ئاماژە بە خوود دوژمنی و بۆشیاییەکی کووشندەی سەرکردایەتی نیشتیمانی
ئاماژە بە خوود دوژمنی و بۆشیاییەکی کووشندەی سەرکردایەتی نیشتیمانی
  ئەبوبەکر عەلی     2024/09/01     202 جار بینراوە    


ئیسرائیلییەکان پەرەیان بە تیۆرێك داوە بۆ شکستپێهێنانی دوژمنەکانیان بێ ئەوەی خۆیان هیچ خەرجییەکی تێدا بکەن، (کەپێشتر باسمان کردووە). تیۆرەکە باس لەوەدەکات، چۆن بتوانیت میللەتێ لەڕێی تەقاندنەوەی ناکۆکییەکانی ناوی، رووخاندنی پردی متمانە بەیەکتری نێوان هێزەکانی، شکاندنی رەمزە هاوبەشەکان و بەشەردانیان لەناویەکتردا، بەپارەو تواناو خوێنی خۆیان، نەك هەر شکست پێبهێنیت، بەڵکو  تۆش  بەناوبژیوان و فریادرەس بزانن و سەیربکەن !

تیۆرێکی تریش بەناوی  (دۆخی وەحشەتناك)   هەیە، کەئاماژەیە بە گەرانەوەی کۆمەڵگە بۆ دۆخی سرووشتیی هۆبزی و شەری هەمووان دژی هەمووان، کەیەکێ لەتیۆر داڕێژەرەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دایرشتووەو باس لەوە دەکات، بۆئەوەی ئەوان لەوڵات و کۆمەڵێکدا شوێنپێیان ببێتەوە، توانای تەجنیدکردنی خەلکێکی زۆریان هەبێت و ببن بەهێزی دەستنیشانکەرو پەناپێبراو،  پێویستە هەوڵی شکستپێهێنانی دەوڵەت و درووستکردنی بۆشایی دەسەڵات و ئەمنی و باڵادەستی دۆخی هەرەج و مەرەج بدەن.

ئەگەر سەرنجێك لەباروودۆخی ئێستای کوردستانی باشوورو پەیوەندی نێوان هێزەکانی وحاڵی دام و دەزگاکانی بدەین،

  تارادەییەکی بەرچاو رەنگدانەوەی ئەم دوو تیۆرەیە بەئاستی جیاواز.

  ئەوەی ئەمرۆ لەهەولێر بینیمان، کە رووداوێکی ڕیزپەڕ نییەو گوزارشتە لە رقێکی قووڵ و قەیرانێکی سیاسی کراوە بەرووی تراژیدیادا، جەختکردنەوەیەکی زەقبوو لەسەر گیان و؟دۆخی خوود دوژمنی و ناهووشیاربوون بەئەرکە ناسینۆنالیستی و دیموکراسییەکان، واتە ئەوەی دووژمن و ناحەزەکانمان دەیانەوێت پێمانی بکەن،  بەپارەو تواناو خوێنی کوردی و لەسەر حسابی چارەنووس و ئایندەو پرۆژە نیشتیمانییەکەمان، خۆمان بەخۆمانی دەکەین؟!  هەربۆیە کاتێك چاودێری فیکری و سیاسی هووشیارو  نیشتیمان پەروەری بەپەرۆش،  بەیاننامە دژ بەیەکەکان و گووتاری یەکتر شکاندن و سووککردن و بەدوژمنکردن دەخوێنێتەوە، کەلە هەموو بەهایەکی نیشتیمانی و ئەخلاقی بەرز و راستەقینە چۆڵن،  هەست بە مەترسی و خەمێکی قووڵ و؟ئازاردەر دەکات.

 لێرەشەوە، دۆخی ئێستای باشوورو بەتایبەتیش نێوانی دوو حیزبەکە، ئاماژە بە بوونی خەمساردی و بێباکییەکی سیاسی گەورەو ترسناك دەکات، چونکە لەکاتێکدا جیهان و ناوچەکە لەبەردەم ژانی وەرچەرخاندان، هەروەها وا بۆ ساڵێکی رەبەق دەچێت جەنگێك لەخۆرهەڵاتی ناوەراستدا لەئارادایە و ئەگەری گەورە بوونیشی لێدەکرێت، دەوڵەتانی ناوچەکەش هەریەکەو بەجۆرەها شێوە لەخەمی ئەوەدان لە ئاگری جەنگەکە بەدووربن، پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن، هیچ نەبێت  بەکەمترین زیان لەم بارودۆخە دەربچن .

 ئێمەی بەرجەستە لە نووخبەی حیزبیی دەسەڵاتدار، لەگەڵ ئەوەی کەخاوەنی دەوڵەت نین و سەروەری دەرەکیمان نییە، بەوەش  خودان پارێزبەندیی نێودەوڵەتیی نین، توانای مانۆڕمان سنووردارە، جەنگ و گۆرانکارییەکان لەیەککاتدا هەڵگری هەرەشەو مەترسی و دەرفەتن بۆمان،  کەچی بەدانپیانانی خۆیان، لەرۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری پارەوە، واتە لەو رۆژەوەی جەنگی غەززەی تێدا هەڵگیرساوە، مەکتەب سیاسییەکانیان لەگەڵ یەکتر دانەنیشتوون و کۆبوونەوەی دوو قۆڵیان  ئەنجام نەداوە!

 هیچ دەزگایەکی نیشتیمانی سەروو حیزبی کۆکەرەوەشمان نەماوە، لانی کەم توانای ئەوەی لانی کەم ، لایەنە ناکۆك و دژبەیەك و جیاوازەکان پێکەوە بەدەوری مێزێکدا کۆبکاتەوە، تاکو هیچ نەبێ ئاڵوگۆری بیروڕا دەربارەی ژیان

و چارەنووسی خەڵك و ئاڵنگاری و هەرەشەو دەرفەتەکان لەگەڵ یەکدیدا بکەن!

بەڵکو لەوەش خراپتر، لەماوەی ساڵی رابردوودا، قەیرانی سیاسی هەرێمیان قووڵتر  کردۆتەوە، متمانەی هێزەکان بە یەکتر، بەتایبەتیش دووحیزبەکە و پەیوەندییەکانیان بەرەو لاوازی زۆرترو دارووخانێکی بەردەوام رۆیشتووە!! لەجیاتی کەمکردنەوەی گرژییەکان، درووستکردنەوەی بەشێ لەپردی متمانەی رووخاوی نێوانیان ، تەریبکردنی هەڵویستە سیاسییەکانیان لەمەر پرسە نیشتیمانی و گەورەو چارەنووسسازەکان،  درێژە بە گەمە بچووکەکانی خۆیان دەدەن!! زۆربەی توواناکانیان لەململانێ و دەستشکاندنەوەی یەکتردا بەفیرۆ دەدەن!! لەوەش زیاتر، لەو کاتەی کە میللەتەکەیان لەسۆنگەی سەرنەکەوتوویی حوکمرانی ئەوان و درێژە کێشانی ناکۆکی و گەندەڵی چەندین ساڵەی نێوانیان، بەدەست قەیرانێکی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لەئێستاشدا مووچە خۆرەکانی دوو مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە،  قەیرانە سیاسییەکە قوڵتر دەکەنەوەو بەوەش هێندەیتر سەرو دڵی رۆڵەکانی ئەم میللەتە دەگرن و تاڵاوی هەستکردن بە سووکایەتی و حەسرەتیان پێدەنۆشن.

زۆر بەکورتی، ئەوەی ئەمرۆ لە هەولێر بینیمان، کەئاماژەیە بەرۆحییەت و گووتارو عەقڵییەتێکی زاڵی رەگ داکووتراوی دەیانساڵەی نێوان دووحیزبەکە،  کەسەرجەم هێزەکانی تر و کۆمەڵگەشی خستۆتە ژێر سێبەری کاریگەرییەکانی خۆیەوە، ئاماژەیەکی خەمهێنەری پووکانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و بەهاکانی پێکەوە ژیانی نەتەوەیی دامەزراویانەو شکستی پرۆسەی گەل و نیشتیمانسازی لە سی ساڵی رابردو و دۆخی خوود دوژمنی و شەرە گەرەکی سیاسی و بۆشاییەکی کوشندەی سەرکردایەتی نیشتیمانییە.

 بەجۆرێك گەلێك بییەوێت بەدەستی خۆی، خۆی برووخێنێت و لەشکۆی خۆی کەمبکاتەوەو نەیارانی بەخۆی خۆشبکات، بەوجۆرە دەکات کە ئەمرۆ بینیمان و رۆژانە بەشێوازی جۆراو جۆر گووزاشت لەخۆی دەداتەوە.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure