كۆنفرانسه‌كانی سه‌ر به زانكۆكان، نزیكه‌ی شه‌ش مانگی ده‌خایەنێت.
ڕۆژانه ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌ره‌نجی هه‌واڵه‌كانی هه‌ندێك له زانكۆكان بده‌ین، خوێنه‌ر تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت. له ناوه‌ڕاستی پار ساڵدا، یه‌كێك له زانكۆكان هه‌واڵێكی وه‌كو چالاكی زانستی زانكۆ بڵاوكردبوویه‌وه، تێیدا هاتووه: مامۆستایه‌كی زانكۆمان له به‌شێكی زانستی، له ماوه‌ی حه‌وت مانگدا، حه‌ڤده توێژینه‌وه‌ی ئیمپاكت فاكته‌ری بڵاوكردووەته‌وه. نازانرێت چۆن له‌سه‌ر ئاستی گێتیدا هیچیان له‌باره‌وه بڵاونه‌كرده‌وه؟! چونكه باوه‌ڕ ناكرێت له هه‌موو دونیادا هاوتای هه‌بێت. ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌و هه‌واڵه‌دا زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام، ته‌مه‌نی مامۆستاكه بوو، باشه حه‌ڤده توێژینه‌وه‌ی زانستی له بوارێكی ئاڵۆزی زانستیدا، كه بێگومان به زمانی ئینگلیزی نووسراوه، ده‌بێت چه‌ند كاتی بووێت بۆ نووسینه‌وه‌ی؟ ئه‌دی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ران و به‌رپرسانی گۆڤاره‌كه؟ ئایا پێشینه و بونیادی زانستی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و مامۆستایه له‌و ئاسته‌دایه؟ چه‌ندین مامۆستای زانكۆ هه‌یه، له نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌وه‌ین كه توانای ئه‌وه‌یان نییه به زمانی كوردی بابه‌ت بڵاوبكه‌نه‌وه، كه‌چی به زمانی ئینگلیزیی و عه‌ره‌بی توێژینه‌وه له دوای توێژینه‌وه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، زانكۆ و به‌شیش وه‌ك چالاكی و ده‌ستكه‌وت له هه‌واڵه‌كانیدا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.
له نیشتیمانی ئێمه‌دا، توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌كو داواكاریی و پێویستی ئه‌نجامده‌درێت بۆ مه‌به‌ستێكی ته‌سكی دیاریكراو، به‌بێ سوودوه‌رگرتن بۆ ناسناوی زانستی، یه‌ك توێژینه‌وه‌ش بڵاوناكه‌نه‌وه. هەربۆیه سه‌رنجی ئه‌وه ده‌درێت له پاش وه‌رگرتنی ناسناوی زانستی، هه‌تاوه‌كو له ژیاندابن یه‌ك وتاریش بڵاوناكه‌نه‌وه، هه‌ندێكیشیان هه‌تاوه‌كو خانه‌نشینبوونیش هه‌ر به پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر ماونه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر چاوێك به‌و توێژینه‌وانه بخشێنێت، دواجار دیوی تری نه‌بینراو و قسه‌له‌سه‌رنه‌كراو و په‌راوێزخراو ده‌بینێت، یه‌كێك له‌و بابه‌ته ڕووكشییانه‌ی ئه‌م توێژینه‌وانه، به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی زۆر و ڕیزكردنی ژێده‌ری بیانییه وه‌ك بابه‌تی ڕووكه‌ش و جوانكاری توێژینه‌وه‌كه. ساڵی پار توێژه‌رێك بابه‌تێكی زانستی بڵاوكردبوویه‌وه، له نزیكه‌وه ئاگادارم ته‌نانه‌ت زمانی عه‌ره‌بیش به‌باشی نازانێت، كه‌چی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ڕووسی، ئینگلیزیی و فه‌ره‌نسی به‌كارهێنابوو، له به‌شی گۆڤاره‌كان چووبوو ئه‌رشیڤی ڕووسی دانابوو! هه‌رچه‌نده ئه‌و ئه‌رشیڤه‌ش شوێنه‌كه‌ی دیاره له كوێ هێنراوه، چونكه پێشتر له كتێب و سایتیش بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئاخر زانینی زمان یارمه‌تیده‌رێكی زۆرباشه، به‌ڵام نه‌زانین و به‌كارهێنانی ماڵوێرانی و كاره‌ساتی زانستی به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت. بابه‌تی وه‌ها له كۆنفرانس و گۆڤاره زانستییه‌كان ده‌خوێنرێته‌وه، نا‌توانیت ته‌نانه‌ت یه‌ك كۆپله‌ی تازه ببینیت كه زانیاریی و شیكردنه‌وه‌ی نوێی تێدابێت، كه‌چی بڵاویش ده‌كرێته‌وه.
ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م: زمان وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی توێژینه‌وه‌ی زانستی
بێگومان توێژه‌ر كاتێك بابه‌ت ده‌ستنیشان ده‌كات، پێویسته ڕه‌چاوی زمانزانی خۆی بكات، بۆ نموونه كاتێك زمانی فه‌ره‌نسی نازانێت، نابێت توێژینه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرێت كه به‌شی هه‌ره زۆری سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كانی به‌و زمانه بێت(20)، چونكه تێگه‌یشتنی ده‌قی دۆ‌كیۆمێنته مێژووییه‌كان كه بابه‌تی توێژینه‌وه‌ی مێژوویی پێكده‌هێنن، له‌سه‌ر زانینی ته‌واوی توێژه‌ر ده‌وه‌ستێ به‌و زمانه‌ی پێی تۆماركراوه(21). ڕه‌نگ بێت زانینی زمان و وه‌رگێڕان بۆ ئێمه‌ی كورد، له زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر زیاتر پێویست بێت بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی پێویست به زمانی كوردی له‌به‌رده‌ستدا نییه.
