نووسینی: ڕاز ئەسعەد
خشڵ وەک بابەتێکی جوانکاریی و ئاماژەی چینایەتی و خۆدەرخستن، ڕەگوڕیشەی هێندەی قوڵاییەکانی مێژووە کەوناراکان و بگرە زیاتریش ڕۆدەچێتە نێو کەلتووری مرۆڤایەتییەوە، مێژووی بەکارهێنانی خشڵ نەک هەر بە قوڵایی مێژوودا شۆڕبووەتەوە، بەڵکو بۆ سەردەمی پێش مێژووش دەگەڕێتەوە، لە سەرەتای سەردەمی سروشتگەرایی و ئاوێزانبوونی مرۆڤ لەگەڵ ژینگەی چواردەوری خۆیدا دەستپێدەکات، هەر لەم پێودانگەوە دەکرێت بڵێین، مرۆڤ لە پێش مێژووەوە بیری لە ڕازاندنەوەی جەستەی خۆی کردووەتەوە، واتە بەرلەوەی بیر لە پۆشاک و شاردنەوەی جەستەی بکاتەوە(١)، چونکە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە ئەشکەوتەکانەوە بنەڕەتێک بوو بۆ بەکارهێنانی خشڵ، کاتێک کە ئاژەڵەکانیان ڕاودەکرد و ئێسک و پێستە و مووی جەستەیان وەک ئێکسسوارات و پێداویستی دیکەی سەرەتایی بەکاردەهێنا، لێرەوە دەستیپێکرد و بەدرێژایی قۆناغ و سەردەمەکان بەکارهێنانی خشڵ درێژەی هەبووە و ئاماژەیەکی گرنگ بووە بۆ ئاشنابوون بە شێوازی ژیانی ڕۆژانە و کەلەپووری هەر کۆمەڵگایەک و ڕەنگدانەوە لەسەر مێژووی داهاتوو.
لەگەڵ بەرەو پێشچوونی قوناغەکان بەکارهێنانەکانیش بەرفراوانبوون، پەیدابوونی بەردە بەنرخەکان و عاج و گەوهەرەکانی دیکە بۆ خۆڕازاندنەوە لەڕووی مێژووییەوە ئاماژەیەکی گرنگ بوون بۆ شێوازی ژیان و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی تاکەکان لە کۆمەڵگەکاندا(٢).
لە کۆمەڵگەی کوردیشدا خۆڕازاندنەوە و بەکارهێنانی خشڵ بەشێکی دانەبڕاوی مێژووی ژیانی ڕۆژانەوە و کەلتووری تایبەت بە نەتەوەکە بووە، هەربۆیە سەیر نییە سەرنجی کوردناسان و ئەو بیانیانەی ڕاكێشاوە کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیون و زۆربەیان ئاماژەیان بەجۆری گەوهەرەکان و شێوازی خۆڕازاندنەوەی ژنانی کورد کردووە.
ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە بەکارهێنانی خشڵ و خۆڕازاندنەوە بێبەش نەبووە و ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، لە ژیانی ڕۆژانە و بۆنەکان و تەنانەت بەپێی شێوازی بۆنەکانیش بەکاریهێناوە، لەم ڕووەوە گرنگە لە ڕێگەی مێژووی کۆمەڵایەتییەوە تیشک بخەینە سەر هەندێک لەو خشڵانە کە ژنی کورد بەکاری هێناون، کە جگە لە مەبەستی خۆڕازاندنەوە بۆ چەندین مەبەستی دیکە بەکاریهێناون، وەک (ڕازاندنەوە و جوانکاری، هێمای ئایینی، جادووگەری، بەختی باش، چارەسەری نەخۆشی، پێشاندانی سامان، پێگە و دەسەڵات، پێگەی کۆمەڵایەتی ... تاد)٣). ڕەنگە لەو نموونانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین، ناوەکان بەپێی ناوچەکان بگۆڕێن، یان خشڵێک لە ناوێک زیاتری هەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەوڵەمەندی زمان و فەرهەنگی کوردی.
خشڵەکانی سەروبەست:
سەروبەست یان پێچانی سەر لە کەلتووری زۆربەی نەتەوەکاندا بۆ ژن و پیاو جێی بایەخ و کارپێکراو بووە، سەروبەست بۆ چەندین مەبەستی وەک پاراستن لە سەرما و گەرما و ڕێز و نەریتی ئایینی و دەرخستنی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی بەکارهاتووە، لەهەمانکاتدا ڕازاندنەوە یەکێک بوو لە مەبەستە هەرە گرنگەکان، لێرەدا مەبەستمانە باس لە سەروبەستی ژنانی کورد بکەین.
سەروبەست بەشێکی گرنگە لە کۆی پۆشاک و جلوبەرگی ژنانی کورد، بە چەندین شێواز بەستراوە و بە چەندین جۆر خشڵ و ئێکسسوار ڕازێندراوەتەوە، ئەو خشڵانەی کە ژنی کورد سەروبەستەکانیان پێڕازاندووەتەوە زۆرن و ناوی جیاجیایان لێنراوە، هەربۆیە ڕەنگە تاڕادەیەک جۆرێک لە ئاڵۆزی بۆ خوێنەر دروستبکات، چونکە ناو و بابەت و شێوازەکان زۆر لەیەکتر نزیکن.
کوردناس و ڕۆهەڵاتناسەکان کە سەردانی ئەم ناوچانەیان کردووە، بایەخی زۆریان بە لایەنی کەلتووری داوە، لەنێو پۆشاک و پێداویستییەکاندا سەروبەست بە هۆی جوانی و ڕازاوەییەوە بۆتە جیی تێڕامان و سەرنجیان، کە بە خشڵی تایبەت نەخشینراون، لە کۆندا بە کڵاوی خانمان وتراوە فێست، کە بە سرکەیی یاخود چەفتەی گوڵنگەداری تێکەڵ بە سیمی ڕەنگ جیاواز پێچراوەتەوە، ئەو دیزاینەی فێستەکەی پێ ڕازێندراوەتەوە، هەر بە تەنیا نەبووەتە جێگای سەرنجی کوردناسان، بەڵکو شێوازی بەستن و وردییەکەی جۆرێک لە ئاڵۆزی لا دروستکردوون، بۆ نموونە میستەر ڕیچ دەڵێت: ''سەرپێچی ژنی کورد ناتوانرێ بە وردی باسبکرێت''(٤). ژنان لە کۆندا گرنگی بەرچاویان بە سەروبەست داوە، بە جۆرێک لەکاتی کارکردنی سەختیشدا بەردەوام سەروبەستیان لە سەردا بووە، تەنها لەکاتی خەودا لایان بردووە.
ئەم پۆشاکە بە چەندین شێواز چووەتە ناو پەندی پێشینانەوە، لەو ڕووەوە وتراوە:''ژن بەسەروپۆڕ، پیاو بەجل و جۆڕ''(٥).
دیاترین ئەو پارچە خشڵانەی کە سەروکڵاویان پێ ڕازێندراوەتەوە بریتیین لە:
بەرچاوگە:
دیارترین پارچەی ڕازاندنەوەیە بۆ بەشی پیشەوەی فێست بەکاردێت، زۆر کات بە زەنگیانە یاخود زێڕ یاخود مورووی شیلانە و هەندێک جاریش بە قوماش نەخێشنراوە(٦).
گێلگێلە:
هەندێک جار پێنج لیرەییەک یاخود چەند لیرەیەکی زیوو یان زێڕ بووە، لەگەڵ چەند ڕیزە مووروویەکی جوان و بەنرخ، کە هەندێکجار سێ ڕیز بووە، وەک چەپکە بە موورووی شین و شیلان و عەقیق بە تەوقە سەری کڵاوەکەدا دادووراوە، هەندێک جاریش مێخەکی تێکەڵکراوە لەگەڵ موورووی شیلانی بچووک، لە تەوقی سەری کڵاوەکەوە کەمێک شۆڕ کراوەتەوە، جوانییەکی تایبەتی بە فێستەکە بەخشیوە و لەگەڵ هەر جوڵە و هەڵسوکەوتێکی خانمەکەدا گێلگێلەکە دەنگ و جوڵەی تایبەتی دروستکردووە و نیگاکانی بردووە، هەر ئەمەش سەرنجی شاعیرانی ڕاکێشاوە و لە هۆنراوەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە، هێمن موکریانی دەڵێت:
"شل و مل و لەبارن چاوبەکل گوێ بە گوارن
دەسماڵ پوڵەکەدارن شەدە و گێلگێلە لارن''(٧)
لێرەدا شاعیر وەسفێکی جوانی ئارایشت و خۆڕازاندنەوە و نازکی ژنی کورد دەکات، ورد شێوازی گێلگێلەکەمان پێدەڵیت کە بەلاری بەستوویەتی و هێندەی دی جوانی بەخشیوەتە سەروسیمای خاوەنەکەی.
ژێرچەنە:
یەکێکی دیکە لەو پارچە خشڵانەی کە سەرەڕای جوانی و ڕازاوەییەکەی لەهەمانکاتدا بۆ ڕاگیرکردنی کڵاوەکە بەکارهاتووە، چونکە بەبێ ژێرچەنە فێستەکە ناوەستێت، ژێرچەنە بە مورووی زەرد و سوور و شین دادەگیرایەوە، وتراوە کە ژێرچەنە لە ژێر چەناگەوە هاتووە(٨) و تایبەتمەندی دەدات بە کڵاوەکە و دەیڕازێنێتەوە، هەروەها دەبووە جێگەی سەرنج، چونکە جوانییەکی تایبەتی بە گەردنی ژنان دەبەخشی، هەربۆیە گەردن و ژێرچەنە ئیلهامبەخشی شاعیرانی کلاسیک بووە، زۆرن ئەو شاعیرانەی ژێرچەنەی فێستی ژنان مەستی کردوون کردوویانەتە هەوێن و سەرچاوەی لە دایکبوونی شیعری تەڕ و خەونی ڕەنگاڵەیی، قانعی شاعیر لە وەسفی ژێرچەنەدا وتوویەتی:
ژێرچەنەی لەعل و عەقیق و ملەوانەی زێڕین
گۆ لەمل و دیدە بەکل، پەرچەمی ئاوداری هەیە''(٩)
لاگیرە:
جۆرە خشڵێکە ژنان لەسەر سەروپێچەوە دەیدەن لە سەریان(١٠)، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، لای ڕاست و لای چەپ، دوو قولاپی پێوە بوو، لە ڕازاندنەوەی لا تەنیشتی کڵاودا بەکاردەهات. زۆرجار وتراوە لاگیرەی پێچکە ئەشرەفی، یاخود پەهلەوی، لاگیرەش وەک هەریەکێک لە خشڵەکانی دیکە جێی پێداهەڵدانی شاعیران بووە، لە یەکێک لە بەیتە شیعریەکانیدا قانع باسی دەنگی لاگیرە دەکات و دەڵێت:''
برقەی بەرچاو و زرنگەی کڵاوزەڕ
ئەگریجەی قرتاوە وەک ڕێحانەی تەڕ
ورشەی گوارەگوێ، زریکەی لاگیر
هاڕەی پڵپڵە و سڵسڵەی زنجیر''(١١)
مەولەویش لە بەیتێکدا دەڵێت:
سەدای (لاو هەی لاو) زڕەی زەڕ زەنجیر
سڵسڵەو بانی سەر، بەندزرێ و لاگیر(١٢)
کرمەک:
کرمەک یاخود موورووی کرمەکە، لە شێوەدا لە کرم دەچێت، بۆ ژێرچەنە و ڕازاندنەوەی کڵاو لە ژێرچەنەدا بەکاریانهێناوە، جوانی و ڕازاندنەوەیەکی سەرەکی بووە لە فێستەکانیاندا، هێمنی شاعیر لە شیعری شەنگەبێریدا باسی جوانی و دیمەنی شەنگەبێری کردووە لە کاتی مەڕدۆشیندا، کاتێک ئاوازی خشڵەکانی دەبێتە سەمفۆنیا و چاو و گوێی شاعیر پڕدەکات، دەڵێت:''
شەنگەبێری! ساڵی ساڵان لە کوێستان، لەناو مەڕی
بۆ مەڕ دۆشین هەڵت دەکرد ئەو باسکی سپی مەڕمەڕی
لە بەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە
نیوەڕۆیە لەبەر بێری کۆڕی مەڕی ڕادەپەڕی''(١٣)
گوڵی لاسەر و گوڵی مەلیکی:
دوو کەرەستەی جوانی ڕازاندنەوەی سەروبەست بوون، لە کۆندا گوڵی لاسەر دوو گوڵ بوون بە لای ڕاست و چەپی کڵاوەکانیاندا دایاندەدووری، هەروەها گوڵی مەلیکیش لە ئاڵتوون دروستکراوە، پڵپڵەی پێوە بووە و ناوەکەی شووشە بووە، هاوشێوەی نقێمی ئێستا.
گۆرانی شاعیریش لە هۆنراوی (جوانێ لە لادێ) لە وەسفی ئەو کیژۆڵەیەدا لەکاتی زەردەپەڕ و خۆرئاوابووندا، وێنای گەوهەرەکانی و سێبەر و ڕەنگدانەوەیان دەکات و دەڵێت:''
چەن جوانی بەرەو مەغریب ئەچی زەردە ئەدا لێت،
پرشنگی خشڵ ئەبڵەق ئەکا دەوروبەری ڕێت،''(١٤)
خشڵەکانی ڕازاندنەوەی مل
سمڵ
کەم نین ئەو خشڵانەی کە ژنان بۆ ڕازاندنەوەی سنگ و بەرۆک و گەردن و بۆ بۆنخۆشکردنی خۆیان بەکاریان هێناوە، ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵێین بەکارهێنانی سمڵ و مێخەک وەک دووانەیەکی دانەبڕاون لە ژیانی ژناندا، هاوشێوەی ئاڵتون و زیوو ئامادەییەکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە و بەردەوام لەناو کەلوپەلەکانی ژناندا بەکارهێنراون، هەرچەندە حەز و خولیای ژنان بۆ بەکارهێنانی خشڵ زۆر بەرفراوان بووە بەشێوەیەک لەکاتی بۆنە و میواندارییەکاندا زیاتر جێگەی سەرنج بووە، میس بێڵ دەڵێت: ''کاتێک سەردانی ماڵی عەونی ئەفەندی بەڕێوبەری پێنجوێنم کرد و لە ماڵیاندا میوان بووم، هاوسەرەکەی عەونی ئەفەندی لە پێشوازی مندا بەتایبەتی هەموو خشڵ و زێڕێکی تایبەتی کردبوو بە خۆیدا''(١٥)
سمڵ ڕووەکێکی بۆنخۆشە لە وەرزی بەهاراندا لە نزیک ئاو گەشە دەکات، لە ئەوروپا و ئاسیا دەڕوێت، گوڵێکی بنەوشەیی مەیلە و پەمەیی و گوڵی سپی دەکات، باڵای ئەم ڕووەکە بەرز نییە، ڕەگەگەی شێوە خڕە، لە کۆندا ژنان بەمەبەستی بۆنخۆشکردنی خۆیان لەگەڵ مێخەکدا بەکاریانهێناوە، زۆرجاریش بە تەنها وەک ملوانکەی درێژ لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردیدا بەکارهاتووە، لە ئارایشتکردن و ڕازاندنەوەی بووکیشدا بەکارهاتووە، سەڕەرای بوونی بۆنە خۆشەکەی زۆر کاتیش وەک چارەسەر بۆ نەخۆشییە جیاوازەکان بەکارهاتووە(١٦)
گۆرانی شاعیر لە وەسفی ژنی هەوراماندا دەڵێت:''
ژنی هەورامان سەرتاپای خشڵ سەرچاوەی مێخەک و سمڵ
تا بڵێی تەڕپۆش، ئاڵ و واڵا جل، بەژن و باڵا جوان، بەدەن نەرم و شل''(١٧)
مێخەک و مێخەکبەند
بەشێکی زۆر لە سەرچاوەکان نیشتمانی ڕەسەنی گەشەکردنی داری مێخەک دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتی ئەندۆنیسیا، بەڵام لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکاندا بوونی هەیە، مێخەک تەنها بواری جوانکاری نەگرتووەتەوە، بەڵکو یەکێکە لە بەهاراتە گرنگەکان کە بەدرێژای چەندین سەدە وەک پارێزەری خۆراکی و سەرچاوەی تام و بۆن بەکارهاتووە(١٨)، لەهەمانکاتدا لە بواری پزیشکیشدا بەکارهاتووە، لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا لەلایەن ژنانی خاوەن ئەزموونەوە لە چارەسەرە سروشتییەکاندا گرنگی بەرچاوی پێدراوە.
لە بواری جوانکاریشدا مێخەک بۆتە تەلیسم و ڕەمزی ناسینەوەی ژنی کورد، سەرەڕای جوانی و ڕازاوەییەکەی، بۆن و بەرامەیەکی خۆشی بەخشیوە بە دەوروبەر، ئەگەر خشڵەکانی دی بەپێی جیاوازی بۆنەکان بەکارهاتبن، ئەوا ئەوەی مێخەک جیادەکاتەوە لە خشڵەکانی دیکە، بەکارهێنانیەتی لە هەموو کاتە جیاوازەکاندا، تەنانەت زۆربەی کات بۆ نووستنیش دایان نەناوە، ئەگەر خشڵەکانی دیکە بەپێی مەراسیمەکان بەکارهێنانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، بۆ نموونە لەکاتی پرسەدا ژنان هەندێک لە خشڵەکانی سەروپێچەکەیان (فێست) کەمکردووەتەوە، ئەم حاڵەتەش لە کوردەواریدا پێیوتراوە (کڵاو ڕەشکردنەوە)، وەک هاوخەمی و پرسەداریی، بەڵام مێخەکبەندەکەیان لانەبردووە، زۆربەی کاتیش مێخەک و سمڵ دووانەیەکی لێک دانەبڕاوبوون و بەیەکەوە بەکارهاتوون، وەک دوو دەستە خوشک بوون(١٩)
بە چەندین جۆر و شێوازی جیاجیا هۆنیویانەتەوە، زۆرجار بەپێی شێوازی ناوچەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، جگە لەوەی وەک ملوانکە لە ملیانکردووە و پێیانوتووە مێخەکبەند، هاوکات زۆر کاتیش لەگەڵ سمڵدا بە دەرزییەک کردوویانە بە یەخەی هێلەك یاخود سەڵتەکانیانەوە، هەندێک جاریش ڕێحانەیان لەگەڵدا داناوە. هەرچەندە مێخەک چەندین هەزار ساڵە وەک بەهاراتێکی تایبەت بۆ ناو خواردن بەکارهێنراوە، بەڵام جیاواز لەوە ژنان لە بواری ڕازاندنەوەی خۆیاندا گرنگییەکی بەرچاویان پێداوە، هەمیشە وەک ملوانکە لە ملیاندا بووە، بەپێی ناوچە و سەردەمەکان بە چەندین شێواز هۆنراوەتەوە و بە ملوانکەی مێخەک وتراوە مێخەکبەند، هەندێک جاریش لەگەڵ سمڵدا بەکاریانهێناوە و کردوویانە بە جلەکانیانەوە(٢٠).
بەوهۆیەوە کە مێخەک و سمڵ بەردەوام هاوەڵی کچان بووە، هەربۆیە بۆتە پەڕلە و ئاماژەی نێوان دڵدار و دڵبەر، هەمیشە ئامادەی جێژووان بووە و شاهیدی ئاهـ و حەسرەتی یاران بووە، هەر بەو هۆیەوە مێخەک و سمڵ بوونەتە کەرەستەی شیعریی بۆ زۆر لە شاعیران و گۆرانیبێژان و کردوویانەتە سەربەندی ئاواز و سەدای میلۆدییەکان. گۆرانی شاعیر لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:''
بابێ بۆنی مەمەی
لە درزی سوخمەی
بۆنی وەنەوشە، گوڵ
مێخەک، عەتر، سمڵ ...(٢١)
یان دەڵێت:
هەندێ کچ بێ تەجرەبە سووراو سپیاوی ئەوێ
مێخەک و عەتر و سێوی نەخشاوی ئەوێ(٢٢)
یان دەڵێت:
سەر جادە موعەتتەرکە بەبۆی خونچە و مێخەک،
بەو لەنجەیەوە بەستە بڵێیت ورشەی خامەک،
هاڕەی کەمەرە و گوارە و کرمەک (٢٣)
حێلومێخەک:
یەکێکی دی لەو خشڵە بایەخدارانەی کە وێڕای جوانییەکەی، لە کۆندا زۆرجار بە خشڵی خانەدانان ناوزەدکراوە، ئەویش حێلومێخەکە، کە لە شێوەدا ملوانکەیەکی درێژ بووە و بەردێکی گەورە بە ئەندازەی لەپی دەست لە ناوەڕاستیدا بووە، زیاتر لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا بەکارهاتووە، یان لە جەژنەکان و لەکاتی سەیران و گەڕاندا، یەکێکیش بوو لەو خشڵانەی تایبەت بۆ بووک کراوە، چونکە لە نرخدا لە خشڵە بەها گرانەکان بووە(٢٤).
گەردنلغ:
خواستی ژنان بۆ بەکارهێنان خشڵ جیاواز و پڕ لە وردەکاریی بووە، یەکێک لەو خشڵانەی کە بەکارهاتووە گەردنلەغە، کە بۆ مل بەکاردەهات، نقێمێک لە ناوەڕاستەکەیدا بووە، دوو ڕیز بووە و لیرەی پێوە بووە(٢٥).
بەراقە:
(بەراقە)ش هاوشێوەی ملوانکەیەکی درێژبووە و بەسەر سنگدا شۆڕبووەتەوە، لە شێوەی زنجیرێکی درێژکۆلەدا بووە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێکی زۆر ئەڵقەی بەیەکداچوو، لەبەر درێژییەکەی زیاتر بە دوو بەش کراوەتە مل، واتە بە دوولۆنی، لە هەندێک شوێنیش بە دوولۆنە ناوبراوە(٢٦).
گەردانە:
شێخ محەمەدی خاڵ لە فەرهەنگی خاڵدا وتویەتی مەبەست لە گەردانە ملوانکەیەکی زێڕینی پڵپڵەدارە، ژنان دەیکەنە ملیان(٢٧). زیاتر لەلایەن ژنانی گەنجەوە بەکارهاتووە، ئەو ژنانەی کە تەمەنیان هەبووە کەمتر بەکاریان هێناوە، زۆرجار ناوی گەردانە و پەروانە بەیەکەوە هاتووە(٢٨).
لوولەوزنجیر:
خشڵێکی کۆنی کوردەوارییە و لەلایەن ژنانەوە گرنگی زۆری پێدراوە، بۆ چەندین مەبەستی جیاواز و جوانکاری بەکارهاتووە، لە کۆندا لوولەوزنجیر زۆر باو بووە، نێوانی لوولەکان لیرەی پێوە بووە، زۆرجار دوعای چاوەزاری تێکراوە، یان کەسێک کە منداڵی بۆ نەماوە یان ژنێک منداڵی لە باربچوایە، دوعاکەی دەکردە لوولەکەوە(٢٩).
خڕخاڵ مەچەکی چەشنی سەهۆڵی
ملوێنک لە مل لوولە لەسەر دڵ
چاو پڕ لە غەمزە، ڕوومەت تۆپی گوڵ(٣٠)
حەمایل
حەمایل یان حەمایڵ یەکێکە لە خشڵە دێرێنەکان، بەشێوەی ڕاست و چەپ بەکارهێنراوە، ڕەنگە ناوەکەی لە وشەی (حمائیل)ی عەرەبیەوە هاتبێت، کە بە مانای هەڵگری شمشێر دێت و حەمایلیش هاوشێوەی ئەو ڕاست و چەپ لە شان و مل کراوە.
حەمایل لە شێوەدا پەتێکی چنراوی درێژ بووە، لەگەڵ پارچەیەک قوماشی شێوە چوارگۆشەییدا، وەک گیرفان یان جزدانێکی بچووک دروستکراوە، کە لە ناوەڕاستی پەتەکەدا بووە، چەند دەنکە موروویەکی پێوە بووە و کراوەتە سەر پەتەکە، زۆرجار مێخەک یان سمڵ بۆ بۆنخۆشی کراوەتە نێوان دەنکە مورووەکانەوە. بەشێوەی ڕاست و چەپ لەژێر یان سەر سەڵتە و هێلەك لە مل کراوە، بەڵام لەگەڵ کەوادا کەوتووەتە سەر کەواکە ئەگەر دەسماڵ یاخود جەفتەیان پۆشی بێت بەسەر کەواکەدا، ئەوا لەوکاتەدا کەوتووەتە سەر کەواکە، لەبەرئەوەی دەسماڵ یاخود چەفتەکە تەنک بووە، ئەوا حەمایلەکە دەردەکەوت، سەرەڕای ئەوەی وەک خشڵێکی جوانکاری بەکارهاتووە، لەهەمانکاتدا پارەی وردەی تێدا هەڵگیراوە و وەک جزدان بەکارهاتووە، هەروەها بۆ هەڵگرتنی دوعا و نوشتە بەکارهاتووە، کاتێک ژن دەگەیشتە کاتی منداڵبوون، هەبوو دەیانکردە ملی بۆئەوەی زووتر منداڵەکەی ببێت، هەروەها دەیاندا بەو ژنانەی کە تازە منداڵیان دەبوو هەتا چلەی دەچوو، زۆرجاریش سمڵ و مێخەک تێکراوە و بەردەوام بۆنی خۆشی بە چاوەدەوردا پەخشکردووە.(٣١)
خشڵەکانی ڕازاندنەوەی هێلەك و سەڵتە
چەقالە و گۆبەرۆک:
وردەکاری خۆڕازاندنەوەی ژنان تەنها لە سەروبەست و شێوازە جیاوازەکانی ملوانکە و زێڕ و زیودا نەوەستاوە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێک پۆشاکەکانیشیان بە خشڵ ڕازاندووەتەوە، چەقالە و گۆبەرۆگ ئەو خشڵە سەرنجڕاکێشە بوون کە بۆ ڕازاندنەوەی کەناری هێلەك بەکارهاتووە و گرنگییەکی زۆری پێدراوە، بە تەقەڵ بە قەراغی هێلەكەکە یان سەڵتەکەدا دادرواوە، جاران بەو چەقالە لێدانە بە کەناری هێلەك یان سەڵتەدا وتراوە پێداگرتن لەجیاتی دروومان بەکارهاتووە(٣٢). گۆبەرۆک یان لە هەردوو کەناری پێشەوەی هێلكەكە دراوە یان بە پارچە پشت و پێشی هێلەكەکەی گرتووەتەوە، لەو کاتەشدا پێیوتراوە گۆبەرۆکی قەپات، واتە هەموو قەراغەکانی.
دوگمەودۆڵاب:
بۆ بەستنی هەردوو لای هێلەك یاخود سەڵتە لە بەشی خوارەوەیدا بەکارهاتووە، جگەلەوەی جوانییەکی تایبەتی بە هێلەک یاخود سەڵتەکە دەبەخشی، لەهەمانکاتدا بۆ کاتی کارکردن جۆرێک لە کۆکردنەوەی بە جلەکان دەبەخشی، زۆرکاتیش ئەگەر هێلەك یان سەڵتە تاک گۆبەرۆگ یان چەقالەی پێوەبووایە تەواوکارییەکی جوانی لە نێوان جلەکان و خشڵەکاندا دروست دەکرد.
شێوازی پێوەکردنی دوگمەدۆڵابەکە بە چەند تەقەڵێکی دەرزی بە بەشی خوارەوەیدا دادەدورا، دوگمەودۆڵاب وەک هەریەکێک لە خشڵەکانی دیکە سەرچاوەی ئیلهامبەخشی شاعیران بووە، گۆرانییە فۆلکۆرییەکانیش لەمە بەدەر نەبوون، هەندێک جاریش لە جێگەی دوگمەودۆلاب پڵپڵەی زێڕ یاخود زیویان پێوەکردووە، هەمان جوانی و ئیشی دوگمەودۆڵابەکەی کردووە، لە بەندێکی فۆلکلۆریدا وتراوە:
دوگمەودۆڵابی بانی سوخمەی ئاڵ
بووە بە پەرژین بۆ جوتێ پرتەقاڵ(٣٣)
کەمەر ڕازاندنەوە
هەیاسە:
بەشێکی دیکەی جەستە کە ژنان گرنگیان پێداوە و پەنجەی ڕازاندنەوەیان لێخسۆتە کار و ویستوویانە سەرتاپای لەشولار و قەدوباڵایانی پێبکەنە کەڤاڵێکی ڕازاوەی هونەریی کەمەرە، بۆ ئەم بەشەش چەندین جۆر پشتوێن و کەمەربەند و ئێکسسواری ڕازاندنەوەیان بەکارهێناوە. هەیاسە یەکێکە لەو بابەتانە. هەیاسە خشڵێکی دێرینە، جۆرە پشتێنێک بووە کە لە زیو دروست دەکرا، ژنان لە بۆنە جیاوازەکاندا لەسەر پۆشاکی کوردییەوە دەیانبەست، لە شێوەدا بەشی پێشەوەی لەسەر کەمەر بووە و دوو گۆی خڕی گەورەی بە ئەندازەی سێوێک پێوە بووە، هەردوو کۆتاییەکەی بە ئەڵقە بەیەکەوە بەستراوە و بەو ئەڵقەیە داخراوە، هەیاسە لە ڕستێک ئەڵقەی زنجیردراوی زیو دروستکراوە و هەندێک متومورووشی پێوە بووە(٣٤)، بە دەنگی ئەم خشڵە وتراوە هاڕە لە کاتی جوڵە و هەڵپەڕکێ و ڕۆیشتندا دەنگێکی تایبەت و جیاواز و سەرنجکێشی هەبووە، ئەم پشتێنە لەڕووی نرخەوە گران بووە، ژنانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو توانیویانە بیکڕن. هەیاسەش وەک زۆربەی خشڵەکانی ژنان، جێی تێڕامان و هەستبزوینی شاعیران بووە و زۆرترین شیعری بەسەردا وتراوە، بەختیار زێوەر لە وەسفی دەنگی هەیاسەدا وتوویەتی:
بەتیلەی چاوان جەرگم زامارە
بەلارولەنجە دڵ پڕ هاوارە
خڕەی هەیاسە، زڕەی کەمەرە
بۆ دڵی (فایەق) چەرخ و چەمەرە(٣٥)
گۆرانی شاعیر سەرەڕێی کانی لە دولبەرەکەی دەگرێت و تاسەی دووریی و تامەزرۆیی بینینی یار لە هەستی شاعیرانەیدا دەتوێنێتەوە و دەڵێت:
ئەڕۆی بە عیشوە، بە لەنجە، بە وەزنی گۆرانی
ئەڕۆی ... زڕەی کەمەرەت دێ هاتاکو بەرکانی!(٣٦)
هەروەها لە بەیتێکی دیکەدا وەسفی سەدای هەیاسەی کیژێک دەکات کە لە کانی دەگەڕێتەوە و بەعیشوە و نازەوە گڕ بەردەداتە ئاهی لاوان و حەسرەتی ساردیان دەداتە بەر زەردەی ئێوارە و دەڵێت:
ئیواران پۆل پۆل لاوی کاکۆڵ لوول سەرەڕێ ئەگرن، سەرگەرم و عەجول
هەرچەن هاڕەی دێ هەیاسەی جوانێک لە هێلانەی دەم ئەفڕێ ئامانێک(٣٧)
لە دێڕێکی دیکەدا گۆران جیاوازتر وەسفی هەیاسە دەکات و دیمەنی ناو زەماوەندێکی کوردەواری لە تابلۆیەکدا دەکێشت و دەڵێت:
گوڵ بە ئاهەنگی ئامان لەرزۆکە پێیە دابنێ و پێیە بەرزۆکە!
بە ناز لار بگرە سەری بێ پووشین با بریقەی بێت کڵاو زەڕی چین چین!
پێچەکەی پشتەسەر لەسەر زوڵفی ڕەش با بجریوێنێ وەک ئەستێرەی گەش!
شانی بۆ شل کە و خۆت هەڵشێنەوە، سوخمەی سەر مەمک بلەرێنەوە:
با پێچەکەی نقێم گورج گورج بەتاسەوە لێو بنیتە سەر کوڵمی هەیاسە!(٣٨)
کەمەرە، قوبە، کەمەربەندی زیو، لیرە
چەندین شێوەی دیکەی پشتوێن هەیە، کە دیارترینیان پشتوێنی کەمەرەیە، زیاتر لە زیو دروستکراوە و لە شێوەدا پان بووە، کە بە شێوەکەیدا قورس دەرکەوتووە، هەروەها پشتێنی قوبە هەبووە کە قورس و گەورە بووە، چونکە قوبەکەی گەورە بووە، لەهەمانکاتدا کەمەربەندی زیو کە لەشێوەدا پان بووە، پێشتنی لیرەش هەبووە. ناوی زۆرینەی خشڵەکان لە پەندی پێشیناندا هاتووە و بە چەندین مەبەستی جیاواز باسکراوە، بۆ نموونە پەندێک هەیە دەڵێت: ''کەمەرە و لوولە هاڕەی دێ، سک لە برسا قۆڕەی دێ''(٣٩). هەندێک پشتوێنیش هەبووە هەر لە قوماش دروستکراوە و لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەکارهاتووە، هەر ناوچەیەش بەپێی تایبەتمەندیی و ئارەزووی خۆیان دروستیانکردووە و بەستوویانە.
بازنگ یان بازن:
بازنگ وەک خشڵێکی کۆن و بایەخدار بەلای ژنانەوە باسک و مەچەکیان پێ ڕازاندووەتەوە، چەندین جۆری جیاوازی هەبووە و هەریەکەیان ناوی تایبەت بە خۆی هەبووە، لەوانە: بازنەی لیرە، بازنگی مانگ و ڕۆژ، بازنگی گۆش، ئەکرایە دەست بە لاستیک و مووروو دەگیرایەوە و بەشێوەی گۆ بوو، بۆیە پێیوتراوە دەستەگۆ، لەهەمانکاتدا بازنگی گۆ هەبوو گۆکانی بەزنجیر بەیەکەوە دەنووسان، بازنگی دەبابە، بازنگی لیرە ... تاد و چەندین ناو و جۆری دیکە(٤٠). هێمنی شاعیر لە چەند بەیتێکی جیاوازدا جوانی بازنگ زیاتر دەباتەوە ناو دێڕەکانییەوە:
لە چەندین شوێندا وەسفی کابانی ناوماڵ دەکات لەکاتی کارکردندا، کە دەنگی بازنەکانی دێت و بێدەنگی پێ دەهەژێنێت:
چ خۆشە خرمەکەی خڕخاڵ و بازن و ژێرچەنەی کابان
چ خۆشە نەغمەکەی بلوێر، چ خۆشە لاوک و حەیران!(٤١)
هەروەها لە تێکستێکی تردا وەسفی کابان و شەنگەبێری دەکات:
کابانی قۆڵ بە بازن شەنگەبیری کێل گەردن
لەنێو مەڕ دێن و دەچن وەک پۆلی بۆ ڕان ڕان دەچن(٤٢)
شاعیر بەوەندە ناوەستێت و زیاتر ڕۆدەچێتەوە ناو وردەکاری جوانییەکانەوە، باس لە سەدای دەنگی شمشاڵ دەکات و ئاوێزانی زرینگەی بازنگی کابانی دەکات، کاتێک کە مەشکەی گەورە (گاوس) دەژەنێت، دەڵێت:
ئاهەنگی ژین و شادی بوو بەیانی کە تێکەڵ دەبوو
شمشاڵی من، خرمەی بازن، گرم و هۆڕی مەشکەی گاوس(٤٣)
مستیلە، ئەنگوستیلە:
ژنان لە کۆندا جگە لەوەی خەنەیان بۆ ڕازاندنەوەی دەست و قامک و نینۆکەکانیان بەکاردەهێنا، مستیلەش ئێکسسوارێکی زۆر بەکارهێنراو بووە، کە لە هەندێک ناوچەدا پێشی وتراوە کلکەوانە(٤٤)، مستیلە تەواوکاری ئەو جوانییە دەست و پەنجەی خانمان بوو، پەندی پێشینانیش لە زۆر شوێندا ئاماژەی بە خشڵەکان داوە، لە ناویشیاندا مستیلە یەکێکە لەو خشڵانەی زۆر ناوی هاتووە، لە یەکێک لە پەندەکاندا سەبارەت بەوەی کە ژنان زوو لەشت بێزار دەبن، وتراوە: ''ژن بێزار ئەبێ لە ئەنگوستیلە، بێزاری لە مێرد لەسەر دەلیلە''(٤٥)
لە کۆندا چەندین جۆر و شێوەی جیاوازی مستیلە هەبووە، بەگشتی مستیلەکانی کۆن ناوەڕاستەکەی نقێم یان مورووی عەقیق یاخود مورووی تانە لەسەر بوو(٤٦)، هەروەها مستیلەی پیرۆزەیی ناوەکەی نقێمێکی شین بوو، مستیلەی دووگۆ لە شێوەدا دوو گۆ بوون بە تەنیشتی یەکەوە، هەروەها جۆرێک مستیلەی چارەکە لیرەش هەبووە(٤٧).
گوارە:
گوارە وەک جوانکارییەکی سادە و بەردەوام لەلایەن ژنانەوە بەکارهاتووە، چەندن ناو و شێوازی جیاجیای هەبووە و بەپێی سەردەمەکان گۆڕاوە، لەوانە: گوارەی یاقوتی ئاڵ، خڕ و درێژیشی هەبووە، کە مێژووی بەکارهێنانی زۆر کۆنە، هەوروەها گوارەی سێ گۆ کە ئاڵتوون بووە و لە سێ گۆ پێکهاتووە. گوارەی (صباح الخیر)، کە لە شێوەی تۆڕێکدا چنراوە، گوارەی چەقالە، گوارەی چارەکە لیرەی درێژ، گوارەی کوپەیی، کە هاوشێوەی کوپە بووە ... تاد(٤٨).
شاعیران بە چەندین شێوەی جیاواز باسیان لەم خشڵەی ژنان کردووە، لەوانە قانعی شاعیر لە چەندین وێنای شیعریدا گوارەی کردووەتە وەسفی جوانیی و شیعرەکانی پێڕازاندووەتەوە:
هەر ئەڵێ بەخوا کراسی سوور نەبێ نایکەمە بەر
ژێرچەناخە و کرمەک و گوارە و کلی چاوی ئەوێ(٤٩)
یان دەڵێت:
بێ قەتار و گوار، چەناخ و سڵسڵە شەوقی چیە؟
داری لیمۆ هەر کچە، بێ مەمکە کوڕ داری بییە!(٥٠)
لووتەوانە:
ئەڵقە یان سنگێکی زێڕ یان زیوە، ژنان دەیکەنە لوتیان(٥١) و هەر لەمنداڵییەوە یان کە کچان گەورەبوون لووتیان بۆ سمیوە، سمینی لووت هاوشێوەی سمینی گوێچکەیە و لە نەرمایی لووتدا کونێکیان کردووە هەتاكوو لووتەوانەی تێبکەن. لە کۆندا زیاتر نقێمێکی شین و سێ پڵپڵەی پێوە بووە، یاخود تەنها نقێمێکی شین بووە، بەشی سەرەوەی ئاڵتوون بووە و پێیوتراوە خەزێم. خاتوو هینی ئاماژەی بەم خشڵە کردووە، لە لووتی هەندێک ژندا بینوویەتی بەلایەوە سەرنجڕاکێش بووە(٥٢).
پاوانە
پاوانە یاخود خڕخاڵیشی پێوتراوە، بەڕێژەیەکی کەمتر بەکارهاتووە، چەندین شێوەی جیاواز و ناوی جۆراوجۆری هەبووە، وەک گژنیژە کە لە شێوەدا ورد بووە هەروەک گژنیژ، هەروەها پاوانەی گۆ، هەندێک جاریش بەزەنگیانەی شین دروستکراوە(٥٢).
موورووەکان
مورووەکان لە بنەڕەتدا وەک تەواوکاری خشڵەکانن و زۆرجاریش دەوترێت بەبێ یەکدی ناتەواون و جوانی پێویست نابەخشن، بۆیە هەریەکەیان جوانی و ڕەنگینی ئەویتریان تەواو دەکات و پێکەوە دەبنە تابلۆیەکی ڕەنگینی ڕازاندنەوەی ژنان، وێڕای جوانەکەیان و جیاوازتر لە خشڵەکانی دیکە زۆربەی مورووەکان بۆ چەندین مەبەستی جیاواز و تایبەت لەلاین ژنانەوە بەکارهاتووە، وەک خۆپارێزیی و چاوەزار، یاخود بەمەبەستی تەندرووستی و چارەسەری کێشەکانی ژنان و چەندین گرفتی دیکە، ئەم زانیارییانەش نەوە لە دوای نەوە لەلایەن ژنانی بەتەمەن و خاوەن ئەزموونەوە بۆ نەوەی نوێ گوازاوەتەوە و جێگەی بایەخیان بووە.
بەشی هەرە زۆری موورووەکان لە کۆندا لە بەردە گرانبەهاکان دروستکراوە، چونکە ئەوکات هێشتا پیشەسازی موورووی دەستکرد گەشەی نەکردبوو، هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی حەز و خولیای بەردی گرانبەها کۆکردنەوە لەناو کورددا کەمتر بووە و ئەو بەردانەی ناسرابوون لەنێو گەلانی دەوروپشتەوە هاتوونەتە نێو کەلتووری کوردییەوە. ناوی موورووەکان بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. ئەگەرچی ژمارەیان زۆرە، بەڵام وەک پێویست ئاوڕیان لێی نەراوەتەوە و توێژینەوە مێژووییەکان لە دەرەوەی ئەم بابەتانە دەستکورت بوون. لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێک لە موورووانە باس بکەین کە لە کوردەواریدا ناسرابوون و بۆ جوانکاری بەکارهاتوون:
مووروی تانە:
یەکێک بووە لەو موورووە جیاواز و تایبەتانەی کە لەلایەن ژنانەوە بەمەبەستی خۆڕازاندنەوە بەکارهێنراوە، ئاوێتەیەک بووە لە چەند ڕەنگێکی جیاواز و زیاتر بە لای سپیدا دەڕۆیشت، بەڵام لەناو یەک ڕەنگدا، جگە لە جوانکاری بۆ چارەسەری لێڵبوونی بینین بەکارهاتووە، لە بەرد دروستکراوە و ساڵانە حاجییەکان لە حەج هێناویانە.
مورووی شەوە:
ئەم جۆرە مورووە ڕەنگی ڕەش بووە، بەشێوەیەکی گشتی زیاتر شێوەی لاکێشەیی و خڕ بووە، ژنی زەیستان لە ملی دەکرد و بەدەرزیش دەدرا لەسەر شانی منداڵەکە، بۆئەوەی شەوە دەستی لێنەوەشینێت، زیاتر ئەو ژنانە بەکاریاندەهێنا کە لەو بڕوایەدا بوون جنۆکە لە ماڵەکەیاندا هەیە.
مورووی هەنگوینی:
ئەم جۆرە مورووە زیاتر ڕەنگاوڕەنگ و خڕبوو، بۆ بووک بەکاردەهات، ڕەنگە هەر بەوهۆیەشەوە ناونرابێت هەنگوینی، هەروەها ژنانی بەتەمەن بۆ ڕازاندنەوەی کۆڵوانەکانیان بەکاریاندەهێنا، زۆرجاریش دەکرا بە ملوانەیەکی (ملە پڕە).
مووروی شیلانە:
یەکێکی دیکە لەو جۆرە مورووانەی کە لە کوردەواریدا لەلایەن ژنانەوە گرنگیەکی بەرچاوی پێدراوە مورووی شیلانەیە، کە لە هاڕاوەی مەرجان دروستکراوە و لە کۆندا بۆ ڕازاندنەوەی کڵاو بەکارهاتووە، ڕەنگی سوور و سەوز بووە، لەهەمانکاتدا وەک ملوانەکە و خشڵە جیاوازەکانی سەر جلی کوردی ژنان خۆیان پێڕازاندووەتەوە.
مورووی زەردوو:
وێڕای بەکارهێنانی لە بواری خۆڕازاندنەوەدا، لەهەمانکاتدا بە مەبەستی چارەسەریش بەکارهاتووە، کاتێک منداڵ تووشی زەردوویی بووە کراوەتە دەست یان ملی، زۆرجاریش بە دەرزییەک کراوە بە جلەکانییەوە.
مورووی زاڵە:
ئەم مورووە لە بنەڕەتدا لەبەرد دروست دەکرێت، ژنان زیاتر بۆ ملیان بەکاریان هێناوە، وێڕای خۆڕازاندنەوە هاوشێوەی مورووەکانی دیکە بۆ چارەسەریش بەکارهاتووە، کاتێک کەسێک ئازاری زراوی هەبووبێت ئەم مورووەی وەک چارەسەر و ئارامکەرەوەیەک بۆ ئازارەکەی بەکارهێناوە.
مووروی کارەبا:
زۆرجار کراوە بە تەسبیح، بەهۆی جوانی ڕەنگ و دەنکەکانییەوە وەک ملوانکە و دەستبەند بەکارهاتووە.
مورووی شیری:
سەرەڕای جوانییەکەی، کاتیک ژنێک تازە منداڵی ببوایە دەیکردە دەست یاخود ملی بۆئەوەی شیری هەبێت، ڕەنگێکی شیریی ئاوێزان بە ڕەنگەکانی دیکەی هەبوو، موروویەکی جوان و قەبارەی لە مورووەکانی دیکە گەورەتر بوو، هەربۆیە بە زۆری لە نێوانی چەند موروویکدا دەکرا بە ملوانکە و لە ملی دایکی شیردەر دەکرا.
مورووی گۆشگرە:
لە شێوەدا هاوشێوەی گوێچکەماسی بوو، ڕەنگی سپییە و پەڵەی ڕەش یان زەردی تێدا بوو، بە درێژی دەکرایە مل، شیلانی سوور و سەوز و شین دەکرایە نێوانی، پێنج تمەنی تاکە، یان دوو قەرانی دەکرایە ناوەڕاستی ملوانکەکە و بەشێوەی درێژ لە مل دەکرا(٥٣).
قوڵبوونەوە و وردبوونەوە لەنێو بابەتە کەلتووریی و شێوازەکانی ژیانی ڕۆژانە، دیسان دەمانباتەوە سەر ڕێچکە نوێیەکەی دووبارە نووسینەوە مێژوو، هەتا دوور لە مێژووی کەسایەتی و سیاسییەکان، شۆڕبینەوە بەنێو مێژووی کۆمەڵایەتیدا، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت، ئەوەی لە بەناو تۆمارە مێژووییەکاندا بە ئێمە گەیشتووە، بەشێکی زۆر کەم و پڕە لە پەراوێزخراوی بەمەبەست، ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە دیوە ناشرینەکەی مێژووە، تۆماری دڕندەییەکانی مرۆڤە، بەڵام لەملاشەوە مێژوویەکی پڕ جوانی شاردراوەتەوە، ئەرکی هەمووانە دەستبخەینە سەر برینەکانی مێژوو هەتا ڕاستییەکان دووبارە بگەشێنەوە.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
١-https://search.app/RMZHvDiH4ZAR9VMr5
٢-https://search.app/w6gLyderzwFZp8fcA
٣-https://search.app/CaUDm6Ajr1jfHuqq5
٤-کلاودیوس جەیمس ڕیچ، گەشتنامەی ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠، و. محەمەد حەمەباقی، ب١، چ١، چاپخانەی شڤان ، سلێمانی ٢٠١٢، ل٢٩٥.
٥-دێدەوان یەعقوبی، ژنناسی لە پەندی پێشیناندا، چاپخانەی چوارچرا، هەولێر ، ٢٠٠٧، ل ٦.
٦- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا (تەمەن ٧٧ ساڵ)، سلێمانی، ٩-٩-٢٠٢٤.
٧-هێمن موکریانی، سەرجەم و کۆی شیعر و پەخشانی مامۆستا هێمن موکریانی، چ٢، چاپخانەی بڵاوکراوەی کوردستان ، سنە، ل ١٢٤
٨-هەژار، هەمبانە بۆرینە (فرهنگ کردی- فارسی)، یک جلدی، چ١، ١٣٦٩، چاپخانە بویا چاپ و در صحافی، فرد صحافی شد ، ص٤٠٢.
٩- قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥، کۆکردنەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس، 1998، چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژ، سنە، ل٢٤٠.
١٠- شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ، چ١، چاپخانەی، دەزگای ئاراس، ٢٠٢١، ل٤٢٢.
١١-قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥، کۆکردنەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس، ١٨٩٨، چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژ،سنە، ل٢٣٤.
١٢-مەولەوی ، دیوانی مەولەوی ،( کۆکردنەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس)، چ٤ ، بڵاوکردنەوەی کوردستان ، سنە،ل ٤٢٠
١٣-هێمن موکریانی، سەرجەم، ل ١٦١
١٤-گۆران، دیوانی گۆران، کۆکردنەوەی محەمەدی مەلا کەریم، چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان و چوارچرا، سنە، ل٧٢.
١٥-میس بێڵ، کورد لە نامەکانی میس بێڵدا، و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق، چاپخانەی تاران، ٢٠١٦، ل١٣٢.
١٦-ڕاز ئەسعەد، جوانکارییەکانی ژنی کورد، گ(سلێمانی)، ژ ٧و٨ ، ٢٠٢٤، سلێمانی، ل٤٦.
١٧- گۆران ، دیوانی گۆران، کۆکردنەوەی، ل١٦٦.
١٨- https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC3819475/
١٩-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەحمە محەمەد شەریف(تەمەن ٨٨ ساڵ)، سلێمانی ، ١٠-١٠-٢٠٢٤.
٢٠-ڕاز ئەسعەد، جوانکارییەکانی، ل٤٦.
٢١- گۆران، دیوانی گۆران، کۆکردنەوەی،ل٥٨.
٢٢- قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥، کۆکردنەوەی، ل467.
٢٣- گۆران، دیوانی گۆران (کۆکردنەوەی .....، ل٧٢.
٢٤- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا......
٢٥- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا....
٢٦- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەحمە محەمەد....
٢٧- شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ، ل٤١٠.
٢٨- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵا......
٢٩- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەحمە محمەد....
٣٠-قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥، کۆکردنەوەی، ل٢٣٤.
٣١- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عیسمەت ئەحمەد(تەمەن ٩٥ ساڵ)، ٨-١٢-٢٠٢٤.
٣٢- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عیسمەت ئەحمەد.
٣٣- مامۆستا محەمەد باقی سەعید بەرزنجی، گوزەرانی دانیشتوانی شاری سلێمانی لە پێش ساڵانی (١٩٤٠) تا نزیک پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، چ١، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٤، ل٢٣٦.
٣٤-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەحمە محەمەد....
٣٥-بەختیار زێوەر، دیوانی زێوەر، کۆکردنەوەی مەحمەد زێوەر، چ٣، ٢٠٠٨، ل ٦٦.
٣٦- گۆران، دیوانی گۆران، کۆکردنەوەی، ل١٠٠.
٣٧- گۆران، دیوانی گۆران، کۆکردنەوەی .....،ل١٦٥.
٣٨- گۆران، دیوانی گۆران (کۆکردنەوەی .....،ل١٨٧.
٣٩-شێخ محەمەدی خاڵ، پەندی پێشینان، دەزگای ئاراس، ٢٠٢١، ل ٢٤١.
٤٠- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ڕەحمە محەمەد..
٤١- هێمن موکریانی، سەرجەم، ل٩٤.
٤٢- هێمن موکریانی، سەرجەم، ل ١٢٥.
٤٣- هێمن موکریانی، سەرجەم، ل١٦٢.
٤٤- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا......
٤٥-صدیق اورحمان علی و ثریا احمد عبداللە، مجلة الأستاذ للعوم الإنسانیة والأجتماعیة، العدد الخاص بالمؤتمر العلمی السابع، لسنة ٢٠١٩، ص ٤٤٨.
٤٦-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو نازدار سالح تەمەن ٧٥ ساڵ، سلێمانی، ٣١-٧-٢٠٢٤.
٤٧- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا......
٤٨- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو عەتیە فەتحوڵڵا......
٤٩- قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥-، کۆکردنەوەی، ل٤٦٨.
٥٠- قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥-، کۆکردنەوەی، ل١٥٤.
٥١- شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ، ل٤٢٨.
٥٢-بەدر خان سندی، کۆمەڵگای کوردەواری لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسیدا، و: د. ئیسماعیل ئیبراهیم سەعید، چ١، چاپخانەی خانی، دهۆک، ل٤٩١.
٥٣- ڕاز ئەسعەد، جوانکارییەکانی ژنی کورد.....