شێخ سەعیدی پیران شۆڕش بەرپادەکاتەوە؟
شێخ سەعیدی پیران شۆڕش بەرپادەکاتەوە؟
  ئەبوبەکر عەلی     2023/12/27     258 جار بینراوە    


ماوەیەکە پرسی ناولێنانی شەقامێکی ئامەد، بەناوی شێخ سەعیدی پیران، ڕابەری شۆڕشی کورد لە ساڵی (١٩٢٥)دا، دژ بە سیاسەتی سەرکوتکردن و نکولی کردن لە بوون و ناسنامەی کوردان دژ بە کەمالییەکان، مشتومڕێکی سیاسی گەورەی لە شەقامی سیاسی تورکیدا هێناوەتە کایەوە. جۆش و خرۆشێکی نوێشی، بە تەوژمی ناسنامەپارێزی کوردانی باکوور بەخشیوە.

ڕووداوەکە، لەلایەن نەتەوە پەرستە توندڕەوە تورکەکانی وەك  باخچەلی و ئیی پارتیەکانەوە، بەخراپی قۆزراوەتەوە، لەپێناو پەلاماردانی نەتەوایەتی هەقخوازی کوردی و دووبارە دادگایکردنەوەی، شێخ و ڕاپەڕینە عەدالەتخووازەکەی لە گۆڕەکانیاندا! کە لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆو ڕەتکردنەوەی  واقیعی سەپاوی دوای لۆزان بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا بەرپاکرابوو.

ئەوەش کاردانەوەی لەناو شەقامی کوردستانیی باکووردا دروستکردووە. کاردانەوەکەش هەر بە ڕووبەڕووبوونەوەی میدیایی ئەو هەڵمەتە ڕەگەزپەرستەی نەتەوەپەرستە توندرەوەکان نەوەستاوەوە، بەڵکو سەریکێشاوە بۆ هەڵوێستگرتنی سیاسیش. هەر لەم چوارچێوەشدا، زیاتر لە دوانزە هەزار ئەندامی ئیی پارتی لە ولایەتی دیاربەکر دەستیان لەکارکێشایەوە و ڕیزەکانی ئەو پارتەیان بەجێهێشت. وەك ئاماژەیەکی هیوابەخش بەو هووشیاری و هەستبەبوونی خۆکردنی کورد لە دۆخی گەشەکردنێکی نوێیدا؟

 هەر لێرەشەوە، هیوادارم، ئەم هەڵقە درەنگوەختە مەدەنییە تەواوکەرەی شۆڕشەکەی ساڵی (١٩٢٥)ش، کاریگەری فیکری و ئایدۆلۆژی گەورەتر لە کاردانەوە دەروونی و سیاسییە هەنووکەییەکان، لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت. بەو واتایەی، ببێتە هۆی، بەخۆداچوونەوەو دووبارە بیناکردنەوەی فیکری بزاڤی هەقخوازانەی گەلی کوردستانی باکوور، کە لە ڕابردوودا  ئایدۆلۆژیاو بەتایبەتیش چەپ، لەپاڵ کۆمەڵێ دەستکەوتدا، کاریگەری خراپی بەسەر ڕوونی دیدگا و دیاریکراویی ئامانج، دەستنیشانکردنی ئەولەویات و چۆنێتی بەستنی هاوپەیمانێتیەکان و بەڕێوەبردنی ململانێکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکانیەوە هەبووە.

لایەنی بەرامبەرو میراتگرانی کەمالیزمی نکوڵیکەر لە ناسنامەی کوردی و حەقیقەتی کوردستان و ڕاستیە مێژووییەکانیش، دەبێت جوان لەوە تێبگەن، ئەوەی بەهەموو زەبر و زەنگی ئەتاتورك و ئەنینۆ نەچووەسەر و شکستیهێنا، دوای ئەو هەموو خوێن و ململانێ و هووشیاری و دەرفەتی مانۆرەی ئێستا، ناچێتەسەر. بۆیە عاقڵمەندی تورك ئەو کەسەیە، ڕەدی ئیعتیبار بۆ شێخ و ڕێبەر و قوربانیانی کورد بگێڕێتەوەو داوای لێبوردن بکات و تێگەیشتنیشی بۆ یەك ئاڵاو یەك نەتەوەو یەك دەوڵەت بگۆڕێت.

بەو واتایەی، بەجۆرێك کێشەی نەتەوایەتی کورد چارەسەر بکات، کوردی ئەو بەشە هەست بکات، بەشێکی سرووشتیی ئوممەیەکی مەدەنی ناعیرقی و دەوڵەتێکی فدراڵیە و ئاڵایەکی تەوافوق لەسەرکراوی هاوبەشیش، بە ئاڵای دڵخوازی خۆی بزانێ و لەپاڵ ئاڵای هەرێمی کوردستانی باکووردا هەڵیبکات و ڕێزی لێبگرێت و شانازی پێوەبکات.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure