بەشی یەکەم
د. سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا
پێشەکی
لەوەتەی دەستم بە گەنجینەی دەستنووس و بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی گەورەی عوسمانی کەوتووە و سەرقاڵی گەڕان و سۆراغی مێژووی کورد و کوردستان و زانا و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانم، ڕێم لە زۆر بەڵگەی نەبینرا و نەبیستراو لەسەر مێژووی کورد و ژیان و بەرهەمی زانا و ناودارانی نەناسراو و گومناوی کورد کەوتووە، کە لە زۆر بواری کارگێڕی، سەربازی، دادوەری، مێژووی، سیاسیی و ئەدەبی و زمانەوانی دەوڵەتی عوسمانیدا ڕۆڵی گەورە و گرانیان گێڕاوە، ئەگەرچی لە بەشێکی تێزی دکتۆراکەمدا لام بەلای چەند کەسایەتییەکی گەورەی سلێمانی لەوانە(مستەفا زیهنی و کوڕەکانی، ئەحمەد فائیز، ڕەسوڵ مەستی، ئەمین فەیزی، عەبدولڕەحمان ناجم، مەلاونازادە ڕەفعەت ...تاد) کردووەتەوە، کە لە دەوڵەتی عوسمانیدا ڕۆڵی گەورە و پێشەنگیان هەبووە، بەڵام وادیارە تا دێت ژمارەی کەسایەتییەکان زۆرتر و زۆرتر دەبن و پێویستیان بە توێژینەوە و لەسەر وەستانی زیاترە! هەر لەوچوارچیوەشدا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەسەر چەند کەسایەتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی دیکەشم نووسیوە، هەم لە سۆراغ و هەمیش لەسەر نووسین بەردەوامم تاوەکوو بزانین لەکۆتاییدا ئەم پرۆژە بەکوێ دەگات؟
لێرەدا لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەدا، ئەم نووسینەم تەرخانکرد بۆ نووسین لەسەر کەسایەتییەکی هەڵکەوتووی کوردی بەڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانی، کە خاوەن ناوێکی درەوشاوە و پایەیەکی ئەدەبیی بەرز و ڕۆشنبیرێکی گەورەیە لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیری کۆتا سەردەمی عوسمانیدا، کە سایەتییەک کە بە نوێنەرایەتی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٩٢ لەلایەن خودی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە هەڵبژێردراوە و نێردراوە تاوەکو بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵەتناسی لە شاری لیشبوونەی پرتوگال بکات. کەسایەتییەک کە لەیەککاتدا ڕۆژنامەنووسێکی بەرچاو و ئەدیب و زمانزانێکی گەورە بووە، ڕۆژنامەنووسێکی وەها گەورە بووە کە توانیوویەتی بگاتە پۆستی سەرنووسەری هەریەکە لە ڕۆژنامە هەرە بەناوبانگەکانی ئەستەنبوڵ وەکو: (جریدەی عسکریە، حوادس، حقیقت) کە سێیان لە هەرە بەناودەنگترین ڕۆژنامەکانی سەدەی نۆزدەیەم بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا. ئەدیب و زمانزانێکی ئەوەندە گەورەش بووە، لەلایەک شانشانێنی ئەدەبیی و مشتومڕی زمانەوانی لەگەڵ گەورە شاعیر و ئەدیبی عوسمانی (شیناسی)دا کردووە، لەلایەکی دیکە ڕەخنەی لە پەرتووکی (بلاغت عثمانیە) گەورە زانای عوسمانی ئەحمەد جەودەت پاشا گرتووە. دواتر هەر لە بواری بەلاغەت و ڕیتۆریکدا چەندین پەرتووکی ڕەسەن و پەسەنی نووسیوە، کە لەم توێژینەوەماندا باسمان کردووە. سەرباری هەموو ئەوانەش بەنووسینی پەرتووکی(اخوت عسکریە) بووەتە پێشەنگی کایەی نووسین لە بواری پەروەردەی مەعنەوی سەربازی لە ئەدەبیاتی عوسمانیدا. کەسایەتییەک بەم هەموو تایبەتمەندییە دەگمەنانەی کە هەیبووە، نەک بە زمانی کوردی کە هیچی لەبارەوە نەنووسراوە، بەڵکو لە لیتراتۆری عوسمانیشدا بە ئەندازەی پێویست لای بەلادا نەکراوەتەوە و توێژینەوەی پێویستی لەبارەوە نەکراوە، هەربۆیە لێرەدا هەوڵدەدین لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکان و پەرتووکەکانی خۆی تیشک بخەینە سەر ژیان و بەرهەم و ڕۆڵی ئەم کەسایەتییە گەورەی کورد لە دەوڵەتی عوسمانیدا.
هەڵدانەوەی بۆ یەکەمینجار تۆماری ژیاننامەکەی لە تۆماری گشتی دەوڵەتی عوسمانی، ناساندنی هەر شەش پەرتووکەکەی و بڵاوکردنەوەی بەرگی پێنج لە پەرتووکەکانی لەگەڵ وێنەیەکی کەسیی خۆی کە یەکەمینجارە بڵاویدەکەمەوە تەوەرەکانی بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوە پێکدەهێنن. ئەمەش بەئامانجی ئەوەی ئەم کەسایەتییە گرنگە لە سێبەری مێژوو بهێنرێتە دەرەوە و تۆزی سەر لاپەڕەکانی ژیانی بتەکێنرێت و بەخوێنەری کوردی ئاشنا بکەین.
لە بەشی دووەمی ئەم توێژینەوەدا هەوڵدەدەین، ڕاپۆرتی گەشتەکەی عەبدولڕەحمان بۆ شاری لیشبوونە و ئەو شوێنانەی سەردانی کردوون کە وەختی خۆی پێشکەشی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی کردووە، پێشکەش بە خوێنەرانی کورد و (گۆڤاری خاڵ) بکەین.
١. ژیانی عەبدولڕەحمان سورەیا(مەردۆخیزادە)
بەگوێرەی تۆماری ژیاننامەی ناوبراو لە تۆماری گشتی دەوڵەتی عوسمانیدا، عەبدولڕەحمان سورەیا کوڕی شێخ ئەبوحامد محەمەدە، لە ساڵی (١٢٥٧کۆچی/ ١٢٥٧ ڕومی) کە بەرانبەرە بە (١٨٤١ یان ١٨٤٢زایینی) لە شاری بەغدا لەدایکبووە.[1] یەکێک بووە لە ئەدیبە پایەبەرزەکان و لە بنەماڵەی مەردۆخییەکانی سلێمانی بووە. سەرەتای خوێندنی لە بەغدا دەستپێکردووە و دواتر چووەتە ئەستەنبوڵ و لەوێ بەردەوامی بەخوێندنەکەی داوە، دوای تەواوکردنی خوێندن لەوێ نیشتەجێبووە و ماوەتەوە و هەر لەوێش کۆچی دوای کردووە.[2]
عەبدولڕەحمان سورەیا، زمانزانێکی گەورە و شارەزا بووە، لەبارەی ئەو زامانانەی ناوبراو زانیوونی لە بەڵگەی تۆماری ژیاننامەکەی لە تۆماری گشتی دەوڵەتی عوسمانیدا هاتووە:" توانیوویەتی بە عەرەبی، فارسی، تورکی بنووسێت و زمانی کوردی و فەرەنسیشی زانیووە."[3] نووسەرێک لەبارەی زمانزانییەكەیەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە ناوبراو جگە لە زمانی فەرەنسی، زمانەکانی عەرەبی و فارسییەکی ئەوەندە باشی زانیووە کە بتوانێت شەرح و شرۆڤەی مەتنە کلاسیکییەکانی ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبی پێ بکات.[4] هەروەک چۆن سێ زمانی تورکی، عەرەبی و فاسی زانیوە، ئەوهاش زمانەکانی: کوردی و فەرەنسیشی زانیوە و لە ڕۆژنامەکاندا ژمارەیەکی زۆر وتاری لەبارەی: ڕەوانبێژی، زمان و ئەدەبیاتەوە نووسیوە.[5] عەبدولڕەحمان سورەیا، دەستێکی باڵای هەبووە لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئەو هۆنراوانەی لە سەردەمە جیاوازەکاندا بە زمانی عەرەبی و فارسی نووسرابوون.
ناوبراو لەپاڵ گرنگی و بایەخدانی بە نووسین و زمان و ئەدەبیات لە چەند پۆستێکی کارگێڕیی شارەکانی (ئەدەنە و کۆنییە)دا کاریکردووە. لە دیارترین ئەو پۆستانەش: دامەزراندنی بووە بە مووچەی (٥٠٠) پێنج سەد قرووش بە وەکالەتی مودیرییەتی قەزای (صاری قواق- Sarıkavak) لە سەنجەقی (ئیچ ئیل) لە ئەیالەتی کۆنییە لە ١٧ی حوزەیرانی ١٨٦٣زایینی.[6]
دوای ماوەیەک لە بەجێگەیاندنی چەند فەرمانبەرێتییەک بەسەرکەوتوویی لە ویلایەتەکان، دواتر ڕوویکردووەتە بواری پەروەردە و وانەگوتنەوە، بەجۆرێک لە ساڵی ١٨٦٧ لە ڕووشدییەی بەیلەربەیدا، لە ساڵی ١٨٧٠ لە دارالمعلمین مامۆستای زمانی فارسی بووە.[7] دواتریش لە چەند جێگەیەکی دیکە وانەی جۆراوجۆری وتووەتەوە.
پاشان ڕوویکردووەتە بواری ڕۆژنامەگەریی و لەو بوارەشدا توانیوویەتی ئەسپی خۆی تاوبدات و بەرەوپێشچوونی زۆر بەخۆیەوە بینیوە، تاوەکوو لە ساڵی(١٢٨٨ک/ ١٨٧١ز) کراوە بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی عەسکەرییە[8](Ceride-i Askeriyye).[9] ساڵی ١٨٧٢ لە ڕۆژنامەی «حوادس[10]» و ساڵی ١٨٧٦ لە ڕۆژنامەی «حەقیقەت» پۆستی سەرنوسەری هەبووە. هاوکات ساڵی ١٨٧٦ لە قوتابخانەی مەهرەجی ئەقلام[11]((Mahrec-i Aklam بابەتی زمانی عەرەبی و لە ١٨٨٤ لە مەکتەبی حقوق وانەی ئەدەبیاتی عوسمانییە و تەعلیمی ئەدەبیاتی وتووەتەوە[12] هەروەها لە(دارالفنون) و (دارالمعلیمین)یش کاری مامۆستایەتی کردووە.[13]
لە ساڵی ١٨٩٢ بە نوێنەرایەتی دەوڵەتی عوسمانی، نێردراوە بۆ پرتوگال بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتناسی لە شاری لیشبوونە، کە دواتر و لە بەشی دووەمدا بە تەوەرێکی سەربەخۆ لەسەر ئەم کۆنفرانسە و دانانی ناوبراو وەک نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی و گەشتەکەی بۆ لیشبوونە و پورتوگال، ئەو شوێنانەی لەوێ سەردانیکردوون دەوەستین.
١.١. خانەنشینبوونی عەبدولڕەحمان سورەیا (١٩٠٢ز).
