مرۆڤی ئاساییش، ھەست بەوە دەکات، جموجۆڵ و چالاکیگەلێکی نائاسایی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە، ناوچەکە بەدۆخێکی ھەستیار و تایبەتدا تێدەپەڕێت. ئامادەسازی بۆ ڕووداوێکی گەورەو ڕەنگە پێنانە ناو قۆناغێکی نوێش بکرێت.
تەوەری گۆڕانکارییەکەش پەیوەستە بە ئێرانەوە، بەیاننامە سێقۆڵییەکەی ئەڵمانیاو بەریتانیاو فەرەنساش لەم ڕووەوە، ھاوشێوەی پاساونامەی پێش سزادان بوو، ئێرانی وەك ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی و لێپرسراو لە ھەرەسھێنانی گفتوگۆ ناوکییەکەو بە ئاشتی نەمانی پڕۆژەکەی لەم ڕووەوەو بوونی دامەزراوەی شاراوەی ئەتۆمی وێناکرد. ئاماژەش بوو بە ھاوشێوەبوونی دیدی ئەمریکاو ئەوروپا لەم ڕووەوە، کە تاران پێشتر یاری لەسەر دەکرد و ئومێدی پێوە ھەڵچنیبوو. ھەموو ئەوەش بوونی ئیرادەو نەخشەیەکی داڕێژراو دەخاتەڕوو بەمەبەستی ئەوەی ئێرانی ئێستا بکرێت بە ئێرانی کۆن، گەرچی یەکسەریش ئێرانی نوێ جێگەی نەگرێتەوە و دۆخەکە پێویستی بەقۆناغێکی ڕاگوزەر بێت.
کۆتایی ئێرانی کۆنیش تا ڕاددەیەکی زۆر و بە ھەندێك واتا، یەکسانە بە ڕۆرھەڵاتی ناوەڕاستی ئێستاو کۆنبوونی، بەحوکمی ئەوەی، لە چل ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران وەك جەمسەرێکی گەورەی ئیدۆلۆژی و سیاسی و سەربازی، بەشدارییەکی سەرەکی لە شکڵدان بە ململانێ و سیستمی ئاسایشی و جەنگ و ئاڵوگۆڕەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبووەو تارمایی ئەو بەسەر ھەموو شتێکی ناوچەکەوە بووە.
ھەڵبەت ئەمریکا و خۆرئاوا ویستیان بە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس زەمینەی ھێنانەکایەی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) بێنێتە کایەوە. بەڵام ئێران و ھاوپەیمانەکانی سەرکەوتووبوون لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو نەخشەو لەباربردنی زەمینەکەی. بەڵکو دوای ئەوە بە خستنە چاڵی خۆرئاوا یاخود بیرکردنەوەی ستراتیژ داڕێژەرەکانی خۆی یان ھەردووکیان، زیاتر پەل و پۆی ھاویشت. تا کاربەوە گەیشت ھەندێ لە کاربەدەستانی تاران باس لەوە بکەن حوکمی چوار پایتەختی تری ناوچەکە دەکەن. ئەوەش یەکسان بوو بە ئاماژەکردن بە ئیمپراتۆریەتێکی ڕانەگەیەنراو لەڕێی کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی و شکستی دەوڵەت و جێگرتنەوەیان بە ھێز و ئەکتەری نادەوڵەتی بەسوود وەرگرتن لە پارێزبەندی و ڕەوایەتی دەوڵەتە شکستخواردووەکان بەحوکمی ئەندامێتیان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین بەرھەمی وەبەرھێنان و نەخشەی چەندین ساڵەی ئەمریکاو ئیسرائیل و ھەندێ وڵاتی ناوچەکەیە. کشانەوەی ئەمریکاش لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران ئاماژەیەکی زەقی سەرەڕێی نەخشەکەبوو، جەنگی ڕووسیاش دژ بە ئۆکرانیا کە لە ھەندێ ئاستدا جەنگێکی جیھانی ڕانەگەیەنراوەوە ململانێیە لەسەر دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستمی نێودەوڵەتی و ھێزە خاوەن ھەژموونەکانی ناوی و ڕێبەرایەتیکردنی جیھان، بەتەواوی زەمینەی ھەنگاونانی کردەیی بەرامبەر دۆسیەی ئەم وڵاتە ساز و ئامادە کردووە.
لە ڕوویەکی ترەوە ھەژمونخوازی سنوور بەزێنی تاران و وەبەرھێنانی سایکۆلۆژی و سیاسی تیایدا لەلایەن خۆرئاواوە، ستراتیژیترین ئامانجی حەفتا ساڵی ڕابردووی ئێسرائیل و ئەمریکای بەدیھێنا، کە ئەویش لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی جیھانی عەرەبی و ئیسرائیل و کۆتاییھێنان بە دوژمنایەتی نێوانیان وێناکردنی تاران وەك دوژمنی ھاوبەش و زەمینە سازکردن بۆ ھێنانەکایەی ڕۆژھەڵاتی گەورە بێگوێدانە چارەنووسی دیموکراسی، بەرجەستە دەبێت.
ئەم ئاساییکردنەوە بەرفراوانەش لەلایەن عەرەبەکانەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، لەبەرامبەر کۆتاییھێنانە بە ھەژموونی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران و ھاتنە کایەی سیستمێکی ئەمنییەتی و ئابووری نوێ لەناوچەکەدا. جەنگی ئۆکرانیاش، پاساوی زۆرتری بەم ئامانجە بەخشیوەو ڕەھەندی نوێشی خستۆتە سەر. زەمینەی بەدیھێنانیشی ئاسانتر کردووە. چونکە لەئێستادا پرسی ئێران تەنھا پەیوەست نییە بە ھەژموونیی ناوچەیی و ململانێکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل و عەرەبەکان، بەڵکو بەستراویشەتەوە بە ململانێ جیھانییەکەو دۆخی پێش گەڵاڵەبوون و تۆخبوونەوەی بەرە بەندیی و ھاوپەیمانییە جیھانییەکان. لەم چوارچێوەدا ئێران پایەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھاوپەیمانییەکی گریمانەکراوی نێوان چین و ڕووسیاو ئێرانە. ڕێکەوتننامە درێژمەوداکانی ڕابردووی لەگەڵ چین و ھاوکاری دوولایەنە لەگەڵ ڕووسیا لە سووریاو ئۆکراین و شوێنانی تر، ئەم وێنایەی تۆختر کردۆتەوە.
لێرەشەوە ئاساییە بیر لەوە بکەینەوە خۆرئاواییەکان بەھۆی ئیسرائیل و ھەندێ وڵاتی تری عەرەبی ناوچەکەوە، بە بەردێك دوو نیشانەو زیاتریش بشکێنن. بەڵێنەکانی ڕابردوویان بەرامبەر ئەوان دەرھەق بە ئێران جێبەجێبکەن، لەولاشەوە دۆخی ڕانەگەیەنراو جەنگی جیھانی سێھەم و شکڵگرتنی ھاوپەیمانێتیەکان بقۆزنەوە، بۆ دابەشکردنی گۆڕەپانەکەی و پێشخستنی ھەندێ لە شەڕەکانی و بچووککردنەوەی گۆڕەپان لەبەردەم مانۆڕی بەرامبەر و سنووردارکردنی بژاردەکانی.
کاتی خۆشی کیسەنجەر ئاماژەی بەوە کردبوو، کە جەنگی جیھانی سێھەم بە لێدانی ئێران لەلایەنی ئیسرائیل وئە مریکاوە دەستپێدەکات، بەڵام پێش ئەو ھەنگاوە دەبێت حەوت وڵاتی دەوڵەمەندی عەرەبی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکرابێتەوە، ڕووسیاش سەرقاڵ کرابێت، بۆ ئەوەی نەیپەرژێتە سەر یارمەتیدانی تاران و ڕزگارکردنی نیزامی ئێستا.
وەك دەبینین لە ئێستادا ئەم دوو پێشمەرجە ھەردووکیان ھاتوونەدی. ڕووسیا ڕەنگە بتوانێت لەڕێی ھەندێ چەکی پێشکەوتوەوە یارمەتی تاران بدات، بەڵام ئایا ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی دەرفەتی ئەوە دەدەن ئەو جۆرە ھەوڵانە کار لە ھاوکێشەکان سەبارەت بە تاران بکەن؟ لەڕاستیدا ئاسان نییە بە بەڵێ وەڵامی پرسیارێکی لەو جۆرە بدەینەوە. لێرەوە ئامانجەکانی لە گورزوەشاندن لە تاران کە لەئێستادا وا دەبینرێت زەمینەسازی بۆ بکرێت و جەنگی ڕاگەیاندنەکەشی دەستی پێکردووە، ھەروەك ئاماژەمان پێکرد کۆتاییھێنانە ھاوکێشەو ڕێساکانی ئێستای گەمەکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە کۆمارێکی ئیسلامی خاوەن ھەژموون لەڕێی مووشەك و درۆن و ھێزی پرۆئێرانی جۆراوجۆر و بەرنامەیەکی ناوکی گەشەکردوو سوپای پاسدارانەوە پیادە دەکرێت، شکڵی پێداون.
پێشم وایە ئەوەی لەئێستاشدا گرنگە و ئامانجی لەپێشینەیە شکستھێنانە بە ھەژموونەکە. بۆیە ئەمە بە ڕووخاندنی ڕژێم یاخود لاوازکردن و چنگ و نینۆککردنی بێت، ھاوشێوەی ئەوەی دوای جەنگی کەنداوی یەکەم لە عێراقدا ڕوویدا، بێتە دی ئاساییە، بەڵام لەسۆنگەی دۆخی ناوخۆی ئێرانەوە مانەوەی ڕژێم لە حاڵەتی دووەمیشدا ئاسان نابێت. گەرچی ھەموو ئەم ئەگەرە چاوەڕوانکروانەو لێکەوتەکانیان و درێژبوونەوەیان لە ڕووی زەمەنییەوە، پەیوەستە بە قەبارەو ئاسەواری گورزە چاوەروانکراوەکان و کاردانەوەی ئێران و پەیوەندی ھەموو ئەوانە بە ڕووداو و ململانێ جیھانییەکەوە. لە ھەموو حاڵەتێکدا ئێمە لەسەرە پێچێکی مێژوویی و ناوچەیی و جیھانی نزیکدەبینەوە، کە ڕەنگە یەکێ لە قوربانییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆھەڵاتی ناوەڕاستی کۆن بێت، گەر مەودایەکی زەمەنیش لەو نێوەندەدا ھەبێت، پەیوەست دەبێت، بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزی نیزام و دینامیکییەتی گۆڕانکاری ناوخۆیی و سەرھەڵدان و ھاتنەکایەی جێگرەوە.
ماوەتەوە بڵێین: داخۆ سازشکردنی ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەتوانێت نیزام و تواناکانی لە دەستلێوەشاندن قوتار بکات؟ گەرچی کارێکی لەوجۆرە ئەستەم نییە، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە وێناکردنی دۆخێکی لەو جۆرە ئاسان نەبێت و ڕەنگە دەرفەتی سازشکردن لانی کەم بەمانا کۆنەکەی، کۆتاییھاتبێت. بەرامبەرەکان بە سازشێکی ھەمەلایەنە کەمتر و توانا تێکشکاندن و مەرج سەپاندن لەکۆمەڵێ ڕوەوە ڕازینەبن، قبوڵکردنی ئەوەش بەکردەوە کۆتاییھێنانە بە پاشماوەکانی ڕەوایەتی نیزام لەبەرچاووی لایەنگرانی.
ڕەقی سروشتی ڕژێمەکەش زەحمەتە ئەوەی لێ چاوەڕوان بکرێت، خۆی بکات بە قوربانی ژێرخانە زانستی و توانا تەکنەلۆژی و سەربازییەکەی ئێستای ئێران، کە،یەکێ لە ئامانجە ستراتیژی و دوورمەوداکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاو تەنانەت ھەندێ لە وڵاتانی ناوچەکەش، قۆستنەوەی دەرفەتی ئێستایە بۆ لەناوبردنی ئەو ژێرخانە، پێش ھەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لەو وڵاتە دا، چونکە ئەوان دەزانن ئێران بەحوکمی قوڵاییە مێژوویی و گیانە ئیمپراتۆریەتەکەی و جیۆپۆلۆتیك، بەدەر لە جۆری ڕژێمەکەی، بنەڕەت تیایدا ھەژموونخوازی و بوون بە زلھێزی ھەرێمایەتیە. حەزیش ناکەن وڵاتێکی ناوچەکە بگاتە ئاستی بێنیازی لەھەندێ ڕووی زانستی وتەکنەلۆژییەوە.
ماوەتەوە بڵێم، زۆربەی ئەمەی ئێستا ئاماژەم پێکردووە لە دوو سێ ساڵی ڕابر دوودا لە بۆنەی جۆراوجۆردا لەسەری وەستاوم.