قەدەغەکردنی پەیامەکانی نوور لە ئەرشیفی کۆماری تورکیادا
قەدەغەکردنی پەیامەکانی نوور لە ئەرشیفی کۆماری تورکیادا
  2024/11/17     7 جار بینراوە    


سەعدون محەمەدی

   ڕۆڵی سەعید نوورسی لە ڕووداوەکانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیدا دیار و بەرچاو بووە،  بەتایبەت بوونی پرۆژەیەکی تایبەت بۆ قوتارکردنی دەوڵەتی عوسمانی لەو لاوازییەی دووچاری ببوو، دواتریش ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانە دەرەکییەکانی ئەو سەردەمە کە خاکی دەوڵەتی عوسمانییان بە ئامانج گرتبوو، هەر لەو پێوەندەدا سەعید نوورسی دژایەتی پیلانی ئینگلیزەکانی لە ئیستانبوڵ کردبووە ئەرکی لە پێشینەی خۆی لەو دەورانەدا، بۆ ئەو مەبەستەش دەچێتە ئیستانبوڵ و ماوەیەکی زۆر لەو شارە دەمێنێتەوە و لەگەڵ ڕووداوەکانیدا ڕۆژەکانی دەگوزەرێنێت، چونکە ئەو کات ئیستانبوڵ چەقی ڕووداوە گەرمەکان بووە.

   لە سەروبەندی هاتنەسەرکاری مستەفا کەمال ئەتاتورکدا نوورسی کارەکتەرێکی هەرە دیار بووە، لە سەرەتادا مەترسییەکانی سەر دەوڵەت هەردوو کارەکتەرەکە بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و لەناو ڕووداوە گەرمەکانی ئەوکاتدا ناویان دیارە، ئەتاتورک وەک سیاسیی و فەرماندەیەکی سەربازی دێتە ناسین و نوورسیش پێگەیەکی زانستی و ئایینی دیاری ئەو ڕۆژگارە بووە، ڕۆڵ و پێگەی نوورسی بۆ بەرەی ئەتاتورک شاراوە و پەنهان نەبوو، بەڵکو ئەوان بەڕوونی دەرکیان بە گرنگی پێگەی نوورسی لەناو خەڵک و ڕووداوەکاندا کردبوو، هەربۆیە بەناوی دەوڵەتەوە داوەتنامەی فەرمی بۆ دەنێرن هەتا سەردانی ئەنكەرەی پایتەخت بکات.

ئەگەرچی ئەتاتورک سەرەتا وەک ڕێبەرێکی نیشتمانی دەبینرا، لەبەرئەوەی سەرکردەیەکی مەیدانی بەرەکانی شەڕ بوو لەو سەردەمەدا و نازناوی (غازی) پێدرابوو، بەڵام دواتر و دوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا وێنەیەکی تری ئەو پیاوە خۆی نیشاندا، بۆیە لێرەوە ململانێیەکی دوورودرێژی نوورسی و ئەتاتورک دەستپێدەکات. نوورسی لە نامەیەکی 10 خاڵیدا ئەتاتورک ئاگادار دەکاتەوە، هەر پرۆژەیەک بەناوی چاکسازیی و نوێگەرییەوە ئەنجامبدات دەبێت بنەما نەگۆڕەکانی کۆمەڵگەی تورکی لەبەرچاو بگرێت. سەرەنجام ئەم پەیامەی نوورسی لەلایەن ئەتاتورکەوە بە سوکایەتی لێکدەدرێتەوە و دەبێتە هۆکاری توڕەبوونی، لێرە بەدوایشەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرن.

    دواتر لە داوەتکردنی نوورسی بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی ئەوکات، ململانێکان لە پەیامەوە دەبنە ڕووبەڕووبونەوەی دوو کاریزما و دوو پرۆژەی جیاواز، لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٢٥ بڕیاری قەدەغەکردنی بانگ بە زمانی عەرەبی درا، مەدرەسەکان داخران و بەشێک لە مزگەوتەکان گۆڕدران بۆ مۆزەخانە و لە ساڵی ١٩٢٨ دا بەکارهێنانی پیتی عەرەبی لە نووسینی تورکیدا گۆڕدرا بە پیتی لاتینی، هەر لەو سەروبەندەدا نوورسیش دوورخرایەوە بۆ ناوچەی (بارلا) لە شاری ئیسپارتە. (١)

    شایەنی باسە، نوورسی ماوەی هەشت ساڵ لەو ناوچەی بارلا دەمێنێتەوە و سەرقاڵی نووسینی پەیامەکانی نوور دەبێت و کۆمەڵێک خوێندکار لە نزیکی دەبن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی پەیامەکان لە ئەستۆ دەگرن، لەو دەورانەدا هەرچەندە بەکارهێنانی پیتی عەرەبی قەدەغە بوو، بەڵام نوورسی هەر بەو پیتانە پەیامەکانی دەنووسییەوە، ناوەڕۆکی نووسینەکانیش کۆمەڵە پەیامێک بوون لەبارەی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارەوە، ئیتر ململانێکان لەو قاوغەدا نامێننەوە، لێرەوە دادگا و زیندان دەبنە مەیدانێکی نوێی ململانێکان و دەوڵەت هەوڵدەدات لەڕێگەی دادگاوە سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامەکانی نوور دابنێت و خاوەنەکەشی بێدەنگ بکات.

دادگای ئەسکی شەهیر:

   کاربەدەستانی دەوڵەت بە پەیامەکانی نوور گەلێک سەغڵەت ببوون، بۆیە هەنگاوی کردەییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەیامەکانی نوور و خاوەنەکەی گرتەبەر، ئەو کارەشیان بە گرتنەبەری ڕێگای دادگا دەستپێکرد، چونکە ئەوەی نوورسی لە ماوەی هەشت ساڵدا ئەنجامی دابوو، بەگوێرەی وتەی (شوکر کایا)ی وەزیری ناوخۆ و دۆستی نزیکی ئەتاتورک، بۆ دەوڵەت جێگەی سەرسوڕمان بوو، سەرەنجام دادگای ئەسکی شەهیر لە 19/8/1935 بڕیاریدا بە زیندانیکردنی نوورسی بۆ ماوەی شەش مانگ و دواتر بڕیاری دوورخستنەوە و هێشتنەوەی زۆرەملێی نوورسی لە شاری قەستەموونی باکووری تورکیای دەرکرد.

دادگای دەنیزلی و ئافیۆن:

   ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٣٨ مستەفا کەمال ئەتاتورک کۆچی دوایی دەکات، بەڵام پرۆسەی دادگایی کردنی پەیامەکانی نوور بەردەوامی دەبێت، ئەمجارەیان لە ساڵی ١٩٤٤ لە ڕێگەی دادگای دەنیزلییەوە هەوڵی قەدەغکردنی پەیامەکانی نوور دراوە و نوورسی ڕاپێچی دادگا کراوە و کۆمەڵێک تۆمەتی ڕووبەڕووکراوەتەوە، بەڵام دادگا ئەوی بەریکرد لە تۆمەتەکان، دواتر لە ساڵی ١٩٤٨ لە ڕێگەی دادگای ئافیۆنەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەردەچێت و ماوەی نزیکەی ساڵێک زیندانی دەکرێت. (٢)

        ئەگەرچی ئەم مێژووە سەرەتا بە ململانێی دوو کەس دەستیپێکرد، بەڵام لەڕاستیدا ڕووبەڕووبوونەوەی دوو پرۆژەی جیاواز بوو هەردووکیان هەوڵی جێگرتنەوەی ئەویتری دەدا و لەو نێوەندەشدا کارەکتەرە هەرێمیی و دەرەکییەکانیش ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە دنەدانی ڕووداوەکان و درێژەکێشانی ململانێکان.

بەڵگەنامەکان:

١-سەرۆکایەتی وەزیران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بڕیارەکان، بڕیاری ژمارە ٣\ ٦٧٠٧.

کتێبی (موعجیزاتولقورئان) کە لەلایەن سەعید کوردییەوە بە پیتی عەرەبی نوسراوە و چاپکراوە، بڵاوکردنەوەی قەدەغەیە و ئەوەندەشی لەبەردەستایە دەبێ کۆبکرێتەوە. ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە ڕێکەوتی ٧/١١/١٩٤٧ بە ژمارەی ١٣٣١١-٢٢-٦٣٦٦٣ بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ١٨٨١ لەبری یاسای ژمارە ٢٦٥٧ بەپێی ماددەی ٥١ لە یاسای ئاماژە بۆکراو دەرچووە. لە خوارەوە واژۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە.

 

٢- کۆماری تورکیا، ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرایەتی، گشتی بڕیارەکان، بڕیاری ژمارە ٣\٩٦٤١

لە ڕێکەوتی ١٠/٢/١٤٤٩ هاوپێج بە بڕیاری ژمارە ٣\٨٧٦٠ کتێبی (ڕێبەری لاوان) کە لەلایەن سەعید نوورسی- کوردییەوە نوسراوە، بڵاوکردنەوە و دەستاودەست پێکردنی قەدەغەیە.

وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێکەوتی ١٤/٧/١٩٤٩ بە ژمارە ١٣٣١١-٢٢-٣٥٣١٥ بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ١٨٨١ لە بری یاسای ژمارە ٢٦٥٧ بە پێی مادەی ٥١ لە یاسای ئاماژە بۆکراو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارە دراوە. لە خوارەوە واژۆی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە.

 

٣- کۆماری تورکیا، ئەنجومەنی وەزیران، ڕەرێوەبەرایەتی، گشتی بڕیارەکان، بڕیاری ژمارە ٣\٧٨٣٠

کتێبی( سیراجولنور- حاجەماتی سیتە) کە لەلایەن بەدیعوززەمان سەعید کوردییەوە بە پیتی عەرەبی نوسراون، چاپکردنیان قەدەغەیە و ئەوەشی چاپکراوە دەبێ کۆبکرێتەوە، چونکە دەستاودەستکردنیشیان قەدەغەیە.

وەزارەتی ناوخۆ ١٥/٧/١٩٤٨ بڕیاری ژمارە ١٣٣١١-٢٢-٤٢٣٨١ بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ١٨٨١ لەبری یاسای ژمارە ٢٦٥٧ بەپێی مادەی ٥١ لە یاسای ئاماژە بۆکراو، ئەم بڕیارە بە واژۆی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە.

 

 

سەرچاوەکان

 -    https://www.risalehaber.com/bediuzzamanin-mahkemeleri-

-      Tez ve Antitez: Said Nursi ve Atatürk mücadelesi (https://www.sorularlasaidnursi.com)

-      Belge 030280101115776

-      Belge 0301801120572

-      Belge 030180102117522

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure