ڕۆڵی بنچینەیی ئاین( ئیسلام )لەبەردەم پێویستی دووبارە پێناسەکردنەوەدا لە سەرکەوتنەوە بۆ ڕەزامەندی پێشتر لەسەر ڕۆڵی ئایين (ئیسلام) قسەمان کردووە. باسی جیاوازیی ڕۆڵی ئەومان لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا کردووە. ڕوونیشە ھەموو کاتێك ئەو ڕۆڵەی بە ئایین دەبەخشرێت، مەرج نیە ڕەنگدانەوەی لۆژیکی ناوەکی ئایین خۆی بێت، بەڵکو مرۆڤەکان بە باوەڕدار و بێباوەڕەوە بۆی دیاری دەکەن و پێیدەسپێرن.
ئێمە لەم ھەڵقەدا دەخوازین بە سوودوەرگرتن لە ھەندێ دیدی موستەفا مەلەکیان لە کتێبی (زەمین لە دەریچەی ئاسمانەوە چۆن گۆڕانکاری ئەنجام بدەین؟) کە بە سوپاسەوە گەورە غەمخۆری فیکری مامۆستا تەحسین حەمە غەریب پوختەی کتێبەکەی بەکوردی کردووە، دەخوازین پرسیار لەسەر ھەندێ پێناسەکردنی ڕۆڵی ئایین، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی بزاڤی ئیسلامی نوێدا، دابنێین و سەرنج بۆ بایەخی دووبارە پێداچوونەوەو لێکجیاکردنەوەی ڕۆڵە سەرەکی و لاوەکی و ناڕاستەوخۆکانی ئایین لە ژیانی کەس و کۆمەڵگەکاندا بکەین.
دیارە مستەفە مەلەکیان ئەو بابەتەی دەربارەی قسەکردن لەسەر ئایین و ڕۆڵەکەی ناخاتەڕوو، بەڵکو لەچوارچێوەی پێشمەرجەکانی گۆڕانکاری لە واقیعداو پێویستیەکانی بەکەلتور و دەروونیکردنی ئەو گۆڕانکارییەو ڕاستکردنەوەی ھەڵەباوەکانی زەین لەو ڕووەوە، وروژاندوویەتی. بە گوێزانەوەی بۆچوونەکەی ئەو لەبواری مرۆڤناسی عەقلی و دەروونیەوە بۆ بواری ئایین و فیکری ئیسلامی نوێناسی، دەتوانین بڵێین دەبێت وەرچەرخانێك لە بیرکردنەوەی ئیسلامیی نوێدا ڕووبدات، بۆئەوەی چیدی ئایین و وزە ئایینی و ئیسلامییەکە، لە سەرەڕێی تەوزیفکردنی وەك چەکێکی ململانێی ئایدۆلۆژی و سیاسی بەھەدەر نەدرێت، کە پرسی بەئایدۆلۆژیکردنی ئیسلام لەلایەن بزاڤی ئیسلامی نوێ بەوجۆرەی لێکردوەو خراوەتە خزمەت بەدەستھێنانی دەسەڵات و مرۆڤی سەرکەوتوو، چونکە کرۆك و ڕۆڵی بنچینەیی ئایین دروستکردنی دەسەڵات نیە، بەڵکو ھەوڵدانە بۆ چاودێری کردن و ملکەچکردنی بۆ بەھا باڵاکان بەتایبەتیش، دادپەروەری، ھەروەھا لەسەر ئاستی تاکەکەسی و ناوەوەی مرۆڤ، کە ئاستی بنەڕەتی کارکردنی خۆیەتی وەك وزەیەکی مرۆڤساز، ئەرکی ئایین پێگەیاندنی مرۆڤی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو ئامانجی گەورەی ئەو لەم دنیایە مرۆڤسازییە کە بەھۆیەوە باوەڕدار ھەست بە زۆرترین ڕەزامەندیی دەرونی و بەختەوەری بکات. ئەرکی مرۆڤ خۆی و عەقڵ و کەلتور و کۆمەڵگەو خێزانە، مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن بەرن. مرۆڤەکان خۆشیان ھەوڵی بۆدەدەن و بەنزیکەی تێکڕایان حەزدەکەن، لە ژیاندا سەرکەوتوو بن. بەڵام مەرج نییە کە سەرکەتووبوون بەختەوەر بن.
لێرەدا ئایین لای خۆمان ئیسلام دێت و ھەوڵی ڕەزامەندبوون و بەختەوەرکردنی دەدات. پێی ناڵێت ھەوڵی سەرکەوتن مەدە بەڵکو ھانیشی دەدات، بەڵام ڕۆڵی بنەڕەتی خۆی لە ڕەزامەندکردن نەك سەرکەوتندا دەبینێتەوە. واتە، دەخوازێت سەرکەوتوویەکی ڕەزامەند بێت، یان بە واتایەکی تر وای لێبکات لە ڕووی مەعنەویەوە تەڕ و پاراو بمێنێتەوەو چێژ لە ژیان ببینێت.
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێك بێتە پێشەوە کە ئەویش ئەوەیە: جیاوازی دنیابینی نێوان مرۆڤی سەرکەوتوو و ڕەزامەند چییە؟ مەلەکیان لە بواری خەمە گۆڕانخوازەکەی خۆیدا وەڵام دەداتەوەو جیاوازییەکە بەم چەشنەی خوارەوە دیاری دەکات؛ مرۆڤی سەرکەوتوو (٣) تایبەتمەندیی بنەرەتیی ھەیە:
١- لەڕووی تیۆریەوە خۆی بە وانی تر دەپێوێت.
٢- لەڕووی کردەییەوە، ململانێ لەگەڵ ئەوانی تردا دەکات.
٣- ململانێ کێبڕکێکانیشی لەگەڵ ئەوانیتر لەسەر کۆمەڵێ شتە لەوانەش:
ماڵ و سامان، دەسەڵاتی سیاسی، پێگەی کۆمەڵایەتی، ناو و ناوبانگ و ئاستی ئەکادیمی و زانستی. واش دەزانێت خۆشبەختی و بەدبەختی ژیان بەوشتانەوە بەستراوەتەوە.
لەکاتێکدا، مرۆڤی مەعنەوی و بەرھەمی ڕۆڵە بنچینەکەی ئایین بە پلەی یەکەم بەدوای ڕەزامەندی دەروونیدا وێڵە.
خۆی بە ڕابردووی خۆی دەپێوێت بۆئەوەی بزانێت چەند بەرەو باشتر چووە نەك بەوانی دی. خۆ ئەگەر خۆی بەوانی دی پێوا لە بواری تەقواو بەھا مەعنەوی و ڕوحی و ئەخلاقییەکاندا دەبێت، چەند لە دەرونیا ھەست بە شادی و کامەرانی و ئومێد دەکات. لەگەڵ خۆیدا چەند تەبایەو لە ئاشتی و دۆخی ھەماھەنگی ناوەکیدا دەژیت؟ چەند ژیانی واتادارە؟ ئەم خەسڵەتانەش تایبەتن بە خۆی و بەرەنجامی کارلەسەرخۆکردنن نەك خۆبەراوردکردن بەوانی دی.
لێرەوە پێوستمان بە ئاییناسیەکی نوێیە. ئاینناسییەك لەناو شەپۆلی خۆپەرستی و زاڵبوونی کەلتوری بەرخۆری و جەستەسەنتەری و ڕووکەشگەرایی و ھەڵپە لەپێناو دەستکەوتنی زۆرتر و زیاتردا، شەڕی بەرگری لە جەوھەری مرۆڤ و واتاداربوونی ژیان و وننەبوون و ئاستێکی ماقوڵ لە ھەست بە ڕەزامەندی دروونی بکات.
ئەوەی پەیوەندی بە بەشداری لە ململانێکانەوە ھەیە، وەزیفەی سەرەکی ئایین لەم ڕووەوە کەمکردنەوەیە لە خوێناویبوون و توندی ئەو گرژیانە، لەسەرە پێچی مێژوویی زۆر چارەنووسسازیشدا نەبێت، بە ناوی ئایین خۆیەوە بەشداریان تێدا نەکات، بەڵکو بەشدارییەکەی ناڕاستەوخۆو لەڕێی وزەدارکردنی بەھاکان و لەمیانەی مەعروفەکانی سەردەمەوە بێت. بۆ ئەو مەبەستانەش ناوەندە ئیسلامی و دینییەکەی کۆمەڵگە لە زیاد لەڕوویەکەوە پێویستی بە دەستکاری چەندین چەمک و جۆری تێگەیشتن و پێناسەکردنەوەی ئەرك و ڕۆڵەکان و شێوازی کارکردن و چۆنێتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ڕوحی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان ھەیە.