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو نووسراوێکی فەرمی(مقام سر عسکر) کە بەرزترین دامەزراوەی سەربازی عوسمانی بووە، عەبدولڕەحمان سورەیا دوای(٤١) ساڵ خزمەتکردن و بەهۆی پیریی و هاریکارنەبوونی باردۆخی تەندروستی و توانای جەستەیی داوای کردووە خانەنیشین بکرێت، لە نووسراوەکەیاندا ئاماژەیان بە یەکەمین فەرمانی دامەزراندنی لە ١٧ی حوزەیرانی ١٨٦٣ز کردووە کە بە مووچەی (٥٠٠) پێنج سەت قرووش بە وەکالەتی مودیرییەتی قەزای (صاری قواق- Sarıkavak) لە سەنجەقی (ئیچ ئیل) لە ئەیالەتی کۆنییە و دواتر ئەدەنە دامەزراوە. دواتر باسی یەک بەیەکی پۆستە کارگێڕییەکان و مووچەکانی کراوە، باسیشی لەوە کردووە کە لە پای خزمەتەکانی لە ١٤ حوزەیرانی ١٩٠١ بەرزکردنەوەی مووچەکەی گەیشتووەتە(٣٥٠٠) قرووش. دواتر دوای لێکدانەوەی ساڵی خزمەت و مووچەکان و بەگوێرەی بڕگە جۆراوجۆرەکانی یاسا کارپێکراوەکان ڕایانگەیاندووە ناوبراو شایانی ئەوەیە بە مووچەی مانگانەی(١٩٧٦،٥) هەزار و نۆسەد و حەفتاوشەش قرووش و نیوێک خانەنیشین بکرێت. هەر لەو نووسراوەی مەقامی سەرعەسکەردا هاتووە کە مامەڵەی خانەنشین بوونی ناوبراو نێردراوە بۆ سندوقی خانەنشینی گشتی سەربازی لە وەزارەت و ئەوانیش وردبینیان کردووە و ئەو مووچەی دیاریکراوە ڕەزامەندییان لەسەر داوە، لە نووسراوی مەجلیسی ژمێریاری سندوقی ناوبراوەوە نووسراو هاتووە ناوبراو بە مووچەی هەزار و نۆسەت و حەفتاوشەش قرووش و نیوێک خانەنیشین بکرێت و مووچەکەی لە سندوقی پەیوەندیدار بدرێت.[14]
دیارە ئەم نووسراوەی مەقامی سەرعەسکەر مەزبەتەیەک بووە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربازییەوە ئامادەکراوە بە مۆر و واژۆی هەموو ئەندامەکانی کۆمیسیۆنی سەربازییەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری پێویست و ناردنی بۆ بابی عالی، سەرەتا بۆ مەجلسی شورا نێردراوە. لە بەرواری ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٠٢ز. دواتر هاوپێچ لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە ورد و پڕزانیارییە، بە نووسراوی ژمارە (١٩٩) لە ڕێكەوتی ٦ تشرینی یەکەمی ١٩٠٢ و بە واژۆی خودی سەرعەسکەر بە ئاماژەکردن بۆ مەزبەتەی کۆمیسیۆنی سەربازیی و ئاماژەکردن بۆ پوختەیەکی زانیارییەکانی ناو مەزبەتەی ناوبراو داوای کردووە ڕەزامەندی لەسەر بڕیاری خانەنیشینکردنی عەبدولڕەحمان سورەیا بدرێت.[15]
بەوشێوە لەسەر داوای خودی خۆی و پاڵپشت بە نووسراوی مەقامی سەرعەسکەر، بەگوێرەی نووسراوێک کە لە (٢٣ ڕەجەبی ١٣٢٠ک/ ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٠٢ز) لە سەدارەتی عوزماوە بۆ مەقامی سەرعەسکەر نێردراوە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە نووسراوی (١٩٩) مەقامی سەرعەسکەر و مەزبەتەی ناوبراو بڕیاری خانەنیشینکردن عەبدولڕەحمان سورەیای سەرنوسەری(جریدە عسکریە) بە مووچەی مانگانەی هەزار و نۆسەد و حەفتاوشەش قرووش و نیوێک لەلایەن مەجلسی شوراوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە.[16] بەو جۆرە عەبدولڕەحمان سورەیا دوای چل و یەک ساڵ خزمەت لە کایە جیاوازەکاندا لەسەر داوای خۆی خانەنیشن دەکرێت.
٢.١. نەخۆشکەوتنی عەبدولڕەحمان سورەیا (1902)
وادەردەکەوێت، عەبدولڕەحمان سورەیا لە سەرەتای ساڵی ١٩٠٢وە دووچاری نەخۆشی بووبێت، دوای گەیشتنی هەواڵی نەخۆشکەوتنی سەرنوسەری خانەنیشینکراوی (جریدە عسکریە) بە سەرۆکایەتی حکومەت، بەگوێرەی نووسراوێکی سەدارەت (سەرۆکایەتی حکومەت) کە لە بەرواری ١٦ محرم ١٣٢٠ک/ ٢٥ نیسانی ١٩٠٢ز بۆ بەرپرسی سندووقی خانەنشینی سەربازی ناردووە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەواڵمان پێگەیشتووە سەرنووسەری خانەنشینبووی(جریدە عسکریە) ماوەیەکی درێژە، زۆر نەخۆشە و زۆر پێویستی بە پارەیە، هەربۆیە بڕی پێویست لە مووچەی کەڵەکەبووی بۆ دابینکردنی چارەسەر پێ بدرێت.[17]
سەرباری خانەنشین بوونی و دووچاربوونی بە نەخۆشی، پێ دەچێت هەر بەردەوامبووبێت لە وتنەوەی وانەی (ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبی) لە مەکتەبی مولکییە و دار الفنونی شاهانە! ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی، لە نووسراوێکی بەڕێوەبەری(مکتب مولکییە و دار الفنون شاهانە) کە ناوی (رەجائی) بووە، کە لە بەرواری(٢٨ی شەوال ١٣٢١ک/ ١٧ی کانونی دووەمی ١٩٠٤ز) بۆ وەزارەتی مەعاریفی ناردووە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، عەبدولڕەحمان سورەیا کە لە بەشی ئەدەبیاتی دارالفنونی شاهانە کە بە کۆی گشتی هەزار و دوو سەد قرووش، هەفتانە دوو سەعات ئەدەبیاتی عەرەبی و دوو سەعات ئەدەبیاتی فارسی دەڵێتەوە، بەهۆی ئەوەی ماوەیەکە تووشی نەخۆشی بووە، ئیدی ناتوانێت بەردەوامی بە وتنەوەی وانەکان بدات، هەتا ئەوکاتەی چارەسەردەبێت و بۆئەوەی قوتابییەکان بێ مامۆستا نەبن و وانەکانیان بخوێنن داواکارین لە بەڕێزتان کەسێک بە نیوەی مووچەکەی لە جێگەی دیاری بکەن.[18] لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، وەزارەتی مەعاریف بڕیار دەدەن کە بە وەکالەت وانەی فارسی بدرێتە حەمدی بەگ ئەندامی مەجلیسی مەعاریف و وانە عەرەبییەکەشی بدرێت بە نووری ئەفەندی ئەندامی دەستەی (تفتیش و معاینە) لە وەزارەتی مەعاریف هەتا ئەوکاتەی ناوبراو تەندروستی باش دەبێتەوە.[19]
لە زانیارییەکانی ناو ئەو دوو بەڵگەنامەوە دەتوانین ئەوە هەڵبهێنجین، کە ناوبراو سەرەڕای ئەوەی لە ١٩٠٢ لە کاری سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربازی خانەنیشینکراوە و لە هەمان ساڵدا نەخۆش کەوتووە، بەڵام هەفتانە چوار سەعات (دوو سەعات ئەدەبیاتی فارسی و دوو سەعات ئەدەبیاتی عەرەبی) لە بەشی ئەدەبیاتی مەکتەبی مولکییە و دار الفنوونی شاهانە وتووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٤ ئیدی نەخۆشی بڕستی لێ بڕیوە و توانای وانەوتنەوەی نەهێشتووەتەوە، لەبەرئەوە بەڕێوەبەری ئەو جێگە داوایکردووە کەسی دیکە لە جێگەی دابنێن و شوێنەکەی بەوەکالەت پڕکراوەتەوە، هەتا ئەوکاتەی تەندرووستی باش دەبێت، دیارە نەخۆشییەکەی ناوبراو چارەسەر نەبووە.
