بەشى یەکەم
ئایین له‌ژیانی مرۆڤدا حاڵه‌تێكی چه‌سپاوه‌و ده‌رهاوێشته‌و كاردانه‌وه‌ی سرووشت و هیچ سه‌رده‌مێك نییه‌و ئاييندارى به‌شێكه له‌غه‌ریزه‌ی مرۆیی، وه‌ك چۆن مرۆڤی سه‌ره‌تایی پێویستی به ئایین هه‌بووه، به‌هه‌مان شێوه مرۆڤی سه‌رده‌می كاره‌باو ته‌كنه‌لۆژیاو مانگی ده‌ستكردیش پێویستی به‌ئایین هه‌یه.
لای ئیسلام ئه‌مه حاڵه‌تێكی زكماكییه‌و خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:[فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا فِطْرَةَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا ...] واتە: ئەى مرۆڤ بەڕاستى و دروستى ڕوو لەم ئايينە بكە كەخواى گەورە فيترەت و سروشتى خەڵكى لەسەر خوڵقاندووە.
له‌و كاته‌وه كه ئه‌رستۆ ده‌رباره‌ی مرۆڤ وتوویه‌تی ئاژه‌ڵێكی قسه‌كه‌ره، خاوه‌ن توانا زانستی و فه‌لسه‌فییه‌كان پێناسه‌یترمان بۆ داده‌هێنن ده‌رباره‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌ئارەزووی ئه‌وه ده‌كرێت سنووری جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیتری له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا بزانرێت، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسانه‌دا كە بۆ مرۆڤ كراوه(فراس السواح) له‌كتێبی (دین الإنسان)دا وا پێناسه‌ی ده‌كات كه: (مرۆڤ بریتییه له‌بوونه‌وه‌رێكی ئاییندار(متدین).
توێژینه‌وه زانستییه‌كان و زانایانی ئه‌نسرۆپۆلۆژیاو دەرەنجامى هه‌موو ئه‌و حوفره‌یات و شوێنه‌واره كۆنانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه‌و ده‌دۆزرێنه‌وه ده‌رباره‌ی مێژووی گه‌لان، به‌روونی ده‌لاله‌ت و نیشانه ئایینییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و بوونی كاریگه‌ری ئایین له‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه كۆن و دێرینەكان دیار‌و ئاشكرایه.
مرۆڤی سه‌ره‌تایی خاوه‌نی شارستانیه‌ت و ژیانی شار نه‌بووه، به‌ڵام خاوه‌نی ئایین و عه‌قیده‌ی ئایینی بووه، واته ئایین پێش شارستانیه‌ت كه‌وتووه‌و هه‌ر ئایینیش بنه‌مای یه‌كه‌م و سه‌رەكی درووستبوونی شارستانیه‌ته‌كان بووه.
هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كی شوێنه‌وارناسی و مێژوویی تا ئێستا ده‌ری نه‌خستووه كه سه‌ره‌تای دین و سه‌رهه‌ڵدانی بیروباوه‌ڕی ئایینی له‌ناو كام گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و گرووپی مرۆییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئایین داهێنراوی هیچ ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری و نه‌ته‌وه‌یی نییه‌و په‌یوه‌سته به بوونی مرۆڤ و په‌یدابوونیه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه.
له‌دێر زه‌مانه‌وه مێژوونووسی ئه‌غریقی(بلوتارگ) وتوویه‌تی: له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا چه‌ندین شاری بێ شورا‌و دیوارم بینیوه، شاری بێ كۆشك و ته‌لارم بینیوه، شاری بێ قوتابخانه‌و خوێندنگه‌م دیوه، به‌ڵام شارم نه‌دیوه به‌بێ په‌رستگا.
(برجسون)یش هاوشێوه‌ی رایه‌كه‌ی بلوتارگی هه‌یه كه ده‌ڵێت:چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ی مرۆیی هه‌بوون و ئێستاش بوونیان هه‌یه كه‌زانست و هونه‌رو فه‌لسه‌فه‌یان نییه، به‌ڵام هه‌رگیز گروپێكی مرۆیی نه‌بووه ئایینی نه‌بووبێت.
زانای ده‌رووناس (سێرل بێرت) له‌كتێبی(علم النفس الديني)دا ده‌ڵێت: پشكنینی وردی هه‌موو حاڵه‌تێك ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه هه‌موو كه‌سێكی گه‌ڕاوه بۆ ئایینداری پێش ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ئه‌وه نه‌بووه كه گوێى به‌ئایین نه‌دابێت، به‌ڵكو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئیحساسێكی به‌هێزی بۆ ئایین هه‌بووه.
ئه‌ریك فرۆم ده‌ڵێت: شارستانیه‌تێك له‌رابردوودا نه‌بووه، له‌ئێستایشدا نییه، وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌ئایینده‌شدا نابێت كە به‌بێ ئایین بایه‌خێكی هه‌بێت.
لای ئه‌ریك فرۆم مرۆڤ بۆ به‌رده‌وامی ژیانی خۆى پێویستی به‌چوارچێوه‌یه‌كی ئاراسته‌كردن هه‌یه كه ئەويش ئایینه‌و به‌شێكی پێكهێنه‌ری كه‌سایه‌تی مرۆڤه، فرۆم ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌وا گومان ده‌به‌ن ئه‌م چوارچێوه‌یه‌یان نییه ده‌ڵێت: هه‌ندێ كه‌س ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م چوارچێوه‌و وێنه هه‌مه‌گیره‌یان هه‌بێت، وای بۆ ده‌چن و خۆيان واپيشان دەدەن كه به‌وشێوه‌یه ره‌فتار ده‌نوێنن و حاڵه‌ت به‌حاڵه‌ت وه‌ڵامی هه‌موو دیارده‌و رووداوه‌كانی ژیان ده‌ده‌نه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان حوكمیان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش گران نییه بسه‌لمێنرێت كه ئه‌وان خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیانن كه باوه‌ڕیان پێیه‌تی و لایان سه‌لماوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان هاوتای ئه‌و فیتره‌ته ته‌ندروسته‌یه كه خۆیان ئاگایان له‌وه نییه هه‌موو تێگه‌یشتن و بۆچوونه‌كانیان پشت بەچوارچێوه‌یه‌كی مه‌رجه‌عیانه ده‌به‌ستێت..
(ئۆگست سیاته)ی فه‌یله‌سوفیش له‌كتێبی(فه‌لسه‌فه‌ی ئایینه‌كان)دا ده‌ڵێت: بۆچی من ئاییندار(موته‌ده‌ین)م؟ تا ئێستا لێوم نه‌جوڵاندووه كه ئه‌و پرسیاره له‌خۆم بكه‌م و وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه نه‌بووبێت كه: من موته‌ده‌ینم چونكه ناتوانم موته‌ده‌ین نه‌بم.
كه‌واته ئایین رووانگه‌و چاویلكه‌ی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ بینی خۆی و ده‌وروبه‌ری و تێگه‌یشتن له‌فه‌لسه‌فه‌ی بوونی خۆی و ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی تیایدا ده‌ژی، هیچ قۆناغێك نه‌بووه له‌ژیانی مرۆڤایه‌تیدا كه دین تیایدا غیابی هه‌بووبێت.