وه‌كو سه‌ره‌نج ده‌ده‌ین، زانینی زمان و وه‌رگێڕان وه‌كو به‌شێك له سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، پێگه و سه‌نگێكی گرنگی پرسه‌كه‌یه، ده‌بێت به كۆڵه‌كه‌ی توێژینه‌وه‌كه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌ن و نه‌زانینی زمان، وه‌رگێڕانیش بووه به به‌شێك له ئارێشه‌كانی توێژینه‌وه مێژووییه‌كان. خوێنه‌ر كاتێك به‌راوردێكی زمانی ڕه‌سه‌ن و وه‌رگێڕانه‌كان ده‌كات، ئه‌وجا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه زانینی زمان و پسپۆڕیی له بواره‌كه‌دا، چ سه‌نگ و قورساییه‌كی ده‌بێت بۆ پڕۆسه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی. بێگومان هه‌ندێك له‌و هه‌ڵه زه‌قانه‌ی نێو ده‌قه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاری وه‌رگێڕان، كه تیاندایه هه‌ر له‌ناو، ناونیشان، هه‌تاوه‌كو ساڵ و مانگیش به هه‌ڵه وه‌رگێڕاون. ئه‌مه‌ش به‌شێكی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌رگێڕی كوردی. كاتی خۆی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی باش له زمانی بیانییه‌وه وه‌رگێڕدران بۆ سه‌ر زمانی كوردی، به‌ڵێ دیاره په‌له‌كردن و ناپسپۆڕیی و ناشاره‌زاییان پێوه دیاره. كه زۆر له‌م كتێبه مێژووییانه، بوون به سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كان، له‌كاتێكدایه به‌هیچ شێویه‌ك ناتوانرێت به‌راوردێك بكرێت له نێوان زمانی ڕه‌سه‌ن و زمانی وه‌رگێڕاندا.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ پشكنین و پاڵفته‌یه‌ك نییه له‌مه‌ڕ زمان و وه‌رگێڕان، دواجار پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆ ده‌بینین، له به‌كارهێنانی زماندا، جیاوازی له نێوان ڕه‌گه‌زی نێر و مێ ناكات. بۆ نموونه: ده‌ڵێین ئه‌م كتێبه هین ئازاده، واته ئازاد خاوه‌نی كتێبه‌كه‌یه، ئایا ده‌كرێت بڵێین، خاوه‌نی كتێبه‌كه ناوی (ئازاده)یه؟! پێم سه‌یره له تێزی ماسته‌ر و توێژینه‌وه‌كاندا بابه‌تی سەیر ده‌خوێندرێته‌وه، جارێكیان توێژینه‌وه‌یه‌كم خوێنده‌وه كه له لایه‌ن پڕۆفیسۆرێكه‌وه نووسرابوو، (پیۆته‌ر ئیڤانه‌ڤیچ لێرخ)-(1827-1884) كه ڕۆژهه‌ڵاتناس و كوردناسێكی ڕووسه، كه‌چی له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا كرابوو به ئه‌ڵمانی و ناوه‌كه‌شی به‌وشێوه‌یه نووسرابوو (بیترلیتش)! به ده‌یان نموونه‌ی له‌و چه‌شنه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه، ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه ئه‌م توێژینه‌وانه به‌وردی له‌لایه‌ن كه‌سانی پسپۆڕه‌وه هه‌ڵناسه‌نگێنرێن و ناخوێندرێنه‌وه.
له وڵاتانی ده‌ره‌وه، وه‌رگێڕان وه‌كو هه‌ر بوارێكی تری كایه‌ی زانستی و فه‌رهه‌نگی، پێگه و قورسایی خۆی هه‌یه، كه ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كاندا بێت. ده‌كرێت لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه بۆئه‌وه‌ی زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌مان ڕوون بێته‌وه. جێگه‌ی باسه، خوێنه‌ر كاتێك كتێبه‌كه‌ی (ڤ.ف. مینۆرسكیی)-(1877-1966) به زمانی كوردی ده‌خوێنێته‌وه(22) و به‌راوردی ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه ڕووسییه‌كه كه له ساڵی 1915 چاپكراوه(23)، له هه‌ندێك شوێن باوه‌ڕ ناكرێ هه‌مان نووسراو بێت. زۆر دوور نەڕۆین، ته‌نانه‌ت ڕوانشاد پ.د. مارف خه‌زنه‌دار بۆخۆیشی دانی به‌وه‌ناوه كه وه‌رگێڕانه كوردییه‌كە كه‌موكورتی تێدایه. هەربۆیه داوا ده‌كات بۆ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی، پێویسته چاپی ڕووسی یاخود عه‌ره‌بییه‌كه سه‌رچاوه‌ی بنچینه‌یی بێت(24).
كتێبه‌كه‌ی (پ.ی. ئه‌ڤێریانۆڤ) كه له ساڵی 1900 بڵاوكراوه‌ته‌وه(25)، یه‌كێكه له سه‌رچاوه هه‌ره نایابه‌كان، به‌ڵام كاتێك كتێبه‌كه به زمانی كوردی ده‌خوێنیته‌وه، دیسانه‌وه خۆێنه‌ر تووشی بابه‌تی سه‌ر‌نجڕاكێش ده‌كات(26). هیچ گومان له‌وه‌دا نییه، كه ڕه‌وانشاد د.ئه‌فراسیاو هه‌ورامی ڕووسیزانێكی زۆرباش بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌درێت به‌تایبه‌تی له‌م كتێبه‌دا، هیچ جۆره شاره‌زاییه‌ك له زمانی كوردیدا به‌دی ناكرێت. به لای ئێمه‌وه پێویسته ئه‌م كتێبانه پێداچوونه‌وه‌ی زانستی‌یان بۆ بكرێت، یاخود جارێكی تر له لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕه‌وه وەربگێڕدرێنەوە.
سێ ساڵێك پێش ئێستا، له یه‌كێك له گۆڤاره كوردییه‌كان، بابه‌تێكی كوردناسیی ڕووس خاتوو (ئه‌نجێلیكا) له زمانی ڕووسییه‌وه وه‌رگێڕدرابووه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی(27)، ئیدی منیش په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرد و گۆڤاره‌كه‌شم بۆ نارد. چه‌ند ڕۆژێك له په‌یوه‌ندیدا بووم له‌گه‌ڵی و گفتوگۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، كه‌وا چۆن به‌بێ پرسی خۆی بابه‌ته‌كه‌ی وه‌رده‌گێڕن؟ ئه‌وه‌ی كه زۆر نیگه‌رانی كردبوو، به هه‌ڵه نووسینی پاشناو یاخود ناسناوی خێزان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان بوو، ئیدی منیش ناچاربووم په‌یوه‌ندی به به‌رپرسانی ئه‌و گۆڤاره‌وه بكه‌م، هەربۆیه داوای لێبوردنیان كرد، به‌ڵام خاتوو ئه‌نجێلیكا چاوه‌ڕێی نووسراوی فه‌ڕمی بوو! ناهه‌قی نییه، چونكه ئه‌و له ژینگه و یاسا و ڕێسای خۆیەوە ده‌ڕوانێته كوردستان، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌مه بۆ زمانه‌كانی تریش هه‌ر ڕاسته.
كاتێك سه‌رنجی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕدراو ده‌ده‌ین به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، جگه له كه‌موكورتی له وه‌رگێڕاندا، به‌ڵكو زۆر كۆپله و بابه‌ت و بڕگه هه‌ن، هه‌ر بڕاوه و قرتێندراوه. ده‌بێت سوپاسی خودا بكه‌ین كه خاوه‌نه‌كانیان كوردی و عه‌ره‌بی نازانن و له ژیانیش نه‌ماون. له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین كتێب له زمانی ڕووسییه‌وه وەرگێڕدراون بۆ كوردی، به‌داخه‌وه له لایه‌ن كه‌سانی ناپسپۆڕ و ناشاره‌زا وه‌رگێڕدراون، بۆیه لێوانلێون له هه‌ڵه‌ی زانستی گه‌وره، چونكه له نزیكه‌وه ئاگاداری كاره‌كانیانین. تێیاندا هه‌یه پاره‌یه‌كی زۆر دراوه به وه‌رگێڕ و ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه، له كۆتاییشدا پڕۆژه‌كه شكستهێناوه، له‌كاتێكدا به‌نده له سه‌ره‌تاوه پێم ڕاگه‌یاندن كه ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌و كاره خزمه‌تی زیاتر ده‌كات هه‌تا به‌رده‌وامبوون. ئاشكراشه جگه‌له پاڵنه‌ری ئابووری و ناوپه‌یداكردنی ڕووكه‌شی، هیچ كه‌س ناچار نه‌كراوه بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی له‌و جۆره. به‌داخه‌وه ئه‌م سه‌رچاوانه له توێژینه‌وه زانستییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
كاره‌سات لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، چونكه بوون به پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر و پڕۆفیسۆر له ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره كارانه‌یه. مارف خه‌زنه‌دار له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: پڕۆفیسۆرمان لێ هه‌ڵكه‌وتووه له زانستگا، له زمانی قسه‌كردنه‌كه‌ی خۆی به‌ولاوه هی دیكه نازانێ!(28) ناهه‌قی نه‌بووه وه‌های گووتووه، چونكه ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ پێدانی پله‌ی پڕۆفیسۆری نێوبراو ده‌ستنیشانیان كردبوو، بریتی بوو له ئه‌كادیمیا و زانستگا و ده‌سگا زانستییه‌كانی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئه‌مریكا و ڕووسیا(29).
به‌پێی خوێندنه‌وه‌مان بۆ توێژینه‌وه مێژووییه‌كانی قۆناغی نوێ و هاوچه‌رخ، ده‌توانین بڵێین جارێ له پڕۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژوو و توێژینه‌وه‌ی زانستیداین، هێشتا له قۆناغی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانداین به كه‌موكوڕییه‌كانییه‌وه، هەربۆیه هێشتا زووه قسه له‌مه‌ڕ بابه‌تگه‌لێكی وه‌كو ڕه‌خنه‌ی مێژوویی، فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو و لێكدانه‌وه بۆ پشت ڕووداوه‌كان بكه‌ین. به‌ڕاستی مرۆڤی بوێری ده‌وێت له‌م بارودۆخه‌دا بتوانێت هیوایه‌ك له‌مه‌ڕ توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ڵبچنێت، بریا توانیبامان چه‌ند خاڵێك ده‌ستنیشان بكه‌ین وه‌كو پێشنیاز.
ته‌وه‌ره‌ی پێنجه‌م: هۆكاره‌كانی پشت گرفتی توێژینه‌وه‌ی زانستی
بێگومان ئه‌م ماڵوێرانیی و پاشاگه‌ردانییه‌ی له بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی له زانكۆكانی كوردستاندا ئامادەیی هەیە، به ڕۆژێك و دووان وه‌كو قارچك هه‌ڵنه‌تۆقیووه، به‌ڵكو سگپڕه به كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ر و پێشینه‌ی نازانستی له‌مێژینه‌ی زانكۆكان، ئه‌مه‌ی له ئێستادا هه‌ستی پێ ده‌كرێت، سه‌ره‌تای ئه‌نجامی ئه‌و كاره نایاسایی و نازانستییه‌یه كه كاتی خۆی چه‌ند به‌ش و زانكۆیه‌ك به‌رهه‌میانهێناوه. هه‌وڵده‌ده‌ین لێره‌دا زۆر به كورتی و خێرایی ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئارێشه‌كانی دۆخی ئێستای توێژینه‌وه زانستییه‌كان. به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ڕابردوو، ئاسان نییه بتوانین له بارودۆخی هه‌نووكه تێبگه‌ین.
جێگا‌ی باسی، پاش ڕاپه‌ڕین و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ره‌تاوه زانكۆ تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش پێگه و ئاستی خۆی له ده‌ست نه‌دابوو، چونكه هه‌ر له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی پێشوو ده‌چوون. له‌مباره‌یه‌وه چه‌ندین نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆرای ئاست به‌رز له بواری مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدا هاته به‌رهه‌م، هه‌ندێكیان دواتر له شێوه‌ی كتێب چاپ و بڵاوكرانه‌وه، كه هه‌تاوه‌كو ئێستا نرخ و به‌هایان وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه.
به‌داخه‌وه له سه‌رده‌می شه‌ڕی نێوخۆدا، زانكۆكانی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی كه‌وتنه ژێر هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه. ئیدی له‌وكاته‌وه به ده‌یان و سه‌دان كه‌س له قۆناغی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر و دكتۆرا له ڕێگه‌ی حیزبه‌وه وه‌رده‌گیران، كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له ده‌ره‌وه‌ی ڕێنمایی و مه‌رجه زانستییه‌كان بوون. كاریگه‌ری پارتایه‌تی و ئایدۆلۆجی به‌ڕوونی له هه‌ندێك له نامه‌ی ماسته‌ر و تێزی دكتۆراكانی ئه‌وكاته دیاره. هه‌ر ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ مێژووی ڕامیاریی و ئایدۆلۆجی پارته‌كه‌ی خۆی ده‌ینووسی و هه‌ر بۆخۆشیان تاوتوێیان ده‌كرد. ده‌كرێت ئه‌مه به سه‌ره‌تای ئارێشه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی ناوه‌زه‌ند بكه‌ین له كوردستان، كه به‌داخه‌وه به هۆی كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕی نێوخۆوه، نه‌توانرا سه‌ره‌تا و نموونه‌یه‌كی زانستی و بێلایه‌ن له زانكۆكاندا نیشان بدرێت، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كانی ململانێ ڕامیارییه‌كان، بوو به‌هۆی سه‌ره‌تایه‌كی نازانستی، ئه‌وه‌ی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا هه‌ستی پێده‌كه‌ین، درێژكراوه‌ی ئه‌و قۆناغه مێژووییه ناله‌باره‌ی خوێندنی باڵایه به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه.
له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، هیچ خوێندكارێكی ئیسلامی یاخود ڕدێندار نه‌یده‌توانی له زانكۆ وه‌ربگیرێت بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌كه‌می سه‌ر به‌ش و زانكۆش بووبێت، چه‌ندین خوێندكار بوونه قوربانی ئه‌م بیره ئایدۆلۆجیی و پارتایه‌تییه‌ی نێو زانكۆ، له‌كاتێكدا ئه‌و خوێندكارانه له هه‌موو قۆناغ و به‌ش و پسپۆڕییه‌كدا، نموونه ڕه‌وشت و توانستی زانستی بوون.
له ساڵانی پاش 2010 وه ده‌كرێت به قۆناغێكی نوێی توێژینه‌وه‌ی زانستی ناوزه‌ند بكه‌ین، له‌م قۆناغه‌دا به لێشاو خه‌ڵك له ماسته‌ر و دكتۆرا وه‌رده‌گیران، چونكه یه‌كه‌م هه‌نوی خوێندنی باڵا و زانكۆكان، دابه‌زاندنی توانستی زانستی بوو. هه‌روه‌ها ئاسانكاری كرا له مه‌رج و ڕێنماییه زانستییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی خوێندكار له خوێندنی باڵا، بۆ نموونه مۆڵه‌تی خوێندن بۆ ده‌ره‌وه، توانستی زمانی ئینگلیزیی و كۆمپیوته‌ر، ئا لێره‌وه كاره‌سات و ماڵوێرانییه گه‌وره‌كه ده‌ستیپێكرد، پێموایە له هیچ كاتێكدا بڕوانامه به‌و چه‌شنه بێ نرخ و بێ به‌ها نه‌كراوه. به‌داخه‌وه كه‌سانی نەشاره‌زا و بێ پلان ئه‌م دۆخه‌یان هێنایه ئاراوه.
یه‌كێك له‌و ئاسانكارییانه، نمره‌ی به‌كالۆریۆس كه‌مكرایه‌وه، كاتی خۆی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی زانستی و ڕێنمایی یاسایی هه‌بوو بۆ وه‌رگرتن، بۆ نموونه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پێشینه‌ی زانستی و توانستی خوێندكاره‌وه. بۆ وێنه ده‌بوو خوێندكار كۆنمره‌ی حه‌فتا كه‌متر نه‌بێت، یان له ده یه‌كه‌مه‌كانی به‌شه‌كه‌ی خۆی بێت، یاخود له چاره‌كی یه‌كه‌می ڕیزبه‌ندی به‌شه‌كه‌ی بێت و ده‌رچووی خوولی یه‌كه‌م بێت. دواتر و پاش ده‌رچوون له توانستی زانستی، خوێندكار چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، ئه‌مه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێش هه‌تاوه‌كو ئێستا بوونی هه‌یه.
به‌ڕاستی ئه‌م مه‌رج و ڕێنماییه زانستی و یاساییانه به‌ربه‌ستێكی زۆرباش بوون بۆ هێشتنه‌وه‌ی به‌های بڕوانامه و توێژینه‌وه‌ی زانستی. چونكی به‌خشینی بڕوانامه، فرۆشتنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی ناوماڵ نییه، به‌ڵكو به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، هەربۆیه پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتوویی بێت له بوار و پسپۆڕییه‌كی دیاریكراودا. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێندرایه‌وه كه هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌رز و بوون به مامۆستای زانكۆ، بۆ هه‌موو كه‌سێك نییه. جێی داخه دواتر وایلێهات خوێندكار به كۆنمره‌ی په‌نجا و شه‌سته‌وه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، ماسته‌ر و دكتۆرایان ته‌واو ده‌كرد و ڕاسته‌وخۆ ڕاژه‌كه‌یان ده‌گواسته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، پاشان ناسناوی زانستیان وه‌رده‌گرت و ده‌بوون به مامۆستای زانكۆ. له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاستی قۆناغی به‌كالۆریۆسیان بكه‌یت زۆر لاوازن، تیایاندا هه‌یه له‌و قۆناغه‌دا له چه‌ندین بابه‌ت كه‌وتووەته خوولی دووه‌م، یاخود به په‌ڕینه‌وه ده‌رچووه. كه‌مكردنه‌وه‌ی كۆنمره‌ی به‌كالۆریۆس و پێدانی مۆڵه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یه‌كێك بوو له‌و كاره‌ساتانه‌ی كه چاره‌سه‌ر ناكرێت.
وایلێهاتبوو هه‌ریه‌كێك بۆخۆی سه‌ربه‌خۆ ده‌چووه یه‌كێك له‌و وڵاته عه‌ربییانه و بڕوانامه‌یه‌كی قه‌به‌یان ده‌هێنایه‌وه، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی زۆریان عه‌ره‌بییان نه‌ده‌زانی، نه ئه‌وه‌ش بوو له‌وێ كۆرسی زمانی عه‌ره‌بی بخوێنن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ توركیا و ئێران و وڵاتانی تریش تاڕاده‌یه‌ك ڕاسته. چه‌ندین خوێندكار ده‌ناسم، به كۆنمره‌ی په‌نجا و شه‌ست و خوولی دووه‌م و په‌ڕینه‌وه قۆناغی به‌كالۆریۆسی ته‌واوكردووه، كه‌چی له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا به پله‌ی نایاب ماسته‌ری به زمانی ئینگلیزی ته‌واو ده‌كرد و یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌شی بۆ ده‌كرا. نهێنێ و ڕه‌هه‌نده‌كانی پشت ئه‌م بازدان و گه‌شه‌كردنه ناسرووشتییه بۆ خوێنه‌ری هێژای به‌جێده‌هێڵم.
یه‌كێك له ئارێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی به‌رده‌م دواكه‌وتنی توێژینه‌وه‌ی زانستی له زانكۆكاندا، حیزبیبوونه، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی زۆری مامۆستایان سه‌ر به پارتێكی دیاریكراون، ئه‌وه‌شی خۆی له‌و پارتایه‌تییه به‌دوور بگرێت، بێگومان له هه‌موو شتێك په‌راوێز ده‌خرێت، هه‌رچه‌ند به توانا و لێهاتوویش بێت. ئه‌م ڕۆژگارانه هه‌مووی تێده‌په‌ڕن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ڕاستگۆیی و توانا و لێهاتوویی مرۆڤه نه‌ك بابه‌تی تر.
پاشان من تێناگه‌م، یه‌كێك له خه‌سڵه‌ت و مه‌رجه‌كانی بوون به توێژه‌ر، دادوه‌ریی و بێلایه‌نییه، كه پێویسته توێژه‌ر خۆی له هه‌واداری كه‌سیی و ئاره‌زووه تایبه‌ته‌كان، به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان خۆی بپارێزێت، له‌هه‌مانكاتدا پێویسته خۆی له په‌یوه‌ندی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پاڵنه‌ره ئایدۆلۆجیی و حیزبییه‌كان به دوور بگرێت(30). كه‌چی ڕۆژانه وێنه‌ی مامۆستایان له‌نێو چالاكییه‌كانی پارته‌كه‌یاندا ده‌بینرێت، یاخود بانگه‌شه بۆ سه‌رخستنی لیستی پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. ئایا ده‌كرێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه په‌ره به توێژینه‌وه‌ی مێژوویی بێلایه‌ن بدرێت؟
به چه‌شنێك ڕێگا خۆشكرابوو، كه‌سی گه‌وره و به‌ته‌مه‌ن به نمره‌یه‌كی كه‌مه‌وه ده‌هاتن بۆ خوێندنی ماسته‌ر، هه‌ندێكیان به‌هۆی ته‌مه‌ن و خانه‌نشینبوونیانه‌وه فریای دكتۆرا نه‌ده‌كه‌وتن، هه‌ندێكیشیان پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه خانه‌شین ده‌بوون. هۆكاری ئه‌مه‌ش، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه مه‌رجی ته‌مه‌نیان هه‌ڵگرتبوو، چونكه له‌بری ئه‌وه پاره ده‌درا. باشه به‌رپرس و پلاندانه‌ری ئه‌م وه‌زاره‌ته بیریان له‌وه نه‌كردووەته‌وه، جگه‌له‌وه‌ی بڕوانامه بێ به‌ها ده‌كرێت، ئایا سوود له‌م كه‌سه به ته‌مه‌نه وه‌رده‌گیرێت؟ له‌هه‌مانكاتدا پاره‌یه‌كی باشیش ده‌چێته سه‌ر مووچه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت سوود به نیشتیمان و ده‌وروبه‌ری خۆی بگه‌ێنێت. ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆچی نه‌یتوانیوه بخوێنێت؟
له كۆی ئه‌و هه‌موو ماسته‌ر و دكتۆرایانه‌ی سه‌ره‌نجمداوه، هیچیان وه‌كو دوو پسپۆڕی بواری مێژوو، واته له نێوان (مێژووی ئیسلامی و مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدا) سه‌ر‌نجیان ڕانه‌كێشاوم! یادیان به‌خێر ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ سه‌رقاڵی ژیانی تایبه‌تی خۆیانن، ئه‌م دوو دكتۆره به‌ڕێزه ماسته‌ره‌كه‌یان له پسپۆڕی مێژووی ئیسلامییه، به‌ڵام دكتۆراكه‌یان له بواری مێژووی نوێ و هاوچه‌رخدایه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، له‌لایه‌ن ئه‌كادیمییه‌كی عه‌ره‌به‌وه ئه‌م باسه ورووژێنراوه. دیاره ئه‌م بابه‌ته هه‌تاوه‌كو هه‌نووكه بوونی هه‌یه، باوه‌ڕ ناكرێت له هیچ شوێنێكی تر ئه‌م كاره ببینرێت!
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌تی له پار ساڵدا، بڕوانامه و خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا به چه‌شنێك بوو به گاڵته‌رجاڕی، كه هه‌تاوه‌كو چه‌ند نه‌وه‌ی تر ناتوانرێت ئه‌مه ڕاستبكرێته‌وه. له ده‌ره‌وه‌ی ڕێنمایی و مه‌رجی وه‌رگرتن، به ده‌یان و سه‌دان خوێندكار وه‌رگیران. به‌شی وا هه‌یه هێنده‌ی ژماره‌ی قۆناغی به‌كالۆریۆس خوێندكاری وه‌رگرتووه. زۆریان له تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی نه‌ك هه‌ر ده‌رنه‌چوون، به‌ڵكو نمره‌یه‌كی زۆر كه‌میان هێناوه، كه‌چی دواتر هه‌موویان وه‌رگیران. خوێندكارێك له پسپۆڕی خۆی ده‌رنه‌چێت و نمره‌یه‌كی كه‌م بهێنێت، كه‌چی وازی لێنه‌هێنیت هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره ده‌دات، بیخه‌یته نێو پرۆسه‌ی به‌ماسته‌ربوون و به‌دكتۆرابوون! ده‌بێ چاوه‌ڕێی چی لێبكرێت، خۆشبه‌ختانه هه‌موو نمره‌كان ئاشكرا كران. ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌نجام و داهاتوویه‌كی زۆر له‌مه خراپتری لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.
جێگه‌ی باسه، ئه‌و كورته باسه و خستنه‌ڕووی ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه، ته‌نها بۆ ڕوونكردنه‌وه و به‌رچاوڕوونی بوو، ئەگەرنا به سه‌دان نموونه‌ی زیندوو له به‌رده‌ستدان. ئه‌گه‌ر ئه‌مه دیو و گۆشه‌نیگایه‌كی تری دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی بێت كه به بنچینه و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی خوێندنی باڵا و زانكۆ هه‌ژمار ده‌كرێت، ئایا ده‌توانین بڵێین، پێگه و قورسایی ئه‌م توێژینه‌وانه، توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه كاریگه‌ری لەسه‌ر كۆمه‌ڵگە دروستبكه‌ن؟ به واتایه‌كی تر ده‌كرێت بپرسین: بۆچی هیچ جۆره كاریگه‌ری و پێشكه‌وتنێك له ڕێگه‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌وه نابینرێت؟ بێگومان توێژینه‌وه‌كان توانا و وزه‌ی كاریگه‌رییان نییه، چونكه زۆرینه‌یان هه‌ر به مردوویی له‌دایكبوون.
زانكۆ و كادیره‌كانی زانكۆش به هه‌مان چه‌شن، به حوكمی ئه‌وه‌ی زۆرینەیان له ڕێگه‌ی پارتایه‌تییه‌وه هاتوون، یاخود له‌ژێر فشار و هه‌ژموونی پارتێكدان، توانای به‌رگریكردنیان به‌رانبه‌ر به هه‌موو پرسه‌كان مردووه. ئێوه سه‌رنج بده‌ن، هه‌ر له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی ناوخۆوە هه‌تاوەكوو قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆمان، زانكۆ و مامۆستایانی زانكۆ توانیویانه چ ڕۆڵێك بگێڕن له‌وباره‌یه‌وه؟ له‌ڕاستیدا گوتاری مامۆستایانی زانكۆ له ئاست ئارێشه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا ته‌واو بێده‌نگكراوه. بێگومان به‌خشینی بڕوانامه و شوێنی گه‌وره به كه‌سی نەشیاو، وا له‌و مرۆڤه ده‌كات توانا و وزه‌ی به‌رگریكردنی نه‌مێنێت و به چاوێكی كزه‌وه بڕوانێته بابه‌ت و ڕووداو و پێشهاته‌كان. (ئێنێن ئه‌كره‌م) له وتارێكیدا له‌مه‌ڕ پرسی ڕۆشنبیر، باس له‌وه ده‌كات له توركیا زۆر له پرۆفیسۆره‌كانی زانكۆ به ئاشكرا نكۆڵی له بوونی كورد ده‌كه‌ن و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ناڕاست بۆ زۆربه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن كه له‌و وڵاته‌دا ڕووده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه خه‌ڵكانێكی پله به‌رزن، به‌ڵام ناتوانرێت پێیان بوترێت ڕۆشنبیر(31). زۆر به‌داخه‌وه، زانكۆ نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه قسه و گوتاری هه‌بێت له‌مه‌ڕ پرسه گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگە، به‌ڵكو زۆرجار ئارێشه و كێشه‌كانی نێوخۆی خۆشی ده‌باته ده‌ره‌وه و له ڕێگه‌ی ئاشته‌وایی عه‌شایه‌ریی و خێڵ و بنه‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات! ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی نێوخۆیی تایبه‌ت به زانكۆ، به‌سه‌ر خودی زانكۆ و دادگا باز بدات و په‌نا به‌رێته به‌ر مێنته‌ڵێتی خێڵ، ئایا ئه‌مه كاره‌سات و مه‌رگی زانكۆ نییه؟!
ئێوه بڕوانن، ڕۆژانه و مانگانه و ساڵانه به ده‌یان و سه‌دان ڕووداوی مێژوویی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی دونیا و ناوچه‌كه‌دا ڕوودەدات، به‌مه‌به‌سته‌وه ئاوڕی لێنادرێته‌وه، به‌ڵام شتێكی بچووكی حیزبی و ناوچه‌گه‌ریی و ئایدۆلۆجی ده‌بینرێت، هه‌مووان بۆچوونی خۆیان له‌باره‌وه ده‌نووسن. بۆیه زۆربه‌یان وا ده‌خوازن زیاتر وه‌كو توێژه‌ر و مێژوونووسی نێوچه‌یی و خێڵه‌كیی و ئایدۆلۆجی خۆیان نیشان بده‌ن. قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ، ڕووداوێكی مێژوویی دیاره، چونكه كاریگه‌رییه‌كی فره ڕه‌هه‌ندی به‌دووی خۆیدا دروست كرد، هه‌تاوه‌كو ئێستا چ توێژینه‌وه و نووسینێكی مێژوویی بێلایه‌ن له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه؟ كه وه‌كو قۆناغێكی كاریگه‌ر له مێژوومان بنووسرێته‌وه به‌مه‌به‌ستی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته. له‌ڕاستیدا مێژوونووسی بێلایه‌ن، نابێت له پرسێكی گرنگی وه‌هادا خۆی بدزێته‌وه و ئه‌م پرسه گرنگه بشارێته‌وه، ئەگەرنا ئه‌و كات ئه‌وی تر و بێگانەكان له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسن(32).
له كۆتاییدا ئه‌م چه‌ند ورده سه‌رنجه‌مان ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی خوێندنی باڵا ده‌كه‌ین، چونكه ئاشكرایه مێنته‌ڵێتی خێڵ له پشت ئه‌م به‌رنامه شكستخواردووه‌وه‌یه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، وه‌كو له نزیكه‌وه ئاگادارین، چه‌ندین مامۆستای لێهاتوو و به‌توانا و كارامەمان هه‌ن، كه ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش شانازییان پێوه بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌مووان بوون به قوربانی ئه‌م سیسته‌مه خراپه‌ی خوێندنی باڵا.
په‌راوێز و ژێده‌ره‌كان
1-قادر محه‌مه‌د پشده‌ری: زانكۆ و توێژینه‌وه‌ی زانستی، گ(ئه‌كادیمیای كوردی)، ژ(8)، هه‌ولێر، 2008، ل62-63.
2-ئامانج نازم بی‌جان: ئه‌فسانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له زانكۆدا، له كتێبی: گروگاڵی نووسین، سلێمانی، 2023، ل64.
3-ته‌ڵاڵ مه‌جزووب: ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه و ئاماده‌كردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تیۆریی و پراكتیكی، و: مه‌ریوان عه‌بدول، هه‌ولێر، 2007، ل27.
4-حسان حلاق: مناهج الفكر والبحث التاریخی والعلوم المساعده وتحقیق المخطوطات مع دراسة للارشیف العثمانی واللبنانی والعربی والدولی، بیروت، 2004، ص169.
5-بۆ زانیاری پتر له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڕوانرێته: توانا ڕەشید كریم: ئاڕاسته‌ی نووسینیی مێژوویی له ماسته‌رنامه و تێزه‌كانی دكتۆرای مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ (به‌شی مێژووی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین وه‌ك نموونه)، گۆڤاری زانكۆی گه‌رمیان، Vo1.5، No.3 (July، 2018، ل233.
6-ریكان ابراهیم: علم النفس والتاریخ، بغداد، (1988)، ص126.
7-سه‌عدی عوسمان هه‌رووتی: ڕێبازی نووسینه‌وه‌ی مێژوو له هه‌رێمی كوردستاندا (خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ نامه زانكۆیییه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین)، گ(ژین)، ژ(6)، دیسه‌مبه‌ری 2014، ل136-137.
8-دعا‌و محمد قاسم: الكهربا‌و فی العراق حتی العام (1968)-دراسه تاریخیة، رسالة ماجستیر غیر منشورة، الجامعة المستنصریة، (2016).
9-باسم محمد سلمان الشمری: أحمد راضی-دراسه فی سیرتة الریاضیة واثره الاجتماعی والبرلمانی (1964-2020)، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة المثنی، (2023).
10-ئازاد عه‌بدولواحید (هه‌ڤپه‌یڤین): پ.د. موحسین محه‌مه‌د حوسێن بێ ترس و دوور له سۆز مێژوو ده‌نووسێته‌وه، هه‌ولێر، (2019)، ل ل188-189.
11-ا‌یات أحمد عبدالوهاب النعیمی: جامعه السلیمانیة (1968-1992) دراسه تاریخیة، رسالة ماجستیر غیر منشورة، الجامعه المستنصریه، (2023).
12-حسن ضاری سبع الدلیمی: منهج الكتابة التاریخیة عند كمال مظهر أحمد، رسالة ماجستیر غیر منشورة، جامعة بابل، (2006).
13-أثیر كاظم عبد زید الخالدی: المۆرخ محسن محمد حسین وجهوده الفكریة-دراسه تاریخیة، مراجعة وتقدیم: أحمد ناجی، النجف الاشرف، 2018.
14-راهی مزهر العامری: مسعود محمد ودوره السیاسی فی العراق (1919-1986)-دراسه تاریخیة، مراجعة وتقدیم: كمال مڤهر احمد، بغداد، 2008.
15-أحمد علی سبع الربیعی: مكرم الطالبانی ودوره السیاسی والفكری فی العراق (1923-1979)، مراجعة وتقدیم: أسامه عبدالرحمن الدوری، بغداد، (2018).
16-محەمەد عەبدوڵڵا كاكه سوور: گرفته‌كانی نووسینی مێژووی كورد، گ(مێژوو)، ژ(9)، زستانی 2009، ل344.
17-Тяжелое время дл курдов. Новый Курдистан. № 2. Санкт-Петербург. 1-июля. 1997 г. С.2
18-هه‌ڤاڵ كوێستانی: ئه‌و ڕۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، سلێمانی، 2017، ل89.
19-قادر محه‌مه‌د پشده‌ری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل65.
20-سامان حوسێن ئه‌حمه‌د: میتۆد و لێكۆڵینه‌وه-هه‌نگاوه‌كانی نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی، تاران، 2020، ل188.
21-طە باقر، عبدالعزیز حمید: طرق البحث العلمی فی التاریخ والاثار، جامعة الموصل، 1980، ص129.
22-مینۆرسكی: كورد-تێبینی و وردبوونه‌وه، و: حەمه‌سەعید حەمه‌كریم، چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، 1983.
23-Минорский В.Ф. Курды. Заметки и впечатления. Петроград(1915)
24-مارف خه‌زنه‌دار: دیجله‌ی هزرم، ب1، هه‌ولێر، 2006، ل278.
25- Аверьянов П.И. Курды в войнах России с Персией и Турцией в течение XIX столетия. Современное политическое положение турецких، персидских и русских курдов. Исторический очерк. Тифлис. 1900.
26-پ.ی. ئه‌ڤیریانۆڤ: كورد له جه‌نگی ڕوسیا له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا-بارودۆخی سیاسی ی كوردی توركیا و ئێران و ڕوسیا، و: ئه‌فراسیاو هه‌ورامی، سلێمانی، (2004).
27-Победоносцева А. О. Курды в Русских периодических изданиях XIX в. Вестник СПбГУ. Сер. 13، вып. 3، 2010
28-ئازاد عه‌بدولواحید (هه‌ڤپه‌یڤین): د. مارف خه‌زنه‌دار-ئه‌زموونێكی تایبه‌تی له ڕۆژگارێكی نووسیندا، هه‌ولێر، (2011)، ل90.
29-مارف خه‌زنه‌دار: ڕۆژگاری من، به‌رگی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، 2011، ل129.
30-سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان عومه‌ر: ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی، سلێمانی، 2019، ل46-47.
31-Енен ЭКРЕМ. Интеллигенция: авангард и совесть нации. Новый Курдистан. № 14. Санкт-Петербург. сентябрь. 1998 г. С.6
32-بۆ نموونه له‌مباره‌یه‌وه بڕوانە: وسن سعید عبود، نبیل العلوی: الصراع المسلح بین الحزبین الدیمقراطی الكردستانی والاتحاد الوطنی الكردستانی (1994-1998) والموقف الدولی منه، العدد الرابع والعشرون، مجله كلیة التربیه للبنات، جامعة البصرة، حزیران 2018، ص225-266.