٣.١. کۆچی دوای عەبدولڕەحمان سورەیا (٣٠ تەمووزی ١٩٠٤)
ئەگەرچی نووسەری پەتووکی(OSMANLI MÜELLİFLERİ) بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ڕۆژ و مانگی کۆچی دوای عەبدولڕەحمان سورەیا بکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو لە ساڵی ١٩٠٤ کۆچی دوایی کردووە و لە ئەستەنبوڵ نێژراوە. [20] بەڵام ئێمە دوای گەڕانمان توانیمان بەڵگەنامەیەكی تایبەت بە عەبدولڕەحمان سورەیا لە ئەرشیفی عوسمانی دەستبخەین کە بەرواری کۆچی دوایی ناوبراوی بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدایە. ئەو بەڵگەنامەیەش بریتییە لە دۆسیەیەک لەلایەن مەقامی سەرعەسکەرەوە بۆ شورای دەوڵەت نێردراوە، دیارە دوای کۆچی دوایی عەبدولڕەحمان سورەیا خێزانەکەی کە ناوی(فاتمە زەهرا) بووە، داوای کردووە مووچەی خانەنشینی هاوسەرەکەی بخرێتەسەر ئەو، بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکە، کە نووسراوی فەرمی دائیرەی مەقامی سەر عەسکەرەوە بە مۆری ئەندامانی کۆمیسیۆنی سەرعەسکەر لە بەرواری ١٢ی شەعبان ١٣٢٢ک/ ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٠٤ز نێردراوە، تێیدا هاتووە، بەرمەبنای مردنی سەرنوسەری خانەنشینکراوی (جریدە عسکریە)، خێزانەکەی بەناوی (فاتمە زهرا) داوای کردووە مووچەكەی بۆ خودی خۆی تەرخان بکرێت و عەرز و حاڵی پێشکەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوتووە کە عەبدولڕەحمان سورەیا لە ڕیكەوتی(١٧تەمووز ١٣٢٠ ڕومی/ ٣٠ تەموزی ١٩٠٤ز) کۆچی دوایی کردووە. لەبەرئەوەی خێزانەکەی فاتمە زەهرا کەسی دیکەی نەبووە، لەو مووچەی خانەنشینییەی کە هەزار و نۆسەد وحەفتاو شەش قرووش و نیوە، بەگوێرەی مادەی (١٦) نیزامنامەی تایبەت مانگانە بڕی(٧٤٤) قرووشی بەردەکەوێت و پێویستە بیدرێتێ.[21] دیارە بەگوێرەی ڕێسای بیرۆکراتییەتی عوسمانی سەرعەسکەر بە واژۆی خۆی پوختەی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمیسۆنی سەربازی دائیرەکەی خۆی بەنووسراوی ژمارە(٢٣٩) لە بەرواری (١٨ی شەعبان ١٣٢٢ک/ ٢٨ تشرینی یەکەمی ١٩٠٤ز) ناردووە بۆ سەدارەت بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدەن.[22] لەبەر ڕۆشنایی ئەم بەڵگەنامە بەرواری ڕۆژ و مانگ و ساڵی کۆچی دوایی عەبدولڕەحمان سورەیامان بۆ ڕوونبوویەوە و ئەوەشـمان بۆ دەرکەوت، کە خێزانی ناوبراو ناوی (فاتمە) بووە.
هەرچی لەبارەی شوێنی ناشتنی عەبدولڕەحمان سورەیایە، نووسەرێک ئاماژەی بەوەکردووە، ناوبراو لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوای کردووە و هەر لە ئەستەنبوڵ نێژراوە و گۆڕەکەی لە دەوروبەری مزگەوتی ئەیوب سوڵتانە (لە بەشی ئەورووپی شاری ئەستەنبوڵ).[23]
٢. دانراوەکانی عەبدولڕەحمان سورەیا (مەردۆخیزادە)
عەبدولڕەحمان سورەیا، سەرەتا بە ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، دواتر بە نووسین و دانانی پەرتووک لە بواری ڕەوانبێژیدا ناسرا. یەکەمین دانراوی لە بواری بەلاغەت دا بریتی بووە لەو نووسینە ڕەخنەییەی کە لەسەر بەرگی یەکەمی پەرتووکی« بەلاغەی عوسمانییەی»ی ئەحمەد جەودەت بەناوی« تعلیقا بلاغە عوسمانییە» دایناوە. نووسەر دواتر کۆی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی کرابوون لە پەرتوکێکدا بەناوی«حال التعلیقات» بەرپەرچداوەتەوە. ناوبرا لەگەڵ نووسەری تورک (شیناسی) کە لە ژیاندا بووە کەوتووەتە مشتومڕێکی زمانەوانییەوە، کە ئەوەش بووەتە سەرەتا و دەستپێکیکی نوێ لەو بوارەدا لە ئەدەبیاتی عوسمانیدا.[24]
لەبارەی دیارترین دانراوەکانی عەبدولڕەحمان سورەیا، لە تۆماری فەرمی ژیاننامەی ناوبراو، لە تۆماری گشتی دەوڵەتدا هاتووە کە: "اخوت عسکریە، تعلیقات بلاغت عثمانیە، تحلیل حل، میزان البلاغە، سفینە البلاغە) لەگەڵ وەرگێڕانی (اقوم المسالک فی معرفت احوال ممالک)دا بە مۆڵەتی فەرمی شەش پەرتووکی داناوە و چاپ و بڵاوکردووەتەوە."[25] هەروەها نووسەری پەرتووکی" دانەرانی عوسمان" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دانراوانەی عەبدولڕەحمان سورەیا چاپکراون: میزان البلاغە، سفینە بلاغت، فضائل عسکریە، تعلیقات بلاغت عثمانیە، راحة الارواح- مقدمە مثنویە شرح)، لەگەڵ(برهان الثاقب فی اثبات الواجب)، کە پێکهاتووە لە وەرگێرانی (اقوم المسالک).[26]
لێرەدا هەوڵدەدەین بەشێوەی کرۆنۆلۆژیی و بەکورتی دیارترین بەرهەمەکانی عەبدولڕەحمان سورەیا بناسێنین:
١. مقدمەی اقوم المسالک ١٢٩٦ک/١٨٧٨ - ١٨٧٩ز لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ساڵی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم دانراوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەمە یەکەمین دانراوی چاپکراوی عەبدولڕەحمان سورەیا بووە، واتا ناوبراو سەرەتا بە کاری وەرگێڕان لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی عوسمانی دەستیپێکردووە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم پەرتووکە لە بنەڕەتدا بریتییە لە وەرگێڕانی پێشەکی پەرتووکی(اقوم المسالک فی معریفە الاحوال ممالک)ی کۆچکردوو سەدری ئەعزەمی پێشوو خەیرەدین تونسی بووە، پەرتووکەکە، دانراوێکی گرنگی عەرەبی لەمەڕ سیاسەت و حیکمەتی حکومەت بووە، هەتا ئەوکاتە تاقانە پەرتووک بووە لەوبارەوە بە زمانی عوسمانی، چاپی عەرەبی پەرتووکەکە لە ساڵی (١٢٨٤ک/ ١٨٦٧- ١٨٦٨ز) لە تونس چاپکراوە.[27] شایەنی باسە من گەڕام بۆ بەدوای ئەم پەرتووکەدا، بەڵام نەمتوانی دەستیبخەم.
٢. اخوت عسکریە: ئەم پەرتووکە لە (٨٠) لاپەڕە پێکهاتووە و لە ساڵی (١٢٩٨ک/ ١٨٨١ز) لەلایەن چاپخانەی (جریدە عسکریە)وە لە ئەستەنبوڵ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بەلەبەرچاوگرتنی ساڵی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی وادەردەکەوێت دووەم دانراوی چاپکراوی عەبدولڕەحمان سورەیا بێت. ناوبراو ئەم پەرتووکەی ئەوکاتە نوسیووە کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی (جریدە عسکریە) بووە. (اخوت عسکریە) لە بنەڕەتدا بەمەبەستی پەروەردەی مەعنەوی سەربازەکان نووسراوە، وەک ناوبراو لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، تاوەکو ئەوکاتە لەسەر بواری پەروەردەی مەعنەویی و پەیوەندی نێوان سەرباز و ئەفسەر لە دەوڵەتی عوسمانیدا پەرتووک نەبووە و ئەمە بووە بە یەکەمین هەوڵ لەو بوارەدا. دیسان وەکو خۆی ئاماژەی پێکردووە کە ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە بەشێوەی وتار لە ڕۆژنامەی (عسکریە)دا بڵاوکردووەتەوە. پێویستە ئەوەش بڵێین، ئەم پەرتووکە دانەرەکەی دەکاتە پێشەنگ لە بواری نووسەرانی پەروەردەی سەربازی، وەک خۆی دەڵێت یەکەم کەس بووە لە دەوڵەتی عوسمانیدا لای بەلای پرسێکی وەها گرنگی لەبیرکراو بکاتەوە و لەسەری بوەستێت و پەرتووکی لەبارەوە دابنێت.[28]

٣. تعلیقات بلاغت عثمانیە، ئەم پەرتووکە لە ساڵی(١٢٩٩ک/ ١٨٨٢ز) لە چاپخانەی(جریدە عسکریە) بۆ یەکەمجار لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە. پەرتووکەکە دانراوێکی بچووکە لە (٥٩) لاپەڕە پێکهاتووە، بریتییە لە ڕەخنە و لێکدانەوە لەسەر پەرتووکی (بلاغت عوسمانیە)ی ئەحمەد جەودەت. سەبارەت بە هۆكاری پشت نووسینی ئەم پەرتووکە، خۆی لە پێشەکی ئەم پەرتووکەدا باسی لەوە کردووە:" کە شەوێک لە دانیشتنێکی برایانە و ئەدەبیانەدا مشتومڕی ئەدەبیان کردووە، باس هاتووەتە سەر ئەوەی تاقانە بەرهەمی درەوشاوە و لێهاتووانەی (بلاغت عثمانیە)، باس لەوە کراوە وەها پەرتووکێکی گرنگ و پڕبایەخ لەلایەن ئەدیبانی سەردەمەوە دووچاری جۆرێک لە پشتگوێخستن بووە، ئیدی نووسینی کۆمێنتاریی و لەسەر نووسینی دانراوی ناوبراو خرایە ئەستۆی من، هەرچەندە چەند جارێک ئەوەم گوتووە کە لەچوارچێوەی توانا و تاقەتی من بەدەرە، بەڵام نیشاندانی مکوڕیی و جەختکردنەوەی دۆستان لەوبارەیەوە، ئیدی بواری پۆزشهێنانەوەیان بۆ نەهێشتمەوە... "[29]
وەک دەردەکەوێت هەتا ئەوكاتە کەسێک لەسەر ئەو بەرهەمە گرنگ و پڕبایەخەی بواری ڕەوانبێژی عوسمانی نەنووسیوە و خۆی لە قەرەی نەداوە، دواتر عەبدولڕەحمان سورەیا ئەم پەرتووکەی لە بابەت ڕەخنە و سەرنج لەمەڕ ئەو پەرتووکە نوسیووە. وەک دەردەكەوێت ئەم نووسینەی ناوبراو، مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە. کەسێک پەرتووکێکی بەناوی (حل تعلیقات) لەسەر ئەم دانراوەی عەبدولڕەحمان سورەیا نووسیوە و ڕەخنەی لێگرتووە. دواتریش عەبدولڕەحمان سورەیا بە پەرتووکێکی دیکە وەڵامی ئەو پەرتووکەی داوەتەوە و ناوی لێناوە(تحلیل حل).

٤. تحلیل حل: ئەم پەرتووکە پێکهاتووە لە (٨٥) لاپەڕە و لە ساڵی(١٢٩٩ک/ ١٨٨٢ز) بۆ یەکەمینجار لە چاپخانەی (مهران) لە ئەستەنبوڵ چاپ و بڵاویکردووەتەوە.[30] عەبدولڕەحمان سورەیا(مەردۆخیزادە) ئەم پەرتووکەی لە بەرانبەر ئەو وەڵامانەدا نووسیوە کە لە ڕەخنەی پەرتووکی(بلاغت عثمانیە)دا دراوەتەوە. ناوبراو سەبارەت بە نووسینی ئەم پەرتووکە لە پێشەکییەکەیدا بەمشێوە باسی لێوەکردووە:" وەک ڕەخنەیەک لەسەر پەرتووکی (تعلیقات)کەمان پەرتووکێک بەناوی (حل تعلیقات) دەرچوو، وەک لەسەر پشتی پەرتووکەکە دەردەکەوێت، ئەو پەرتووکە لەلایەن یەکێک لە قوتابیانی مەکتەبی حقوقەوە نووسراوە! سەرلەبەری نووسینەکە لە ساختەکاری پێکهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەدەب و حەقیقەت لە ئێمە دەخوازێت کە وەڵامی (حل) بدەینەوە و لەبەریەک هەڵیوەشێنینەوە. ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پەتووکەکەی ئێمە چەند جێگەی ڕەزامەندیی و پەسن و ستایشی ئەدیبەکان بووە.... لەبەرئەوەی ئێمە وەک خاوەنی(حل) ئەرگیۆمێنتەکانمان لەسەر بنەمای بانگەشە بینا نەکردووە، بۆ هەر بابەتێک بەڵگەی بەکەڵک و باوەڕپێکەرمان هێناوەتەوە... لەگەڵ ئەوەدا ئێمە لێرەدا بۆ سوودگەیاندن بە نەوەکانی نیشتیمان و بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە وەڵامی یەک بەیەکی ئەو ڕەخنانە دەدەمەوە."[31]

٥. میزان البلاغە: لە بەرگی پەتووکەکەدا دیارە ئەم پەرتووکەی عەبدولڕەحمان سورەیا لە(١١ی مانگی سەفەری ساڵی١٣٠٣کۆچی/ ١٩ی تشرینی دووەمی ١٨٨٥ز) بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی مەعاریف لە چاپخانەی (جریدە عسکریە) لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە و پەرتووکەکە لە(٤٠٥) لاپەڕە پێکهاتووە.[32] بەرلە هەرشتێک، ئەم پەرتووکە لەڕووی قەبارەوە لە هەموو پەرتووکەکانی دیکەی نووسەر گەورەترە و لە کۆتایی پیشەکی ئەم پەرتووکە ناوبراو نازناوی (میردۆخی زادە)ی لە پێش ناوەکەی خۆیەوە نووسیوە.
شایەنی باسە ئەم پەرتووکە، بووەتە جێگەی ڕەزامەندی و پەسن و ستایشی وەزارەتی مەعاریفی عوسمانیش، ئەوەتا لە نووسراوێکی وەزارەتی مەعاریف کە بە ژمارە (١٩٥) لە بەرواری(١٢ی ڕەبیعولئاخەری ١٣٠٣ک/ ١٨ی کانونی دووەمی ١٨٨٦ز) کە بۆ سەدارەتی عوسمانی نێردراوە، هاتووە:" مامۆستای بەڵاغەتی مەکتەبی حقوق عەبدولڕەحمان سورەیا، ئەمجارە پەرتووکێکی بەناوی(میزان بلاغت) نوسیووە و نووسخەیەکی هاوپێچ بۆ ناردووین، دانراوی ناوبراو، شایەنی پەسن و پێزانینە و دانراوێکی دانپێدانراوە، ئەگەر بووبە شایەنی پەسن و پێزانینی جەنابتان داواکارین بەوشێوەی بە گونجاوی دەزانن دانەرەکەی خەڵات بکرێت." هەر بەگوێرەی ئەو پەراوێزانەی لەسەر نووسراوەکەی وەزارەتی مەعاریف لەبارەی خەڵاتکردنی نووسەری پەرتووکەکەوە نووسراوە، ئاماژە بەوەکراوە کە لەپای ئەم کارەی پلەی دووەمی(متمایز)ی پێ بدرێت.[33] لەمەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ناوبراو ئەوکات ئەم پەرتووکەی نوسیووە لە مەکتبەی حقوق لە ئەستەنبوڵ مامۆستای وانەی بەلاغەت بووە.
هەروەها پەرتووکی(میزان البلاغە) بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی بوارەکە، یەکێکە لە پەرتووکە بنەڕەتییەکانی بواری بەلاغەتی عوسمانی. ئەم پەرتووکە جێگەیەکی تایبەتی لەناو ئەو پەرتووک و دانراونەدا هەیە کە لە بواری بەلاغەتی عوسمانیدا نووسراون، چونکە نووسەر لەبری پێوانی بەلاغەتی عوسمانی بە بەلاغەتی عەرەبی لە هەوڵی نووسین و دانانی بەلاغەتی تایبەت بە زمانی عوسمانیدا بووە.[34]
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەرتووکەکە، دانەر پەرتووکەکەی لە شێوەی وانەدا دایڕشتووە، `بەکۆی گشتی لە(سی و نۆ) وانە پێکهاتووە، تێیدا بابەتەکانی ڕەوانبێژیی و ڕیتۆریکی: پێناسە و ماناکانی فەساحەت، ضعف تالیف، فن بلاغت، ترکیب الفاض، ارکان کلام (امر، نهی، تحضیض، ردع، تحذیر، تمنی)، ندا، منادی، استخبار، استفهام، استطراد، استغراب، خبر، مسند الیە، استطراد، متممات کلام، قصر، ایجاز، وصل و فصل، ادات عطف، دخی، کە، ینە ایمدی، لکن، بلکە، فن بیان، مجاز لفظی، تشبیە، استعارە، فن بدیع، تصبی، ادب کلام، تجنیس...هتد.[35] ئەم بابەتانەی بە نموونەی شیعری باس و شرۆڤە کردووە، نموونەی شیعری شاعیرانی عوسمانی هێناوەتەوە لە نموونەی:(ندیم، عاکف، نایی، فضولی، منیف، جودت پاشا، نزهت افندی، ابن کمال، راغب، باقی، عزت ملا ... هتد)، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئاگایی و شارەزای ناوبراو لە ئەدەبیات و شیعری عوسمانیدا. پێویستە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین، بە بەراورد بە شاعیرانی دیکە، نموونە شیعرییەکانی بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە شیعرەکانی نەفعییەوە وەرگرتووە، کە شاعیرێکی کورد بووە.[36] لە دەرفەتێکی دیکەدا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم شاعیرە دەدەین.

٦. سفینە بلاغت: وەکو لە زانیارییەکانی سەر بەرگی پەرتووکەکەوە بەدیار دەکەوێت، ئەم پەرتووکە لە ساڵی(١٣٠٥ک/ ١٨٨٨ز) لە چاپخانەی (ابو الضیا) لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە. پەرتووکەکە لە(٢٠٠) لاپەڕە پێکهاتووە، لەم پەرتووکەشدا نووسەر ناوی خۆی لەسەر بەرگ و لە کۆتایی پێشەکی پەرتووکەکەیدا نازناوی(میردۆخی زادە)ی بۆ خۆی داناوە. سەبارەت بە هۆکار نووسینی ئەم پەرتووکە، نووسەر لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە کاتی دووەبارە گوتنەوەی پەرتووکی" میزان البلاغە" کە لە مەکتەبەی حقوقدا نووسیبووم، چەند بابەت و خاڵیکی گرنگی دیکەی ئەدەبی کە لێرە و لەوێ و پەرتەوازە بەمەبەستی سوودی گشتی نووسیبووم، بەمەبەستی گەیاندنی سوود بە ڕوونکردنەوەی تەزر و شێوازی زمانی عوسمانی لە هەموو لایەکەوە کۆکردنەوەی ئەو بابەت و ڕاپۆرتانەم بە پێویست زانی. هەروەها کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو بابەتانە و چاپکردنی لەژێر ناونیشانی" سفینە بلاغت" بە گونجاو زانرا،[37] چونکە هەندێکجار لەلایەن ئەوانەی بەتەواوی شارەزای زمانی تورکی نین، پێیانوایە کە زمانی عوسمانی ڕەوانبێژی(فن لسان) نییە، کە ئەمەش خاڵییە لە ڕاستەقینە و بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بیروبۆچوونە ساختەی لەو شێوە و نیشاندان و نووسینی چەندان بابەتی بەسوود ئەم کارە ئەنجامدراوە.
هەر لەم پێشەکییەدا ئاماژەی بە پێویستیبوونی ئەم بەرهەمەی بۆ کایەی ڕۆشنبیری عوسمانی کردووە و ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە لە چاپی یەکەمی پەرتووکی" میزان البلاغت" چەند هەڵەیەک لە چاپدا ڕوویداوە، لێرەدا ڕاستی کردووەتەوە.[38] واتا دەتوانین بڵێن، ئەم پەرتووکەش تەواوکەری پەرتووکی پێشوویەتی کە بەناوی(میزان البلاغت)ەوە چاپیکردووە و بە هەردوو بەرهەمەکە دەبنە تەواوکەری یەکتر لە پرۆژەی دامەزراندنی بنەمای ڕەوانبیژی زمانی عوسمانی.


وێنەی عەبدولڕەحمان سورەیا(مەردۆخیزادە)
[1]BOA. DH. SAIDd. 76. 91. H.29-12-1257.
شایەنی باسە لە لیتراتۆری تورکیدا ساڵی ١٨٤١ بە ساڵی لە دایکبوونی دانراوە.
[2] Bursalı Mehmed Tahir Bey, Osmanlı Müelifleri , 2.cilt, Hazırlayanlar: A. Fikri Yavuz ve İsmail Özen, Meral yayınevi, İstanbul 1972, s. 45.
شایەنی باسە بورسەلی محەمەد تاهیر لەم پەرتووکەیەدا لە باسی عەبدولڕەحمان سورەیا نازناوی (سولەیمانیەلی) لە پێش ناوەکەی داناوە.
[3] BOA. DH. SAIDd. 76. 91. H.29-12-1257.
[5] Kazım Yetiş, a. g. m.
[6] BOA. ŞD. 465. 50. 01.
[7] Kazım Yetiş, a. g. m.
[8] جریدە عسکریە: یەکەمین ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە لە ١٦ی کانونی دووەمی ١٨٦٤ز لە سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیزدا بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژنامەیەکی هەفتانە بووە هەفتەی جارێک لە دووتوێی چوار لاپەڕەدا ڕۆژی شەممان لە چاپخانەی مەکتەبی حەربییە (Mekteb-i Harbiye Matbaası) چاپکراوە. نووسین و هەواڵی جۆراوجۆری لەبارەی هێزی وشکانی و کەشتیگەلی عوسمانی تێدا بڵاوکراوەتەوە. جەریدەی عەسکەرییە لە ١٦ی کانونی دووەمی ١٨٦٤ تاوەکو ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ سەرباری هەندێ پچران ماوەی ٥٨ ساڵ لە چاپ و بڵاوبوونەوە بەردەوام بووە. بۆ زیاتر بڕوانە:
Ali Emre Yerdoğan, Cerîde-i Askeriyye Gazetesġ’nin Tasnîfi (1864-1870), Aydın Adnan Menderes Üniversitesi Sosyal Bilimler Enstitüsü Tarih Anabilim Dalı 2019.
[9] Bursalı Mehmed Tahir Bey, a. g. e, s.45.
[10] جریدە حوادث: یەکەمین ڕۆژنامەی تایبەت بووە کە لە سنووری قەڵەمڕەوی عوسمانیدا چاپ و بڵاوکرابێتەوە، یەکەم ژمارەی لە (١ی جەمادیلئاخەری ١٢٥٦کۆچی/ ٣١ی تەمووزی ١٨٤٠زایینی) بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتادا (١٠) ڕۆژ جارێک بڵاوکراوەتەوە، دواتر و لە ژمارە(١٣٩)یەوە لە ساڵی ١٨٤٩ز بووە بە هەفتانە، بەکۆی گشتی (١٢١٢) ژمارەی لێ دەرچوێنراوە. خاوەنی ئەم ڕۆژنامە کەسایەتییەکی ئینگلیز بووە بەناوی ولییەم چەرچیڵ ( William Churchill) لە (١٨٣١-١٨٣٣ز) کاری نووسیاری کردووە لە سەفارەتی گەورەی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵ و دواتر سەرقاڵی کاری بازرگانی بووە. بۆ یەکەمجار وشەی (جریدە) لە چاپەمەنی عوسمانیدا لە پێشەکی ژمارە(١)ی ڕۆژنامەی (حوادث)دا بەکارهاتووە، کە بە مانای زیادکردنی زانیاری خەڵکی، گواستنەوەی ڕووداو و پێشهاتی وڵاتانی دیکە و یارمەتیدان لە پێشخستنی کایەی بازرگانی و ژیانی خەڵکدا بەکاربراوە. بۆ زیاتر بڕوانە:
Ziyad Ebüzziya, Cerîde-I Havâdis, https://islamansiklopedisi.org.tr/ceride-i-havadis erişim tarihi: 30.12.2024.
[12] Kazım Yetiş, a. g. m.
[13] Bursalı Mehmed Tahir Bey, a. g. e, s. 46.
[14] BOA. ŞD. 465. 50. 01.
[15] BOA. ŞD. 465. 50. 02.
[16] BOA. BEO. 1941. 145531.01.
[17] BOA. BEO. 2305. 172830.01.
[18] BOA. MF.MKT. 673.67. 01.
[19] BOA. MF.MKT. 673.67. 02.
[20] Bursalı Mehmed Tahir Bey, a. g. e, s.46; Kazım Yetiş, a. g. m.
[21] BOA. ŞD. 647.46.01.
[22] BOA. ŞD. 647.46.02.
[23] Kazım Yetiş, a. g. m.
[24] Kazım Yetiş, a. g. m.
[25] BOA. DH. SAIDd. 76. 91. H.29-12-1257.
[26] Bursalı Mehmed Tahir Bey, a. g. e, s.46
[27] هەمان سەرچاوە.
[28] عبدالرحمن ثریا محرر جریدە عسکریە، اخوت عسکریە، برنجی دفعە اولەرق جریدە عسکریە مطبعەسندە طبع اولنمشدر، استانبول ١٢٩٩.
[29] عبدالرحمن ثریا، تعلیقات بلاغت عثمانیە، برنجی دفعە اولەرق معارف نظارت جلیلەسنک رخصتیلە، جریدە عسکریە مطبعەسندە طبع النمشدر، استانبول ١٢٩٩.
[30] عبالرحمن ثریا، تحلیل حل، برنجی دفعە اولەرق معارف نظارت جلیلەسنک رخصتیلە طبع ولنمشدر، مهران مطبعەسی، استانبول ١٢٩٩.
[31] عبالرحمن ثریا، تحلیل حل، دیباجە، ص ٢-٣.
[32] جریدە عسکریە فنون قسمی سر محرری میردوخی زادە عبد الرحمن ثریا، میزان البلاغە، معارف نظارت جلیلەسنک ٣٩٧ نومرلو رخصتنامە سیلە جریدە عسکریە مطبعەسندە طبع اولنمشدر، استانبول، فی ١١ صفر ١٣٠٣.
[33] BOA. MF.MKT 89.99.01.
[34] Kazım Yetiş, a. g. m.
[35] جریدە عسکریە فنون قسمی سر محرری میردوخی زادە عبد الرحمن ثریا، میزان البلاغە، معارف نظارت جلیلەسنک ٣٩٧ نومرلو رخصتنامە سیلە جریدە عسکریە مطبعەسندە طبع اولنمشدر، استانبول، فی ١١ صفر ١٣٠٣.
[36] بڕوانە : میزان البلاغە.
[37] دیباجە، سفینە بلاغت، مؤلفی: میردوخی زادە عبدالرحمن ثریا، برنجی طبع، مطبعە ابو الضیا، قسطنطینیە ١٣٠٥، ص ٥-٦.
[38] دیباجە، سفینە بلاغت، ص ٧-٩.